سوپای پاسداران هەڕەشە لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات

5 كاتژمێر لەمەوپێش
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، هەر هێرشێک لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەلایەن هێزەکانیانەوە وەڵامی توندی دەبێت و جەختی لەوەشکردووەتەوە کە ئامانجی دوژمنەکانیان پوچەڵکردووەتەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی ئەیلولی 2025، بە بۆنەی دەستپێکردنەوەی "هەفتەی بەرگریی پیرۆز"، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، کە پڕۆسەی بەهێزکردنی هێزە چەکدارەکان لە بوارە جیاجیاکاندا ناوەستێت. ئاماژەی بەوەشدا لە ئەگەری هەر هەڵە یان دەستدرێژییەکی نوێ لەلایەن دوژمنەکانیانەوە، ئێران دەستی باڵای دەبێت لە بەرەکانی جەنگدا و وەڵامی توند و کوشندەی دەبێت.
سوپای پاسدارانی ئێران دەشڵێت، ئەزموونی جەنگی سەپێنراوی ئەم دواییە دەریخست کە تەنانەت لە سەختترین کاتی گەمارۆ و فشارە ئابوورییەکاندا، هێزە چەکدارەکانیان توانیویانە بە پشتبەستن بە زانست و توانای ناوخۆیی، ئامانجەکانی دوژمن پوچەڵبکەنەوە. لە راگەیەندراوەکەیدا سوپای پاسداران جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەن بۆ هەر هێرش و بەرگرییەک، هێزە وشکانی، ئاسمانی و دەریاییەکانیان ئامادەن و هەروەها لە رووی تەکنەلۆجیا و مووشەکەوە لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان.
22ی ئەیلولی هەموو ساڵێک بە "هەفتەی بەرگریی پیرۆز" لە ئێران ناسراوە، کە تێیدا لە ساڵی 1980 عێراق لەو رۆژەدا هێرشی کردە سەر ئێران و سەرەتای ئەو هەفتەیە بە "هەفتەی بەرگریی پیرۆز" لای ئێرانییەکان ناودەبرێت. لەو هەفتەیەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت و ئێران بە یادێکی نیشتمانی دایدەنێت.
جێی باسە، لە 13ـی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و لە 24ـی هەمان مانگ ئاگربەست راگەیەندرا. بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی وڵاتەکە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە هەزار و 62 کەس کوژراون و نزیکەی 5 هەزار برینداربوون. هەروەها نزیکەی هەشت هەزار باڵەخانەی نیشتەجێبوون، 219 یەکەی پیشەسازی، 7 نەخۆشخانە و 11 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاریی کرانە ئامانج.
