ئەمریکا لەبارەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە پەیامێکى ڕاگەیاند

2 كاتژمێر لەمەوپێش



کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بڵاوی کردەوە، "کونسوڵی گشتی گرین بەشداریی کرد لە کۆبوونەوەی بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا و ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵسەنگاندنی بەرەوپێشچوونەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ساڵی 2022. 

بەشداربووان بە بەرەوپێشچوونەکانی چاکسازیی پێشمەرگەدا چوونەوە و لەسەر ھەنگاوەکانی داھاتوو ڕێککەوتن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ھەموو خاڵەکانی یاداشتەکە بە ئامانجی دروستکردنی ھێزێکی سەربازیی پیشەیی و یەکگرتوو.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، "ھەردوولا دووبارە جەختیان لەسەر پابەندبوونیان کردەوە بە ھەوڵەکانی چاکسازی لە ھێزەکانی پێشمەرگە. ئەمریکا پشتگیریی ھەرێمی کوردستان دەکات کە ناوچەیەکی سەلامەت و پارێزراو و گەشەسەندووتر دروست دەکەن بۆ ھەمووان".

سێشەممە 16ـی ئەیلوولی 2025، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان بەرپرسانی ژمارەیەک لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمەریکا، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بەڕێوە چوو.

کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی هێزی پێشمەرگە و پێویستیی یەکخستنەوەیان کرا، هاوکات دوا هەنگاوەکانی پرۆسەکە و ئەو قۆناغانەی کە ماون، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوبوو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوونی ڕێکار و هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لەو پێشکەوتنانە کرد کە تا ئێستا لە پرۆسەی چاکسازییەکانی پێشمەرگە کراون؛ جەختیشی لە پێویستیی تەواوکردن و سەرخستنی پرۆسەکە کردەوە. هاوکات لەمبارەیەوە ژمارەیەک بڕیاری گرنگ بۆ خێراترکردنی چاکسازییەکان دران لەوانە: یەکخستنی یەکە ژمێریارییەکان کە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی پێشمەرگە، تەنیا یەک یەکەی ژمێریاری هەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە ڕووی ژمێریاریی و داراییەوە، بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە داراییەکان. هەروەها بڕیاری ڕێکخستنەوەی پێکهاتە و بەیکەربەندیی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە درا بە جۆرێک کە لەگەڵ چاکسازییەکانی حکوومەت بگونجێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار