گەڕەکێکی سلێمانی ناڕەزایی بەرامبەر بەبڕیاڕێکی قوباد تاڵەبانی دەردەبڕن
6 كاتژمێر لەمەوپێش
سەدان هاوڵاتی لەگەڕەکی چوارچرا، ناڕازین لەبڕیاڕێکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمو شارەوانی سلێمانی، کە دەیانەوێ روبەری ٧ دۆنم زەوی ئەو گەڕەکە لەنەخشەدا تەرخانکراوە بۆ باخچە، بدەن بەکۆمپانیایەک بیکات بەیەکەی نیشتەجێ بوون.
ژمارەیەک لەهاوڵاتی ئەو گەڕەکە راگەیاند سەدان واژۆیان کۆکردوەتەوە لەدژی بڕیارێکی قوباد تاڵەبانیو شارەوانی سلێمانی وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەفەرمانو بڕیارێکیان کە دەیانەوێ روبەرێک زەوی کە لەنەخشەی شارەوانیدا بە(باخچە) تۆمارکراوەو دەکەوێتە سەر شەقامی شەستییەکە، بگۆڕن بۆ زەویو بیدەن بەکۆمپانیای "سوپەر پاوەر" بیکات بەیەکەیەکی نیشتەجێ بوون بەناوی "ئەلفا تاوەرز".
دەیان ماڵو سەدان هاوڵاتی ئەو گەڕەکە لەڕێگەی واژۆ کۆکردنەوەوە ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕنو دەڵێن نایانەوێ ئەو رووبەرەی بۆ باخچەو سەوزایی تەرخان کراوەو موڵکی گشتییەو پێویستە خەڵک بەگشتی لێی سوودمەند بن، بکرێت بەباڵەخانەی کۆنکرێتیو کۆمپانیایەک لێی سوودمەند بێت، هاوڵاتیانی ئەو گەرەکە داوا لەلقوباد تاڵەبانیو شارەوانی سلێمانی دەکەن، کە بەهیچ جۆرێک ئەو پلانە نەخەنە بواری جێبەجێکردنەوەو باخچەکەی بەردەمیان نەکەن بەیەکەی نیشتەجێ بوون لەپێناو سوودو قازانجی کۆمپانیایەکداو بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو بگرن نەک بەرژەوەندی بازرگانێک".
دەشڵێن "هەوڵدان بۆ ئەو جێبەجێکردنی ئەو پلانە، لەم کاتەدا کە بانگەشەی هەڵبژاردنەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەیە، کارێکی زۆر نەگونجاوەو خوازیارن بەتەواوی دەست لەو پلانە هەڵبگرنو بەڵێنی ئەوە بدەن هەرگیز نەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوەو بکرێت بەباخچە".
ناڕەزایی هاوڵاتیانی ئەم گەڕەکە، دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی شارەوانی سلێمانی، لەیلا عومەر عەلی، لەرۆژنامەی کوردستانی نوێدا رۆژی ٢٧ی ١١ی ٢٠٢٥، ئاگادارییەکی بڵاوکردوەتەوەو دەڵێت: ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی لەڕێکەوتی (٢٢ / ١٠ / ٢٠٢٥) کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازدا بۆ لێکۆڵینەوەو گفتوگۆ لەسەر نوسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی لەڕێکەوتی (٤ / ٦ / ٢٠٢٣٥) تایبەت بەپڕۆژەی نیشتەجێیی (ئەلفا تاوەرز) کە لەلایەن کۆمپانیای (سوپەر پاوەر) جێبەجێ دەکرێت گفتوگۆ لەسەر ناوەڕۆکی نوسراوەکە کراو بەم شێوەیە:
١/ لەسەر فەرمانی بەڕێز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تەرخانکردنی پارچە زەوی ژمارە (٣٣٧ / ١٠) بەروبەری نزیکەی (٧ دۆنمو ٢ ئۆلک) بەپێی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەوانی ژمارە (٨٦) لەڕێکەوتی (١٣/ ٨ / ٢٠٢٥) کە تێیدا رەزامەندی دراوە لەسەر تەرخانکردنی بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی سلێمانی بەنوسراوی ژمارە (٩٠٢ /١٦٨١) لەڕێکەوتی (٢١ / ٨ / ٢٠٢٥) لاریان نیە.
٢- گۆڕینی رەگەزی زەوی پڕۆژەکە کە بەپێی تۆماری هەمیشەیی لە (٢٠١١) رەگەزەکەی (باخچەیە) بۆ زەوی).
هەروەها لەئاگادارییەکەدا هاتووە کە (هەر کەسو لایەنێک رەخنە یان تانەی هەیە دەتوانێت لەماوەی ٣٠ رۆژدا سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بکات)
هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکە دەلێن "لێرەوە بەجێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانو شارەوانی سلێمانی رادەگەیەنین کە ئێمە بەتوندی تانەو رەخنەمان هەیە بەرامبەر بەم هەنگاوەو داواکارین بیر لەجێبەجێکردنی نەکەنەوە، چونکە سیمای گەڕەکەکمانو روبەری سەوزایی ئەو شوێنە دەسێوێنێتو لەبەرژەوەندی گشتیدا نییە).
