زێلێنسکی: ئامادەم شەڕ ڕابگرم

2 كاتژمێر لەمەوپێش
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئامادەیی خۆی بۆ ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ ڕووسیا و دیدار لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سکای نیوز ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا وتی: ئامادەم لەگەڵ سەرۆک ترەمپ و سەرۆک پوتن کۆببمەوە، یان بە شێوەی سێ قۆڵی یان دوولایەنە، دەشڵێت "ئامادەم بەبێ هیچ مەرجێک کۆببمەوە".
زێلێنسکی ئاماژەی بەوەشکرد، "بەنیازی ئەوە نییە بۆ دانوستان گەشتی مۆسکۆ بکات، بەڵکو ئامادەیە لەهەر وڵاتێک جگە لەڕووسیا کۆبوونەوە و دانوستان لەگەڵ لایەنی بەرانبەر بکات."
زێلێنسکی ئامادەیی ئۆکرانیای بۆ ئاگربەست دووپاتکردەوە و گوتی "هیوادارین سەرۆک ترەمپ ڕازی بێت بە ئاگربەست، ئێمە ئامادەین بۆ ئاگربەست".
دوێنێ سێشەممە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕەنگە هەفتەی داهاتوو لە نیویۆرک چاوی بە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بکەوێت. ئەم کۆبوونەوە ئەگەرییە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ترەمپ دێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، حەز دەکات شەڕی ئۆکرانیا ڕابگرێت، بەڵام پێدەچێت کارێکی قورس بێت. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، "ڕق و کینەی نێوان ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بە خەیاڵدا نایەت."

