تاڵیبان یاسایەکى نوێ بۆ لێدانى ژن و منداڵ پەسەند دەکات
2 كاتژمێر لەمەوپێش
حکومەتى تاڵیبان لە ئەفغانستان یاسایەکى نوێى پەسەند کردو بەسەر هەموو دادگاکانى وڵاتەکە بڵاویکرۆدتەوە، بەپێى یاسا نوێکە رێگە بە پیاو دەدرێت لە ژن و منداڵەکانى بدات، بەمەرجێک نەبێتە هۆى شکانى ئێسک و برینێکى قوڵى گەورە، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ ئەوەى لە حکومەتەکەى تاڵیبان تووندوتیژى خێزانى "سزا" بێت، نەك "تاوان."
رۆژنامەى تەلەگراف، کۆپیەکى لەو یاسایە بڵاوکردۆتەوە، کە پێک دێت لە 60 لاپەڕە و واژۆى هبەتوڵا ئاخوند زادە، سەرکردەى تاڵیبانى لەسەرەو بەسەر هەموو دادگاکانى ئەفغانستان بڵاوکراوەتەوە.
بەگوێرەى یاسا نوێکە رێگە بە پیاو دەدرێت، " ئازادانە تووندوتیژى بەرامبەر ژن و منداڵەکەى ئەنجام بدات، بەمەرجێک شکانى دیار و برینى گەورە و قوڵ نەبێت، لە حاڵەتێکیش ئەگەر سەلمێندرا پیاوەکە لێدانێکى توندى بەرامبەر بە ژن و منداڵەکانى ئەنجامداوە، ئەوا تەنها 15 رۆژ زیندانى دەکرێت،" بەواتایەکى تر یاساکە بەشێوەیەک نووسراوە کە جێبەجێکردنى ئەستەم بێت.
هەر لەو یاسایەدا هاتووە، کە "هیچ پارێزبەندیەک لەکاتى توندوتیژى خێزانیدا نیە، هەروەها پێشکەشکردنى سکاڵا ئەستەمە، پێویستە لەسەر ژنان بۆ سەلماندنى لێدانەکانیان لەبەردەم قازى، شوێنى لێدانەکانیان بەداپۆشراوى بێت و کەسێکى نزیکى خۆى لە رەگەزى نێر لەگەڵدا بێت،" کە ئەوەش مێردەکەى دەکات، کە خۆى توندوتیژیەکەى ئەنجامداوە.
هەروەها یاساکە، "سزاى هەر ژنێک دەدات، ئەگەر بەهۆى توندوتیژیەوە بڕواتەوە بۆ ماڵى باوکى، سزاکەشى دەگاتە 3 مانگ و هەموو کەسوکارى ژنەکەش بۆ 3 مانگ زیندانى دەکرێن ئەگەر داڵدەیان دابێت. "
شارەزایان پێیان وایە، دەرکردنى ئەم یاسایە بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو یاسایانەیە کە حکومەتى پێش تاڵیبان لەساڵى 2009 پەسەندى کردوەوەو رێگە بە توندوتیژى و دەست درێژى خێزانى نادات و سزاى 3 مانگ تا ساڵیکى زیندانى هەرکەسێک دەدات کە توندوتیژى ئەنجام بدات.
یاساکەى تاڵیبان هەربەوەندە نەوەستاوەو سزاو لێدانیشى بۆ منداڵان دیاریکردووە، بەشێوەیەک "رێگە بە مامۆستا دەدات، لە قوتابى بدات بەمەرجێک شکانى ئێسک نەبێت یان برینێکى قوڵى جەستەیى نەبێت،" هەروەها رێگە بە باوکان دەدات، لە ژێر ناوى بەرژەوەندى منداڵ سزاى جەستەیى منداڵەکەى بدات.
هەروەها یاساکە کۆت و بەندى توندى لەسەر ئازادى گشتى داناوە، وەک "سەماکردن و تەماشکردنیشى،" هاوکات کۆت و بەندى توندى لەسەر خوێندنى کچان داناوە، سزاى 2 ساڵ زیندانى ئەوە کەسانەش دەدرێت، تەماشاى چالاکیەکانى ئۆپۆزسیۆن دەکەن، جگە لەوانەش سزاى ئەو کەسانە دەدرێت کە رەخنە لە سەرکردەکانى تاڵیبان بگرن.
چاودێران پێیان وایە، ئەم یاسا نوێیە، ئەفغانستان دەخاتە سەر رێڕەوى ئەنجامدانى توندوتیژى بۆ سەر ژن و منداڵ بەشێوەى رۆژانە و وادەکات دادپەروەرى ئەستەم بێ لە وڵاتە.
