وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گواستنەوەى هاوڵاتیانى غەززە، ئەمە پڕۆژەیە کە زۆرێک لە ڕابردوودا هەوڵیان داوە بەڵام هەموویان شکستیان هێناوە،  لەبری فەلەستینییەکان هەوڵبدەن ئیسرائیلییەکان دەربکەن، بیانبەن بۆ گرینلاند.لەچەند ڕۆژى ڕابروودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بۆ چۆڵکردن و ڕاگواستنی دانیشتووانی کەرتی غەززەی کرد و داواشی لە وڵاتانی عەرەبی کرد کە فەلەستینییەکانی نیشتەجیێی غەززە بگوازنەوە وڵاتەکانیان.  لەوەڵامى ئەو پێشنیارەى ترەمپ، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوثیکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "میهر"ی ئێرانی ئەمرۆ سێشەممە دەڵێت: پێم وایە ئەمە پڕۆژەیە کە زۆرێک لە ڕابردوودا هەوڵیان داوە بەڵام هەموویان شکستیان هێناوە، فەلەستین لە نەخشەی ناوچەکەدا ناسڕدرێتەوەو دەرناکرێن. وەزیرى دەرەوەى ئێران وتیشى: کەواتە پێشنیارەکەم شتێکی ترە لەبری فەلەستینییەکان هەوڵبدەن ئیسرائیلییەکان دەربکەن، بیانبەن بۆ گرینلاند تا بتوانن بە یەک بەرد دوو باڵندە بکوژن. هەم کێشەی گرینلاند و هەم ئیسرائیلییەکان چارەسەر بکەن. عەباس عێراقچی، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، هەریەک لە بزوتنەوەی حەماس و حزبوڵڵای لوبنانی دوچاری گوشارو زیان بوون، بەڵام دووبارە هەوڵی بەهێزبوون دەدەنەوە، وتى: بەرخۆدان هێشتا زیندووە و بوونی هەیە و هێشتا هەناسە دەدات. هەروەها لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا دەڵێت: هەموو کەسێک مافی ژیانی هەیە، بەڵام کەس مافی ئەوەی نییە خاکی ئەوانی دیکە داگیر بکات، ئەمە خاکی فەلەستینە و فەلەستینییەکان دەبێ بڕیار لەسەر خاک و چارەنووسی خۆیان بدەن. بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە فەلەستین ئیدانەی ئەم پێشنیازەی ترەمپی کرد و ڕایگەیاند، ئەم پێشنیازە لە چوارچێوەی هاندانی تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتییە و ناچارکردنی گەلەکەمانە بۆ ئەوەی خاکی خۆیان بەجێبهێڵن.

سەرۆکی ئەمریکا لە بیرۆکەی گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە غەززە پاشەکشەی نەکردووە و دەڵێت:دەمەوێت لە ناوچەیەکدا بژین کە بتوانن بەبێ نائارامی و شۆڕش بژین. سەرچاوەیەکی باڵای بەرپرسى حکومەتى میسر، ڕۆژی سێشەممە، ئەوەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن میدیاکانەوە باسی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڵاوکرایەوە. جەختیشی کردەوە، هەر پەیوەندییەکی تەلەفونیی سەرۆکی کۆمار بە پێی داب و نەریت لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەت ڕادەگەیەندرێت، بە تایبەت سەبارەت بە پەیوەندییەک لەم ئاستە و لەم کاتە ناسکەدا کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێت. پێشتر سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ترەمپ ڕایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی میسر قسەیان کردووە سەبارەت بە گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە غەززە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە بیرۆکەی گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە پاشەکشەی نەکردووە، بەپێی ئەوەی لەلایەن ئاژانسەکانی هەواڵ و میدیاکانەوە بڵاوکراونەتەوە. ئەمڕۆش لە میانی گەڕانەوەی لە میامیەوە بۆ واشنتۆن، سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ لە نێو فڕۆکەکەیدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی  دایەوە. پرسیار لە ترەمپ کرا سەبارەت بە لێدوانێکی پێشووی کە باسی لە ناردنی خەڵکی غەززە کردبوو بۆ وڵاتانی دراوسێ، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: ''بۆچوونم لەو بارەیەوە نەگۆڕاوە. دەمەوێت ئەوانە بتوانن لە ناوچەیەکدا بەبێ ئاژاوە و توندوتیژی بژین''. ''کاتێک تەماشای کەرتی غەززە دەکەیت دەبینن ئەوێ ساڵانێکی زۆر وەک جەهەنەم وابووە'' ترەمپ وای وت، باسی لەوە کرد کە ماوەیەکی زۆرە توندوتیژی لەو ناوچەیەدا باڵادەستە. ترەمپ سەبارەت بە سیسی وتی: هیوادارم هەندێکیان وەربگرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە زۆر یارمەتیمان داون، دڵنیام یارمەتیمان دەدات. لە درێژەی قسەکانیدا وتی: وەک دەڵێن کارێکى سەختە، بەڵام پێموایە ئەو کارە دەکات، پێموایە پاشای ئوردنیش ئەو کارە دەکات. بەهۆی ئەو شەڕەی کە لە ئەنجامی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ سەریهەڵدا، نزیکەی ٢ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس لە کەرتی غەززە ئاوارەبوون. قاهیرە و عەممان هەڵوێستی خۆیان نوێکردەوە بە ڕەتکردنەوەی هەر پلانێکی ئیسرائیلی یان پلانێکی دیکە بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی کەرتی، بە دووەم هەڵمەتی ئاوارەبوونیان لە قەڵەمدا.

ئەربیل یەهود، کچە سەربازێکی ئیسرائیلیە کە لەلایەن لیواکانی قودسی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسەوە بە دیل گیراوە، لەڕیگەى گرتە ڤیدیۆییەکەوە داوا لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا دەکات پابەندى ڕێککەوتن و ئاگربەستەکە ببن.  ئەو کچە ئیسرائیلیە، لە کاتی هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو ڕفێنراوە، ئێستا بووەتە مەرجی ئیسرائیل بۆ ڕێگەدان بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ باکووری کەرتی غەززە. ئەربیل لە درێژەى گرتە ڤیدیۆییەکەیدا پەیامێکی بۆ بنەماڵەکەی ناردووەو ڕایگەیاندووە کە ئەو باشەو  هیوادارە بەم زووانە بگەڕێتەوە بۆ لای ئەوان، یەهود ئاماژەی بەوەشکرد کە لەگەڵ لیواکانی قودسە، وتى: باری تەندروستیم زۆر باشە و هیوادارم وەک هاوکارەکانی پێشووم منیش بگەڕێمەوە. ئیسرائیلیەکان داوایان لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کرد هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئەوەی ئاگربەستەکە وەک پلانی بۆ دانراوە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی سەرجەم زیندانیانی هەردوولا بتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەوە. ئەو زیندانییە ئیسرائیلییە پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە 1/25/2025 پەیامەکەی تۆمارکردووە، هەروەها ڕایگەیاندووە، لە 21ی حوزەیرانی 1995 لەدایک بووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٣ تا مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لە سوپای ئیسرائیلدا بەشداریکردووە. ئەربیل یەهود، لە کۆمەڵگەی کیبۆتیس نییەر عوزە لە باشووری ئیسرائیل، وەک ڕێبەری فەلەکناسی لە کۆمەڵگەی تەکنەلۆجی 'گرووپ تێک' کاری کردووە، بەڵام بزووتنەوەی حەماس، دەڵێت: ئەربیل بۆ سوپای ئیسرائیل کاری کردووە. ئەو کچە دوو برای هەبوو بە ناوەکانی نیتاع و دولیف، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە لە هێرشێکی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر کۆمەڵەگەکەیان، خۆی بە بارمتە گیرا و هەردوو براکەشی کوژران. بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیا جیهانییەکان، ئەربیل پسپۆری بۆشایی ئاسمانییەو پێشتر لە ئەنجوومەنی ئەشکۆڵ کاریکردووە، بۆیە بەهۆی پسپۆرییەکەیەوە بەلای ئیسرائیلەوە کەسێکی گرنگە بە هەر نرخێک بێت دەیانەوێت ئازادبکرێت. 

فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات ڕایدەگەیەنێت، بەردەوامی هێرش بۆ سەر هێزەکانمان لە ناوچەی قەرقۆزاک و ناوچەی بەنداوی تیشرین لەلایەن تورکیاوە، پلانێکە بۆ گەمارۆدانی کۆبانی، بەڵام بڕیاری هێزەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرخۆدان بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیە، ڕێگە نادەین هیچ هێرشبەرێک بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات بپەڕێتەوە. لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، مەزڵوم عەبدى فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، (هەسەدە) باس لەبارودۆخى سوریاو هێرشەکانى سەر بەنداوى تشرین و چەند تەوەرەکى دیکە دەکات. ئەو دەڵێت: سوریا شایەتی گۆڕانکاری مێژووییە، بەڵام ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە، ئەمڕۆ وردە وردە وێنەکە ڕوونتر دەبێتەوە و زیاتر دەردەکەوێت، بەڵام تا ئێستا دۆخەکە ئاراستەیەکی ڕوونی بۆ هەمووان لە سووریا نەگرتووە. فەرماندەکەى هەسەدە ئەوەش دەخاتەڕوو ئەوان دەیانەوێت ئەو گۆڕانکارییەی کە ڕوویداوە ببێتە بنەمای قۆناغێکی نوێ لە سووریا، وتیشى: ئێمە ئیدارەیەکمان هەیە کە کار بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی دەکات و بە دڵنیاییەوە دەمانەوێت ڕۆڵێکی کاریگەر و گەورەمان لە سوریای نوێدا هەبێت. مەزڵوم عەبدى ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئێستاش دۆخی ئابوری بەرەو خراپی دەڕوات و هێشتا زیاتر بەرەو خراپتر دەڕوات، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە، وتیشى: هێرشەکانی تورکیا هەوڵەکان بۆ سەقامگیری و بنیاتنانی ئایندەی سووریا پەکدەخات. فەرماندەکەى هەسەدە دەڵێت هێرشە بەردەوامەکانی تورکیاو گروپە گرێدراوەکانی بۆ سەر ناوچەکانمان دژایەتییەکی گەورەیە لەگەڵ هەوڵەکان بۆ پێشخستنی سوریا، و ناکۆکی لەگەڵ هەوڵەکانی گەیشتن بە سەقامگیری و دەستپێکردنی گفتوگۆ و گفتوگۆی سیاسییە، ئێمە لە ڕێگەی ناوبژیوانانەوە چەندین پێشنیارمان خستووەتەڕوو، لەنێویاندا ئەمریکا، بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمەلایەنە. هاوکات ئەوەش دەخاتەڕووپرۆسەی نێوەندگیری ئاگربەستێکی گشتگیر لە سەرانسەری چەندین لایەندا بەردەوامە، بەردەوامین لە پێداگری لەسەر زاڵبوونی دیالۆگ، بەڵام تورکیا و بەناو "سوپای نیشتمانی" پێداگری لەسەر شەڕ دەکەن. مەزڵوم عەبدى ڕاشیگەیاند هێرشەکان دژبەیەکن و ڕێگرن لە هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا، هەروەها دەبێت ئیدارەی نوێ لە سوریا هەڵوێستی خۆی دەرببڕێت سەبارەت بەو شتانەی کە لەسەر خاکی سوریا ڕوودەدەن، وتیشى: پشتیوانی و کارکردنمان بۆ ئایندەی سوریا وابەستە و مەرجدارە بە وەستاندنی هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانمان. ئەوشى وت کە کار بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەکانی لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە بۆ پێکهێنانی ئۆرگانێکی یەکگرتوو بە ناوی ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی بچنە دیمەشق و داوای مافەکانیان بکەن. سەرەتا دەبێت لەسەر بەرنامەیەکی یەکگرتوو ڕێکبکەون، پاشان بچنە دیمەشق بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان بخەنە بەردەم ئیدارەی دیمەشق.

بەپێی وتەی بەرپرسێک، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی گەورەکەى ڕومەیلەوە عێراق بە بڕی 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمبووەتەوە، دوای ئاگرکەوتنەوەکەى هەفتەی ڕابردوو. محەمەد نەجار، نوێنەری حکومەتى عێراق لە ئۆپێک ڕایگەیاند، چارەسەرکردنى تەواوەتى هێڵەکە و کاتى گەڕانەوەى  بۆ ئاستەکانی پێشوو کە ڕۆژانە یەک ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل بووە هێشتا نادیارە. ڕۆژی هەینی ڕابردوو وەزارەتی نەوتى عێراق ڕایگەیاند، دوای چەند کاتژمێرێک ئاگرەکە لە تانکی ژمارە 2 لە وێستگەی DS5 لە باکوری ڕومەیلەوە کوژوەتەوە. کێڵگەی ڕومەیلەوە کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکانی جیهان، بە هاوبەشی لەلایەن عێراق و بی پی پی ئێڵ سی و کۆمپانیای پترۆچینا بەڕێوەدەبرێت و پلانیش هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ بەرهەمهێنان بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبکرێتەوە. پچڕانی دابینکردنی نەوت دەتوانێت عێراق زیاتر هاوتەریب بکات لەگەڵ ئەو ئاستە بەرزەی بەرهەمهێنان کە لەگەڵ هاوڕێکانی ئەندامانی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت ڕێککەوتوون، کە لە هەوڵێکدا بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوتی خاو، دابینکردنی نەوتی سنووردار کردووە. دوای چەند مانگێک لە کەمکردنەوەی داهات، بەغدا لە مانگی کانوونی دووەمدا ئاستی بەرهەمهێنانی بۆ 4.019 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزاند، کە تەنها 19 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە سەرووی پشکی ئۆپێکەوە بوو، بەپێی ڕاپۆرتێکی مانگانەی ڕێکخراوەکە هەفتەی ڕابردوو. هەروەها وڵاتەکە بەڵێنی داوە کە دابینکردن لە خوار پشکەوە کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی قەرەبووی زیادە بەرهەمهێنانی پێشووتر بکاتەوە. نرخی نەوت کاردانەوەیەکی کەمی بەرامبەر بە پچڕانی نەوت نیشان دا، ئەمڕۆ سێ شەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت گۆڕانکارییەکی کەمی بەخۆیەوە بینی لە نزیک 78 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە لەندەن، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بە ڕێژەی 2.8% پاشەکشەی کرد.  بازرگانان لەبری ئەوە سەرنجیان لەسەر ئاسۆی باجی بازرگانی لەسەر کۆمەڵێک بەکارهێنەر و بەرهەمهێنەری سەرەکی نەوتە کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە هەڕەشەیان لێدەکرێت.

عومەر چەلیک وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان رایگەیاند، سەردانەکانی شاندی ئیمرالی کۆتاییانهات و ئێستا چاوەڕوانن بڕیار بدرێت لە هەڵوەشاندنەوە و چەکدادانانی پەکەکە. دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارتەکەی، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان سەبارەت بە سەردانی شاندی (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی وتی، قۆناخی سەردانەکان کۆتایی هات، ئەوەی لەمەودوا چاوەڕێ دەکرێت داوای هەڵوەشاندنەوەی په‌كه‌كه‌ یه‌. عومەر چەلیک هەروەهاراشیگه‌یاند: وەک تورکیا لەم قۆناخەدا ئامانجی یەکەممان تورکیایەکی بێ تیرۆرە، دووەمیش رێگری و لەنێوبردنی ئەو رێکخراوانه‌یه‌ کە بە ناوی گرووپی ئیتنیکی و مەزهەبییەوە دەیانەوێت لە ناوچەکانی نزیکمان لەسەر تێکدانی یەکپارچەیی و سەروەریی ئەو وڵاتانە، بۆ بەرژەوەندیی هەندێک وڵاتی دیکە خانەیەک دروست بکەن. پێشتر دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024، کە رۆژی کردنەوەی خولی نوێی پەرلەمان بوو تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد، رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد کە "بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە". دواتر داوای کرد شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان له‌ ئیمرالی بکات.

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، حکومەت ڕەشنووسی یاسایەکى پێشکەش بە پەرلەمان کردووە سەبارەت بە وەرگرتنی نەوتی هەرێم و پێدانی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەک پێشینە. ئەمڕۆ دووشەممە، حه‌ییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕوو پڕۆژەیەک هەیە کە لەلایەن حکومەتەوە پێشکەشی پەرلەمان کراوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت سەبارەت بە وەرگرتنی نەوتی هەرێم و پێدانی ١٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەکو پێشینه‌. وەزیرى ناوبراو ئاماژە بەوەشکرد ئەمە بەردەوام دەبێت تاوەکو تێچووی ڕاستەقینەی وەبەرهێنان لە غاز لە کێڵگەکانی هەرێم کە کار بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن دووبارە دیراسە دەکرێتەوە وتیشى: لە بەرامبەریشدا هەرێم ڕۆژانە لە 250 بۆ 300 هەزار بەرمیل ڕاده‌ست بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقییەوە (سۆمۆ) هه‌نارده‌بكرێت. سەبارەت بە نرخی نەوت، عەبدولغەنی دووپاتی کردەوە کە نرخی نەوت لە نێوان 70-80 دۆلاردایە بۆ هەر بەرمیلێک، هیوادارین لە چوارچێوەی ئەو ئاستانەدا بمێنێتەوە یان کەمێک بەرزبێتەوە لە پێناو دابینکردنی سەرچاوەی دارایی پێویست بۆ بودجەی دەوڵەتی عێراق. لەلایەکى دیکەوە وتەبێژی فەرمی حکومەتى عێراق، باسم ئەلعەوادی، ئەوەی ڕەتکردەوە کە لە بەیاننامەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، سەبارەت بەو بانگەشەیەی کە نوێنەری حکومەتی فیدراڵی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕێگری لە هەموارکردنەوەی ئەو مادەی پەیوەستە بۆ ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمەوە لە بودجەدا. ئەلعەوادی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: جەخت لەسەر گرنگی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕگەکانی مادەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی دەکەین، لەوانەش ڕادەستکردنی داهاتی دارایی، چ نەوت بێت یان نانەوت، بۆ حکومەتی فیدراڵی، بەپێی ئەوەی لە یاساکەدا هاتووە و بڕیاری دادگای فیدراڵی. ئاماژە بەوەشکرد پابەندبوون بەم ڕێکارانە هەنگاوێکی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بەم پرسه‌ و بەرزکردنەوەی هاوکاریی نێوان هەردوولا، حکومەتی فیدراڵیش هیوادارە ئەنجومەنی نوێنەران پەلە بکات لە پەسەندکردنی هەموارکردنەکە وه‌كو ئەو دەقەیەی کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکراوە، بۆ بەرژەوەندی  هەموو عێراق.  

فەرماندەی ئیسرائیلی دکتۆر ئاڤی پانۆڤ ڕۆژی دووشەممە بەئاژانسى ڕۆیتەرى ڕاگەیاندوە هەندێک لە بارمتەکان کە لە غەززە ئازاد کراون بۆ ماوەی هەشت مانگ لە تونێلەکانی حەماس ڕاگیراون و تیشکی خۆریان نەبینیووە و پەیوەندیان لەگەڵ کەسدا نەبووە. پانۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لە بارمتەکان پێیان ڕاگەیاندوون کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە تونێلەکانی ژێر زەویدا بوون و هەندێکیشیان بە تەنیا جیا کرابوونەوە." سوپای ئیسرائیل پشکنینی پزیشکی بۆ سەرجەم بارمتە ئازادکراوەکان دەکات کە دەگەنە خاکی ئیسرائیل. بەگوێرەی بانۆڤ، بارمتە ئازادکراوەکانی ئیسرائیلی وتویانە لە ڕۆژانی پێش ئازادکردنیان مامەڵەکردن لەگەڵیاندا باشتربووە و دواتر ڕێگەیان پێدراوە گەرماو بکەن و جلەکانیان بگۆڕن و خواردنی باشتریان پێدراوە. پانۆڤ گوتی، بەهۆی پاراستنی نهێنی بارمتەکانەوە، ناتوانێت ئاشکرای بکات کە ئایا ئەو بارمتە ئازادکراوانە نیشانەی ئەشکەنجەدانیان پێوە دیارە یانیش دەستدرێژیان کراوەتە سەر یان نا. پانۆڤ وتیشی "ئەو سێ هاووڵاتییەی کە لە یەکەم ڕۆژی ئاگربەستدا ئازاد کرابوون ڕۆژی یەکشەممە نەخۆشخانەکەیان جێهێشت، بەڵام ئەو چوار سەربازەی کە لە دووەم ڕۆژی ئاڵوگۆڕی بارمتەکانی ڕۆژی شەممەدا ئازاد کرابوون هێشتا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن." بڕیارە لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی ئەم 6 هەفتەیەدا، 26 بارمتە ئازاد بکرێن کە پێکهاتوون لە ژن و منداڵ و بەساڵاچوو و نەخۆش و بریندار.

فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، ئێران فڕۆکەی جەنگی سوخۆی-35ی دروستکراوی ڕووسیای کڕیوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە وڵاتانى ئەوروپاو ئەمریکا نیگەرانن لە پەرەسەندنی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا. ئەمە یەکەمجارە بەرپرسێکی باڵاى ئێرانی کڕینی فڕۆکەی سیخۆی-35 پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام عەلى شادمانی کە لێدوانەکانی لەلایەن تۆڕی هەواڵی (SNN)ى ئێرانیەوە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی فڕۆکەکانی ئاشکرا نەکردووە یان ئایا ئێران  وەریگرتووە یان نا. عەلى شادمانی، جێگری ڕێکخەری بارەگای ناوەندیی بنکەی بەرگری ئاسمانی خاتەم ئەنبایە لە سوپاى پاسدارانى ئێران، وتی: ئێمە هەرکاتێک پێویست بکات، کڕینی چەکى سەربازی دەکڕین بۆ بەهێزکردنی هێزی ئاسمانی و زەمینی و دەریاییمان، بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەربازیش خێراتر بووە. ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئیسرائیل زیادی کرد: ئەگەر دوژمن گەمژانە مامەڵە بکات، تامی تاڵی بۆردومانی مووشەکەکانمان دەکات، هیچ کام لە بەرژەوەندییەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکان بە سەلامەتی نامێننەوە. ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ڕایگەیاند کە تاران  هەنگاوەکانى بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی ڕووسی تەواو کردووە. فڕۆکەی سوخۆی 35 فڕۆکەی جەنگی نەوەی چوارەم و تایبەتمەندی بەرزی هەیە، بە یەک فڕۆکەوان فڕین دەکات، هەروەها کۆمەڵێک ئامێری تێدایە کە ڕێگەی پێدەدات بە پلەیەکی بەرزی وردبینی ئەرکەکانی ئەنجام بدات، بەجۆرێک بتوانێت شوێنپێی 30 ئامانج بگرێت، و هێرشکردنە سەر ٨ ئامانجی ئاسمانی لە یەک کاتدا یان دوو ئامانجی زەمینی. سەرەتای ئەم مانگە ئێران و ڕووسیا ڕێککەوتنێکى ستراتیژیی تۆکمەیان واژۆ کرد کە باس لە گواستنەوەی چەکى نەدەکرد بەڵکو ئاماژەیان بە بەهێزکردنی "هاوکاری سەربازی- تەکنیکی" لە نێوان هەردوو وڵاتدا کرد. ڕێککەوتنەکە لە کرێملین لەلایەن ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا و مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران واژۆ کراوە و لە 47 ماددە پێکهاتووە کە زیاتر لە 30 بوارەکانی هاوکاری دەگرێتەوە، لە سیاسەت و ئابوورییەوە تا تەکنەلۆژیا و ئاسایش و بڕیارە بە ئۆتۆماتیک بۆ ماوەی 20 ساڵ بەردەوام بێت درێژکردنەوە بۆ ماوەی 5 ساڵی دواتر. هێزی ئاسمانی ئێران تەنها چەند دەیان فڕۆکەی هێرشبەری هەیە کە بریتین لە فڕۆکەی ڕووسی و مۆدێلی کۆنتری ئەمریکی کە ئەو وڵاتە پێش شۆڕشی ئیسلامی ساڵی ١٩٧٩ کڕیویەتی.

تورکیا ئۆتۆمبێلێکى لە ڕانیە بۆردوومانکردو چوار کەس شەهیدبوون پەیامنێرى هاوڵاتى ڕاگەیاند لە ناوچەی گردجانی سەر بە ئیدارەی راپەڕین سوپای تورکیا  بە درۆن  ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج. سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکرد فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا لاندکرۆزەری لە گوندی گردجان لەچوارقوڕنە کردوەتە ئامانج و بەپێى زانیاریە سەرەتاییەکان چوار کەس شەهیدبوون. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە کە (دوو کەسیان لە ڕەگەزی نێر و دووی تریشیان لە ڕەگەزی مێ)ن.  هەروەها هاووڵاتییەک کە ماتۆڕسواربووە بەهۆی بەرکەوتنی بە پارچەی بۆردوومانەکە برینداربووە. تا ئێستا ناسنامەی پێکراوەکان نەزانراوە. ئەمە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی جەنگیی بۆردوومانی سنووری شارەدێی دینارتەی سەربە شارۆچکەی ئاکرێی کرد و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتیی مەدەنی کە هاوژینی یەکدی بوون شەهیدبوون.  

وەزارەتى دەرەوەى عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ڕێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەی دوو هاوڵاتیان تەواوکردوە، لەلیبیا دەستگیرکراون، ویستویانە بە ڕێگەی کۆچى نایاسایی لە ڕێگەی لیبیا بچن بۆ ئەوروپا. ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی بەدواداچوونی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، لەسەر دۆسێی گەڕانەوەی خۆبەخشانەو لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەوڵاتە  ڕێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەی دوو هاوڵاتی تەواوبکرێت. وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوە ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە باڵیۆزخانەکە لە بەرزترین ئاستدا هەماهەنگیان کردوە لەگەڵ دەسەڵاتە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەى ئەو هاولاتیانەى کۆچیانکردوە نەکەونە مەترسییەوە، هەروەها بپارێزرێن لەو تۆڕانەى کە هەڕەشەن  بۆیان، باڵوێزخانەکە ئەو دوو هاوڵاتیە عێراقیەى بردوەت شوێنێکى سەلامەت تا ئەو کاتەى دەگەڕینرێنەوە. بەپێى وتەى ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى عێراق، باڵیۆزخانەى عێراق لە لیبیا توانیویەتى 39 هاوڵاتی عێراقی بە خۆبەخشانە بگەڕێنێتەوە، 25 کەس لەوانە لە ماوەی ساڵی 2024دابووە. هەروەها 12 کەسی دیکەشیان لە ماوەی ساڵی 2025و بەتایەت لەهەفتەی ڕابردوودا، ئەو کەسانە بە ئامانجی کۆچی نایاسایی چوونەتە ناو وڵاتى لیبیاو ویستویانە لەو ڕێگەیەوە بچنە وڵاتانى ئەوروپا.

میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، شارەزایانی ئەو وڵاتە داوا دەکەن سەروەت و سامانی بلۆک کراوی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەرژەوەندی گەلی سووریا بەکاربهێنرێت. دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا، هەواڵى ئەوە بڵاوبووەوە کە ئەسەد هەژمارێکی بلۆککراوى لە بانکێکی بەریتانیادا هەیە کە ٦٨.٣ ملیۆن دۆلاری تێدایە. لە لێدوانێکدا ئیان ئۆڤەرتۆن، بەڕێوەبەری چالاکیی دژی توندوتیژی چەکداری لە لەندەن ڕایگەیان داوای دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەروەت و سامان و موڵکانە و ڕادەستکردنی بە حکومەتی دانپێدانراوی سوریایان کردووە، ئەو وتیشى:  دەبێت بۆ بەرژەوەندی گەلی سوریا بەکاربهێنرێت. ئۆڤەرتۆن ئاماژەی بەوەدا کە بوونی ئەم سەروەت و سامانە لە بەریتانیا نیگەرانییەکی جددی لەبارەی چاودێری دارایی و یاساکانی پەیوەندیدارەوە دروست دەکات. هۆشداریشیدا لەوەی ئەم دۆخە شانشینی یەکگرتوو دەکاتە پەناگەیەکی سەلامەت بۆ ئەو سەروەت و سامانە نایاساییانەی کە پەیوەندییان بە ڕژێمی دەرکراوی سوریاوە هەیە، سەرەڕای پابەندبوونی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان. ئۆڤەرتۆن داوای بەکارهێنانی پارە بەستراوەکانی ئەسەد بۆ ئاوەدانکردنەوەی سوریا و بۆ بەرژەوەندی گەلی سوریای کرد و جەختی لەسەر پێویستی "هاوکاری نزیک لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستەبەرکردنی شەفافیەت لە بەکارهێنانیان" کرد. بەرپرسێکی فەرمانگەی دەرەوەى بەریتانیا پشتڕاستی کردەوە کە شانشینی یەکگرتوو سزای بەسەر ٣١٠ کەس و ٧٤ قەوارەی پەیوەست بە ڕژێمی ئەسەد سەپاندووە، لەنێویاندا خودی بەشار ئەسەد. ئەو بەرپرسە کە ناوى خۆى ئاشکرا نەکردووە، وتی: بەریتانیا لە نزیکەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردەکات بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە تاوانەکانی جەنگ و ئەشکەنجەدان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤،  گروپە چەکدارەکانى سوورییا دەستیان بەسەر دیمەشقی پایتەختدا گرت و کۆتایی بە ٦١ ساڵ ڕژێمی خوێناوی پارتی بەعس و ٥٣ ساڵ لە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.

فرۆکە جەنگییەکانی تورکیاى داگیرکار، سنووری ناحیەی دینارتەیان بۆردوومانکردووە، بەوتەى بەڕیوەبەرى ناحیەى دینارتە بەوهۆیەوە، دووهاوڵاتى مەدەنى (پیاو و ژنێک) شەهید بوون. پەیامنێرى هاوڵاتى ڕایگەیاند پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 27-01-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانى گوندی شەهێ یانکردووە، سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت بەهۆى ئەو ڕوداوەوە دوو هاوڵاتى شەهیدبوون. بەپێى زانیاریەکان ئەو دووهاوڵاتیە خەڵکى گوندی بامشمشن، لە سنووری قەزای ئاکرێ و ئاژەڵدار بوون، ئەو پیاوەی شەهید بووە ناوی جەعفەر جەلالە و تەمەنی 58 ساڵە؛ ئافرەتەکەش تینا محەممەدە و تەمەنی 48 ساڵە هاوسەرى یەکبوون. ئێستا تەرمەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادی ئاکرێ کراوەو لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە دەستپێکردوە.  لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، شەش هاووڵاتیی سڤیل لە سنووری ناحیەی دینارتەی ئاکرێ، بەهۆى بۆردوومانى فرۆکەکانى تورکیاوە شەهید بوون. هاوکات دوێنێ یەکشەممە، سوپای تورکیا لە یەکێک لەو بارەگا سەربازییە نوێیانەی کە لە ئۆپەراسیۆنی تەواوکاری چنگی قفڵ کە لە هاوینی ٢٠٢٤دا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروستیکردبوون، ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیەکی لە لۆفەکانی زریزێ لە قەزای باتیفا بە ئامانج گرتوو و لە ئەنجامدا، پێشمەرگەکە برینداربوو. هەر دوێنێ تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە زنجیرە چیای زریزێ‌وە، خانووی هاووڵاتییەکی مەدەنی بەناوی (نەجیب زێڕەنگەر) لە گوندی دێمکا بەئامانج دەگرن و دەیتەقێننەوە.

ئەمرۆ دووشەممە، حکومەتی لوبنان ڕایگەیاند، دوای نێوەندگیریی ئەمریکا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل تا ١٨ی شوبات. هاوکات نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی کاتی لوبنان ڕایگەیاند: بەیروت بەردەوام دەبێت لەسەر ئاگربەستەکە و راگرتنى جەنگ تاوەکو ١٨ی شوبات . درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەش دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل پابەندییەکانی بۆ کشانەوە لە خاکی لوبنان جێبەجێ ناکات، لە بەرانبەردا هێزەکانی حزبوڵای بە پێشێلکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات. کۆشکی سپی ئەمریکاش لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل و لوبنان دانوستان دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دەستگیرکراوانەی لوبنانی کە دوای هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بۆسەر ئیسرائیل دەستگیرکراون. نەجیب میقاتی سەرۆکوەزیرانی چاودێر داوای لەو وڵاتانە کرد کە پشتیوانى و نێوەندگرى ڕێککەوتنی ئاگربەستیان کردووە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ڕێگریکردن لە هێرشەکانی ئیسرائیل بکەن. ئیسرائیل ناچار بکەن بۆ کشانەوە لەو ناوچانەى کە گرتوویەتى، هاوکات هۆشداریشیدا لەوەی هەر پاشەکشەیەک لە پابەندبوون بە بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە و جێبەجێکردنی بڕیار نامەکەى ١٧٠١ دەرئەنجامى خراپى دەبێت.

موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت لاوازبوونی کاریگەریی و دەسەڵاتەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە شێوەیەکی نەرێنی کارناکاتە سەر عێراق، لە کاتێکدا عێراق هەوڵی فراوانکردنی ڕێگا دیپلۆماتییەکەی خۆی دەدات لە ناوچەکەدا و هەروەها سنووردارکردنی دەسەڵاتی گروپە چەکدارییەکان لە وڵاتەکەدا. ئەمەش لە دوای گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە تێیدا تواناکانی هاوپەیمانە چەکدارەکانی ئێران لە غەززە و لوبنان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەوە و ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی ئێرانیش ڕووخێندرا. محسین مەندەلاوی بەڕۆیتەرزى و: ئەمڕۆ سەقامگیریمان هەیە، کۆمپانیا بیانییەکان دێن بۆ عێراق، مەندەلاوی خۆی خاوەن کارەو بەرژەوەندی هەیە لە هۆتێل و نەخۆشخانەکانی عێراق و خزمەتگوزارییەکانی حەواڵەکردنی پارەدا. ئەو وتیشى: عێراق دەستیکردووە بە وەرگرتنەوەی ڕۆڵە سرووشتییەکەی خۆی لە نێو وڵاتانی عەرەبیدا، ئێران دراوسێیەکەو پەیوەندی مێژوویمان لەگەڵیدا هەیە، شوێنە جوگرافیاکەمان و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا بابەتی جیان، ئەو پێى وانیە لاوازکردنی ئێران بە شێوەیەکی نەرێنی کار لەسەر عێراق بکات. بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپیش بەڵێنیداوە فشاری زیاتر بخاتە سەر تاران. عێراق کە هاوپەیمانێکی دەگمەنی واشنتن و تارانیشە، هەوڵ دەدات خۆی بە دووربگرێت لە تێکدانی سەقامگیرییە ناسکەکەی و هەوڵ دەدات سەنگ بخاتە سەر ئاوەدانکردنەوە دوای چەندین ساڵ لە جەنگ. محسن مەندەلاوی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانە لە عێراق، کە کۆمەڵێکن لە سیاسەتمەدارە گەورەکان و بەوە ناسراون پەیوەندییەکی نزیکییان لەگەڵ ئێراندا هەیە، هەروەها سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی ئەساسی یاسادانەران دەکات لە پەرلەماندا. لەم چەند مانگەی ڕابردوودا پێش ئەوەی سەرۆک ترامپ بگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی، داواکان لە عێراق بۆ سنووردارکردنی ڕۆڵی گروپە چەکدارییەکان لە وڵاتەکەدا زیادیکردبوو. وەزیری دەرەوەی عێراق فواد حسێن لە چاوپێککەوتنێکدا پێشتر لەم مانگەدا بە ڕۆیتەرزی وت کە عێراق هەوڵ دەدات گروپە چەکدارییەکانی هاوپەیمانی ئێران ڕازی بکات چەکەکانییان دابنێن. مەندەلاوی وتی باوەڕی وایە ئەو جۆرە جووڵەیە کاتی دەوێت بەڵام دەکرێت بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییەی کە لە بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکاندا دروست بووە، ئەو وتی: سنووردارکردنی چەک بۆ دەوڵەت گرنگە و هیوادارم جێبەجێ بکرێت."