دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوای سووریا "هەسەدە" ڕایانگەیاند "لەگەڵ حکوومەتی ڕاگوزەر لە دیمەشق ڕێککەوتوون بۆ چۆڵکردنی کەمپی هۆل، کە دەیان هەزار کەسی تێدایە و پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە. شێخموس ئەحمەد، بەرپرسێکی هەسەدە ڕایگەیاند "لەسەر میکانیزمێکی هاوبەش ڕێککەوتین بۆ گەڕانەوەی خێزانەکان لە کەمپی هۆل" ئەوەش دوای کۆبوونەوەی نێوان دەسەڵاتە خۆجێییەکان و نوێنەرانی حکوومەتی ناوەندیی لە دیمەشق و شاندێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کە شەڕی داعش دەکەن. بەرپرسەکەی هەسەدە، ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن لە ئایندەیەکی نزیکدا ئیدارەی کەمپەکە ڕادەستی دیمەشق بکرێت و دەڵێت: لە دیمەشق، هیچ گفتوگۆیەک لەو بارەیەوە لەگەڵ شاندی سەردانکەر یان لەگەڵ حکوومەت لە دیمەشق نەکراوە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ساڵانێکە باس لە خراپی بارودۆخی ژیان و توندوتیژی بەربڵاو لە ناو کەمپەکەدا دەکەن کە نزیکەی 37 هەزار کەسی تێدایە، زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعش و لایەنگرانی ئەو گرووپەن. هەروەها کەمپەکە عێراقیەکان و هەروەها هاووڵاتیانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەخۆدەگرن کە پێشتر پەیوەندییان بە ڕێکخراوی داعشەوە کردووە. سەبارەت بە سوورییەکانی ناو کەمپەکە، چەند ساڵێکە میکانیزمێک کراوە بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ پێکهاتەکانیان لەو ناوچانەی لەلایەن ئیدارەی کوردییەوە کۆنترۆڵ کراون، ناوەندەکانی یەکگرتنەوەیان تێدا کراوەتەوە. بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق نەکراوە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندیی. ئەم ڕێککەوتنە نوێیە لە کاتێکدایە هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان دەسەڵاتدارانی کورد و سەرکردایەتیی نوێ لە دیمەشق، دوابەدوای لادانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕووخاوی سووریا. بەپێی ڕێککەوتنێک لە مانگی ئاداری ڕابردوودا لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا و فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات " هەسەدە" کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت و کوردەکان سەرکردایەتی دەکات، بڕیارە هێزەکانی سووریای دیموکرات بخرێتە ناو هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی نوێی سووریاوە. هەروەها بڕیارە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ عێراق و تورکیا و فڕۆکەخانەکان و کێڵگە نەوتییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵات بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ناوەندییەوە. هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەو زیندانانەی کە نزیکەی 9 هەزار گومانلێکراوی داعشیان تێدایە بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ناوەندییەوە.

  ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دۆخی غەززە بە کارەسات وەسفدەکات و دەڵێت؛ زیاتر لە 15 هەزار کەس پێویستیان بە فریگوزاری تەندروستییە و تا ئێستاش زیاتر لە  10 هەزار تەرم لە ژێر باڵەخانە روخاوەکاندان و نەتوانراوە تەرمەکانیان دەربهێندرێن. ئەمڕۆ دوو شەممە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندوە، تا ئێستا زیاتر لە 10 هەزار تەرم لە ژێر باڵەخانە ڕوخاوەکاندان و نەتوانراوە دەربهێندرێن، ڕێکخراوەکە ئەوەی لە غەززە رودەدات بە کارەسات ناوبردوە و دەڵێت؛ ئەمەی لە غەززە دەگوزەرێت پێشتر ڕوینەداوە. دکتۆر حەنان بەلخی، بەڕێوەبەری  ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێڤ، دۆخی غەززەی بە "کارەساتبار" وەسف کرد. ئاماژەی بەوەشکردوە، تیمە مەیدانییەکانمان پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەمە خراپترین حاڵەتە و پێشتر شاهیدی دۆخێکی لەم شێوەیە نەبون زیاتر لە 15 هەزار کەسیش پێویستیان بە فریاگوزاری خێرای پزیشکی هەیە. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس بەردەوامە،  لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە، ژمارەی کوژراوان لە غەززە گەیشتوەتە 53 هەزار و 939 فەلەستینی کە زۆرینەیان خەڵکی مەدەنی، ژن و منداڵن و بەپێی نوێترین ئاماریش  کە لە لایەن وەزارەتی تەندروستی غەززەوە بڵاوکرایەوە، 122 هەزار و 797 کەس برینداربون.

  ڕاوێژكارێكی ئیداره‌ی خۆسه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سازش له‌سه‌ر فره‌یی و لامه‌ركه‌زیی سووریا ناكه‌ن، چونكه‌ تاكه‌ چاره‌سه‌ری دیموكراسییه‌ بۆ كێشه‌كانی ئه‌و وڵاته‌. دووشه‌ممه‌، 26ـی ئایاری 2025، چیا كورد، ڕاوێژكاری ئیداره‌ی خۆسه‌ر له‌ ڕۆژئاوای كوردستان ڕایگه‌یاندووه‌، سازش له‌سه‌ر فره‌یی و لامه‌ركه‌زیی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سووریای نوێ ناكه‌ن، چونكه‌ تاكه‌ چاره‌سه‌ره‌ بۆ كێشه‌كانی ئه‌و وڵاته‌. هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، فره‌یی ڕووخساری كۆمه‌ڵگه‌ی سوورییه‌ و ناكرێت یه‌ك سیسته‌می سیاسی قۆرخی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان بكات و دان به‌ تایبه‌تمه‌ندی ناوچه‌ و پێكهاته‌ جیاوازه‌كان نه‌نێت. چیا كورد جه‌ختی كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌م پرسه‌ له‌ پرسه‌ بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌كییه‌كانی دانوستانه‌كانیان ده‌بێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی نوێی سووریا و ده‌ستبه‌رداری نابن و سازشی له‌سه‌ر ناكه‌ن. ئه‌م لێدوانانه‌ی چیا كورد هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئاماده‌كارییه‌كانی شاندی كورد بۆ سه‌ردانیكردنی دیمه‌شق و ته‌واوكردنی دانوستانه‌كانیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی نوێی سووریا.  ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە کۆنفرانسی یۆنان، کە بە ناونیشانی 'دۆزی کورد و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست' بەڕێوە چوو، ڕایگەیاند "ئەگەر هەیە سووریا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەتر ببێتەوە؛ دەسەڵاتدارانی سووریا بە تاکلایانانە بڕیارەکان دەدەن و هەماهەنگیی لەگەڵ گەل ناکەن و ئیرادەی خەڵکیان پشتگوێ خستووە." ئیلهام ئەحمەد، ڕاشیگەیاند، ئەگەر حکوومەتی سووریا لەسەر شێوازی حوکمی مەرکەزیی سوور بێت، وڵات ڕووبەڕووی شەڕێکی گەورەی ناخۆیی دەبێتەوە.  گوتیشی: دەبێت، سیستەمێکی دیموکراتیی فراوان هەبێت و سەرجەم پێکهاتەکان کۆ بکاتەوە. هەینی 23ـی ئایاری 2025، ئاڵدار خەلیل، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند: شاندێکیان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی بەم نزیکانە سەردانی دیمەشق بکەن. هەروەها گوتیشی: دیدگای کوردی دەبێتە بنەمای دانوستان لەگەڵ دیمەشق، بۆ ئەمەش ڕووبەڕووی ئاستنەگی زۆر دەبینەوە، چونکە حکوومەتی سووریا هێشتا بە تەواویی جێگیر نەبووە. ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی به‌وه‌شدا بوو، شاندەکە بە مەبەستی دانوستان لەبارەی داهاتووی سووریا و ئامانجەکەیان بۆ هەرێمێکی سەربەخۆ دەچنە دیمەشق.

  دادگای فیدراڵیی عێراق لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ تاوتوێی دوو سکاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەکات. بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکان، رۆژی شەشەی تەمموزی داهاتوو، دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵای هەریەک لە عومەر گوڵپی کاندیدی دەرچوو بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و سروە عەبدولواحید ئەندامی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و تاوتوێی هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەکات. هاوکات عومەر گوڵپی رایگەیاند، لە سکاڵاکەیدا کە لەسەر پەرلەمانی کوردستان تۆماریکردووە، داوایکردووە دادگا بڕیاربدات بە هەڵوەشاندنەوەی‌ خولی‌ شەشەمی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان، راسپاردنی‌ کۆمسیۆنی‌ هەڵبژاردنەکان بە ئەنجامدانەوەی‌ هەڵبژاردن بەزووترین کات، وەرگرتنەوەی‌ هەموو ئەو ئیمتیازە مادییانەی‌ کە 97 پەرلەمانتار لە ماوەی‌ رابردوودا وەریانگرتووە لەبەرئەوەی‌ هیچ کارێکیان نەکردووە. عومەر گوڵپی پێیوایە ئەنجامەکانی‌ خولی‌ شەشەمی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان بەجۆرێک دیزاینکران کە پەرلەمان نەوەک ناتوانێت نوێنەرایەتی‌ خەڵکی‌ کوردستان بکات و ببێتە چاودێر بەسەر حکومەتەوە، دوای زیاتر لە حەوت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن هێشتا توانای‌ ئەوەی‌ نییە کۆبوونەوەی‌ یەکەمی‌ ئاسایی‌ خۆی‌ بەڕێوەبەرێت و دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ هەڵبژێرێت.

  تولای هاتیمئۆغولاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان 'دەم پارتی' لە بارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و هەنگاوەکانی سەرخستنی پرۆسەکە دەڵێت: ئەرکی سەرەکی بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ئەستۆی پەرلەماندایە، بەڵام هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا داخوازیی لە پێشینە نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی سیستەمی دیموکراسییە. هاتیمئۆغولاری، بۆ میدیایەکی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) قسەی کردووە و ڕایگەیاندووە، پرۆسەی ئاشتی لە تشرینی یەکەمی ساڵی پارەوە دەستی پێ کردووە، یەکێکە لە گرنگترین دەرفەتەکانی ئاشتی لە مێژووی 100 ساڵەی تورکیا، دەشڵێت: دەبێت هەوڵی جددی بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە و دەرفەتە بدرێت. گوتیشی: کاتێک دەرفەتێکی وەها مێژوویی دێتە پێشەوە، ئەگەر کار  و هەوڵی جددی نەکەین، ناتوانرێت ئاشتییەکی هەمیشەیی بهێنرێتە دی. هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش داوە، هەندێک هەنگاوی کۆنکرێتی هەن، پێویستە بنرێن بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش بچێت، ئێمە لە هەموو دەرفەتێکدا جەخت لە هەنگاوەکان دەکەینەوە و درێغی ناکەین لە دووبارەکردنەوەیان تا بەدی دێن، لەوانە پێویستە هەموو زیندانییەکانی دۆسیەی کۆبانی، بە سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و ئەوانەی دیکەش ئازاد بکرێن. هەروەها ئاماژەی بە گۆڕانکاریی لە چەند یاسایەکدا کرد و گوتی: دەبێت گۆڕانێکی ڕیشەیی لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بکرێت، چونکە مانەوەی یاساکە بەم شێوەیەی ئێستا دەبێتە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم دیموکراسیدا. تولای هاتیمئۆغولاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) باسی لە ڕۆڵی ئاشتیی تورکیا لە ناوچەکە کردووە و دەڵێت: ئەو ڕۆڵەی ئێستای تورکیا لە ئاشتەوایی ناوچەکەدا دەیگێڕێت، بە دڵنیاییەوە گرنگە، بەڵام گرنگە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ گەلی کوردی دانیشتووی وڵاتەکە بنرێت و بەدی بهێنرێت، دواتر دەتوانرێت ئاشتییەکی هاوشێوە لە سووریا بکرێت.

  ئێران رایگەیاند، داواکاریی راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم خەیاڵیی و رەتکراوەیە، دەشڵێت: هیچ وادەیەک بۆ ئەنجامدانی قۆناغی شەشەمی دانوستانەکان دیارینەکراوە. ئیسماعیل باغایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەرچەشنە ئەگەرێکی هەڵپەساردنی یۆرانیۆم رەتکراوەیە بەمەبەستی گەیشتن بە رێکەوتن لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی. وتیشی: ئەو داواکارییەی واشنتۆن بۆ قەدەغەکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم خەیاڵییە و تاران بە "هێڵی سور"ـی دانوستانەکانی دەزانێت. راشیگەیاند، هێشتا هیچ وادەیەک بۆ ئەنجامدانی قۆنا‌غی شەشەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا دیارینەکراوە. سەرۆکی ئەمەریکا، رۆژی یەکشەممە وتی: پێشکەوتن لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەبوە و دەکرێت لەماوەی یەک دوو رۆژی داهاتو رێکەوتنێک بکرێت. دەقى قسەکانى ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: لەگەڵ لایەنی عومانی لە راوێژداین. هەركاتێك ئەوان گەیشتنە ئەنجام؛ بەڕاوێژ لەگەڵ ئێمەو ئەمریكا وادەی دانوستان دیاری دەكرێت، بەڵام تائێستا هیچ شتێك دیاری نەكراوە، عومان وەكو ئاسانكارێك بۆچوونەكانی خۆی دەخاتەڕوو لەگەڵ هەردوولا هەماهەنگیی دەكات.  پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم وەكو بەشێكی دانەبڕاو لە وزەی ئەتۆمیی ئاشتیانەو پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران دەبێت پارێزراو بێت. ئێمە بە هیچ جۆرێك رێگەی ئەوەمان پێنادرێت لەم بابەتەدا بچوكترین نەرمی نیشان بدەین. بەدڵنیایی پێشنیاری لایەنە جیاوازەكان لەنێویاندا عومان ئەم هێڵە سورەی ئێمە لەبەرچاودەگرن.

  لە دوو هێرشی ئیسرائیلدا بە لایەنی کەمەوە 50 کەس لە غەززە کوژران، کە یەکێکیان قوتابخانەیەک بووە کراوەتە ئامانج و ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ کرابوو، هێرشەکەی دیکەیان ماڵێکی لە جەبالیا کردووەتە ئامانج. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، گەورە تیرۆریست بە ئامانج گیراون. مەحمود بەسڵ گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، قوتابخانەی فەهمی جەرجاوی لە گەڕەکی دەرج کە سەدان ئاوارەی لەخۆی گرتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیراوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، تیمەکانیان بە لایەنی کەمەوە تەرمی 33 کەسیان گواستووەتەوە کە زۆرینەیان منداڵن، هەروەها نزیکەی 60 برینداریش هەن. هەروەها ئاژانسی هەواڵ و زانیاریی فەڵەستینی بڵاویکردەوە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل ماڵی هاوڵاتییەکیان لە ناوچەی جەبالیا لە باکووری غەززە بە ئامانج گرتووە و لە ئەنجامدا بە لایەنی کەمەوە 19 کەس کوژراون. لای خۆیەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، هێرشی سەر قوتابخانەکە بۆ بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی بووە، کە لەناوەندێکی فەرماندەیی لە دەوروبەری بیناکە چالاکییان هەبووە. سەرباری زیادبوونی گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵام ئەو وڵاتە هێرشەکانی زیادکردووە و رۆژی یەکشەممەش لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی سوپای ئەو وڵاتەدا 22 کەس لە غەززە کوژران کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون. پاش دوو مانگ ئاگربەست، ئیسرائیل لە ناوەڕاستی ئازاری رابردووەوە هێرشەکانی دەستپێکردووەتەوە و لە 17ـی ئایارەوە هێرشەکانی چڕترکردووەتەوە و بەگوتەی خۆی دەیەوێت کۆتایی بە حەماس بهێنێت و بارمەتەکان ئازاد بکات و تەواوی غەززە کۆنتڕۆڵبکات. بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، نزیکەی 54 هەزار فەڵەستینی کوژراون، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، هەروەها زیاتر لە 12 هەزار کەسی دیکەی سڤیل برینداربوون. هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی تەلئەڤیڤ، لە ئەنجامی هێرشەکەی حەماس لە 17ـی ئۆکتۆبەر بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، هەزار و 218 کەس کوژران کە زۆرینەیان سڤیل بوون.

  رۆژنامەی شەرقلئەوسەت لەبارەی راگەیەندراوی دووەمی وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەغداد پاشگەزبووەتەوە لەوەی کوردستان تۆمەتباربکات بە دروستکردنی پەیوەندی تاکلایەنە لەگەڵ واشنتن. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی گرێبەستە نەوتییە ملیار دۆلارییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا نیگەرانی حکومەتی عێراقی لێکەوتەوە، بە هۆکاری ئەوەی گرێبەستەکان بەبێ ئاگاداری بەغداد کراون، هەرزوو لە راگەیەندراوێکی دیکەدا بە زمانێکی نەرمتر داوای پابەندبوونی دەستووری کرد لە چارەسەرکردنی دۆسیەیەکی وا گرنگ. شەرقلئەوسەت باسی لەوە کردووە، دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتنەوە واژۆکردنی دوو گرێبەستی نەوت و غازی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی بە بەهای 110 ملیار دۆلار راگەیاند، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رێککەوتنەکەی رەتکردەوە و بە نایاسایی لەقەڵەمیدا، بەڵام هەرزوو لە راگەیەندراوی دووەمدا بەغداد لە هەڵوێستی توندی خۆی پاشگەزبووەتەوە و بە زمانێکی نەرمتر تەنها داوای پابەندبوون بە دەستووری عێراقی کردووە. رۆژنامەکە دەشڵێت، ئەمە هەڵوێستێکی نامۆ و لاستیکییە، چونکە هێشتا بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەردوولاوە نەتوانراوە یاسای نەوت و غاز پەسەندبکرێت. لەدوای رێککەوتنەکە ئەمریکا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و پشتگیری خۆی بۆ گرێبەستەکان دەربڕی و لە دانیشتنێکی کۆنگرێسیشدا مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هۆشداری بە عێراقدا بۆ بەهێزکردنی و باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن “دەبێت رێز لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق بگرێت.”

  لە مانگی داهاتودا سەرۆک کۆماری تورکیا گۆڕانکاری گەورە لە کابینەکەیدا ئەنجام دەدات ،بە جۆرێک کە هەشت وەزیر دەگۆڕدرێن و دو وەزارەتی نوێش دادەمەزرێت. میدیاکانی نزیک لە حکومەتی تورکیا بڵاویانکردوەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا، بڕیاریداوە لە مانگی داهاتو گۆڕانکاری لە ناو کابینەی حکومەتەکەی ئەنجام بدات. بە گوێرەی میدیاکان گۆڕانکارییەکانی کابینەکەی ئەردۆغان لە دوای 3ی حوزەیرانەوە دەستپێدەکات، چونکە وەزیرەکان لەو کاتەوە مافی خانەنشین بونیان دەبێت. محەمەد عەلی کۆلات، لێکۆڵەری بیروڕای گشتی رایگەیاند، هەشت وەزیر دەگۆڕێن، بەڵام 10 وەزیر دادەمەزرێن، بەهۆی ئەوەی دوو وەزارەت جیادەکرێنەوە، ئەوانیش وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و دارستان، وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار دەبن. ئاشکراشیکردوە، موراد کوروم، وەزیری ژینگە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، جەودەت یڵماز، وەزیری داد دڵنیانییان هەیە لە مانەوەیان لە شوینەکەیاندا.

  ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین ڕۆژی یەکشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی تەنیا دوو مانگدا زیاتر لە ٩٥٠ منداڵ لە کەرتی غەززە کوژراون. UNRWA لە پۆستێکدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە، "منداڵانی غەززە بەرگەی ئازارێکی بێ خەیاڵ دەگرن"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "برسێتی و ئاوارەبوون و هێرشی بێ جیاوازییان لەسەرە". جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت ئەمە بوەستێت و دەڵێت "دەبێت منداڵان بپارێزرێن". پێش ئەوەش ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو کە کەرتی غەززە ڕۆژانە پێویستی بە 500 بۆ 600 بارهەڵگری فریاگوزاری هەیە. ئەمڕۆ UNRWA لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە، "لێشاوی ئامانجدار و بێ پچڕانی هاوکارییەکان بۆ غەززە تاکە ڕێگەیە بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری کارەساتی ئێستا". ئاماژەی بەوەشکردووە، "کەمترین پێویستی ڕۆژانە ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ بارهەڵگر دەبێت، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، لەنێویاندا UNRWA". ئاماژەی بەوەشکردووە، "خەڵکی غەززە ناتوانن زیاتر چاوەڕێ بکەن". میدیاکانی بزووتنەوەی حەماس بڵاویان کردەوە کە تەنیا 100 بارهەڵگری فریاگوزاری چوونەتە ناو غەززە، کە دەکاتە 1%ی پێداویستییە سەرەتاییەکانی دانیشتووانی غەززە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی بەدخۆراکی و کەمی خۆراک و دەرمانەوە زیاتر لە ٥٧ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە. لەلایەکى دیکەوە کەناڵی بی بی سی رایگەیاند، لە بۆردومانێکی سوپای ئیسرائیل لە خان یونسی غەزە نۆ منداڵی یەک خێزان کوژراون و تەنها باوک و منداڵێکیان رزگاری بووە. بەگوێرەی راپۆرتەکەی بی بی سی، بۆردومانەکە لە ماڵی دکتۆر حەمدی نەجار و عەلا نەجاری داوە کە هەردووکیان پزیشکن لە نەخۆشخانەی ناسر. بەگوتەی د.مونیر ئەلبروش، بەڕێوەبەری وەزارەتی تەندروستیی غەزە، خانووی خانەوادەی نەجاڕ دوای چەند خولەکێک لە گەڕانەوەی حەمدی نەجار بۆ ماڵەوە لێیدراوە دوای ئەوەی عەلا نەجاری خێزانی گەیاندووەتە سەر کار. لەدوای بۆردومانەکە تەنها حەمدی نەجار و منداڵێکیان بەناوی ئادەم کە تەنها 11 ساڵە رزگاریان بووە. گەورەترین منداڵی ئەو خێزانە 12 ساڵ بووە.

  بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا كەمبونەوەی ئاستی ئاوی روبارەکانی دیجلە و فورات، لە ماوەی (80) ساڵی رابردودا یەدەگی ئاو لە نزمترین ئاستیدایە و وتەبێژەكەی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو رایدەگەیەنێت: بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە ناچاربون روبەری کشتوکاڵ کەمبکەنەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، خالید شەماڵ، وتەبیژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بەئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: بەهۆی كەمی باران لە وەرزی دابارینی ئەمساڵ و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا لەگەڵ دابەزینی ئاستی ئاوی هەردو روباری دیجلە و فورات، یەدەگی ئاو لە ئاوی عێراق لە نزمترین ئاستیدایە كە لە ماوەی (80) ساڵی رابردودا نەگەیشتوە بەئەو ئاستە، ئەوەش دەسەڵاتداران ناچار دەکات روبەری ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی لەم هاوینەدا چێنراون، کەم بکەنەوە. لە پەراوێزی پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاو لە بەغداد  وتیشی: یەدەكی ستراتیژی ئاو لە عێراق ساڵی ڕابردو باشتر بوە، ئێستا لە (40%)ـی كەمیر لە شایستەی خۆی لە روبارەكانی دیجلە و فورات وەردەگرێت. رونیكردوەتەوە، بڕیار وابو لە سەرەتای وەرزی هاویندا زیاتر لە (18) ملیار مەتر سێجا ئاو لە پشكی هەردو روبارەكە بۆ عێراق رەوانە بكرێت، بەڵام ئێستا نزیکەی (10) ملیار مەتر سێجا ئاو دەگات بە وڵاتەكەی. وتەبێژەكەی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە (80) ساڵی رابردودا عێراق روبەڕوی بێ ئاوی بەو جۆرە نەبوەتەوە، هەروەها بەمەبەستی دڵنیابونەوە بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ (46)  ملیۆن هاوڵاتی عێراقی، ناچاربون روبەری کشتوکاڵی کەمبکەنەوە. راشیگەیاندوە: لە چەند ساڵی رابردودا حکومەت هانی جوتیارانی داوە کە تەکنیکی ئاودێری هاوچەرخ بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو بەکاربهێنن، هەروەك دەسپێشخەریشیان كردوە بۆ بەدەمەوەهاتن و کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بەمەبەستی زیادکردنی فشارە دیپلۆماسییەکانە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ بۆ زامنکردنی مافەکانی عێراق لە ئاوی روبارەكانی دیجلە و فورات. لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما و ئەو وشکەساڵییەی کە زیاتر لە پێنج ساڵە بەردەوامە، بەردەوام بەغداد رەخنە لە دروستكردنی ئەو بەنداوانە دەگرێت كە لەلایەن ئێران و توركیاوە دروستکراون، ئەوەش وایكردوە ئاستی ئاوی هەردو روبارەی دیجلە و فورات كەمبوەتەوە كە سەرچاوەی سەرەکی ئاوی عێراقن.

  وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، تاوه‌كوو ئێستا واده‌ و شوێنی به‌ڕێوه‌چوونی گه‌ڕێكی دیكه‌ی دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا دیاریی نه‌كراوه‌. یه‌كشه‌ممه‌، 25ـی ئایاری 2025، ئیسماعیل به‌قائی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕایگه‌یاند، ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له‌ باره‌ی واده‌ و شوێنی به‌ڕێوه‌چوونی گه‌ڕێكی دیكه‌ی دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بڵاو كراونه‌ته‌وه‌، ته‌نیا ده‌نگۆن و تاوه‌كوو ئێستا بڕیاری فه‌رمی له‌م باره‌وه‌ نه‌دراوه‌. جه‌ختیشی كرده‌وه‌، ئه‌و هه‌واڵه‌ی دراوه‌ته‌ پاڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عوممان بۆ واده‌ و شوێنی به‌ڕێوه‌چوونی گه‌ڕی شه‌شه‌می دانوستانه‌كانی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا، دووره‌ له‌ ڕاستی و هه‌ڵبه‌ستراوه‌. چه‌ند پلاتفۆرمێك به‌ زمانی فارسی بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو گه‌ڕی شه‌شه‌می دانوستانه‌كانی نێوان تاران و واشنتن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. هەینی، 23ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئێرانی بڵاوی کردەوە، گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران لە ڕۆما، لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران کۆتایی هات. هەروەها ڕاشیگەیاندبوو، چاوەڕوان دەکرێت دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بەردەوام بێت و عوممانیش ڕۆژ و شوێنی گەڕی داهاتوو دیاری دەکات. عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەکە ئاماژەی دا،  گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکا ئاڵۆزە و کاتی زیاتری پێویستە. وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کردبوو، بەهۆی پێشکەشکردنی پێشنیازەکانی عوممان، پێشکەوتنی باش لە دانوستانەکان هەبوو. گوتیشی: عومان بیرۆکەی جیاوازی هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر خاڵە ناکۆکەکان نێوانی ئێران و ئەمەریکا. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرۆکی شاندی ئەمەریکا، بەر لە کۆتاییهاتن دانوستانەکەی جێ هێشت. لای خۆیەوە بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان ئاماژەی دا، لە دانوستانەکانی گەڕی پێنجەمی نێوان ئەمەریکا و ئێران کەمێک پێشکەوتن هەبووە، بەڵام یەکلاکەرەوە نەبوو.

  بارزانی ڕایدەگەیەنێت ناكرێ قووتی هاووڵاتیان بە سیاسی بكرێت و وەك چەكێك لەدژی خەڵكی كوردستان بەكار بهێنرێت. جەختیشی لەوە كردەوە كە حوكمڕانیی لە عێراق كاتێك سەركەوتوو دەبێت كە دەستوور جێبەجێ بكرێت. بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، ڕۆژی یەكشەممە 25ـی ئایاری 2025 مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازیی لە ژمارەیەك ئەمیر و سەرۆك هۆز و كەسایەتیی هۆزەكانی پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق كرد. هەر لەو كۆبوونەوەدا بارزانی، لە وتەیەكدا بۆ ئامادەبووان ئاماژەی بە مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتی و زوڵمە كرد كە حكوومەتەكانی عێراق بەسەر گەلی كوردستانیان هێناوە. ئەوەشی خستوەتەڕوو كە بوونی ناكۆكیی گەلی كوردستان لەگەڵ حكوومەت و ڕژێمەكان بە مانای ناكۆكی لەگەڵ گەل و پێكهاتەكانی عێراق نایەت و سیاسەتی هەڵەی حكوومەتەكان هەرگیز ناتوانێ پەیوەندیی نێوان گەلان تێك بدات.  بارزانی ڕاشیگەیاند كە حەز دەكەن هەموو عێراق ئاوەدان بێت و ببوژێتەوە و كەرامەتی هاووڵاتیان لە هەموو بەشەكانی عێراق پارێزراو بێت.  جەختیشی لەوە كردەوە كە حوكمڕانیی لە عێراق كاتێك سەركەوتوو دەبێت كە دەستوور جێبەجێ بكرێت و هەموولایەك پابەندی هەر سێ پرەنسیپی هاوسەنگی و سازان و هاوبەشی بن. لەو دیدارەدا، سوپاسی گەلی كوردستانیان كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانە و شەڕی تیرۆردا باوەشیان بۆ ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە بەشەكانی تری عێراق كردەوە، شاندی میوان ستاییشی سەقامگیری و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد كە سەرباری بوونی ئاستەنگ بەڵام هەرێم توانیویەتی لەسەر ڕێگەی بووژانەوە هەنگاو بنێت.  هەروەها ڕاشیانگەیاند كە ئەوان لە داخوازییە ڕەواكانی گەلی كوردستان دەگەن و پەیامی پاڵپشتی و موحەبەت و پێزانینیان بۆ گەلی كوردستان هەیە.

  رۆژنامەی تورکیە لە زاری چەند سەرچاوەیەک لە دەزگای ئاسایشی تورکیاوە بڵاویکردەوە، هێزەکانی وڵاتەکە پلان بۆ دامەزراندنی بنکەی ئاسمانی و دەریایی لە سوریا دادەنێن. بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی میدیای تورکی بڵاویکردووەتەوە، ئەنقەرە پلانی ئەوەی هەیە لەگەڵ ئەم هەنگاوە، لە بواری رێکخستنی سوپا و هێزەکانی ئاسایش هاوکاری پێشکەش بە سوریاش بکات. ئامانج لە دانانی ئەم بنکە سەربازیەی تورکیا رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی چەکداریی داعشە لە سوریا، رۆژنامەی تورکیە دەڵێ، کۆبوونەوە لەنێوان پێنج دەوڵەت لەنێویاندا تورکیا دەکرێت، لە چوارچێوەی میکانیزمی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە سوریا. رۆژی 2ـی  مانگی رابردووش ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای ئاشکرایکرد، حکومەتی تورکیا بەنیازە بنکەیەکی سەربازی لە ناوەڕاستی سوریا بکاتەوە و سیستمی بەرگریی ئاسمانی تێدا جێگیربکات، ئەم هەنگاوە ئیسرائیلی نیگەرانکرد و رۆژێک دواتر هێرشێکی قورسی کردەسەر ئەو ناوچەیەی پلانبوو بنکەکەی تێدا بکرێتەوە.

  ئاسیاسێڵ لە کۆبونەوەی ساڵانەی دەستەی گشتیدا دابەشکردنی قازانجی نەختینەیی بە رێژەی 150٪  پەسەندکرد، هاوکات کۆمپانیاکە رایگەیاندووە: بەردەوام دەبین لە داهێنان و باڵادەستی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان. کۆمپانیای ئاسیاسێڵ راگەیەنراوێکی بڵاوکردوە و ئاشکرایکردووە، دەستەی گشتی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، پێشەنگ لە بواری پەیوەندییەکان لە عیراقدا، لە سلێمانی کۆبونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتی فاروق مستەفا رەسوڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن ئەنجامدا، خاوەن پشکەکان بە کۆی دەنگ رەزامەندی خۆیان لەسەر سەرجەم بەندەکانی کارنامەی کۆبوونەوەکە راگەیاند. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕیارە سەرەکییانەی کە لە میانی کۆبونەوەکەدا دران، بریتی بوون لە پەسەندکردنی راپۆرتی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و راپۆرتی وردبینی دارایی و تۆمارە داراییەکانی کۆمپانیا بۆ ساڵی دارایی 2024، هەروەها راسپاردنی وردبینێکی دەرەکی دارایی بۆ پێداچوونەوە و وردبینیکردنی ژمێرەکانی کۆمپانیا بۆ ساڵی 2025. ئاسیاسێڵ راشیگەیاند، دەستەی گشتی دابەشکردنی قازانجی نەختینەیی بە رێژەی 150٪ ـی لە سەرمایەکە پەسەندکرد، بە بڕی 1.5 دینار بۆ هەر پشکێك کە دەدرێت بە سەرجەم خاوەن پشکەکانی کۆمپانیا کە لە لیستی خاوەن پشکەکاندا تۆمارکراون لە رۆژی بەستنی کۆبونەوەی دەستەی گشتیدا، بە پێی ماددەی "4"ـی بڕیاری ژمارە "25" ـی ساڵی 2024 کە لە لایەن دەستەی کاغەزە داراییەکانی عێراق "هیئە اڵاوراق المالیە العراقیە"ــەوە دەرچووە. ئەوەشی خستەڕوو، ئەم دابەشکردنەی ئەمساڵ بێ وێنەیە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، ئەمەش رەنگدانەوەی ئەدای دارایی کۆمپانیایە لە ساڵی 2024 ـدا، سەرباری باڵانسی نەختینەیی بەردەست و سەرمایەی زیادەی کەڵەکەبووی کۆمپانیا، کە بووەتە هۆی ئەوەی دابەشکردنی قازانجی ئەمساڵ بێ وێنە بێت. فاروق مستەفا رەسوڵ سوپاسی خاوەن پشکەکانی کرد بۆ پشتگیریکردنی هەمیشەیی و پابەندبوونیان بە گەشتی گەشەکردنی کۆمپانیا و رایگەیاند: ئاسیاسێڵ بەردەوامە لە چەسپاندنی شوێن دەستی روونی خۆی لە کەرتی پەیوەندییەکانی عیراقدا، هەروەها پابەندبوونی بەهێزی خۆی نیشانداوە بۆ ڕابەرایەتیکردنی وەرچەرخانی دیجیتاڵی و داهێنانی چارەسەری پێشکەوتوو لە بواری پەیوەندییەکاندا. لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئاسیاسێڵ هەوڵدەدات بەردەوام بێت لە سەرکەوتنەکانی، لە هەمان کاتدا پارێزگاری بکات لە پابەندبوونی بە گەشەپێدان و داهێنان و باڵادەستی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی، سەرباری رۆڵی کاریگەری لە برەودان بە ئابووری عیراق و بەردەوامی لە پابەندبوون بە رێساکانی حوکمڕانی باش و بەرپرسیارێتییەکەی بەرانبەر بە ژینگە و کۆمەڵگای عیراقی.