وادەکەی مەسعود پزیشکیان بەسەرچوو خەڵکی وڵاتەکە هاواریان لێهەستاوە و تاران ناچارە پەنا بۆ وڵاتانی دیکە ببات ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەوەی بەسەر خەڵکی ئێراندا دێت لەماوەی 58 ساڵی رابردوو وێنەی نەبووە، بەجۆرێک هێندە بێئاوی رووی تێکردوون کە لە بۆشایی ئاسمانەوە رووبار و بەنداوەکانیان بە وشکی دەبینرێت. ئەمساڵ تائێستا 20 پارێزگای وڵاتەکە تەنانەت یەک دڵۆپە بارانیان بەخۆیانەوە نەبینیووە، لەکاتێکدا ئێستا وەرزی بارانە لە ئێران و دەبوو لە مانگی نۆی ئەمساڵەوە باران دەستیپێکردبا. ئەوەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە تارانی پایتەختە کە 15 ملیۆن دانیشتوانی هەیە و بووەتە شارێکی وشک و برینگ. پێشتر مەسعود پزشکیان، سەرۆکی وڵاتەکە رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو مانگی 12 باران نەبارێت ئەوان بەناچاری پێویستە خەڵکی تاران شارەکە چۆڵ بکەن. بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆیتەرز، نزیکەی 10%ـی بەنداوەکانی وڵاتەکە وشک بوون و هیچ ئاوێکیان تێدا نەماوە. میدیاکانی ئێران باس لە دۆخی خراپی خەڵکی وڵاتەکە دەکەن و دەڵێن، ئیتر وەک جاران نەماوە، بەرپرسانی وڵاتەکە بۆ پارێزگاریکردن لە ئاو، رۆژانە 6 بۆ 12 سەعات ئاو لە ماڵان دەگرنەوە. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش دۆخەکە خراپترە. میدیای ئێران دەڵێت، ئیستا خەڵکی بانە تەنها دوو کاتژمێر ئاویان بۆ دەکرێتەوە. لە تاران دۆخەکە بەجۆرێکە هەندێک کات 15 کاتژمێر بۆ رۆژێک ئاو لە خەڵک دەگیرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی ئاسایی دانیشتووانی تاران 12 سەعات لە رۆژێکدا هیچ ئاوێک بە بەلوعەکانیاندا نایەت. دانیشتوانێکی تاران بۆ پێگەی ئێران وایەر دەڵێت، ئێمە لە قوتابخانە باسی بەرزەخ و دۆزەخمان بۆ کراوە، بەڵام ئێستا رێک وەک ئەوە وایە لەنێو هەردووکیاندا بژین. بەهۆی بێبارانییەوە، هەوای پیسیش بەرۆکی دانیشتووانی شارەکەی گرتووە و ئێستا بووەتە یەکێک لە پیسترین شارەکانی جیهان. ئاژانسی هەواڵی میهر دەڵێت، بەنداو وعەمبارە سەرەکییەکانی تاران ئێستا ئیتر تەنها 11% ئاویان تێدایە. بەرپرسانی وڵاتەکە کەوتوونەتە خۆو داوای یارمەتی لە وڵاتانی دیکە دەکەن. عەباس عەلیئابادی، وەزیری وزەی ئێران دەڵێت، هەر وڵاتێک ئاومان پێ بفرۆشێت ئێمە ئامادەین لێی بکڕین. پێشتر عەلی خامنەیی، رابەڕی باڵای ئێران، داوای لە دانیشتووانی وڵاتەکەی کرد دەست بە ئاوەوە بگرن، بەڵام خەڵکی وڵاتەکە دەڵێن، ئەمە داوایەکی نامەعقوڵە چونکە خۆ بەرپرسان هەر ئاو ناکەنەوە بۆمان تا دەستی پێوە بگرین.
سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا ئاشكرایكردووە، رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە كۆبوونەوە لەگەڵ ئەو لیژنە پەرلەمانیەی سەردانی كرد، سەبارەت هەسەدە وتویەتی "هێزێك بەشداری سوپای ناوەندی دەبێت، هێزەكەی دیكەش هەرێمەكە دەپارێزێت". گوڵستان كلچ كۆچیگیت، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی توركیا، هاوكات ئەندامی كۆمسیۆنی پەرلەمان كە لە ئیمراڵی لەگەڵ رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان كۆبووەوە، رایگەیاند:"رێبەر ئاپۆ لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی پرسی سوریای هەڵسەنگاندووە، بەڵام لە راپۆرتەكانی پەرلەماندا نەخراوەتەڕوو. هەروەها سەبارەت بە هەسەدە فۆرمەلەیەكی پێشكەشكردووە". گوڵستان كلچ ئاماژەی بەوەشكردووە،"رێبەر ئۆجەلان هۆشداری دا، ئەگەر لە سوریا دیموكراتیزەبوون بەدی نەیەت، حكومەتی كاتی دیمەشق دەتوانێت بگۆڕدرێت بۆ دیكتاتۆرێك". "رێبەر ئاپۆ سەبارەت بە هەسەدە فۆرمەلەیەكی پێشكەشكردووە و دەڵێت دەتوانرێت هێزی سەربازی ئەنتێگراسیۆنی سوپا بكرێت، جگە لەوەش هەرێمەكە دەتوانێت هێزی ئاسایشی خۆیشی هەبێت، كاتێك باسی ئەم بابەتەی دەكرد، وتی "من باوەڕم وایە لە توركیا پشكنەر هەیە، مەبەستی ئەوە بوو كە هێزێك بەشداری سوپای ناوەندی دەبێت، هێزەكەی دیكە هەرێمەكە دەپارێزێت، ئاسایش دابین دەكات". گوڵستان كلچ كۆچیگیت وای وت. سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی و ئەندامی ئەو لیژنەیەی سەردانی رێبەر ئۆجەلانی كرد دەشڵێت "رێبەر ئاپۆ نەیوتووە یەپەگە بێ مەرج دەستبەرداری چەك بێت و وەك پەكەكە كۆتایی بەوكارانە بهێنێت كە بەناویەوە دەكرێن، ئەو جۆرە بانگەشانە راست نین". لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا ئاماژەی بەوەشكرد "رێبەر ئاپۆ هەڵسەنگاندنی لەسەر بنەماڵەی ئەسەد لە سوریا كردووە و وتی "دەبینین سوریا بووە بە ئازارترین و بریندارترین جوگرافیای هەرێمەكە، تەنانەت ئەمڕۆش دەڵێن شەرع گۆڕاوە، ئەگەر بەڕاستی گۆڕاوە، ئەوا دەبێت دیموكراتیزەكردن بەدی بێت، بەڵام ئەگەر دیموكراتیزەكردن نەبێت، شەرعیش دەگۆڕێت بۆ دیكتاتۆرێك، لە دۆخێكی وادا دەزانین چی روودەدات". "مەبەستی بەڕێز ئۆجەلان سیستەمێكی دیموكراتیكە، كە هەموو گەلانی سوریا بە ناسنامەی خۆیانەوە بەشداری بن، بە شێوەیەكی ئاشكرا وتی " ئەگەر ئەمە نەبێت چی دەبێت، دیكتاتۆری، واتە ئیدارەیەكی دیكەی ئەسەد بە ناوێكی نوێ، بە فۆرمەلەیەكی نوێ". گوڵستان وای وت. سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی هەروەها وتیشی:"هەڵسەنگاندنەكانی بەڕێز ئۆجەلان هەم بۆ توركیا هەم بۆ سوریا و گەلی كورد هەمیشە لەسەر بنەمای دیموكراتیزەبوونە، كاتێك دەیوت "كۆماری دیموكراتیك بەمجۆرە بوو، كاتێك باسی یەكێتی كۆمۆنە دیموكراتیكەكانی دەكرد، لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرد، واتە دیموكراسی بۆچوونی بنچینەیی ئەوە، نەبێت نابێت، هەربۆیە ئەگەر سیستمی سوریا بگۆڕێت بۆ دیكتاتۆرییەت، بێگومان هێزی كورد نابن بە بەشێك لەم دیكتاتۆرییەتە". لە وەڵامی پرسیاری "نەخشەڕێی رێبەر ئۆجەلان بۆ سوریا چییە؟ چی تێگەشتن؟ گوڵستان كلچ وتی: "دەتوانم بە ڕوونی بیڵێم سوریایەكی دیموكراتیك. ئەوكات لێرە كێشەی سەربازی درووست نابێت. بە واتایەكی تر پرسی "یەپەگە ئەنتێگراسیۆنی سوپا ببێت، یان دەبێتە ئاسایش دەبێتە رۆژەڤی دووەم، سێیەم، چوارەم، چونكە یەكێتییەكی دیموكراتیك بەدی هاتبێت، لە فكر و مێشكی خۆییدا سیستمێكی دیموكراتیكی بنیات ناوە و ئەمە بۆ هەموو ئەو جوگرافیایانە پێشنیاز دەكات كە كورد تێیدایە، بۆ توركیا، سوریا، عێراقیش دەبێت".
هەپەگە پێنج شەهیدی بەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، بە ڕێزدارییەوە یادی ڕۆڵە قارەمانەکانی گەلی کورد عەباس حەفتانین، ئاخین باکسی، دەمهات مەخمووری، سیپان بێوار و زنار باهۆز دەکەینەوە، کە لە ٢٠١٨دا بە ڕۆحێکی فیداییانەوە دژی هێرشەکانی دوژمن شەڕیان کرد و شەهیدبوون. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پارستنی گەل(هەپەگە)، پێنج شەهیدی بەبیرهێنایەوە، کە لە ٢٠١٨ و لە شوێنی جیاوازدا شەهیدبوون. دەقی ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگە بەم شێوەیەیە: “بە ڕێزداریی و حورمەتەوە ڕۆڵە قارەمانەکانی گەلی کورد عەباس حەفتانین، ئاخین باکسی، دەمهات مەخمووری، سیپان بێوار و زنار باهۆز بەبیر دێنینەوە کە بە ڕۆحێکی فیداییانەوە لە تێکۆشانی ٢٠١٨دا، دژی هێرشەکانی دوژمن شەڕیان کرد و گەیشتنە ئاستی شەهیدبوون. هەڤاڵانمان عەباس، ئاخین، دەمهات، سیپان و زنار لە سەردەمێکدا کە دەوڵەتی تورک هەوڵی پاکتاوکردنی تەڤگەرەکەمانی دەدا و ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی دژی گەلەکەمانی ئەنجام دەدا، ئەرکێکی مێژوویییان لە ئەستۆ گرت. هەڤاڵانمان کە بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی مێژوویی تێکۆشانیان دەکرد، بە شێوەیەکی جددی و بەهێز ئەو ئەرکانەی کە تەڤگەرەکەمان پێیانی سپاردبوو لە ئەستۆ گرت و بەرپرسیارانە جێبەجێیان کرد. ئەوان بە بێ دوودڵی بۆ بەدیهێنانی ئامانجی ڕێبەرێتی ئازاد و کوردستانی ئازاد بەشدارییان کرد. بەو فیداکاریی و بەشدارییە بەهێزەی کە بۆ جێبەجێکردنی فەلسەفەی ئازادی نیشانیاندا، لە مێژووی تێکۆشانی ئێمەدا شوێن پێی قووڵیان بەجێهێشت. هەڤاڵانمان دەزانن کە سەرکەوتن تەنها بە پێداگری لەسەر رێبازی تێکۆشانی ئاپۆیی بەدەست دێت و لەسەر ئەو بنەمایە، بە کار و چالاکیەکانیان گەورەترین بەڵگەیان نیشاندا. هەڤاڵانمان کە هێرشەکانی دوژمن بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیایان کردە بنەمای بەهێزکردنی تێکۆشانیان و لەسەر هێڵی فیدایی بوون تیکۆشان. بۆیە تێکۆشانی فیداییانە و هەڵوێستی بە ئیرادەی هەڤاڵانمان بەردەوام ڕێگامان ڕووناک دەکاتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هێژای هەڤاڵانی قارەمانمان عەباس، ئاخین، دەمهات، سیپان، زنار و سەرجەم گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین و بەڵێن دەدەین ئامانجی شەهیدان بەسەرکەوتن تاجدار دەکەین.” هەپەگە زانیاری لەسەر ناسنامەی شەهیدان بەم شێوەیە خستەڕوو: ناسناو: عەباس حەفتانین ناو و ناسناو: جیهان یگیت شوێنی لەدایکبوون: شرنەخ ناوی دایک و باوک: قودرەت- حوسێن کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٩ی ئابی ٢٠١٨ / زاپ. ناسناو: ئاخین باکسی ناو و ناسناو: ئەڤین باکسی شوێنی لەدایکبوون: ئێلح ناوی دایک و باوک: زوریە- سالم کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٩ی ئابی ٢٠١٨ / زاپ. ناسناو: دمهات ماخمووری ناو و ناسناو: فەرمان تورگوت شوێنی لەدایکبوون: جۆلەمێرگ ناوی دایک و باوک: خورسی- ئەحمەد کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٢ی ئاداری ٢٠١٨ / خواکوڕک. ناسناو: سیپان بێوار ناو و ناسناو: ئۆزگور ئایدەمیر شوێنی لەدایکبوون: مووش ناوی دایک و باوک: عایشە-ئەحمەد کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ / مووش. ناسناو: زنار باهۆز ناو و ناسناو: عومەر تورک شوێنی لەدایکبوون: ئامەد ناوی دایک و باوک: سۆنگول-محەمەد کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٤ی نیسانی ٢٠١٨ / ئاڤاشین.”
پوختەی کۆبوونەوەکەی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمانی تورکیا خوێندرایەوە کە شاندێکی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کۆبوویەوە. "لە کۆبوونەوەکەدا ئۆجەلان رایگەیاندووە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بە قسەکانی خزمەتێکی گەورەی بە سیستمی 100 ساڵەی پەیوەندیی تورک و کورد کردووە و ئازایەتییەکی کەموێنەی لە مێژووی کۆماردا نیشانداوە و سوپاسی کردووە. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەربڕیووە بۆ ئەو بوێرییەی لە پرۆسەکەدا نیشانیداوە." ئۆجەلان: لەسەر بەڵێنەکانی خۆمم "عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە کە لە سەرەتای پرۆسەکەوە لەسەر ئەو بەڵێنانە بووە کە داویەتی و ئەگەر هەلومەرج لەبار بێت، توانای تیۆری و کرداری هەیە بۆ جێبەجێکردنی. بە درێژی باسی لە پاشخانی مێژوویی کردووە و جەختی لە گرنگیی برایەتیی تورک و کورد کردووەتەوە." هەڵوەشاندنەوەی هەموو پێکهاتەکانی پەکەکە "عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە، وازی لە شێوازی چەکداری هێناوە و شێوازی سیاسیی گرتووەتەبەر. بانگەوازی 27ی شوبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو پێکهاتەکانی پەکەکە و دانانی چەک لەلایەن کۆمەڵگەوە پێشوازیی لێکراوە و خەڵک چاودێریی ئەم پێشهاتە دەکات و خۆی لە سووریا و عێراقیش کاریگەریی هەیە." لەم خاڵەدا، دوای ئەوەی فەتحی یڵدز بەبیریهێنایەوە کە لە دۆسیەی سزادانی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا پارێزەری خانەوادەی شەهیدان بووە، ئۆجەلان گوتوویەتی، "من لەسەر ئەو بەڵێنانەم کە لەو پرۆسەیەدا داومن کە بە تەوقەکردنی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکرد." "گیانلەدەستدانی هەر سەربازێک تراژیدیایە" "دوای ئەوەی حوسێن یایمان رایگەیاندووە کە بە هەستیاریی خانەوادەی شەهیدانەوە هاتووە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان گوتوویەتی، گیانلەدەستدانی هەر سەربازێک بۆ ئەو تراژیدیایە، هەرگیز پێی دڵخۆش نەبووە و پێویستە گەنجان بەو شێوەیە نەمرن. هەروەها گوتوویەتی، پێویستە بە دڵنیاییەوە لە تورکیا و ناوچەکە چارەسەرییەک بدۆزرێتەوە و نیگەرانیی خۆی بۆ هێرشەکەی سەر کۆمپانیای توساش دەربڕیووە (رۆژی 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، دوو گەریلا هێرشیان کردە سەر کۆمپانیای توساش بۆ بەرهەمهێنانی چەک، دوای خۆتەقاندنەوەیان پێنج کەس کوژران)." هەروەها "پێی گوتراوە، بەکارهێنانی زمانی سەردەمی پێش لۆزان و 1924 پرۆسەکە ژەهراوی دەکات." داوای بانگەوازێکی نوێی بۆ سووریا لێکراوە "لە کۆتاییدا، لە کاتی چۆڵکردنی ناوچەی زاپدا، بوونی چەک بە دەستی ئەندامانی رێکخراوەکەوە لەنێو رای گشتیدا تووڕەیی دروستکرد و دەرکەوت پەکەکە بە تەواوی پابەندی بانگەوازەکە نەبووە. پێی گوتراوە کە پێویستە هەسەدە پابەندی رێککەوتنی 10ی ئادار بێت و پێویستە بانگەوازێکی نوێ بۆ سووریا بکات." پێویستە پەکەکە نەک تەنیا چەکی دەستی، بەڵکو لە رووی هزریشەوە چەک دابنێت "پێی گوتراوە کە ئەم دەوڵەتە دەوڵەتی هەموومانە و کاتێک دەگوترێت 'چەک دابنێن' هەموو پێکهاتەکانی پەکەکە دەگرێتەوە. تێبینی کراوە کە پەکەکە ئەو هێزانەی لە عێراق دەیانکشێنێتەوە، دەیاننێرێت بۆ سووریا و ئەمەش ناکۆکی لەگەڵ لێدوانەکانی پێشوودا دروست دەکات. لە بەرامبەردا ئۆجەلان رایگەیاندووە، 'پێویستە پەکەکە نەک تەنیا چەکی دەستی، بەڵکو لە رووی هزریشەوە چەک دابنێت." فەتحی یڵدز: ساڵێکە هیچ شەهیدێک نەدراوە "فەتحی یڵدز رایگەیاندووە، تەنانەت لەو کاتانەی هەواڵی شەهید دەهات، هیچ کەسێک جامی دراوسێ کوردەکەی نەشکاندووە و سەرەڕای ئەو هەموو ئازارە، هەرگیز دوژمنایەتیی کورد و تورک دروست نەبووە." "لەسەر پرسیارەکانی حوسێن یایمان سەبارەت بە سووریا، ئۆجەلان گوتوویەتی، پێویستە لە بەرامبەر هەنگاوەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە سووریا زۆر وریابن و بۆ سووریا پشتگیری لە سیستمی یەکگرتوو دەکات." "گوتوویەتی، لەم جوگرافیایەدا تورک بەبێ کورد و کورد بەبێ تورک ناژین. هەروەها رایگەیاندووە، لە ساڵی 1995ـەوە وازی لە بیری سۆسیالیزمی هێناوە و گۆڕانی هزری پرۆسەیەکی بەئازارە، بەڵام هەر جارە و یەکێک ئەم هەوڵەی تێکداوە. گوتوویەتی، ئەمە کاریگەریی هەبووە لەسەر بەئەنجام نەگەیشتنی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی لەگەڵ ئۆزال، دەمیرەل و ئەربەکان لە ساڵی 1993ـەوە تاوەکو ئێستا." "مەزڵووم عەبدی دەناسیت؟" "کاتێک پرسیاری لێکراوە 'فەرهاد عەبدی شاهین دەناسیت؟' ئۆجەلان گوتوویەتی، کەسێکی نزیکی خۆیەتی. کاتێک گوڵستان کڵچ کۆچیگیت پرسیویەتی 'زۆر تەندروست دەبینرێیت، ئایا هیچ شتێکت هەیە لەبارەی مافەکانی ژنانەوە بیڵێیت؟' ئۆجەلان سڵاوی خۆی گەیاندووە."
ماڵپەری"تەسنیم"ی نزیك لە سوپای پاسدارانی ئێران، راپۆرتێكی لەبارەی كردنە ئامانجی كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سلێمانی بڵاوكردووەتەوەو تیایدا دەڵێت: هەر كاتێك ئەو كێڵگەیە بۆردومان دەكرێت پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی گروپەكانی مقاوەمەی عێراقی دەكرێت (مەبەستی میلیشیا شیعەكانە)، لەكاتێكدا گروپی هەماهەنگی مقاوەمە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بوونی هەر پەیوەندییەکی بە هێرشەکانەوە رەتکردووەتەوە، سەرچاوەكە بەناوی چاودێرانیشەوە رایگەیاندووە: ئەو تۆمەتانە بەمەبەستی دۆزینەوەی پاساوە بۆ بەهێزکردنی بوونی ئەمریکا لە باکوری عێراق. ماڵپەرەكە لە بەشێكی تری راپۆڕتەكەدا دەڵێت: چەندین پێدراو ئاماژە بە ئەگەری تێوەگلانی تورکیا لە هێرشەکەدا دەکەن، نەک تەنها بە پشتبەستن بە بەڵگە تەکنیکییەكان، بەڵکو لە چوارچێوەی ململانێی هەژمونی تورکیا و ئیمارات لەسەر سەرچاوەکانی وزە و ڕێڕەوی بازرگانی لە ناوچەکەدا. راشیدەگەیەنێت: ئەنكەرە کە بە وردی چاودێری فراوانبونی رۆڵی ئیمارات دەکات لە کەرتی وزەو گواستنەوەداو وا پێدەچێت تێكەڵكردنی كارتەكانی لەناوخۆی عێراق بەلاوە گرنگ بێت و ئەو پەیامە بنێرێت کە باڵابوونی هەژمونی ئیمارات لە سلێمانی بەبێ وەڵام تێناپەڕێت.
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) هێرشی تووند دەکاتە سەر جەهەپە و رایدەگەیێنێت، سەرکردایەتیی ئەو پارتە "ترسان بچنە ئیمراڵی و رایانکرد". باخچەلی دەشڵێت، ئامانجیان ئەوەیە لە ساڵی 2026ـەوە تووندوتیژی و چەک لە تورکیا کۆتایی پێبێت. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (تورکگون)ـی نزیک لە پارتەکەی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-12-2025 بڵاوکراوەتەوە، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سیاسیی تورکیا و کارەکانی "کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری" لە پەرلەمانی تورکیا کرد. باخچەلی بەتووندی رەخنەی لە هەڵوێستی جەهەپە گرت بەرامبەر بە سەردانی ئیمراڵی و پرۆسەی چارەسەری و گوتی: "کەی رێزیان لە گەل گرتووە، کە تەنیا هێزی کۆمارە؟ تەنانەت ترسان بچنە ئیمراڵیش، رایانکرد. بە وشەی ترسنۆکانە ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە رێکارەکان دەربڕی نەک ناوەڕۆک. لە پرۆسەی چارەسەری و چارەسەرکردنی گرنگترین کێشەی تورکیادا خۆیان دزییەوە." سەبارەت بە ئاسۆی پرۆسەی چارەسەری، سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە کرد، کارەکانی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە قۆناخی کۆتاییدایە و راپۆرتی قۆناخی گواستنەوە ئامادە دەکرێت. باخچەلی گوتی: "ئیرادەی نیشتمانی راپەڕیوە. کات نەماوە و گەیشتووینەتە دوا قۆناخ. ئامانجمان ئەوەیە لە ساڵی 2026ـەوە بەدواوە تووندوتیژی و چەک بە تەواوی لە رۆژەڤی تورکیادا نەمێنێت." باخچەلی باسی لەوە کرد، جەهەپە لە "شوێنێکی هەڵەی مێژوودا وەستاوە" و لە سێگۆشەی "سۆغوتئۆزو، ساراچخانە و سلیڤری" (3 S) گیری خواردووە، هەروەها داوای کرد لێکۆڵینەوە لە گومانەکانی گەندەڵی لەنێو ئەو پارتە بکرێت. زیاتر لە ساڵێكە پرۆسەیەکی نوێ بۆ پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکردووە. رۆژی 21ـی تشرینی دووەم، کۆمیسیۆنی پەرلەمان بە دەنگدانی نهێنی بڕیاری دا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بکات، بەڵام جەهەپە بەشداریی دەنگدانەکەی نەکرد و هیچ ئەندامێکی بۆ شاندەکە دیاری نەکرد. رۆژی دووشەممە 24-11-2025، شاندێکی سێ کەسی پێکهاتوو لە (حوسێن یایمان لە ئاکپارتی، فەتی یڵدز لە مەهەپە و گولستان کڵچ کۆچیغیت لە دەم پارتی) لە ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە. دوای دیدارەکە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، گفتوگۆی ورد کراوە سەبارەت بە "دانانی چەک، هەڵوەشاندنەوەی رێکخستن و جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار لە سووریا".
رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراقی لە نوێترین ژمارەی خۆیدا، پۆلێنکردنی هەریەک لە گرووپی حوسییەکانی یەمەن و حزبوڵڵای لوبنانی لەنێو لیستی تیرۆردا بڵاوکردەوە. ژمارە 4848ی رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراقی لەلایەن وەزارەتی دادی عێراق بڵاوکرایەوە، رێککەوتی 17ی تشرینی دووەمی 2025 لەسەرە، کە تێیدا پاڵپشت بە بڕیارەکانی لیژنەی سڕکردنی سامانی تیرۆریستان لە نووسینگەی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، هەریەک لە بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حوسییەکان لە یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنان، خراونەتە لیستی تیرۆرەوە. بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەم نوێکردنەوەیە لە چوارچێوەی دیاریکردنی ئەو قەوارە و کەسانەدایە، کە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانیان دەیانگرێتەوە. لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا، ناوی ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام، بۆ ئەحمەد حوسێن شەرع گۆڕدراوە. موڕاد ساعیدی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە لە وەزارەتی دادی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی داد هیچ پەیوەندییەکی بە بڕیارەکانەوە نییە، بەڵکو ئەو بڕیارانەی لەلایەنە فەرمییەکانی دەوڵەت دەردەچن لە رۆژنامەی فەرمی بڵاودەکرێنەوە و دواتر دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم گۆڕانکارییە لەسەر بنەمای بڕیاری لیژنەی سزاکانی سەر داعش و قاعیدە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کراوە. ئەم هەنگاوەی بەغدا بە نوێترین رێکار دادەنرێت لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی لیستەکانی تیرۆر و جێبەجێکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە یەکەمین کاردانەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-12-2025 مستەفا سەنەد، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق و بەربژێری سەرکەوتوو لە هەڵبژاردنی 2025ی پەرلەمانی عێراق کە نزیکە لە حەشدی شەعبی لە پۆستێکدا لە پەیجی فەیسبووکی خۆیدا رەخنەی تووندی لەو بڕیارە گرتووە و دەڵێت، "بەداخەوە عێراق حووسییەکان و حیزبوڵڵای وەک رێکخراوی تیرۆریستی پۆلێن دەکات، کەچی ترەمپ بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەربژێر دەکات. ئەمە شەرمەزارییە بۆ ئێوە و هەڵوێستێکی ئابڕووبەرانەیە کە زۆر لە وڵاتانی عەرەبیش کاری وایان نەکردووە. دەرکەوت وتارەکەی سوودانیش (محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق) پێش دوو ساڵ لە لووتکەی عەرەبی، هەمووی تەنیا قسەی رووت و بێ کردار بووە (وەک بڵقی سەر ئاو بوو)." دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوڕێیەتی و یەکێک بووە لەو کەسانەی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بەربژێری کردووە. ترەمپ راشیگەیاند، سەری سوڕماوە لە بڕیارەکەی سوودانی و چاوەڕوانی ئەو جۆرە بڕیارەی لە عێراق نەکردووە، هاوکات سوپاس و پێزانینی خۆیشی بۆ سوودانی دەربڕی.
حکومەتی ئێران دەڵێت: بە نیازە ئاو لە وڵاتانی دراوسێی بكڕێت بەهۆی ئەو شەپۆلە وشکەساڵییەی كە بە شێوەیەكی بەربڵاو کاریگەری لەسەر وڵاتەكە دروستكردووە. عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند: هەر وڵاتێک ئامادەی فرۆشتنی ئاو بێت، ئێمە دەیکڕین. ئەوە لەكاتێكدایە، زۆربەی وڵاتانی دراوسێی ئێران بەدەست وشکەساڵی و کەم ئاوی دەناڵێنن، لەوانە عێراق، ئەفغانستان و ناوچە سنورییەکانی پاکستان، تەنها ئەرمینیا نەبێت لە باکورەوە یەدەگی ئاوی تاڕادەیەک زیاترە. ئێران یەکێکە لە وشکترین وڵاتەکانی جیهان و لەم چەند ساڵەی دواییدا رێژەی بارانبارین بەشێوەیەكی بەرچاو کەمبووەتەوە، لەگەڵ زیادبونی وشکەساڵی و دیاردە توندەکانی دیکەی کەشوهەوا .
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەڵێت: هێرشەکە بە دوو درۆن کراوە، "یەکێکیان کێڵگەکەی پێکا و ئەوی دیکەیان لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە، پاشماوەی هەردوو درۆنەکەش رەوانەی بەڵگەکانی تاوان کراون بەمەبەستی دەرهێنانی زانیارییەکانی نێو میمۆرییەکانیان." هەروەها دەڵێت، ئەو دوو درۆنەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە، لە باشووری کێڵگەکەوە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی قەزای خورماتوو هەڵدراون. ئەمە یازدەیەمین هێرشە کە لە ناوچەی ئاماژەپێکراوەوە دەکرێتە سەر ئەم کێڵگەیە. لیژنەکە گەیشتووەتە ناوی ئەنجامدەرانی هێرشەکە کە لە چەند هێزێکی لە یاسادەرچوون، بەشێکیان فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە و لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت. دەقى ڕاگەیەندراو.. لەسەر بنەمای فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی،و لە پاش هێرشە ترسنۆکانەکەی سەر کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی لە 26ی تشرینی دووەمی 2025، ئەو لیژنەیەی لێکۆڵینەوە کە بۆ دیاریکردنی چۆنێتی ئەم هێرشە تیرۆریستییە پێکهێنرا، ڕۆژی هەینی 28ی تشرینی دووەمی 2025, بە سەرۆکایەتی بەڕێز وەزیری ناوخۆ و ئەندامێتی بەڕێزان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و بە پاڵپشتی لیژنەی تەکنیکی کە پێکهاتووە لە نوێنەرانی دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی و فەرماندەیی فڕۆکەوانی سوپا و بەڕێوەبەرایەتی تۆپخانە و بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی و بەڕێوەبەرایەتی ئەندازیاری سەربازی و بەڕێوەبەرایەتی تەقەمەنی و بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەی تاوان و بەڕێوبەرایەتی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەی تاوان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. لیژنەەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرۆکایەتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڕێز محەمەد شیاع سودانی ئەنجامەکانی خۆی خستەڕوو و بەرێزیان ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەی پەسەند کرد کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە: یەکەم:- 1- هێرشە ترسنۆکانەکە بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دراوە و دانەیەکیان بەر کێڵگەکە کەوتووە، ئەوی دیکەش لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە و پاشماوەی هەردوو فڕۆکەکە لەلایەن بەڵگەی تاوانەوە کۆکرایەوە بۆ شیکردنەوەی ئامێری میمۆری. 2. ئەو دوو فڕۆکەیەی کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە لە دیوی باشووری کێڵگەکە بە تایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی قەزای دوز خورماتووەوە هەڵدراون. 3- ئەمە یازدەهەمین هێرشە ئەنجام بدرێت بۆ سەر ئەو کێڵگەیەی کە ئاماژەمان پێدا. 4- ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە دەستنیشانکراون، ئەوان کەسانی لە یاسا دەرچوون و هەندێکیان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و لە ئێستادا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت. 5. دوای ناسینەوەی ناسنامەی تاوانباران، دەزگا ئەمنییەکان دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی بەڵگەی تەکنیکی بەمەبەستی ڕادەست کردنی تاوانباران بە دادگا. دووەم:- لیژنەکە چەند ڕێکارێکی بۆ پاراستنی کێڵگەکە پێشنیار کرد، بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێی بکات، بەم شێوەیەی خوارەوە: 1- بڵاوکردنەوەی هێزی ئەمنی لە کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی سەڵاحەدین بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشایییەکی ئەمنی و پاراستنی هەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و یەکەکان و دەستەبەرکردنی فەرماندەیی یەکگرتوو. 2. ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و هێزەکانی حەشدی شەعبی، بۆ گۆڕینی فەرماندەکانی ئەو ناوچانە بە فەرماندی لێهاتوو. 3. پەرەپێدان و بەهێزکردنی کەناڵەکانی پەیوەندی هەواڵگری لە نێوان دەزگا هەواڵگرییە فیدراڵیەکان و هاوتاکانیان لە هەرێم. 4- وەزارەتی بەرگری بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ کێڵگەکە دابین بکات و پاراستنی دەستەبەر بکات. 5. سەپاندنی ڕێکاری توند بۆ بەکارهێنان و گواستنەوەی هەموو جۆرە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و تەنها بە ڕەزامەندی فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکان بێت. 6- ئاگەدارکردنەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لەگەڵ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان بۆ بەدواداچوون بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە. کارەکانی ئەم لیژنەیە بەردەوامە تا دەستنیشان کردنی هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لەم ڕووداوەدا هەبووە، کە سەروەری عێراق و سەرچاوە ئابوورییەکانی دەکاتە ئامانج، ئەمەش کردەوەیەکی تیرۆریستی ترسناکە و ئامانج لێی دروستکردنی بەربەست و دواخستنی هەوڵەکانی چەسپاندنی سەقامگیری ئەمنی و ئابوورییە و ئەم کردەوە تیرۆریستییە بێ سزادانی بکەرانی تێپەڕنابێت و ڕێوشوێنی یاسایی یەکلاکەرەوەی توندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر. ••••••• سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان 3ی کانوونی یەکەمی 2025
هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، لە سنووری ئەنبار 18 کیلۆ مادەی هۆشبەریان گرت کە قاچاخچییەکان هەوڵیان دابوو بە باڵۆن بیپەڕێننەوە. هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە رۆژئاوای ئەنبار ئەمڕۆ رایانگەیاند، بە سەرکەوتوویی رێگرییان لە قاچاخکردنی 18 کیلۆ مادەی هۆشبەر کردووە کە قاچاخچیەکان لەناو باڵۆنێکی هیلیۆمدا کۆیانکردبووەوە و خۆیان ئامادەکردبوو لەودیوی سنوورەکەوە هەڵیانبگرن. بەپێی راگەیەندراوێکی فەرماندەیی پاسەوانی سنوور لە رۆژئاوای ئەنبار، یەکە ئەمنییەکان دوای چاودێریکردنی جووڵە گوماناویەکان لە نزیک سنوور، ئۆپەراسیۆنەکەیان ئاشکرا کردووە. قاچاخچیەکان، بە مەبەستی ناردنی باڵۆنەکە بەسەر سنوورەوە بۆ قەزاکانی رۆژئاوای ناوچەکە، باڵۆنێکیان پڕکردبوو لە 98 پاکەتی جیاواز کە هەر پاکەتێک هەزار حەبی تێدابووە. هێزەکە رایگەیاندووە، دەست بەسەر سەرجەم کەل و پەل و مادە هۆشبەرەکاندا گیراوە و "رێکاری یاسایی پێویست" لە دژی تۆمەتباران گیراوەتەبەر.
هاوپەیمانی "نەسر" بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق، دەڵێت: عەبادی رەتیکردۆتەوە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید بکات، ناوەکەی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پێشنیازكراوە. ئاماژەی بەوەشدەكات: رەنگە کۆبونەوەی داهاتووی چوارچێوەکە یەکلاکەرەوە بێت لە دیاریکردنی ناسنامەی كانديدى سەرۆک وەزیرانی نوێ. سەلام زوبەیدی، وتەبێژی هاوپەیمانییەكە بە ئاژانسی "شەفەق نیوز"ی راگەیاندووە: ئەو هێزانەی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدان ناوی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراقیان خستووەتە لیستی کاندیدەکانی حکومەتی نوێ، سەرەڕای ئەوەی رەتیكردووەتەوە. وتوشەیەتی: عەبادی قبوڵ ناکات لە چوارچێوەیەکی كۆت و بەندكراودا كاربكات، بۆیە هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو پێویستی بە لێكگەیشتنی زیاتر هەیەو، ئەگەر هەیە لە کۆبونەوەی داهاتووی چوارچێوەی هەماهەنگی کە بڕیارە دووشەممە بەڕێوە بچێت، ناسنامەی سەرۆک وەزیرانی نوێ گەڵاڵە بكرێت.
محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) رایگەیاند، لە سەرەتای رووخانی رژێمی ئەسەد دا دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق "کە ناویان لە لیستی تیرۆر دەرنەهێنرابوو، سزاکانی سەریان هەڵنەگیرابوون.. هەندێ قسەی خۆش و شیرین لەبارەی پێکهاتەکان" کرد و، ئەوانیش پێی دڵخۆش بوون، بەڵام ئێستا ئەو هەڵوێستەیان گۆڕاوە" دواتر کە سزاکان لەسەریان هەڵگیران و ناویان لە لیستی تیرۆر دەرهێنرا، گرێبەستی بە ملیاران دۆلار لەگەڵیان واژۆکران، هەڵوێستەکەیان بووە شتێکی دیکە، بەڕاستی ئەمە جێگەی مەترسییە". محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی (ئەنەکەسە) لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا کە رۆژی 30-11-2025 لە شاری هەولێر سازکراوە، رایگەیاند کە رێککەوتنی 10ی ئادار پەیوەستە بە بواری سەربازی، کارگێڕی و خزمەتگوزارییەوە، ئەو شاندەی دانوستاندن لەسەر مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد دەکات شاندی هاوبەشە کە لە ئەنجامی کۆنفرانسی یەکڕیزیی کورد لە شاری قامشلۆ لە 25ی نیسانی 2024 دروست بووە، بەڵام دیمەشق ئامادە نییە پێشوازی لەم شاندە بکات. هەروەها لەوبارەوە رەخنە لە نوێنەرانی فەرەنسا و ئەمریکا دەگرێت و دەڵێ "فەرەنسی و ئەمریکییەکان رۆژانە لای ئێمە بوون و دەیانگوت ئێوە رێکبکەون ئێمە لەگەڵتان دێین بۆ دیمەشق و وادەیەک دیاری دەکەین و هاوکاریتان دەکەین، بەڵام دوای ئەوەی ئێمە لەنێوخۆماندا رێککەوتین، هەردوولا دیار نەماون"، بەڵام ئاماژە بە گۆڕانێکی "ئەرێنی" دەکات و دەڵێ "ئەمریکییەکان نێوەندگیریی دەکەن لە بواری تەکنیکی دا و دەڵێن بوونی دوو شاند لە دیمەشق دەبێتە هۆی سەرلێشێوان، بەڵام ئەم دوواییانە باوەڕێک دروستبووە کە ئەگەر هەردوو شاند لە دیمەشق بن باش دەبێت". محەممەد ئیسماعیل، کە لە هەمان کات دا سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریایە، دەڵێ ئەوان راگەیاندنی دەستووریی دیمەشقیان رەتکردەوە و، ئەو پەرلەمانەش کە ئێستا دروستکراوە سەرکەوتوو نییە و ناتەواوە، هەروەها دەڵێ یەک کەس و یەک حیزب ناتوانن سووریا بەڕێوەببەن و "مومکین نییە سووریا بگەڕێتەوە بۆ ناوەندیبوون"، هەروەها دەڵێ پاراستنی یەکێتی سووریا بە ناناوەندیبوون دەکرێت "سووریا یان پارچە دەبێت یان دەبێ خاوەنی سیاسەتێکی ناناوەندی بێت".
وەزارەتی دەرەوەی توركیا دەڵێت: ئەو بەیاننامەیەی لەلایەن نوسینگەی وتەبێژی سەرکردایەتی بارزانیەوە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپەی كردووەتە ئامانج، هەم لە ناوەڕۆک و هەم لە زمانەکەیدا جێگای قبوڵ نییە. وەزارەتی دەرەوەی توركیا داوا لە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، سەبارەت بەم لێدوانە بێ ڕێزی و ئیستفزازییە، کە تۆمەتی بێ بنەمای تێدایە، رونکردنەوەی بخاتەڕوو و بەپەلە رێوشوێن لە بەرامبەر بەرپرسیارانی بگرێتەبەر. لەلایەکى دیکەوە عومەر چەلیك، وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدان دەڵێت: پشتیوانی بارزانی بۆ پرۆسەكەی تورکیا و دامەزراندنی ناوچەیەکی دوور لە تیرۆر زۆر گرنگە، پەیوەندییەکی زۆر باش و دۆستانەی لەگەڵ تورکیادا پاراستووە لە هەموو بابەتەکاندا جگە لە پرسێک: كە ریفراندۆم بوو. وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "خەبەر تورك" وتیشی: لێدوانی وتەبێژی نوسینگەی بارزانی بێ رێزییە، زاراوەی وەک رەگەزپەرست و فاشیست بەکاردەهێنێت، باخچەلی هەڵسەنگاندنی بۆ پاسەوانانی بارزانی کردووە، هەڵسەنگاندنێکی نەرێنی بۆ بەڕێز بارزانی بە شەخسی نەكردووە. هیچ لێدوانێکی نەرێنی لەسەر بارزانی بە شێوەیەکی شەخسی و سەردانەکەی نەداوە، ئەو کەسەی ئەو لێدوانەی داوە، راستەوخۆ سوکایەتی بە باخچەلی کردووەو ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە و دەبێت راست بکرێتەوە. ئەو هەموو کۆمەڵگای سیاسیی کۆکردۆتەوەو کار بۆ ناوچەیەکی دوور لە تیرۆر دەکات و بەکارهێنانی ئەو جۆرە زمانە گەمژەیی و تێنەگەیشتنە، هەرکەس ئەمەی نووسیوە دەبێت راست بکرێتەوە. ئەم زمانە خەریکە زیان بە پرۆسەی دامەزراندنی ناوچەیەکی دوور لە تیرۆر دەگەیەنێت.
هاوڵاتی موجتەبا زونوری، وەڵامی قسەکانی ترەمپدا دایەوە و گوتی؛ با ئەوان پشتگری لە ئیسرائیل نەکەن، ئێمەش پشتگری لە هێزەکانی پەرەی مقاومە ناکەین. موجتەبا زونوری، نوێنەری شاری قوم و ئەندامی کۆمیسیۆنی یاسایی و دادوەری لە پەرلەمانی ئێران، لە بارەی مەرجەکانی ترەمپ گوتی؛ مەرجەکانی ترەمپ هیچ بنەمایەکی نییە، چونکە دەڵێت، نابێت هیچ پیتاندنێکی یۆرانیۆم لە خاکی ئێراندا رووبدات، ئێران ئەندامی رێککەوتن نامەی بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمە و مافی پیتاندنیمان هەیە. سەبارەت بە هاوکاری کردنی پەرەی مقاومە گوتی ئەگەر دەست و باڵمان لە ناوچەدا ببڕن بەسەرماندا زاڵ دەبن، ئێمە پێویستە هاوکاری لایەنگرەکانمان بکەین چونکە لە مەترسیداین. لە بارەی ئیسرائیلشەوە دەڵێت؛ ئەگەر ئەمریکا پشتگریی ئیسرائیل نەکات، ئیسرائیڵ دەڕوخێت و هیچ پێویست ناکات ئێمە پشتگریی هێزکی وەک پەرەی مقاومە بکەین. هەروەها ئاماژەی بە هێزی موشەکیش کرد و بە مافی ئێرانی زانی تا ئامرازی بەرگری کردنی هەبێت. هەروەها گوتی؛ ئەگەر ئەوان موشەکیان نەبێت با ئێمەش نەمانبێت.
