وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرکۆنە و ڕەتکردنەوەی ئەو گەمارۆ دڕندانە بەردەوامەی هێزەکانى ئیسرائیل دەکەن لە دژی هاوڵاتیان لە کەرتی غەززە. باسم عەوادی، وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق، لەڕاگەیەندراوێکدا دەشڵێت: وڵاتانی زلهێز و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکان لە ئێستادا لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەدان. وتیشى: حکومەتی عێراق داوای کۆتایی هێنان بە سیاسەتی برسێتی لە دژی خەڵکی غەززە دەکات، و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان فشار بخەنە سەر سیاسەتمەدارانی قەوارەی زایۆنی. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. حکوومەتی عێراق سەرکۆنە و ڕەتکردنەوەی ئەو گەمارۆ دڕندانە بەردەوامەی هێزە داگیرکەرەکان لە دژی هاوڵاتیان لە کەرتی غەززە دووپات دەکاتەوە، کە بەشێکە لە سیاسەتێکی سیستماتیک و نامرۆڤانەی برسیکردنی گەلی فەڵەستینی زیان لێ کەوتوو. دیمەنەکانی منداڵانی برسی کە لە ڕیزدا وەستاون بۆ بەدەستهێنانی خۆراک، و وێنەی پاڵ بەیەکەوە نانی ژنان و پیاوان لەبەردەم بارهەڵگرە کەمەکانی یارمەتیدان، کە بوونەتە تەڵەی مردن و هێزە داگیرکەرەکان بەکاریدەهێنن، گوزارشت لە پراکتیزە نا ئەخلاقییە قێزەونەکان دەکەن، کە داوای دەستێوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ لابردنى گەمارۆ و گەیاندنی پێداویستییە فریاگوزارییەکان بۆ زیان لێکەوتوان. وڵاتانی زلهێز و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکان لە ئێستادا لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەدان لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا و بەردەوامیدان بە ئاشتی و بەرگریکردن لە ماف و شکۆی مرۆڤ، بۆیە حکومەتی عێراق داوای کۆتایی هێنان بە سیاسەتی برسێتی لە دژی خەڵکی غەززە دەکات، و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان فشار بخەنە سەر سیاسەتمەدارانی قەوارەی زایۆنی بۆ ئەوەی بەپەلە ڕێگە بە گەیاندنی کەرەستەی فریاگوزاری بۆ خەڵکی غەززە بدەن. باسم عەوادی وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق 23ی تەمموزی 2025
بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل، ڕایدەگەیەنێت ، کاتی ئەوە هاتووە کە دەرگا بەسەر هەموو ڕێککەوتن و ئاگربەستێکدا دابخەین، فەرمان بە سوپای ئیسرائیل بکرێت کە غەززە بەتەواوى کۆنترۆڵ بکەین. وەزیری دارایی ئیسرائیل، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات ئەگەر ئەوەش ناکرێت پلانى دابڕانی مرۆیی جێبەجێبکرێت بۆ ملکەچکردنی بزووتنەوەی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان بەبێ مەرج، یان بەتەواوی لەناوبردنی کەرتەکە. لەلایەکى دیکەوە یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشدارى توند دەداتە حەماس و دەڵێت ئەگەر بەم زووانە بارمتەکان ئازاد نەکرێن، دەروازەکانی دۆزەخ دەکرێنەوە. ئەمە لەکاتێکدایە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایدەگەیەنێ ئێمە بڕیارمانداوە لە غەززە بمێنینەوە و داوای پاراستنی ستافەکەمان دەکەین. دەشڵێت: 90%ی دانیشتووانی غەززە ڕووبەڕووی سەختی دەستڕاگەیشتن بە ئاو دەبنەوە، بەدخۆراکی لە کەرتی غەززە بە شێوەیەکی کوشندە زیادبووە هەروەها جەنى لەوەکردەوە، خاڵە نوێیەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە کەرتی غەززە بوونەتە ناوەندی توندوتیژی، زیاتر لە هەزار کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی خۆراک لە غەززە کوژران. ڕیاز مەنسور باڵیۆزی فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ئیسرائیل هەموو شتێکی لە غەززە لەناوبردووە و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیسرائیل بە ئەنقەست برسیەکانی ناوچەی فەلەستین دەکاتە ئامانج. ناوبراو لە میانی دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی فەلەستین درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: غەززە بە تەواوی وێران بووە... و هیچ نیشانەیەکی ژیانی نەماوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لەو کەسانە دەکەین کە دەیانەوێت کۆتایی بە کارەساتەکەی غەززە بهێنن.
ڕەوشی مرۆیی لە غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی کارەساتبار، غەززەییەکان بە رووخسارێکی لاواز و رەنگی زەردەوە، بە مەنجەڵێکەوە چاوەڕێی وەرگرتنی خواردن دەکەن. زیاتر لە 100 ڕێکخراوی ناحکومی ڕۆژی چوارشەممە هۆشدارییان دا لە مەترسییەکانی "برسییەتی بەکۆمەڵ" لە غەززە، هاوکات ئەمریکا ڕایگەیاند کە ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکا گەشت دەکات بۆ ئەوروپا بۆ دانوستانەکان بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ڕێڕەوی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە. زیاتر لە دوو ملیۆن غەززەیی، لەوپەڕی برسێتیدا شەڕ بۆ مانەوە لە ژیان دەکەن، ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی دەڵێت، رۆژ بە رۆژ راپۆرتی نائومێدکەریان لەبارەی برسێتی لە کەرتەکە پێدەگات. ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە بریتین لە پزیشکانی بێ سنوور، لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئۆکسفامی نێودەوڵەتی و لقەکانی پزیشکانی بێسنوور و کاریتاس دەڵێن: "لەگەڵ بڵاوبوونەوەی برسێتی بەکۆمەڵ لە سەرانسەری غەززە، هاوکارەکانمان و ئەو کەسانەی کە یارمەتیان دەدەین لاواز دەبن". هەروەها لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا ڕێکخراوەکان داوای ئاگربەستی دەستبەجێی نێوان ئیسرائیل و حەماس و کردنەوەی هەموو دەروازە وشکانییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە و دڵنیابوون لە ڕۆیشتنی ئازادانەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززەیان کردووە. منداڵ، گەنج و پیر، ژن و پیاو لە نۆرەی وەرگرتنی ژەمێک خواردنن لەو کەمپە کە دەکەوێتە نێوەڕاستی غەززە. شەکەتی کاریگەرییەکانی جەنگ و برسیەتیی لە رادەبەدەریان پێوە دیارە. بەراورد بە پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، نرخی ئارد 3 هەزار هێندەی پێشوو بەرزبووەتەوە، هەندێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکەش نرخەکانیان 40 هێندەی پێشوو بەرزبووەتەوە. ڕێکخراوە مرۆییەکان لە بەیاننامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە کە "تەنها لە دەرەوەی کەرتی غەززە، لە کۆگاکاندا - و تەنانەت لەناو کۆگاکانیشدا - تەنێک خۆراک، ئاوی خواردنەوە، پێداویستی پزیشکی، کەرەستەی پەناگە و سووتەمەنی بەبێ بەکارهێنان ماونەتەوە، چونکە ڕێکخراوە مرۆییەکان ڕێگەیان پێنادرێت دەستیان پێ بگات یان بیگەیەنن". ە گوێرەی ئەو پێوانانەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەکاردێن، لە 2.2 ملیۆن غەززەیی 96٪ییان برسین و نزیکەی 30٪یشیان لە برسیەتی تووندان. ئێستا تادێت نرخی خۆراک لە کەرتەکە بەرزدەبێتەوە، پێش جەنگ، کیلۆیەک شەکر بە دۆلارێک بوو، ئێستا 60 هێندەیە. هەروەها، نرخی کیلۆیەک ئاردیش لە 2.5 دۆلارەوە بووەتە 70 دۆلار. دەزگای مرۆیی غەززە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا بانگەوازێکی دەستپێکرد و ڕایگەیاند "هیچ ڕێکخراوێک ناتوانێت بە تەنیا ڕووبەڕووی ئەم تەحەدایە ببێتەوە. ئێمە بەردەوامین لە داواکردن لە کۆمەڵگەی مرۆیی جیهانی، لەوانەش نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستوەردان بکەن و هاوکاربن لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ ئەوەی خۆراک بە خەڵکی زیاتر بخۆن". ئەم لێدوانە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سوپای ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە کوشتنی زیاتر لە هەزار کەس لە خاڵەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە غەززە لە کۆتایی مانگی ئایارەوە، کە زۆربەیان لە نزیک ئەو شوێنانەن کە سەر بە دامەزراوەی مرۆیی غەززەن، کە ڕێکخراوێکە کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پاڵپشتی دەکرێت و پارەدانیان ناڕوونە.
شاندێکی گەورەی سعودیە گەیشتنە دیمەشقى پایتەختى سوریا، بەمەبەستی سازدانی کۆڕبەندی سعودیە و سوریا کە لەلایەن شازادەی جێنشینی سعودیەوە سەرپەرشتى دەکرێت. شاندێکی گەورەی ئابووری سعودیە کە پێکهاتووە لە زیاتر لە 130 بازرگان و وەبەرهێنەر و بە سەرۆکایەتی خالید بن عەبدولعەزیز ئەلفالیح وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە بۆ تاوتوێکردنی هاوکاری و واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی گەشەپێدان لەگەڵ سوریا گەیشتنە دیمەشق هەروەها واژۆکردنی ڕێککەوتنەکان بە بەهای 4 ملیار دۆلار. وەزارەتی وەبەرهێنانی سعودیە، بە بەشداریی بەرفراوانی نوێنەرانی کەرتی گشتی و تایبەت، ڕێکخستنی "کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سوریا-سعودیە 2025"ی لە دیمەشقی پایتەخت ڕاگەیاند. ئامانجی کۆڕبەندەکە بەدواداچوونە بۆ ئاسۆکانی هاوکاری هاوبەش و واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەک کە پاڵپشتی گەشەسەندنی بەردەوام لە سوریا دەکات. لە بەیاننامەیەکدا کە لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتەکە ڕوونیکردووەتەوە، کۆڕبەندەکە لە چوارچێوەی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و وەک درێژکراوەی هەوڵەکانی سعودیە دێت کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی سوریایە لە قۆناغی بوژانەوەی ئابووریدا، لەژێر ڕێنمایی شازادەی شاهانەی شازادە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین و سەرۆکوەزیران. دوای رووخانی ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی پار و هاتنە سەر دەسەڵاتی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)، یەکەم سەردانی فەرمیی وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا بۆ سعودیە بوو. ئەوکات شەیبانی بە یاوەریی هەریەک لە مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری و ئەنەس خەتاب، بەڕێوەبەری هەواڵگری چووە ریاز و گوتی: "هیوادارین لاپەڕەیەکی نوێ و گەشاوە هەڵبدەینەوە."
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندیەکى تەلەفۆنیان ئەنجامداوە، نوسینگەی سودانی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی بڵاوکردەوە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە محەمەد شیاع سودانی، ڕایگەیاندوە سەرمان سوڕماوە لە هێرشە درۆنییەکان کە هاوکاتبوو لەگەڵ رێککەوتنی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان. هەروەها ئەوەى وتووە: گرنگە هەناردەی نەوت لەڕێی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە و پابەندبوونی هەرێم بە رادەستکردنی نەوت و داهات چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغداد دەکات.. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی: محەمەد شیاع سودانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشت: سودانی پاڵپشتی عێراق بۆ هەوڵەکانی سەقامگیری ناوچەکەو رێککەوتنەکانی ئاگربەست و راگرتنی دوژمنكارییەكان دووپات كردووەتەوە. دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چاودێری سەرچاوەی هێرشەکانی ئەم دواییە دەكەن بۆ سەر دامەزراوە نەوتییە گرنگەکان لە هەرێمی کوردستان و لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و کەرکوک. سودانی سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕیووە کە ئەم هێرشانە هاوکات بووە لەگەڵ رێککەوتنی سەرەتایی نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە هەرێم کار دەکەن، بۆ وەبەرهێنان كردن لە چەند کێڵگەیەکی نەوتی لە کەرکوک و سەڵاحەدین. خستنەڕووی یاسای حەشدی شەعبی لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازی ئەمنی كە حکومەت پیادەی دەكات. هێزەکانی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی سەربازیی فەرمی عێراقە و لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا کاردەکات. سودانی جەختی لە پابەندبونی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەكاتەوە بە رادەستکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و داهاتە نانەوتیەکان بۆ خەزێنەی گشتی، لە رێگەی بڕیارەکەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە. سودانی جەختی لە دیدگای ئابوری عێراق و گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت كردووەتەوە لە ڕێگەی بۆری عێراق و تورکیاو راگرتنی هەموو جۆرەکانی قاچاغ و کارێکی نایاسایی کە کاریگەری لەسەر سامانی نەوت هەیە.
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ كاروباری سوریا، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" داوا لە ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا دەكات، هەڵسەنگاندن بۆ سیاسەتەکانی بکاتەوەو رێبازێکی گشتگیرتر بگرێتەبەر، ئەگەر نا روبەڕوی هەڕەشەی لەدەستدانی پشتیوانی نێودەوڵەتی و پارچەپارچەبونی وڵاتەکەی دەبێتەوە، ئەوەش دوای خولێکی نوێی ململانێی تائیفی خوێناوی، كە هەفتەی رابردوو لە سوریا سەریهەڵدا. باراک دەشڵێت: لە گفتوگۆ تایبەتەکاندا ئامۆژگاری شەرعی کردووە، پێداچوونەوە بە پێکهاتەی سوپاكەیدا بکات و هەژمونی ئیسلامییەکان کەم بکاتەوە و داوای هاوکاری ئەمنی هەرێمایەتی بکات، چونكە بەبێ ئەنجامدانی گۆڕانکاری خێرا، شەرع مەترسی لەدەستدانی ئەو هێزەی هەیە کە هێنایە سەر دەسەڵات. ئاماژەی بەوەشکردووە: شەرع دەبێت بڵێت بەخێرایی خۆم دەگونجێنم، چونکە ئەگەر ئەوە نەكەم، وزەی ئەو گەردوونە لەدەست دەدەم کە لەپشتمەوە بوون، شەرع دەتوانێت وەک سەرۆکێک پێبگات و بڵێت، کاری دروست ئەوەیە هەمان هەنگاوەكانی پێشوو نەنێم، کە ئامانجی خوازراو بەدیناهێنێت. نێردەی ئەمریكا لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتویەتی: پێویستە حکومەتی نوێ بیر لەوە بکاتەوە بەشێوەیەكی خێرا گشتگیرتربێت لە تێکەڵکردنی کەمینەکان لە پێکهاتەی حوکمڕانیدا. جەختیشكردووە: مەترسییەكان لە سوریا لە ڕادەبەدەر بەرزن، بەهۆی نەبوونی هیچ پلانێکی جێنشین و ئەگەری جێگرەوەیەك بۆ حکومەتی سوریا. باسی لەوەشكردووە: لەگەڵ ئەم رژێمى سوریایە، پلانی "بی" نییە، ئەگەر ئەم رژێمە لە سوریا شکستی هێنا... كە هەن هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی شکست بهێنێت.. (بەڵام) بۆ چ مەبەستێک؟ هیچ جێگرەوەیەكی نییە.
سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند لە ناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی وڵاتەكەی خەونێكە كە بەدی نایەت و سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل هەڕەشەی دەستپێكردنەوەی هێرشەكان دژی ئێران دەكاتەوە. مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، گوتی: هێزەکانی ئێران ئامادەن بۆ لێدان لە قوڵایی ئیسرائیل، دەشڵێت: ئەو بانگەشانەی بۆ نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکرێن، تەنیا خەیاڵە. ڕاشیگەیاند، ئیسرائیل گورزی کوشندەی لە وڵاتەکەی داوە، بەڵام ئێرانیش زۆر بەهێز لە قوڵایی ئیسرائیلی داوە، هەر لەبەر ئەوەشە زیانەکانی خۆیان ئاشکرا نەکردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل نایەوێت کەس باسی سەرکەوتنی هێرشە مووشەکیەکانی ئێران بکات، داوای ڕاگرتنی شەڕیش ئاماژەیەکی ڕوون بوو لە سەرکەوتنەکانی ئێران. سەرۆک کۆماری ئێران ڕوونیشی کردەوە، وڵاتەکەی جەنگی ناوێت، هەروەها باوەڕی بەوە نییە ئاگربەست کۆتایی بێت، جەختیشی کردەوە، بە بەهێزی بەرگری لە خۆیان دەکەن. پزیشکیان دانی بەوەدانا، هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر وڵاتەکەی هەبووە، بەڵام سوودیان لە تەکنۆلۆژیا و تواناکانی ئەمەریکا وەرگرتووە، جەختیشی کردەوە کە ئێران ملکەچ نابێت، بەڵام باوەڕی بە دیپلۆماسی و گفتوگۆ هەیە. سەربارەت بە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پزیشکیان گوتی: "دۆناڵد ترەمپ دەڵێت لە هێرشەکاندا بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بەتەواوی لەناو بردووە، ئەمە "خەیاڵە"، چونکە توانای ئەتۆمی ئێمە لە مێشکی زاناکانمانە نەک دامەزراوەکان." باسی لەوەش کرد، بەردەوامن لە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە ئەتۆمییەکانیان، بەڵام لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی. دەشڵێت: سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت ئێران نابێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، تارانیش ئەمە قبووڵ دەکات. مەسعود پزیشکیان ڕایگەیاند، هەر دانوستانێکی داهاتوو لەگەڵ ئەمەریکا دەبێت لەسەر بنەمای بردنەوە و سەرکەوتن بۆ هەردوولا بێت.
ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پەیوەندییەكەی تەلەفونیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، باسی لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هێرشە درۆنییەكان و پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی كردووە. تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندروێكدا دەڵێت: مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، قسەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییە بۆسەر ژێرخانی وزەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت ئەو كێڵگە نەوتیانەی لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، جەختی لە گرنگی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکان و رێگریکردن لە دووبارەبونەوەیان کردەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسیشی لە گرنگی بەردەوامی پێدانی مووچەی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە کردووە. بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، روبیۆ، نیگەرانیی قوڵی ئەمریکای سەبارەت بە پڕۆژە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتکردەوە، کە لە ئێستادا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، جەختی لەوە کردووە، هەر یاسایەکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی بەدامەزراوەییکردنی هەژمونی ئێران و گروپە چەکدارە تیرۆریستییەکان، ئەمەش سەروەریی عێراق لاواز دەکات.
وەزیری دەرەوەى ئێران جەختى لەسەر ئەوەکردەوە کە وڵاتەکەى، لە ئێستادا پیتاندنى پۆرانێۆمى ڕاگرتووە، بە دوو مەرجیش ئامادەن جارێکى دیکە گفتوگۆو دانوستانلەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکنەوە. لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەى ئێران سەبارەت بەمەرجەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستان وتى: دەبێت سزاکان هەڵبگرێت و بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازانەکەمان بەردەوام بێت. ئەو وتیشى: ئەگەر ئامانج ئەوە بێت کە ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، ئەم ئامانجە بەدی دێت، بەڵام ئەگەر ئامانج لێمان بێبەشکردن بێت لە مافە زەوتنەکراوەکانمان، لەوانەش مافی پیتاندنى زیاترى یۆرانیۆم، پێموایە ئەوە ڕووبەڕووی کێشەیەکى گەورەمان دەکاتەوەو ڕازى نابین. وەزیرى دەرەوەى ئێران ئەوەش دەخاتەڕوو لە ئێستادا پیتاندن ڕاگیراوە چونکە هێرش کراوەتە سەر دامەزراوەکانمان. بەڵام هەر ڕێککەوتنێک لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی دەبێت بەردەوامی پیتاندن لە داهاتوودا لەخۆبگرێت، چونکە ئەمە مافی ئێمەیە و هەرگیز دەستبەرداری نابین. دۆناڵد ترەمپ لە چەندین وتارو لێدوانیدا بانگەشەى ئەوەدەکات کە بۆمب و مووشەکەکانی ئەمریکا "بە تەواوی" دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان لەناوبردووە، ئەمەش چانسی دروستکردنی بۆمبى ئەتۆمى لەلایەن ئێرانەوە کۆتایی هاتووە. بەڵام ڕاپۆرتە هەواڵگرییە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە پێدەچێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تەنها چەند مانگێک دواکەوتبێتەوە، بەپێی چەند بەرپرسێک کە بەڵگەنامەکانیان بینیوە و قسەیان لەگەڵ سی ئێن ئێن و نیویۆرک تایمز کردووە. وەزیری دەرەوەى ئێران لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا دەڵێت: وەک وتم مووشەک متمانەپێکراوترین ئامرازی بەرگریمانە. چۆن خۆمان چەک داماڵین؟، کێ دەتوانێت شتی وا قبوڵ بکات؟ هەرگیز خۆمان چەک داماڵین. ئەوەشى وت: بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە کە مووشەکەکانی ئێران لە سروشتدا ڕێگرین؛ ئەوان بۆ بەرگرین نەک هێرشکردن و منیش بە متمانەوە دەڵێم مووشەکەکانی ئێران هەرگیز سەری ئەتۆمی هەڵناگرن؛ ئەمە دڵنیایە.
بەرپرسانى باڵاى ئیسرائیل ڕایدەگەیەنن زۆر نزیکن لەوەى ئاگربەستى غەززە ڕابگەیەنن، لەئێستاشدا ستیڤ ویتکۆف بەڕێگاوەیە بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ هەمان مەبەست. کەناڵى ١٤ى ئیسرائیل، بڵاویکردەوە، دانوستانەکان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس سەبارەت بەئاگربەستى غەززە دڵخۆشکەربوون و بەرپرسانى ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە ئێمە مەزەندە دەکەین بەم زووانە وەڵاممان دەست دەکەوێت و پێدەچێت سبەینێ ئەوە ڕوبدات. هاوڵات وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمشەو ڕایگەیاند ستیڤ ویتکۆف نێردراوى تایبەتى دۆناڵد ترەمپ لەئێستادا بەڕێگاوەیە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو هیوایەی ئاگربەست لە غەززە ڕابگەیەنرێت و ئەویش چاودێرى بارودۆخەکە دەکات. لە چوارچێوەی دانوستانەکان بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، سەرچاوە باڵاکان بە کەناڵی ١٤یان ڕاگەیاندووە کە ناوبژیوانەکان فشارێکی زۆریان خستوەتە سەر حەماس بۆ ئەوەى بەئاگربەست ڕازى ببێت. زیاتر لە هەفتەیەکە دانوستانەکان لە دۆحە بەڕێوەدەچن و شاندێکی ئیسرائیلیش ١٥ ڕۆژە لەوێ ماونەتەوەو لەوانەیە لە ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا وەڵامێک بێت بۆ ئاگربەستەکە. ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێى ڕاپۆرتێکى ڕێکخراوى یونسئێف بەدخۆراکیە کارەساتبار لە غەززە بڵاوبۆتەوەو کەمیی یارمەتییەکان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 101 ها,لاتى فەلەستینی کە 80یان منداڵن. ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە ڕێگری لە هاوکارییەکان بکات، حەماس تۆمەتبار دەکات بەوەى هاوکارییە مرۆییەکان و خۆراک دەدزێت، کارمەندانی UNRWA بەهۆی برسێتیەوە لەهۆش خۆیان دەچن و ناتوانن ئەرکەکانیان ئەنجامبدەن، نەخۆشخانەکان بەهۆی قوربانیی و بریندراو نەخۆشى زۆرەوە خەریکە دادەڕمێن.
وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەمڕۆ سێشەممە دووپاتی کردەوە کە پرسی ڕادەستکردنی چەک لە ئێستادا مەحاڵە، و ئامادەنین دایبنێین یاخود ڕادەستى بکەن، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات دەکرێت بە رێککەوتنێکی دەستوری ببینە بەشێک لە سوپای سوریا. ئەبجەر داود وتەبێژى هەسەدە بە میدیا کوردییەکانی ڕاگەیاندووە، "بە لەبەرچاوگرتنی گرژییە بەردەوامەکانی سووریا و پەرەسەندنی توندوتیژییەکان و هەڕەشەکانی داعش، مەحاڵە هێزەکانمان چەکەکانیان ڕادەست بکەن". هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "هەسەدە دەتوانێ لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی دەستورییەوە پەیوەندی بە سوپای سوریاوە بکات کە دان بە تایبەتمەندی پێکهاتەی کوردیدا بنێت". داود لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هەسەدە لەگەڵ شەڕدا نییە، بەڵکو لە هەر شوێنێک ئامادە بێت بەرگری لە گەلەکەی دەکات". لەلایەکى دیکەوە تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لەم مانگەدا ڕایگەیاند، واشنتۆن داواکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ خۆبەڕێوەبەری ڕەتدەکاتەوە و پشتیوانی لە سوریایەکی یەکگرتوو دەکات کە یەک سوپا و یەک دەوڵەت و یەک گەل بێت. دوای پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی گشتی و گروپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا، لەژێر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی سویدا، هێزەکانی پاراستنی گەل، زیاتر لە یەکە سەربازییەکانی خۆیان بۆ ناوچەی بەرکەوتن لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی لادێکانی پارێزگای حەلەب و لادێکانی باکور و ڕۆژئاوای پارێزگای دێرەزۆر لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە. لە 10ی ئازارى ئەمساڵدا ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا و مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە چەکدارە کوردەکان دەخرێنە ناو هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ڕاگوزەرەوە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان بە فڕۆکەخانەکان و کێڵگە نەوتییەکان و کێڵگەکانی نەوت و گازیشەوە کە دەکەوێتە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی نوێی دیمەشقەوە.
سەرۆک کۆماری تورکیا، جارێکى دیکە هێرشى توندى کردەوە سەر ئیسرائیل و خودى نەتەنیاهۆو دەڵێت: تەنانەت هیتلەریشی تێپەڕاندووە، لەسەردەمی هۆلۆکۆستشدا ئەوەندەى غەززە کارەساتى ترسناک ئاشکرانەکراوەو ناتوانین بێدەنگ بین لە کاتێکدا منداڵى کۆرپە لە غەززە دەمرن. ئەمڕۆ سێ شەمممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە حەڤدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی پیشەسازی لە ئەستەنبوڵ وتارێکى پێشکەشکرد. لەبەشێکى وتارەکەیدا، ئەوەى خستەڕوو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان زیاد کردووە بە ئامانجى ئەوەى ئاگربەست لەغەززە ڕوبدات و یارمەتییە مرۆییەکان بەزویی بچنە غەززەو ئەوەش لە پێشینەی کارەکانمانە، شتێکی ترسناکە تەنانەت خاچی سووریش ڕێگری لێدەکرێت بچێتە ژوورەوە. ئەو وتیشى: لەم ڕۆژە تاریکەدا کە مردنی بەکۆمەڵ بەهۆی برسێتی دەستی پێکردووە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم بەناوی مرۆڤایەتییەوە یەکبگرن. با بڵێین "بەسە بەم ستەم و دڕندەییە". لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، ئەردۆغان باسى بارودۆخى سوریاى کرد، دەڵێت: هێرشەکانی سەر سوریا کێشەی ئێمەیە، ململانێکان جێگای نیگەرانییە بۆ ئێمە، لە هەر شوێنێک ناڕەحەتی یان ناسەقامگیری هەبێت، ئەمانە بابەتی هەستیارن بۆ وڵاتەکەمان کە دەبێت لە نزیکەوە چاودێری بکرێن. ناوبراو جەختى کردەوە کە هیچ نیازێکیان نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی هیچ وڵات و کەسێکدا بکەن، وتى: ئێمە بەدوای ئاشتی و ئارامی و هاودەنگیدا دەگەڕێین لە ناوچەکەماندا. لەکاتێکدا داوای ئەمە دەکەین، درێغی ناکەین لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی. لە هەر شوێنێک شاهیدی ستەمکاری بین، بە شێوەیەکی دیاریکراو دەنگمان بەرز دەکەینەوە.
ڕێکخراوى یونیسێفى نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت بارودۆخی غەززە لەوپەڕى خراپتریندایەو هاوڵاتیانى ئەو کەرتە بەدەست برسێتیەو بەدخۆراکیەوە دەناڵێین و ئەوە بەشە خۆراکەی دەچێتە ناو کەرتی غەززە بەس نییە. ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە خەڵکی کەرتی غەززە بارودۆخیان خراپترینە و ئەوانەی لە بۆمبەکان ڕزگاریان بووە، ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، 2.1 ملیۆن کەس لە 12%ی کەرتی غەززە بەبێ خواردن و ئاوی پاک ماونەتەوە. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو، نەخۆشخانەکان لەژێر فشارى زۆرى نەخۆش و منداڵانى بەدخۆراکەوە خەریکە دەڕووخێن و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان لەبەردەستدا نییە. هەروەها ئاژانسەکە داوای کردووە "گەمارۆکە هەڵبگیرێت و ڕێگە بە UNRWA بدرێت خۆراک و دەرمان بهێنێتە ناوەوە". هەر لە هەمان چوارچێوەدا سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) ڕایگەیاند کە بڵاوبوونەوەی بەدخۆراکی کوشندە لە نێو منداڵانی کەرتی غەززەدا خەریکە دەگاتە ئاستێکی کارەساتبار. ڕێکخراوەکە زیادی کردووە، لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی "X"، برسێتی لە غەززە بڵاودەبێتەوە، خەڵک دەمرن، خۆراک بە شێوەیەکی مەترسیدار کەم بووە، ئاوی پاکیش لە خوار ئاستی فریاگوزارییەوەیە. یونیسێف لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هاوکارییەکان بە توندی سنووردارکراون و دەستڕاگەیشتنیان مەترسیدارە. سەرچاوە پزیشکییەکان ڕۆژی سێشەممە هەواڵی گیانلەدەستدانی سێ منداڵیان لە کەرتی غەززە بە هۆی بەدخۆراکی و برسێتی ڕاگەیاند، بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی وافا. دۆخی مرۆیی لە غەززە گەیشتووەتە "ئاستێکی بێوێنەی تێکچوون"، بەپێی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی کەرتی غەززە بۆ چەند ڕۆژێک لە خۆراک بێبەشن. هەروەها بەرنامەی جیهانی خۆراک پشتڕاستی کردەوە کە نزیکەی ٩٠ هەزار منداڵ و ژن بەدەست بەدخۆراکییەکی توندەوە دەناڵێنن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە کۆتایی مانگی ئایارەوە نزیکەی ٨٠٠ کەس لە کاتی چاوەڕوانی یارمەتیدان کوژراون.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا رایگەیاند: هیچ پلانێكی جێگرەوەی نییە بۆ یەکخستنی سوریا، کە تائێستا بەدەست شەڕی ناوخۆو توندوتیژی تائیفیەوە دەناڵێنێت، جەختیشیکردەوە، لە پشتیوانی واشنتۆن بۆ حکومەتی نوێی سوریا. باراک، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، رەخنەی لە دەستێوەردانی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە سوریا گرت و وتی لەكاتێكی خراپدا بووەو هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکە ئاڵۆزتر كردووە. ئاماژەی بەوەشکرد: ئیسرائیل دەیەوێت سوریایەكی دابەشبوو ببینێت، هاوكات کوشتن و تۆڵەسەندنەوەو کۆمەڵکوژییەکانی هەردوولای ئیدانە کرد (حكومەتی سوریاو دروزەكان). جەختی لەوەشکردەوە: حکومەتی ئێستای سوریا بەوپەڕی توانای خۆیەوە وەک حکومەتێکی تازەپێگەیشتوو بە سەرچاوەیەکی زۆر سنووردارەوە هەوڵیداوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە هەمەلایەنانەی سەرهەڵدەدەن، لە هەوڵێکدا بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵگەیەکی هەمەچەشن. لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای هۆز و خێڵەکانی سوریا، شێخ مودار حەمەد ئەلئەسعەد ڕایگەیاند، دەرکردنی خێزان و عەشیرەت و خێڵە عەرەبەکانی دوێنێ لە سویدا "ئاوارەبوون نییە، بەڵکو کۆچکردنێکی کاتی بووە". ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی ماڵە وێرانبووەکانی ئەو خێزانانە نۆژەن دەکرێنەوە، بە کەرامەت و ڕێزەوە، بە ئامادەبوونی سوپا و ئاسایشی ناوخۆ، دەگەڕێندرێنەوە سەر ماڵەکانیان.
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران دەستبەرداری بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت، هەرچەندە لە ماوەی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا زیانی زۆری بەرکەوتووە، کە واشنتۆن دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بۆردومان کرد. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەرنامەکە وەستاوە، چونکە زیانەکانی زۆر قورس و توندن. بەڵام ڕوونە کە ئێمە دەستبەرداری پیتاندن نابین، چونکە دەستکەوتێکی زاناکانمانە. ئێستاش لەوەش گرنگتر، بابەتی شانازی نیشتمانییە". عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، زیانەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرفراوانن و بە شێوەیەکی بەرفراوان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت. ڕوونیشی کردەوە، "دامەزراوەکانمان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمییش هەڵسەنگاندن بۆ ڕادەی زیانەکان دەکات. بەڵام ئەوەندەی من بزانم زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە". سەرەڕای ئەوەی پرسی زیانەکانی سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، هێشتا لە هەڵسەنگاندنی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکادایە، ئەمەریکا دەڵێت وێستگە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی لەناوبردوو دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەنجامدانەوەی هێرش بۆ سەر بەرنامەی ئەتۆمییەکەی ئێران دەکات. ئەمڕۆ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند: ئەگەر پێویست بکات هێرش دەکەینەوە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر لێدوانێکی عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کە رایگەیاندبوو، کە وڵاتەکەی دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت. سەبارەت بە پرسی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: ئێران کراوەیە بەرامبەر دانوستانەکانی بەرنامەی ئەتۆمی، بەڵام نایەوێت بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئەو دانوستانانە ئەنجام بدرێت. ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی کردەوە: رۆژی هەینی دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکانیانی لەگەڵ سێ وڵاتی ئەوروپی لە ئیستانبوڵ ئەنجام دەدات.