دانوستانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەستپێدەکات و سوودانیش سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەمڕۆ هەینی، وەفا محەمەد لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەی سۆمەرییەنیوزی ڕاگەیاند، پارتی پەیوەندییەکی چڕ دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن دەستپێکردووە دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق. ڕوونیشیکردەوە کە پارتی دوای بەدەستهێنانی زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار دەنگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، پلەی یەکەمی لەناو هەرێمی کوردستان و پلەی دووەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێناوە. ئاماژەی بەوەدا کە “ئەم پەیوەندییانە بە ئامانجی خۆئامادەکردن بۆ پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو ئەنجام دەدرێن”. محەمەد وەفا ئاشکرای کرد کە “سێشەممەی داهاتوو محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران، سەردانی هەردوو شاری دهۆک و هەولێر دەکات، کە بڕیارە لەوێ لە چوارچێوەی ڕاوێژکارییەکان سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت و قۆناغی سیاسی داهاتوو، لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبێتەوە”.
لیستی پێکهێنەری گرووپی چەکداریی شیعەی سەر بە حەشدی شەعبی 58 کورسییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەستهێناوە کە پێشتر 48 کورسییان هەبوو. هەرچی لایەنە شیعە نەریتییەکانی دیکەیە 63 کورسییان هێناوە. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەم، گۆڕانکاری لە باڵانسی هێزە شیعەکان کردووە؛ هەندێکیان کورسی و دەنگیان دابەزیوە و هەندێکی دیکەیان بەپێچەوانەوە سەرکەوتوو بوون. گرووپە چەکدارەکان 58 کورسی پەرلەمانیان دەبێت چوار گرووپی چەکداریی نێو حەشدی شەعبی لە رێگەی باڵی سیاسیی خۆیانەوە بە 1491 بەربژێر بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد و 58 کورسییان بەدەستهێناوە، کە 17.6%ی کورسییەکانی خولی نوێ پێکدەهێنن. بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لیستی حقووق کە باڵی سیاسیی کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراقییە، 6 کورسی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق 5 کورسی هەبوو. بزوتنەوەی سادیقوون کە باڵی سیاسیی بزوتنەوەی ئەسائیبی ئەهلی حەقە بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، 26 کورسی لە هەڵبژاردنەکەدا بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق 9 کورسی بەدەستهێنابوو و دوای کشانەوەی پەرلەمانتارانی موقتەدا سەدر، ژمارەی کورسییەکانی گەیشتە 13 کورسی. لیستی هاوپەیمانیی خەدەمات کە سەر بە کەتیبەکانی ئیمام عەلییە و لەلایەن شیبل زەیدییەوە سەرۆکایەتی دەکرێ، لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق 5 کورسی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا لە خولی پێشووی پەرلەمان 13 ئەندامی هەبوو. لیستی رێکخراوی بەدر کە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆکایەتی دەکرێ، لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق 19 کورسی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی 2021 ئەو لیستە لەنێو هاوپەیمانی فەتح 13 کورسی بەدەستهێنابوو. بزوتنەوەی بابلیون کە سەر بە رەیان کلدانییە و یەکێکە لە بەشدارانی حەشدی شەعبی، لەم هەڵبژاردنەدا 2 کورسی کۆتای کریستیانەکانی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی 2021 چوار ئەندامی لە کۆتای کریستیانەکان هەبوو، بەوەش ژمارەی کورسییەکانی بۆ نیوە کەم بووەتەوە. هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، 30 کورسی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی پێشوو 33 کورسی هەبوو. هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، 18 کورسی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی پێشوودا 4 کورسی هەبوو، بەوەش ژمارەی کورسییەکانی نزیکەی چوار هێندە زیادی کردووە. ئیشراقەی کانوون کە یەکێکی دیکەیە لە هێزە شیعەکان، ژمارەی کورسییەکانی لە 6 کورسییەوە گەیاندە 7 کورسی. هاوپەیمانی تەسمیم کە ئەسعەد عیدانی، ئەمینداری گشتییەتی، ژمارەی کورسییەکانی بۆ خولی شەشەم کردە 7 کورسی، لە کاتێکدا لە خولی پێشتر 5 کورسی هەبوو.
عایشەگول دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناوەندی گشتی پارتەکەی، پرسەکانی ڕۆژەڤی هەڵسەنگاند. عایشەگول دۆغان ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە دەبێت جێبەجێ بکرێت و هەنگاوی کرداری بنرێت و ڕایگەیاند: "هەموومان هەر ڕۆژ سات بە سات چاوەڕێی هەواڵی ئازادی دەکەین، ئەوەی پێویستە بکرێت ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام ناکرێت. ماوەی نۆ ساڵە بەشێوەیەکی نایاسایی ئەم ڕەوشە بەردەوامە، دەبێت دەستبەجێ زیندانیکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش کۆتایی پێبێت." عایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند، سەلچوک مزراکلی، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی گەورەی ئامەد، مافی ئازادکردنی مەرجداری هەیە و وتی: "بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەم مافە، لە مانگی ئەیلولدا داواکارییەک ئاراستەی کۆمیتەی چاودێری و ئیدارەی زیندان کراوە. کۆمیتەکە داواکارییەکەی ڕەتکردووتەوە. لە پاساوی ڕەتکردنەوەکەدا هاتووە: "لەو ماوەیەی کە لە زینداندا بووە، بە ئاشکرا ڕاینەگەیاندووە کە لە ڕێکخراوی تیرۆریستی جیا بووەتەوە." پێویست ناکات بۆ درێژکردنەوەی دەستبەسەرکردنی نایاسایی سەلچوک مزراکلی، بەدوای بیانوودا بگەڕێین." هەنگاوکرداری پێویستە نەک قسەکردن عایشەگوڵ دۆغان لەبەردەوامیدا ئاماژەی بە چالاکییەکانی کۆمیسیۆنی دیموکراسی ئاشتی، خوشک و برایەتی یەکگرتنی نیشتیمانی کرد و وتی: "لە قۆناغێکداین کە دەبێت هەنگاوەکان بەپێی ئەو بەڵێنانەی کە دراون بنرێت، چیتر پێویست بە لێدوانەکان ناکات، دەبێت هەنگاوی کردەیی و یاسایی بنرێت بۆ ئەوەی دادپەروەری بنیات بنرێت." سەبارەت بەو بوودجەیەی کە ئامادە دەکرێت، عایشەگوڵ دۆغان وتی: "دڵنیا نین لەوەی ئەم بودجەیە بۆ ئاشتییە یان نا، بۆیە دەڵێین نەخێر بۆ بودجەی ساڵی ٢٠٢٦، بۆ نان و ئاشتی لە بەشە جیاوازەکانەوە لە مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم بەرەو ئەنقەرە ڕێپێوان دەکەین." پێویستە کۆمیسیۆن بچێت بۆ ئیمراڵی عایشەگوڵ دۆغان لە کۆبوونەوەکەدا وڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە کۆمیسیۆن لە چوون بۆ ئیمراڵی بە گومان بێت و وتی: "بەپێچەوانەی ئەم تێڕوانینە، نەچوون بۆ ئیمراڵی دەبێتە هۆی لەدەستدانی دەرفەتێکی گەورەیە. پێویستە لایەنی دەسەڵاتیش لەم ڕووەوە ڕوانگەی خۆی نیشان بدات بۆ ئەوەی شوێنێک بۆ گفتوگۆ نەمێنێت. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند؛ وەک سەرۆکی کۆمیسیۆن لەسەر ئەم ڕۆژەڤە لە گەڵ ئەندامانی کۆمیسیۆن کۆبوونەوە ئەنجام دەدات. بە بۆچوونی ئێمە پێویستە کۆمیسیۆن بڕیار لەسەر ڕۆیشتنی بۆ ئیمراڵی بدات."
نێردەی ترەمپ لە عێراق پاش هەڵبژاردنەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەوەکردەوە کە ئەمەریکا سورە لەسەر سنوردانان بۆ هێزەچەکدارەکان لە عێراق. مارک ساڤایا نێردەی دۆناڵد ترمپی سەرۆکی ئەمەریکا لە عێراق، پاش کۆتاییهاتینی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجمونی نوێنەرانی عێراق، پەیامێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە عێراقییەکان کرد و خواستی گەلی وڵاتەکەی بەرزنرخاند. مارک ساڤایا لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئەمەریکا لەگەڵ عێراقە و سورن لەسەر کۆتاییهێنان بە هەژمونی دەرەکیی و دەستوەردانەکان لە وڵاتەکەدا. نێردەکەی ترەمپ لە پەیامەکەیدا دووبارە باسی لە گروپەچەکدارە میلیشیاکان کردوە و ئاماژەی بەوەداوە، ئەمەریکا پابەندە بە سنوردارکردنی کار و چالاکی ئەو گروپانە لە عێراق و هەماهانگی تەواوی عێراق دەکات لەو پرسەدا.
تۆم باراك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا، لە پەیامێكدا درێژدا كە كەمێك لەمەوبەر لەسەكۆی " ئێكس" بڵاویكردووەتەوە، باسی لە وردەكاری كۆبونەوەكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع كردووە، كە لەچەند رۆژی رابردوودا لە كۆشكی سپی ئەنجامدراو تیایدا دەڵێت: سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپ و سەرۆک شەرع قەناعەتی هاوبەشیان دووپاتکردووەتەوە کە کاتی ئەوە هاتووە دابڕان بە بەشداریکردن بگۆڕن و دەرفەتێکی راستەقینە بدرێت بە سوریاو گەلەکەی بۆ نوێبوونەوە. باراك ئاماژە بەوەدەكات، پابەندبونی سەرۆک شەرع بەرامبەر بە سەرۆک ترەمپ بۆ بەشداریکردن لە هاوپەیمانی دژی داعش، نمایندەی چوارچێوەیەکی مێژوویی دەکات کە گواستنەوەی سوریا لە سەرچاوەی تیرۆرەوە بۆ هاوبەشێک لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دیاری دەکات و پابەندبونە بە ئاوەدانکردنەوە و هاوکاری و بەشداریکردن لە سەقامگیری تەواوی ناوچەکە. راشگەیاندووە: ئێستا دیمەشق بە شێوەیەکی چالاکانە هاوکاریمان دەکات لە روبەڕوبونەوەو هەڵوەشاندنەوەی پاشماوەکانی داعش و سوپای پاسدارانی ئێران، حەماس و حزبوڵاو تۆڕە تیرۆریستییەکانی دیکە، وەک هاوبەشێکی پابەند لەگەڵ هەوڵە جیهانیەكان بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی دەوەستێت. تۆم باراك لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا باسی لەوەكردووە: لە کۆبونەوەیەکی گرنگ و سێ قۆڵی لەگەڵ وەزیر روبیۆ، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا، وێنای قۆناغی داهاتوومان كێشا لە چوارچێوەی ئەمریکا،تورکیا، سوریا: یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە پێکهاتەی نوێی ئابوری، بەرگری و مەدەنی سوریای نوێ؛ دووبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا،سوریا،ئیسرائیل و بەهێزکردنی ئەو کۆدەنگییەی کە پشتیوانی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات، هەروەها چارەسەرکردنی کێشە جیاوازەکانی سنوری لوبنان. وەك باراك وتویەتی، رۆڵی ماندوو نەناسانەی تورکیا شایەنی ستایشی تایبەتە، ئەوە بەڵگەیە لەسەر دیپلۆماسییەکی هێمن و چەسپاو کە پردەكان دروست دەکات لەو شوێنانەی کە دیوارەکان وەستابوون.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەخت دەکاتەوە، کاندیدەکان مانگێکیان لەبەردەستدایە بۆ لێکردنەوەی پۆستەرەکانیان، بەپێچەوانەوە سزای دارایی دەدرێن. ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لەمڕۆوە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ماوەی 30 ڕۆژیان لەبەردەستدایە بۆ لێکردنەوەی سەرجەم پۆستەر و بانگەشەکانیان لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆن، ئەگەر هەر کاندیدێک لە ماوەی دیاریکراودا پۆستەر و بانگەشەکانی لێ نەکاتەوە، ئەوا کۆمیسیۆن خۆی بەو کارە هەڵدەستێت و تێچووی لابردنی پۆستەرەکان لەو بڕە پارەیە دەبڕێت کە کاندیدەکە وەکو بارمتە لای کۆمیسیۆن دای ناون. سەبارەت بە سکاڵاکانی هەڵبژاردن، کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەدا، تا ئێستا 39 سکاڵا لەسەرانسەری عێراق تۆمارکراون لە ماوەی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا. هەروەها، کاندید و لایەنەکان دەتوانن تا کۆتایی دەوامی ئەمڕۆ سکاڵای نوێ پێشکەش بکەن. ڕۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی و ڕۆژی یەکشەممەش، 09ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.5% بوو. لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەوپێیەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار دەنگی بردووەتەوە. یەکێتیی نیشتمانیش کوردستانیش بە بەدەستهێنانی نزیکەی 535 هەزار دەنگ، لە ڕیزی دووەم دێت. یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش بە نزیکەی 165 هەزار دەنگ لە ڕیزی سێیەم دێت. جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕێژەی بەشداری و ئەنجامی بەرایی هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕادەگەیەنن.
قوباد تاڵەبانی، لە پەیامێکدا سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بە سەرکەوتنی هەموو خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان وەسف کرد. لە پەیامەکەیدا، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە هەموو عێراقییەکان و بە تایبەتیش لە هاوڵاتییانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرکەوتنی هەموو خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانە." ناوبراو سوپاسی بەشداریی بەرچاوی خەڵکی کوردستانی کرد و وتی: "سوپاس و پیرۆزباییەکی تایبەتیش بۆ هەموو دەنگدەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بە دەنگەکانیان سەنگ و پێگەی یەکێتییان لە کوردستان و عێراقدا بەهێزتر کرد." قوباد تاڵەبانی دڵنیایی دایە دەنگدەران و جەماوەری یەکێتی و خەڵکی کوردستان کە "یەکێتی لە ئاستی ئەو متمانە گەورەیەدا دەبێت و بە هەموو توانایەوە کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی." هەروەها جەختی کردەوە کە یەکێتی ئەم متمانەیە بەکاردەهێنێت "بۆ بەهێزترکردنی پێگەی کورد لە عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و شەڕیش لەسەر هەموو مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین."
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمان ڕادەگەیەنێت. جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنەکە، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕێژەی بەشداری و ئەنجامی بەرایی هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕادەگەیەنن. گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، تا ئێستا دیار نییە کاتژمێر چەندی ئێوارە ئەنجامەکە ڕادەگەیەنرێت، چونکە کۆمیسیۆنەکە سەرقاڵی وردبینییە لە داتاکان. ڕۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی و ڕۆژی یەکشەممەش، 09ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.5% بوو. لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەوپێیەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 80 هەزار دەنگی بردووەتەوە. یەکێتیی نیشتمانیش کوردستانیش بە بەدەستهێنانی نزیکەی 535 هەزار دەنگ، لە ڕیزی دووەم دێت. یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش بە نزیکەی 165 هەزار دەنگ لە ڕیزی سێیەم دێت. بڕیارە کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی بەرایی هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەت بڵاوبکاتەوە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕایگەیاند، پابەندبوونی خۆی بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپات کردووەتەوە. ئەو فەرماندەیە ئاشکرای کرد، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ تۆم باراک، نوێنەری ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، ئەنجام داوە. لە پەیوەندییەکەدا، تاوتوێی ئەنجامی کۆبوونەوەی نێوان باراک و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە کۆشکی سپی کراوە و جەخت لە پابەندبوون بە خێراکردنی پرۆسەی یەکگرتنی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا کراوەتەوە. فەرماندەی هەسەدە پەیوەستبوونی سووریای بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە "هەنگاوێکی سەرەکی" بۆ بەهێزکردنی هەوڵە هاوبەشەکان وەسف کرد. ئاماژەی بەوەشدا، ئەم هەنگاوە پاڵپشتیی دەستپێشخەرییەکان دەکات بۆ گەیشتن بە شکستی هەمیشەیی ئەو ڕێکخراوە و نەهێشتنی مەترسییەکانی لەسەر ناوچەکە. مەزڵوم عەبدی ڕاشیگەیاند، "ئێمە بە پەرۆشەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان و بە هەماهەنگییەکی نزیک کاردەکەین بۆ پێشخستنی پێشکەوتن بەرەو داهاتوویەکی خۆشگوزەرانتر و پارێزراوتر بۆ گەلەکەمان لە سووریایەکی یەکگرتوودا."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بنکەیەکی تایبەت لە شاری هەولێر دەنگیدا و رایگەیاند، "ئەم هەڵبژاردنە یەکێکە لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی عێراق." ئەمڕۆ سێشەممە 11-11-2025، لەگەڵ کردنەوەی بنکەکانی دەنگدان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بنکەیەکی تایبەت لە هۆتێل رۆتانای شاری هەولێر لەگەڵ هەردوو کوڕەکەی دەنگیدا. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "گرنگە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەم رۆژەدا بە ئەرکی خۆیان هەستن و بەرەو سندووقەکانی دەنگدان بڕۆن." نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "هیوادارین ئەم هەڵبژاردنە سەرەتای قۆناخێکی نوێ بێت بۆ عێراق. سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "کوردستان دەبێ زۆر بەهێزەوە لە بەغدا بێت". نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، " گفتوگۆ لەگەڵ هیچ کەس رەتناکەینەوە". لەبارەی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نێچیرڤان بارزانی گوتی، "دوای هەڵبژاردن گەڕێکی نوێی گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێدەکەینەوە."
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، سزاکانی یاسای سیزەری بۆ سەر سووریا راگرت، تەنیا هەندێک خاڵی دیاریکراو نەبێت، لەوانەش مامەڵەکردن لەگەڵ رووسیا و ئێران. یاسای پاراستنی هاوڵاتیانی سووریای سیزەر، یاسایەکی ئەمریکییە کە لە ساڵی 2019 دەرچووە و سزای سەپاندووە بەسەر تاکەکان، قەوارەکان، و دامەزراوە حکومییەکان کە پشتیوانی لە رژێمی سووریا دەکەن، لەوانەش ئەوانەی کە پشتیوانی دارایی لە ئامێری جەنگیی رژێمەکە دەکەن. یاساکە بە ناوی فۆتۆگرافەرێکی سوورییەوە ناونراوە کە بەڵگەنامەی ئەشکەنجەدانی لە زیندانەکانی ئەسەددا تۆمار کرد و بڵاویکردنەوە. ـ سزا سەپێنراوەكانی یاسای قەیسەر بە سەر سوریا هەڵپەسێردرا. ـ ئەم هەڵپەساردنە هەندێک مامەڵە لەگەڵ روسیا و ئێران ناگرێتەوە. ـ ئەمریکا پابەندە بە سوریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو و ئارام
فەرهاد شامی، بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، بە پێچەوانەی بانگەشەی هەندێک لایەن سوریای بەجێنەهێشت، بەڵكو بەردەوامە لە بەهێزکردنی بوونی خۆی لە شوێنە ستراتیژییەکانی ناوخۆی سوريا. فەرهاد شامی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نوسیویەتی: نەیارەكانمان پێیان وابوو هاندانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی پشتیوانییەکانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات لەڕێی ناچارکردنی ئەو هێزانەوە دەبێت بۆ جێهێشتنی ناوچەکە، بەڵام واقیع تەواو پێچەوانەکەی سەلماندووە. ئاماژەی بەوەشکردووە: هاوبەشی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی درێژدەبێتەوە بۆ نزیکەی دە ساڵ، پاشەكشێی نەكردووەو سازشی لەسەر نەکراوە، بەڵکو بەشێوەیەكی قوڵتر چەسپاوە. جەختیشكردووە: بەردەوامی ئەم هاوبەشییە نمایندەی پێویستییەکی ستراتیژی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەکات، کە لە متمانەی هاوبەش و قوربانیدانی هاوبەش لە شەڕی دژی تیرۆرەوە سەرچاوەی گرتووەو ئەوانەی گرەو لەسەر پاشەكشێی ئەم هاوبەشییە دەکەن، هەڵەن و پێویستە بە وردی بە حیساباتەکانیاندا بچنەوە.
کۆنگرەی نهتهوهیی کوردستان ڕایگهیاند، هەڵبژاردنەکانی ئێستای عێراق گرنگییەکی تایبەتیان هەیە بۆ هەرێمی کوردستان و گەلەکەی، دهشڵێت، سەرکەوتنی ئەم هەڵبژاردنانە پێویستی بە دابینکردنی کەشێکی ئازادانە و دروست و شەفاف هەیە و مسۆگەرکردنی ئازادیی هەڵبژاردن بەبێ هیچ فشار و دەستێوەردانێک و بنهماكانی پێكهوهژیان و یهكترقبوڵكردن، كلیلی چارهسهری و ئاشتییه بۆ ئایندهی عێراق. کۆنگرەی نهتهوهیی کوردستان (كهنهكه) له بهیاننامهیهكدا لهبارهی ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق، باسی لهوهكردوه، "لەکاتێکدا بە سەرنجێکی تایبەت چاودێری پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەین، جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە هەڵبژاردنەکانی ئێستای عێراق گرنگییەکی تایبەتیان هەیە بۆ هەرێمی کوردستان و گەلەکەی، بەهۆی کاریگەرییە ڕاستەوخۆیەکەیان لەسەر داهاتوی سەقامگیری سیاسی و دەستوری لە وڵاتدا". ئاماژهی بهوهشكردوه، سەرکەوتنی ئەم هەڵبژاردنانە پێویستی بە دابینکردنی کەشێکی ئازادانە و دروست و شەفاف هەیە، و مسۆگەرکردنی ئازادیی هەڵبژاردن بەبێ هیچ فشار و دەستێوەردانێک، لەگەڵ دورکەوتنەوە لە هەمو ئەو کردەوانەی کە زیان بە ناوبانگیی سیاسیی هەرێم و مافەکانی هاووڵاتیانی ههرێم بگهیهنن، "داوا له خهڵك دهكهین بەشداریی سیاسی بکەن بە ئەرکی خۆیان، بێگومان دەنگدانیش بەیەک لە کۆڵەکەکانی دیموکراسی دادەنرێت". کۆنگرەی نهتهوهیی کوردستان دهڵێت، "ڕو به تهواوی هێزه سیاسییهكانی عێراقیش دهڵێین: بنهماكانی پێكهوهژیان و یهكترقبوڵكردن، كلیلی چارهسهری و ئاشتییه بۆ ئایندهی عێراق، گەلی ئێمە بەئاگایە کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ بەکارهێنانی ناکۆکییە ناوخۆییەکان بۆ زیانگەیاندن بە مافە دەستوورییەکان لە عێراقی فیدڕاڵ کە بەری ڕەنجی تێکۆشانی چەندین ساڵەی میلەتەکەمان، کە پاراستنی ئەم دەستکەوتانە لەسەرملی هەرکەسێکی نیشتمانپەروەرە".
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت کۆتایی هاتووە و دەرکەوتووە کە ئەنجامی ژماردنی ئەلیکترۆنی و دەستی هیچ جیاوازییەکیان نییە. جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆن، بە فەرمی ڕایگەیاند، "پرۆسەی جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی و دەستی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت کۆتاییهاتووە و دەرکەوت، کە ئەنجامەکان هاوشێوەی یەکتربوون". ئەمەش دڵنیایی دەدات لەسەر وردی و دروستیی پڕۆسەکە. گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی لە یەکترگونجانی ئەنجامەکان دڵنیابوونەتەوە، کۆپییەکی ئەنجامەکان ڕادەستی نوێنەری حیزب و هاوپەیمانییە سیاسییەکان کراوە. سەبارەت بە سکاڵاکان، جومانە غەلای پێشتر ڕایگەیاندبوو، لەسەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەتدا، تەنها 4 سکاڵای کەم تۆمارکراون. پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت ڕۆژی 9ی مانگ بەڕێوەچوو. بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداریکردن زۆر بەرز بووە و گەیشتووەتە 82.42%. لەم دەنگدانەدا، 1,313,980 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق مافی دەنگدانیان هەبوو.
محەمەد شیاع سوودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق، پیرۆزبایی لە هێزە ئەمنییەکان دەکات بەبۆنەى بەشداریی کارایان لە هەڵبژاردن و جەختدەکاتەوە لەسەر دابینکردنى ژینگەیەکى ئارام و سەقامگیر بۆ هەڵبژاردنەکان دوور لە هەر پێشێلکاریی و کاریگەرییەک. سوودانى بەبۆنەى کۆتاییهاتنى دەنگدانى تایبەت ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان کرد بەبۆنەى پەیڕەویکردنى مافى دەستوورییان و بەشداریی کارا و هۆشیارانەیان لە هەڵبژاردن و دیاریکردنى نوێنەرانیان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى داهاتوو. دەقى ڕاگەیەندراو خوشکان و برایان له هێزە ئەمنی و سەربازییە بوێرەکانمان، سەرەتا پیرۆزباییتان لێدەکەین بەبۆنەی بەجێ گەیاندنی مافە دەستوورییەکەتان و بەشداری چالاکانە و هۆشیارانەتان لە هەڵبژاردنەکان، هەروەها بەبۆنەی هەڵبژاردنی نوێنەرەکانتان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو. لەم ساتەوەختە گرنگەدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەرکی نیشتمانیمان ناچارمان دەکات ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر بۆ هەڵبژاردنەکان دەستەبەر بکەین و پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەر پێشێلکارییەک یان دەستوەردانێک بپارێزین، ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی ئەمڕۆ بەدەست هاتووە، بەرهەمی هۆشیاری و پابەندبوون و قوربانیدانتانە، ئەمەش هێزەکانمانی کردووە بە نموونەیەکی جوان و چاوی لێ بکەین. با لەسەر ئاستی ئەو متمانەیە بین کە گەلەکەمان پێی بەخشیوین و ڕۆژی هەڵبژاردن بکەینە ڕۆژێک ڕەنگدانەوەی هۆشیاری و دڵسۆزی کارمەندە ئەمنییەکانمان بێت بۆ نیشتیمانی خۆیان، با ئەم هەڵبژاردنانە بکەینە نموونەیەکی باش لە پابەندبوون و هۆشیاری و بەرگریکردن لە مافی هاووڵاتیان بۆ ئەنجامدانی شایستە دەستوورییەکەیان. خوای گەورە هێزە چەکدار و ئەمنییەکانمان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بپارێزێت و لە شەهیدانمان خۆش بێت و شیفای بریندارەکانمان بدات و عێراق و گەلەکەی لە هەر خراپەیەک بپارێزێت. محەمەد شەیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان
