ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم"، لەزاری سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە: پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامی سیاسی بۆ ژمارەیەک سەرکردەی چوارچێوەی هەماهەنگی ناردووە، داوای لێکردون دەستوەردان بکەن و کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن. بەوتەی سەرچاوەكە، پارتی پەیامی بۆ نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، فالح فەیاز، بەرپرسی هێزەکانی حەشدی شەعبی ناردووە، تا رۆڵی نێوەندگیری ببینن لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. راشیگەیاندووە: پەیامەکان دوای کۆبونەوەی پارتی هاتووە و داوای لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی كردووە، دەستوەردان بكەن و فشار بخنە سەر حکومەت، بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ئابورییە کارەساتبارەی هەرێم پێیدا تێپەڕدەبێت. زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە لەكاتێكدایە، پێشتر بارەگای بارزانی رایگەیاند، لەسەر داوا و بەڵێنی لایەنە سیاسیەكانی عێراق و لەپێناو بەردەوامبونی گفتوگۆیەكی هێمنانە و رەچاوکردنی بارودۆخ و بەرژەوەندیی گشتی، پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حكومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغداد بدەین، بۆ ئەوەی رێگەیەک بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە بدۆزنەوە.
وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق ڕایگەیاند، تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە وڵاتدا دوو هێندە زیادی کردووە، هەروەها دەشلێت هەوڵیان هەیە بۆ خێراکردنی خێرایی و گۆڕینی دیجیتاڵی و فراوانکردنی تۆڕی فایبەر ئۆپتیک لە بەغدا و پارێزگاکانى دیکە. وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "وەزارەتی پەیوەندییەکان ڕێژەی بەکارھێنەرانی ئینتەرنێت لە عێراقدا بەرزبوونەوەی پێوانەیی تۆمارکردووە و تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ گەیشتووەتە ٨٢.٩%ی دانیشتوانی عێراق، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩دا تەنها ٤٤.٣% بووە، بەپێی داتا فەرمییەکانی دەستەى پەیوەندییەکانی نێودەوڵەتی (ITU)". ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزارەت ستراتیژێکی تۆکمەی داڕشتووە بۆ خێراکردنی خێرایی گۆڕانکاری دیجیتاڵی و فراوانکردنی تۆڕی فایبەر ئۆپتیک لە بەغدا و پارێزگاکان، جگە لە پەرەپێدانی ژێرخانی دیجیتاڵی و هاندانی ژینگەیەکی کێبڕکێ و پاڵپشت لەنێوان پێشکەشکارانی خزمەتگوزاریدا"، بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA). وەزارەت پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی گەشەپێدان و دەستپێکردنی دەستپێشخەری و پڕۆژەی زیاتری گەشەپێدان بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی گشتی و تایبەت بۆ دامەزراندنی بناغەکانی ژێرخانی پێشکەوتوو و یەکگرتوو کە دیدگای دیجیتاڵی عێراق بەرجەستە دەکات. وەزارەتەکە ئاماژەی بە بازدانەکانی چۆنایەتی بەرچاو کرد کە بەدەست هاتوون، کاریگەری ئەرێنی لەسەر کوالیتی خزمەتگوزارییەکان هەبووە و ژمارەی بەکارهێنەرانی لە ماوەیەکی کورتدا دوو هێندە کردووە بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، حەماس ڕێکەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکانی لە غەززە ڕەتکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی تەلئەبیب پێشنیارەکەی ویتکۆف و هەموارکردنەوەی نێوەندگیرییەکان قبوڵکردوە. لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا نەتانیاهۆ ڕایگەیاند، بزووتنەوەی حەماس پابەندە بە ڕەتکردنەوەی هەر ڕێککەوتنێک و پێداگری لەسەر بەردەوامبوون لە بنیاتنانی هێزی سەربازی خۆی لە کەرتی غەززە، کە بە تەواوی بە قبوڵنەکراوی دەزانێت. ناتانیاهۆ وتی: حەماس پێشنیارەکانی ڕێککەوتنەکە ڕەتدەکاتەوە و پێداگری لەسەر مانەوە لە غەززە و دووبارە چەکدارکردنەوە دەکات و ئەمەش لای ئێمە قبوڵکراو نییە. ئاماژەى بەوەشدا بڕیارماندا بارمتەکان ئازاد بکەین، بەڵام پابەند دەبین بۆ له ناوبردنی تەواوی حەماس و ڕاگرتنی هەڕه شەکانی. لای خۆیەوە دکتۆر محەمەد ئەبو ئەلروب بەڕێوەبەری ناوەندی پەیوەندییەکانی حکومەتی فەلەستین بە کەناڵى ئەلعەرەبیەی ڕاگەیاندوە، ئەو چارەسەرانەی ئیسرائیل پێشنیاری کردووە ئامانجیان درێژکردنەوەی شەڕە. سەرچاوەکان ڕاگەیاندووە کە حەماس هەڵوێستی خۆی ڕوون کردووەتەوە و بوونی ئیسرائیل لەسەر میحوەری مۆراگ قبوڵ ناکات، هەروەها ناوبژیوانان هەوڵی دۆزینەوەی شێوازێکی یەکگرتوو دەدەن بۆ ئەوەی دانوستانەکان تێکنەچێت و بەردەوامبێت. ئەمەش لەکاتێکدایە ئیسرائیل "نەخشەی نوێی" بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکانی لە غەززە پێشکەش کرد، لەوانەش کۆنترۆڵکردنی میحوەری مۆراگ و حەماسیش بە توندی ڕەتیکردەوە. لە نەخشەی "عەقەبە"دا هاتووە کە هێزەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 40%ی کەرتی غەززە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا دەمێننەوە، ئەمەش هەڵوێستێکە کە بزووتنەوەی فەلەستین ڕەتدەکاتەوە. سەرچاوەکان بە ئەلعەرەبییەیان ڕاگەیاندووە، حەماس هەڵوێستی خۆی ڕوون کردووەتەوە و بوونی ئیسرائیل لەسەر میحوەری مۆراگ قبوڵ ناکات. ناوبژیوانان هەوڵدەدەن فۆرمولەی یەکگرتوو بدۆزنەوە بۆ ئەوەی دانوستانەکان نەڕووخێن. هه مان سه ڕچاوه کان هه ڕوه ها ڕایانگه یاند که ناوبژیوانان چاوه ڕێی نه خشه ی نوێ له ئیسرائیل ده که ن سه باره ت به سه ڕله جێکردنه وه ی سوپا له ماوه ی 60 ڕۆژه ی ئاگربه ستدا. ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتژمێرەکانی داهاتوو زۆر گرنگ دەبن بۆ دڵنیابوون لە پێشکەوتنی ئەرێنی لە دانوستانەکاندا یان گەیشتن بە بنبەست.
ئیدارەى خۆسەر لە رۆژئاواى کوردستان، دووپاتى دەکاتەوە پابەندن بە ئامانجەکانی شۆڕشەکانی ١٥ی ئازار و ١٩ی تەمموز کە داوای دیموکراسی و دادپەروەری و ئازادی دەکەن و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا هەڵبژاردەی ستراتیژی ئێمەیە. ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان شاندی ئیدارەکە و حکومەتی کاتى لە سوریا ئەمرۆ یەکشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. لەناوەڕۆکى ئەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان شاندی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و حکومەتی سوریا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومەتی ئەمریکا و فەرەنسا، هەنگاوێکی چارەنووسسازن بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی گفتوگۆی جددین لە سوریا، کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریاوە لە مێژە بەدوایدا دەگەڕێین. ئیدارەى خۆسەر سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەیان ئاراستەی هەردوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری فەرەنسا دەکەن بۆ ڕۆڵی بنیاتنەر و هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و ئاشتی و دیموکراسی لە سوریا. دەقی راگەیەندراوەكە: بۆ رایگشتیی دیدارەکانی ئەمدواییەی نێوان شاندێکی ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریاو حکومەتی سوریا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومەتەكانی ئەمریکاو فەرەنسا، هەنگاوێکی چارەنوسسازن بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەكی جددی گفتوگۆی سوری- سوری، پرۆسەیەک کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریاوە هەوڵمان بۆ داوە. لەم چوارچێوەیەدا، سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەمان ئاڕاستەی هەریەكە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو کۆماری فەرەنسا دەکەین بۆ ڕۆڵی بنیاتنەر و هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و ئاشتی و دیموکراسی لە سوریا. دوای چەندین ساڵ لە ململانێ و دابڕان، دانیشتنی هێزەکانی سوریا لەسەر یەک مێز بۆ تاوتوێکردنی پرسە چارەنوسسازەکان بە شێوەیەکی جددی و شەفاف؛ دەستکەوتێکی سیاسی و مێژووییە. گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان ئەکتەرەکانی سوریا بووەتە پێویستییەکی نیشتمانی و تەنها لەڕێگەی گفتوگۆی بەرپرسیارانە دەتوانرێت تێپەڕێنرێت. کاتی ئەوە هاتووە کە لەم زمانە تێپەڕین کە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی تەونی سوریاو قوڵکردنەوەی دابەشکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەکات. فرەچەشنی لە سوریادا مەترسی نییە بۆ سەر یەكێتییەكەی، بەڵکو سەرچاوەی هێزێکە کە دەبێت پارێزگاری لێبکرێت و بەهێز بکرێت. بناغەی بنیاتنانی دەوڵەت هاوبەشییە نەک دورخستنەوە. ئێمە بە ڕوونی و بێ دوودڵی رایدەگەیەنین کە یەکگرتوویی خاکی سوریا پرەنسیپێکی سازشی لەسەر ناكرێت و؛ پایەیەکی پتەوە لە دیدگای ئیدارەی خۆسەرو هەموو هێزە سیاسییەکانی پەیوەست بە ئێمە لە پرۆژەی گۆڕانکاری نیشتمانیدا. زیادەڕەوی لەم بابەتەدا تەنها خزمەت بەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت چانسی چارەسەری سیاسی تێکبدەن. ئەو داواکاریانەی ئەمڕۆ دەیخەینەڕوو- بۆ سیستەمێکی دیموکراسی فرەیی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، یەکسانی جێندەری و دەستورێک کە مافی هەموو پێکهاتەکان زامن بکات- شتێکی نوێ نین. بەڵکو كرۆكی ئەو شتانەن کە سورییەکان لە ساڵی 2011ەوە لەپێناویدا هاتنەسەر شەقام، رەتکردنەوەی ئەم داواکاریانەو ناوزەندكردنیان بە جیابوونەوە شێواندنی بە ئەنقەست ڕاستییەکانی خەباتی سوریایە دژ بە ستەمکاریی. دەیان ساڵە سوورییەکان بەدەست سیستەمێکی مەرکەزییەوە دەناڵێنن کە دەسەڵات و سەروەت و سامانی قۆرخ دەکردو ئیرادەی ناوخۆیی سەرکوت دەکرد و وڵاتەکەی بەرەو قەیرانی یەک لە دوای یەک رادەکێشا. ئەمڕۆ ئێمە ئاواتەخوازین هاوبەشی راستەقینە بین لە بنیاتنانی سوریایەکی نوێدا، سوریایەکی لامەرکەزیی کە هەموو گەلەکەی لە باوەش بگرێت و مافەکانیان بە یەکسانی دەستەبەر بکات. ئێمە پابەندین بە ئامانجی شۆڕشەکانی 15ی ئازار و 19ی تەمموز، بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و ئازادی و؛ دووپاتی دەکەینەوە کە بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا بژاردەی ستراتیژیمانە. كاری جددی دەكەین بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی دانوستانەکان، هەروەها ئامادەیی تەواوی خۆمان بۆ تێکەڵبوون بە دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای دیموکراسی و بەشداریکردن لە داڕشتنی دەستورێکی نوێ کە ڕەنگدانەوەی خواستەکانی هەموو سورییەکان بێت، دەردەبڕین. بەم پێیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەڵبگرن و گوتار رق و توند رەتبکەنەوە و ڕووبەڕووی هەموو هەوڵەکان ببنەوە بۆ ڕاکێشانی وڵات بۆ ناو ململانێی ناوخۆیی وێرانکەر. هەروەها داوا لە هەموو هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان دەکەین لەم قۆناغە هەستیارەدا یەکبگرن بۆ پاراستنی دیالۆگی سوریا لە هەوڵەکانی لەباربردن و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلەکەمان بۆ دەوڵەتێکی دادپەروەر و دیموکراسی و مەدەنی. لەگەڵ ڕێز.. ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا
ئەو لیژنەیە حکومیەی کە لەلایەن محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە پێکهێنراو، ئەرکی تاوتوێکردنی ناکۆکی نێوان بەغداد و هەولێری پێسپێردراوە، ئەمڕۆ راپۆرتەکەی تەواو دەکات. ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم" لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردووەتەوە: ئەمڕۆ لیژنە وزارییەكە راپۆرتەکەی تەواو دەکات و ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکات، بڕیارە لە دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێ بكرێت، کە سێشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت. بەوتەی سەرچاوەكە: پرسی داهاتە ناوخۆییەکان و رادەستکردنی (50%)ی هەرێم بە بەغداد رێککەوتنی لەسەر كراوە، نیمچە رێككەوتنیش لەسەر تەوتینكردن كراوە، هاوكات رێککەوتنیش کراوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت. رونیشیکردووەتەوە: تاکە خاڵی ناکۆکی ماوەتەوە، پەیوەندی بەو بڕە هەیە کە هەرێم پێویستی پێیەتی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ، حکومەتی فیدراڵی پێی وایە (46)هەزار بەرمیلە، لەکاتێکدا کوردستان داوای (65) هەزار بەرمیل دەکات، ئەگەری گەیشتن بە سازانیش هەیە پێش دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران. ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێوارەى دوێنێ شەممە بارەگای بارزانی ڕایگەیاند لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و حکوومەتی فیدراڵ، بەڵێنیان داوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کێشەی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان چارە بکەن. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچە، بودجە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست کۆبووەوە.
ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێران، وردەکاریی برینداربوونی مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێرانی ئاشکرا کردووە، لە هێرشەکەی ئیسرائیل، کە مانگی رابردوو ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی کردە ئامانج. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا کە لە (١٦)ی حوزەیران، کۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئاسایشی نەتەوەیی کردبووە ئامانج، پزشکیان قاچی بەسوكی برینداربووە. بەگوێرەی ئاژانسەکە، کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێرانی كاتێك كراوە ئامانج کە هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی ئێران و بەرپرسانی باڵا ئامادەی بوون. راشیگەیاندووە: بەرپرسانی ئێران لەكاتی هێرشەكەدا لە نهۆمەکانی خوارەوە بوون، توانیویانە بێنە دەرەوە بە بەکارهێنانی دەرچەیەكی تایبەت بە روودای لەناكاو لە باڵەخانەكە و هەندێکیشیان برینداربوون. فارس نیوز باسی لەوەشكردووە:، بە لەبەرچاوگرتنی وردی ئەو زانیاریانەی كە ئیسرائیل بەدەستی هێناوە سەبارەت بە کۆبونەوەكە، دەسەڵاتدارانی ئێران لێکۆڵینەوە لە بوونى دزەکار دەکەن. هێرشەكە وا ئەندازە كرابوو، هاوشێوەی كوشتنی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی پێشوی حزبوڵا بێت لە لوبنان، كە لەكاتی كۆبونەوەیەكی هاوشێەوەیەدا لەگەڵ سەركردەكانی حزبەكەی، لە ژێرزەمینێی ناوچەیەك لە زاحیەی باشوری بەیروت، كرایە ئامانج.
بەگوێرەى کارنامەکەى بێت، بڕیارە ئەمڕۆ دادگاى فیدڕاڵیی عێراق دادبینى بۆ دوو سکاڵا تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی خولى شەشەمى پەرلەمانی کوردستان بکات. سکاڵاکانى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان لەلایەن هەریەک لە عومەر عەبدوڵا گوڵپى، بەربژێرى سەرکەوتووى کۆمەڵى دادگەرى بۆ پەرلەمانى کوردستان و سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکرابوون و بەگوێرەى خشتەی دانیشتنەکان ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی تەمموز دادبینیان بۆ دەکرێت، ئەوەش پاش ئەوەى دادبینییەکە لە رۆژى شەشى ئەم مانگەوە بۆ ئەمڕۆ دواخرا. سکاڵای یەکەم لەلایەن عومەر گوڵپییەوە تۆمارکراوە و تیایدا هاتووە، خولی شەشەمی پەرلەمان پاش پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەماوەی 45 رۆژدا نەیتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت و داوادەکات، هەڵبوەشێندرێتەوە و سەرجەم ئەو مووچە و پاداشتانەی دراون بە پەرلەمانتاران لێیان وەربگیرێتەوە. هەروەها داواشدەکات، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پابەند بکرێت بە زووترین کات ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا بکات. سكاڵای دووەمیش لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ و سێ پەرلەمانتاری دیکەی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون و تیایدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی خولی شەشەمی پەرلەمان دەکەن.
بارەگای بارزانی ڕایگەیاند لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و حکوومەتی فیدراڵ، بەڵێنیان داوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کێشەی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان چارە بکەن. شەممە 12ـی تەممووزی 2025، بارەگای بارزانی لەبارەی کێشەی ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچە، بودجە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست کۆبووەوە. ڕاگەیێندراوێک لە بارەگای بارزانی بۆ ڕای گشتی بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچە و بودجە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست کۆبوویەوە. بەڵام هەر ئەمڕۆ بەڕێز د.فواد حوسێن دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی گەڕاوەتەوە کوردستان و بە مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاندووە كە لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و حكوومەتی عێڕاقی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڵێنی ئەوەیان داوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرسی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بکرێت. هەر لەسەر داوا و بەڵێنی ئەوان و لەپێناو بەردەوامبوونی گفتوگۆیەكی هێمنانە و ڕەچاوکردنی بارودۆخ و بەرژەوەندیی گشتی، پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغدا بدەین بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە بدۆزنەوە، و هەمیشە بروامان بەوە هەبووە کە ئەگەر ڕێگەی گفتوگۆ هەبێت ئێمەش پێمان باشە بە لەیەکتر تێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكەین. بارەگای بارزانی 12ی تەممووزی 2025
ئەو لیژنە وەزارییەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ چارەسەری کێشەی نەوت و مووچەی هەرێمی کوردستان پێکیهێنا، تەنها یەک کۆبوونەوەی ئەنجامداوە، لەنوێترین پێشهاتدا پیشنیازى ئەوە دەکات مووچەیەک خەرج بکرێت. سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت فشارە سیاسییەکان بەو ئاراستەیەن ئەم هەفتەیە مووچەیەک بۆ مووچەخۆرانی کوردستان خەرج بکرێت، ئەو لیژنەیەی لە حکومەتی عێراق پێکهێنراوە پیشنیاز بۆ سوودانی دەکات مووچەیەک خەرج بکرێت تاوەکو هەولێر و بەغدا رێک دەکەون. بڕیارە ئەنجوومەنی وەزیزانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەم سێشەممەیەدا بڕیاری ناردنی مووچە بدات، بەڵام مەرجی هەیە هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بکات لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتی ناوخۆ و ئەمانە. مەکتەبی سیاسی پارتی ئەمڕۆ کۆبووەوە بە مەبەستی تاوتوێ کردنی بژاردەکانی بەردەم کورد بەرامبەر بەغدا، کە کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی یەکێک بوو لە بژاردەکان، بەڵام پێش ئەوەی بڕیاری کشانەوە بدرێت، پەیامێک لە سەرکردە شیعەکانەوە گەیشتەوە بارزانی و مەکتەبى سیاسى ئەو حزبەو داوا دەکەن ئەو کارە نەکەن، کێشەکان چارەسەر دەکەن. ئەندامانی لیژنە وەزارییەکە جەختیان لە گرنگی بەردەوامبوونی گفتوگۆكان کردووتەوە بۆ چارەسەری کێشەکان و دەستەبەرکردنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. لەلایەکى دیکەوە لەکۆبوونەوەکەى ئەمڕۆى پەرلەمانى عێراقدا، سەرۆكی چوار فرۆكسیۆنە كوردستانییەكە لەپەرلەمانی عێراق موداخەلەیان لەسەر موچەی موچەخۆرانی كوردستان كرد و باسیان لەوە كرد كە موچەخۆران زیاتر لە (70) رۆژە موچەیان وەرنەگرتووەو پێویستە موچە بەدووربگیرێت لە ململانێی سیاسی و پێویستە موچە خەرج بكرێت. لە كۆبوونەوەكەدا فراكسیۆنی پارتی بەشدارنەبووەو هەریەك لە فراكسیۆنەكانی (نەوەی نوێ، یەكێتی، كۆمەڵ، یەكگرتوو) ئامادەی دانیشتنەكەی پەرلەمانی عێراقن.
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، لە 1ـی ئابەوە بە ڕێژەی 30% باجی گومرگی بەسەر هەموو کەلوپەلە هەناردەکراوهكانی يهكێتيى ئهورووپا و مەکسیک بۆ ئەمەریکا دەسەپێنێت، ئەگەر وەڵامی باجەکانیش بدەنەوە، ئەوە ڕێژەکە زیاتر دەبێت. شهممه، 12ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە نامەیەکدا کە بۆ ئورسولا ڤۆن دێر لاين، سهرۆكى كۆمسيۆنى يهكێتيى ئهورووپا و کلۆدیا شەینباوم, سەرۆکی مەکسیک ناردووە و تێیدا نووسیویەتی: سەرەڕای ئەو کورتهێنانە ئابوورییە گهورهیهی لەگەڵ يهكێتيى ئهورووپا و مەکسیک هەمانە، بەڵام لە پەیوەندیی بازرگانی نێوانمان بەردەوام دەبین. ئاماژەشی داوە، بۆ ئەوەی بازرگانییەکی دادپەروەرانە و یەکسان لە نێوانیان هەبێت و لە کورتهێنانی ئابووریی دووربێت، لە 1ـی ئابەوە بە ڕێژەی 30% باجی گومرگی بەسەر هەموو کەلوپەلە هەناردەکراوهكانی يهكێتيى ئهورووپا و مەکسیک بۆ ئەمەریکا دەسەپێنێت. سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کردووە، ئەو کۆمپانیانەی يهكێتيى ئهورووپا و مەکسیک کە لە ئەمەریکا وەبەرهێنان دەکەن، هیچ باجێکیان بەسەردا ناسەپێنرێت، بەڵکوو به پێچهوانهوه هاوکاریی ئەو کۆمپانیایانە دەکەن. دۆناڵد ترەمپ هۆشداریشی داوە، ئەگەر يهكێتيى ئهورووپا و مەکسیک وەڵامی باجە گومرگییەکان بدەنەوە، ڕێژەکە زیاتر دەبێت، چونکە ڕێژەی 30% باجی گومرگی لە ئاست ئەو کورتهێنانە بازرگانییەدا کەمە، باسی لەوەش کردووە، ئەو کەلوپەلانەی کە لە ڕێگەی وڵاتێکی دیکەوە هەناردەی ئەمەریکا دەکرێن، بە هەمان شێوە باجی گومرگییان دەچێتە سەر. دۆناڵد ترەمپ ڕاشیگەیاندووە، ئەو باجە گومرگییانە جیایە لەگەڵ ئەو باجە گومرگییانەی پێشتر لەسەر چەند سێکتەرێک سەپێندرابوون. هاوكات ئورسولا ڤۆن دێر لاين، سهرۆكى كۆمسيۆنى يهكێتيى ئهورووپا لەم بارەوە گوتی، سەپاندی باجی گومرگی بە ڕێژەی %30 لەسەر هەناردەی یەکێتیی ئەورووپا دەبێتە هۆی پەکخستنی زنجیرەکانی هاوردهكردن كه زیان به بازرگانان و بەکاربەران و نەخۆشانی هەردوو كهناری زەریای ئەتڵەنتیك دهگهیهنێت. گوتیشی: ئامادەینە لەگەڵ واشنتن کار بکەین، بۆئەوەی بەر لە 1ـی ئاب ڕێکبکەوین، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەموو هەنگاوێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان دەگرینە بەر، لە نێوانیشدا وەڵامدانەوەی باجە گورمرگییەکانی ئەمەریکا. هەروەها وەزارەتی دەرەوە و بازرگانیی مەکسیک لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش دا ئاماژەیان داوە، باجە گومرگییەکانی ئەمەریکا نادادپەروەرانەیە، بە هیچ شێوەیەک پێیەوە ڕازی نابین. باسییان لەوەش کردووە، حکوومەتی مەکسیک لەگەڵ ئەمەریکا لە دانوستاندایە، بۆ ئەوەی ڕێگری لەو باجە گومرگییانە بکەن، پارێزگاری لە بازرگانیی هەردوو وڵات بکەن. بەگوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا، 80%ـی کەلوپەلەکانی مەکسیک دەچێتە ئەمەریکا، کە ئەمەش گەورەترین هاوبەشی بازرگانییە. پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕێژەی جیاواز باجی گومرگی بەسەر هەریەک لە ژاپۆن، عێراق، کەنەدا و بەرازیلدا, کۆریای باشوور، میانمار، لائۆس، باشووری ئەفریقا، مالیزیا، کازاخستان لیبیا، جەزائیر، مۆڵدۆڤا، فلیپین و ژمارەی وڵاتی دیکە سهپاندبوو.
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە فەرمی داوا لە وەزارەتی دارایی دەکات خشتەکانی بودجەی ئەمساڵ بۆ لیژنەکە بنێرن لەپێناو تاوتوێکردنی و دواتر پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە. لە نووسراوێکی فەرمیدا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق داوا لە وەزارەتی دارایی دەکات خشتەکانی بودجەی ساڵی 2025 بۆ پەرلەمان بنێرێت لەپێناو دەستپێکردنی خەرجی و تێچووی یاسایی حکومەت، بە شێوەیەک کە دامەزراوەکانی دەوڵەت بتوانن پابەندییەکانیان جێبەجێ بکەن. لە نووسراوەکەدا هاتووە، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی (77/دووەم) لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیدا بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025)، دەبوو پێش کۆتاییهاتنی ساڵی ڕابردوو، خشتەکانی بودجە بۆ پەرلەمان بنێردرابایە. لە مانگی پێشتریشدا لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە نووسراوێکدا ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد و جەختی کردەوە دواکەوتنی ناردنی بودجە دەبێتە هۆی ڕاگرتنی جووڵەی ئابووری و وەبەرهێنان و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی گوزەران و خزمەتگوزاریی هاووڵاتیان دادەنێت، تاوەکو ئێستا حکومەت خشتەکانی بودجەی نەناردووەتەوە پەرلەمان بۆ تاوتوێکردن و پەسەندکردنی. لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی دارایی ڕاسپارد خشتەی بودجەی ساڵی 2025 ئامادە بکەن، وەک ئامادەکارییەک بۆ پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و ناردنی بۆ پەرلەمان.
پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، لەبارەى قسەکانى ئەردۆغانەوە ڕایدەگەیەنێت ئێمە وەک پارتەکانی ئاکەپە و مەهەپە ودەم پارتى بڕیارمانداوە کە پێکەوە ئەم ڕێگایە دەبڕین، ئەمە "هاوپەیمانی پرۆسەکە"یە. پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "لاپەڕەیەکی نوێ کراوەتەوە، کۆتایی بە خوێن و فرمێسک دێت." باسی لەوەش کرد، لە سەرەتای پرۆسەکەوە بە وریاییەوە مامەڵەیان کردووە. پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمرالی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی ئانکا کردوەو ڕایگەیاند هێڵ و ڕێبازی هەموو لایەک ڕوونە، بۆیە ئەمە پەیامێک بوو و هاوپەیمانی گەل و پارتی دیم بە درێژایی پرۆسەکە لەسەر ڕێگایەکی هاوبەش دەڕۆن. ئەم یەکگرتووییە، لە ڕێگەی هاوکارییەوە، مانادار دەبێت. بە بۆچوونی من دەتوانین ناوی بنێین یەکگرتوویی پرۆسەکە. ئەو بەرپرسە ئەوەشدەخاتەڕوو مادەم ئەردۆغان لە وتارەکەیدا ڕەخنەی لە هەڵەکانی پێشووی دەوڵەت گرتووە و ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە. وتیشى: باسی کوشتنی تاوانبارانی نەناسراو و تۆری سپی و سووتاندنی گوندەکان و ئەو کاتانەی کرد کە قسەکردن بە زمانی کوردی قەدەغە کرابوو، ئەمەش شتێکی گرنگە، ئەم جۆرە لێدوانانە گرنگن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەوپێش بچێت. پەروین بوڵدان جەختى کردەوە زانیاری هەبوو کە بەم زووانە کۆمیسیۆنەکە دادەمەزرێت. وەک ئەمڕۆ ڕایگەیاند، دەبێت هەموو هەنگاوە پێویستەکان بە زووترین کات بەبێ دواکەوتن بنرێت. وتیشى: تا پرۆسەکە درێژتر بێت، هۆکاری زیاتر بۆ ئیستفزازی و دەستپێشخەرییەکانی دیکە سەرهەڵدەدەن دەبێت هەنگاوەکان بە خێرایی بنرێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەم زووانە سەرکەوتوو بێت. دوای ئەوەى دوینێ لە سلێمانى گرووپێک گەریلا لەڕێوڕەسمێکى سمبولیکیدا چەکەکانیان سوتاندو و لەناوبرد، ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە سی و دووهەمین کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری و هەڵسەنگاندنی ئاک پارتی وتارێکى پێشکەشکرد. ئەو رایگەیاند، خەریکە 'رێکخراوی تیرۆر" کۆتایی دێت و "ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی نوێی مێژوویی لە تورکیا دەستپێدەکات." ئاماژەی بەوەش کرد، "رێگری لە قسەکردن بە کوردی تیرۆری زیاتر کرد." ئەردۆغتان دەڵێت: تورکیا هەنگاو دەنێ بۆ داهاتووی 100 ساڵەی خۆی، هەموو کارەکانمان بە راوێژکاری و هەرەوەزی بەڕێوەدەبەین، لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی چەندین هەنگاومان بۆ چارەسەریی کێشەکە ناوە، ئەشکەنجەکانی زیندانی ئامەد و قەدەغەی زمانی کوردی هەڵە بوو، خوێنڕشتن و فرمێسکی دایکان دەوەستێت.
حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق، هۆکارى دواکەوتنى هەناردەکردنەوەى نەوتى بۆ رێکنەکەوتن لەسەر بڕى پێداویستیى ناوخۆیى هەرێمى کوردستان گەڕاندەوە و گوتى، "لەسەر 46 هەزار بەرمیل رێککەوتوون، بەڵام هەولێر داواى 65 هەزار بەرمیل نەوت دەکات". وەزیرى نەوت، بە ئاژانسى هەواڵى فەرمیى عێراقى گوتووە، یاساى بودجە بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوتی دیاریکردووە، کە پێویستە هەرێمی کوردستان رۆژانە رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات. راشیگەیاند، لەم ماوەیەدا گفتوگۆ و دانوستانی زۆر سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە کراون، لەبەر رۆشنایی ئەو دانوستانانە، هەموارکردنەوەیەک بۆ یاسای بودجە کرا بە ئامانجی خێراکردنی پرۆسەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە. ئاماژەى بەوەشکردووە، لەسەر ئەو بنەمایە تێچووى بەرهەمهێنانى یەک بەرمیل نەوت لە هەرێمى کوردستان بۆ 16 دۆلار زیادکراوە. وەزیرى نەوت، دەشڵێت، "ئەم رێککەوتن و هەموارکردنەوەیە خرایە بەردەم حکومەتی هەرێمى کوردستان، رەزامەندیی راستەقینەی لەسەر هەبوو، خرایە بەردەم ئەنجوومەنى نوێنەران و سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانیش ئەم هەموارکردنەوەیەیان پەسەند کرد، داواشمان کرد هەرێمى کوردستان جێبەجێی بکات". گوتیشى، "ھەندێک بابەت ھەن، کە بوونەتە رێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنەدا". لەو بارەیەوە ئاماژەى بەوەکردووە، بەگوێرەى یاساى بودجە و رێککەوتنى دیوانی چاودێری دارایی ھەردوو حکومەتی فیدراڵی و ھەرێمى کوردستان، پێداویستیى ناوخۆی هەرێمی کوردستانی بە 46 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دیاریکراوە، بەڵام ھەرێمی کوردستان ئێستا داوا دەکات کە ئەم بڕە 65 بەرمیل بێت". ئەوەشى بە پێچەوانەى یاساى بودجە ناوبردووە. وەزیرى نەوتى عێراق، دەشڵێت، "ئێمە لەسەر زۆرینەى بڕگەکان رێککەوتووین جگە لە بڕگەی بەکارهێنانى پێداویستیى ناوخۆ نەبێت". هیواشیخواستووە هەرێمى کوردستان ئەم بڕە قبوڵ بکات، کە دیوانى چاودێرى دارایى هەردوولا لەسەرى رێککەوتوون. ئاماژەى بەوەشکردووە، وەک حکومەتی فیدراڵی لایەنی تورکی و کوردیان لە ئامادەیی خۆیان بۆ وەرگرتن و هەناردەکردنی نەوت ئاگادارکردووەتەوە، گوتیشى، "بەڵام چاوەڕێی براکانمان لە هەرێمى کوردستان دەکەین ئەم بڕە نەوتە رادەستبکەن بۆ ئەوەی بتوانرێت هەناردە بکرێت". بەگوتەى وەزیرى نەوت، حکومەتی فیدراڵی ئێستا رۆژانەى بەهۆى هەرێمى کوردستانەوە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل لەدەستدەدات، چونکە ئەو بڕەی لە هەرێمى کوردستان بەرهەمدەهێنرێت لەلایەن رێکخراوى ئۆپیکەوە وەک بەشێک لە پشکی عێراق هەژمار دەکرێت.
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، بەسێ هۆزات کە پێشەنگایەتی مەراسیمی چەک لەناوبردنی گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد تەنها ئەو جل و بەرگ و ڕەنگى جیاوازى هەبوو لە ٢٩ گەریلاکەى دیکە. بەسێ هۆزات لەچاوپێکەوتنێکدا لەدواى مەراسیمەکە خۆى وەڵامى ئەوەدەداتەوەو دەڵێت: 'جلوبەرگەکەم، ناسنامە سیاسییەکەم دەردەخات'. بەسێ هۆزات سەبارەت بە پرسیاری "بۆچی جلوبەرگەکەت لە گەریلاکانی تر جیاواز بوو"، گوتی: "من وەک نوێنەری تەڤگەرێکی سیاسی بەشداری مەراسیمەکە بووم. بۆیە جلوبەرگێکی جیاوازم هەڵبژارد. من نوێنەرایەتی ئەرکی هاوسەرۆکایەتی کەجەکە دەکەم". دوێێێ ٣٠ گەریلا لە ڕێوڕەسمێکى سمبولیکیدا چەکەکانیان لەناوبرد بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە و 29 گەریلای دیکە لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری سلێمانی هاتنە خوارەوە و لە ڕێوڕەسمێکى سمبولیکیدا چەکەکانیان لەناوبرد، ڕایانگەیاند: به ئیرادهی ئازادی خۆمان، چهكهكهمان لهنێو دهبهین. گرووپێکی گە.ریلا بەناوی گرووپی (ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی) کەژمارەیان ٣٠ گەریلابوو ١٥ ژن و ١٥ پیاوو، چەکیان سوتاند بەبەرچاوى میدیاکان و شاندى حکومى و بیانى لەناوبرد. ڕاگەیاندراوێکی مێژووییان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، لە چوارچێوەی بانگەوازییەکەی ڕێبەری گەلان و وەک نیازپاکییەک بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە ئیرادەی ئازادیی خۆمان چەکەکانمان لەناودەبەین. ئەمڕۆ شەممە سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، چەکدانانی یەکەم گرووپی گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان، واتە دەستپێکردنی لاپەڕەیەکی نوێ بۆ وڵاتەکەی. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ لە گوتارێکدا لە ئەنقەرە لەبارەی چەکدانانی دوێنێی گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە قسەی کرد و رایگەیاند، "ئەمڕۆ رۆژێکی نوێیە؛ لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژوودا هەڵدرایەوە. ئەمڕۆ دەرگەکانی تورکیای گەورە و بەهێز بە تەواوی کرانەوە."
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە دوای کۆتاییهاتنی پشووی یاسادانان، پەرلەمانی عێراق دەست بە دانیشتنەکانی بکاتەوە، فراکسیۆنی پارتیش وەکو هەڵوێست وەرگرتن بەشداریی لە کۆبوونەوەکە ناکات. ئەمەش لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەڵوێستێکی یەکگرتوویان نییە و بڕیاری کۆتاییان لەبارەی پێکەوە بەشداریکردن یان بایکۆتکردنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ شەممەی پەرلەمانی عێراق نەداوە. فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە گەورەترین فراکسیۆنی کوردستانییە لە پەرلەمانی عێراقە، ڕایگەیاندووە ناچینە کۆبوونەوەی پەرلەمان و بەشدار نابین. ئەم وەرزە، دوایین وەرزی یاسادانانی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقە، بۆیە چاوەکان لەسەر تێپەڕاندنی چەند یاسایەکی گرنگن، بەشێک لە پەرلەمانتارانیش باوەڕیان وایە بەهۆی ئەوەی عێراق چووەتەناو دۆخی هەڵبژاردنەوە، ئەم خولەی پەرلەمان ناتوانێت هیچ یاسایەکی گرنگ دەربکات. فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک دووەم گەورەترین فراکسیۆنی کوردستانی، بەشداریی دانیشتنەکە دەکات. غەریب ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی بە ڕاگەیاند، "لە بەغداین و هیچ بڕیارێک نییە بایکۆتی کۆبوونەوەکە بکەین." ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی گوتیشی، "جێگرەوەی گفتوگۆ تەنیا گفتوگۆیە. دەبێت لەپێناو چارەسەری کێشەکان، بەتایبەتی پرسی مووچە، یەک گوتار و پشوودرێژ بین." هەریەک لە فراکسیۆنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەرییش هەڵوێستی خۆیان بەستووەتەوە بە کۆبوونەوەی نێوخۆیی و راوێژ لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانی دیکە. سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری و دارا سێکانیانی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو، وتیان، بڕیاری کۆتاییان نەداوە و پێش دانیشتنەکە هەڵوێستی خۆیان رادەگەیێنن. بەگوێرەی بەرنامەی کار، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەی دوایین وەرزی یاسادانانی ئەم خولەی پەرلەمان بەڕێوەبچێت. ئەمەش لەکاتێکدایە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و هەردوو جێگرەكەی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و بە ئامادەیی فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پیرمام لە كۆبوونەوەدایە. بەپێی زانیارییەكان بەشی سەرەكی گفتوگۆكان تەرخان دەكرێت بۆ پرسی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد و موچەو نەوت، پارتی لە میدیاكانیەوە ئاماژە بە كشانەوە دەكات لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، بەڵام لە دوێنێوە، لەلایەن بەشێك لە سەركردە سیاسیەكانی عێراقەوە پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ سەركردەكانی پارتی هەیە بۆ ئەوەی هەڵوێست و بڕیار نەدات سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی لە عێراق. هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی سبەینێ چوار چێوەی هەماهەنگی شیعەكان كۆببێتەوەو بڕیارێك لەسەر كێشەكان بدات و دادگای فیدراڵیش فەرمانی سالاریی سەبارەت بە موچە دەربكات. بەڵام هێشتا روون نیە پارتی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاری كشانەوە دەدات یاخود بەردەوام دەبێت لەسەر هەوڵەكانی بۆ چارەسەری كێشەكان.