موراد قەرەیلان، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، لە پەیامێکدا بۆ فێستیڤاڵی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرات لە دۆرتمۆند، رایگەیاندووە، بەبێ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجەلان، ئاشتیی راستەقینە نایەتەدی. هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە بڕیاری سوتاندنی چەکەکانیان "بڕیارێکی ئاسان نەبوو"، بەڵام نیشانەی پابەندبوونیانە بە پرۆسەی ئاشتییەوە. فەرماندەی هەپەگە موراد قەرەیلان لە چیاکانی کوردستانەوە بۆ ٣٣هەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی چاندی کوردی کە بە بەشداربوونی دەیان هەزار کەس لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا ڕێکخراوە، پەیامێکی ڤیدۆیی نارد. لە پەیامەکەیدا، کە لە فێستیڤاڵى ئاشتى و کۆمەڵگەى دیموکرات لە دۆرتمۆند پێشکەشی ئامادەبووان کرا، موراد قەرەیلان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە "بەبێ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجەلان، ئاشتیی راستەقینە نایەتەدی." ئەمەش وەک پێشمەرجێک بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەیەکی ئاشتیی هەمەلایەنە لێکدەدرێتەوە. قەرەیلان گوتیشی: "پێویستە تورکیا بزانێت لە بڕیارێکی بوێرانەدا لە 12ی تەممووز کاتێک چەکەکانیان سوتاند، بڕیارێکی ئاسان نەبوو."  ئەو بە گرنگییەوە ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم هەنگاوە "دەرخەری ئەو راستییەیە، کە بە شێوەیەکی ستراتیژی چووەتە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە." ئەمەیش وەکو پەیامێک بۆ تورکیا دێت بۆ ئەوەی رەخنەکانیان بە جدی وەربگرێت و هەنگاو بنێت بەرەو چارەسەری سیاسی. تەواوى پەیامەکە.. "گەلی هێژامان، بەناوی تەڤگەر و هەموو هەڤاڵانمانەوە سڵاوتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. ئەم فێستیڤاڵە کولتووریەتان لێ پیرۆز دەکەم. لە قۆناغێکدا کە سیاسەتەکانی قڕکردن و تواندنەوە لە دژی گەلەکەمان بەڕێوەدەچێت، ئەم فێستیڤاڵە کە ماوەی ٣٣ ساڵە لە شارە جیاوازەکانی ئەورووپا ئەنجام دەدرێت، زۆر گرنگە. هەر هەبن! وڵاتپارێزان گەلە بە شکۆکەمان! وەک دەزانن، لە بانگەوازە مێژووییەکەی ٢٧ـی شووباتی ڕێبەر ئاپۆ بە دواوە، تێکۆشانی ئازادی کوردستان پەڕییەوە بۆ قۆناغێکی تر. لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین شەڕ هەیە و پلانی سەرلەنوێ داڕشتنەوە لە ئارادایە. ڕێبەر ئاپۆ ئەم پرۆسەیەیی وەک قۆناغێکی کارەسەتاوی بینی و بەم هۆکارە وەڵام بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی دایەوە. ڕێبەر ئاپۆ لەم قۆناغەدا بڕیارگەلی زۆر گرنگی دا. ئێمەیش وەک تەڤگەر، لەگەڵ کۆنگرەی ١٢هەمینی پەکەکەدا ئەم بڕیارە گرنگ و ستراتیژیانەمان قبوڵ کرد و دواتر یەک بە یەک جێبەجێمان کرد. بەڵام دەوڵەتی تورک تاوەکو ئێستا بەدەر لە هەندێک هەوڵی ئاسایی هیچ هەنگاوێکی نەناوە. چارەسەری پێویستی بە دوو هەنگاوی سەرەکی هەیە وڵاتپارێزانی بە شکۆ و هەڤاڵانی هێژا، لەم کاتەدا ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پەرەدان بە خوشک-برایەتی گەلان؛ کەسانێک هەن کە دەیانەوێت وەک ملازگرری ١٠٧١  وساڵانی ١٩٢٠ لە نێوان گەلی کورد و تورکدا هاوپەیمانێتی و خوشک-برایەتی پێشبخەن.  ئێمەش بۆ ئەمە ئامادەین، بەڵام پرسی کورد، پرسێکی سەد ساڵەیە. سەرەتا پێویستی بە دڵسۆزییە، پێویستی بە متمانەیە، هەنگاوی گەورەی دەوێت، بەڵام دەوڵەتی تورک تا ئێستا پراکتیک و هەوڵێکی بەم شێوەیەی نیشان نەداوە. چاودێری دەکەین. ئایا بەڕاستی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک دەیانەوێت ئەم پرسە مەزنە چارەسەر بکەن یان نا؟ دوو هەنگاوی سەرەکی پێویستە بۆ چارەسەری. یەکەم، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی جەستەیی ئازاد ببێت. دووەم، دەبێت چاند و زمانی کوردی ئازاد بێت، یەکسانی کەلتووریش بەدی بهێنرێت. گەر ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، زیندانەکان پڕبن گەریلا چۆن چەک دابنێت؟ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی کەسێک نییە؛ وەک هەموو گەل و هەڤاڵان، ئازادی خۆمان لە ئازادی ڕێبەر ئاپۆدا دەبینین. چونکە بۆ ئێمە شوناس و تەلارسازی ئەم پرۆسەیەیە. بەردەنگ و دانوستانکاری سەرەکییە. دەبینین کۆمیسیۆنێک دامەزراوە. باشە، کۆمیسیۆن بۆ ئەم خەباتە، بۆ ئەم پرۆسەیە دامەزراوە، بەڵام هەوڵدەدەن ئەو کەسەی پەرەی بەم پرۆسەیە داوە و بیناسازی ئەم پرۆسەیە لە پرۆسەکە دوور بخەنەوە. گفتوگۆیەکی وەها دەکەن چاوپێکەوتن بکەین یا نا. ئەوکەسەی ئەم پڕۆسەی پەرەپێداوە، ئەوە. ئەگەر کۆمیسیۆنێک بۆ ئەم پرۆسەیە دامەزرابێت، دەبێت لەگەڵ بیناسازی ئەم پرۆسەیە کۆببیتەوە. چاوپێکەوتن لە لایەک، دەبێت ئازاد بێت. ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، هیچ شتێک بەدی نایەت. دەبێت هەموو کەسێک ئەمە بزانێت. ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت و زیندانەکان پڕبن، گەریلا چۆن چەک دانێت؟ خوشک-برایەتی گەلانی کورد و تورک چۆن بەدی دێت؟ ئاشتی ناوخۆیی کە باسی دەکەین چۆن بەدی دێت؟ هەم ئەمە دەبێت، هەمیش بنیاتنەری ئاشتی لە زینداندا بێت و ئاشتی ڕاستەقینە بەدی دێت! ئەمە چۆن بەدی دێت! ڕوونە ئەمە بەم شێوەیە نابێت. سەرەتا دەبێت ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بێت. دەبێت قەدەغەکردنەکان هەڵبگیرێن. بەم شێوەیە دەتوانین خوشک-برایەتی ڕاستەقینە پەرە پێبدەین، ئاشتی ڕاستەقینە بەدی بهێنین. ئێمە بۆ ئەمە ئامادەین. دەبێت هەمووکەسێک جدیەتی ئێمە ببینێت دەبێت هەموو بەرپرسانی دەوڵەتی تورک و هەمووکەسانی پەیوەندیدار بزانن تا ئێستا سوێندمان لەسەر چەک دەخوارد، بەڵام لە ١١ی تەمموزدا بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ بەسێ هۆزات هەنگاوێکی گرنگ نرا. چەکمان سووتاند! ئەمە شتێکی ئاسان نییە. گەر بە شێوەیەکی ستراتیژییەوە لەم پرۆسەیە نزیک نەبووینایەتەوە، ئەوەمان نەدەکرد. هەربۆیە هەمووکەسێک بە تایبەتی دەوڵەتی تورک دەبێت جدیەتمان ببینن. ئێمە بێچارە نین. چارەسەرمان هەیە. وەک گەلی کورد و وەک تەڤگەر لە ناوهەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەهێزین. پێویستە هەموو کەسێک ئەمەی زانیبێت. لەبەرئەوەی هەڕەشە و فرت و فێڵ سەرناکەون. با هەموو کەسێک لەمە تێگەیشتبێت. بەڵام گەر لە دڵەوە خواست هەبێت، ئێمەیش بە ڕاستی بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی ئامادەین. ڕێبەرێتیمان ئەم بڕیارە ستراتیژییەی داوە؛ ئێمەیش پشتگیری لێ دەکەین. بەڵام لەم  بابەتەدا دەبێت نزیکایەتی بەرپرسیارانە هەبێت. بەڕاستی دەبێت هەنگاوگەلی جددی بنرێت. بەڕاستی بۆئەوەی بزانین کەوتووینەتە پرۆسەی چارەسەرییەوە پێویستی بەمە هەیە. مافی هیوا بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەبێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە هەرێمەکەدا گەلی هێژامان، دۆست و هەڤاڵانی بە شکۆ! ئەورووپایش ڕۆڵی هەیە لە دەرکەوتنی پرسی کورددا. ئێوە کە ئێستا لە ئەورووپادان، ئەم پرسە لە لۆزانەوە سەریهەڵداوە. لەم کاتەدا کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا لە دوای دوو رۆژی تر کۆدەبێتەوە، تاوتوێی بابەتی 'مافی هیوا' دەکات. ئێوەیش دەزانن پێشتر دەوڵەتی تورک پەیامی بۆ ناردبوون. کاتی ئەوە هاتووە هەنگاو بنێت. دەوڵەتی تورک تا ئێستا هەنگاوێکی نەناوە. گەر ئەنجوومەنی ئەورووپا دەیەوێت ئاشتی پێکبێت و کۆتای بە شەڕ و کوشتن بێت، دەبێت بە بەرپرسیارێتییەکانی هەستێت. پەیوەست بەوانەوە ئەمە داوای ئێمەیە؛ لە پێناو ئاشتییدا هەنگاوی ئەرێنی بنێنن. لەگەڵ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و دابینکردنی مافی هیوادا سەردەمێکی نوێ لە هەرێمەکەدا دەست پێدەکات. بەم هۆکارە دەبێت ئێوەیش بە بەرپرسیارێتی خۆتان هەستن. هەڤاڵانی هێژا ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئێوەیەشەوە هەیە. دەبێت ئێوە لەبەر دەرگای ئەنجوومەنی ئەورووپابن و داوایان لێ بکەن هەنگاوی ئەرێنی بنێن. بڕیارێکی درووست بدەن. مافی گەلەکەمانە لەسەر خاکی خۆی بە شێوەیەکی ئازادانە بژێت، ئەمە ماف و بابەتێکی سرووشتی گەلەکەمانە، نابێت هیچ کەسێک ببێتە ڕێگری ئەمە. ئەم پرۆسەیە، پرۆسەی تێکۆشانە هەڤاڵانی هێژا و وڵاتپارێزانی بەشکۆ! ئەم پرۆسەیە، پرۆسەیەکی گرنگە. پێویستە کاری زیاتر بکەین. دەبێت هاوپەیمانانمان، دۆستانمان، ڕێکخراوە دۆستەکانمان، کەسانی دۆست و وڵاتپارێزانی کوردستان لەم قۆناغەدا بە شەو و ڕۆژ کاربکەن. کاربکەین و دەستی ڕێبەر ئاپۆ بەهێز بکەین. چارەسەری دەتوانێت بەم شێوەیە پێشبکەوێت. ئەگەرنا چارەسەری نایەتە دی. ڕێبەر ئاپۆ ئەم پرۆسەیەی، وەکو پرۆسەیەکی تێکۆشان ڕاگەیاند. لەبەرئەوە پێویستە تێکۆشان بەهێز بکەین. وڵاتپارێزانی هێژا! وەکو ئێوەش دەزانن وڵاتەکەمان کوردستان، وەکو بەهەشتە بەڵام دوژمنان کردوویانەتە دۆزەخ. لەبەرئەوە لە وڵاتەکەمان سیاسەتی کۆچبەرییان پەیڕەوکرد. لەبەرئەوە ئێوە بڵاوبوونەتەوە لە سەرەنسەری جیهان. ئەمەیان بۆیە کرد، تاوەکو لاوازمان بکەن. بینیتان؛ لە بەستا، جودی و گابار لە هیچ کام لە دەڤەرەکان کەسی لێ نییە. بۆئەوەی لاوازمان بکەن، ئەمەیان کرد. بەڵام دەتوانین ئەم دۆخە پێچەوانە بکەینەوە. لە ئەورووپا لە ئێستادا زیاتر لە دوو ملیۆن نفوسمان هەیە. جیهان، جیهانێکی گلۆباڵە. پرسی کورد، پرسێکی گلۆباڵە؛ پرسێکی جیهانییە. وڵاتپارێزانی ئەورووپا، پێویستە خۆتان بەڕێکخستن بکەن و دەست بە چالاکی بکەن و ئێوە دەتوانن تێکۆشانی گەلی کورد و کوردستان زیاتر بەڕێوەبەرن. بەم مەبەستە پێویستە خۆتان بەڕێکخستن بکەن. لە سەرەتادا پێویستە ژنان و گەنجان دەست بە جووڵە و چالاکی بکەن. کۆمون دابمەزرێنن، ئەنجوومەن دابمەزرێنن و با هەمووان خۆیان بەڕێکخستن بکەن. پێویستە هەر وڵاتپارێزێک وەکو دیپلۆماتکارێک کاربکات و کارمەندان و خەڵکی بەڕێکخستن بکات. پێویستە بەم شێوەیە بەهێزکردن ئەنجامبدرێت. بەم شێوەیە پێویستە پشتگیریی لە شۆڕش لەم سەردەمەدا بەهێز بکرێت. پێویستە بەشداربوونێکی زیاتر بۆ هەڵمەتەکە هەبێت. لە هەموو سەردەمەکان زیاتر ئەم سەردەمە پێویستی بە پشتگیری هەیە. ئەو چالاکوانانەمان کە دژی قڕکردنی ژینگە دەوەستنەوە، گەلی بۆتانمان سڵاودەکەین و چالاکییەکەیان سڵاودەکەین. پێویستە خاوەندارێتی لە هەموو شتێکی خۆمان، لە هەموو بەهایەکی خۆمان بکەین. بە خۆشەویستییەوە کوردستانیانی هێژا و گەنجانی ئینتەرناسیۆناڵمان، کە بە ڕێپێوانی درێژ هاتوونەتە لاتان سڵاودەکەین. ڕۆڵ و ئەرکی ئەوان لەم پرۆسەیەدا گرنگتر دەبێت. گەلی هێژامان و وڵاتپارێزانی بە شکۆ!  ئێمە بە ئاسانی نەگەیشتووینەتە ئەم ڕۆژانە. قوربانی زۆرمان دا. شەهیدی قارەمانی زۆرمان دا. دواییترینیان قارەمانانی وەکو شەڕی بەرخۆدانی زاپ، مۆردەم چەولیک و سیمبولی خوشک-برایەتی گەلانی کورد و تورک، گوڵی تەڤگەرمان هاوڕێی هێژامان ئامینە ئەرجیەسمان لێ شەهیدبوو. لە کەسایەتیی ئەم دوایین شەهیدانەماندا و لە کەسایەتیی هاوڕێیان فواد (عەلی حەیدەر قەیتان)، ڕەزا (ڕەزا ئاڵتون)، سۆفی (نوورەدین سۆفی)، کۆچەرۆ (مەتین ئەرسەلان)، سارا (ساکینە جانسز) و دەلال ئەحمەد (هوڵیا ئەرۆگڵو)دا، هەموو شەهیدانی قارەمان بە ڕێز و پێزانینەوە بەبیردەهێنمەوە. ئەو بەڵێنە دووبارە دەکەینەوە کە پێمان داون. خەیاڵەکانیان دەگەیەنینە حەقیقەت. ئەی شەهیدان، با دڵتان ئارام بێت؛ خوێنتان لە زەوی نامێنێتەوە! پێویستە بۆ هەموو بارودۆخێک ئامادە بین وڵاتپارێزانی هێژا! کەوتووینەتە سەردەمێکی زۆر گرنگ. لە ئێستادا ڕوون نییە کە ئەم پرۆسەیە چۆن بەرەو پێش دەچێت. پێویستە بۆ هەموو بارودۆخێک ئامادە بین. بەڵام بەر لە هەر شتێک پێویستە هەنگاوی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ، ڕێپێوانی سۆسیالیزمی دیموکراتیک بە بەهێزی پێشبخەین. بەم بۆنەیەوە بەناوی تەڤگەرمانەوە لە ئێستاوە سەرکەوتن بۆ هەمووتان دەخوازم. هەمووتان بە ڕێزەوە سڵاودەکەم. و دەڵێم بژی تێکۆشانی گەلەکەمان، بژی سەرۆک ئاپۆ. هەمیشە و هەمیشە سەرکەوتووبن!"

ماڵپەرى میدڵ ئیست ئای بڵاویکردەوە، قاهیرە هۆشداری توندى داوەتە  ئیسرائیل بۆ هەر هێرشێکی هاوشێوەى قەتەر بۆ سەر کەسایەتییەکانی بزووتنەوەی حەماس لە میسر وەک ڕاگەیاندنی شەڕ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بەرپرسانی باڵای میسر بە "میدل ئیست ئای"یان ڕاگەیاندووە، میسر ئاگادارى پیلانی ئیسرائیلە بۆ بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە قاهیرەو هۆشداری داوەتە ئیسرائیل کە هەر هێرشێک بە هێز وەڵام دەدرێتەوە. سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی بەماڵپەرەکەى ڕاگەیاندووە، “ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئەوە دەردەخەن کە ئیسرائیل ماوەیەکە پیلانی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حەماس لە قاهیرە دادەڕێژێت، چونکە میسر پێشتر هەوڵێکی پێشووی لە کاتی دانوستانەکانی ئاگربەست لە شارەکەدا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا پووچەڵ کردبووەوە”. ئەو سەرچاوە ئەمنییە وتی: هەر هەوڵێک بۆ سەر ژیانی سەرکردەکانی حەماس لەسەر خاکی میسر لەلایەن میسرەوە بە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی دادەنرێت و بەو پێیەش بە ڕاگەیاندنی شەڕ لەلایەن ئیسرائیلەوە، کە ئێمە درێغی ناکەین لە تۆڵەسەندنەوە. هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە کە کەسایەتییە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی حەماس لە میسر ژیاون، بەڵام سەرچاوە ئەمنییەکە بە MEEی ڕاگەیاندووە، لە لێدوانە تایبەتەکاندا، چەند ساڵێکە چەند ساڵێکە لەو وڵاتە نیشتەجێن، تەنانەت پێش شەڕی ئێستای غەززە. ناسنامە و ژمارە و شوێنی وردیان بە هۆکاری ئەمنی ئاشکرا نەکراوە. بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، بەرپرسانی میسر داوایان لە هاوتا ئیسرائیلییەکانیان کردووە بگەڕێنەوە بۆ دانوستانەکان و کار بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە بکەن، نەک ناوچەکە بەرەو شەڕی بێکۆتایی و پەرەسەندنی گرژییەکان ڕابکێشن. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "پەیوەندییەکانی میسر و ئیسرائیل لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی بێبڕیاربوونی تەلئەبیب بەرامبەر بە ئەگەری ئاگربەستی غەززە گرژ بووە". بەرپرسانی میسر ئاگاداری هەوڵەکان بوون بۆ گواستنەوەی بەرپرسیارێتی داهاتووی غەززە - لەنێویاندا ئەگەری ئاوارەبوونی فەلەستینییەکان بۆ باکووری سینا - بۆ سەر قاهیرە.

میدیاکانى تورکیا ئەمڕۆ بڵاویاننکردەوە ئیسرائیل بە بێدەنگی و بەنهێنى وەجبەی دووەمی سیستمى دژە مووشەک و چەند جۆرێکى دیکەى چەک و کەرەستەى سەربازى گەیاندوەتە حکومەت و ئیدارەی قوبرسی یۆنانی، ئەمەش دوابەدوای هەڕەشەکانی تورکیاو زیادبوونى گرژیەکان.  ئیدارەی قوبرسی یۆنانی بەهاوکارى ئیسرائیل  سیستەمی بەرگری ئاسمانی "باراک ئێم ئێکس"ی لە سەر خاکی قوبرس جێگیر کردووەو  ئامادەکاری دەکات بۆ بەرگریکردن لە بنکەی ئاسمانی خۆی لە پافۆس بە مووشەکەکانی باراک ئێم ئێکس کە لە ئیسرائیلەوە وەریگرتووە.  ئەو سیستمە موشەکانەی بەرگری ئاسمانی لە ئیسرائیلەوە دەگەنە بەندەری لیماسۆڵ گەڕۆکن و وەک سیستەمی بەرگری ئاسمانی نزم پۆلێن دەکرێن. ئەم سیستەمە دەتوانێت لە یەک کاتدا چەندین فڕۆکە بکاتە ئامانج و لە دژی کۆپتەر و فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێ فرؤکەوانەکان کاریگەرە. هەروەها ئەو مووشەکانە بەشێکن لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئاسن دۆم"ی ئیسرائیل. وەزیری بەرگری قوبرس ڕایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەى لە ژێر هەڕەشەی ٤٠ هەزار سەربازی تورکیا لە TRNC دایە و جەختی لەسەر پێویستی بەرنامەی چەکی نهێنی کردەوە. ئیسرائیل وەجبەی دووەمی مووشەکی بەرگری ئاسمانی باراک ئێم ئێکسی ڕادەست کرد، کە بەشێکە لە سیستەمی "قوببەى ئاسنین" کە چوار ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ئیدارەی قوبرسی یۆنانەوە فەرمانی پێکرابوو.  مووشەکەکانی بەرگری ئاسمانی لە بەرزایەکانى قوبرس  کە یەکەم وەجبەیان لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو گەیشتە ئەوێ جێگیرکراون، بڕیارە وەجبەى دوەمیش لە دەوروبەری بنکەی ئاسمانی ئەندرێاس پاپاندرۆ لە پافۆس جێگیر بکرێن.

نادین ئەیوب، یەکەم کچە فەلەستینی کە بەشداری پێشبڕکێی شاجوانی گەردوون دەکات، دەڵێت دەیەوێت پەیامێک بۆ جیهان بنێرێت کە فەلەستینیەکان تەنها گەلێکی ئازارچێشتوو نین، بەڵکو خەون و ئاوات و ناسنامەیەکیان هەیە. هاوکات لەگەڵ بەردەوامی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە کە زیاتر لە ٢٣ مانگە بەردەوامە، ئەو کچە تەمەن ٢٧ ساڵە خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو پێشبڕکێیەدا، کە بڕیارە لە مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵدا لە تایلەند بەڕێوەبچێت. ئەیوب لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس لە دوبەی وتی: ئێمە تەنها خەبات و ئازارەکانمان نین. هەروەها فەلەستینییەکان منداڵن کە دەیانەوێت بژین، هەروەها ژنانی خەون و ئارەزوویان هەیە. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە لە ڕێگەی بەشداریکردنیەوە دەیەوێت تیشک بخاتە سەر جوانی خاکەکەی و دەوڵەمەندی میراتەکەی و لە سەرووی هەمووشیانەوە وێنەی مرۆیی گەلەکەی. ئەو ژنە گەنجە پێستی سپی و قژ قاوەیی درێژە لە پێشبڕکێکانی جوانکاریدا پەروەردە نەبووە. لە نێوان کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو و ئەمریکا و کەنەدا گەورە بووە و ئێستا لە نێوان ڕامەڵڵا و عەممان و دوبەی دەژی. ئەو دەڵێت: پەیمانگایەکی ڕاهێنانم لە ئیمارات دامەزراند بۆ دروستکەرانی ناوەڕۆک لە بوارەکانی پەیوەست بە بەردەوامیی و زیرەکی دەستکرد، دایک و باوکم ئەکادیمی بوون، بۆیە پاڵپشتیان کردوم  بۆ ئەوەی سەرنجم لەسەر خوێندنەکەم بێت. خاوەنی بڕوانامەی ئەدەبی ئینگلیزی و دەروونناسییە. لە ناوچەکانی فەلەستین وانە دەڵێتەوە و لەگەڵ ڕێکخراوە مرۆییەکان کاردەکات، پێش ئەوەی ڕۆڵێکی لە نمایشێکی جلوبەرگدا لە ئیتاڵیا پێشکەش بکرێت، ئەمەش سەرنجی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. دوای بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی، نادین ئەیوب بەشداری لە چالاکییە خێرخوازییەکان بۆ دامەزراوەکە کرد و لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەشداری لە پێشبڕکێی شاجوانی زەویدا کرد، بەڵام ساڵی دواتر بەهۆی شەڕی غەززە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ سەریهەڵدا، لە بەشداریکردن لە شاجوانی گەردوون کشایەوە. لە کاتێکدا شەڕی وێرانکەر بەردەوامە، شاجوانی فەلەستین پێی وایە دەبێت دەرفەتەکە بقۆزێتەوە بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێی ئەمساڵدا "بۆ قسەکردن لەسەر فەلەستین و نمایشکردنی فەلەستین لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی". ئەو دەڵێت: گەلەکەمان پێویستی بە دەنگێکە. “ئێمە نامانەوێت ناسنامەکەمان بسڕدرێتەوە.” ئەیوب جەخت لەوە دەکاتەوە کە "نوێنەرایەتی وڵاتێک دەکات لە مافی خۆیدا"، کە نزیکەی ١٤٥ وڵات لە کۆی ١٩٣ وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان پێدا دەنرێت. لە نیویۆرک، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی "بەیاننامەی نیویۆرک"ی پەسەند کرد، کە ئامانجی ئەوەیە پاڵنەرێکی نوێ بە چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل بدات و هەوڵدەدات "دەوڵەتێکی سەروەر و سەربەخۆی فەلەستین" دابمەزرێنێت. 142 وڵاتیش دەنگیان بە بڕیارنامەکە دا و 10 وڵاتیش بە نەخێر دەنگیان دا.

سەرۆکی سوریا ڕایگەیاند، هەر دەسەڵاتێک دوو ئەرکی سەرەتای هەیە، ئەویش پاراستنی خەڵک و دابینکردنی بژێوی ژیانیان. ئەمەش بنەمای سیاسەتی سوریا لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بووە. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەل ئەخباریە ئەحمەد شەرع سەرۆکى کاتى سوریا ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە ڕێبازێکی درێژخایەنە، دەست پێدەکات لەوەی کە لەبەردەستدایە و لەسەر بنەمای ئەولەویەتەکانە، جەختیشیکردووەتەوە ئەوەی کە لەبەردەستدایە سنووردار نییە. لشەراع ڕوونیکردەوە، لە ئێستادا لە سوریا کار لەسەر چەند کەرتێک دەکرێت، لەوانە کشتوکاڵ. ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا نزیکەی 1150 هێڵی بەرهەمهێنانی نوێ زیادکراون، جگە لە دەستپێکردنەوەی کارگە لەکارکەوتووەکان. ڕوونیشی کردەوە کە ئیسرائیل پلانی داڕشتبوو بۆ دابەشکردنی سووریا و بیکاتە گۆڕەپانێکی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، بەڵام بە ڕووخانی ئەو ڕژێمە سەری سوڕمابوو. ڕوونیشیکردەوە، ئیسرائیل ئەمەی بە لادان لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 1974 دادەنێت، سەرەڕای پابەندبوونی سوریا بەو ڕێککەوتنە لە سەرەتاوە. شەراع جەختی لەوە کردەوە کە سوریا نایەوێت لەگەڵ هیچ وڵاتێک لە حاڵەتێکی دڵەڕاوکێ و گرژیدا بێت و تۆپەکەش لە گۆرەپانی ئەو وڵاتانەیە کە ناکۆکی و نائارامی هاندەدەن. جەختیشی لەوە کردەوە کە سوریا بەدوای پەیوەندییەکی هێمنانە لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان و ناوچەکەدا دەگەڕێت. لەبەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەیدا سەرۆکى سوریا  ئاماژەی بەوەدا کە ناکۆکییەک لە سوەیدا لە نێوان بەدەوییەکان و ئەندامانی کۆمەڵگەی دروزەکان سەریهەڵدا و ئەو ناکۆکییە پەرەی سەند و بوو بە توندوتیژی. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەرکەکە ڕاگرتنی خوێنڕشتنە، هەروەها لیژنەکان پێکهێنراون بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان و لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانەی کە سووکایەتی یان دەستدرێژییان کردووە. سەبارەت بەڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ هەسەدە ئەحمەد شەرع دەڵێت:  دانوستانەکان لەگەڵ هەسەدە بە باشی بەڕێوەدەچێت، بەڵام پێدەچێت جۆرێک لە دواکەوتن یان وەستان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا هەبێت. هەروەها ئاماژەى بەوەشدا،  ئامانجمان بوو تا کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو بڕگەکانی جێبەجێ بکەین. له کۆتاییدا سوریا دەستبەردارى یەک بست له خاکی خۆی نابێت، ئەمەش سوێندێکه که لەبەردەم خەڵکدا سوێندمان خوارد: پێویسته هه موو خاکی سوریا بپارێزین و سوریا یه کگرتوو بکه ین".

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: عێراق پێویستی بە یاسا و دادگا هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیا و لە یاسا دەرچووان. هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی( ناشناڵ) ڕایگەیاند: عێراق دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت، ئێستا دۆخی ئەمنی لە تەواوی عێراق باشترە و هێرشی تیرۆریستی کەمتر بووەتەوە، بۆیە دەتوانێت وەبەرهێنەری بیانی ڕابکێشێت. زێباری ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆخی عێراق هاندەر بووە بۆ کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بەتایبەتی لە بواری نەوت، بێنە عێراق و وەبەرهێنان بکەن. سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستانیش، هۆشیار زێباری دەڵێت: حکوومەتی عێراق نیازێکی پاکی هەیە و لێکۆڵینەوەی کردووە، بەڵام دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، بکەرانی هێرشە درۆنییەکانی ئاشکرا نەکردووە. هاوکات وتیشى: حکومەتی عێراق نیازى پاکە، هەرچەندە دۆخەکە بە تەواوی سەقامگیر نەبووە، هێرشی فڕۆکه بێفڕۆکەوانەکان كە وەبەرهێنانەکانی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستانی به ئامانجگرت، رەنگە زیان بە متمانەی وەبەرهێنەران بەگەیەنێت. ئەوەشى باسکرد کە حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەی لەم دۆسیەیە کرد، بەڵام کاتێک لێکۆڵینەوەکە تەواو بوو، ناوی  تاوانبارانی دەستنیشان نەکرد، ئەوەش بۆ وەبەرهێنەران بێهیواکەرە. ئاشکراشیکرد، عێراق لە هەموو شتێک زیاتر، پێویستی بە ژینگەیەکی باش و ئارام هەیە بۆ وەبەرهێنەران، هەروەها پێویستی بە یاسا و دادگا هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیا و لە یاسا دەرچووەکان. 

بزووتنەوەی ئیسلامی (حەماس) ڕایگەیاند خەلیل حەییا، ڕێبەری بزووتنەوەکە لە کەرتی غەززە زیندووەو لەڕێوشوێنێکى ئەمنى توندا نوێژی پرسەی بۆ کوڕەکەی و حەمام و شەهیدانی دیکە لە دۆحە ئەنجامداوە. ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى لە بەیاننامەیەکدا حەماس دەڵێن: برا موجاهید دوکتور خەلیل حەییا، بەرپرسی باڵاى بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، نوێژی پرسەی بۆ کوڕە شەهیدەکەی، حەمام و شەهیدانی هەوڵی تیرۆری خیانەتکارانە لە دۆحە ئەنجامدا، ئەمەش دوابەدوای ڕێکخستنە ئەمنییەکانی تایبەت لە ویلایەتی قەتەر". وەزارەتی ناوخۆی قەتەر ئەمڕۆ چوارشەممە کوژرانی جیهاد ڕیاح حەسەن لاباد، بەڕێوەبەری نووسینگەی خەلیل ئەلحەیای پشتڕاستکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەى رۆژی سێشەممە 09-09-2025 ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی ئاسمانیی کردە سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر. ئیسرائیل گوتی، لەو هێرشە چەند سەرکردەیەکی حەماسی کردووەتە ئامانج، لەوانەش خەلیل حەییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و یەکێکە لە سەرکردە هەرە باڵاکانی بزووتنەوەکە. حەماس رایگەیاند، بەرپرسە فەلەستینییەکان کە بۆ دانوستاندنی ئاگربەست چووبوونە ئەوێ، رزگاریان بووە. لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکردووە، ئیسرائیل چەندین بەرپرسی حەماسی کوشتووە، بەڵام بزووتنەوەکە هێشتا ژمارەیەک سەرکردەی ماون، کە ئامانجی ئیسرائیلن. لای خۆیەوە حەماس ڕایگەیاند کە شاندی دانوستانکاری بە سەرۆکایەتی خەلیل ئەلحەیە لە هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاریان بووە. بەڵام کوڕەکەی بە ناوی حەمام و جیهاد لەباد بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەلحەیە و سێ پاسەوان کە بریتین لە عەبدوڵڵا عەبدولواحید و موئامین حەسونە و ئەحمەد ئەلمەملوک کوژران. هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر سەکردەکانی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بێپێشینە و چاوەڕواننەکراو بوو، ئەوەش دەرخەری گۆڕانکاریی گەورەیە لە سیاسەتی نوێی ئیسرائیل بەرامبەر وڵاتانی ناوچەکە.  ئیسرائیل چیتر بە زمانی دیپلۆماسی و مۆدێلی رۆژئاوایی سیاسەت لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناکات، بەڵکو زمانی هێز و مۆدێلی رۆژهەڵاتی بەکاردەهێنێت، چونکە بەو شێوەیە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیسرائیل تێدەگەن، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی شیکاریی پێگەی جیروسلام پۆستى ئیسرائیلى.

سەرەڕای ناڕەزایی ئەمەریکا و ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی دیکە، بەڵام زۆرینە وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چارەسەر و کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، بە مەرج دەنگیان بە دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ فەڵەستینییەکاندا. کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەینی 12ی ئەیلوولی 2025، بە زۆرینەی دەنگ پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین کرد و جاڕنامەی نیویۆرك بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین بێ بوونی بزووتنەوەی حەماس پەسند کرد. لە دانیشتنەکەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، کە لەبارەی دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین و چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ فەڵەستینییەکان و ئیسرائیل بەڕێوەچوو، 142 وڵات دەنگیان لە بەرژەوەندی دامەزراندنی دەوڵەت بۆ فەڵەستینییەکان دا، بەڵام 10 وڵات، سەرەکیترینیان ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەنگیاندا، 12 وڵاتیش دەنگیان نەدا. بە گوێرەی ئەو ڕەشنووسەی دەنگی پشتیوانی زۆرینەی وڵاتانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە دەستهێناوە، دەرفەتێکی دیکە و نوێ دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەردوو وڵات و کۆتاییهێنان بە شەڕ و ململانێی فەڵەستین – ئیسرائیل؛ هاوکات دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەبێت بەبێ بوون و مانەوەی حەماس بێت. هەر لە دەقی ڕەشنووسەکەدا هاتووە، دەبێت بزووتنەوەی حەماس هەرچی زووە چەک دابنێت و پاداشت و دیارییە بۆ حەماس بۆ ئەوەی بارمتە ڕفێندراوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 ئازاد بکات و بگەڕێنێتەوە.

وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان لە سوریا ئەنجامداوە، کە بووە هۆی دەستگیرکردنی چەند شانەیەک کە گوایە پەیوەندییان بە سوپای قودسی ئێرانەوە هەیە. ئەڤیخای ئەدرەعی، وتەبێژی سەربازى سوپاى ئیسرائیل ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکی ورددا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئیسرائیل "لە چەند مانگی ڕابردوودا لە سوریا ئەو شانانەیان دەستگیرکردووە کە لەلایەن یەکەی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ٨٤٠ی سوپای قودسی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێن". ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون بۆ لێکۆڵینەوە گواستراونەتەوە بۆ ئیسرائیل.  هەروەها باسى لەوەکردوە "ئەم شانانە لەلایەن یەکەی ٨٤٠ەوە ئاڕاستە کراون بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی دژی ئیسرائیل". وتەبێژەکەى سوپا دەشلێت: لەماوەى مانگەکانى ئازار و نیسانى ڕابردوودا (٣و٤) دوو ئەندامى یەکەى ٨٤٠ لەسەر خاکى سوریا دەستگیرکراون، هەروەها ئاماژەی بە دەستگیرکردنی شانەکانی دیکە کرد کە "بە ناوی یەکەی 840 لەلایەن کەسانی لوبنانی قاسم سەڵاح ئەلحوسێنی و محەمەد شوعەیبەوە کاردەکران، کە مانگی ڕابردوو لە لوبنان لەناوچوون". ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان "لە کاریگەرترین گروپەکانی میحوەری قاچاخکردنی چەک لە ئێرانەوە بۆ کەناری ڕۆژئاوا و بەرەی باکوور". ئەڤیخای ڕوونیشیکردەوە، دوای لێکۆڵینەوە لە ژمارەیەک ئەندام دەرکەوت کە هەندێکیان نەیانزانیوە کار بۆ کێ دەکەن و دەڵێت، زۆرجار بۆ ئەو ئەرکە دامەزراون بەبێ ئەوەی پاڵنەری ڕاستەقینەی یەکەکە ئاشکرابکرێت و لە ڕێگەی بەرتیلدانی داراییەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر "کەمپەکانی سوپای سوریا لە ڕۆژهەڵاتی وڵات کە لەلایەن ئەم یەکەیە بەکارهێنراون". ئاماژەی بەوەشکرد، "سوپای قودس دۆخی لوبنانییەکان و سوریاییەکان دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی لەڕێگەی فێڵ و بەرتیلەوە وەریانبگرێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی کە ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە".

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە)، لە لێدوانێکدا، داوای کرد ئەحمەد تورک، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی مێردین، بگەڕێندرێتەوە سەر کارەکەی وەک بەشێک لە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر". هاوکات پشتگیریی خۆی بۆ بەردەوامبوونی ئەردۆغان تا ساڵی 2028 و داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دووپاتکردەوە. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "سەباح"ی تورکی، چەندین لێدوانی گرنگی لەسەر ئەمڕۆی سیاسەتی تورکیا دا، کە گرنگترینیان پەیوەست بوو بە سیاسەتمەدارە کوردەکانەوە. لە بەشێکی قسەکانیدا کە بە هەڵوێستێکی چاوەڕواننەکراو دادەنرێت، باخچەلی رایگەیاند: "ئاشتی باڵندەیەکی یەک باڵ نییە. بۆ ئەوەی ئاشتی بفڕێت، پێویستی بە باڵی دووەمە. باڵی یەکەمی ئاشتی لەلایەن ئۆجەلانەوە جێبەجێ کرا، پەکەکە هەڵوەشێنرایەوە و چەکەکان دانران. ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغی ئەوەی کە مەرجەکانی پێکەوەژیان چی بن." لەو چوارچێوەیەدا، بە ئاماژەدان بە ئەحمەد تورک وتی: "ئەحمەد تورک سەرۆکی شارەوانیی مێردین بوو بەڵام لە کارەکەی دوورخرایەوە. ئەو کەسێکە کە بەشداریی کردووە لە دروستکردنی دیالۆگ لەگەڵ پەکەکە بۆ دابینکردنی ئاشتی و ئارامی لە تورکیا. لە دۆخێکی وەهادا، پێویستە ئەحمەد تورک بگەڕێندرێتەوە سەر کارەکەی و بە شارەوانییەکەی شاد ببێتەوە. ئەمە بەشداریی لە گەشەپێدانی هەستی برایەتی و ئاشتیدا دەکات." باخچەلی هەمان بۆچوونی بۆ ئەحمەد ئۆزەر (سەرۆکی پێشووی شارەوانیی وان) دووپاتکردەوە و وتی: "ئەگەر لە شارەوانیدا گەندەڵی یان رەفتاری نایاسایی هەبێت، ئەوە بابەتێکی جیاوازە، بەڵام ئەوەی لە رابردوودا هەندێک بۆچوونی پەیوەست بە پەکەکەی لەگەڵ رای گشتیدا باسکردووە، بابەتێکی ترە. ئەگەر تورکیا چووەتە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە، پێویستە ئەحمەد ئۆزەر ئازاد بکرێت." سەبارەت بە پرۆسەی "ئاشتی"، باخچەلی ئاماژەی بە راگەیەندراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد و وتی: "دامەزرێنەری پەکەکە، ئۆجەلان، لە 27ی شوباتدا راگەیەندراوێکی دەرکرد... پەکەکە هەڵوەشێنراوەتەوە و چەکەکان دانراون. بۆیە پەکەکە و پێکهاتەکانی سەر بەو رێکخراوە لە هەر کوێیەک بن، ناچارن ملکەچی ئۆجەلان بن، رێزی لێبگرن و بەپێی رێنماییەکانی بجوڵێنەوە." پشتگیری بۆ ئەردۆغان: رایگەیاند کە لە هەڵبژاردنی 2028دا بە تەواوی پشتگیریی کاندیدبوونەوەی ئەردۆغان دەکەن. داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: وتی: "پێویستە رەگ و ریشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەربهێنرێت. ئەگەر بەدەست من بووایە، لە ماوەی نیو کاتژمێردا هەموویان دادەخەم." لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپە: داوای کرد تا مانگی تشرینی یەکەم، ئیدعانامەی سەرۆک شارەوانییە دەستگیرکراوەکانی جەهەپە ئامادە بکرێت و دادگاییکردنەکان دەستپێبکەن.

هاوڵاتى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا (10) رۆژ لەمەوبەر لە ڕێگەی نێردراوێکی ئەمریکییەوە، نامەیەکی توندی ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق کردووە، هەڕەشەی بۆردومانكردنی (15) پێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی كردووە لە بەغدادو چەند شارێکی تری عێراق، ئەگەر لە ماوەی یەک هەفتەدا ئەلیزابێس تسورکۆڤ ئازاد نەکرێت،  ترەمپ لە نامەكەیدا بە روونی ئەو شوێنانەشی دەستنیشانكردبوو كە بۆردومان دەكرێن. ڕۆژى چوارشەممەى ڕابردوو پاش زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە رفاندنی، دواجار سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا، ئازادکردنی ژنە توێژەرى ئیسرائیلی  – رووسی، ئێلیزابێس تسورکۆڤیان راگەیاند. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تۆڕی ئێکس نووسیبوى، "پاش چەند مانگێک لەهەوڵدانی گەورەی هێزە ئەمنییەکان، دواجار توانرا هاوڵاتییەکی رووسی بەناوی ئێلیزابێس تسورکۆڤ، ئازاد بکرێت". ماڵپەری "ارم نیوز" كە ئەو زانیارییانەی لە زاری سەرچاوەیەك لە حكومەتی عێراقەوە بڵاوكردووەتەوە، راشیگەیاندووە: سودانی دەستبەجێ دەستی بە جموجۆڵ كردووەو، جدیبونی هەڕەشەكانی بۆ سەرکردەكانی حەشدی شەعبی خستووەتەڕوو  و (واسق بەتات)ی راوێژکاریشی رەوانەی لای (ئەبو حسێن ئەلحمێداوی) ئەمینداری گشتی كەتائیبی حیزبوڵای کردووەو، جەختی لەسەر پێویستی کۆتایی هێنان بەو قەیرانە کردووەتەوە بەهۆی کاردانەوە مەترسیدارەکانی بۆ سەر عێراق. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای زنجیرەیەک پەیوەندی ناوخۆیی و دەرەکی، حمێداوی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئازادکردنی تسورکۆڤ لەچوارچێوەی رێککەوتنێک لەبەرامبەر ئازادکردنی کاپتن (عیماد ئەمهەز) ئەندامی حزبوڵای لوبنانی لە لایەن ئیسرائیلەوە، ئەمە جگە لە ئازادکردنی کوڕەکەی حمێداوی و ژمارەیەک لە ئەندامانی كەتائبیی حزبوڵا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، کە دوای پێکدادانێکی چەکداری لەگەڵ پۆلیسی عێراق لە باشوری بەغداد دەستگیرکران، كە بەهۆی دوورخستنەوەی بەڕێوەبەرێكی گشتی فەرمانگەی کشتوکاڵی بەغداد سەریهەڵداو سەر بەو گروپە بوو.

هاککەرەکانی تورکیا پەیوەندییان بە مۆبایلەکەى وەزیری بەرگریی ئیسرائیلەوەو ئەویش وەڵامیداونەتەوەو توانیویانە هاکى بکەن و وێنەیەکى شاشەى مۆبایلەکەو وەزیریشیان وەک بەڵگە بڵاوکردەوە. میدیاکانى ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، ئێوارەى ئەمڕۆ یسرائیل کاتز وەزیرەکەى ئیسرائیل ئەو زانیاریانە پشتڕاستدەکاتەوەو ڕایگەیاند: پەیوەندیەکم پێوەکراوە بە هەڵە وەڵامی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەم داوەتەوە، یەکسەر تەلەفۆنەکەم داخستووەو هیچ قسەیەکم نەکرد. ئەو تورکانەی کە پەیوەندییان بە مۆبایلەکەی وەزیرەوە کردوە، ژمارەی تەلەفۆنی وەزیرەکەیان بڵاوکردەوە. چەند مانگێکە بەرپرسانی ئیسرائیل بوونەتە ئامانجی هێرشی هاکەرەکان. کۆمپانیای ئەلیکترۆنی دریم دوو هەفتە لەمەوبەر ڕایگەیاند کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشێکی ئەلیکترۆنی ئاڵۆزی ئاشکرا کردووە کە لە ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە و بە قووڵی هاتۆتە ناو سیستەمی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی و گەیشتووەتە ژوورەکانی دانوستان لە قاهیرە.  بەگوێرەی بەیاننامەکەی کۆمپانیاکە، مەبەست لە هێرشەکە "تێکدانی پرۆسەی نێوەندگیری و متمانەی نێوان وڵاتان بووە". لە چوارچێوەی هێرشەکەدا، هاکەرە ئێرانییەکان توانیان بچنە ناو هەژماری ئیمەیڵی ڕاستەقینەی کارمەندێکی باڵیۆزخانەی عومان لە پاریس، بەمەش توانای ناردنی پەیامەکانیان بەدەستهێنا کە پێدەچێت نامەنووسی دیپلۆماسی فەرمی بێت. ئەم ڕاگەیاندنە دوای ئەوە هات کە گروپێکی هاکەری سەر بە ئێران بە ناوی "هەندەلا" ئیدیعای کرد کە توانیویانە بچنە ناو کۆمپیوتەرەکانی پۆلیسی ئیسرائیلەوە و زانیارییەکی هەستیار بە قەبارەی ٢.١ تێرابایت (٢١٠٠ گیگابایت) ببەنە دەرەوە.  لەنێو ئەو بەڵگەنامانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن دزەیان پێکراوە: فایلی لێکۆڵینەوەی نهێنی، لیستی تاوانبارانی سێکسی، پرۆفایلی پزیشکی و دەروونی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان، مۆڵەتی دەمانچە و وێنەی پیشەیی ئەفسەرانی پۆلیس - کە پێدەچێت ڕاستەوخۆ لە سیستەمێکی نهێنی حکومەتەوە وەرگیراون. هاککەرەکان بەشێک لە زانیارییەکانیان لەسەر "تۆڕی تاریک" بڵاوکردۆتەوە و تەنانەت هەڕەشەی ئاشکراکردنی بەڵگەنامەی زیاتریش دەکەن بەم زووانە.

ئاژانسی هەواڵی قەتەر (QNA) ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، دوحەی پایتەختی قەتەر، یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو میوانداری لوتکەی بەپەلەی عەرەبی و ئیسلامی دەکات بۆ تاوتوێکردنی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل کە سێشەممەی ڕابردوو قەتەری کردە ئامانج. سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە کەناڵی جەزیرە نێتی ڕاگەیاندوە، چاوەڕوانییەکان ئاماژەن بۆ بەشداریکردنی بەرفراوانی عەرەبی و ئیسلامی لە لوتکەکەدا، کە ڕۆژی دووشەممە لە دەوحە بەڕێوەدەچێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە وەڵامێکی یەکگرتوو بۆ دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر دادەڕێژرێت. شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن پشتڕاستی کردەوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لوتکەی عەرەبی و ئیسلامی لە دەوحە بەڕێوەدەچێت و تێیدا بەشداربووان بڕیار لەسەر ڕێڕەوی کارکردن دەدەن. ئاماژەی بەوەشکرد، قەتەر داوا لە هاوبەشە ناوچەییەکانی ناکات بە هیچ شێوازێکی تایبەت وەڵام بدەنەوە. سەرۆکوەزیرانی قەتەر و وەزیری دەرەوەی قەتەر جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ئەو هەڕەشانە قبوڵ ناکات کە لەلایەن بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە دەکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، وەڵامێک لە ناوچەکەوە لەگەڵ هاوبەشەکان تاوتوێ دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، نەتانیاهۆ هەڕەشە لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەکات، هەرچەندە ئەوان هیچ مەترسییەکیان بۆ سەری دروست نەکردووە. جەختیشی لەوە کردەوە کە وەڵامێکی ناوچەیی ئامادە دەکرێت و لەگەڵ هاوبەشەکان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، هیوای خۆی دەربڕی کە ئەم وەڵامە "ڕاستەقینە بێت و توانای وەستاندنی قسەی ناشرینەکانی ئیسرائیلی هەبێت". شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی زیادی کرد: پەیامێکی بەهێزمان لە  دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە بیست  سەبارەت بە بۆردومانەکەی ئیسرائیل و ئەم هەڵوێستە بەرز دەنرخێنین، بەڵام دەبێت ڕێوشوێنی کردەیی پەیڕەو بکرێت. ڕوونیشیکردەوە کە ناتانیاهۆ "هەوڵدەدات وتارێکی یاسایی پێشکەش بکات لەکاتێکدا خۆی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و کەرتی غەززە برسی دەکات"، جەختیشی کردەوە کە دەبێت ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە، بەو پێیەی پێشتر لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە داواکراوە. هێرشەکەی ئیسرائیل کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بارەگای نیشتەجێبوونی ڕێبەرانی بزووتنەوەی ئیسلامی (حەماس)ی لەدەوحەی پایتەختی قەتەر کردە ئامانج، بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن چاودێرانی عەرەبی و نێودەوڵەتییەوە ئیدانە کرا، بەو پێیەی نوێنەرایەتی پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەتی قەتەر دەکات، پێشێلکردنی یاسا و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، هەروەها هێرشکردنە سەر دەوڵەتێک کە ڕۆڵی نێوەندگیری لە ئاگربەستی نێوان دەوڵەتانی قەتەردا دەگێڕێت بەرخۆدانی فەلەستین و دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا هەڵوەشانەوەی بڕیاری ڕیگە پێدانی جەنگی لەعیراق   بە دەنگی 261  كۆنگرێسمان بەرامبەر 167 دەنگ پەسەند كرد . ئەمرۆ پێنجشەممە باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتۆن رایگەیاند ، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێگەپێدانی جەنگی عێراقی ساڵی 1991 و 2002ی دەربڕی و ئاماژەی بەوەشداوە، کە ئەو  هەنگاوە وێستگەیەكی گرنگە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات. باڵیۆزخانەکە لە بەیاننامەیەکدا  پێشوازی لەو هەنگاوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا كردوەو دەڵێت لاپەڕەیەكی نووو لەپەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات هەڵدەداتەوە لەسەر بنەمای رێزو بەرژەوەندی هاوبەش ، ئاماژە بەوەشكراوە كە چاوەڕوانن بڕیارەكە لەلایەن ئەنجومەنی پیرانیشەوە پەسەند بكرێت. ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا هەڵوەشانەوەی بڕیارەكەی  بە دەنگی زۆرینەی 261 بەرامبەر 167 پەرلەمانتار پەسەند كرد . ڕوونیشیکردەوە کە "هەڵوەشاندنەوەی ڕێگەپێدانی جەنگ ڕەنگدانەوەی ڕێبازێکی سیاسی و یاسایی جیاوازە لە واشنتۆن و نوێنەرایەتی دەرفەتێک دەکات بۆ بەرزکردنەوەی هاریکاری لەگەڵ عێراق لەڕووی ئابووری، پەروەردە، وزە و ڕۆشنبیری.

  ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لەزاری سەرچاوەیەكەوە لە وەزارەتی بەرگریی توركیاوە بڵاویکردەوە توركیا دەستیكردووە بە راهێنان و پێشكەشكردنی راوێژو پاڵپشتی تەكنیكی بە سوپای سوریا، ئەمە بەگوێرەی رێككەوتنێك كە مانگی رابردوو ئیمزا كراوە. بەپێی رێككەوتنی هاوكاری سەربازی ئیمزاكراوی نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری كە لە مانگی ئابدا ئیمزا كراوە، توركیا راهێنانی سەربازی و چەك و كەلوپەلی لۆجستی پێشكەشی سوپای سوریا دەكات.   ئەو راپۆرتانەی كە باسلەوە دەكەن، ئیسرائیل هێرشی كردوەتە سەر كەلوپەلی سەربازی توركیا لەناو سوریادا، راست نییەو هیچ گۆڕانكارییەك لە كارمەندو كەرەستە سەربازییەكانی توركیا لە باكوری سوریا روینەداوە.