هەسەدە رایدەگەیەنێت، بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هێزەکانیان سەرکردەیەکی مەترسیداری داعشیان لە شاری تەبقە دەستگیر کردوە، کە سەرپەرشتی وەرگرتن و گەیاندنی چەک و کەرەستەی سەربازی و دابەشکردنیان بوە بەسەر شانەکانی داعشدا. ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردوەتەوە تێیدا هاتووە؛ تیمە سەربازییەکانیان بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی ورد و تۆکمەی ئەمنییان لە شاری تەبقە ئەنجامداوە، بە مەبەستی دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی مەترسیدار لە تیرۆرستانی داعش. ئاماژەی بەوەکردوە، ئۆپەراسیۆنەکە دوای چاودێریکردنی جموجۆڵ و چالاکییەکانی تیرۆرستەکە بووە، کە ناوی ئەحمەد عەبدولقادر ئەلموسایان و خەڵکی شاری تەبقەیە و هەڵیانکوتاوەتە سەر حەشارگەکەی و توانیویانە دەستگیری بکەن. هەسەدە دەشڵێت؛ تیرۆریستەکە سەرکردەیەکی مەترسیدار بووە و سەرپەرشتی وەرگرتن و گەیاندنی چەک و کەرەستەی سەربازی و دابەشکردنی کردوە بەسەر شانە تیرۆریستییەکاندا، هەروەها کارێکی دیکەی چاودێریکردنی خاڵە سەربازییەکانی هێزەکانیان بووە. لەگەڵ دەستگیرکردنی تیرۆرستەکەدا، ئەوەشیانخستوەتەڕوو هێزەکانیان دەستیان بەسەر بڕێک چەک و نارنجۆکییشدا گرتووە و جەختیش دەکەنەوە بەردەوام دەبن لە ئۆپراسیۆنەکانیان دژی پاشماوەکانی داعش و پوچەڵکردنەوەی هەموو ئەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ تێکدانی ئاسایش و کردنە ئامانجی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوچەکە.
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە تەڕابلوس، ئەحمەد سەحاف، ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2025، گیانلەدەستدانی کۆچبەرێکی عێراقی لە یەکێک لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە لیبیا ڕاگەیاند. سەحاف بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان لە دەزگای بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی لە دەوڵەتی لیبیا لە ڕۆژهەڵاتی پایتەختی تەڕابلوس، لە گیانلەدەستدانی کۆچبەرێکی عێراقی کورد بەناوی هۆگر ئاسۆ خدر، بەهۆی نۆرەی دڵەوە لەناو سەنتەری دەستبەسەرکردنەکەدا گیانی لەدەستداوە. سەحاف ئاماژەی بەوەدا، باڵیۆزخانەی عێراق لە تەڕابلوس لەم کاتە سەختەدا هاوخەمی قووڵی خۆی ئاراستەی خانەوادەی کۆچکردوو دەکات و داوا لە تەواوی خێزانەکان دەکات کە ڕێگە بە منداڵەکانیان نەدەن ڕێگەی کۆچی نایاسایی بگرنەبەر، چونکە ئەوە دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی یاسایی و مەترسیی. سەحاف گوتیشی: باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە تەڕابلوس پێشتر ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەی (41) کۆچبەری تەواو کردووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو لیبیا، ئاماژەی بەوەدا: باڵیۆزخانەکە کاری بۆ دابینکردنی بلیتەکانی گەشت و گەڕاندنەوەی کۆچبەران بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بۆ عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە لە بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە. سەحاف ڕایگەیاند: باڵیۆزخانەی عێراق ژمارەی تەلەفۆنی تەرخان کردووە بۆ ئەوەی خێزانی کۆچبەران بتوانن لە سەلامەتی کوڕەکانیان دڵنیا ببنەوە.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق جەختی لەوە کردەوە کە "ئاسایشی ئێران، ئاسایشی عیراقە" و رێگە نادەن خاکی عیراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت. لە دیدارێکدا لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریدا و رایگەیاند؛ ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، وەڵاممان توندتر دەبێت لە شەڕی 12 رۆژە و ژیانی دوژمنانمان دەکەینە دۆزەخ. سەرلەشکر پاکپوور ئاماژەی بەوەشکرد، لە "جەنگی 12 رۆژە"دا توانیویانە بەسەر سیستمی بەرگریی موشەکیی ئیسرائیل و ئەمریکادا زاڵ بن. هاوکات داوای جێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێکهێنانی لیژنەی مەیدانیی کرد بۆ چاودێریکردنی ناوچە سنورییەکان. لە بەرامبەردا، قاسم ئەعرەجی جەختی لەوە کردەوە کە "ئاسایشی ئێران، ئاسایشی عیراقە" و رێگە نادەن خاکی عیراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت. هەروەها پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکە پشتڕاستکردەوە. راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق رایگهیاند: لهپێناو مانهوهی ئێران ئامادهی شههیدبوون و كاولكردنی عێراقن.
منداڵێکی سێ مانگە لە لایەن دایک و باوکییەوە بە هۆی هەژاری زۆر و نەتواین لە دابین کردنی خەرجەکانی ژیان، لە شاری کرماشان لەڕۆژهەڵاتى کوردستان بە نرخی ٢٥٠ میلیۆن تمەن بە بنەماڵەیەکی دیکە فرۆشتراوە. بە پێی ڕاپۆرتێکى ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم هەفتەیەدا منداڵێکی سێ مانگە لە شاری کرماشان کە ناسنامەکەی لە لای ئەوان (هەنگاو) پارێزراوە، لە لایەن بنەماڵەکەیەوە بە نرخی ٢٥٠ میلیۆن تمەن فرۆشراوە. ئەم مامەڵە پاش بڵاو کردنەوەی ڕیکلامی فرۆشتنی منداڵ لە ماڵپەڕی ئینتێرنتی کڕین و فرۆشتن «دیوار» جێبەجێ کراوە. بنەماڵەی فرۆشیار کە خەڵکی ناوچەکانی دەورووبەری شاباد بوونە و لە ئێستادا لە کرماشان نیشتەجێن، بە هۆی کێشەی زۆری ئابووری و کەم داهاتی لە سەرپەرشیاری، ناچار بوون منداڵەکەی خۆیان بفرۆشن. بنەماڵەی کڕیاریش دانیشتووی کرماشانن و بە هۆی منداڵ نەبوون لە ساڵەکانی ژیانی هاوسەرگیرییاندا، هەوڵیان بۆ کڕینی ئەم منداڵە داوە. بە وتەی سەرچاوەکان، ئەم مامەڵە بە بێ چاودێری فەرمی ناوەندە دەوڵەتییەکان و پشتگیرییەکان جێبەجێ کراوە و هەتا ئێستا هیچ جۆرە پەیگیریی یا کاردانەوەیەکی خێرا لە لایەن بەرپرسان ڕووی نەداوە. دیاردەی فرۆشتنی منداڵ لە ئێران لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا، لە پێناو هەژاریی بەریندا، تۆماری ئابووریی و نەبوونی سیستەمی پشتگیری کاریگەر بۆ بنەماڵە لاوازەکان، بە شێوەیەکی نیگەرانکەر ڕوو لە زیاد بوونە. ڕاپۆرتەکان لە شارە جیاوازەکان وەک مەشهەد، تاران و ئەهواز دەری دەخەن کە ئەم دیاردە ئیتر پەیوەندیی بە ناوچەیەکی تایبەتەوە نییە و بووەتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی. سەرەڕای هەبوونی ئاگادار کردنەوەیەکی زۆری شارەزایان و تەنانەت دانپێدانانی فەرمی ڕێکخراوی خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای فرۆشتنی منداڵ نموونەیەکی ئاشکرای قاچاخی مرۆڤە، دەزگای دادوەریی و ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی نە تەنیا کاردانەوەیەکی کاریگەر و مرۆڤییان نیشان نەداوە، بەڵکوو بە سەرکوتی ناوەندە مەدەنییەکان و دەستبەسەر کردنی چالاکانی بواری پشتگیری لە منداڵان، ڕێگایان بۆ خراپتر کردنی ئەم قەیرانە ئاسان کردووەتەوە.
رۆژنامەی "جمهوریەت"ی توركی، دەڵێت: داواكەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا، لەبارەی سەردانی لیژنەكەی پەرلەمان بۆ ئیمرالی مشتومڕێکی بەرفراوانی لە ناوەندە سیاسییەكانی ئەنكەرە بەدوای خۆیدا هێناوە. رۆژنامەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژە بەوەدەكات: بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستیان کەوتووە، سەردانەکە لە کارنامەی لیژنەکەدا نییەو لەلایەن ئەندامانی لیژنەكەوە پشتیوانی ناكرێت، ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران بە ئاشکرا دژی ئەوەن و دەڵێن ئەمە قبوڵ ناکرێت. راشیگەیاندووە، لە نێو ئەندامانی لیژنەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لەبارەی پێشنیازی سەردانی ئیمرالی نتمی (تحفط) یان هەيە، لە کاتێکدا هەندێکی تر لە پەرلەمانتاران بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، هەندێکی تریشیان دەڵێن، هەنگاوێکی لەو شێوەیە لە دەرەوەی چوارچێوەی کاری لیژنەکەیە. هەندێكی تریش لە ئەندامانی لیژنەكە بەتوندی دژایەتی بیرۆکەی سەردانی ئیمراڵی دەکەن و دەڵێن، ئەمە ناكرێت، نە ئەرکی لیژنەکەیە و نە هەنگاوێکی سیاسی دروستە، ئەو پەرلەمانتارانەی ئەم بۆچوونەیان هەیە، ئاماژە بەوەدەكەن، سەردانێکی لەو شێوەیە گومان لەبارەی شەرعیەتییەکەی دروست دەکات و رەنگدانەوەی لەسەر کاری لیژنەکە دەبێت. بەگوێرەی رۆژنامە توركیەكە، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی داو گەشەپێدان دەرگاکەی بە تەواوی دانەخستووەو رایگەیاندووە، هێشتا هیچ سەردانێک پلانی بۆ دانەنراوە، بابەتەکەشی بۆ هەڵسەنگاندنی لیژنەکە جێهێشتووە، ئەمەش ئەو بڕوایە بەهێزتر دەکات کە پرۆسەکە لە ئاستێکی تەکنیکیدا بەرەوپێش دەچێت نەک سیاسی. دوابەدوای لێدوانەکەی باخچەلی، لە پشت پەردەوە پرسیارێکی دووبارەبووەوە دەكرێت: ئایا باخچەلی ئەم پێشنیازەی وەک بانگهێشتێکی راستگۆیانە پێشکەش کردووە، یان ئەم لێدوانەی بۆ فشارخستنە سەر حکومەت و لیژنەکە داوە؟.
هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشوازییان لە شاندێکی حکومەتی سوریا لە شاری تەبقە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاکردووە، ڕایانگەیاند ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی هێزەکانی حکومەتیان ڕادەستکردوەتەوەو ئەمەش "وەک ئاماژەیەک بۆ نیازپاکی". لە بەیاننامەیەکدا، هێزەکانی (هەسەدە) ڕایگەیاند، لیژنەیەکی سەربازی هێزەکانیان پێشوازییان لە شاندێکی حکومەتی سوریا کردوە لە شاری تەبقە کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریادایە. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە "ئەو گرژییانەی لە دەوروبەری گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە حەلەب ڕوودەدەن، و ڕێگاکانی چارەسەرکردنی ئاشتیانەیان بە شێوەیەک کە گەرەنتی ئاسایش و سەقامگیری دانیشتووان بکات و ڕێگری لە هەر جۆرە پەرەسەندنێکی مەیدانی بکات"، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە. هەسەدە ئاماژەی بەوەدا کە "ژمارەیەک دەستگیرکراوی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقیان ڕادەستکردووە، کە لەم ماوەیەی دواییدا لە شوێنی جیاواز دەستگیرکراون، وەک ئاماژەیەک بۆ نیازپاکی". لە میانی کۆبوونەوەکەدا، لیژنەی هەسەدە "پابەندبوونی بەردەوامی خۆی بە پەسەندکردنی چارەسەری ئاشتیانە و پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەموو بوارەکاندا" دووپاتکردەوە. بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکان، شاندەکەی سوریا سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە و بریتین لە محەمەد عەبدولغەنی فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب و سەراقە عاموری بەرپرسی ئاسایشی گشتی ناوچەی عەفرین. ڕۆژێک پێشتر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئەسەییش) لە حەلەب، "بەردەوامی هێرش و ئیستفزازی هێزەکانی حکومەتی کاتی و چەکدارەکانیان" ئیدانەی کرد، بە ئاماژەدان بە هێزەکانی حکومەت.
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی 153 تۆن تەقەمەنیان لە ناوچە جیاوازەکانی غەززە بەکارهێناوە. نەتانیاهوو لە وتارێکدا بەبۆنەی دەستپێکردنی خوولی زستانەی پەرلەمانی ئیسرائیل "کنێست" ڕایگەیاند، پاش کوژرانی دوو سەربازمان لەلایەن حەماسەوە لە غەززە، یەکشەممە بە 153 تۆن تەقەمەنی، غەززەمان بۆردوومان کرد. ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، سوپای ئیسرائیل کوژرانی دوو سەربازیی وڵاتەکەی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند، پاش درووستبوونی پێکدادان لەگەڵ چەکدارانی حەماس لە ڕەفەح. ئیسرائیل حەماس بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست تۆمەتبارکرد و زنجیرەیەک هێرشی لە غەززە ئەنجامدا. لای خۆیەوە حەماس بێئاگایی خۆی لە پێکدادانەکەی ڕەفەح ڕاگەیاند و پابەندبوونی خۆی بە ئاگربەستەوە دووپاتکردەوە. بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، هێشتا جەنگ كۆتایی نەهاتووەو دوێنێ بینیمان چۆن حەماس رێككەوتنی ئاگربەستی پێشێل كرد.، وتیشى: هێرشمان كردە سەر دەیان ئامانج لە كەرتی غەززە بۆ وەڵامدانەوەی پێشێلكردنی رێككەوتنی ئاگربەست لەلایەن حەماسەوە. ئەو باسى لەوەکرد کە چەكمان بەدەستەوەیەو دەستێكی ترمان درێژە بۆ هەر كەسێك كە ئاشتی بوێت، سیاسەتی من ئەوەیە ئاشتی لەگەڵ بەهێزەكان دەكرێن نەك لاوازەكان.
لە ماوەی کەمتر لە سێ هەفتەدا، لانیکەم 10 ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هاوسەر یان کەسە نزیکەکانی خێزانەکانیانەوە کوژراون، دیاردەیەک کە ئامارەکان دەریدەخەن بە شێوەیەکی مەترسیدار لە زیادبووندایە. ڕۆژنامەی "ئیعتیماد"ی ئێرانی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ژنە کوژراوەکان خەڵکی پارێزگاکانی ورمێ، سنە، سیستان و بەلوچستان، تاران و هەمەدان بوون. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، زۆرینەی ئەو ژنانە بە بیانووی "شەرەف" یان بەهۆی کێشەی خێزانییەوە دەکوژرێن. ڕۆژنامەکە هۆشداری دەدات کە ئامارەکانی کوشتنی ژنان لە وڵاتەکەدا پێنج هێندە زیادیانکردووە و زۆرینەی قوربانییەکانیش، قوربانیی توندوتیژیی خێزانی بوون. "ئیعتیماد" دەنووسێت، لە ئێستادا "ڕۆژ نییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵی کوشتن و توندوتیژیی خێزانی بەرامبەر بە ژنان لە ئێران بڵاونەکرێتەوە و نەبیسترێت." پێشتریش ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" ڕایگەیاندبوو، تەنها لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، لانیکەم 14 ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون، کە زۆرینەیان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە بووە. ئەم توندوتیژییانە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، نایەکسانییەکی گەورەی ئابووری لە نێوان ژنان و پیاواندا هەیە: ڕێژەی بێکاریی ژنان: دوو هێندەی پیاوانە. ڕێژەی دامەزراندنی ژنان: پێنج هێندە کەمترە لە پیاوان.
ئەمڕۆ ساڵڕۆژی ئازادکردنی شاری ڕەققەی سوریایە لەژێر دەستی داعش لەلایەن شەڕڤانانەوە و هەسەدەش ڕایدەگەیەنێت: ڕێگە بە گەڕانەوەی هیچ جۆرە تیرۆرێک نادەن و سازش لەسەر خوێنی شەهیدانی ئازادیی ناکەن لە بەرامبەر دوژمنانی ئازادیی. ئەمڕۆ 20ی تشرینی یەکەم هەشت ساڵ بەسەر ئازادکردنی شاری ڕەققەی سوریایە پایتەختی خەلافەتەکەی داعشە، لەسەر دەستی شەڕڤانان لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە ساڵڕۆژەکەشدا هێزەکانی سوریای دیموکرات- هەسەدە- پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: شەڕڤانانی نێر و مێ و تەواوی پێکهاتەکان پێکەوە پایتەختی خەلافەتێکی مەترسیدار و تاریکپەرستیان لەناوبرد و سەرکەوتنێکی مێژوییان تۆمارکرد. هەسەدە: ڕەققە سەردەمێک پایتەختی تیرۆر بوو، بەڵام ئێستا هێمای ڕزگاریی و پێکەوژیانە و خواست و نەبەزیی گەلانی ناوچەکەیە، سەرکەوتنەکە بە خوێنی شەهیدان نوسراو و پیرۆزکراوە و بەو جۆرە دەمێنێتەوە. هەسەدە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە، شکۆی مرۆڤ لەسەرو هەموو شتێکەوەیە و ناهێڵن دوژمنانی ئازادیی یاریی بە چارەنوسی گەل بکەن، بە هیچ جۆرێک ڕێگە بە گەڕانەوەی تیرۆر نادەن لەژێر هەر ناو و بەرگێکدا بێت، هیچ کاتیش سازش لەسەر خوێنی شەهیدان و ئامانجەکان ناکەن...
ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکیی کامەران عوسمان ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ تاڵانکردن و بڕینەوە و وێرانکردنی دارستانەکانی بادینان دەست پێکردووە، تەواوی دارەکان بە تراکتۆری مەدەنی، دەگوازرێنەوە بۆ ناو تورکیا. کامەران عوسمان ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکیی ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە، سوپای تورکیا هەڵمەتێکی فراوانی بڕینەوەی دارستان و پارچە پارچەکردنی دارەکانی کوردستانی لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین، لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی دەستپێکردووە. وتیشی: دارەکان بە شۆفڵ و حەفارە دەردەهێندرێن و بە ئامێری بڕەڕی پێشکەوتوو پارچە پارچە دەکرێن. ئاماژەی بەوەشدا، “تەواوی دارەکان بە تراکتۆری مەدەنی، دەگوازرێنەوە بۆ ناو تورکیا و بەشێکی بۆ سووتەمەنی سوودی لێوەردەگیرێت، بەشە زۆرەکەشی بۆ درووستکردنی کورسی و قەنەفە و کەلوپەلی لە تەختە دروستکراوی ناو ماڵ لەلایەن کارگەکانی تورکیاوە بەکاردەبرێن و دواتر ئەم کەلوپەلانە دەنێردرێنەوە ناو بازاڕەکانی کوردستان و بە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێنەوە!.” کامەران عوسمان ئەوەشی ڕاگەیاند، “پاراستنی سنوور و ژینگە و دارستانەکانی کوردستان لە بەرنامە و پرۆگرامی چ حزبێکی کوردستانی دایە؟! لەبەر شەڕە پەڕۆی هەڵبژاردن و درووشمی ڕەنگا و ڕەنگ، کام حزب ئاگای لە وێرانکردنی ژینگەی سەوزی کوردستانە؟!”
سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە، مارک ساڤایای وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق دیاریکردووە. دەشڵێت، ئەو تێگەیشتنێکی باشی لە پەیوەندییەکانی واشنتن و بەغدادا هەیە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ نووسیویەتى: "خۆشحاڵم مارک ساڤایا وەکو نێردەی تایبەتمان بۆ خزمەتکردن لە کۆماری عێراق ڕادەگەیەنم". مارک ساڤایا وەبەرهێنەرێکی ئەمریکییە و ئەو هاودامەزرێنەر و بەرێوەبەری کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی حەشیشە لە ئەمریکا. ئەو هەروەها هاودامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای " Future Grow Solutions"ـە کە دەرمانی پزیشکی لە حەشیش دروست دەکات. سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، "تێگەیشتنی قووڵی مارک لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا و ناوچەکە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمریکا"، هاوکات پیرۆزبایی ئەو پۆستە نوێیەی لە مارک کرد و جەختی لە ڕۆڵی سەرەکیی دەکاتەوە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا لە میشیگن و دەڵێت: "مارک یارمەتیدەر بووە بۆ دەستەبەرکردنی دەنگێکی پێوانەیی موسڵمانە ئەمریکییەکان لەو ویلایەتە"، کە ڕێژەیەکی زۆر موسڵمانی ئەمریکی تێدا دەژی. مارک ساڤایا یەکێکە لەو کەسانەی رۆڵێکی کاریگەری لە ئازادکردنی ئیلیزابێس تسورکۆڤدا هەبووە. ئەو بارمتەیەکی ئیسرائیلی بوو کە 9ی ئەیلوولی ئەم ساڵ دوای چەند ساڵێک لە بارمتەبوونی لەلای گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئازاد کرا. رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، تسورکۆڤ لە ئێکسەکەیدا نووسی، "زۆر سوپاسگوزاری ئادەم بۆیلە، نێردەی تایبەت بۆ کاروباری بارمتەکان، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارک ساڤایا و میک بیرگمان دەکەم بۆ ئەو هەوڵانەی دایان بۆ ئازادکردنم". سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "مارک کارەکتەرێکی سەرەکیی کەمپەینەکەم بوو لە میشیگن، کە تێیدا ئەو و کەسانی دیکەش هاوکاربوون لە بەدەستهێنانی دەنگی موسڵمانان (لەو ویلایەتەدا). پیرۆزە مارک!"
سەرۆکی ئەمریکا لەسەر چەکەکانی حەماس ڕایدەگەیەنێت بەڵێنیان دابوو چەک دابنێن، بەڵام ئەگەر ناچار بین لەڕێگەی خۆمانەوە یان بەپشتیوانی ئیسرائیل لەڕێگەى ئەوانەوە ئەو چەکانەیان پێدادەنێین. ڕۆژی یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی ئەمریکا دەتوانێت دەستوەردانێکی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە بکات بۆ چەکداماڵینی حەماس ئەگەر پابەند نەبێت بە بەڵێنەکەی بۆ داماڵینی چەک، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی "سەربازەکانی لەسەر زەوی جێگیر ناکات" لە فەلەستین و کەرتى غەززە. ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی، ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر کە ئەوان (ئیسرائیل) ڕۆیشتن، حەماس حەوت کەسی لەسێدارەداوە، دواتر 30 کەسی دیکەیان لەسێدارەداوە"، بڕوای خۆی دەربڕی کە بزووتنەوەکە "رێککەوتنەکە پێشێل دەکات، ئێستاش ئەو کارە دەکەن". دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ چەک دانانی حەماس نییە، بەڵام پێویستە بە زوترین کات ئەو کارە ئەنجام بدەن. هاوکات لێپرسراوێکی سەربازی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە، پێدەچێت تەلئەبیب بە لێدانی زیاتر بزووتنەوەکە بکاتە ئامانج، لە کاردانەوەی ئەوەی کە ئەمڕۆ حەماس پێشێلکاری لەرێککەوتنی ئاگربەست ئەنجامداوە. لەلایەکى دیکەوە، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، تاوەکو حەماس تەرمی هەموو بارمتەکان رادەست نەکاتەوە، دەروازەی رەفەح ناکرێتەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو فەرمانیکردووە دەروازەی رەفەح تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە بە داخراوی بمێنێتەوە". نووسینگەکە گوتیشی: "کردنەوەی دەروازەکە لەسەر بنەمای ئەوە تاوتوێ دەکرێت، کە حەماس چۆن پابەندییەکانی بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان و تەرمی کۆچکردووان جێبەجێ دەکات و مەرجە رێککەوتن لەسەرکراوەکانی ئاگربەستەکە جێبەجێ دەکات" رێککەوتنەکە کە بە سەرپەرشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کراوە، ئامانجی کۆتاییهێنانی یەکجارەکییە بە جەنگی غەززە. لەوەتەی ئاگربەستەکە دەستیپێکردووە، کە سێیەمین ئاگربەستە لەوەتەی شەڕ لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە هەڵگیرساوە، سەتان هەزار فەلەستینی گەڕاونەتەوە باکووری کەرتەکە بۆ ماڵەکانیان.
شاندێکی نووسینگەی ژنان لە کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئیلهام ئەحمەد ئەنجامدا، بارودۆخی مرۆیی کۆچبەران و هەوڵەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەیەکی ئارام تاوتوێ کرا. نووسینگەی ژنان لە کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیلهام ئەحمەد، ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسی و مرۆییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی کۆچبەران، لەژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی گۆڕەپانی سووریا و دیدارە یەک لە دوای یەکەکانی نێوان شاندەکانی دانوستان و دیمەشق. لەکاتی دیدارەکەدا، هەردوولا بارودۆخە سەختەکەی هەزاران کۆچبەریان خستەڕوو، کە زیاتر لە شەش ساڵە بەهۆی داگیرکردنی شارەکەیانەوە تێیدا دەژین، کە هێشتا ژمارەیەکی زۆریان لە کەمپ و قوتابخانەکاندا لە ناوچە جیاجیاکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێن. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان و پێشکەشکردنی پشتیوانیی مرۆیی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان کرایەوە. هەروەها، کۆبوونەوەکە ئاماژەی بە ڕێککەوتننامەی ١٠ ـی ئازار کرد، کە تێیدا مافی هەموو کۆچبەران بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان جێگیرکراوە، وەک پایەیەکی سەرەکیی هەر چارەسەرێکی سیاسیی گشتگیر و دادپەروەرانە لە سووریا، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە سیاسییە چاوەڕوانکراوانەی کە ڕەنگە ڕێگە بۆ قۆناغێکی کاتیی نوێ خۆش بکەن. لەکاتی قسەکانیدا، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئیلهام ئەحمەد، جەختی لەوە کردەوە کە "مافی گەڕانەوە، مافێکی مرۆیی و یاساییە و سازشی لەسەر ناکرێت"، دووپاتیشیکردەوە کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی پرسی کۆچبەران لە پێشینەی کارەکانیدا دادەنێت و کاردەکات بۆ هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە سیاسی و مافپەروەرەکان بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەیەکی ئارام و شکۆمەندانە بۆ هەموو خەڵکی سەرێکانی و گرێ سپی و سەرجەم ناوچە داگیرکراوەکان. هەروەها ئەندامانی نووسینگەی ژنان لە کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو هەوڵانە دەربڕی کە لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانەوە بۆ پشتیوانیکردن لە دۆسیەی کۆچبەران دەدرێن، جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی ژنانی کۆچبەر و پتەوکردنی ڕۆڵیان لە بەرگریکردن لە مافەکانی کۆمەڵگەکەیان و داواکردنی گەڕانەوەی هەموو خەڵکی شارەکەیان کردەوە. لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی و کاری هاوبەش بۆ بەرگریکردن لە مافی گەڕانەوە و کاراکردنی ئەو بڕگانەی کە پەیوەستن بەم پرسەوە لە هەر ڕێککەوتنێکی سیاسیی داهاتوودا کردەوە، ئاماژەیان بەوەشدا کە گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ سەرێکانی، هەنگاوێکی سەرەکییە بەرەو بەدیهێنانی دادپەروەری و سەقامگیری و بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراتیکی فرەلایەن کە مافی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات.
وەزیری دەرەوەی توركیا جەخت دەکاتەوە، دۆخی ئەمنی سوریا پرسی سەرەکی ئێمەیە و لە ئێستادا خەمی سەرەکی ئەوانە (تورکیا) پێشى وایە هەموو شتێک کە لەوێ روودەدات راستەوخۆ کاریگەری لەسەر یەکپارچەیی خاکەکەمان و ئاسایشی هاووڵاتییانمان هەیە. لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی" Ülke TV" توركی، ئەمڕۆ یەکشەممە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند: گەورەترین مەترسی ئێمە بەردەواميی فراوانخوازیی ئیسرائیلە لە سوریا، لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ ئەمریکییەکان چووینە گفتوگۆوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل ناچار بکەین دەستبەرداری ئەمو سیاسەتە مەترسیدارە بێت کە دەیەوێت وڵاتانی دراوسێ بە لاوازی و دابەشبویی بهێڵێتەوە. ناوبراو لەبارەى رێککەوتنی 10ی ئازاری نێوان هێزەکانی سوریای دیموكرات و حکومەتی سوریا، دەڵێت: کشانەوەی دەستبەجێی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ناوچە عەرەبیەكان لەخۆدەگرێت، ئەمە لە پێشینەی کارەکانمانە، ئەگەر هەیە چاوەڕوانی سەرهەڵدانی ململانێی زۆر مەترسیدار بکەین ئەگەر یەپەگە لە ناوچە عەرەبییەکان نەکشێتەوە. وەزیرى دەرەوەى تورکیا هەر لەو چاوپێکەوتنەدا هێما بۆ ئەوەشدەکات کە چاوەڕێن و دەبینین هەندێک گفتوگۆ بەردەوامە، بەڵام هێشتا تەواو نەبوون، پرسی تێکەڵکردنی چەکدارەکانیان لە سوپای سوریا لە گفتوگۆدایە. هەروەها پێشى وایە کە دەبینین یەپەگە هەڵوێستێكی توندڕەوانە پیادە دەكات، ئەمە لە بەرژەوەندی ئەوان نییە، دووپاتى ئەوەشى کردەوە کە ئەگەر رێککەوتنەکە شکستی هێنا، ئێمە لەم بابەتەدا هاوکاری راستەوخۆ لەگەڵ سوریادا دەکەین. لەبارەی پرسی گواستنەوەی دەیرەزوریش بۆ حکومەتی سوریا تا ئێستا رێککەوتن نەكراوە، پلانی ئەوە لە ئارادایە کە بەم نزیکانە کۆبونەوەی سێ قۆڵی ئەنجام بدرێت لە نێوان تورکیا و ئەمریکا و سوریا. وەزیرى دەرەوەى تورکیا واى وت. هاکان فیدان دەشلێت: یەپەگە هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ دەستبەرداربون لەو ئەندامانەی مەترسی لەسەر ئاسایشی تورکیا دروست دەکەن، لە نمونەی چەکدارانی پەکەکە کە لە تورکیا، عێراق، یان ئێرانەوە هاتوون، هیچ گەرەنتییەکیان نەداوە بۆ نەهێشتنی تونێل، سیستەمی موشەکی، یان ئەو ئەندامانەی تورکیا دەکەنە ئامانج.
دوای هەفتەیەک لە پێکدادانی توند لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات، کە بەسەختترین گرژیی نێوانیان دادەنرێت لەوەتەی تاڵیبان لە ساڵی 2021 دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست، پاکستان و تاڵیبانی ئەفغانستان، لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن. یەکشەممە، 19ـی تشرینی یەکەم 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ڕایگەیاند "ڕێککەوتنەکە لە دەوحە ڕاگەیەنەرا. خواجە محەممەد ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان، ئاگربەستەکەی پشتڕاست کردەوە. ئاسیف، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیارە لە 25ـی تشرینی یەکەم لە ئەستەنبوڵ کۆبوونەوەی زیاتر بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی ئاگربەستەکە بەڕێوە بچێت." گفتوگۆکانی دەوحە بە نێوەندگیریی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر و بە پشتیوانیی تورکیا بەڕێوە چوون. ئامانج لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو دڵنیابوونە لە بەردەوامیی ئاگربەستەکە و جێبەجێ کردنی. پێکدادانەکانی ئەم دواییە، کە بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس و برینداربوونی سەدانی دیکە، بەهۆی زیادبوونی هێرشی چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی تەحریک تاڵیبانی پاکستان، بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی پاکستان لەسەر سنوور، دەستیان پێ کرد. ئیسلام ئاباد، جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو چەکدارانە خاکی ئەفغانستان وەک پەناگە بەکاردەهێنن و لەوێوە هێرش دەکەنە سەرپاکستان و داوای لە کابول کردووە کۆنترۆڵیان بکات. بەڵام حکوومەتی تاڵیبان ڕەتی دەکاتەوە پەناگەی بۆ چەکداران دابین کردبێت و سوپای پاکستانی بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و داڵدەدانی چەکدارانی سەر بە داعش تۆمەتبار دەکات بۆ تێکدانی سەقامگیریی ئەفغانستان. گفتوگۆکانی دەوحە، بە بەشداریی وەزیری بەرگریی پاکستان خواجە محەممەد ئاسیف و هاوتا ئەفغانییەکەی، مەلا محەممەد یەعقوبەوە بەڕێوەچوون. گرژییەکان دوای هێرشێکی خۆکوژی، کە بووە هۆی کوژرانی حەوت سەربازی پاکستانی و برینداربوونی ١٣ی دیکە، پەرەیان سەند. هەینی، 17ـی تشرینی یەکەم 2025، میدیاکانی سەر بە تاڵیبانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند، فڕۆکە پاکستانییەکان، ئۆتۆمبیلێکی یاریزانانی تیمی 'کریکێت'ی ئەفغانستانیان بۆمباران کردووە و لە ئەنجامدا هەشت یاریزانی نێودەوڵەتیی کوژراون. فیدراسیۆنی کریکێتی ئەفغانستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "لە سەرجەم پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکان دەکشێتەوە." لە ڕاگەیەنراوەکەی فیدراسیۆنی کریکێتی ئەفغانستاندا هاتووە "پاشنیوەڕۆی دوێنێ، هەینی، یاریزانانی تیمی کریکێتی ئەفغانستان، پاش بەشدارییان لە پێشبڕکێیەکی ناوخۆیی لەشاری شەرنە، بەرەو شاری ئەرگۆن دەگەڕانەوە کە لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی پاکستانەوە بۆمباران کران و لە ئەنجامدا هەشت یاریزانی نێودەوڵەتیی کوژران و چواری دیکەش بریندار بوون."
