ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆدەبنەوە. بڕیارە لەم کۆبوونەوەیەدا پرسی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق یەکلایی بکرێتەوە و کۆتایی بە مشتومڕەکان بهێنرێت. سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیاکانی ناوخۆی ڕاگەیاندووە، سەرکردەکان هەوڵ دەدەن سەرەتا بە ڕێککەوتن کاندیدێک دیاری بکەن، ئەگەر نەگەیشتنە ئەنجام پەنا بۆ دەنگدان دەبەن و لە حاڵەتی بنبەستیشدا پەنا بۆ "بەربژێری سازان" دەبەن. سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە کە سەرەڕای بوونی چانس بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستا، بەڵام مانەوەی بۆ خولی دووەم ڕووبەڕووی بەربەستی گەورە بووەتەوە، نووری مالیکی سوورە لەسەر ئەوەی ویلایەتی سوودانی نوێ نەکرێتەوە و بەشێک لە سەرکردەکانی دیکەش تێبینییان هەیە، ئەم دۆخە ڕەنگە هێزەکان ناچار بکات کەسایەتییەک لە دەرەوەی ناوە پێشنیازکراوەکان هەڵبژێرن. تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە دۆسیەی "چەکداماڵین"، چوارچێوەی هەماهەنگی گفتوگۆ لەسەر بابەتی چەک بەدەستی دەوڵەت و دانانی میکانیزم بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانەی ئامادە نین چەک دابنێن، دەکات. دەستپێشخەرییەکەی سوودانی ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ هاوپەیمانی ئاوەدانی و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، دەستپێشخەرییەکی نوێی خستەڕوو بۆ چارەسەری دۆخەکە و پێکهێنانی حکوومەتێکی سەقامگیر، بڕیارە وردەکارییەکەی لە کۆبوونەوەکەدا بخاتە بەردەم هێزەکانی چوارچێوە. هاوکات هەر ئەمڕۆ دووشەممە، هاوپەیمانی ئاوەدانی و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەستپێشخەرییەکی سیاسی گشتگیری بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران ڕاگەیاند. لە بەیاننامەیەکدا هاوپەیمانییەکە ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی سوودانی، تاوتوێی دۆخی سیاسی کراوە و گەیشتوونەتە داڕشتنی دەستپێشخەرییەک کە پشت بە "سازانی نیشتمانی و ئیستیحقاقی دەستووری" دەبەستێت. بڕیارە وردەکاریی ئەم دەستپێشخەرییە لە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی "چوارچێوەی هەماهەنگی"دا بخزێتەڕوو، بە ئامانجی دروستکردنی لێکتێگەیشتن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز. هاوکات دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد، سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆژی 29ـی کانوونی یەکەمی بۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دیاری کردووە.
مارك ساڤایا، نێردەی تایەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق دەڵێت: ئەو هەنگاوانەی گروپە چەکدارەکانی عێراق رایانگەیاندووە بەرەو داماڵینی چەک، پێشهاتێکی پێشوازی لێکراو و هاندەرە، ئەم هەنگاوە نمایندەی وەڵامێکی ئەرێنی دەکات بۆ بانگەوازو خواستە لەمێژینەکانی مەرجەعییەت و دەسەڵاتە ئاینیە بەڕێزەکانمان. ساڤایا لە پەیامێكدا لە سەكۆی "ئێكس" رایگەیاندووە: بە تەنیا نیشاندانی نیەت بەس، داماڵینی چەک دەبێت هەمەلایەنە بێت و گەڕانەوە نەبێت و لەڕێی چوارچێوەیەکی نیشتمانی ڕوون و پابەندکەردا جێبەجێ بکرێت، ئەم پرۆسەیە دەبێت هەڵوەشاندنەوەی تەواوی گروپە چەکدارەکان لەخۆبگرێت و گواستنەوەیەكی رێكخراو و یاسایی ئەندامەکانیان بۆ ژیانی مەدەنی مسۆگەر بکات. وتوشیەتی: بەپێی دەستوری عێراق و سەروەری یاسا، هیچ حزبێكی سیاسی یان رێکخراو و تاکێک مافی خاوەندارێتی یان بەڕێوەبردنی پێکهاتەی چەکداری لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نییە، ئەم پرەنسیپە بە شێوەیەکی یەکسان لە سەرانسەری هەموو بەشەکانی عێراقدا جێبەجێ دەکرێت، بەبێ جیاوازی. جەختیشكردووە: دەسەڵاتی تایبەتی هەڵگرتنی چەک و بەکارهێنانی هێز دەبێت تەنها لەگەڵ ئەو دامەزراوە فیدراڵی و هەرێمە شەرعیانەدا بێت کە رێکخستن و فەرماندەیی و بەڕێوەبردنی هێزە چەکدارەکانی میللەتیان پێ سپێردراوە بۆ پاراستنی گەلی عێراق و بەرگریکردن لە سەروەری نیشتمانی. ساڤایا، لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا ئاماژە بەوەشدەكات: عێراق ئەمڕۆ لەبەردەم دووڕیانێكی یەکلاکەرەوەدا وەستاوە، دەتوانێت بەرەو سەروەری و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و یەکڕیزی و سەروەری یاسا هەنگاوبنێت یان بە هەڵپەسێردراوی لە بازنەی پارچەپارچەبوون و ناسەمگیریدا بمێنێتەوە.
چی دەربارەی گرێبەستە 15 ساڵییەکەی ئیسرائیل و میسر دەزانی؟ ئامادەکردنی، هاوڵاتی. رۆژی 17ـی ئەم مانگە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە وەزیری وزەی لە تەنیشتەوە وەستا بوو لە کۆنفرانسیکدا رایگەیاند، گرێبەستێکمان لەگەڵ میسر بەبەهای 35 ملیار دۆلار بۆ هەناردەکردنی غاز واژۆ کردووە و ئێستا ساتێکی مێژووییە. گرێبەستەکە چۆنە؟ مێژووی رێکەوتنەکە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2019 کاتێک ئیسرائیل بڕی 60 ملیار مەتر چوارگۆشە غازی فرۆشت بە میسر بەڵام لە کۆتایی ئەمساڵ گرێبەستەکە گەورەتر کرا بۆ 130 ملیار مەتر چوارگۆشە و بە بڕی 35 ملیار دۆلار گرێبەستەکەش بۆ ماوەی 15 ساڵە بەگوێرەی زانیارییەکان ئیسرائیل نزیکەی 18 ملیار دۆلار قازانج دەکات و بۆ بواری تەندروستی و پەرەوەردە بەکاری دەهێنێت. میسر بۆ غازی ئیسرائیل دەکرێت؟ هەرچەندە میسر خاوەنی کێڵگەی زۆهرە کە لە ساڵی 2015وە غازی لێ دەردەکرێت بەڵام ئێستا رێژەی بەرهەمهێنانی لە ٪40 دابەزیوە و ناتوانرێت کارەبای پێویست بەرهەم بهینرێت هەروەئەوەش نا بەڵکو لە چەندین شوێنەوە بۆرییەکانی گواستنەوەی غاز توشی لێچوون و بوون و غازێکی زۆر بەفیرۆدەروات. بەڵام هەندێک لە شارەزایانی ئابووری و سیاسەت ئەم هەنگاوەی میسر بە سیاسی دەزانن و دەڵیت، ئەمریکا رۆڵی هەبوو لە گرێبەستەکەدا هەبووە چونکە دەیەوێت ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیر بێت وچونکە میسر دراوسێی ئیسرائیلە زیاتر لە 200 کیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵی. و میسر رێگە خۆش دەکات بۆ چوونە نێو رێکەوتنی ئیراهیمی. بەڵام حکومەتی میسر ئەو قسانە رەتدەکاتەوە و دەڵیت لەبەر چەند هۆکارێک بووە یەکەم: رێژەی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی زۆهر لە ٪40 دابەزیووە کە دەکاتە نزیکەی ملیارێک. دووەم: میسر ژمارەی دانیشتووانی 110 ملیۆن کەسە، رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا دابەزیوە هەندێک جار رۆژی 6 بۆ 7 کاتژمێر دەتوانین کارەبا بدەین. سێیەم: نرخی کرێنی غاز لەڕێی بۆرییەوە هەرزانترە لە ئیسرائیل وەک لە وڵاتانی دیکە. چوارەم: ئیسرائیل خاوەنی پاڵاوگە نییە بۆ ئەوەی غاز بگۆرێت بۆ غازی شل، بەڵام ئێمە هەمانە. ئامانجی ئیسرائیل چییە؟ ئیسرائیل لەڕێی هەناردەکردنی غازە بۆ میسر چەند سودێک دەبینێ وەک ئەگەر میسر ئەو غازە بەکاربهێنیت یان نا دەبێت پارە هەر بدات بە ئیسرائیل. دیوێکی دیکەی بریتیە لە رێگری کردن لە قەتەر بۆ ناردنی غاز بۆ میسر چونکە قەتەر پێشتر نیازێکی وای هەبوو.
ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی بۆ کۆنگرەی ئەنکادەر نارد، ڕایگەیاند کە "وەفاداری بۆ شەهیدان" بریتییە لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و وتی: "بیرهێنانەوەی ڕاستەقینە، بردنی تێکۆشانە بەرەو ئاستێکی پێشکەوتووتر، هۆشیارانەتر و ژیانپەروەرانەتر." کۆمەڵەی پشتیوانی و هاوکاریی بنەماڵەی بێسەروشوێنکراوانی ئەنادۆڵ (ئەنکادەر)، چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ناوچەی ئۆکمەیدانیی ئەستەنبوڵ ساز کرد. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کرد. هاووتەبێژی هەدەکە مەراڵ دانش بەشتاش هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەستەنبوڵ عارفە چنار و چنار ئاڵتان ، نوێنەرانی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان نوێنەرانی دایکانی ئاشتی، کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و تەڤگەری ژنانی ئازاد ئامادەی کۆنگرەکە بوون. لە کۆنگرەکەدا چەندین جار دروشمەکانی "شەهید نامرن"، "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێت" وترانەوە. کۆنگرەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزلێنان دەستی پێکرد. مەراڵ دانش بەشتاش لە کۆنگرەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد: "چیتر نامانەوێت خوشک و براکانمان لەدەست بدەین. سەرمان بە شەهیدەکانمان بەرزە، ئەوان هەموویان بەهای ئەم گەلەن. ئەگەر ئەمڕۆ دەتوانین باس لە دیموکراسی و ئازادی بکەین و بە زمانی خۆمان بدوێین، ئەوە بەهۆی ئەوانەیە. گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا لە ناو بەرخوداندایە. هیوامان زۆرە، هەروەها لە قۆناغێکی هەستیارداین. ئەم پڕۆسەیە بە بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتدا دەستی پێکرد. من لەو بڕوایەدام ڕێبەریش بیر لەوە دەکاتەوە کە چ باجێکی قورس دراوە. ئەگەر ئەو تێکۆشانەی تێیداین سەربکەوێت، هەموومان پێکەوە پێدەکێنین. لە لایەکی ترەوە، ئەمڕۆ ناتوانین بڵێین گۆشەگیری کۆتایی هاتووە. دیدارەکانی ئیمراڵی هێشتا بەبێ ڕەزامەندی وەزارەت ئەنجام نادرێن، بەڵام بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ دیدارەکان ئاسانترن. بیروڕا و وتەکانی بەڕێز ئۆجالان ڕێ نیشاندەرن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پەیام، فکر و کتێبەکانی ئەو جیهان ڕووناک دەکەنەوە. با گوێ لە بەڕێز ئۆجالان بگرین. ئێمە ئەم پڕۆسەیە بەبێ چەک، بەبێ ڕشتنی خوێن و بەبێ لەدەستدانی مرۆڤەکانمان، لە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیکەوە ڕێکدەخەین." پەیامی ڕێبەر ئاپۆ خوێندرایەوە پاشان دەقی کوردیی پەیامی ڕێبەر ئاپۆ لەلایەن محەمەد بوڵوت و دەقە تورکییەکەی لەلایەن دایکی ئاشتی ڕەوشان دۆنەر خوێندرایەوە. دەقی پایەمەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیەیە: "وەفاداریی ئێمە بۆ یادی شەهیدانی تێکۆشانمان، بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە لە ناو ئاشتیدا. یادی هەموو شەهیدانی تێکۆشان کە لەم خاکانەدا لە پێناو ئازادی، شکۆ و ژیانی یەکسانی گەلان گیانیان بەخشیوە، بە ڕێز و پێزانینەوە دەکەمەوە. فیداکاریی ئەوان لە کاروانی ئازادیی ئەم گەلەدا وەک هۆشیاری، ئیرادە و میراتێکی مێژوویی دەژی. ئەوان ویژدانی تێکۆشانی ئێمە و ڕاستییە مێژووییەکانن کە لە یادەوەریی گەلەکەماندا شوێنەواری پڕ بایەخیان جێهێشتووە. بەڵام دەبێت بە ڕاشکاوی بوترێت کە لە قۆناغی ئێستادا، تێکۆشانی ئازادی هونەری زیادکردنی مردن نییە، بەڵکو هونەری ڕێکخستنی ژیانە. یادی شەهیدەکانمان نەک بە لەدەستدانی کەسی نوێ، بەڵکو بە بنیاتنانی ئەو ژیانە دیموکراتیک و یەکسان و سەربەرزانەیە واتا پەیدا دەکات کە ئەوان لە پێناویدا بەرخۆدانیان کردووە. هەر لەدەستدانێک، چەندە بۆ من دەبێتە هۆکاری تێکۆشان، هێندەش ئازارێکی قورسە کە لە دڵمدا هەڵی دەگرم. دەمەوێت ڕێگری لە شەهیدبوونی تەنانەت یەک گەنجیش بکەم و نەهێڵم دایکێکی تر لە دوای ڕۆڵەکەی شین بگێڕێت. وەفاداریی ڕاستەقینە کردنەوەی ڕێگە نییە بۆ لەدەستدانی نوێ؛ بە پێچەوانەوە، نیشاندانی بوێرییە بۆ بنیاتنانی زەمینەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ تێکۆشانێکی ئاشتییانە. ئەو میراتەی ئەوان بۆیان جێهێشتووین بەردەوامبوونی شەڕ نییە، بەڵکو نیشاندانی ئیرادەی چارەسەری دیموکراتیکە. ئەوان تێکۆشانیان کرد چونکە باوەڕیان وابوو دواڕۆژێک کە گەلان تێیدا پێکەوە و بە ئازادی بژین مەحاڵ نییە. ئەو ئەرکەی ئەمڕۆ دەکەوێتە سەر شانمان، تاجدارکردنی ئەم ڕەنجە مێژووییەیە بە ئاشتی و کردنەوەی دەرگای سەردەمێکی نوێیە کە لەسەر بنەمای تەبایی دیموکراتیک بنیادنرابێت. ڕێزی ڕاستەقینە، ڕێگریکردنە لە لەدەستدانی نوێ. یادی ڕاستەقینە، بردنەپێشەوەی تێکۆشانە بەرەو ئاستێکی پێشکەوتووتر، هۆشیارانەتر و ژیانپەروەرانەتر. وەفاداری بۆ شەهیدان ئەوەیە کە مرۆڤ ئەو بوێرییەی هەبێت لەو شوێنەی ئەوان لێی وەستاون، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکتر، ئازادتر و مرۆییتر بنیات بنێت. بەم هەست و بەرپرسیارێتییەوە، سەری ڕێز لەبەردەم یادی هەموو پاکڕەوانانی تێکۆشان دەچەمێنمەوە و سڵاوی ڕێز و خۆشەویستی بێپایانم بۆ کەسوکاریان دەنێرم." 'فەلسەفەی بەڕێز ئۆجالان لە جیهاندا دەنگ دەداتەوە' پاشان هاوسەرۆکی ئەستەنبوڵی دەم پارتی عارفە چنار وتی: "لە ئەنجامی ئەو شەڕەی ٥٢ ساڵە بەردەوامە، باجی قورس دراوە و لەدەستدانی گەورە هەبووە. عەقڵیەتی دەوڵەتی تورک هەمیشە لەسەر شاردنەوەی ڕاستییەکان بووە، بەڵام ئەوەی ڕاستی دەخاتە ڕوو و مانا بە ژیان دەبەخشێت، تێکۆشانی شەهیدەکانمانە. بەڕێز ئۆجالان بەو بانگەوازەی بۆ ئاشتی لە ٢٧ی شوباتدا کردی، نەخشەڕێگایەکی بۆ ئاشتییەکی خێرا خستە ڕوو و لە پێناویدا لە زیندانی ئیمراڵی بەرخۆدان دەکات. فەلسەفەی قووڵی بەڕێز ئۆجالان تەنیا لە باکوور نییە، بەڵکو لە هەموو جیهاندایە و ڕووناکییەکەی لەم جیهانە تاریکەدا دەدرەوشێتەوە." دوای وتارەکان، لە هەڵبژاردنێکدا ئیلهام کورت و هولیا ئیلبارس وەک هاوسەرۆکانی نوێی ئەنکادەر هەڵبژێردران. کۆنگرەکە بە شایی و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.
چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق بگاتە بەغداد، لەگەڵ هەڵوێستى ئەرێنى بەشێک لە گروپەچەکدارەکان بۆ دانانى چەکەکانیان، لەکاتێکدا ئەمەریکا فشارەکانى بۆ دوورخستنەوەى گروپەکان لە حکومەتى داهاتوو چڕکردووەتەوە. پێگەى شەفەق نیوزى عێراقى ئەمڕۆ یەکشەممە (21ـی کانوونی یەکەمی 2025)، لە سەرچاوەیەکى باڵاى حکومییەوە گواستییەوە، ساڤایا بەم نزیکانە بە سەرۆکایەتى شاندێکى باڵاى ئەمەریکا دەگاتە بەغداد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق. بەپێی سەرچاوەکە، گفتوگۆکانی ساڤایا لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەکان لەسەر سیاسەتەکانی داهاتووی عێراقە، لەناویاندا پرسی ئاسایش، هەماهەنگییە ئابوورییەکان، لەگەڵ باسکردنی کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، پلانەکان بۆ راهێنان و پێدانى چەک بە هێزە عێراقییەکان. سەردانەکەی نێردەی تابیەتی ئەمەریکا بۆ عێراق لە کاتێکدایە گفتوگۆیەکی گەرم هەیە لەسەر چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران. لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی وەک: کەتائیبی ئیمام عەلی، عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەنسار ئەلئەوفیا و کەتائیبی سەید شوهەدا رایانگەیاند خۆیان ئامادە دەکەن بۆ پشتیوانیکردنی هەبوونی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا، بەڵام گرووپەکانی دیکەی وەک کەتائیبی حیزبوڵلا و بزوتنەوەى نوجەبا چەک دانان رەتدەکەنەوە. لە مانگەکانی رابردوودا بەردەوام بەرپرسانی ئەمەریکا داوایان لە بەغداد کردووە حکومەت هەموو چەکەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، بەڵام لە روانگەی ئەمەریکییەکانەوە تا ئێستا حکومەتی عێراق هەوڵی رژدی نەداوە بۆ کۆنترۆڵکردنی گرووپەکانی دەرەوەی دەوڵەت. هۆشیار زێبارى وەزیرى پێشووى دەرەوەى عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى "شەرقییە" رایگەیاند، هۆکارى دواکەوتنى سەردانى ساڤایا بۆ عێراق ئەوەیە لە ئێستادا رونکردنەوە و وردەکاریی لە ناوەندەکانى بڕیارى ئەمەریکا (دەرەوە، سی ئاى ئەى، پنتاگۆن) لەبارەى دۆخى عێراق وەردەگرێت و زۆربەى کاتەکانى بۆ ئەو پرسە تەرخانکردووە. وتیشى ساڤایا پەیوەندى لەگەڵ شیعە و کورد و سوننە هەیە و پەیوەندى زۆرى لەگەڵ هێزە سیاسییە شیعییەکان هەیە کە بەم نزیکانە ئاشکرادەبێت. بەوتەى زێبارى، هەڵوێستى ئەمجارەى ئەمەریکا لەجارەکانى پێشوو روونترە، مامەڵە لەگەڵ هەر حکومەتێکدا دەکات کە لەسەر بنەماى سندوقەکانى دەنگدان پێکبهێنرێت و دەستوەردان لە پێکهێنانیدا ناکات،بەڵام واشنتن دوو خاڵى سەرەکى بەلایەوە گرنگە، کە بریتین لەسەربەخۆیی حکومەت و نەبوونى گروپەکان تێیدا. جەختیشیکردووەتەوە، ئەگەر وەزیر لە کابینەى داهاتوودا لەگروپەچەکدارەکان دیارى بکرێت، واشنتن مامەڵەى لەگەڵدا ناکات و ساڤایاش سیاسەتەکانى واشنتن لەو بارەیەوە جێبەجێ دەکات. لەدواى دیاریکردنى لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکاوە لە (19ـی تشرینی یەكەمی 2025) وەک نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق، ساڤایا بازرگانی كلدانی بە ڕەچەڵەك عێراقی چەند پەیامێکى لەبارەى عێراق بڵاوکردووەتەوە. ساڤایا دواى کۆتایی هاتنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی کرد، بەڵام لەهەمانکاتیشدا جەختیکردەوە “وڵاتەکەی بە توندی پابەندە بەوەی دەبێت سنورێک بۆ گروپە چەکدارەکان دابنرێت.” ساڤایا هەروەها لەپەیامێکى دیکەیدا پێش بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن جارێکی دیکە جەختی کردبووەوە، هیچ شوێنێک بۆ گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نییە، پێویستە هێزە چەکدارەکانی لە چوارچێوەی سەرکردایەتی یەک حکومەت و یەک دەوڵەت و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆبکرێنەوە. لەدواى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنیش، مارک ساڤایا، ئاماژەى بەوەکردبوو، ئەمەریکا دەستوەردانی دەرەکی لەپڕۆسەى پێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراق رەتدەکاتەوە، لە ئاماژەیەکدا بۆ ئەوەی واشنتۆن لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دەکات، پەیامێک کە لەلایەن چاودێرانەوە وا لێکدەدرێتەوە کە ئاراستەی ئێران کراوە. ئەو پەیامانە بە ئاماژەیەکى روون لێکدەدرێنەوە بۆ لاپەڕەیەکی نوێى ململانێی هەژموون لە عێراق لە نێوان واشنتن و تاران، بۆ دووبارە داڕشتنەوەى هاوسەنگى و هەژموون لە گۆڕەپانی عێراقدا. لە کاتێکدا ئەمەریکا دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی بڕیاردانی عێراقى بە مەرجێکی پێشوەختە بۆ پاراستنی ئەو پێشکەوتنانەی لە ساڵانی رابردوودا بەدەست هاتووە دەزانێت، ئێران بە هەستیارییەکی بەرچاوەوە چاودێرى دۆخى عێراق دەکات، لایەنە عێراقییەکانیش لەژێر فشارى تاران و واشنتندا جموجۆڵیان بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ دەستپێکردووە.
رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆدەبێتەوە و سەرچاوەیەکی باڵاش لە حکومەتی عیراق راگەیاند، پرسی شایستە داراییەکانی هەرێم و بەغداد تاوتوێ دەکرێت. بەپێى هەواڵێکى کوردسات نیوز رایگەیاند، لە کارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کە بڕیارە رۆژی سێشەممە بەڕێوەبچێت، بڕگەی سێی کارنامەکە دیاریکراوە بۆ قسەکردن لەسەر شاییستە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد. وتیشی، چاوەڕوان دەکرێت خەرجکردنی موچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەدوادا بێت. ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، سبەینێ 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی مانگی 10ـی هەرێم بۆ عیراق دەنێرین وەزارەتی دارایی بڵاویکردەوە، دووشەممە، 22ی کانوونی یەکەمی 2025، بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تشرینی یەکەم بەشێوەی کاش دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. پێش بڵاوبوونەوەی ئەم راگەیێندراوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتەکە بە رووداوی گوتبوو، سبەی 120 ملیار دینارەکە دەنێرن. بەشێک لەو 120 ملیار دینارەی بۆ بەغدا دەنێردرێت، داهاتی نانەوتیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەیە. سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی هەرێم-سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ 48 ملیار دینار لە داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، رەوانەی هەولێر کراوە. لیستی مووچەی مانگی 10 لە 25-11-2025 و لیستی مانگی 11 لە 07-12-2025 رادەستی بەغدا کراون، هەروەها لیستی مووچەی مانگی 12ش لە 16ی ئەم مانگەدا نێردراوە. 29ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر و لە سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میسرە، لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری وڵاتەکە کۆبووەوە. هەردوولا جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان کردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی کۆماری لە قاهیرە، لەگەڵ عەبدولفەتتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر کۆبووەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی میسر خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیشان دا و ئامادەیيی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە. وەک ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "سەرۆکی حکوومەت ستایشی ڕۆڵی میسر و سەرۆک سیسی لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کرد."
سەرۆکی پەرلەمانی ئیران لەبارەی خراپیی دۆخی ئابووری و بژێویی خەڵک، هۆشداری دەداتە حکومەت و دەڵێت، ئەگەر گۆڕانکاریی پێویست نەکرێت، لێپرسینەوە لە وەزیرەکان لە لایەن پەرلەمانەوە دەستپێدەکات. یەکشەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی ئاسایی پەرلەمان ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی نرخەکان و دابەزینی نرخی تمەن کرد و رایگەیاند: "ئەوەی گرنگە ئەمڕۆ باسی بکەین، کێشە و نیگەرانییەکانی خەڵکە لەبارەی بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکان، بۆیە پەرلەمان بە شێوەیەکی جیدی بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە دەکات." محەممەدباقر قالیباف گوتی، لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵان و گرانییەکان، لەگەڵ چەندین وەزیر و بەرپرسی دیکەی حکومەتی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەتەوە و پرسەکەیان تاوتوێ کردووە. بڕیارە رۆژی سێشەممە پەرلەمان میوانداریی وەزیرانی ئابووری، کار و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ، پیشەسازی و بازرگانی، سەرۆکی بانکی ناوەندی و سەرۆکی رێکخراوی پلاندانان و بودجە بکات. سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا رێوشوێنەکانی حکومەت بۆ پاراستنی توانای کڕینی خەڵک، چۆنیەتی جێبەجێکردنی پرۆژەی کۆبۆنی خۆراک و کۆنترۆڵکردنی هەڵبەز و دابەزی نرخی دراوە بیانییەکان تاوتوێ دەکرێت." محەممەدباقر قالیباف هۆشداری دەداتە حکومەت و دەڵێت، "ئەگەر ئەم رێوشوێنانە ئەنجامیان نەبێت، کاری لەپێشینە ئەوەیە حکومەت دەستکاریی کابینە بکات، بەڵام ئەگەر چاکسازیی پێویست لە لایەن حکومەتەوە نەکرێت، پەرلەمانتاران ناچار دەبن پرۆسەی لێپرسینەوە لە وەزیرەکان دەستپێبکەن."
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە باس لەوە دەکەن بەغدا دوو نامەی ئاگادارکردنەوەی لە وڵاتێکی کۆمکاری عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگریی رۆژئاواییەوە لەبارەی ئەگەری هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا پێگەیشتووە. دەزگاکە لە راگەیێندراوێکدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-12-2025، رایگەیاند: "رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە رێکەوتی 20ی کانوونی یەکەمی 2025، راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە حکومەتی عێراق دوو نامەی ئاگادارکردنەوەی لە وڵاتێکی عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگریی رۆژئاواییەوە لەبارەی نزیکبوونەوەی هێرشێکی سەربازی بۆ سەر عێراق پێگەیشتووە." دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق نێوەڕۆکی رۆژنامە سعودییەکەی رەتکردووەتەوە و دەڵێت: "حکومەتی عێراق هیچ نامەیەکی لەو شێوەیەی پێنەگەیشتووە." داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات "وردبن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە هەیە." دوێنێ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، "له دوو هەفتەی رابردوودا حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكان دوو پەیامی هۆشداریی نائاساییان له دەوڵەتێکی عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگری رۆژئاواییەوه بەدەست گەیشتووە، كە زانیاریی جیدییان لەخۆگرتووە سەبارەت بە نزیکبوونەوەی وەشاندنی گورزی سەربازی فراوان لە عێراق." بە گوێرەی راپۆرتەکە بەرپرسێکی عێراقی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: "وڵاتێکی دۆست بەغدای لە ناوەرۆكی ئەو هەڕەشەیە ئاگادار کردووەتەوە، پێش ئەوەی میلیشیا شعییەكان سازش بكەن و بڕیاری دانانی چەك بدەن." رۆژنامەكە نووسیویەتی: "هێرشەکان دامودەزگا حکومییەکانی پەیوەست بە گرووپە شیعەکان و حەشدی شەعبی دەکردە ئامانج، هەروەها ئەو کەسایەتیانەی کە هەژموونی دارایی و سەربازییان هەیە، هەروەها شوێن و کۆگاکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک و کەمپەکانی مەشقکردن، واش لێكدەدرێتەوە كە ئەم دوو پەیامە راگەیاندنی دانانی چەكی ئەو گرووپانەی خێراتر کردبێت." سەرچاوەکان بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە: "دوای گەیشتنی پەیامە عەرەبیەكە، بەرپرسانی حکومی دۆسییەكی زەبەلاحیان لە دەزگایەکی هەواڵگریی رۆژئاواوە پێگەیشتووە کە لیستێكی ئامادەکراو بووە لەلایەن دەزگایەكی ئەمنی ئیسرائیلی و زانیاریی فراوان و وردی لەبارەی گرووپە چەکدارەکانی عێراقی تێدابووە ، بەجۆرێك قەبارە و وردی و گشتگیری زانیارییەکان بەرپرسانی عێراقی سەرسام کردووە."
کەتیبە چەکدارەکانی حیزبوڵاى عێراقى ڕاگەیێنراوێکیان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "بەهیچ جۆرێک چەک دانانێین و بەرگریکردن حەقە و چەکیش لەدەست جەنگاوەرەکانمان دەمێنێتەوە و پێویستیشە سەرجەم هێزە چەکدارە بیانییەکان خاکى عێراق جێبهێڵن". کەتیبە چەکدارەکانی حیزبوڵای عێراق چەکداماڵین ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت" هیچ لێكگەیشتنێک لەگەڵ حكومەتدا ناكەن تا دوای کشانەوەی هەموو هێزەکانی داگیرکەرو ناتۆ و سوپای تورکیا و پێویستە دڵنیاشبن لە سەلامەتیی گەل و شوێنە پیرۆزەکان لە هەڕەشەی بەکرێگیراوانی جۆلانی " کەتیبە چەکدارەکانی حیزبوڵای عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن، "سەروەری و پاراستنی ئاسایش لە عێراق و ڕێگریکردن لە دەستوەردانی دەرەکی بە هەموو شێوەکانیەوە، مەرجی پێشوەختە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر كۆكردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا " ڕاگەیەندراوەکەی حیزبوڵا لە کاتێکدایە، فایق زەیدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، ئەمڕۆ لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکرد "سوپاسی گرووپە چەكدارەكانی كرد بۆ گوێگرتن لە ئامۆژگارییەكانی و كۆكردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و گواستنەوەیان لە كاری سەربازییەوە بۆ كاری سیاسی". ئەوە لەكاتێكدایە، ژمارەیەک ی شیعەكان دوای بەیشداریكردنیان لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەییان دەربڕیوە بۆ دانانی چەک و بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی. کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراق کێن؟ کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراق، لە ساڵی 2003 بۆ 2007 لەناو سوپای مەهدیدابوون لە ساڵی 2007 وە بەشێک لە سەرکردەکانی لە سوپای مەهدی جودابوونەتەوە و کەتبیەکانی حیزبوڵای عێراقیان ڕاگەیاندووە بە ێکی گەورەی ناو حەشدی شەعبی دادەنرێت لیواکانی 45 و 46 و 47 ی ناو حەشدی شەعبی پێکدەهێنن ئەحمەد حەمیداوی ناسراو بە ئەبو فەدەک سەرکردایەتیان دەکات و لە هەمانکاتیشدا سەرۆک ئەرکانی حەشدی شەعبییە بەشێک لە بەرەمی مقاوەمە لە ساڵی 2019 دا 7 هەزار چەکداریان هەبووە چالاکییەکانیان لە عێراق و سووریا دژ بە سووپای ئەمریکا و هێزە بیانییەکانە
بەگوێرەی راپۆرتێکی NBCـی ئەمریکی, نەتانیاهۆ بەنیاز ترەمپ لەپلانی هێرشکردنە سەر سەکۆ مووشەکییەکانی ئێران ئاگادار بکاتەوە و پلانەکە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلیش لەخۆدەگرێت. راپۆرتەکە دەڵێت: نەتانیاهۆ نۆژەنکردنەوەی سەکۆ مووشەکییەکان لەلایەن ئێرانەوە بە مەترسیی بۆ سەر ئیسرائیل ناودەبات و دەڵێت: پێویستە دەستبەجێ کاردانەوەمان هەبێت. بەرپرسانی ئیسرائیل نیگەرانیی قووڵی خۆیان نیشان دەدەن لەوەی ئێران خەریکی فراوانکردنی بەرنامە مووشەکییەکەیەتی و هەوڵی چاککردنەوەی سیستەمە بەرگرییەکانی دەدات، بۆ ئەو مەبەستەش خۆیان ئامادە دەکەن بژاردەی هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە بخەنە بەردەم دۆناڵد ترەمپ. شەممە 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، تۆڕی هەواڵی ئەی بی سی نیووزی ئەمەریکی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەی ئاشکرای کردووە؛ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەوڵی قایلکردنی سەرۆکی ئەمەریکا دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی هێرش هاوبەش بۆ سەر ئێران. بەگوێرەی ئەی بی سی نیووز، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی تاران خەریکی بنیاتنانەوەی ئەو بنکە ئەتۆمییانەیە کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو لەلایەن ئەمریکاوە بۆردوومان کران، بەڵام لە ئێستادا ترسی سەرەکیی تەلئەڤیڤ بریتییە لە هەوڵەکانی ئێران بۆ چاککردنەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و زیادکردنی بەرهەمهێنانی مووشەکە بالیستییەکان. بڕیارە لە 29ـی ئەم مانگە، ناتانیاهۆ، لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکدا لە فلۆریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کۆببێتەوە. ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە ترەمپ تێبگەیەنێت کە فراوانبوونی بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران پێویستی بە وەڵامی خێرا هەیە. بەپێی زانیارییەکان، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە نیازە چەند بژاردەیەک بخاتە بەردەم سەرۆکی ئەمەریکا، کە خۆی دەبینێتەوە لە بەشداریکردنی ئەمەریکا لە هێرشێکی نوێدا یان پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل. پێشتر دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو لە هێرشەکانی پێشوودا توانای ئەتۆمیی ئێرانیان بە تەواوی لەناوبردووە، بەڵام زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر ڕێگری لە ئێران نەکرێت، توانای بەرهەمهێنانی مووشەکە بالیستییەکانی دەگاتە 3000 مووشەک لە مانگێکدا، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.
بەپێى هەواڵى میدیاکانى یەکێتى، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە بەغداد کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق بەشداربوون، جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کرایەوە کە دیدگاکەی خزمەتکردنی خەڵک و بەهێزکردنی پایەکانی دەوڵەتداری بێت. بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە محەمەد شیاع سودانی کرد لە ناردنی موچە پەلە بکرێت و مافی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت. لای خۆیەوە، سەرۆک وەزیرانی عیراق پابەندبوونی بە رێککەوتنەکان دووپاتکردەوە و وتی، جەخت لە پاراستنی مافی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.
جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێ، رێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا هیچ کێشەیەکی نییە و نوێ دەکرێتەوە. د. حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئەمڕۆ شەممە 20-12-2025 لەبارەی رێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا و کۆتاییهاتنی کاتەکەی لە کۆتایی ئەم مانگەدا رایگەیاند: "رێککەوتنەکە نوێ دەکرێتەوە و هیچ کێشەیەکی تێدانییە. نەوتی هەرێمی کوردستان هەر وەک خۆی دەڕوات. ئێستا هەناردەکردن رۆژانە 200 هەزار بەرمیلی تێپەڕاندووە و پشتیوان بەخوا بڕی هەناردەکراو زیاتریش دەبێت". د. حەمدی شنگالی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی 13-10-2025 بڵاوکرایەوە لەبارەی ماوەی رێککەوتنەکە گوتی: "رێککەوتنەکە بۆ سێ مانگ دیاریکراوە و لە 31ی کانوونی یەکەم کۆتایی دێت، بەڵام بەپێی یاسای بودجە و بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامی، دواتر نوێ دەکرێتەوە تاوەکو کێشەکان بە تەواوی چارەسەر دەبن." حەمدی شنگالی ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا نەوتی هەرێمی کوردستان لە پێشابوور رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێ، ئەوانیش لە رێگەی بۆرییەوە نەوتەکە دەگەیێننە بەندەری جیهان. کۆمپانیای سۆمۆ نەوتەکە دەداتە ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ کراوە و زۆربەی بۆ وڵاتانی ئەورووپا هەناردە دەکەن، چونکە بەهۆی نزیکیی شوێنی جوگرافییەوە، تێچووی گواستنەوە کەمترە و نەوتەکە بە خێرایی دەگاتە دەست کڕیار. جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ گوتی، دوای گفتوگۆیەکی زۆر و هەوڵێکی زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆمپانیاکانی نەوت رازی بوون بە رێککەوتنەکە و سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێ کراوە. حەمدی شنگالی ئاماژەی بەوەدا، گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازن لە گرێبەستەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، چونکە لە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستاندا کۆمپانیا خۆی پارە خەرج دەکات بۆ گەڕان و بەرهەمهێنان و دواتر قازانجی خۆی وەردەگرێ، بەڵام لە باشووری عێراق حکومەت پارە خەرج دەکات؛ گوتیشی: "تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرزترە، چونکە ناوچەکە شاخاوییە و کێڵگەکان دژوارترن. بۆیە ئەو 16 دۆلارەی بۆ هەر بەرمیلێک دیاریکراوە، بۆ دابینکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیە."
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاشکرای دەکات، لە ئەنجامی هێرشە چڕەکەی شەوی ڕابردووی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی داعش لە سووریا، ژمارەیەک چەکدار کوژراون کە سەرکردەیەکیان تێدایە. ڕامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، لە بۆردوومانەکانی ئەمریکادا لە پارێزگای دێرەزوور، لانی کەم پێنج چەکداری داعش کوژراون. ئاماژەی بەوەش داوە کە یەکێک لە کوژراوەکان سەرکردەی شانەیەک بووە و "بەرپرسی درۆن" بووە لە ناوچەکە. سەرچاوەیەکی ئاسایشی سووریا ڕوونی کردووەتەوە، هێرشەکان ئاسمانی بوون و ئۆپەراسیۆنی زەمینی تێدا نەبووە. ناوچە بەئامانجکراوەکان بریتی بوون لە بیابانی "بەدیعیە" لە پارێزگاکانی (حومس، دێرەزوور و ڕەقە). زۆربەی ئامانجەکان لە ناوچەیەکی شاخاوی لە باکووری تەدموور بوون کە بەرەو دێرەزوور درێژ دەبنەوە. ئەم هێرشە لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی چاوی هەڵۆ"دایە کە ڕۆژی هەینی دەستیپێکرد. بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە تۆڵەی کوژرانی دوو سەرباز و وەرگێڕێکی ئەمریکی لە هەفتەی ڕابردوودا، 70 پێگەی داعش لە سووریا کراونەتە ئامانج. لەبارەى بکەری ئەو هێرشەی لە تەدموور هێزەکانی ئەمریکای کردە ئامانج، دوو گێڕانەوەی جیاواز هەیە: واشنتن: جەخت دەکاتەوە کە هێرشەکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ئەنجامدراوە. دیمەشق: حکومەتی سووریا دەڵێت هێرشەکە لەلایەن سەربازێکی سوپای سووریاوە کراوە کە "بیری توندڕەویی هەبووە" و بەنیازبوون لە ڕیزەکانی سوپا دووری بخەنەوە.
