کابینەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە گفتوگۆی نەخشەڕێگای پڕۆسەی ئاشتی نێوان کورد و تورکیا و کۆبونەوەکانی شاندی ئیمراڵی دەکات. کابینەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، کۆدەبێتەوە، نەخشەڕێگای پڕۆسەی ئاشتی نێوان کورد و تورکیا و ئەو ڕێكخستنە یاساییانەی کە لە دوای بڕیاری پەکەکە بۆ چەكدادان پێویستە بیگیرێتەبەر و کۆبونەوەکانی شاندی ئیمراڵی و دەمپارتی تاوتوێ دەکرێت.  بە گوێرەی ئەو بەرنامەی کارەی میدیاکانی تورکیا باسیان کردوە، لە تەوەری دوەمدا، پرسی زۆربونی ڕوداوەکانی ئاگرکەوتنەوە کە تەنها لەماوەی دو رۆژدا 150 ئاگر لەسەرتاسەری تورکیا کەوتوەتەوە گفتوگۆ دەکات.  جگە لە تاوتوێکردنی شەڕی ئیسرائیل و ئێرانیش، باس لە ئەنجامی چەند کۆبونەوەیەکی ئەردۆغان دەکرێت کە لە پەراوێزی سەردانەکەی بۆ لاهای ئەنجامیداوە.

  ڕاوێژكاری باڵای عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، ڕایدەگەیەنێت لەسەرەتای جەنگدا دەستی سەربازیی ئێمە لە ئیسرائیل كورتتر بوو، بەڵام دواتر هاوسەنگى گۆڕدرا. ئەوەش دەخاتەڕوو لەڕۆژى هەینیدا تەلەفۆنیان بۆ کردوەو وتویانە  12 کاتژمێرت لەبەردەستە وڵات بەجێبهێڵیت، ئەگینا هەمان چارەنووسی هاوڕێکانت دەچێژیت، وەڵامێکى گونجاومدانەوە وتم ئەوەشایەتى نەتەنیاهۆیە. لەچاوپێکەوتنێکى تۆمارکراوى تەلەفزیۆنیدا، عەلی لاریجانی- راوێژكاری باڵای عەلی خامنەیی دەڵێت: ڕۆژی دووشەممەى یەکەم هەفتەی شەڕەکە، گرنگییەکی تایبەتی هەیە و لەو ڕۆژەدا بڕیاری چارەنووسساز درا کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ڕەوتی شەڕەکە هەبوو، ئیسرائیل پلانی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی داڕشتبوو بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، دۆخی كۆمەڵایەتی گەلی ئێران هۆكار بوو بۆ ئەوەی ئیسرائیل ئامانجی خۆی بگۆڕیت تەنانەت ئۆپۆزسیۆنیش پشتیوانی ئێرانیان كرد و ئەوان شکستیان هێنا. ئەو بەرپرسە ئەوەش باسدەکات، ئیسرائیل دەیویست دوای لێدان لە سەرۆكی سێ دەسەڵاتەكە سەرۆك كۆمار، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی لە كۆبوونەوەدا، بەرەو ڕابەر عەلی خامنەیی بڕوات و بیکوژێت. سەبارەت بە بۆردومانکردنى دامەزراوە ئەتۆمییەکان، لاریجانى دەڵێت هیچ لەسەر فۆردۆ ناڵێم، ئێمە دەزانین چى ڕویداوە با ترەمپ و ئەوانیش بۆ خۆیان دڵخۆش بن بەوە. لاریجانی دەڵێت: لە کۆی ١٤ مووشەکی ئێرانی، ٦ مووشەکیان بەر بنکەی ئەمریکا کەوتووە لەقەتەر، بە توندی لێیاندراوە و هەریەکە لەو موشەکە جەنگیانە ٤٠٠ کیلۆگرامیان هەڵگرتبوو.

  سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، ڕەنگە سزاکانی سەر ئێران هەڵبوەشێننەوە ئەگەر نیازپاکی نیشان بدات، وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش وەڵامى ئەو لێدوانانەى دایەو دەڵێت گاڵتەجاڕییەکانی ترامپ هێرشە بۆ سەر گەلی ئێران. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە ئێران لە ئێستادا بیر لە گەڕانەوە بۆ پڕۆژە ئەتۆمییەکە ناکاتەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێران "زۆر ماندوو بووە". ناوبراو زیادی کرد: ئێران پێش هێرشەکانی ئەمریکا کاتێکی نەبووە بۆ جوڵاندن و گواستنەوەی یۆرانیۆم. سەرۆکی ئەمریکا ڕوونیکردەوە کە شەڕی ئەم دواییە بۆ ئێران تێچووی زۆری هەبووە و ئاماژەی بەوەدا کە تاران تەنیا چەند هەفتەیەکى کەمى مابوو بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.ئاماژەی بەوەشكرد: پیتاندن وشەیەکی خراپە ئێران نابێت بەکاری بهێنێت. وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لێدوانەکانی ترەمپ بە گاڵتەجاڕانە و هەڵسوکەوتەکەکانی بەبێ حورمەتانە وەسف دەکات سەبارەت بە رێبەرى باڵاى وڵاتەکەى و نەتەوەی ئێران بە توندی شەرمەزارى قسەکانى ترەمپ دەکات. وەزارەتى دەرەوە دەڵێت: ئەم لێدوان و ڕەفتارە سوکایەتیانە، کە پێچەوانەی ئەتەکێتی ئەخلاقی و دیپلۆماسییە، نەک هەر پێشێلکارییەکی گەورەی بنەما و بەها جیهانییە هاوبەشەکان و بڕگەکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕێز لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان دەگرن، بەڵکو نموونەیەکی ڕوونی بێڕێزیکردنە بە نەتەوە و شارستانیەتێکی ڕەگداکوتاوی قووڵ و ئازاردانی هەستی سەدان ملیۆن کەسی موسڵمانە لە ناوچەکە و لە سەرانسەری جیهان.

  وەزیری دەرەوەی ئێران نامەیەکی ئاڕاستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، جەختی لەوەکردوەتەوە کە ئیسرائیل و ئەمریکا بەرپرسیارن لەو هێرشانەى کراونەتە سەر ئێران. عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى ئێران لە نامەکەیدا داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات بە فەرمی ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک لایەنی دەستپێشخەری دەستدرێژییەکە بناسێت.  هەروەها دەشڵێت: دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات لە بەرپرسیارێتیەکانی دەرئەنجامی ئەو دەستدرێژییە، لەوانەش قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەى کە لێمان کەوتووە، ئەمەش بە پێی مادەی ٣٩ی بەڵگەنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەمەش دوای ئەوە هات کە گیدۆن ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەرکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بنێت. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە لە سەردانەکەی ئەلێکساندەر دۆبرینت وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بۆ شوێنی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران لە بات یام لە دەرەوەی تەلئەبیب وتی: ئەنجامی ستراتیژی بەربەریی ڕێژیمی ئێران کە بێ شەرمانە و بە ئەنقەست ناوەندەکانی دانیشتوانی مەدەنی بە مووشەکی بالیستی بۆردومان دەکات، ڕوون و ئاشکرایە.

  ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رايگەياند، رەنگە لە چەند مانگێکدا ئێران بتوانێت دەستبکاتەوە بە پيتاندنی يۆرانيۆم، ئەوەش سەرەڕای ئەو زيانانەی بەهۆی هێرشەکانی ئەمريکا و ئيسرائيلەوە بەر وێستەگە ئەتۆمييەکانی کەوتووە. رافائیل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ديمانەيەکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمريکی لەبارەی گواستنەوەی يۆرانيۆمی پيتێندراوی وێستگەکانی ئێرانەوە پێش هێرشەکەی ئەمريکا گوتی، "نازانين لەکوێيە، رەنگە بەشێکی لەناوچووبێت و بەشێکيشی گواسترابێتەوە". گرۆسی دەشڵێت، پێویستە لە بارودۆخێکی دڵنيايیدا بن لەبارەی وێستگەکانەوە، پشتڕاستی بکەنەوە کە چی هەیە و لە کوێیە و چی روویداوە، رەنگە بەشێک لە بەرنامە ئەتۆمييەکەی ئێران هێشتا مابێت. گرۆسی باسی لەوەشکردووە، "ئەگەر ئێران يۆرانيۆمەکەشی نەمابێت ئەوا دەزانێت چۆن بيپيتێنێت، چونکە وڵاتێکە لەڕووی تەکنەلۆجيای ئەتۆمييەوە زۆر زيرەکە". رافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم زیاتر روونیکردەوە و گوتیشی، "ئێمە نازانين ئەو ماددانە لەکوێن، ياخود بەشێکی لەکوێيە، رەنگە لەماوەی ئەو 12 رۆژەدا بەهۆی هێرشەکانەوە بەشێکی لەناوچووبێت، بەڵام رەنگە بەشێکی گواسترابێتەوە، ئێران بەرنامەیەکی زۆر فراوانی هەبوو، لەوانەیە بەشێکی هێشتا مابێت، ئەگەر نەشمابێت ئەوان زانیارییەکانیان هەیە، توانای پيشەسازييان هەيە، ئێران لە رووی تەکنۆلۆژیای ئەتۆمییەوە وڵاتێکی زۆر زيرەکە، ئۆپراسيۆنی سەربازی هەبێت يان نا، ناتوانيت ئەمە بە تەواوەتی چارەسەر بکەيت، بڕيارە رێککەوتنێک هەبێت، بڕیارە سیستەمێکی پشکنين هەبێت کە دڵنیایی دەدات بە هەموو خەڵکی ناوچەکە و دەرەوە، بە دڵنیاییەوە دەتوانین پەڕەيەکی نوێ هەڵبدەينەوە". قسەکانی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەکاتێکدا، لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئيسرائيل بۆسەر ئێران لە 13ـی حوزەيراندا، تاران هەماهەنگی لەگەڵ پشکنەرانی ئاژانسەکە راگرتووە. هەروەها، لەدوای هێرشەکەی ئەمريکا بۆسەر سێ بنکەی ئەتۆمی ئێران کە (نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان) بوون، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرايەوە، کە بەگوێرەی وێنەی مانگە دەستکردەکان چەند رۆژێک پێش هێرشەکە يۆرانيۆمی پيتێندراوی وێستگەی فۆردۆ گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی ناديار.

  دادگای ناوچەی قودس داوای دواخستنی دانیشتنەکانی دادگاییکردنی بنیامین ناتانیاهۆى قبوڵکرد، بەوهۆیەشەوە لەم هەفتەیەدا بانگهێشت ناکرێت لێپرسینەوەى لێ ناکرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گەیشتە دادگا بۆ ئەوەی بۆ دادوەرەکان ڕوون بکاتەوە کە بۆچی دەبێت دانیشتنەکانی دۆسیەکەی دوابخرێن لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ناوچەکە. دادگاکە ڕۆژی هەینی داوای نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیران، ڕەتکردبووەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئیفادەکانی لە دادگاییکردنیدا بۆ ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو بەهۆی ئەو بابەتەی کە بە "پرسە نیشتمانی و ئەمنی و سیاسییە ئەولەویەتی باڵاکان" ناوی بردووە. دوابەدوای ئەمەش ناتانیاهۆ داواکارییەکی دیکەی پێشکەش کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەروارەکانی ئیفادەکانی و زەرفێکی مۆرکراوی پێشکەش بە دادگا کرد کە خشتەی داهاتووی خۆی تێدابوو.  ئەمیت حەداد، پارێزەری نەتانیاهۆ ڕایگەیاندووە سەرۆک وەزیران پێویستی بە پشووی دوو هەفتەیی هەیە، بۆ ئەوەی کاتەکانی بۆ "پرسە دیپلۆماسی و نیشتمانی و ئەمنییەکانی" تەرخان بکات، ئەمەش لە دوای شەڕی ئەم دواییە لەگەڵ ئێران کە ڕۆژی سێشەممە کۆتایی هات. بە وتەی حەداد، پرسەکان بریتین لە “بەڕێوەبردنی شەڕی غەززە و مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی بارمتەکان”. لە وەڵامەکەیدا، نووسینگەی داواکاری گشتی دەوڵەت دەڵێت کە "ئەو هۆکارە گشتیانەی کە لە داواکارییەکەدا بە وردی باسکراون ناتوانن پاساو بۆ هەڵوەشاندنەوەی دوو هەفتەی دانیشتنەکان بهێننەوە، بەتایبەتی لە پێش پشووەکاندا." ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر دادگا چەند جارێک دەستکاریی کاتى دانیشتنەکانى کردووە بۆ ئەوەی باشتر لەگەڵ کاتەکانى نەتانیاهۆدا بگونجێت، لەوانە ڕێگەی پێداوە کە هەفتەی دووجار ئیفادە بدات، نەک سێ جار لە هەفتەیەکدا. رۆژی چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیەڵ نەتەنیاهووی وەک "جەنگاوەرێک" ناوبرد و ستایشی سەرکردایەتییەکەی کرد و ماوەی دەسەڵاتی بە "یەکێک لە مەزنترین ساتەکانی مێژووی ئیسرائیل" ناوبرد.

  سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لەگەڵ وەزیری بەرگری سعودیە قسەیکردووە پێى ڕاگەیاندووە کە تاران گومانی جددی هەیە لەوە ئیسرائیل  پابەندبێت بە ئاگربەستەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، شازادە خالید بن سەلمان وەزیری بەرگری سعودیە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن جەنەڕاڵ عەبدولڕەحیم موسەوی سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە پێگەیشتووە، بەپێی ئەوەی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە. وەزیری بەرگری سعوودیە و سەرۆکی ئەرکانی ئێران، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنەیاندا  پێشهاتى نوێى ناوچەکەو هەوڵەکانی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییان تاوتوێ کردوە. بەپێى ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، عەبدولڕەحیم موسەوی، وتویەتى: ئەگەر ئیسرائیل پابەندى ئاگربەست نەبێت ئامادەین وەڵامێکی توندی بدەینەوە ئەگەر دەستدرێژیەکانی دووبارە بکاتەوە. ئەم هەڕەشەو هۆشداردایە دوای ئەوە دێت کە ئاگربەست کۆتایی بە شەڕی ئاسمانی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران هێنا. لەو ماوەیەدا پێکدادانێکی بێ وێنە لە نێوان هەردوولادا سەریهەڵدا و شەڕەکە بووە هۆی دەستوەردانی ئەمریکا لەو ململانێیەدا. ئەمریکا ئێوارەی شەممەی ڕابردوو هێرشی ئاسمانی و هێرشی کردە سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی و فۆردۆ و ناتانز و ئیسفەهانی کردە ئامانج. تاران وەڵامی دایەوە و بنکە سەربازییەکانی قەتەر و عێراقی کردە ئامانج، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی تۆمار بکات، پێش ئەوەی ترەمپ لەناکاو دوای چەند کاتژمێرێک ئاگربەست ڕابگەیەنێت.

  سەرچاوەیەکى باڵا لە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ڕاگەیاند، حکومەتى فیدراڵ وەک نیازپاکى لەم هەفتەیەدا مووچەى مانگى پێنج دەنێرێت. ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، ئەم هەفتەیەش وەزارەتی دارایی كوردستان وەك نیازپاكی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغداد دەنێرێت، لەگەڵ بەغداد رێککەوتوون رۆژانە هەرێمی کوردستان 280 هەزار بەرمیل بەرهەمبهێنێت لەو بڕە  رۆژانە 260 هەزار بەرمیل رادەستی بەغداد دەكات و 20 هەزار بەرمیلیشی بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاردەهێنێت. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان، ووتى، وەزارەتى دارایی عێراق ئەمڕۆ وردبینى بۆ لیستى مووچەى مانگى شەشى هەرێمى کوردستان دەستپێکردووە، ئەوانیش گەنجینەکانیان ئاگادارکردووەتەوە ئامادەکارى بۆ دابەشکردنى مووچە بکەن. هاوكات، سەرچاوەیەکیش لە ئەپیكور ڕاگەیاند، دوێنێ تورکیایان ئاگادارکردووەتەوە بەمزووانە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەڕێی سۆمۆوە دەستپێدەکاتەوە و تەنها چاوەڕوانی رەزامەندی بەغداد دەکەن.

  ئەنجومەنی باڵاى دادوەریی عێراق ڕایدەگەیەنێت جاسم محەمەد عەبود بەهۆی باری تەندروستییەوە داوای خانەنشینبوونی كردبوو، ئەنجومەنەکەش  خانەنشینبوونییەکەى پەسەندكردوە. یەکشەممە، 29-06-2025، ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) بڵاوی کردووەتەوە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق داواکاریی خانەنشینبوونی دادوەر جاسم عەبوود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە، پەسەند کرد.  ئاماژە بەوەش کراوە، دادوەر مونزەر ئیبراهیم حوسێن، جێگری سەرۆکی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی بۆ شوێنی دادوەر جاسم عەبوود کاندید کراوە. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو داوا لە لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق کراوە، بۆ دەرکردنی مەرسومی سەرۆکایەتی، بۆ دانانی جێگری سەرۆکی دادگای فیدراڵی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حسێن، بۆ سەرۆکایەتی دادگای باڵای فیدراڵی. ٢٣ى ئەم مانگە ئەمڕۆ جاسم محەمەد عەبود، سەرۆكی دادگای فیدراڵی عێراق داوای دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی كرد. بەپێی زانیارییەكان، هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی دادگای فیدراڵی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی لەلایەن سێ سەرۆكایەتی عێراقەوە (کۆمار و حکومەت و پەرلەمان) ، داوایەكی جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی دادگای فیدراڵی رەتكراوتەوە بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی سیاسی و یاسایی، سەرۆكی دادگای فیدراڵی عێراق داوای خانەنشینبون و بەخشینی لە پۆستەکەى کردوە.

  بەڕێوەبەری بەشی دارایی و كارگێڕی لە دەستەی حەشدی شەعبی عێراق، رایگەیاند، مووچەی هێزەکانیان مسۆگەرە و لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەدا مووچەى مانگى حوزەیرانیان بۆ خەرجدەكرێت. ئەوەش پاش دواکەوتنى بۆ ماوەى نزیکەى هەفتەیەک دێت. حسێن ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەشەکە لە راگەیەندراوێکدا، گوتیشى، "كارتە نوێیەكانی ئەندامانی دەستەى حەشدى شەعبى لەبری بانكی رافیدەین لە بانكی نەهرێن چاپكراون و فشار بۆ خەرجكردنیان دەكەین". لە رۆژانى رابردوودا، مەیسەم زەیدی، فەرماندەی "فیرقەی عەباسی شەڕکەر" لە حەشدی شەعبی، لە بۆنەیەکدا قسە بۆ ژمارەیەک ئەندامى حەشد دەکات و دەڵێت، "وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، کۆمپانیای بەرپرسی لە دابەشکردنی مووچەی حەشدی شەعبی ئاگادارکردووەتەوە کە مووچەکەیان رابگرێت". بەگوتەى مەیسەم زەیدى، کۆمپانیاکەش لەوبارەیەوە بانکی رافیدەین و حەشدی شەعبی ئاگادارکردووەتەوە. فەرماندەکەی حەشدی شەعبی دەشڵێت هەر کۆمپانیایەکی دیکەش بێت هەمان چارەنووسی دەبێت. دوێنێ شەممە 28ـى حوزەیران، بەشی دارایی حەشدی شەعبی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، وەکو هەموو مانگەکانی دیکە لە 18ـی مانگەوە لیستی مووچەیان بۆ بانکی رافیدەین ناردووە و لە 25ـی مانگدا مووچەکانیان چووەتە سەر هەژماری بانکی ئەندامەکانیان، بەڵام ئەم مانگە دواکەوتووە. بەگوێرەى بەدواداچووەکان، یەکێک لە پێشنیازەکان کە حکومەتی عێراق کارى لەسەر دەکات ئەوەیە مووچەی حەشدی شەعبی بخرێتە سەر وەزارەتی ناوخۆ و بە لێبڕینی 10% مووچەکانیان دابەشبکرێت. حەشدی شەعبی، ساڵی 2014 پێکھێنراوە لە دەیان گرووپ و سەدان هەزار چەکدار پێکهاتووە و هەموو 24 مانگێک مووچە وەردەگرن.

  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس" دژایەتیی خۆی بۆ دادگایکردنی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەتۆمەتی گەندەڵی دەربڕى و رایگەیاند، ناتوانن لە ئاستی بەردەوامیدان بەو تۆمەتانە بێدەنگبن. ترەمپ، نووسیویەتی، نەتانیاهوو پاڵەوانی جەنگە و هاوکار و پشتیوانی ئەمریکا بووە بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران و تۆمارکردنی سەرکەوتنی گەورە، بەڵام ئەو بە تۆمەتی بێ بنەما رووبەڕووی دادگا کراوەتەوە. ترەمپ، بۆچوونى وایە نەتانیاهوو ئێستا سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ حەماس بۆ گێڕانەوەی بارمتەکان لەبەرئەوە نابەجێیە لە هۆڵی دادگا بێت بۆ وەڵامدانەوەی تۆمەتی "بێ بنەما". سەرۆکی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە، پرۆسەی دادگایی نەتانیاهوو شەڕی سیاسییە و دەڵێت، ئەمریکا زیاتر لەهەر وڵاتێکی دیکە هاوکاریی دارایی پێشکەشی ئیسرائیل دەکات و دەیپارێزێت، لەبەرئەوە رازی نابن بەوەی بەرامبەر نەتانیاهوو ئەنجامدەدرێت. داواش دەکات، لێگەڕێن نەتانیاهوو کارەکانی خۆی بکات، لەبەرئەوەی زۆر کاری گرنگ ماوە و دەیانکات.

  رۆژنامەى سۆزجوى تورکى بڵاویکردووەتەوە، ئەمساڵ کەمترین ژمارەى گەشتیار سەردانى شارە گەشتیارییەکانى تورکیایان کردووە، کە کەمترینە لەماوەى 30 ساڵى رابردوودا. رۆژنامەکە شارى گەشتیارى بۆدروومى بە نموونە هێناوەتەوە و نووسیویەتى، 30 رۆژى یەکەمى 90 رۆژى وەرزى گەشتیاریى ئەمساڵ، کە وەرزى گەرمایە، بە خراپترین شێوە دەستیپێکردووە، هۆتێل و خواردنگە و خانووە هاوینەکان چۆڵن، وەکو ئەوەى پارە نەمابێت، کەس روویان تێناکات. هەروەها دەڵێت، مانگى حوزەیرانى ئەمساڵ بەراورد بە هەمان مانگى ساڵى رابردوو، رێژەى گەشتیار لەسەدا 35 کەمیکردووە، ئەگەر بۆ ساڵێکی دیکەش بەوشێوەیە بەردەوامبێت، رەنگە هیچ دوکاندارێک لەو شارە نەمێنێت.

  نوری مالیکی، سەرۆکی ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا، دەڵێت: جەنگەکانی ئیسرائیل کە لە کەرتی غەززەوە بۆ لوبنان و پاشان سوریا و دواجار بۆ ئێران هات، عێراق بەدوورو پارێزراونابێت لێی. مالیکی لە وتارێکدا، کە بە بۆنەی هاتنی مانگی موحەڕەمەوە پێشکەشی کرد، جەختی لە پێویستی بەهێزبوونی عێراق کردەوە هاوشێوەی وڵاتانی دراوسێی. وتیشی: پێویستە پێداچوونەوەیەکی خێرا بکرێت، كە هەموو دامەزراوە و دەزگا ئەمنییەکان و سەربازییەکان بگرێتەوە، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی لە ئاستێکدا بین کە سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنی مسۆگەر بکات و سەروەری وڵات لە هەڕەشە دەرەکییەکان بپارێزێت. سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە گرنگی زانی عێراق دەوڵەتێکی بەهێز بێت، خاوەنی هەموو ئامرازەکانی بەرگری لە سەروەری و گەلەکەی و پیرۆزییەکانی بێت، وەك ئاماژە پێدا، نەک لە پێناو شەڕدا، وەک سەردەمی رژێمی بەعس، بەڵکو بۆ پاراستنی سەروەری خۆمان و مافەکانمان و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق.

شاندە تەكنیەكیەكەی بعێراق گەڕایەوە بەغداد، شاندی هەرێم گەیشتنە بەغداد، بەغداد مانگانە داوای (150) ملیار دینار داهاتی ناوخۆ و رادەستكردنی (280) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەكات لەرێگای سۆمۆوە هەناردەبكرێت، لەبەرامبەردا بەغداد موچەی موچەخۆران و خەرجی كۆمپانیاكانی نەوت دەدات. ماوەی دوو رۆژ شاندێكی تەكنیكی حكومەتی عێراق لە هەرێمی كوردستان بوون لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم و وەزارەتی سامانەسروشتییەكان و سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و كۆمپانیاكانی نەوت كۆبوونەتەوە، شاندەكەی عێراق گەڕانەوە بەغداد، ئەمڕۆش شاندێكی وەزارەتی سامانەسروشتییەكانی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران گەیشتنە بەغداد و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و سۆمۆ لە كۆبوونەوەدان و لە رێككەوتن نزیكن. بەپێى زانیاریەکان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری سامانە سرووشتییەکان لە بەغدادن، وەزیری سامانەسروشتییەکان و وەزیری نەوت سبەینێ بۆ جاریی دووەم کۆدەبنەوە. ئەو شاندە تەکنیکییەی هاتبوونە هەرێمی کوردستان گەڕانەوە بەغداد، وەزارەتەکانی نەوت و سامانە سرووشتییەکان تەنها باسی هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن. بەپێی بەدواداچوونەكان: - حكومەتی عێراق داوای (50%)ی كۆی داهاتی ناوخۆ دەكات، داهاتی ناوخۆ بە (300) ملیار دینار خەمڵێندراوە، واتا مانگانە (150) ملیار دینار رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بكرێت. - رۆژانە هەرێمی كوردستان (280) هەزار بەرمیل نەوت لە رێگای سۆمۆوە هەناردە بكاتەوەو داهاتەكەی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەگەڕێتەوە. - لەبەرامبەردا لەماوەی ئەم هەفتەیەدا وەك نیەت باشی سەرەتا بەغداد موچەی مانگی ئایاری موچەخۆران دەدات و دوای رێككەوتنی تەواوەتیش موچەی مانگی حوزەیران خەرج دەكرێت. - بۆ هەر بەمیلێك بەغداد (16) دۆلار بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێن خەرج دەكەن - هەرێم رۆژانە (280) هەزار بەرمیل رادەستی سۆمۆ دەكات، نرخی بەرمیلێك لە بازأرەكانی جیهان نزیكەی (65) دۆلارە، واتا رۆژانە داهاتی ئەو (280) هەزار بەرمیلە دەكاتە ( 18 ملیۆن و 200 هەزار) دۆلار، مانگانەش كە (8 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل دەكات داهاتەكەی دەكاتە (546) ملیۆن دۆلار.  - بۆ هەر بەرمیلێك (16) دۆلار بۆ كۆمپانیاكە خەرج دەكرێت واتا مانگانە (8 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل دەكاتە ( 134 ملیۆن ) دۆلار، واتا حكومەتی عێراق لە (546) ملیۆن دۆلار (412 ملیۆن) دۆلاری مانگانەی بۆ دەمێنێتەوە.  - خۆ ئەگەر ئەو (280) هەزار بەرمیلەی رۆژانە بە نرخی هەرێم بفرۆشرێت كە لە ئێستادا (33) دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك، ئەوا داهاتی مانگە دەكاتە (277) ملیۆن دۆلار، لەبەرامبەر (546) ملیۆن دۆلار ئەگەر لە رێگای سۆمۆوە بیفرۆشێت، واتا (269) ملیۆن دۆلار كەمتر دەیفرۆشێت. 

دەسەڵاتدارانى ئێران لەدواى دەستپێکردنى شەڕەوە زیاتر لە ٧٠٠ کەسى وەک بریکارو سیخوڕى ئیسرائیل دەستگیرکرووەو هەنگاوەکانى لەناوخۆى وڵاتەکەى چڕکردوەتەوە بۆ  بۆ پووچەڵکردنەوەی دزەکردنی ئیسرائیل. ئاژانسەکانى هەواڵ دەڵێن دوای شکستەکانی هەواڵگری لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، ئێران سەرکوتێکی بەرفراوانی ناوخۆیی دەستپێکردوەو بە دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و خێراترکردنى لەسێدارەدانەکان، ئەمەش ڕەخنەگران بە "مارێکی بریندار"یان چواندووە کە بۆ تۆڵەسەندنەوە هێرش دەکاتە سەر هەمووکەسێک. ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە پیاوان بە جل و بەرگی ڕەنگاوڕەنگى زیندانەوە دان بەوەدا دەنێن کە وەک سیخوڕی ئیسرائیل وەرگیراون، لەگەڵ ئەو چەکانەی کە گوایە پلانیان هەبووە بەکاریان بهێنن.  شرۆڤەکاران دەڵێن پێدەچێت دانپێدانانەکان بە زۆرەملێ بێت و شیکاری وێنەکان لەلایەن چەند کەناڵێکەوە کراوە دەرکەوتوەە هێشتا هیچ شتێکى بەڵگەداریان نەدۆزیوەتەوە کە هیچ چەکێکی دروستکراوی ئیسرائیل لەنێو ئەو دەستبەسەرداگرتنانەی کە گوایە دەستبەسەرداگیراون. شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە نێوان شتەکانی تردا گورزێکی وێرانکەر بوو لە هەواڵگری ئێران. سوپای ئیسرائیل زانیاری وردی هەواڵگری لەسەر ژەنەڕاڵە پلە باڵاکان هەبوو، ڕێگەی پێدابوون بە سەرکەوتوویی لانیکەم ٢٩ کەسیان بکەنە ئامانج و بکوژرێن.  دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل، مۆساد، وادیارە سەرکەوتوو بوو لە وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە ئێرانییەکان بۆ ئەوەی وەک بریکار لەسەر زەوی لە جێگیرکردنی مووشەکی ڕێنماییکراو و FPV خزمەت بکەن. لە ڕۆژانی دوای هێرشی سەرەتایی ئیسرائیل لە 13ی حوزەیران، دەسەڵاتدارانی ئێران چەندین وێنەی ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی جێهێڵراویان نیشاندا کە دوای بەکارهێنانیان لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا بەجێماوە. هەروەها وێنەی تەقەمەنی بەکارهێنراویان پیشاندا، لەنێویاندا کەیسی مووشەکی سپایک مەودا کورت کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دروستکراون، لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بۆ گواستنەوەی ئەم مووشەکانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی بەکارهێنراون بۆ قووڵایی ئێران. هەروەها کارگەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کاتی ئیسرائیل لەناو وڵاتەکەدا – هەموو ئەمانە ئاشکرای دەکەن کە هەواڵگری ئیسرائیل سەرکەوتووانە ئێرانی بە شێوەیەکی بەرفراوان وەرگرتووە و دزەیان کردووەتە ناو ئێرانەوە. بەڵام دەزگای هەواڵگری ئێران تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەیان نیشان نەداوە سەبارەت بەو چەکانەی کە بە تەواوی دەستیان بەسەردا گرتووە، پێش ئەوەی لەلایەن بریکارەکانی گوماناوی لە ناوخۆی ئێرانەوە جێگیر بکرێن.  ڕێژیم لە تاران بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا ٧٠٠ کارمەندی ئیسرائیلی دەستگیرکردووە، کە زۆربەیان ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی لەسێدارەدانیان هەیە. بەپێی میدیاکانی ئێران، تۆمەتبارانی دەستگیرکراو تۆمەتبارن بە پلاندانان بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر، دروستکردنی بۆمب، سیخوڕیکردن بەسەر شوێنە سەربازییەکان و گواستنەوەی زانیاری بۆ ئیسرائیل.