سهرۆكی هاوپهیمانی دهوڵهتی یاسا ڕایدهگهیهنێت، دوای دهنگدان لهسهر لیستی باڵیۆزان، دهبێت گهندهڵكاران و ئهوانهی لێپرسینهوهو دادپهروهری دهیانگرێتهوه، لهلیستهكه دوور بخرێنهوه. نوری مالیكی، سهرۆكی هاوپهیمانی دهوڵهتی یاسا، لهبارهی پهسهندكردنی ناوی باڵیۆزانی عێراق لهوڵاتانی جیهان له پهیامێكدا ڕایگهیاندووه، دهنگدان لهسهر لیستی كاندیدان دهبێت بهجۆرێك بێت، گهندهڵكار و ئهوانهش دوور بخرێنهوه كه دهستهی لێپرسینهوهو دادپهروهری دهیانگرێتهوه. مالیكی راشیگهیاندووه، ساڵانێكه عێراق بهدهست لاوازیی و كهموكورتی كادری دیبلۆماسی باڵیۆزخانهكانی لهدهرهوه دهناڵێنێت، بۆیه پهسهندكردنی لیستی باڵیۆزان، كاردانهوهی بهدوای خۆیدا هێنا و داوا دهكهن ئهوانهی دهستهی لێپرسینهوهو دادپهروهری دهیانگرێتهوه، ئهوانهشی گهندهڵن و دۆسیهی تاوانكارییان لهسهره، بهڕێككاری یاسایی و دهستپاكی و ئهمنیی دوور بخرێنهوه.
بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە کەناراوەکانی مۆریتانیا ژێرئاو کەوت و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم، 49 کەس گیانیان لەدەستداوە. بەرپرسێکی باڵای هێزی پاسەوانی دەریایی مۆریتانیا کە نەیویستووە ناوی بهێنرێت لەوبارەیەوە رایگەیاند، جگەلە گیانلەدەستدانی 49 کەس، هاوکات نزیکەی 100 کەسیش بێسەروشوێنن. ئەو بەرپرسەی مۆریتانیا ئاشکراشیکرد، بەلەمەکە 160 کۆچبەری نایاسایی لەسەر بووە، کە زۆربەیان خەڵکی سینیگال و گامبیا بوون. گوتیشی، هێزەکانیان توانیویانە تەنیا 17 کەس لە مردن رزگاربکەن و گەڕان و پشکنین بەدوای ونبووەکاندا بەردەوامە. ساڵی رابردوو، مۆریتانیا رێککەوتنی پەنابەرانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا واژۆکرد و بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، رێگە لە پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی دەگرێت و لە بەرامبەردا 210 ملیۆن پاوەند وەردەگرێت. بەگوێرە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش لەو وڵاتە، لەچوارچێوەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئەوروپا تەنیا مانگی ئازاری ئەمساڵ هەزار و 200 پەنابەر لە مۆریتانیاوە دیپۆرتکراونەتەوە. سەرەتای ئەم هەفتەیەش، هەڵمەتێکی گرتن و دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانیان دەستپێکرد و تاوەکو ئێستا سەدان کۆچبەری نایاسایی لە کەناراوەکاندا دەستگیرکراون.
لە یەکەم کاردانەوەی بڕیاری سێ وڵاتی ئەورووپی بۆ سەپاندنەوەی سزا بەسەر تاران، تمەن زیاتر دابەزی. بە کاراکردنی میکانزمی سناپ باک، ئێران 30 رۆژی لەبەردەمە، کە یان دەبێت بە مەرجی ئەورووپییەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی رازی بێت، یانیش بکەوێتەوە ژێر سزا ئابوورییە سەختە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش سڕکردنی هەموو پارە و سامانی وڵاتەکە لە دەرەوە. ئارمان ڤاشەقانی فەراحانی، دانیشتووی تارانە و دەڵێت: "بۆ هەر شوێنێک بڕۆیت بۆ کڕینی خواردن، جل، پارچەی یەدەگ، چارەسەری تەندروستی یان هەر شتێکی دیکە، یەکسەر پێت دەڵێن بەهای دۆلار بەرزبووەتەوە بۆیە دەبێت پارەی زیاتر بدەیت." ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا رێکارەکەیان چالاک کرد. بەرلین داوا لە تاران دەکات، ئەم 30 رۆژە بکاتە دەرفەتێک بۆ دیپلۆماسی و لەدەستی نەدات. یۆهان ڤادێفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، "ئێران دەزانێت کە دەبێت ئێستا چی بکات. پێویستە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکات، پابەندی دانوستاندن بێت و پیتاندنی یۆرانیۆم بەشێوەیەکی سەلمێنراو کەمبکاتەوە." دوای راگەیاندنی کاراکردنی میکانزمی سەپاندنەوەی سزاکان، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندی بە هاوتا ئەورووپییەکانییەوە کرد و پێی گوتن، ئێران دەستەوەستان نابێت و دەکرێت ئەو هەنگاوەیان هاوئاهەنگیی تاران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لاوازتر بکات. کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە پێمان راگەیاندوون کە ئەگەر ئەمە رووبدات، ئەوا ئەو دەرەچەیەی بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیمان کردووەتەوە، بە تەواوی زیانی بەردەکەوێت و رەنگە بوەستێنرێت. ئەگەر ئەوان میکانزمی سەپاندنەوەی سزاکان کارا بکەن، هیچ واتایەکی تێدا نییە کە ئێران لەگەڵیان بەردەوام بێت لە کارکردن." رووسیا دەڵێت، بڕیاری ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا دژی ئێران هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و تەنیا "چاوسوورکردنەوە و تەنگپێهەڵچنینە". دیمیتری پۆڵیانسکی، جێگری نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، "بێگومان ئەمە کار دەکاتە سەر کەشی گشتیی پرسەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی لەم بارەیەوە ئاڵۆز دەکات." رووسیا و چین پڕۆژە بڕیارێکی هاوبەشیان پێشكێش بە ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە بۆ ئەوەی ماوەی هەڵوەشاندنەوەی سزاکان لەسەر ئێران درێژ بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر ئێران ئەورووپییەکانی پێ رازی نەکرێت، ئەوا فەرەنسا و بەریتانیا دەتوانن بە ڤیتۆ شکستی پێبێنن. رووسیا و چین ناتوانن بڕیاری سەپاندنەوەی سزاکان ڤیتۆ بکەن، چونکە ناخرێتە دەنگدانەوە، بەڵکو 30 رۆژ لە دوای تۆمەتبارکردنی ئێران بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی، خۆکارانە سزاکان کارا دەبنەوە.
شاندی ئیمرالی کە دوێنێ بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبووەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو دەڵێن ورە و تەندروستییەکی زۆر باشی هەیە ئاپۆ ڕایگەیاند، "کۆمەڵگەی دیموکراسی، ئاشتی و یەکگرتن سێ چەمکی سەرەکی ئەم پرۆسەیەن". عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە: "کێشەکەی ئێمە وەک برینێکی قووڵ بووە کە پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی تایبەت هەیە و بەو هەستیارییە پڕۆسەکەیان تائێستا بەڕێوە بردووە." هاوکات رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەڵێت: "ئامانجمان ئەوە بوو کە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ کۆتاییهێنان بە پڕۆسەیەکی پڕ ئازار." لە کۆتایی شاندەکە باس لەوە دەکەن کە ئۆجەلان، "دووبارە جەختی لەسەر باوەڕی گەورەی بە دۆستایەتی هەمیشەیی و ئاشتیی نێوان گەلان کردەوە." لێدوانی شاندی ئیمرالی بەم شێوەیەیە: "بۆ ڕۆژنامەگەری و جەماوەر." لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٥ لەگەڵ کاک ئۆجالان لە ئیمرالی کۆبوونەوەیەکی سێ کاتژمێریمان ئەنجامدا، کاک ئۆجالان تەندروستییەکی نایاب و ڕۆحی بەرز بوو. لە میانی دیدارەکەدا هەڵسەنگاندنێکی گشتگیری بۆ قۆناغەکانی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی کرد و بارودۆخی ئێستای کرد. ئەو ڕایگەیاند کە ئەو کێشەیەی ئێمە تووشی بووین ئەوەندە گەنگرین بووە کە پێویستی بە دەستێوەردانی نەشتەرگەری تایبەتمەند هەبووە، و ئەوان بەو وردبینییە وردە پرۆسەکەیان بەڕێوەبردووە بۆ ئەوەی بیگەیەننە ئەم ئاستە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجمان ئەوە بوو هەموو شتێک لە تواناماندا بکەین بۆ کۆتاییهێنان بەم پرۆسەیە بە ئازارە. ناوبراو ڕایگەیاند کە کۆمەڵگەی دیموکراسی و ئاشتی و یەکگرتن سێ چەمکی سەرەکی ئەم پرۆسەیەن و ئەنجامەکان تەنیا لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت. جەختی لەسەر پێویستی قۆناغێکی نوێ کردەوە کە تێیدا هەنگاو بەپەلە لەسەر هەموو ڕەهەندەکان بنرێت. ئۆجالان ئاماژەی بەوەدا کە حەزی ئەو هەمیشە بۆ یەکگرتن بووە لەسەر بنەمای کۆمارێکی دیموکراسی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و تێگەیشتن و ئامێزگرتنی ئەم هەنگاوە ستراتیژییە سوودی بۆ هەموومان و هەموومان بۆ تورکیە دەبێت. ڕوونە کە سادەکردنەوە یان نەزانینی ئەم هەڵبژاردنە لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی بازنەی سیاسی و ڕۆژنامەوانییەوە زیان بەم پرۆسەیە دەگەیەنێت. هەر بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە باوەڕی گەورەی خۆی بە دۆستایەتیی هەمیشەیی و ئاشتی نێوان گەلان دەربڕی. لەگەڵ ڕێز و ڕێزدا شاندی ئیمرالی پارتی دیموکرات
هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، جەخت لە گرنگی لە گرنگی ئاشتەوایی یەپەگە لەگەڵ دیمەشق دەكاتەوەو دەڵێت: زۆر حزبی کوردی سوریا هەن دۆستی تورکیان و دەیانەوێت هاوکاری تورکیا بکەن. هاکان فیدان، لە چاوپێكەوتنێكدا لە گەڵ کەناڵی (TGRT News) رایگەیاند: لە هەموو شتێک گرنگترە ئەوەیە یەپەگە لەگەڵ دیمەشق ئاشتەوایی بکات، هەمووان پێکەوە سوریایەکی نوێ دابمەزرێنن، یەک هێزی چەکدار هەبێت، رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی ناسنامە و زمانی گروپەکان جیاوازەكان و نوێنەرایەتی یەکسانیان لە ئیدارەدا هەبێت، ئەمەیە ئەوەیە كە ئێمە داوای دەكەین. فیدان وتیشی: کاتێک ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەمەش تا دێت روونتر دەبێتەوە، کاتێک مافی گەلانی دەرەوەی سنورەکانمان كە هاوبەشی برایەتیمان هەیە لەگەڵیان، بەتایبەتی کوردو تورکمان و عەرەب، دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەوە بەرپرسیارێتی و ئەرکی مێژوویی ئێمەیە دەستی هاوکاریان بۆ درێژ بکەین و هێزێکی کاریگەر بین بۆ پاراستنی سیستم و ئاسایش، ئەمە ئەرکی ئێمەیە بەرامبەر بە خوشک و براکانمان. وەزیری دەرەوەی توركیا لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد: تەنها یەپەگە نییە لە سوریا؛ زۆر حزبی کوردی لە سوریا هەن دۆستی تورکیان و دەخوان هاوکاری تورکیا بکەن، چەند رۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ هاوکارەکانمان کۆبونەتەوەو وتویانە، ئێمە دەچینە ئەنقەرە، بۆ ئەوەی ئەنقەرە بێت و هاوکارمان بێت، ئەمە خاڵێکی گرنگە، ئێمە پشتگیری لە چالاکییەکانی ئەو لایەنانە دەکەین کە کێشە بۆ کەس دروست ناکەن.
بولەنت ئارنچ، سەرۆکی خولی 22ی پەرلەمانی تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە وەک ئەوەی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ئاماژەی پێ دابوو دەبێت کار بە پێدانی مافی هیوا بکرێت و دەڵێت: "نابێت بیر لەوە بکەینەوە کێ لەوە سوودمەند دەبێت، 10 ساڵ بەسەر ئەم بڕیارەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا تێپەڕیووە". بەمەبەستی وەرگرتنی بۆچوون و پێشنیازەکانیان سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی، لیژنەی هەماهەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی بۆ حەوتەمین جار کۆبووەوە و میوانداریی سەرۆکانی پێشووی پەرلەمانی تورکیای کرد. بولەنت ئارنچ، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی تورکیا گوتی، بە دڵنیاییەوە پێویستە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە پێدانی مافی هیوا جێبەجێبکرێت، چونکە 10 ساڵی تەواوە دادگای ئەوروپا ئەو بڕیارەی داوە و جێبەجێنەکراوە. لە ئازاری 2014 دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای لە تورکیا کرد، رێکخستنەوەی یاسایی ئەنجامبدات و مافی هیوا بە عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە بدات. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەش لە سەرەتای بانگەوازەکانی لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، داوای کرد ئۆجەلان، پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە و سوود لە مافی هیوا وەربگرێت. ئارنچ داواشی کرد، وڵاتەکەی بڕیارەکانی دیکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووریی تورکیا جێبەجێبکات. لە حاڵەتی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەدا، پێویستە هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە ئازادبکرێن. ئارنچ ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە لیژنە پەرلەمانییەکە هاوشێوەی هەنگاوەکەی باخچەلی، هەنگاوی بوێرانە بنێت و پێشنیاز بۆ هەموارکردنەوەى ژمارەیەک یاسا بکات. سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان گوتیشی، لێبوردنی گشتیی هەنگاوێکی پێویستە و تورکیا پێویستی بەوەیە، دەستوورێکی ئازادیخوازانە دابنێت. ئارنچ باسی لە سەردەمی سیاسەتکردنی لەگەڵ لەیلا زانا، خەتیب دیجلە و ئۆرهان دۆغان کرد و گوتیشی، پێویستە ئەو سیاسییانەی روویان لە دەرەوەی تورکیا کردووە، بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە هیکمەت چەتین (1997-1999)، عومەر ئیزگی (2000-2002)، بولەنت ئارنچ (2002-2007)، کۆکسال تۆپتان (2007-2009)، مەهمەت عەلی شاهین (2009-2011)، جەمیل چیچەک (2011-2015)، ئیسمەت یەڵماز (1ـی تەمموزی 2015-17ی تشرینی دووەمی 2015)، ئیسماعیل کاهرەمان (2015-2018)، بینالی یڵدرم (2018-2019) و مستەفا شێنتۆپ (2019-2023) سەرنج و بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو. هیکمەت چەتین ئاماژەی بەوەدا کە لەم قۆناغەدا زەحمەتە لێبوردن بۆ ئەو گەریلایانە دەربچێت چەکیان بەکارهێناوە و گوتی: "نزیکەی 15-20 چەکداری پەکەکە دەتواندرێت ڕەوانەی وڵاتی سێیەم بۆ نمونە سوید، نەرویج، دانمارک و وڵاتانی باشووری ئەفریقا بکرێن". عومەر ئیزگی جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر پێویست بکات پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازی یاساکان هەموار بکاتەو ە دەستور بگۆڕێت، بەڵام نابێت دەست بۆ سێ مادە نەگۆڕەکەی دەستوور و مادەی شەشی دەستور ببدرێت، دەڵێت: "دەکرێت مادەی 66ـی دەستوور بگۆڕێت کە دەڵێت هەر کەسێک لەسەر خاکی تورکیا بژی و هاوڵاتی تورکیا بێت، تورکە". عومەر ئیزگی هاوکات باسی لەوەشکرد هەر گەریلایەک بەشداریی لە چالاکی چەکداریدا کردبێت لە بەرامبەر تورکیا دەبێت سزای ئەنجامدانی ئەم کارەی بدات. بولەنت ئارنچ سوپاسی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپەی کرد بۆ دەستپێشخەرییەکەی و پشتیوانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیای بۆ دەستپێشخەرییەکە بە گرنگ زانی و ستایشی ڕۆڵی دەم پارتیشی کرد بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە و نیشاندانی نیازپاکی خۆی و دەڵێت: "ئەگەر بەم بوێرییە زۆرەوە باخچەلی دەستپێشخەرییەکەی پێشکەش نەکردبووایە، ئێستا نەدەگەیشتینە ئەم قۆناغە". بولەنت ئارنچ سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە پرسی کورد بە قسەی هەستبزوێن چارەسەر ناکرێت و هێشتا بەشێک لە سەرۆک شارەوانی و پەرلەمانتارانی کورد لە زینداندان و دەڵێت: "پێویستە زەمینە بۆ هاتنەوەی ئەو سیاسییە کوردانەیش خۆش بکرێت کە بە هۆی گوشارەکانەوە تورکیایان جێ هێشتووە".
بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا سزای نێودەوڵەتی بەسەر ئێراندا دەسەپێننەوە و رایانگەیاند، هەموو ئامرازێکی دیپلۆماسی بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی نەهێڵین ئێران چەکی ئەتۆمی دروست بکات. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، بەپێی راگەیێندراوی ئەو سێ وڵاتە، لە ئەمڕۆوە میکانزمی سەپاندنەوەی سزاکان کارا دەکەن. بەپێی زانیارییەکان، نوێنەرانی ئەو سێ وڵاتە کە بە وڵاتانی E3 ناسراون، سەرەتای ئەم هەفتەیە لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئێرانی لە جنێڤ کۆبوونەتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ زیندووکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان، بەڵام بەبێ هیچ پێشکەوتنێک و پابەندبوونێک لەلایەن ئێرانەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیرانى ئەو سێ وڵاتە، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکایان لە بڕیارەکەیان ئاگادارکردۆتەوە، ڕایگەیاندووە، هیوادارن ئێران تا کۆتایی مانگی ئەیلول بەشداری بکات بۆ پێشکەشکردنی بەڵێنەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کە قەناعەتیان پێبکات بۆ دواخستنی کردەوەی کۆنکرێتی. گەڕاندنەوەی سزاکان لە ڕێگەی ئەو میکانیزمەی کە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییە ڕەسەنەکەدا دامەزرابوو، کە بە "سناپباک" ناسراوە، ئەنجام دەدرێت و ئامانجیشی گەڕاندنەوەی خێرای هەموو ئەو سزایانەیە کە پێش ڕێککەوتنەکە کاری پێکرابوون، بەبێ ئەوەی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕووسیا و چینیشەوە بتوانن ڤیتۆی بڕیارەکە بکەن. پرۆسەکە کاتێک دەست پێدەکات کە یەکێک (یان زیاتر) لە وڵاتانی واژۆکەری ڕێککەوتنەکە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش لە "پێشێلکردنی بەرچاوی بەڵێنەکان" لەلایەن ئێرانەوە ئاگادار دەکەنەوە.
سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەلى سوریا جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە ئەزموونی "چەپڵە لێدان و بژی سەرکردە" دووبارە ناکەینەوە. لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى ئەلعەرەبیە محەمەد تەها ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنى گەل لە سوریا دەڵێت: بڕیارێکی فەرمی دەرچووە کە ڕێگری دەکات لە کاندیدکردنی هەر لایەنێکی سەر بە ڕژێمی ئەسەد، یان لایەنگرێکی میلیشیای حزبوڵڵا لە لوبنان و داعش و ئەوانەی لەلایەن دەسەڵاتە بیانییەکانەوە پشتیوانی دەکرێن ناتوانن خۆیان کاندید بکەن لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا. ئاماژە بۆ ئەوەدەکات ئەحمەد شەراع سەرۆکی سوریا چەند ڕۆژێک پێش ئێستا سیستەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلی واژۆ کرد. بەڵام هەندێک ناڕوونی هەیە سەبارەت بەوەی کێ وەک کاندید وەردەگیرێت. پرسیارەکە ئەوەیە: بەگریمانەیەک کە لایەنگرێکی ڕژێمی پێشوو ڕەتکردنەوەی خۆی لە ڕابردوو ڕابگەیەنێت، ئایا کاندیدبوونی لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی گەلدا قبوڵ دەکرێت؟ تەنانەت ئەگەر تەوبە و بێتاوانی خۆی ڕابگەیەنێت، قبوڵ ناکرێ. تیرۆر واتە هەر کەسێک کە دەستەکانی بە خوێنی بێتاوانی سوریا پەڵەدار بێت، یان پاڵپشتی حزبوڵڵای لوبنان و میلیشیا تائیفییە سنووربەزێنەکان و جوداخوازان و پاشماوەکانی ڕژێم و داعش بکات. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا محەمەد تەها دەڵێت: ئێمە لیژنەیەکی سەربەخۆین کە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کاردەکەین بۆ دەستەبەرکردنی یەکپارچەیی و شەفافیەت و نوێنەرایەتی ڕاستەقینە. ئێمە ڕێگە بە هیچ سەرپێچییەک نادەین. ئێمە لێپرسینەوە لە تاوانباران دەکەین، هەرکەسێک بن، تا ئەو کاتەی گەیشتنی مەجلیسێکی گەل مسۆگەر دەکەین کە بەڕاستی نوێنەرایەتی گەلی سوریا بکات، مەجلیسێک کە بە بوێری و لێهاتوویی زانستی و کردەیی و بوێری و تێگەیشتنێکی قووڵی سیاسی تایبەتمەندە. ئەم مەجلیسە وای لێدەکات بتوانێت ڕۆڵی مەبەستی خۆی بەجێبهێنێت. سەبارەت بە ئەرکەکانی ئەنجومەن سەبارەت بە یاسا و ڕێساکانی یاسادانان و دەستوور چین؟، ناوبراو ئەوەدەخاتەڕوو کە ئەنجومەن کۆمەڵێک ئەرکی یاسادانان لە ئەستۆ دەگرێت، لەوانە داڕشتن و پەسەندکردنی ڕەشنووسی دەستوور، داڕشتنی یاسا و ڕێساکانی بەڕێوەبردنی کارەکانی ئەو لقانەی کە ماونەتەوە، و ئەنجامدانی ڕۆڵی نوێنەرایەتی و چاودێری بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردندا. ئەنجومەن ڕۆڵی خۆی بە تەواوی جێبەجێ دەکات بۆ دڵنیابوون لە پرۆسەی بیناسازی و گەشەپێدان.
ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە پێویستە کورد بەشێک بن لەسوریاى نوێ و بەشداربن لەپرۆسەى سیاسى، دەمانەوێت شەریکى ڕاستەقینەبین لەحکومەتى دیمشق. لەپانێڵێکدا لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت ساڵح موسلیم ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراسی (پەیەدە) وتارێکى پێشکەشکردو باسى بارودۆخى سوریا و پرسى ئاشتى و ئۆجەلان و چەند بابەتێکى دیکەى کرد. لەبەشێکیدا وتى: هەموو پێکهاتەکان دەیانەوێت شەریکى بڕیاردانى سیاسى و بڕیاربەدەستبن لەحکومەتى دیمشق، دەمانەوێت شەریکى ڕاستەقینەبین لەحکومەت، دەڵێت: پێویستە کورد بەشێک بن لەسوریاى نوێ و بەشداربن لەپرۆسەى سیاسى، دەمانەوێت شەریکى ڕاستەقینەبین لەحکومەتى دیمشق. ساڵح موسلیم هێماى بۆ ئەوەکرد کە لەئیدلب و ناوچەکانى دیکە گروپەکان و پاشماوەکانى داعش کۆبونەتەوەو هەوڵى ئەوەدەدەن لەناومان ببەن. وتیشى: داعش و گروپەجیهادى و سەلەفیەکان نایانەوێت سەقامگیرى لەسوریاو ڕۆژئاواى کوردستان هەبێت. ساڵح موسلیم ئەوەشى خستەڕوو بەرەو ڕۆژهەڵاتێکى نوێ هەنگاودەنێین، داعش و گروپەکانى دیکەش هێشتا هەڕەشەن و ڵاتانى دیکەیان لەپشتە، هەوڵدەدەن ئەزمونەکەمان لەڕۆئاواى کوردستان سەرکەوتوونەبێت. ناوبراو دەشڵێت: فەلسەفەى ئۆجەلانمان جێبەجێکردو قوربانیماندا، توانیمان نمونەیەکى نوێ لەسوریا پێشکەش بکەین، وتى: ئەزموونێکى نوێمان هەیە کەهیچ کەسێک پێشبینى نەدەکرد ئەوە ڕووبدات. بەشێکى دیکە لە قسەکانى ساڵح موسلیم، لە كۆنفرانسی هاوپەیمانی سۆشیال دیموكراتی وڵاتانی عەرەبی: ــ لە رۆژئاوای كوردستان ئەزمونێكی ناوازەمان هەیە. ــ روبەڕوی گروپی جیهادی سەلەفی بوینەتەوە. ــ توانیومانە بەگری لە پرۆژەكەمان بكەین و سودمان فەلسەفەی ئۆجەلان كردووە. ـ ـلە رۆژهەڵاتی سوریا مۆدلێكی دیموكراسی ناوازەمان بۆ پێكەوە ژیان دروستكردووە. ــ ئەزمونی ئێمە ئەزمونێكی تایبەتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەت لە ناوچەیەكی وەك سوريا كە زۆر كەس چاوەڕێی نەدەكرد. ــ لەگەڵ هەموو ئەو گەمارۆ و هێرشانەی كراوەتە سەر ژێرخانی ناوچەكانمان لەلایەن توركیاوە، بەڵام بە یەكێتی و یەكگرتویمان خۆڕاگرین. ـ ئێمە دەمانەوێت هاوبەشی راستەقینەبین لە رەنگرێژكردنی ئایندەی وڵاتەكەمان بین. ـ ئەو ناناوەندییەی ئێمە دەمانەوێت دەكرێت پرۆژەی ئاشتی بێت بۆ سوریاو ناوچەكەش. ـ ئێمەش هەموو شێوازەكانی ئەو كۆمەڵكوژیانەمان بینیوە كە روبەڕوی فەلەستینیەكان بووەتەوە .
شاندەکەی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە بەڕێکەوتن بۆ ئیمراڵی پێکدێن لە؛ پەرلەمانتاری وانی دەم پارتی پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتی میدحەت سانجار و پارێزەر لە نووسینگەی یاسایی سەدە فایەق ئۆزگوور ئەرۆڵ. ئەم دیدارە کە بڕیارە ئەمڕۆ لە ئیمراڵیی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجام بدرێت، یەکەم دیداری ئیمراڵییە لە دوای پێکهێنانی 'کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی'. چاوەڕوان دەکرێت لە دیدارەکەدا، ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی کاروبارەکانی کۆمیسیۆن و قۆناغەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پەیامی گرنگ بداتە شاندەکە. ئەنجامدانی ئەمدیدارەش لە کاتێکدایە، نزیکەی یەک مانگ بەسەر کۆتا دیداری ئیمرالی و دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا تێپەڕدەبێت. سەردانەكەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی دوای دێت، تونجەر باكرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە چەند رۆژی رابردودا وتارێكی توندی داو وتی: لە ٢٥ی تەمموزەوە کۆبونەوەکانی نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان و شاندی ئیمرالی لە زیندانی ئیمرالی لە پاشەكشێدان و رایگەیاند: ئایا دەرگاکانی زیندانی ئیمرالی تەنها كەرەستەیەكە لە دەستتدا؟ مانگێک بیکەیتەو و دواتر بۆ مانگی داهاتوو دایبخەیت، ئایا بەم شێوەیە پشتگیری ئەم پرۆسەیە دەکەیت؟ ئایا بەم شێوەیە بە ئاشتی دەگەین؟ ئەم داخستنە بۆ ماوەی مانگێک خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی ناکات.
سەرچاوە تایبەتەکان بە تەلەفزیۆنی سوریایان ڕاگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل لەشەوى ڕابردوەوە هێرشێکی ئاسمانی لە ناوچەی کیسوە لە لادێکانی دیمەشق ئەنجامداوەو، چەند پێگەو شوێنێکی سەربازی کردوەتە ئامانج. هاوکاتى ئەو هێرشانە هێزە زەوینییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەیەکی سووریا، کە رۆژی چوارشەممە و رۆژێک پێشتر بۆردوومانیان کردبوو. ئیسرائیل رۆژی سێشەممە هێرشی کردبووە سەر ناوچەیەکی نزیک کیسوە، لە دەورووبەری دیمەشق و بەوهۆیەوە 6 سەربازی سووریایی کوژران. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا، رۆژی چوارشەممە، هێزەکانی ئیسرائیل دووبارە بۆردوومانی ئەو ناوچەیەیەی سووریایان کردووە. بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری، ئاژانسی هەواڵی سووریا دەڵێت، سوپای سووریا پێش هێرشەکەی رۆژی سێشەممە، "ئامێری چاودێری و سیخوڕییان" لەو ناوچەیەدا دۆزیوەتەوە. بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی سووریاش رایگەیاندووە، ئەو شوێنەی ئیسرائیل بۆردوومانی کردووە، بنکەیەکی پێشووی سەربازیی سووریا بووە لە تەل مانع لە نزیک کیسوە. دوای هێرشی دووەم لە رۆژی چوارشەممەدا، ئاژانسی هەواڵی سووریا رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل گوازراونەتەوە بۆ ئەو ناوچەیە بۆ ئەنجامدانی هێرشێک. سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاندووە، ئەو ناوچەیەی ئیسرائیل بۆردوومانی کردووە، چەکی گرووپی چەکداریی حیزبوڵڵای تێدابووە. لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024ـەوە، ئیسرائیل سەتان هێرشی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی سووریا، بە بیانووی ئەوەی کە نایەوێت چەک و جبەخانەی سەربازیی ئەو وڵاتە بکەوێتە دەست دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق. بەرەبەیانی سێشەممە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە خاکی سووریا ناکشێتەوە و لەو ناوچانە دەمێنێتەوە کە لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی پار دەستیان بەسەردا گرت.
رۆژنامەی "الشرق الاوسط" : هاوپەیمانی دەسەڵاتداری عێراق بڕیاریدا یاسای دەستەی حەشدی شەعبی رابگرێت و بڕیاردان لە چارەنوسی هێزەکانی دوابخات، لە چاوەڕوانی چارەسەری ململانێکان لە لوبنان لەبارەی چەکداماڵینی حزبوڵا. سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندووە: هاوپەیمانییەکە لە کۆبونەوەیەکی ئەم دواییەدا، بڕیاریدا ئەو رێوشوێنانە بوەستێنێت کە بابەتی ناکۆکی توند بوون لەگەڵ واشنتۆن، ئەو سەرکردەیە لەبارەی کۆبونەوەکە وتویەتی: سەرکردەکانی هاوپەیمانێتیەكە گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی وڵات ناکات. لە میانی کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، یەکێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانییەکە بە هاوکارەکانی راگەیاندووە: ئەو ئاماژانەی لە واشنتۆنەوە دێن جێگەی نیگەرانین و پێویستی بە پەلەنەكردن هەیە، راوێژکارێکی دیاری حزبیش کە لەم دواییانەدا بەشداری گفتوگۆکانی سەبارەت بە چارەنوسی یاساکە کردبوو،رایگەیاندووە: حکومەت رێوشوێنی جێگرەوە ناگرێتەبەر و بەرگەی لێكەوتە چاوەڕوانکراوەكانی ناگرێت. بە وتەی ئەو سەرکردەیە شیعیە، بڕیاری هێوركردنەوە لەگەڵ ئەمریکییەکان لە هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی کات و چاوەڕوانی ئەوەی كارەكان لە لوبنان بەكوێ دەگات، سەرچاوە دەگرێت. هاوپەیمانی دەسەڵاتدارانی عێراق، هەنگاوی داهاتووی بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنوسی چەکدارانی حەشدی شەعبی گرێداوە بە دەرئەنجامی ململانێکان لەسەر چارەنوسی چەكی حزبوڵا، كە بە وتەی ئەو سەرکردەیە، هەموو شتێک بەندە بەوەوە کە ئایا حزبوڵا توانای دووبارە خۆ رێكخستنەوەی هەیە، بە چەک یان بەبێ چەک.
ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی بڵاویکردووەتەوە، هەسەدە لە شاری ڕەقە لە سووریا، ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکات کە دەنگۆیەک هەیە بە هاوبەشی هێزەکانی سووریا و تورکیا لە دژی هەسەدە ڕێک دەخرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە یەنی شەفەق بڵاویکردووەتەوە، هەسەدە ژمارەی تونێلەکانی زیاتر کردووە و ڕۆژانە تونێلەکانی فراوانتر دەکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکیاندا بە زمانی هەڕەشەوە هۆشداری هێرشکردنە سەر هەسەدەیان داوە. بەپێی هەمان سەرچاوە، هەسەدە لە شاری ڕەقە چینی ژێرەوەی پارک، یاریگاکان و نەخۆشخانەکانی هەمووی کردووە بە تونێل، ئەم ماوەیە هەر خەریکی تونێل هەڵکەندن. دوێنێ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیامێکی بۆ هەسەدە نارد و وتی: "ئەگەر شمشێرەکە لە کاڵانەکەی دەربهێنرێت، ئیتر پێویست بە قەڵەم ناکات". لەچەند هەفتەى ڕابردوودا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ یەکەمجار زۆر بە تووندی هۆشداری دایە هەسەدە و وتی: ئاگامان لێیە خەریکی چین، تا زووە لەم ڕێگەیە بگەڕێنەوە، ئەگینا ئەنجامەکەی بە دڵی ئێوە نابێت. ماوەیەکە میدیاکانی تورکیا هەواڵی ئەوە بڵاودەکەنەوە، تورکیا و حکومەتی سووریا ئامادەکاری دەکەن بۆئەوەی ئۆپەراسیۆنێک لە دژی هەسەدە ڕێک بخەن، بەهۆی ئەوەی ئەوان "پابەندی ڕێککەوتنەکەی 10ی ئازار نەبوون کە دەبوو لەگەڵ هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا تێکەڵ بکرێن".
تەلەفزیۆنى سوریا ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، شەش ئەندامی وەزارەتی بەرگری سوریا لە نزیک شاری ئەلکیسوا لە لادێکانی دیمەشق لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج کوژران. سەرچاوە سەربازییەکان بە تەلەفزیۆنی سووریایان ڕاگەیاندووە، یەکەکانی سوپا لە چیای ئەلمانیە، لە چوارچێوەی شوێنێکی سەربازی لە نزیک گوندی دێر عەلی، پێش بۆردومانی ئیسرائیل، مانۆڕی چەکی زرێپۆشیان ئەنجامداوە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئێوارەی دوێنێ لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلدا، جەبەل ئەلمەنیە کە لە لایەک دیمەشق و ناوچەکانی دەوروبەری جیادەکاتەوە و لە لایەکی دیکەش دەشتی حەورانی کردە ئامانج و بەهۆیەوە شەش کارمەندی سوپا کوژراون کە ئەفسەرێکیان تێدایە. لای خۆیەوە بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری سوریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل لە نزیک دیمەشقی پایتەخت لانیکەم سێ سەرباز کوژراون و باڵەخانەیەکی سەربازی سەر بە فیرقەی 44 لە ئەلکسوا کردە ئامانج. لای خۆیەوە کەناڵی ئەلئیخباریەی سوریا بڵاویکردەوە کە لە نزیک شاری ئەلکسوا لە لادێی دیمەشق کارمەندانی سوپای سوریا لە هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل کوژراون.
ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کوردستان هێلین ئومێد باسی لەوەکرد حكومەتەکەی ئاکەپە لە ئامادەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ پرۆسەکە دەترسێ، چونکە رێبەرێتی ئامادەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی و ئاشتییە و گوتی: "کۆمیسیۆن و کۆمەڵگەش ترس و نیگەرانیان لەوەیە ئاکەپە لە پرۆسەکە بکشێتەوە." هێلین ئومێد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کرێکارانی کوردستان کە بەناوی ئەندامی تەڤگەری ئازادییەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ مەدیا خەبەر تیڤی کردووە رایگەیاند: گەر ئەمجارەش ئەم پرسە چارەسەر نەکرێت ئەوا دەپەڕێتەوە بۆ قۆناغێکی پر لە توندوتیژی. تەواوى چاوپێکەوتنەکە.. سڵاو و خۆشەویستی خۆی بۆ ڕێبەر ئاپۆ نارد و لە کەسێتی شەهیدانی فەرماندە نوورەدین سۆفی و کۆچەرۆ ئورفا و هەروەها شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارادا بە ڕێز و پێزانینەوە هەموو شەهیدانی مانگی ئابی بیرهێنایەوە. هێلین ئومێد دەربارەی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ئەمەی گوت: "پرۆسەکە بەرەوپێشەوە دەچێت، سەرنجی هەمووان بە تایبەت لەسەر کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەییە، نابێت کارەکانی کۆمیسیۆن جیاواز لە کارەکانی پرۆسەی گشتیی تەماشا بکرێت. لە پرۆسەیەکداین کە بە ڕەنج، قوڵبوونەوە و هێزی هزری ڕێبەر ئاپۆ ئافرێندراوە. پێکهێنانی کۆمیسیۆن و کارەکانیشی بەشێکن لە پرۆسەکە." 'کۆمەڵگە ترسی لەوەیە ئاکەپە لە پرۆسەکە بکشێتەوە' هێلین ئومێد ڕایگەیاند لە بابەتەکانی خاوەنداریکردن لە پرۆسەکە، ڕوبەڕوبوونەوەی واقع، خاوەنداریکردن لە ڕاستییەکان و گفتوگۆیەکی بوێرانە، ترس و نیگەرانی هەیە و دەستنیشانی کرد هۆکاری ترس و نیگەرانییەکانیش دەسەڵاتداری ئاکەپەیە. لەسەر ئەم بابەتە هێلین ئومێد ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد: "دۆخەکە لەبەر دوو هۆکار بەم شێوەیە؛ ڕابردوویەک لە ئارادایە. بە پرۆسەیەکی سیاسییدا تێپەڕین، دەرکەوت ئاکەپە خۆی سپاردووە بە کۆمەڵگەی کورد و خواستی خۆی ڕێکخراو بکات. واقعی ئاکەپە-ئەردۆغانمان بینی لە داوای ساڵانی دووهەزارەکانەوە بووە دەسەڵاتدار، بەڵێنی ئازادی دا بە کوردان، پرۆسەکە بە پێشکەوت، لەو پرۆسانەدا ڕۆڵیکی گێڕا، بەڵام دواتر زۆر بە زوویی، هەروەک دەگوترا 'دەمامکەکەیان کەوتەخوارەوە' و ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆیان نیشان دا و کۆمەڵگەی کوردی و تورکیش ئەمەی بینی. تەماشاکە؛ توندوتیژی و ستەم تەنها لە دژی کوردان دەکرێت. دەمەوێت بڵێم، کەسانی بە ویژدانی کۆمەڵگەی تورکیا لەم بابەتەدا دەبێت زیاتر بە هەڵوێستی لێپرسینانەوە بجوڵێنەوە. ئەوە حەقیقەتێکە؛ ستەم کردن لە کۆمەڵگەی کوردی هاوکات کۆمەڵگەی تورکیش لەناو دەبات. یانی تورکەکان دەچەوسێنێتەوە و وادەکات دەنگی کۆمەڵگەی تورک دەرنەکەوێ. بە هەڕەشە دەترسێندرێت و بە بەردەوامی خەریکی بانگەشەیە بۆ شەڕ، ڕێکلامکردن بۆ چەک، گرتن، دەستەبەسەکردن و توندوتیژی پۆلیس و ... مەبەستم ئەوەیە: ئاکەپە خاوەن تۆمارێکی لەم شێوەیەیە. بۆیە هەمووان ترسێکییان هەیە، نیگەرانن لە پرۆسەکە بکشێتەوە. هۆکاری دووەمیش ئەوەیە ئاکەپە زۆر پراگماتیکانە دەجوڵێتەوە. ئەوەی ئەم پرۆسەیەیی خێراتر کردووە هەنگاوەکانی ڕێبەر ئاپۆیە. هەمیشە ئاکەپە و حکومەت لەم بابەتەدا لاواز بوون. بۆچی؟ لەبەرئەوەی سەیری ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکات و دەیەوێت لەسەر ئەو بنەمایە پێگەی خۆی دیاری بکات. گەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت خواستێتی جارێکی دیکە کوردان سەرکەوت بکات. چونکە فێری ئەمە بووە و بەدەر لەمە ناتوانێت سیاسەتێکی دیکە بکات. دەڵێت شەڕ، توندوتیژی، فشار و ستەم و ئەمە وەک فرسەت دەبینێت، هەندێک ئەمە بە دیکتاتۆرێتی تاکڕەوی ناودێنن. هەموو بڕیارەکان لە لایەن یەک کەسەوە دەدرێت. دەسەڵاتێکی سیاسی لەم شێوەیە فۆرمی گرت. ئەمە گۆرەپانێکی ئاسوودە و بێ سەرێشەیە. سەپاندنی سیاسەتێکی لەم شێوەیە زۆر ئاسوودەیە. هەر بۆیە ترەمپ لەم ڕووەوە سەرسامی ئەردۆغانە. ڕەنگە پۆتینیش سەرسام بێت پێی، ئەویش بە هەمان شێوە دەوڵەتێکی هەواڵگری درووست کرد. قۆرخکاری و ناوەندگەرای پانتاییەکی سیاسی ئاسوودەیە بۆ ئاکەپە و لە ئێستاشدا نایەوێت لەم حکومکردنەی جیابێتەوە. دیموکراسی شێوازێکی سەختی حوکمڕانییە و سیستەمێکی سیاسییە کە تێیدا دەبێت بۆچوونی هەموانی قبوڵ بێت. بەدەر لەمەش بەمانای ئەوەدێت کۆمەڵگە خۆی بنکی ڕێکخستنی خۆی بونیات بنێت و سیاسەتی خۆی بکات. بەڵام ئەو زیهنییەتی لە بەرانبەرماندایە لەم ڕووەوە جێگەی باوەڕ نییە. بۆیە ئەوانەی لە کۆمیسیۆندان، هەندێکیش لەوانەی بەشداری کۆمیسیۆن بوون هەندێک بە ترس و نیگەرانیەوە قسەدەکەن. ترسیان لەوەیە گەر سبەی لە پرۆسەکە کشایەوە بڵێت؛ تۆ لە کۆمیسیۆنەکەدا فڵان شتت گوت و ئەندامی فڵان لایەنی، دەتوانێت جارێکی دیکە بیگرێت. یانی هیچ گەرەنتییەکی پرۆسەکە نییە. لە تورکیادا هیچ گەرەنتییەک نییە. 'ترسیان لە ئامادەیی ڕێبەر ئاپۆیە بۆ پرۆسەکە' لەلایەکی دیکەوە بەشداری بەهێزمان لە پرۆسەکەدا داخوازمان بوو بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ، ئەوەشمان ڕوونکردەوە تەنها رێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئەم پرۆسەیە بەرێوەبەرێت. لەم چوارچێوەیەدا هەموو ئەوانەمان کرد کە ڕێبەرێتی دوای لێکردین. یانی لەم بابەتەدا بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ کرد. بەڵام لەولایشەوە دۆخێکی ئاوا لە ئارادایە، نزیکەی مانگێکە هیچ دیدارێکی ڕێبەر ئاپۆ نەکراوە، ڕاستە گوتمان گۆشەگیری هەندێک شکێندراوە. ڕاستە ڕێبەر ئاپۆ چەند دیدارێکی ئەنجام دا و بووە هۆکاری زیندووبوونەوەی هیواکان. بەڵام دیداری رێبەر ئاپۆ لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران و سیاسەتمەداراندا وەک پێویست نییە، هەرچەندە خۆی لە خۆدا ئەم دیدارانە بە مەرجی دەستووری ئەنجام دەدرێن. پێگەی دیلگرتن هێشتایش درێژەی هەیە. هەوڵدانی بە ئامرازکردن ئەمەیە، بیرکردنەوەی دەسەڵاتداری ئێستا ئەوەیە هەموو شتێک بکاتە ئامراز و لە بەرژوەندی خۆی بەکاری بهێنێت. مەبەسمان لە سیستەمێکی سیاسییە کە هەموو بەهاکانی تێکوپەکان داوە. بۆیە هەوڵدەدات بەم شێوەیە نزیکی ڕێبەر ئاپۆ بێتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە سەرناگرێت. خواستیانە واقعێکی لەو جۆرە بخوڵقێنن و هەموو شتەکان بەپێی خواستیان بەڕێوەبچێت. بە دڵنیاییەوە ئەمە یارییەکی شەڕی تایبەتە. دووبارەی دەکەمەوە داڕێژەر و ئەندازیاری ئەم پرۆسەیە ڕێبەر ئاپۆیە و دەسەڵاتداریش لەگەڵ بیرۆکەکانییدا دانوستانی نەکرد. خۆ ڕێبەر ئاپۆ کەسایەتییەکی بارزگان نییە، ڕێبەرمان کەسایەتییەکی مێژووییە. ناتوانن بە گوشار و سەپاندن لە ڕێبەر ئاپۆ نزیک ببنەوە، یان لەڕێگەی فێڵ و ئیستیغلاکردنەوە بگەن بەو خواستەیان. باشە با بپرسین شتەکە ئاوایە؟ چونکە لە ئامادەیی ڕێبەر ئاپۆ بۆ پرۆسەکە دەترسن، رێبەر ئاپۆ بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئاشتیانە ئامادەیە. ئامادەیە بۆ سەروەربوونی سیاسەتێکی دیموکراتیک لە تورکیادا. کورد خرایە دەرەوەی کۆمارەوە، ئاشتەوای کوردان لەگەڵ کۆماردایە. مەبەستمان لە ئەنتێگراسیۆن خودی ئەم خاڵەیە. ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک تەنها پەیوەندیدار نییە بە ئێمەوە، یانی مەبەستمان لە ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک ئەوەنییە میلیتانە چەکدارەکان بێن بەشداری سیاسەت بن. ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کوردی خاوەنداری لە کۆمار بکات و ببێتە پایەیەکی بنەڕەتی. بەڵام لەم بابەتەدا هێشتایش ئاستەنگی جددی هەیە، وەک ئەوەی لە ڕێگریکردن لە کوردی ئاخاوتنی دایکە نەزاهەت بینیمان لە کۆمیسیۆندا. داخۆ کۆماری تورکیای نوێ، کۆماری دیموکراتیک، کۆماری تورکیایەکی دیموکراتیک بەم شێوەیە دەتوانرێت درووست بکرێت؟ داوا لە هەموو کەسێک دەکەم جددیانە بیر لەم بابەتە بکاتەوە. ئەمە یاری منداڵان نیە؛ ٥٠ هەزار مرۆڤ بوون بە قوربانی!. دەتوانم ئەمە بڵێم، گەر ئەمجارەش ئەم پرسە چارەسەر نەکرێت ئەوا دەپەڕێتەوە بۆ قۆناغێکی پر لە توندوتیژی.