غەریب حەسۆ: تورکیا رێگرە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار
5 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوسەرۆکی پەیەدە رایگەیاند: تورکیا دەستوەردان لە کاروباری سوریا دەکات و وەک ویلایەتێکی خۆی سەیری دەکات، هەر ئەویش رێگرە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار، سەرەڕای ئەوەی رێککەوتنەکە گەرەنتی ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام تورکیا سورە لەسەر ئەوەی هەسەدە بێ چەک بێت.
غەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: ماوەی ساڵێک بەسەر تەمەنی حکومەتی کاتی سوریادا تێپەڕیوە، بەڵام خەڵکی سوریا بەدەر لە ئازار هیچ شتێکی لەم حکومەتە نەچنیوەتەوە، چونکە باوەڕی بە فرەڕەنگی نییە. هەموو گروپە توندڕەوەکان بە داعشیشەوە لە خۆیدا کۆکردوەتەوە. نازانین حکومەتی راگوزەر چی سودێک لەم کارانەدا دەبینێت.
لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ ئاژانسی فوراتنیوز، غەریب حەسۆ رایگەیاند: بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانر 10ـی ئادار لە نێوان حکومەتی کاتی سوریا و ئیدارەی خۆبەرێوەبەرییدا واژۆ کراوە و کاریگەرییە ئەرێنییەکانیشی دەرکەوتن، بەڵام دیمەشق هەنگاوی پێویستی نەگرتوەتەبەر.
بەوتەی حەسۆ، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئامادەن بۆ چارەسەر، بەڵام تورکیا رێگرە، وتیشی: "بۆ جێبەجێکردنی ماددەکانی رێککەوتنی 10ـی ئادار شاندەکانمان ئامادەن، چونکە بە تەنها بابەتی بەرگری ناگرێتەوە، بەڵکو لایەنی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری، ژن و گەنجانیش لە خۆ دەگرێت، بەڵام لایەنی بەرانبەر تەنها جەخت لەسەر لایەنی سەربازی دەکەنەوە."
ووتیشی: "کورت و پوخت تورکیا رێگرە لە بەرکاربوونی رێککەوتنی 10ـی ئادار، قسەی سەر زمان و بن زمانی تورکیا بچووکردنەوەی هەسەدەیە، هەسەدە لەگەڵ دیمەشقدا گەیشتە ئاستێک لە رێککەوتن، بەڵام تورکیا و دیمەشق رێگرن لە کردەیبوونی رێککەوتنەکە. هاکان فیدان هەڕەشە لە ئیدارەکەمان دەکات، وتەبێژی ئاکەپە هەمانشێوە. ئەم دۆخە لە سوودی گرووپە توندڕە و نەژادپەرستەکانە. لە دژی ئێرادەمان دەوەستنەوە و پەرە بە گوتاری رقئامێز دەدەن، تورکیا دەستوەردان دەکات، بەڕاستی بەم شێوەیە هاوپەیمانی درووست نابێت."
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی، غەریب حەسۆ نیگەرانی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: تورکیا دەستی داوەتەوە پرۆسەیەک و تاوتوێی چارەسەری دەکات. بێگومان ئێمەش پشتگیری دەکەین و هیوادارین بگات بە ئامانج، بەڵام راستییەکی تاڵە، ئەو سیاسەتەی تورکیا لە سوریادا بەڕێوەی دەبات مەترسییەکی گەورەیە لەسەر پرۆسەکە."
غەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی گشتی پەیەدە جەختی لەوەکردەوە چارەسەری لە سوریادا بە دیالۆگ دێتە ئاراوە ووتی: “ترسی تورکیا لە کشانی مۆدێلی ئیدارەی خۆبەڕیوەبەریە بەسەر هەموو سوریادا. گەر تورکیا دەیەوێت رۆڵی هەبێت لە ئاشتییدا دەبێت لەگەڵ هەموو لایەنەکان دیالۆگ بکات. دەبێت دەرگای دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا بکاتەوە و کۆتایی بە داگیرکارییەکانی لە سوریادا بهێنێت و لەم وڵاتە بچێتە دەرەوە.”
