عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، نامەیەکی بۆ کۆنفرانسی" 100 ساڵەی سەرهەڵدانی شێخ سەعید و بزووتنەوەی ئازادی" نارد و تێیدا باسی رۆڵی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانیدا دەکات. ئۆجەلان لە نامەکەدا دەڵێت، سەرهەڵدانی شێخ سەعید، کە خەبات بوو بۆ مانەوە، زیاتر بوو لە سەرهەڵدانێکی ناوچەیی و کاریگەرییەکی قوڵی لە بیرەوەریی گەلی کورددا دروستکرد. سەرهەڵدانەکە خەباتی کورد بوو، دژی ئەو هزرە سەپێنەرەی لەو کاتەدا هەبوو. دەقەکەی بەمشێوەیەیە: “بۆ کۆنفرانسی سەدساڵەی سەرهەڵدانی ١٩٢٥ کۆمەڵەی ئازادی، شێخ سەعید و هەڤاڵانی، بیر و بانگەوازی هاوبەش حەقیقەتێکی مێژوویی کە ئێمە لە کەسێتی شێخ سەعید دا باسی دەکەین، لە سەرهەڵدانێک یان لە سەرهەڵدێرێکی هەرێمی زیاترە. ئەم حەقیقەتە تێکۆشانێکی نەریتییە بۆ هەبوونێک کە لە یادەوەری هاوبەشی گەلی کورد دا شوێنەواری قووڵی جێهێشتووە. تێکۆشانی سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی کوردە کە بە باوەڕیی، نەریت و ئیرادە دژی زیهنییەتی تاکپەرستی سەپێندراو دەرکەوت. شێخ سەعید وەک پێشەنگێک لە هەلومەرجی سەردەمی خۆییدا، بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتی لەئەستۆ گرت و دژی سیاسەتەکانی نکۆڵی کە ئیرادەی کوردایەتی بە ئامانج دەگرت، هەڵوێستی بەهێزی نیشان داوە. ئەم سەرهەڵدانە کە لە کەسێتی ئەودا مانادار دەبێت، بە تەنها هەڵوێستێکی سیاسیی نییە، هاوکات هەڵوێستێکی کۆمەڵایەتیشە. ئەم هەڵوێستە گوزارشتێکی مێژوویی دڵسۆزی کوردە بۆ حەقیقەتەکەی. سیاسەتی ناوەندیگەرای و تاک-شووناسی کە لە ساڵانی سەرەتای کۆماردا بەڕێوەبرا، ئامانجی ئەوەبوو گەلی کورد لە هەبوونی خۆی دابڕێت. شێخ سەعید وتی ‘ئێمە دادپەروەریمان دەویست، بەڵام ئێوە سزای لەسێدارەدنتان پێداین’ بەم وتنەی دژی ئەم سیاسەتە دەنگی گەلێکی بەرزکردەوە لە دژی سێدارە. ئەم قسەیە ڕوونترین و بەهێزترین نیشانەیە کە پێمان دەڵێت حەقیقەت لە دژی ستەم پاشەکشەکی نەکردووە. هەروەها ئەو قسەیەکی دیکەی کە دەڵێت، ‘بەڕێز دادوەر، کوا خۆ ئێمە دەچووین پێکەوە بەرخ بخۆین’ گوزارشتە لەو پیلانگێڕییەی ڕووبەرووی کرایەوە. ئەو قسەیەی دیکەی ‘بێگومان نەوەکانم تۆڵەم دەکەنەوە’ هیوای بەرخۆدانێکە کە ئەو بۆ نەوەکانی داهاتووی جێهێشتووە. خاڵێکی تر هەیە کە لێرەدا دەبێت لە بنەڕەتەوە هێڵکاری بۆ بکرێت: وەک هەر بەرخۆدانێکی مێژوویی، سەرهەڵدان بە سەرکردایەتی شێخ سەعید، هەلومەرجی سەردەمەکەشی لە خۆیدا هەڵگرتووە. بەستنەوەی ئەو سەرهەڵدانە بە تێکۆشانی ئازادیی ئەمڕۆوە، نەک بە ڕۆمانسیزەکردنی بەڵکو بە خستنەڕووی وانە بنەڕەتییەکانی و دووبارە بوونیادنانەوەی بەردەوامی مێژوویی بە درێژایی هێڵێکی ئازادیخوازانە و دیموکراسی، مومکینە. من ئەم نەریتەم کردووەتە بنەما بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕێتی کوردانەی ئازاد. ئەو تێکۆشانەی کە من بەڕێوەی دەبەم ئامانجی ئەوەیە کە میراتی بەرخۆدانی واتاداری ڕابردوو لەگەڵ سیستەمی دیموکراسی و فرەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی داهاتوودا کۆبکاتەوە. هێڵی شێخ سەعید کاتێک مانای ڕاستەقینەی خۆی بەدەست دەهێنێت کە لەگەڵ پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیکی ئەمڕۆدا یەکانگیر دەبێت. کوردبوونێکی ئازاد بە دڵسۆزی بۆ مێژوو و کولتوور و بەها ئەخلاقی-سیاسییەکانی گەل مومکینە. پێویستە گەلەکەمان لەم بابەتەدا هۆشیار بێت و ئەو میراتە پیرۆزە بپارێزێت کە ڕێبەرە مێژووییەکان لە دوای خۆیان بەجێیان هێشتووە. لەسەر ئەم بنەمایە، بە ڕێزەوە شێخ سەعید و هەڤاڵەکانی بەبیر دەهێنمەوە و جارێکی دیکە بڕیارداریی خۆم بۆ بەرزڕاگرتنی بەهاکانی تێکۆشان لەسەر ڕێگای ئازادی و ڕاستی دەردەبڕم، بە هیوای کۆنفڕانسێکی سەرکەوتوو، سڵاو لە هەموو بەشداربووان دەکەم. عەبدوڵا ئۆجالان ئیمرالی، حوزەیرانی ٢٠٢٥”

  چوار سەرچاوەی ئاگادار بە (سى ئێن ئێن)یان ڕایانگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ باسی لە ئەگەری یارمەتیدانی ئێران کردووە بۆ دەستڕاگەیشتن بە تا ٣٠ ملیار دۆلار بۆ بنیاتنانی بەرنامەیەکی مەدەنی وزەی ئەتۆمی. هاوکات سووککردنی سزاکان و ئازادکردنی ملیارەها دۆلار لە سەروەت و سامانی سنووردارکراوی ئێران، هەموو ئەمانەش بەشێکن لە هەوڵە چڕکراوەکان بۆ گەڕاندنەوەی تاران بۆ سەر مێزی دانوستان. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە دیبلۆماتە سەرەکییەکانی ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پشت پەردەوە وتووێژیان لەگەڵ ئێرانییەکان ئەنجامداوە، تەنانەت ئەوکاتەشى شەڕو هێرشە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەردەوامبووە.  سى ئێن ئین ئەوەشى زیادکردوە: ئەم گفتوگۆیانە لەم هەفتەیەدا بەردەوام بوون دوای ئەوەی ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست کراوە. بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ پشتڕاستیان کردەوە کە چەند پێشنیارێک خراوەتەڕوو. ئەمانە سەرەتایین و لە پەرەسەندندان و یەک بابەتی جێگیر و دانوستانیان لەسەر نییە: "وەستانی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران". لانی کەم یەک پرۆژەی سەرەتایی کە لە لایەن دوو سەرچاوە بۆ سی ئێن ئێن باسکراوە، چەندین هاندان بۆ ئێران لەخۆدەگرێت. لە نێو ئەو بڕگانەی کە باسیان لێوە دەکرێت، کە پێشتر ڕانەگەیەندراون، وەبەرهێنانی نزیکەی ٢٠-٣٠ ملیار دۆلار لە بەرنامەیەکی نوێ و ناپیتێنراوی ئەتۆمی ئێران بۆ مەبەستی وزەی مەدەنی هەیە، بەگوێرەی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ و سەرچاوە ئاگادارەکان لەو پێشنیازە بە سی ئێن ئێنیان ڕاگەیاندووە.

  بەگوێرەی دوایین راپۆرتەکانی میدیا فەرمییەکانی ئێران بەشێک لە بینای زیندانی ئەوین وێران کراوە و زیندانیانی زیندانی ئەوینیش بە دەستوپێ بەستراوی گوازراونەتەوە. رۆژی دووشەممە 23-06-2025 بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەشێک لە زیندانی ئێڤین، بەشێکی باڵەخانەی کارگێڕیی زیندانەکە رووخا. لە ئەنجامی ئەو رووخانەدا، ژمارەیەک لە کارمەندانی کارگێڕی، ئەو هاووڵاتیانەی سەردانیان کردبوو و هەروەها کەسوکاری زیندانیان و خودی زیندانییەکانیش بریندار بوون، هەروەها کوژراویشیان هەبووە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لە دۆخی خراپی زیندانیانی سیاسی دەکەن، دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئەوین، دەگوترێت لە کاتێکدا بە زنجیر دەستوپێیان بەستراوەتەوە، گوازراونەتەوە بۆ هەندێک هۆڵی وەرزشی یان زیندانی دیکەی تاران. یەکێک لە بەرپرسانی زیندانەکە کە ناویان بڵاونەبووەتەوە دەڵێت، دۆخی زیندانیانی زیندانی گەورەی تاران زۆر ناجێگیرە و ژیانیان لە مەترسیدایە. باس لەوەش کراوە، لە هەر ژوورێکدا 40 کەسیان بەند کردووە، زۆربەی زیندانییەکان لەسەر زەوی دەخەون و ئاوی خواردنەوەش وەک پێویست بەردەست نییە. زیندانی ئەوین دەکەوێتە ناوچەی ئێڤین لە باکووری ڕۆژئاوای تاران. ساڵی 1972 بنیاتنراوە و لەدوای ساڵی 1979ــشەوە لەگەڵ دروستبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووبەرەکەی فراوانکراوە. لای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی وەک زیندانێکی خراپ و توند ناوی دەهێنرێت، بەجۆرێک بووەتە شوێنی زیندانیکردنی سیاسییەکان، ڕۆژنامەوانان، کەسانی ئەکادیمیست، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و کەسانی بیانی. زیندانەکە شوێنی 15 هەزار زیندانیی دەبێتەوە.

  داواکاری گشتی ئیسرائیل، داواکارییەکەی نەتانیاهۆى ڕەتکردەوە کەداواى کردبوو بۆ ماوەی دوو هەفتە پشووبدات ئەوکات بچێتە بەردەم دادوەر بۆ دادگاییکردنی لەسەر دۆسیەکانى گەندەڵی. بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بنیامین نەتەنیاهوو لەسەر تۆمەتەکانی بەرتیل، ساختەکاری، و خیانەت لە دەستپاکی، دووبارە بچێتە بەردەم دادگا.   ئەمیت حەداد، پارێزەری نەتانیاهۆ ڕایگەیاندووە سەرۆک وەزیران پێویستی بە پشووی دوو هەفتەیی هەیە، بۆ ئەوەی کاتەکانی بۆ "پرسە دیپلۆماسی و نیشتمانی و ئەمنییەکانی" تەرخان بکات، ئەمەش لە دوای شەڕی ئەم دواییە لەگەڵ ئێران کە ڕۆژی سێشەممە کۆتایی هات. بە وتەی حەداد، پرسەکان بریتین لە “بەڕێوەبردنی شەڕی غەززە و مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی بارمتەکان”. لە وەڵامەکەیدا، نووسینگەی داواکاری گشتی دەوڵەت دەڵێت کە "ئەو هۆکارە گشتیانەی کە لە داواکارییەکەدا بە وردی باسکراون ناتوانن پاساو بۆ هەڵوەشاندنەوەی دوو هەفتەی دانیشتنەکان بهێننەوە، بەتایبەتی لە پێش پشووەکاندا." ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر دادگا چەند جارێک دەستکاریی کاتى دانیشتنەکانى کردووە بۆ ئەوەی باشتر لەگەڵ کاتەکانى نەتانیاهۆدا بگونجێت، لەوانە ڕێگەی پێداوە کە هەفتەی دووجار ئیفادە بدات، نەک سێ جار لە هەفتەیەکدا. رۆژی چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیەڵ نەتەنیاهووی وەک "جەنگاوەرێک" ناوبرد و ستایشی سەرکردایەتییەکەی کرد و ماوەی دەسەڵاتی بە "یەکێک لە مەزنترین ساتەکانی مێژووی ئیسرائیل" ناوبرد.   ترەمپ نووسیویەتی: "من و بیبی پێکەوە بەنێو دۆزەخدا تێپەڕین، لە شەڕدا بووین لەگەڵ دوژمنێکی دێرینەی زۆر سەرسەخت و زیرەکی ئیسرائیل، کە ئێرانە،" و ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ نەتەنیاهوو کاریان کردووە بۆ رێگری لە هەڕەشەیەکی گەورەی ئەتۆمی.    ترەمپ زیاتر باسی نەتەنیاهوو دەکات و دەڵێت، هیچ کەسێک نییە لە ئەو "باشتر، زیرەکتر یان بەهێزتر" بۆ ئیسرائیل.

  بەپێی ڕێنماییەکی نوێی وەزارەتی دارایی و ئابووریی کوردستان، لەمەودوا ئەوانیش خانەنشین دەکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش قسە لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوە و ڕەزامەندی دراوە، چونکە لە عێراقیش فەرمانبەرانی گرێبەست خانەنشین دەکرێن. پرۆسەی خانەنشینی تاوەکو ئێستا فەرمانبەرانی گرێبەستی نەدەگرتەوە، بەڵام بەگوێرەی ڕێنمایی ژمارە 2ـی ساڵی 2025ـی  وەزارەتی دارایی و ئابووری لەمەودوا فەرمانبەرانی گرێبەستیش دەتوانن داوای خانەنشینبوون بکەن، بڕیارەکەش زیاتر لە 75 هەزار فەرمانبەر دەگرێتەوە. لەمەودوا بۆ یەکەمجار فەرمانبەرانی گرێبەست هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی خانەنشین دەكرێن، وەزارەتی دارایی کوردستان داوای لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان کردووە دۆسیە ئەو فەرمانبەرانە ئامادە بکەن کە خانەنشینبوون دەیانگرێتەوە. لەمەودوا 10% لە مووچەی ئەوانیش بۆ خانەنشینی دەبڕدرێت، قەرزی ساڵانی ڕابردووشیان لێ وەردەگیرێتەوە. پێویستە فەرمانبەرەکە 15 ساڵ خزمەتی هەبێت و تەمەنی لە 50 ساڵ کەمتر نەبێت بۆ خانەنشینی ئارەزوومەندانە، بۆ نموونە ئەگەر خانەنشینەکە خۆی داوای بکات، واتا هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی یەک مەرجە، ئەگەرنا حکومەت خۆی لە 60 ساڵی خانەنشینی دەکات.

  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ٣٠ ملیۆن دۆلاری وەک بودجە بۆ دامەزراوەی مرۆیی غەززە پەسەند کردووە، داوای لە وڵاتانی دیکەش کرد پشتیوانی ئەو ڕێکخراوە بکەن کە هاوکاری دەگەیەنێتە هاوڵاتیان لە کەرتی غەززە. تۆمی پیگۆت، جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ئەم پشتیوانییە دووپاتکردنەوەی زیاتری پابەندبوونی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ناوچەکەدا. ئاژانسی ڕۆیتەرز لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بڵاویکردەوە، ئەمریکا 30 ملیۆن دۆلار دەداتە ئەو ڕێکخراوە فریاگوزارییە. واشنتۆن لە مێژە پشتیوانی لە دامەزراوەی مرۆیی غەززە دەکات لەڕووی دیپلۆماسییەوە، بەڵام ئەمە یەکەم بەشداری دارایی ئاشکرایە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە، کە کۆمپانیا تایبەتەکانی سەربازی و لۆجستی ئەمریکی بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی هاوکارییەکان بۆ ناوچەی فەلەستین بۆ دابەشکردن لە "شوێنە سەلامەتەکان". دامەزراوەی مرۆیی غەززە لە کەرتی غەززە لەگەڵ کۆمپانیایەکی لۆجستیکی قازانج بە ناوی Safe Reach Solutions کاردەکات کە ئەفسەرێکی پێشووی سی ئای ئەی سەرۆکایەتی دەکات و کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری ئەمنی سەر بەو کۆمپانیایە بە ناوی UG Solutions کە سەربازانی پێشووی ئەمریکی دامەزراندووە. لە مانگی ئاداردا، سوپای ئیسرائیل رێگەی گەیاندنی هاوکاری بۆ غەززە داخست و لەبری ئەوە، رێگەی بە رێکخراوێکی سەر بە ئەمریکا دا لە خاڵەکانی نزیک سنوور هاوکاری دابەش بکات.   ئەوە بووە هۆی دروستبوونی پشێویی زۆر و چەندین فەلەستینی کوژران. ئەمە جگە لە تاڵانکردنی بەشێکی زۆری هاوکارییەکان و دواتر فرۆشتنەوەیان بە نرخی خەیاڵی. ئێستا لە غەززە نرخی یەک فەردە ئارد لە نێوان 580 بۆ 880 دۆلارە. ئێستا غەززە برسییە، 71 هەزار منداڵ و 17 هەزار دایکی شیردەر پێویستیان بە چاودێریی تەندروستیی بەپەلەیە و تووشی بەدخۆراکی بوون.   2.1 ملیۆن دانیشتووی غەززە بێ خواردنن، 470 هەزار کەس لە برسێتیی کارەساتباردان. دابەشکردنی خواردنیش 80٪ کەمکراوەتەوە.

سێ بەرپرسی باڵای ئیسرائیل بە ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکییان راگەیاند، یۆرانیۆمی فرەپیتێنراوی ئێران لە وێستگە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و ئیسفەهان گواستراوەتەوە بۆ تونێلەکانی ژێرزەوی، ئەمەش بە ئامانجی پاراستنیان لە هەر هێرشێکی دەرەکی. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسانە کە راستەوخۆ ئاگاداری زانیارییە هەواڵگرییەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانن، یۆرانیۆمی فرەپیتێنراوی کۆگاکراوی ئێران لە تونێلەکانی ژێرزەوی فۆردۆ و ئیسفەهانن، بە تەواوەتی بەهۆی بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دابڕاون لە جیهانی دەرەوە. لە راپۆرتەکەی ئاکسیۆسدا هاتووە، بەرپرسە ئیسرائیلییەکان باوەڕیان وایە دەتوانن هەر هەوڵێکی ئێران ئاشکرابکەن بۆ گەڕاندنەوەی یۆرانیۆمە فرەپیتێنراوەکانی. بەرپرسە ئیسرائیلییەکان دەڵێن، بەهۆی ئەوەی ئەم تونێلانە لەدوای بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دابڕاون لە جیهانی دەرەوە، سەختە ئێران بتوانێت بە خێرایی ئەم یۆرانیۆمە فرەپیتێنراوەی دەستبکەوێتەوە کە پێشتر هەیبووە.

هەرچەندە مانگێک زیاترە لیستی مووچەی مانگی پێنج ڕادەستی بەغدا کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن بەغداوە وردبینی تێدا نەکراوە، هاوکات لیستی مووچەی مانگی شەشیش ڕەوانە کراوە، وەزارەتی دارایی کوردستانیش دەڵێت، وردبینی لە لیستی هەردوو مانگ دەکەوێتە دوای هاتنی شاندی دارایی عێراق بۆ هەولێر. مانگی ڕابردوو کاتێک وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی پێنجیان ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد، تەیف سامی بڕیارێکی بە نووسراوی فەرمی دەکرد کە چیتر مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت، ئیتر بەهۆی بڕیارەکە وردبینی نەکرا. مانگی پێنج مووچە نەدرا، بەڵام وەزارەتی دارایی کوردستان لیستی مووچەی مانگی شەشی ئامادەکرد، ڕۆژی چوارشەممە 2025-06-25، تیمێکی تەکنیکی لیستەکەیان ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد، بەڵام بەهەمانشێوەی مانگی ڕابردوو، لیستەکەیان لێ وەرگرتوون و وتوویانە جارێ دەست بە وردبینی ناکەن، تیمە تەکنیکییەکەی کوردستانیش گەڕاونەتەوە هەولێر. بەوتەى سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی کوردستان، پرۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگەکانی پێنج و شەش دەکەوێتە دوای سەردانی شاندەکەی عێراق و ڕێککەوتن لەو بارەیەوە. دواین جار، 2025-05-13، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. هەر ئەو رۆژە لیستی مووچە بڵاوکرایەوە. لە سەرەتای ساڵ، ڕێککەوتن لەسەر ناردنی تەواوی مووچەی مانگەکانی ئەمساڵ لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا، بەڵام بەغدا ماوەی دوو مانگە هیچ بڕە پارەیەکی بۆ مووچە ڕەوانە نەکردووە.

  سەردار حەسەنزادە، فەرماندەیەکى باڵاى سوپای پاسدارانی ئێران، ڕایدەگەیەنێت ڕێوڕەسمێکی گەورەی پرسەی ئەفسەرو فەرماندە باڵاکانى سوپاى پاسداران و سەربازیەکانى دیکەى ئێران ڕۆژی شەممە و لە دووهەمین ڕۆژی موحەڕەم لە تاران بەڕێوە دەچێت. ئەو فەرماندە دەشڵێت ئەم مەراسیمە لە گۆڕەپانی شۆڕشەوە دەست پێدەکات و تا گۆڕەپانی ئازادی بەردەوام دەبێت. زۆرترین خەڵکی چین و توێژە جیاوازەکانی ژیان، بەتایبەتی گەنجان، هەرزەکاران، ژنان، شاندی ئاینی و کاروانی ماتەمینی، ئامادەدەبن. سەردار حەسەنزادە، ئەوەش باسدەکات ئەم ئامادەبوونە ملیۆنییە نەک تەنیا نیشاندانی دڵسۆزی گەل بۆ ڕێبازی شەهیدان، بەڵکو دەرکەوتنی "ڕۆژی خودا" و ڕەمزی بەڵێنی دڵسۆزی کۆماری ئیسلامییە بەرامبەر بە دوژمنانی. وتیشى: لە فەرهەنگی نەتەوەی ئێراندا، پرسەی شەهیدان هەمیشە ڕێوڕەسمێکی حەماسیی و شانازیکردن بووە بەرامبەر بە ناخۆشخوازانی وڵات. بەرەبەیانی رۆژی هەینی 13-06-2025 سوپای ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر ئێران دەستپێکرد، لەماوەى ١٢ ڕۆژى شەڕدا نزیکەى ٣٠ فەرماندەى باڵاى سەربازى سوپاى پاسداران و سەربازى ئێران لەهێرشەکانى ئیسرائیلدا کوژراون.

فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕایدەگەیەنێت هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی نا مەدەنی و نا یاسایی، رەشبیگیرییان دەستپیکردوو بەشێکیان تەنها نێتی خۆپیشاندانیان هەبووە و بەشداریان نەکردووە. لەڕاگەیەندراوەکەیاندا ئەوەش دەخەنەڕوو وێرای ئیدانەکردنی توندی ئەم هەڵسوکەوتە نا مەدەنی و نا یاساییە، پارێزراوی گیانی هەموو دەستگیرکراوان و دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو هاوڕییانەمان کە لە زیندان ماون، دەخەینە ئەستۆی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی..  دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. ڕاگەیاندراوی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دژ بە ڕەشبگیری و پێشێلی مافی مرۆڤ لە سلێمانی بەداخەوە لەکاتێکدا دوومانگە مووچە دابەشنەکراوە، فەرمانبەران و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گشتی لە دۆخێکی دارایی و دەروونی دژواردا دەژین، لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی بە ڕاگەیەندراوێک رۆژی (٢٠٢٠٥/٠٦/٢٤) سەرەتایترین مافی بە خەڵک ڕەوا نەبینی و وتی، ئێستا گونجاو نییە بۆ خۆپیشاندان. بەوهۆیەوە مووچەخۆران و چالاکوانانی مەدەنی بڕیاریاندا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر دۆخەکە گردببنەوە، بەڵام بەداخەوە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی نا مەدەنی و نا یاسایی، رەشبیگیرییان دەستپیکردوو و دەیان کەس لە مامۆستا، چالاکوانی مەدەنی، ئەندامی پەرلەمان، میدیاکار، چالاکوانی سیاسی و ئەندامانی پارتەسیاسیەکان دەستگیرکراون، کە بەشێکیان تەنها نێتی خۆپیشاندانیان هەبووە و بەشداریان نەکردووە. میدیاکاران تەنها بە ئەرکی پیشەیی چوون بۆ ڕووماڵ و پێشێلی هیچ یاسایەکیان نەکردووە، ئەمە جگە لەوەی دوێنی  (٢٠٢٠٥/٠٦/٢٥)،  وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی رایانگەیاند (١١) کەسیان بە یاسایی ڕێکخستنی خۆپیشاندان، ژمارە (١١)ی ساڵی (٢٠١٠) ماددەی (١٠) دەستگیرکردووە، لە کاتێکدا یاساکە تەنها پۆلیسی ڕاسپاردووە بەجێبەجێکردنی ئەم ئەرکە نەک ئاسایش و هیچ دەزگایەکی تری ئەمنی. ئەم هەڵمەتە نا مەدەنیانەیە بە تەواوی پێچەوانەی هەموو یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانە، لە هەمانکاتدا پێچەوانەی درووشمەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، کە بەرپرسی ئەو دەزگایانەی ئەندامی ئەون و پارتی دەسەڵاتداری ئەم ناوچەیەیە. ئێمە وێرای ئیدانەکردنی توندی ئەم هەڵسوکەوتە نا مەدەنی و نا یاساییە، پارێزراوی گیانی هەموو دەستگیرکراوان و دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو هاوڕییانەمان کە لە زیندان ماون، دەخەینە ئەستۆی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی و داواکاریشین کۆتایی بە دۆخی سەربازیکراوی شاری سلێمانی بهێنن.  فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی (٢٠٢٥/٠٦/٢٦)

  بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆسییەی داهاتی ناوخۆ، خەرجییەكانی هەرێم و ئاستەنگەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوت، شاندێكی حكومەتی عێراق ئەمڕۆ سەردانی هەولێر دەكەن و مەبەست لە هاتنی شاندەكەش ئەنجامدانی رێككەوتنە، ئەمەش بەپێى وتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار. سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم، دەڵێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو رێككەوتنەی لە مانگی (2025/2) لەنێوان هەولێر و بەغداد، دۆسییەی داهاتی ناوخۆ، خەرجییەكانی هەرێم و ئاستەنگەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوت، بڕیار وایە ئەمڕۆ پێنجشەممە (2025/6/26) شاندێكی هونەری حكومەتی عێراق سەردانی شاری هەولێر دەكەن. وتیشی: شاندەكەی عێراق لە سبەینێوە كۆبونەوەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات و بەوردی باس لە دۆسیەی داهاتی ناوخۆ، كە یەكێكە لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان هەرێم و عێراق دەكرێت. بەگوێرەى زانیارییەکان شاندەکە لە وەزارەتى نەوتى عێراق، کۆمپانیاى سۆمۆ، دیوانى چاودێریی دارایی عێراق و نوێنەرى کۆمپانیاى نەوتى باکوور پێکهاتوون. فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوە و جێگرى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەناو شاندەکەدان و پاش گەیشتنیان بە هەولێر بڕیارە کۆبوونەوەکانیان دەستپێبکەن. شاندەکە بە رێنمایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. یەکێک لە تەوەرەکانى کۆبوونەوەکەشیان پرسی دووبارە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستانە، بەشێوەیەک کە شاندەکە بڕیارى کۆتاییان لایە و دەتوانن رێککەوتن بکەن. ئەوە لەکاتێکدایە، دوێنێ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، شاندێکی باڵا لە عێراقەوە دێتە هەرێمی کوردستان کە بڕیاریان بەدەستە و ئومێد دەکەن، لەم دوو رۆژەدا پرسی مووچە چارەسەر بکەن.

  کەناڵی پرێس تیڤی ئێران بڵاویکردەوە، محەممەدڕەزا سدیقی سابر زانای ئەتۆمیی ئەو وڵاتە چەند کاتژمێرێک پێش ئاگربەستەکە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە پارێزگای گیلان لە باکووری ئێران کوژراوە و لەو هێرشەدا 11 ئەندامی بنەماڵەکەشی تیرۆرکراون. بەپێی میدیای ئێران، ماڵی ئەو زانا ئەتۆمییە لە شاری تاران لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج، بەهۆیەوە کوڕە تەمەن 17 ساڵانەکەی بەناوی حەمیددڕەزا سدیقی سابر کوژرا. بەگوێرەی ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە ئئەندامانی ئەو خێزانەى کوژراون کەسانى بەساڵاچوو و منداڵ و ژنانی تێدایە. ڕاپۆرتەکان ئاشکرایان کردووە کە ئیسرائیل لە میانەی هێرشی ١٢ ڕۆژەی بۆ سەر ئێران لانیکەم ١٤ زانای ناوەکی ئێرانی کردۆتە ئامانج و هەروەها سەرکردە باڵاکانی سوپای پاسداران و سەربازی و ئیتلاعات. لە لیستی تیرۆرەکانی ئەم دواییەدا محەمەد مەهدی تارانچی فیزیازانی ئەتۆمی لە ساڵی ١٩٦٥ لە تاران لەدایک بووە، بە یەکێک لە دیارترین زانایانی ئەتۆمی ئێران و سەرکردەیەکی سەرەکی ئەکادیمی لە دامودەزگاکانی ئێران دادەنرێت، کە لە ساڵی ٢٠١٢ تا ٢٠١٦ وەک جێگری سەرۆک و سەرۆکی زانکۆی شەهید بێهەشتی کاری کردووە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، دوو مانگ پێش ئێستا ناوی ئەو زانا ئەتۆمییەی ئێرانی خستبووە لیستی سزاکانیەوە و رایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی رۆڵی لە فراوانکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمدا هەبووە، سزا دراوە.

وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، ئۆپەراسیۆنەکانمان دژ بە ئێران شەڕی ڕاگرت  چەندین ساڵ بەرنامەى ئەتۆمیمان دواخستووە، ئەوەی سوپای ئەمریکا کردوویەتی مێژووییە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا  پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، هەڵسەنگاندنێکی نوێی سەبارەت بەو هێرشانە خستەڕوو کە کرایە سەر دامەزراوەکانى ئێران. پیت هێگسێس وتى: ڕاپۆرتێکی سی ئای ئەی کە لەسەر بنەمای زانیاری و سەرچاوەی باوەڕپێکراو سەرکەوتنی هێرشەکانی پشتڕاستکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئێران شەڕی ڕاگرت. ئەوەی سوپای ئەمریکا کردوویەتی مێژووییە. هەروەها ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد بەشێکی زۆری ئەو قسانەی ئێران دەیانکات لەسەر هێرشەکە، تەنها پەیامێکە بۆ ناوخۆی وڵاتەکەى، چونکە هێرشەکە زۆر سەرکەوتوو بوو. وەزیری بەرگریی ئەمریکا جەختى کردەوە هەڵسەنگاندنی سەرەتایی هێرشەکەی سەر ئێران ئاماژەیە بۆ زیانی گەورەی بنکە ئەتۆمییەکان، هەموو راپۆرتەکان دووپاتیدەکەنەوە فۆردۆ وێرانکراوە. وەزیری بەرگریی ئەمەریکا سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، سەرۆکەکانی پێشوو سەرکەوتوو نەبوون لە زیادکردنی خەرجی بەرگریی ناتۆ، بەڵام دۆناڵد ترەمپ ئەوەی کرد. هەر ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تروس بڵاوی کردەوە، پێویستە ناتاشا بێرتراند لە کەناڵی(سی ئێن ئێن) دەربکرێت، چونکە سێ ڕۆژە هەواڵی ساختە بڵاو دەکاتەوە. ترەمپ نووسیویەتی " پێویستە سەرزەنشت بکرێت، دواتر وەک سەگ فڕێ بدرێتە دەرەوە." ترەمپ، ئەو پەیامنێرە ئەمەریکاییەی بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست لەبارەی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، تۆمەتبار کرد و گوتی: ئەو، هەوڵی شێواندنی ئابڕووی فڕۆکەوانەکانمان دەدات کە ئەرکێکی گرنگ و سەرکەوتوویان بە وردیی جێبەجێ کرد. لە وەڵامی ئەو قسانەی دۆناڵد ترەمپ، کەناڵی( سی ئێن ئێن) بەیاننامەیەکی لە ئێکس بڵاو کردەوە و تێیدا پشتیوانیی خۆی بۆ ناتاشا بێرتراند دووپات کردەوە و نوسیوویەتی "ئێمە بەڕێژەی سەدا 100 پشتیوانیی لە ناتاشا دەکەین، بەتایبەتیش لە ڕووماڵی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران."

ئەندامێکی شاندی ئیمراڵی ڕایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئەرێنی بووە و لە داهاتوویەکی نزیکیشیدا لەگەڵ ئۆجەلان، ئەردۆغان و چەند بەرپرسێکی باڵا کۆ دەبنەوە.  وەفدی ئیمرالی گەڕێكی تری كۆبوونەوەی پارتە سیاسییەكانی توركیا دەستپێكرد، پرسی دروستكردنی كۆمسیۆنێك لە پەرلەمانی توركیا بۆ چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد دەستی بەكارەكانی كردووە. رۆژی دووشەممەی ئایندە پارتە سیاسییەكان بۆچوونی نوسراوی خۆیان لەبارەی چۆنیەتی كاركردنی كۆمسیۆنەكە رادەستی سەرۆكی پەرلەمان دەكەن. هەفتەی داهاتوو وەفدی ئیمرالی سەردانی ئەردۆغان و سەرۆكی (مەهەپە)و (جەهەپە) دەكاتەوەو لەكۆتاییشدا جارێكی تر دەچێتەوە ئیمرالی بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان. وەفدەی  پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەردانی (نوعمان کورتولموش)ی سەرۆكی پەرلەمانی توركیای كرد.  وەفدی (دەم پارتی) پێكهاتووە لە هەریەكە لە (پەروین بوڵدان)و (مەتحەد سانجار) كە لە شوێنی كۆچكردوو (سری سورەیا ئۆندەر) دانراوە.  لەبارەی سەردانەكەیان بۆ لای سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، پەروین بوڵدان رایگەیاند: "پرۆسەکە چووەتە قۆناغێکی نوێ و بۆ ئەمەش سەردانی لایەنە سیاسییەکان و ئیمراڵی دەکەینەوە". "گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ. ئێمە پێمانوایە گرنگە ئەم پرۆسەی ئاشتییە لەسەر بنەمای دیالۆگ و پەرلەمان بەرەوپێش بچێت. سەردانەکانمان بەردەوام دەبێت. نزیکەی یەک دوو هەفتەی تر سەردانی بەڕێزان دەوڵەت باخچەلی (سەرۆكی مەهەپە)و ئۆزگور ئۆزێل (سەرۆكی جەهەپە)و رەجەب تەیب ئەردۆغان (سەرۆكی توركیاو ئاكەپە) دەکەین لە کۆتایی ئەم دیدارانەدا سەردانی بەڕێز ئۆجالان دەکەین لە ئیمرالی" پەروین بوڵدان وای وت. لە پرسی ئەمجارەی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورددا لە توركیا، گفتوگۆ لەبارەی دروستكردنی كۆمسیۆنێك دەكرێت لە پەرلەمان بۆ ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو پرۆسەكە جێبەجێ بكات، بڕیارە ئەم كۆمسیۆنە لە رۆژانی داهاتوودا پێكبهێنرێت. (مەتحەد سانجار) ئەندامی وەفدی ئیمرالی باسی لەوەكرد، گفتوگۆکان سەبارەت بە سروشتی کۆمسیۆنەکەو بارودۆخی کارکردنی و وردەکارییەکانی دیکە بەردەوامن، سەرۆكی پەرلەمان دوای بۆچوونی نوسراوی پارتەكانی كردووە.. رۆژی دووشەممە بۆچوونەکان وەردەگیرێن و پرسەكان لەبارەی جۆری لیژنەكەو چۆنیەتی كاركردنی دەبێت.  بیرۆکەکانیان لەسەر ئەم بابەتە باسکردوەو وەک هەمیشە وتویانە کە ئەوان کراوەن بۆ گفتوگۆ، گومانیان نییە لەوەی بەشداری پەرلەمان ئەم پرۆسەیە دەخاتە سەر پێی.

  لەیەکەم پەیامیدا لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕێبەرى باڵاى ئێران دەڵێت ئیسرائیل لە ژێر هێرشەکانی ئێران نزیک بوو لە داڕمان، هاوکات پیرۆزبایی سەرکەوتن بەسەر ئیسرائیل لە سوپاى وڵاتەکەى دەکات. لەتۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس ئەکاونتى فەرمى عەلى خامنەیی ڕیبەرى باڵاى ئێران پەیامێکى کورتى بڵاوکردەوە، تیایدا دەڵێت: ئەمریکا هیچ دەستکەوتێکی لەم شەڕە بەدەست نەهێناوە. هاوکات جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، ئیسرائیل لە ژێر هێرشەکانی ئێران نزیک بوو لە داڕمان، بەوبۆنەیەوە نووسیویەتی: پیرۆزبایی سەرکەوتنتان لێدەکەم بەسەر ئیسرائیلدا. پێشتریش لەهەمان هەژماردا ئاماژە بەوەکراوە خامنەیی بەمزوانە وتارێکی ڤیدیۆیی بڵاودەکاتەوە. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە لە 13ی حوزەیران دەستیانپێکرد، نەک تەنیا دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، بەڵکو کەسایەتییە باڵا سەربازییەکان و زانا ئەتۆمییەکانیشیان کردە ئامانج. رۆژی 22ـی حوزەیران، ئەمریکا بەشێوەیەکی راستەوخۆ هێرشی کردە سەر هەرسێ بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان.    سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، بەو هێرشەی کردیانە سەر بنکە ئەتۆمییەکانیان، پرۆگرامی ئەتۆمی وڵاتەکەیان "چەندین دەیە" گەڕاندووەتەوە دواوە.    دوای ئەوەی ئاگربەستەکە رۆژی سێشەممە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەڵێنی دا کە هەر هەوڵێکی ئێران بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تێکدەشکێنێت.