وەفدی ئیمراڵی دەچێتە لای باخچەلی
51 خولەک لەمەوپێش
وەفدی ئیمراڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنکەرە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چارەنوسساز ئەنجام بدەن، کە دیارترینیان کۆبوونەوەیە لەگەڵ سەرۆکی مەهەپە و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی گفتوگۆکانە.
بەپێی زانیارییەکان، وەفدەکەی دەم پارتی کە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، میتحەت سانجار و فایەق ئوزگور، سەرەتا سەعات 11ی پێشنیوەڕۆ لە بارەگای گشتیی پارتی دەڤا لەگەڵ عەلی باباجان، سەرۆکی ئەو حزبە کۆدەبنەوە.
دواتر و لە رووداوێکی گرنگی سیاسیدا، سەعات 2ی پاشنیوەڕۆ لە باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا، وەفدی ئیمراڵی سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەکەن.
سەرچاوەیەک لە دەم پارتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوانە گفتوگۆکردنە لەسەر "قۆناغی دووەمی پرۆسەی ئاشتی".
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، ئامادەکارییەکان بەو ئاراستەیەن کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا، وەفدی ئیمراڵی مۆڵەتی پێبدرێت و جارێکی دیکە لە گرتوخانەی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەنەوە.
