ماڵپەری" بەغداد ئەلیەوم" لەزاری  سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە: ئەنجومەنی وەزیران لە میانی دانیشتنی خۆیدا، کە بڕیارە سبەی سێشەممە بەڕێوەبچێت، بڕیار لەبارەی پرسی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكردووە: ئەمڕۆ یان سبەی حکومەتی هەرێم داهاتە ناوخۆییەکانی رادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکات. رونیشكردەوە: حكومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر داهاتە نانەوتییەکانی مانگی ئەیلولی داهاتوو. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک دانوستانی دارایی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمدایە، بۆ گرێدانی خەرجکردنی موچە بە ناردنى داهاتەکان بۆ خەزێنەی فیدراڵی، بەپێی بڕگەکانی یاسای بودجە. لەلایەکى دیکەوە بۆ چارسەرکردنی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمشەو شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگاتە بەغدا. سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیارە ئەمشەو شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بگاتە بەغدا . شاندەکە بە سەرۆکایەتی دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دکتۆر ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و لە ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون، ئامانجی سەردانی ئەم شاندە چارەسەرکردنی پرسە داراییەکانی نێوان هەردوو حکومەتە، بەتایبەت مووچەی مانگی شەش و مانگەکانی دواتریش. شاندەکە سبەی سێشەممە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆدەبێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کەناڵى حەدەسی ڕاگەیاندوە، حەماس بە پێشنیازە نوێیەکە ڕازی بووە کە پێشکەشی کراوە بۆ ئاگربەست. ناوەڕۆکى پێشنیازە نوێیەکەى ئاگربەست لە غەززە بریتییە لە ئازادکردنی بارمتەکان بە چەند قۆناغێک (وەجبە) و کشانەوەی وردە وردەی سوپاى ئیسرائیل لە کەرتی غەززە. عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆک وەزیرانی قەتەر و وەزیری دەرەوەی قەتەر جەختیان لەسەر ئەوەکردەوە لەهەوڵە بەردەوامەکان کردەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا، بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی دەستبەجێ لەغەززە.  هاوکات سەرچاوەیەکی حەماس بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە کە بزووتنەوەکە بە پێشنیارێکی نوێ لە لایەن نێوەندگرانەوە ڕازی بووە. لە میانی دیدارەکەیاندا ڕۆژی دووشەممە، هەردوولا جەختیان لە گرنگی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بەپەلە و بێ بەربەست بۆ غەززە کردەوە، هاوکات لەگەڵ ئازادکردنی زیندانییەکان. ئەوان جەختیان لە ڕەتکردنەوەی یەکجارەکی خۆیان لە هەر جۆرە داگیرکردنەوەیەکی سەربازی لە کەرتی غەززە یان ئاوارەبوونی فەلەستینییەکان کردەوە. جەختیان لەوە کردەوە کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین بە پایتەختی قودسی ڕۆژهەڵات، بەپێی بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان نوێنەرایەتی تاکە ڕێگەی گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەکات. هاوکات میسر داوای لە نوێنەرانى حەماس و گروپەکانی کردووە لە قاهیرە بمێننەوە تا ئەوکاتەى ڕێککەوتنەکە ئەنجامدەدرێت. پێشنیازەکە چارەسەری بەشەکی و گشتگیر لەگەڵ گەرەنتیەکانی ئەمریکا تێکەڵ دەکات - و هەموارکردنەوەکانی دوایین وەڵامی حەماس لەخۆدەگرێت. کەناڵی حەداس بڵاویکردەوە، ئەو پێشنیازە بۆ ئاگربەستی ٦٠ ڕۆژە لە غەززە کە خراوەتەڕوو، ئازادکردنی ١٠ بارمتەی زیندووی ئیسرائیلی و ١٨ بارمتەی کوژراو و هێنانە ناوەوەی هاوکارییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە لە ڕێگەی ڕێکخراوە مرۆییەکان و مانگی سوور و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لەخۆدەگرێت. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە لەو کاتەوە دەستپێدەکەن کە ئاگربەستەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەلایەکی دیکەوە، بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، شاندەکانی فەلەستین و قەتەر لە وڵاتەکەیدان بۆ تاوتوێکردنی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە . ئەمەش لە میانی وتارەکەیدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لە دەرەوەی دیوی میسری دەروازەی سنووری ڕەفعەت لەگەڵ غەززە، لەگەڵ محەمەد مستەفا، سەرۆکوەزیرانی فەلەستین کە بۆ یەکەمجار بەشداری لە دەروازەکە کردبوو. عەبدولعەتی بە ئاماژە بەوەی کە دەسەڵاتدارانی داگیرکەری ئیسرائیل سنووردارکردن بۆ ئۆپەراسیۆنی لایەنی فەلەستینی دەروازەی سنووری ڕەفەح لەگەڵ کەرتی غەززە دەسەپێنن، جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ لافاوکردنی غەززە بە هەموو هاوکارییە پێویستەکان بە مەرجێک ئاستەنگەکانی ئیسرائیل لاببرێن.

ڤۆڵۆدمیر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەمشەو بۆ یەکەمجار دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی دوای ڕووبەڕووبوونەوەو توڕەبونە بەناوبانگەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای ئەمساڵدا، کە بووە هۆی پچڕانی پەیوەندییەکانیان. بەڵام ئەمجارەیان زێلێنسکی لانیکەم پێنج سەرۆکی دەوڵەت و حکومەتی ئەوروپی لەگەڵیان دەبێت، کە لە دەوری سەرۆکی ئۆکرانیا کۆبوونەتەوە بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی ترەمپ لەکاتێکدا پێدەچێت سەرۆک بە تامەزرۆییەوە ڕێککەوتنێکی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ڕابگەیەنێت. زێلێنسکی لە کۆشکی سپی لە لایەن کۆمەڵێک سەرکردەی ئەوروپاوە دەبن، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، مارک ڕەوتە سکرتێری گشتی ناتۆ، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کییەر ستارمەر، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ئەلێکساندەر ستوب سەرۆکی فینلاند. پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی رایگەیاند، کۆشکی سپی پرسیاری لە ڤۆڵۆدمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین، کردووە ئاخۆ بۆ دیداری ئەمجارەی لەگەڵ ترەمپ قاتی فەرمی لەبەر دەکات یان نا، دوو راوێژکاری ترەمپیش دەڵێن، باشترە زێلینسکی قاتی فەرمی لەبەربکات. بەپێی هەواڵی میدیاکان، ئەگەری زۆرە ئەمجارە زێلێنسکی چاکەتێکی ڕەش لەبەر بکات - هەمان ئەو چاکەتەی کە لەبەری کردبوو کاتێک دۆناڵد ترەمپی بینى لە لوتکەی ناتۆ لە مانگی حوزەیرانى ڕابردوو. زێلینسکی چەند کاتژمێرێکە گەیشتووەتە واشنتن و بڕیارە ئەمشەو چاوی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بکەوێت کە ئەمە دووەمجارە لەمساڵدا لەگەڵ یەکدی لە کۆشکی سپی کۆببنەوە. کۆبوونەوەی جاری پێشوو، کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، قسەوباسی زۆری بەدوایخۆیدا هێنا، بەتایبەتی دوای ئەوەی رۆژنامەنووسێکی نزیک لە ترەمپ بە زێلینسکی گوت، “بۆچی قاتی فەرمیت لەبەر نییە چونکە بەشێکی زۆری خەڵكی ئەمریکا کێشەیان هەیە لەگەڵت کە رێزی کۆشکی سپی ناگریت؟” لە وەڵامدا زێلینسکی گوتی: رەنگە دوای ئەوەی جەنگ کۆتایی بێت قاتی فەرمی لەبەربکەم. ترەمپ خۆشی جلوبەرگی زێلینسکی بەدڵ نەبوو، هەربۆیە بە گاڵتەپێکردنێکەوە گوتی، “ئەمڕۆ چاک خۆی گۆڕیووە.” لە سەرەتای جەنگەوە لە شوباتی 2022، ڤۆلۆدمیر زێلینسکی قات و بۆینباخی بۆ هیچ بۆنەیەکی فەرمی لەبەر نەکردووە و بە ستایلێکی سەربازییەوە دەرکەوتووە، بەڵام لە لوتکەی ناتۆ لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە هۆڵەندا زێلینسکی بۆ یەکەمجار چاکەتێکی رەشی لەبەرکرد کە ستایلەکەی نزیکبوو لە ستایڵی قاتی فەرمی.

سێ چەکداری حکومەتی ڕاگوزەری سووریا: وەزارەتی بەرگریی ڕێنمایی کۆمەڵكوژکردنی درووزەکانیان کردین سێ چەکداری حکومەتی ڕاگوزەری سووریا، کە لەلایەن هێزە درووزییەکانەوە دەستگیرکراون دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و دەڵێن: وەزارەتی بەرگریی حکومەت ڕێنمایی کۆمەڵکوژکردنی دەرکردووە و ئێمەیش ئەو ڕێنماییانەمان جێبەجێ کرد. لە ١٣ـی تەممووزەوە لە شاری سووەیدا هێرشی هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە دژی پێکهاتەی درووزی دەستی پێکرد، لەو هێرشانەدا هەر لە دەستدرێژییەوە بیگرە تا کوشتن چەندین کردەوەی دژە مرۆڤایەتییانە لە دژی درووزەکان ئەنجام درا، هێرشەکە بەشێوەیەک بەرفراوان بوو کە هەموو سنووری سووەیدای گرتووە و تێیدا کۆمەڵکوژی ئەنجام درا. پێکهاتە درووزی لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا هێزی جەوهەری خۆیان درووستکرد و لە دژی هێرشی چەکداران و هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ڕاگوزەر وەستانەوە، لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا وێڕای کوشتنی چەندین چەکدار، بەشێک لە چەکدار و چەتەی هێرشکەر بە دیلی کەوتنە دەست هێزە درووزییەکان. هەریەکە لەو چەتانەش کە تەمەنێکی کەمیان هەیە بەناوەکانی، محەمەد عەبدوڵا عەلاوی کە لە ساڵی ٢٠٠٧ لەدایکبووە، مەحمود تەلال مەتر لە درعا و لە ساڵی ٢٠٠٩ لە دایکبووە کە سەر بە ئەندامی گرووپی ٦٢ـی سەر بە محەمەد جاسم “ئەبو عەمشە” بوون و بەدر محەمەد لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٨، سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا بووە و لە گرووپی سەیدا زەینەبی سەر بە ئەبو حاتم دۆمانی بووە. ئەو چەکدارانە لە دانپێدانانەکانیاندا باسیان لەوەکردووە، کۆمەڵکوژی و کردەوە توندوتیژییەکانی سەر درووزەکان لەسەر ڕێنمای وەزارەتی بەرگریی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا ئەنجام دراوە و پێمان وتراوە کە لە سووەیدا، ئەوەی هاتە بەردەممان بە منداڵ و گەورەوە بەبێ جیاوازی بیکووژین، کۆمەڵکوژییەکی تەواوەتی ئەنجامبدەین و ئێمەش ئەو ڕێنماییانەمان جێبەجێکرد. لە لینکەوە ڤیدیۆىدانپێدانانى ئەو چەکدارانە ببینە.. https://t.me/hawlatinews/27154

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئیرنا گوتی: گۆڕانکاریی لە جوگرافیای سیاسی لە ناوچەکەدا قبوڵ ناکەن، مەسعود پزشکیان سەرۆککۆمار لە گەشتەکەی بۆ ئەرمینیا باس لەو بابەتە دەکات. بە گوتەی عێراقچی، بەرپرسانی ئەرمینیا بەڵێنیان داوە رێگای نوێ بۆ بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا نەکەنەوە. عێراقچی جەختی کردەوە ئێران نایەوێت هیچ گۆڕانکارییەک لە جوگرافیای سیاسیی ناوچەکە رووبدات و هیچ هێزێکی بیانی لە ناوچەکە بوونی هەبێت. عێراقچی دەڵێت سیاسەتی ئێران لەو چوارچێوەیەی سێ بەرامبەر سێ داڕێژراوە، واتە سێ وڵاتی ناوچەی قەفقاز ئەرمینیا، ئازەربایجان و گورجستان، بەرامبەر  ئێران، تورکیا و روسیا، کە خاوەنی بەرژەوەندین لە ناوچەکە و نیگەرانیی هاوبەشیان هەیە.

وتەبێژى فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، کشانەوەی هاوپەیمانی ئاماژەیە بۆ ئەوەى عێراق  توانای بۆ هەیە ئاسایشى وڵات بپارێزێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە هاوکاری کەسانی دیکە هەبێت. ڕۆژی دووشەممە سەباح نوعان، وتەبێژى فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق دووپاتی کردەوە کە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق یەکێکە لە دەستکەوتەکانی حکومەت، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە نیشاندەری توانای عێراقە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئەمە بەبێ هەوڵ و پێداگری سیاسی و پێداگری سەرۆک وەزیران بۆ داخستنی ئەم فایلە، وەک چۆن فایلی یونامی داخست، ئەمە ڕووی نەدەدا". باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، گۆڕانكاری لە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش راگەیاند، دەشڵێت ئەركە سەربازیەكەی بۆ هاوبەشی ئەمنیی دوو قۆڵی لەنێوان ئەمەریكا و عێراق دەگۆرێت. بەپێی راگەیەندراوی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، لەمەودوا ئەركی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق دەگۆرێت بۆ ئەركێكی هاوبەشی ئەمنیی دوو قۆڵی لەنێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و عێراق. باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق (بەغداد) باس لەوەشدەكات "ئەو گۆڕانكارییە بە مانای كۆتایی كاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نایەت، بەڵكو بەردەوام دەبێت لە هەوڵە مەدەنیەكانی لەسەر ئاستی جیهان، لەوانەش پشتیوانی سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".

رادیۆى زەمانە ڕایدەگەیەنێت زیاتر لە 400 تانکەر، کە نەوتی قاچاخی هەرێمی کوردستانیان هەڵگرتووە، لە سنووری ئەفغانستان گیریانخواردووەو تانکەرەکان بەبیانووی ئەوەی لە پشکنین دەرنەچوون رێگەی چوونە نێو خاکی ئەو وڵاتەیان پێنادرێت. بەپێى راپۆرتى ڕادیۆى ناوبراو، لە کاتێکدا زیاتر لە 400 بارهەڵگر (تەنکەرى سوتەمەنى) کە گازۆیلیان هەڵگرتبوە شۆفێرانی ئێرانی و عێراقی بوون لە ئەفغانستان گیریان خواردووە، گرووپێک لەو شۆفێرانەکەى کە تانکەری سووتەمەنی ترانزێتیان پێبووە ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئاب لە بەردەم ئیدارەی ڕێگاوبانەکان لە تاران گردبونەتەوەو ناڕەزایەتیان دەربڕیوە بەرامبەر بەو دۆخەى بۆیان هاتوەتەپیش.  رادیۆ دەڵێت: ئەوان 400 تانکەرن نەوتی قاچاخیان لە هەرێمی کوردستانەوەو لە دەروازەی باشماخەوە بەرەو ئەفغانستان بەرێکەوتوون، ئەو شۆفێرانە دەڵێن پێشتر بارەکانیان لە سلێمانی و مەرزی باشماخ پشکنینى بۆکراوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان بە بیانووی "کێشە لە پشکنینی سووتەمەنی" ڕێگرییان لە چوونە ژوورەوەی بارەکان کردووە.  چەند ڕۆژێکە لەسنورى ئەفغانستان تانکەرەکان بەبیانووی ئەوەی لە پشکنین دەرنەچوون رێگەی چوونە نێو خاکی ئەو وڵاتەیان پێنادرێت، ئەم دۆخە نەک هەر زیانێکی زۆری بەسەر شۆفێراندا سەپاندووە، بەڵکو زنجیرەی گواستنەوەی ترانزێتی پەکخستووە. پێشتر حسێن محەممەدیان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ژووری هاوبەشی ئێران و ئەفغانستان ڕایگەیاندبوو کە ئەو سووتەمەنیەی کە بارهەڵگرەکانی ئێران بۆ ئەفغانستان دەیانگواستەوە لە عێراقەوە بارکراوە.  بە وتەی ناوبراو، ئەو سووتەمەنییە لەلایەن بازرگانێکی ئەفغانییەوە لە عێراق کڕدراوە، بەڵام دوای چوونە ناو ئەفغانستان، تاڵیبان بەهۆی کێشەی کوالیتی ڕێگەی نەداوە بارەکان  خاڵى بکرێت.

ماڵپەرى ئەکسیۆسى ئەمریکى بڵاویکردەوە شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆک وەزیرانی قەتەر بەرێوەیە بۆ میسر بۆ دانوستان لەبارەی ئاگربەستی غەزە بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی میسر و نوێنەرانی حەماس کۆببێتەوە. بەپێى ناوەڕۆکى هەواڵەکەى ئەکسیۆس ئامانجی کۆبوونەوەکانى  سەرۆکوەزیرانی قەتەر بۆ ئەوەیە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ حەماس و لایەنەکانی دیەکەی فەڵەستین بکرێت و دانوستانەکان بەرەوپێش ببرێن. چەند سەرچاوەیەکیش بە کەناڵی جەزیرەیان ڕاگەیاندووە، سەرۆک وەزیرانی قەتەر وەزیری دەرەوەی ئەوڵاتەشى لەگەڵە دەڕوات بۆ گفتوگۆکردن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر غەززە،  لە هەمان کاتدا کەناڵی ئەلعەرەبیە بڵاویکردەوە کە حەماس پێشنیارێکی نوێی بۆ ڕێککەوتنێک پێگەیشتووە و بڕیارە ئەمڕۆ وەڵامی بداتەوە. میسر و قەتەر و ئەمریکا نێوەندگیری لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکەن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە. دوایین خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان هەردوولا لە دەوحە، بە سەرپەرشتی نێوەندگران، بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بەردەوام بوو، پێش ئەوەی لە ٢٥ی تەمووزدا بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی پێهات. ناوبژیوانانی دانوستانەکانی ئاگربەستی ناڕاستەوخۆ لە کەرتی غەززە پێشنیارێکی نوێیان پێشکەش بە حەماس کردووە کە ئامانج لێی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانە. سەرچاوەکانی ئەلعەرەبییە پشتڕاستیان کردەوە کە نوێنەرانی میسر و قەتەر ئەو دەستپێشخەرییە نوێیەیان بە بزووتنەوەکە گەیاندووە، بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی چەند لایەنێکی فەلەستینی. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، سەرکردەکانی گروپەکان داوایان لە حەماس کردووە کە "لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا وەڵامێک بۆ ئەو پێشنیازە ئامادە بکات". ئەمەش لە کاتێکدایە کە بزووتنەوەیەکی گشتی لەناو ئیسرائیلدا، بەتایبەتی لەلایەن بنەماڵەی دەستگیرکراوەکانەوە، هەوڵدەدەن فشار بخەنە سەر حکومەت بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە هەمووان بگەڕێنێتەوە و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.  سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئاگادار لە وردەکارییەکانی غەززە ڕایگەیاند، دوێنێ نێوەندگرانی میسر و قەتەر لە قاهیرە لەگەڵ نوێنەرانی بزووتنەوەی حەماس کۆبوونەوە و بیرۆکەی نوێیان بۆ ڕێککەوتنی بارمتەگرتن و ئاگربەست لە غەززە پێشکەش کرد. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیامێکی بە ناوبژیوانان گەیاندووە، کە "دوا دەرفەت" هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن پێش فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، بە پاڵپشتی واشنتۆن.  میسر بە هەماهەنگی لەگەڵ قەتەر هەوڵدەدات بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنێکی کاتی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ، لەو ماوەیەدا 10 ئیسرائیلی زیندوو و ژمارەیەک تەرم ئازاد دەکرێن. پاشان دانوستانی دەستبەجێ بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر دەست پێدەکات، کە ڕێککەوتن لە ڕۆژی دوای کۆتایی هاتنی شەڕ لە کەرتی غەززە مسۆگەر دەکات.

ڕاوێژکاری ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ھۆشداری دەدات لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی نوێ لەگەڵ ئیسرائیل لە ھەر ساتێکدا و جەختی لەوە کردەوە کە دۆخەکە بە "جەنگگەرایی" دەمێنێتەوە و ھەموو سیناریۆکان لەسەر مێزن. یەحیا ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی ڕێبەری مەزنی ئێران و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران لە تویتێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایدەگەیەنێت ڕایگەیاندووە، بڕوای وایە شەڕێکی دیکە ڕووبدات. ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپا پلان دادەنێت و سیناریۆکان پەرەپێدەدات خۆی بۆ خراپترین حاڵەت ئامادە دەکات. ئەو راوێژکارە دەشڵێت: هیچ ڕێککەوتن و پڕۆتۆکۆلێک لە نێوان ئێران و ئەمریکا و قەوارەی ئیسرائیلدا نییە، لە هەر کاتێکدا بێت، پێکدادانەکان دەستپێ دەکەنەوە. یەحیا ڕەحیم سەفەوی  ئەوەشى ڕایگەیاندوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دیکە لەگەڵ ئیسرائیل یان ئەمریکا ئەگەری هەیە، هەروەها گرنگیی ئاگربەستی ئێستای کەمکردەوە، کە بە وتەی خۆی ئێستا لە قۆناغێکی دیکەی شەڕی بەردەوامن، "ئێمە لە ئاگربەستدا نین، ئێمە لە شەڕێکداین. هیچ ڕێککەوتنێک نییە".  هاوکات سێ سەرچاوە لە ڕێژیمی ئێران هەفتەی ڕابردوو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، خامنەیی بڕیاری داوە پشتیوانی لە گەڕانەوە بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا بکات.  بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، خامنەیی "گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە دانوستان تاکە ڕێگایە بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێی سەربازی - کە دەتوانێت ببێتە هۆی ڕووخاندنی ڕژیم". هەروەها ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی نزیکەی ٣٠ زانای ئەتۆمی لە ئۆپەراسیۆنی سەربازى ئیسرائیلدا کوژراون، ئێران ئەوانەی کە ماونەتەوە گواستووەتەوە بۆ شوێنی نهێنى و حەشاردراون.  شارەزایانی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی تەلەگرافیان ڕاگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت نەوەیەکی نوێی زانایانی ئەتۆمی ئێرانی شوێنپێی ئەو کەسانە بکەون کە کوژراون و بە "مردووانی ڕێپێوان" وەسفیان بکەن - سەرەڕای بەرزبوونەوەی ئەو ئاسایشەی کە لەژێریاندایە، کە بریتییە لە خانووی سەلامەت و پاسەوانی بەدرێژایی شەو ڕؤژ.

دەزگای هەواڵگری وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاندوە: ئەوەی بەناوی سوپای نوێی سوریا ناسراوە هاوپەیمانییەكی فشۆڵی گروپە توندەڕەوەكانە و" تەحریرى شام  و چەند میلیشیایەکی توندڕەوی سوننە لەخۆدەگرێت" دەشڵیت ئەمریكا هەڵوێستی گۆڕاوە لە پاڵپشتیکردنی بیرۆکەی یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەناو ئەو سوپایە. هەڵسەنگاندنێکی دەزگای هەواڵگری وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) کە بۆ ئەندامانی کۆنگرێس ئامادەکراوە، ئاشکرایکردووە: ئەوەی بەناوی سوپای نوێی سوریای سەر بە حکومەتی راگوزەر ناودەبرێت، خاوەن پەیكەرێكی رێکخراوەیی یەکگرتوو نییەو پشت بە هاوپەیمانییەکی فشۆڵ و پارچەپارچە دەبەستێت، کە سەرکردەکانی دەستەی تەحریری شام كە پێشتر بە بەرەی نوسرە ناسرابوو و چەند میلیشیایەکی توندڕەوی سوننە لەخۆدەگرێت. راپۆرتەکە دەریخستووە، ئەو گروپانەی کە واشنتۆن بە مەترسیدار ریزبەندی كردوون، وەک رێکخراوی (حراس الدین)، هەژمونێكی بەرچاوی لە دیمەشق بەدەستهێناوەتەوە، سەرەڕای بانگەشەی هەڵوەشاندنەوەی، دوای رووخانی رژێمی ئەسەد. ئەم گروپانە تائێستا كاریگەرییان هەیە لە  لەسەر سیاسەتەکانی حکومەتی راگوزەر، سەرەڕای ناکۆکییەکانی پێشوییان لەگەڵ دەستەی تەحریری شام. راپۆرتەكە بەشێوەیەكی وردو تێروتەسەل ئامادەكراوەو نزیکەی (٧٠) لاپەڕەیە، ئاماژە بەوە دەکات: پنتاگۆن بە وریاییەوە لە فراوانبونی دەسەڵاتەکانی حکومەتی راگوزەر یان زیادکردنی سەرچاوەکانی روانیویەتی.  راشیگەیاندووە: پێدەچێت ئەم دۆخە هەژمونی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بەهێزتر بکات و سەربەخۆیی زیاتریان پێببەخشێت لە جاران. راپۆرتەکە ئاماژە بۆ گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ئەمریکا دەكات، لە پاڵپشتیکردنی بیرۆکەی یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ دیمەشق بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی پاراستنی لە هەڕەشەکانی تورکیا، جەختیش دەکاتەوە، هێشتنەوەیان خزمەت بە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەيی ئەمریکا دەکات.  رونیشكردووەتەوە: ئیسرائیل مەیلی بەرەو فراوانکردنی ناوچەی پارێزراوی هەیە لەسەر سنورەکانی لەگەڵ سوریا، رەنگە بەشێک لە باشوری سوریاش کۆنترۆڵ بكات، كە ئیسرائیل لە دیمەشقی پایتەخت نزیک دەکاتەوە. راپۆرتەکە، نیگەرانییەکانی ناو کۆنگرێسی سەبارەت بە هەرچەشنە سوککردنێكی سزاکانی سەر دیمەشق وروژاندووە، ئەمەش وایکردووە بۆ ئیدارەی ئەمریکا قورس بێت بۆ نوێكردنەوەی لێخۆشبونەكان یان رێگەدان بە جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئابوری، کە لەلایەن حکومەتی راگوزەرەوە لەگەڵ هەندێک وڵات واژۆ کراوە. راپۆرتەكە، کە لەلایەن ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتۆرە"وە بڵاوکراوەتەوە: ئاشکرایکردووە، هەندێک لە شوێنکەوتوانی رێکخراوی (حراس الدین) بەدوای هەژموندا دەگەڕێن لەناو حکومەتی نوێی دیمەشقدا. بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا، گروپەکانی پەیوەست بە قاعیدە بە جۆرێك لە سەربەخۆیی كاردەكەن لەژێر چاودێری دەستەی تەحریر شام و درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن، ئەوەش ئازادیی هاتوچۆ بە چەكدارانی پێشوی (حراس الدین) داوەو توانای پێداون کاریگەرییان لەسەر سیاسەتەکانی حکومەتی راگوزەر لە سوریا هەبێت. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە،  هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە کە ئەم گروپە دامەزراوە، لە دەیان چەكداری (حراس الدین) کوشتووە لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە باکوری رۆژئاوای سوریا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە کەناڵى جەزیرەى راگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی ئەیلوولەوە لە سێ بنکەى سەرەکى فڕۆکەخانەى بەغداد، فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکان و بنکەى عەین ئەسەد دەکشێنەوە بە ئاڕاستەى هەولێر. هێزەکانى ئەمەریکا مانگى داهاتوو سێ بنکەى سەرەکى لە عێراق جێدەهێڵن و بەرەو هەولێر دەجوڵێن، ئەوەش بە هەنگاوێکى "پێشبینینەکراوى" واشنتن لێکدەدرێتەوە، لەکاتێکدا بڕیاربوو پڕۆسەى کشانەوەکە بکەوێتە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمان. لەلایەکى دیکەوە وتەبێژى فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕاگەیاند، لە مانگى داهاتووەوە هێزە سەربازییەکانى ئەمریکا لە عێراق دەکشێنەوە بۆ هەولێر و تەنها راوێژکارە سەربازییەکان دەمێننەوە. سەباح نوعمان گوتەبێژى فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى عێراق ئەوەشی وت، تەنها هێزەکانی ئەمریکا نییە و بەگوێرەی رێککەوتنەکە سەرجەم هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکشێنەوە. لەبارەی مانەوەی هێزەکان لە هەولێر باسی لەوەکرد، ئەو هێزانە کە کاریان راوێژکارییە بەگوێڕەی ئەو رێککەتنەی کە کراوە بۆ ماوەی ساڵێک لە هەولێر دەمێننەوە. گوتیشی، جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ هەولێر بڕیارێکی کتوپڕ نەبووە پێشووتر رێککەوتنی لەبارەوە کراوە.  رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێکدا لە زاری چەندین سەرچاوەی ئاگاداری سیاسی و سەربازییەوە ئاشکرای دەکات، لەماوەی رابردوودا راوێژکارێکی باڵای حکومەتی عێراق سەردانی واشنتنی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکی کۆبووەتەوە، ئەوانیش ئاگاداریان کردووەتەوە  پێشبینی دەکەن مانگی داهاتوو بەشێک لە هێزەکانیان لە بنکەی عەین ئەسەد بکشێننەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە بڕیاری کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی داهاتوو بەپێچەوانەی ئەو خشتەیە دێت پێشتر هەر دوو لایەن لەسەری رێککەوتنیان کردبووە، بەپێی رێککەوتنەکە بڕیار بوو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەشێک لە شارەزایانی سەربازی و سیاسیش دەڵێن ئەو هەنگاوەی ئەمەریکا پێشبینی نەکراو بووە.

سەرچاوە ئەمنییەکانی سوریا بە ڕۆژنامەی زە ناشناڵیان ڕاگەیاندووە، سوپای سوریا پلانی هەیە تا مانگی تشرینی یەکەم هێرشی گەورە ئەنجامبدات بۆ گرتنی دوو پارێزگای سەرەکی لەسەر ڕووباری فورات لە(رۆژئاواى کوردستان)کە ئێستا بەدەستی هێزەکانى سوریاى دیموکراتەوەیەوە و ئامادە نین ملکەچی دیمەشق بن. سەرچاوەکان دەڵێن، ئەگەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەشێکی زۆری موڵک و ماڵی خاکی خۆیان ڕادەست نەکەن و هاوکارى تەواوى حکومەتى دیمشق نەکەن، هێزێکی هێرشبەری سوریا کە ٥٠ هەزار کەسی دەبێت، کە لە نزیک شاری بیابانی پاڵمیرا کۆدەبنەوە، بەرەو باکوور دەڕوات و پارێزگاری ڕەقە و دێرەزوور بە پشتیوانی دانیشتوانی هۆزەکانیان کە زۆرینەیان عەرەبن، دەگرن. یەکێک لەو سەرچاوانە کە پێگەیەکی ئەمنی هەستیاری لە سوریا هەیە و داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، وتی هێرشەکە "بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەمریکی" بەرەو پێشەوە ناچێت. کلیلێکی دیکە دڵنیابوونە لە دەستێوەردان نەکردنی ئیسرائیل کە مانگی ڕابردوو دیمەشقی بۆردومان کرد بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی حکومەت بۆ سەر سوەیدا پایتەختی باشووری پارێزگاکە. دانوستانەکان بە فشارى ئەمریکا نەیانتوانیوە پێشکەوتن بەدەستبهێنن و ناکۆکی نێوان هەردوولادا بڕوێننەوە. سەرچاوەکە وتی، بەشێک لەئەمریکیەکانی واشنتۆن پێیان باشە هەسەدەو دیمشق رێککبکەون، بەهۆی ئەوەی تورکیا دەیەوێت هەسەدە لەناببات. لەسەر داوای سعودیە و تورکیا، ئەمریکا لە مانگی ئایاردا لەگەڵ دیمەشق دەستی بە ئاساییکردنەوە کرد.  دۆناڵد ترەمپ لە ڕیاز چاوی بە ئەحمەد شەرع کەوت و وردەکارییەکی هاوپەیمانییەکی ئەگەری خستەڕوو کە دەتوانێت ئێران و ڕووسیا و هاوپەیمانەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاواز بکات. کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ماوەیەکە داوایان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە سازش بکات، هەرچەندە بە هێشتنەوەی پشتیوانییەکی بەهێز لە ناو لقە ئەمنییەکانی ئەمریکادا سەیر دەکرێت. هەسەدە دەیەوێت سیستەمێکی فیدراڵی، لە دیمەشق هەبێت و ئەوان وەک یەکەیەک بمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر بچنە ناو سوپای سوریاشەوە. لە کاتی شەڕی ناوخۆدا ڕووسیا، ئێران، تورکیا و ئەمریکا ناوچەی نفوزی خۆیان لەو وڵاتەدا دروست کرد. بەڵام تەنها هێزەکانی تورکیا و ئەمریکا لە سوریا ماونەتەوە، هەروەها سەربازانی ڕوسیا لە دوو بنکەی سەرەکیدا ماونەتەوەو قەتیس کراون. زۆربەیان بە مەزەندەکردنی ٢٠ هەزار هێزی تورکیا لە نزیک ناوچەکانی SDF جێگیرکراون، لە کاتێکدا هەزار سەربازی ئەمریکی بە شێوەیەکی سەرەکی لە بنکەکانی ناو خاکی SDF جێگیرن.

نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابوری عێراق دەڵێت: کۆمپانیا بیانییەکان بە (16) دۆلارەكە رازی نین و تێچوی گواستنەوەی نەوتیان زیاد كردووە، توركیاش هیچ ئاگادارییەکی فەرمی بۆ عێراق نەناردووە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی هەناردەكردن. مەرسومی، لە نوسینێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی وەڵامی پرساری ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی کوردستانی داوەتەوەو تیایدا دەڵێت:  بەربەستی یەکەم: رەزامەندی کۆمپانیا بیانییە نەوتییەکانە، ئەم کۆمپانیایانە هێشتا پێداگری لەسەر بەرزکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن و ئامادە نین بە تێچوی (16)دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت هەناردە بکەن، تێچوی دیکەشیان زیاد کردووە، لەوانە تێچوی گواستنەوەی نەوت بە تانکەر لە کێڵگە نەوتییەکانەوە بە مەودای 200 بۆ 300 کم بۆ بۆرییەکە.  هەروەها کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان داوا دەکەن بەغداد دان بە گرێبەستە بازرگانییەکانیاندا بنێت و گەرەنتی پارەدانیان بۆ دابین بکات بۆ هەناردەکردنی نەوتی رابردوو و داهاتوو، لەگەڵ رەوانەكردنی پارەی چاوەڕوانکراوی فرۆشتنی نەوت بۆ کۆمپانیا ئەندامەکانی کۆمەڵەکە بەشێوەیەكی  راستەوخۆ بۆ ئەو کۆمپانیایانە و رێککەوتنێکی نوسراویش لەگەڵ بەغداد بکات. بەربەستی دووەم: رەزامەندی تورکیایە بۆ دەستپێکردنەوەی پەمپکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری جەیهانەوە، هەرچەندە تورکیا پێشتر رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر وەرگرتنی ئەو نەوتە، بەڵام پێویستە ئاگادارییەکی فەرمی بۆ عێراق دەربکات و ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە رابگەیەنێت، لەو کاتەدا نەوتەکە دەخرێتە ناو تانکیەکانی بەندەری جەیهان و کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە فرۆشتنی نەوتەکە دەکات.

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە وتارێکدا جەختی لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە و سیناریۆی دابەشکردنی وڵاتەکەی بە تەواوی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، هۆکارەکانی دابەشبوون "لە سووریادا بوونیان نییە و نزیکە لە مەحاڵ". لە میانەی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر، ئەکادیمی، سیاسەتمەدار، و کەسایەتی دیاری پارێزگای ئیدلب، شەرع بە توندی ڕەخنەی لەو کەسانە گرت کە بیری دابەشکردنی سووریا دەکەنەوە و گوتی: "هەرکەسێک داوای دابەشبوون بکات لە سووریا، لەڕووی سیاسییەوە نەزانە و خەونبینە". ئاماژەی بەوەشکرد کە "زۆرجار بیرۆکەی خەوناوی، لایەنگرەکانیان بەرەو خۆکوشتن دەبات". سەرۆکی سووریا دڵنیایی خۆی نیشاندا و گوتی: "من مەترسی دابەشبوون لە سووریا نابینم." ئەو دانی بەوەدانا کە هەندێک لایەن ئارەزووی دابەشکردنی وڵات و دروستکردنی کانتۆنی ناوخۆییان هەیە، بەڵام پێی وایە "لۆژیکی، سیاسی، نەتەوەیی، و کولتوورییەوە ئەمە مەحاڵە". شەرع هۆشداری دا لە "ڕکابەریی نەرێنی، پۆستی سیاسی، و گەڕان بەدوای ڕۆڵدا" و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دیاردانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵگا دادەنێن، بەتایبەتی لە قۆناغی هەستیاری بنیاتنانی دەوڵەتدا. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پشتبەستنی هەندێک لایەنی ناوخۆیی بە هێزە ئیقلیمییەکان، وەک ئیسرائیل، کارێکی "زۆر قورسە". ئەو بۆچوونی خۆی ڕوونکردەوە بەوەی کە "ناوچەی باشوور دانیشتووانێکی چڕی هەیە و هەر دوژمنێک بیەوێت بێتە ژوورەوە، پێویستە پۆلیسێک لەبەردەم دەرگای هەموو ماڵێکدا دابنێت، ئەمەش لە واقیعدا ئەستەمە". سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی پارێزگای سوەیدا، ئەحمەد شەرع، دووپاتی کردەوە کە دەوڵەت پابەندە بە لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی کە لەو پارێزگایە پێشێلکارییان ئەنجامداوە.

 ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانى ئێران، جارێکی دیکە هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: واز لە پیلانگێڕی و چەواشەکاری لە دژی ئێرانی زلهێز و نەدۆڕاو ڕابگرن. ئێوارەى ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بەیاننامەیەکى ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانى ئێرانى بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە: مێژووی شکۆمەندی شۆڕشی ئیسلامی، لە هەوراز و نشێوی پێچاوپێچیدا، گەلێک داستان و سەرکەوتنى شکۆمەندانەى لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تۆمار کردووە. هەر لەو بەیاننامەیەدا ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان جارێکی دیکە هۆشدارییەکی توند دەداتە ئەمریکاو ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ئەوەی دەست لە پیلانگێڕی و چەواشەکاری لە دژی ئێرانی زلهێز و نەدۆڕاو ڕابگرن.  دەڵێت: چونکە لە ئەگەری هەر حیسابێکی هەڵە و کردەوەیەکی خراپ، ئەوەی بووە هۆی خۆگرتن و ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان لە شەڕی سەپێنراوی 12 ڕۆژەدا، ئەگەر دووبارە بکرێتەوە، ڕووبەڕووی سوپرایز و کردەوەی نوێ دەبێتەوە کە زۆر ترسناکتر و وێرانکەرترە لە جاران. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ئەگەر دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە، لە هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران درێغی ناکات. ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانى ئێران لەبەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەیاندا ئەوەدەخەنەڕوو دوای ٤٦ ساڵ جارێکی دیکە بە هاوکاری لەگەڵ ڕژێمی ساختە و بەربەری و منداڵکوژی زایۆنی لە ناوچەکەدا، دەستدرێژییەکی دیکەی بۆ سەر ئێرانی ئیسلامی دەستپێکردووە.  لە ١٣ی حوزەیران ئیسرائیل هێرشێکی ١٢ ڕۆژەی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و شوێنە سەربازی و ئەتۆمییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکانی کردە ئامانج. هەروەها سەرکردە سەربازییەکان و زانایانی ئەتۆمی تیرۆر کرد و تاران وەڵامی دایەوە و بە مووشەکى بالیستیکی بارەگای سەربازی و هەواڵگری ئیسرائیلی کردە ئامانج. لەگەڵ پەرەسەندنى ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بێ وێنەیەی ئەمریکا، لە ٢٢ی حوزەیران هێرشی کردە سەر دامەزراوە سەرەکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و جەختی لەوە کردەوە کە کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هێناوە. تاران بە بۆردومانی بنکەی ئاسمانی ئەلعودەیدی ئەمریکا لە قەتەر وەڵامی دایەوە. پاشان واشنتۆن لە ٢٤ی حوزەیران ئاگربەستی نێوان تەلئەبیب و تاران ڕاگەیاند.