لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی كۆرمۆر لە راپۆرتەكەیدا بكەرانی هێرشەكەی دەستنیشان نەكردووە

55 خولەک لەمەوپێش



سەرچاوە ئاگادارە عێراقییەکان دەڵێن: لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت کە ئەرکی دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەیان پێسپێردراوە تێوەگلاون لە بۆردومانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی، تا ئێستا نەگەیشتووەتە ئەوەی کێ لەپشت هێرشەکەوە بووە، تەنها گەیشتووەتە ئەوەی بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشەكە ئەنجامدراوە. 

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، کە قسەیان بۆ رۆژنامەی (العربی الجدید) كردووەو داوایان كردووە ناویان نەهێنرێت، رایانگەیاندووە: راپۆرتی کۆتایی لیژنەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا رادەستی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بکرێت، بۆ بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەو ئەو رێوشوێنانەی دواتر دەگیرێنەبەر.

سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، لیژنەكە زانیاری ئەوەشی دەستكەوتووە، هێرشەكە لە دووزخورماتوو لەسەر سنوری هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدراوە، کە چەند گروپێكی چەکدار تیایدا چالاکن، بەڵام تیمە تەکنیکیەکان نەیانتوانیوە رێڕەوی هەڵدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان یان لایەنی بەرپرسیار لە هەڵدانی دیاری بکەن.

 لای خۆیەوە یاسر وتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق راگەیاندووە: حكومەت پێداگرە لەسەر ئەوەی بە زووترین کات راستییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات، رەنگە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەنجامە بەراییەکان سەبارەت بە سروشتی هێرشەکە رابگەیەندرێت.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە: دیاركردنی ئەو لایەنەی ئەو كارەی كردووە لەم کاتەدا کارێکی قورسە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار