شێخى گەورەی ئەزهەر بۆ یەکەمین جار بە زمانی فارسی تویت دەکات بۆ ئیدانەکردنی بەردەوامی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. ڕۆژی هەینی، شێخ ئەحمەد ئەلتەیب، ئیمامی گەورەی ئەزهەر، بەردەوامیی بۆردومانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران و "هێرشەکانی بە ئامانجی ڕاکێشانی ناوچەکەیەو بۆ لێواری تەقینەوەدا" هاوکات شەرمەزارى ئەوکارەى کرد. تەیب لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە هۆشداریدا لە "هەڵگیرساندنی شەڕێکی هەمەلایەنە کە جگە لە ڕژانى خوێن و بازرگانانی چەک هیچ براوەیەکی تێدا نەبێت" لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. ئەو پێیوابوو کە "بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەم ستەمکارییە و شکستهێنان لە وەستاندنی، هاوبەشیکردنە لە تاوانەکەدا، وتى: بێدەنگی نێودەوڵەتی جگە لە هەڕەشەکردن لە ئاسایشی هەموو جیهان هیچ ئەنجامێکی دیکەی نییە. ئەمەش لەکاتێکدایە جەنگەکە پێدەنێتە هەفتەی دووەمەوە. ئێران مووشەکی جیاوازتر و بەهێزتر دەنێرێتە سەر ئیسرائیل و نەتەنیاهووش هەڕەشەی لەنێوبردنی مووشەک و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکات. مووشەکی هەردوو وڵات لە ئاسمانن و یەکدی دەکەنە ئامانج، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ هاوتا بەریتانی، فەرەنسی و ئەڵمانییەکەی بە ئامادەبوونی یەکێتیی ئەورووپا لە جنێڤ لە کۆبوونەوەدان.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، بارودۆخی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر زۆر جێگەی نیگەرانییە، جەختى کردەوە چاودێریی بارودۆخی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن. لە دانیشتنی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی وتى: بەئامانجگرتنی وێستگە ئەتۆمییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە تیشکدانەوەی لێنەکەوتووەتەوە، ئێران 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە. گرۆسی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەر هێرشێک بۆ سەر بوشەهر دەبێتە هۆی ئاستێکی بەرچاو لە تیشکدەرەوەی مەترسیدار، هەروەها ڕوونیکردەوە کە ژێرخانی کارەبا لە شوێنی پیتاندنی نەتەنز کراوەتە ئامانج. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە لە بەرزبوونەوەی ئاستی تیشکدانەوە لە ئەسفەهان ئاگادار نەکراینەوە. لای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە فراوانبوونی ململانێکان دەتوانێت ئاگرێکی جیهانی هەڵبگیرسێنێت کە ناتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت و داوای "گەڕانەوە بۆ دانوستانە جدییەکان" دەکات. وەک لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشدا وتی، "ئێمە لەبەردەم ساتێکی هەستیارداین و دەبێت بەرپرسیار بین"، ناوبراو درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: ئێستا جیهان لە لێواری داڕماندایە، ئێمەش بەرپرسیارێتییەکی گەورەمان لە ئەستۆدایە. ئەمە دووەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، و بە دەستپێشخەریی ڕووسیا و چین و پاکستان بەڕێوە دەچێت. ڕۆژی ١٣ی حوزەیران، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لە ئێران ئەنجامدا. زانیاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تاران پێشکەش کرا.
کامەران عوسمان لە رێكخراوی (CPT): سوپای تورکیا بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی جوتیاران بۆسەر ڕەز و باخەکانیان، زنجیرەیەک تۆپبارانی بۆسەر گوندەکانی بەری گارە و دەڤەری نهێلێ ئەنجامدا. لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا زیاتر لە (100) جار تۆپبارانی گوندەکانی (مژێ، کەفنە مژێ، سپیندارێ و گرگاشێ)یان لە بەری گارە لە قەزای ئامێدی کردو بە دەیان دۆنم دارستان و ترش و ڕەز و باخی گوندنشینانیان سوتاند. هەر ئەمڕۆ، لە کاتێکدا نوێژخوێنانی گوندەکانی (گوهەرزێ و بەلاڤە) لە دەڤەری نهێلێ بۆ نوێژی هەینی لە مزگەوت بوون، تۆپخانەکانی تورکیا تۆپبارانی ئەو دوو گوندەی کرد و ڕەز و باخی گوندنشینانی سوتاند. لە درەنگانی دوێنێ شەویشەوە تاوەکو ئێستا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکەنجی سوپای تورکیا بەسەر گوندەکانی سنوری ئامێدیدا دەسوڕێنەوە و بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ گوندنشینان.
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، ڕایدەگەیەنێت، هیچ پاساوێک نییە بۆ لێدان لە ژێرخانی ئەتۆمیی مەدەنیی ئێران، دەبێت ئێرانیش ئامادەیی خۆی نیشان بدات بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستان. بڕیارە پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى، لە جنێڤی سویسرا کۆبوونەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەڕێوەبچێت. ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، جەخت لەسەر گرنگی درێژەدان بە کارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەکاتەوە، وتى: ئاژانس دەبێت بتوانێت بەردەوام بێت لە چالاکییەکانی بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم نەکات. هاوکات باس لەوەشدەکات ئێمە هاوکات لەگەڵ بەریتانیا و ئەڵمانیا ئۆفەرێکی دانوستانی هەمەلایەنە پێشکەش بە ئێران دەکەین. ماکرۆن دەشڵێت: هیچ شتێک پاساو نادات بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزەو خەڵکی مەدەنی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێراندا. دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی و نوێنەری ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کردووە پێش ئەوەی بچێتە کۆبوونەوەکە. پەیامی ئەمریکا ئەوەیە، دەکرێت بە گفتوگۆ بگەنە رێککەوتن. چوونی وڵاتانی ئەورووپا بۆ کۆبوونەوەکە، دوای دەستپێشخەریی سەرۆککۆماری فەرەنسا هات. وڵاتانی ئەورووپا نیگەرانن لە ئەگەری بەشداریکردنی ئەمریکا لە جەنگەکە کە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتانە و ئاشتی لە ناوچەکە دەبێت. لەم هەفتەیەدا، عەباس عێراقچی و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و پەیامیان گۆڕیوەتەوە، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت لە کۆبوونەوەکەدا لایەنی ئەمریکی بە فیزیکی بەشداربن.
رۆژنامەیەکی ئەمەریکی بڵاویکردوەتەوە، تێچوی جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا رۆژانە سەدان ملیۆن دۆلارە، دەشڵێت: ئەو تێچوە زۆرەی جەنگ وادەکات بەرپرسانی تەلئەبیب بڕیاری راگرتنی جەنگ بدەن. رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ـی ئەمەریکی بڵاویکردوەتەوە، ئیسرائیل بەهۆی ئەو جەنگەی لەگەڵ ئێران دەستیپێکردوە تێچویەکی دارایی زۆری لەسەرە و رۆژانە بە سەدان ملیۆن دۆلار لە جەنگدا خەرج دەکات. بەپێی شیکردنەوەکانی رۆژنامەکە، ئیسرائیل بۆ رێگریکردن لە موشەکەکانی ئێران تێچویەکی زۆری لەسەر دەکەوێت کە بە دەیان تا 200 ملیۆن دۆلاری رۆژانە دەخەمڵێنرێت، ئەمە جگە لە تێچوی تەقەمەنی و فڕۆکە جەنگییەکان، هەروەها وێرانکاری بەربڵاوی باڵەخانە گەورەکانی تەلئەبیب. هەروەها، بەپێی خەمڵاندنەکان تا ئێستا ئیسرائیل لانیکەم 400 ملیۆن دۆلاری پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە. رۆژنامەکە دەشڵێت: ئەو بارگرانییە ئابورییە دەبێتە فشارێک لەسەر تەلئەبیب تا بەزوترین کات کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، سەرەڕای ئەوەی بنیامین ناتەنیاهۆ-ـی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوەکردەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بەردەوام دەبن تا ئەوکاتەی ئامانجەکانیان بەدیدەهێنن کە دیارترینیان بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و لەناوبردنی جبەخانەی موشەکییەکەیەتی. لە چەند رۆژی رابردودا ئێران زیاتر لە 400 مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە، رێگریکردن لەو موشەکانە پێویستی بە کارپێکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی تەکنەلۆژیای بەرز هەیە، بەوتەی یەهۆشوا کالیسکی، توێژەر لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە تەلئەبیب، تێچوی کارپێکردنی سیستەمی David’s Sling کە بۆ ڕێگریکردن لە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی مەودای کورت بۆ مامناوەند بەکاردەهێنرێت، نزیکەی 700 هەزار دۆلارە بۆ هەر ڕێگریکردنێک. هەروەها، سیستەمی تیر- ٣ کە بۆ ڕێگریکردن لە موشەکی بالیستیکی دور مەودا لە دەرەوەی بەرگەهەوا دروستکراوە، نرخی هەر ڕێگرییەک نزیکەی 4 ملیۆن دۆلارە، لەکاتێکدا سیستەمی تیری ٢ کۆنتر نزیکەی ٣ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت بۆ هەر روبەڕوبونەوەی موشەکێک. جگە لەوانەش، ئیسرائیل پارەیەکی زۆر خەرجدەکات بۆ کارپێکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی بە تایبەت فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف ٣٥ کە تا ١٠٠٠ میل لە خاکی ئیسرائیلەوە دەفڕن.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت: زنجیرەیەک هێرشی شەوانەیان لەناو تاران ئەنجامداوە، دەیان ئامانجیان بۆردومان كردووە، لەنێویندا، پێگە پیشەسازییە سەربازییەکان بۆ بەرهەمهێنانی موشەک و بارەگای "سپاند" بۆ لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی پڕۆژەی چەکی ئەتۆمی. جەنگەکە پێدەنێتە هەفتەی دووەمەوە. ئێران مووشەکی جیاوازتر و بەهێزتر دەنێرێتە سەر ئیسرائیل و نەتەنیاهووش هەڕەشەی لەنێوبردنی مووشەک و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکات. سوپای ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: شەوی رابردوو، هێرش كراوەتە سەر زیاتر لە (60) فڕۆکەی جەنگی هێزی ئاسمانی ئێران، دەیان ئامانجی سەربازی لە ئێران بە رێنمایی وردی هەواڵگری، بە نزیکەی (120) بۆمب، بۆردومانكراون. ئاماژەی بەوەشكردووە: چەندین شوێنی پیشەسازی بۆ بەرهەمهێنانی موشەک لە تاران ئێران هێرشيان کراوەتە سەر، ئەو شوێنانە بەدرێژایی چەندین ساڵ دروستکراون و، بە ناوەندی قورسایی پیشەسازی دادەنرێن بۆ وەزارەتی بەرگری ئێران. سوپای ئیسرائیل راشیگەیاندووە: لە نێو ئەو شوێنانەی کە هێرشیان کراوەتە سەر، شوێنی پیشەسازی سەربازی بۆ بەرهەمهێنانی پێکهاتەی موشەکی و شوێنی بەرهەمهێنانی کەرەستەی خاو، کە لە بزوێنەری موشەکدا بەکاردەهێنرێت، جگە لە بینای بارەگای "سپاند" لە تاران. بارەگای سپاند، کە لە ساڵی 2011 لە لایەن فەخریزادە، دامەزرێنەری بەرنامەی چەکی ئەتۆمی ئێران دامەزراوە، تایبەتە بە لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو و چەك، پشتیوانی لە توانا سەربازییەکانی ئێران دەكات.
کرملین هۆشداریی دەداتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کاردانەوەکانی بەکارهێنانی چەکی تەکنیکی ئەتۆمیی لە ئێران، دەڵێت:"ئەوە پێشهاتێکی کارەساتبار دەبێت". دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرملین ئەمڕۆ هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، ڕایگەیاند: بەکارهێنانی چەکی تەکنیکی ئەتۆمیی لەلایەن ئەمەریکاوە دژی ئێران، دەبێتە پێشهاتێکی کارەساتبار. ئەو لێدوانەی پیسکۆڤ وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییانەی باس لە ئەگەری بەشداریی ئەمەریکا لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەکەن. ئاستی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمەریکا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی لەماوەی هەفتەی ڕابردووەوە زیادییان کردووە، پاش ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان لەنێوان ئیسرائیل و ئێران دەستییان پێکردووە و ڕۆژانە مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو ئاڕاستەی یەکتر لەنێوان تاران و تەلئەڤیڤ، دەکەن. بەشداریی ئەمەریکا لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بۆ هێرشکردنە سەر پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێران، بووەتە جێی پرس و باسی گرنگیی میدیاکانی جیهان، ئەو میدیایانە پێیان وایە، بەشداریی ئەمەریکا لەو جەنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشهاتێکی مەترسیدارە لەوەی، ئاگری جەنگەکە گەورە بێت و ناوچەکە بسووتێنێت.
پێگەی مسری ئەلیەوم بڵاویکردوەتەوە، هێزێکی 12 هەزار کەسی عەلی خانەیی رێبەری باڵای ئێران دەپارێزن و لە حاڵەتی پێویستدا نەبێت ناتوانن دەست لە جەستەی خامنەیی بدەن. بەگوێرەی راپۆرتێکی مسری ئەلیەوم، ئەو هێزەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران دەپارزێت، فەیلەقی پاسەوانییە کە یەکەیەکی سەربازی تایبەتی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە و ژمارەیان 12 هەزار سەربازە. ئاماژەی بەوەشداوە، هێزەکە مەرجی یەکەمیان خۆبەختکردنە بۆ خامنەیی و لە حاڵەتی پێویستدا نەبێت ناتوانن دەست لە جەستەی خامنەیی بدەن و قورسترین راهێنانیان پێکراوە و لە هەموو شارەکانی ئێران بنکەیان هەیە. راپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە، قەڵغانی گولەنەبڕ بۆ پاراستنی خامنەیی بەکاردەهێنرێت و هەر لەناوخۆی ئێرانیشدا دروستدەکرێت. پێش ئەوەی خامنەیی سەردانی هەر شوێنێک بکات، هێزەکە سەردانی دەکات و دۆسیەی ئەمنی ناوچەکە وەردەگرن.
بەهۆى بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، دامەزراوە ئەمنییەکانى ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ ئەگەری ئەوە دەکەن کە حوسییەکان و حەماس و حزبوڵا و گروپە چەکدارەکانى دیکە، هەوڵی قۆستنەوەی دۆخەکە بدەن و هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، ئەمەش بەپێى ڕاپۆرتێکى کەناڵى ١٤ى ئیسرائیل. ڕاپۆرتەکە دەڵێت سوپاى ئیسرائیل ئامەدەکارى دەکات بۆ بۆ هەر پێشهاتێکى نوێ ئامادە دەکات، لەوانە ئەگەری ئەوەی کە ئەو ڕێکخرو گروپانەى نزیک و هاوپەیمانى ئێرانن هەڵەیەک بکەن بچنە ناو شەڕو ململانێکەوەو لەگەڵ ئیسرائیلدا. بۆ یەکەمجار ئەمشەو پێنجشەممە لە کەناڵی 14 بڵاوکرایەوە، لەبارەى هەڵسەنگاندنی دۆخەکەوە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل کە پێشبینی ئەوەدەکەن، ئەمریکا بچێتە پاڵ ئەو هێرشە، ئەوکات دامەزراوەی بەرگری ئامادەکاری دەکات. پێدەچێت هێرشى ئەو گروپانە لەڕێگەى موشەکەوەبێت لەلایەن گروپەکانى باکوورى ئیسرائیل و هێرشی مووشەکی لە باشووری نیمچە دوورگەی عەرەبی لەخۆ بگرێت. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕاپۆرتی دژبەیەک سەبارەت بەوەی کە ئایا حزبوڵڵا دەچێتە ناو هەڵمەتی یارمەتیدانی ئێرانەوە بڵاو بوونەتەوە. سەرچاوەیەکی حکومەتی لوبنان ئەمڕۆ مەزەندەی کرد کە تەنانەت ئەگەر دواجار ئەمریکاش پەیوەندی بە هێرشی سەر ئێرانەوە بکات، ئەوا ڕێکخراوی حزبوڵڵا ناچێتە ناو هەڵمەتی هاوکاریکردنی ڕژێمی ئایەتوڵڵاکانەوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئەلجەدیدی لوبنانی. لەبەرامبەردا، بەرپرسێکى باڵاى ئێرانى دوێنێ بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە، "هاتنە ناوەوەی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران دەبێتە هۆی چالاکبوونی حزبوڵڵا لە دژی ئیسرائیل". بەپێی ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى، کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە بەشێک لەو گروپانە لە ئێستادا سەرنجیان لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانیانە، بەتایبەتی کە لە شەڕێکی فراوانتر لەگەڵ ئیسرائیل زۆر شتیان لەدەستداوە، وەک هەندێک لە میلیشیا عێراقییەکان کە لە ئێستادا سەرقاڵی کۆکردنەوەی سامانن لە ڕێگەی کەرتی نەوتەوە. کوتلە چەکدارە عێراقیەکانى سەر بە ئێران وریاتر بوون لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاو لەترسى بۆردومان کردن ئێستا مۆبایلی کاتی بەکاردەهێنن. لەگەڵ بەردەوامی پێکدادانی توندوتیژی نێوان ئیسرائیل و ئێران ، گروپە چەکدارە عێراقیەکان و حزبوڵڵا لە لوبنان، تائێستا بێدەنگن و هیچ ڕۆڵ و جموجوڵێکیان نییەو لە شوێنی ڕووداوەکان ئامادە نین.
دوو بەرپرسی باڵاى وەزارەتى بەرگری ئەمریکا بە سی ئێن ئێنیان ڕاگەیاندووە، سوپای ئەمریکا چەند هەنگاوێکی ناوە بۆ پاراستنی بنەکەو بەرژەوەندیەکانى و سەروەت و سامان و کەلوپەلەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ بەردەوامی شەڕو ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران. سوپاى ئەمریکا سەرجەم فڕۆکە ناپێویستیەکانى لەبنکە فراوانەکەی لە قەتەر گواستوەتەوە بۆ سەر کەشتیەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا کە لە بەحرەین جێگیرکراون. هەروەها فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا پێشوەختە چەند پێداویستیەکى سەربازى زیادەی گواسوەتەوە بۆ ناوچەکە، بەرپرسان و سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێن، کە ئەمەش ڕێکاری ئۆپەراسیۆنی ستانداردە لە هەر کاتێکدا ئەگەری هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا هەبێت. یەکێک لەو بەرپرسانە گۆڕانکارییەکانی بە پلانێکی وریایی و خۆپارێزانە وەسفکرد لەکاتی هەڕەشەکانی ئێران کە ئەگەر ئەمریکا بڕیاریدا لەگەڵ ئیسرائیل بێتە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، هێرش دەکاتە سەر سەرباز و بنکەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەشێکى فڕۆکە ئەمریکییەکان سەرەتای ئەم هەفتەیە لە بنکەی ئاسمانی ئەلعودەید لە قەتەر گواستراونەتەوە دەرەوە، بەرپرسێک پشتڕاستی کردەوە دوای ئەوەی وێنەکانی مانگی دەستکرد دەریخست کە ناوچەکە چۆڵ کراوە. سەرەڕای ئەوەش، هەموو ئەو کەشتیانەی هێزی دەریایی ئەمریکا کە لە پێشەوە لە چالاکیی پشتیوانی دەریایی بەحرەین جێگیرکرابوون- بنکەی هێزی دەریایی ئەمریکا لەسەرەتای ئەم هەفتەیە بەندەرەکەیان بەجێهێشت. تا ئێستا ڕوون نییە فڕۆکە و کەشتییەکان بۆ کوێ گواستراونەوە لە کاتی بەرزبوونەوەی گرژییەکان. ئەمەش لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێشتا بڕیاری نەداوە کە ئایا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لێبدات یان نا. بەڵام ئەگەر بیکات، تاران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی ڕاستەوخۆی لە ئەمریکا کردووە. ئێران دەیان گروپی بە وەکالەت لە ناوچەکەدا هەیە کە دەتوانن مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی هێز و بنکەکانی ئەمەریکا بکەن. لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٤، دوای ئەوەی میلیشیایەکی شیعەی سەر بە ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر تاوەر ٢٢ کە بنکەیەکی ئەمریکایە لەسەر سنووری سوریا و عێراق، سێ ئەندامی خزمەتگوزاری ئەمریکا کوژران و دەیان کەسیش برینداربوون.
وەزیری دەرەوەى ئێران، ڕایدەگەیەنێت لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە ئیسرائیل، سەدان کەسی بێ تاوانی ئێرانی بەبێ هۆکار کوشتووە، هاوکات داوا لە ئیسرائیلییەکان دەکات لە شوێنە سەربازی و ئەمنییەکان دووربکەونەوە. لەپەیامێکى نوێیدا عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى ئێران ئەوەى خستەڕوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزە چەکدارە بەهێزەکانیان بە وریاییەوە بارەگایەکی فەرماندەیی سەربازی و کۆنترۆڵ و هەواڵگری ئیسرائیل و ئامانجێکی دیکەی گرنگیان لەناوبردوە. ناوبراو ئەوەشى وت: شەپۆلی تەقینەوەکە زیانێکی ڕووکەشی بە بەشێکی بچووکی نەخۆشخانەی سەربازی سۆرۆکا لە نزیکەوە گەیاندوە تاڕادەیەکی زۆر چۆڵکرابووە پێشتر. بەوتەى عێراقچى: ئەم دامەزراوەیە بە پلەی یەکەم بۆ چارەسەرکردنی سەربازانی ئیسرائیل کە بەشدارن لە کۆمەڵکوژییەکەی غەززە کە لە دووری ٢٥ میل لە غەززە بەکاردێت، کە ئیسرائیل ٩٤%ی نەخۆشخانەکانی فەلەستینی لەناوبردووە یان زیانیان پێگەیاندووە. وەزیرى دەرەوەى ئێران هێماى بۆ ئەوەکرد، ئەوە ڕژێمی ئیسرائیلە ئەم خوێنڕشتنەی دەستپێکرد نەک ئێران و ئەوە تاوانبارانی جەنگی ئیسرائیلن نەک ئێرانییەکان کە نەخۆشخانە و خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج. وتى: لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نایاسایی ئیسرائیل لە دژی گەلی ئێران لە هەفتەی ڕابردووەوە، سەدان کەسی بێ تاوانی ئێرانی بەبێ هۆکار کوژراون. هاوکات داواى لە ئیسرائیلییەکان کرد پێش هێرشەکان گوێ لە فەرمانەکانی چۆڵکردنى ئەوان بگرن و خۆیان لە نزیکبوونەوە لە شوێنە سەربازی و ئەمنییەکان بەدوور بگرن. وتیشى: هێزە چەکدارە بەهێزەکانمان بەردەوام دەبن لە سەرکوتکردنی بێوچان تاوانباران کە گەلەکەمان دەکەنە ئامانج تا دەوەستن و باجی دەستدرێژییە تاوانکارییەکانیان دژی میللەتەکەمان دەدەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێنمایی و هۆشدارى دەرداتە ژووری فریاکەوتنی تیشکدانەوە لە ئامادەباشى هەمیشەییدا بێت بۆ چاودێریکردنی دۆخی تیشکدانەوە لە دەرەوەی سنوورەکان. ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانى کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ ئەندامانى ژووری ئۆپراسیۆنەکان ئەنجامداوە لەبارەی رووداوە ئەتۆمییەکان. "هیچ زیادبوونێك لە ئاستی تیشكدانەوە لەسەرتاسەری وڵات تۆمار نەكراوە" ژوری ئۆپراسیۆنە ناوەندییەكان بۆ حاڵەتە لەناكاوەكانی تیشكدانەوە وای بە سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتووە، ئەویش فەرمانی پێكردوون ئەم ماوەیە بەردەوام لە كۆبوونەوەدا بن بەمەبەستی چاودێریی دۆخی تیشكدانەوە لە سنورەكانی عێراق لەئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆسەر وێستگەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران. محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرپەرەشتی كۆبوونەوەی (ژوری ئۆپراسیۆنە ناوەندییەكان بۆ حاڵەتە لەناكاوەكانی تیشكدانەوەو ئەتۆم)ی كرد. كۆبوونەوەكە بۆ پێداچوونەوە بوو بە پلانی نیشتمانی تایبەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ رووداوەكانی تیشكدانەوەو ئەتۆم، كە ساڵی 2023 پەسەندكراوە، بەمەبەستی ئامادەیی تەواوەتیی بۆ ئەگەری هەر رووداوێكی لەناكاو. وەكو نوسینگەكەی دەڵێ؛ لە كۆبوونەوەكەدا سودانی گوێی بۆ كورتەیەكی پسپۆڕان گرتووە سەبارەت بە كاریگەریی سنوردار لەسەر عێراق ئەگەر هاتوو زایۆنی (مەبەستی ئیسرائیلە) هێرش بكاتە سەر وێستگەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە كۆماری ئیسلامی ئێران. لە كۆبوونەوەكەدا، پسپۆڕان جەختیان لەسەر ئەوە كردووە هیچ بەرزبوونەوەیەك لە ئاستی تیشكەكان لە سەرتاسەری عێراق تۆمار نەكراوە. سودانی داوای لە ژوری ئۆپراسیۆنەكان كردووە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەبارەی دواین پەرەسەندنەكان، بەوپێیەی عێراق ئەندامە لە رێككەوتنی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختی رووداوە ئەتۆمییەكان، بەمەبەستی پێدانی داتاو زانیاری دروست لەبارەی دۆخە لەناكاوەكان و بەردەوامبوون لە دابینكردنی پێداویستییە بنەڕەتییەكان بۆ روبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێكی لەناكاو لە هەموو پارێزگاكان. سودانی هەروەها فەرمانیداوە ژوری دۆخە لەناكاوە تیشكدەرەكان لە كۆبوونەوەی بەردەوامدا بێت لەپێناو چاودێریكردنی دۆخی تیشكدانەوە لە دەرەوەی سنورەكانی عێراق لەبەر رۆشنایی پەرەسەندنی رووداوەكاندا.
بڕیاربو ئەمڕۆ دادگاى فیدراڵى تایبەت بە چارەسەرى کێشەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى ژمارەى ئەندامانى دادگاکە رێژەى یاسایی تەواو نەکرد کۆبونەوەکە بۆ کۆتایی هەفتەى داهاتو دواخرا، سێ مەرجى دادگاکە بۆ هەرێمى کوردستان ئاشکرا دەکرێت. سەرچاوەیەکىش لە دادگای فیدراڵی ئاشکرایدەکات شەش ئەندامی هەمیشەیی و سێ ئەندامى یەدەگى دادگای فیدراڵی نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکردووە. سەرچاوەیەک لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، لەو کۆبونەوەیەى بڕیارە دادگاى فیدراڵى ئەنجامى بدات، دادگاى فیدراڵى ماوەیەکى دیاریکراو بۆ چارەسەرى گرفتەکان دادەتە هەرێمى کوردستان. بەوتەی سەرچاوەکە، هەرێمی كوردستان و بەغداد پابەند دەکرێن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی واتە، بەغداد بە ناردنی موچە و هەرێمیش بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و رادەستکردنی داهاتی راستەقینە کە مانگانە بڕەکەی نزیکەی 150 ملیار دینار دەکات. لەگەڵ تەواوکردنی پرۆسەی بەبانکیکردنی موچە، بۆئەو مەبەستەش دادگای فیدراڵی وادەیەک دیاریدەکات، هەرلایەک پابەندی بڕیارەکانی دادگا نەبو ئەوا مافی دەستوری پێنادرێت، ئەو مافەش بۆ هەرێمی کوردستان موچەی فەرمانبەران و بەشە بودجەکەیەتی.
وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل هەڕەشەى توند لەڕابەرى باڵاى ئێران دەکات و دەلێت ئەو کەسێکى دیکتاتۆرەو داواى لەنابردنى ئیسرائیل دەکات بۆیە چیتر نابێت ئەو بژى. لەشوێنى کەوتنە خوارەوەى موشەکەکەى ئێران لەنزیک نەخۆشخانەى سۆرۆکا، کەمێک لەمەوبەر ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری گەیشتە شوێنەکەو بۆ یەکەمجار بە ئاشکرا هەڕەشەی لە ناوبردنی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵاى ئێرانی کرد. ئەو وتى: خامنەیی دیکتاتۆر کە سەرۆکایەتی ئێران دەکات و لە ئاڵاکەیدا لەناوبردنی ئیسرائیل هەڵکەندراوە، ناتوانێت بەردەوام بێت و چیتر ئەو نابێت بژى، جگە لەوەش کاتز خامنەیی بە "هیتلەری مۆدێرن" ناوبرد. لەلایەکى دیکەوە، بەرپرسانی وەزارەتى تەندرستى ئیسرائیل لە پێگەى یەدعوت ئەحرۆنوتیان ڕاگەیاندوە ژمارەی بریندارانی هێرشەکەی ئەمڕۆی ئێران گەیشتە 147 کەس، ڕێژەى زۆرى بریندارەکان بەهۆى ئەوەوە بوە زەنگی درۆ لە قودس و ناوچەکانی دیکەوە لێدراوە. بەرپرسان ئەوەیان خستوەتەڕوو زۆرینەى بیناکانى دەوروبەرى نەخۆشخانەکە زیانی پێگەیشتوە، هەروەها زیانێکی گەورە لە ناوچەی بۆرسە لە ڕامەت گان هەبووە. کاتز رایگەیاند، لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانیان بە سوپا کردووە "هێرشەکان بۆ سەر ئامانجە ستراتیژییەکانی نێو ئێران و ژێرخانی وزەی تاران چڕبکاتەوە، ئەوەش بەمەبەستی لەنێوبردنی هەڕەشەکان بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل." بنیامین نەتەنیاهووش گوتی، سوپای وڵاتەکەی بێ وەڵام نامێنێتەوە لە بەرامبەر ئەو هێرشەی ئەم بەیانییە ئێران کردییە سەر ئیسرائیل و هەربۆیە تاران "باجێکی گەورە" دەدات.
درۆنێک لە گوندێکی لە چیای قەرەچوغ سەر بە قەزای مەخموور لە پارێزگای نەینەوا کەوتەخوارەوە. شێروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕاگەیاند، ئەمڕۆ کاتێک جووتیارێک دەچێتە سەر زەوییەکەی لە گوندی ئازی کەند لە سنووری ناحیەی قەراج لە چیای قەرەچوغ، ئەو دۆرنە دەبینێت کە لە زەوییەکەدا کەوتووەتە خوارەوە. بەگوتەی شێروان دووبەردانی، درۆنەکە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە کەوتووەتە خوارەوە و نەپێکراوە. غازی فەیسەڵ فەرماندەی خۆبەخشی پێشمەرگە لە قەزای مەخموور راگەیاند، درەنگی ئێوارەی دوێنێ درۆنێك لە نزیك هێزێكی پێشمەرگە لە چیای قەرەچوغ كە پێنج كیلۆمەتر لەنێو سەنتەری شارۆچكەكەوە دوورە كەوتووەتەخوارەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێك بەهێزەكەی پێشمەرگە گەیشتبێت. دەشڵێ، دوای كەوتنەخوارەوەی درۆنەكە هێزەكانی سوپای عێراقیان لەناوچەكە ئاگادار كردوەتەوە و ئەمڕۆ تیمێكی شارەزای هەڵگرتنەوەی درۆنیان ناردووەتە شوێنی رووداوەكە و گواستویانەتەوە بۆ بارەگای فیرقەی سوپای عێراق لەناوچەكە. ئەو فەرماندەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشدا ئەوان نازانن درۆنەكە لەلایەن چ وڵاتێكەوە ئاڕاستەی ناوچەكە كراوە.