بەیانی ئەمڕۆ دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سووتەمەنی چوونە ناو کەرتی غەززە بۆ یەکەمجار لە ماوەی پێنج مانگداـ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ چونە ناوەوەى بارهەڵگرەکانی فریاگوزاری بۆ ناو کەرتی غەززە لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە. دەیان بارهەڵگر کە هاوکارییە مرۆییەکانی مانگی سوری میسر و نەتەوە یەکگرتووەکانیان هەڵگرتبوو، بۆ ئامادەکاری بۆ چوونە ژوورەوە، ڕیزیان گرتووە. لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، سەرچاوە پزیشکییەکان باسیان لەوە کردووە کە لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٦٢ فەلەستینی کوژراون. لە ئۆردوگاکانی ئاوارەیی باکووری غەززە، خەڵکی غەززە بۆ وەرگرتنی یارمەتی و زیندوو ڕاگرتنی منداڵەکانیان چەندین کاتژمێر چاوەڕوانى دەکەن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مشتومڕی لەسەر هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ غەززە دروستکردووە، چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا 60 ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردنی خۆراک لە کەرتی غەززە دابینکردووە، لەکاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەنها 30 ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە.  بەپێی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، بەشێکی کەم لەو بڕە پارەیە، بە تایبەتی 3 ملیۆن دۆلار (10%) بۆ دامەزراوەی مرۆیی غەززە (GHF) خەرجکراوە، کە سیستەمێکی دابەشکردنی خۆراکە و لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پشتگیری دەکرێت. لەلایەکى دیکەوە سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دوێنێ ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل سەردانی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی کرد لە کەرتی غەززە.    سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لەو سەردانەدا ئیال بە سەربازانی وڵاتەکەی راگەیاند، "پێشبینی دەکەم کە لە چەند رۆژی داهاتوودا بزانین کە ئایا دەگەینە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان یاخود نا." دەشڵێت، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، "جەنگ بێوچان بەردەوام دەبێت."   رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە راگەیاند. بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو هێرشەیدا حەماس 251 کەسی بە بارمتە گرت و هێشتا 49یان لەلای گرووپەکە ماون کە 27یان گیانیانلەدەستداوە یان کوژراون.    هەڕەشەکەی سوپاسالاری ئیسرائیل لەکاتێکدایە گفتوگۆکانی ئاگربەست نزیکن لە شکستهێنان، ئەمە دوای ئەوەی رۆژی 24ـی تەممووزی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بڕیاری کشانەوەی تیمەکەمان لە دەوحە بۆ راوێژکردن دا، دوای وەرگرتنەوەی دوایین وەڵامی حەماس کە بە روونی پشانی دەدات گرووپەکە ویستی ئاگربەستی لە غەززە نییە". 

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەكدا، ئەو بانگەشانە رەتدەکاتەوە کە لەلایەن كارگێڕی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگری حکومەتی سوریا بڵاوكراوەتەوە، سەبارەت بەوەی گوایە پێگەکانی لەلایەن هێزەکانمانەوە روبەڕوی هێرش بووەتەوە، بەپێچەوانەوە گروپە نا ڕێخراوەكان (بێ دیسپلینەکان) کە لە چوارچێوەی ریزەکانی هێزەکانی حکومەتی سوریادا کاردەکەن، ئەوانەن بەردەوامن لە دوژمنكارییە دووبارەکانیان لەشوێنەكانی بەرکەوتن لە ناوچەی دێرحافر، هەروەك ئەوەی ئێوارەی دوێنێ شەممە روویدا، کاتێک ئەم گروپانە بەبێ پاساو زیاتر لە دە گولە تۆپیان ئاڕاستەی شوێنی نیشتەجێبونی هاوڵاتیانیان كرد، لە بەرامبەردا هێزەکانمان مافی تەواوی خۆیان لە بەرگریکردن و وەڵامدانەوەی سەرچاوەی هێرشەكان بەکارهێناوە. لە بەشێكی تری بەیاننامەكەی هەسەدەدا هاتووە: هەوڵەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ شێواندنی راستییەکان و چەواشەکردنی رای گشتی خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیری ناکات، لەكاتێكدا هێزەکانمان لە بەرامبەر هێرش و ئیستفزازە دووبارەبووەکانی ئەو گروپان ئەوپەڕی دانبەخۆگرتنی نیشانداوە، بەتایبەت كە ئەم گروپانە لە ماوەی رابردوودا بەردەوام بوون لە هەڵکەندنی خەندەق و گواستنەوەی چەکدارەکان، بەمەش نیازی خۆیان بۆ هەڵكشاندنی دۆخەكە سەلەماندووە. هەسەدە دەشڵێت: لە کاتێکدا ئێمە جەخت لەسەر پێویستی رێزگرتن لە هێوربونەوەی دۆخەكە دەکەینەوە، داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی سوریا دەکەین بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و، کۆنترۆڵی ئەو گروپە بێ دیسپلینانە بكەن کە لە ژێر کۆنترۆڵیاندا کاردەکەن. بەیاننامەكەی هەسەدە دوای ئەوەدێت،  وەزارەتی بەرگری سوریا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: هێزەکانی سوریای دیموكرات بە شێوەیەکی نابەرپرسیارانە و بە هۆکارێکی نادیار، هێرشی موشەکیان ئەنجامداوە، كە ماڵی هاوڵاتیانی لە گوندی "ئەلکەیاریە" و دەوروبەری  گوندەواری منبج کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی برینداربوونی 4 ئەندامی سوپا و 3 هاوڵاتی مەدەنی و هێزەکانی سوپا وەڵامی سەرچاوەی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە.

ستیڤ ویتکۆف نێردەى تایبەتى ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست رایگەیاند، بزووتنەوەى حەماس بۆ دانانی چەک نەرمیی نواندووە و نەتانیاهۆش پابەند دەبێت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی غەزە. رۆژنامەى “هائارتس”ـی ئیسرائیلی لە زاری ستیڤ ویتکۆف بڵاویکردووەتەوە، لەئێستادا پلانیان هەیە کۆتایی بە جەنگی ئیسرائیل و حەماس بهێنن، دەشڵێت، حەماس لەبارەى پرسى چەکدانانەوە نەرمى نواندووە. نێردەکەى ئەمریکا باسى لەوەشکردووە، ئامانجیانە لە یەک رێککەوتندا تەواوى بارمتەکان ئازاد بکرێن و تا ئەوکارەش نەکرێت سەرکەوتن بوونى نابێت. هەروەها ویتکۆف ئەوەشى ئاشکراکردووە، هەوڵێکى هاوبەشى ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە بۆ ئاسانکاریکردن لە گەیاندنى هاوکاریییە مرۆییەکان بۆ کەرتى غەزە. ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە زیادی کرد: دانوستانەکان وەستاون و لە دوای کشانەوەی شاندەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دەوحە وەستاون. ڕۆژنامەکە هەروەها لە زاری نێوەندگرانەوە ڕایگەیاندووە کە ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکان هێشتا دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، سەرەڕای وەڵامدانەوەی حەماس کە "پێشکەوتنی بەدەست هاتووی خاوکردەوە". لاى خۆشیەوە بزووتنەوەی حەماس ئەو قسانە ڕەتدەکاتەوەو دەڵێن: سەردانەکەی ویتکۆف بۆ ناوەندی دابەشکردنی یارمەتییەکان، شانۆگەرییەکى پێشوەختە بوو. ئامانجی سەردانەکە چەواشەکردنی بیروڕای گشتی و پۆلیشکردنی وێنەی داگیرکاری و دابینکردنی بەرگێکی سیاسی بۆ شاردنەوەى برسێتیەکەی بوو، ئیدارەی ئەمریکا هاوبەشێکی تەواوە لە تاوانی برسێتی و جینۆساید. لەلایەکى دیکەوە بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندوە، حەماس "هیچ هۆکارێکی نییە بۆ دانوستان" لەسەر شەڕی کەرتی غەززە. ڕۆژنامەکە لە زاری ویتکۆڤەوە لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە تەلئەبیب لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلییەکان، ڕایگەیاندووە "برسێتی لە غەززەدا نییە"، ئاماژەی بەوەشکردووە "پلانەکە فراوانکردنی شەڕەکە نییە، بەڵکو کۆتاییهێنانە بەو شەڕە". ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا دەبێت گفتوگۆکان لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان چڕبکرێنەوە، نەک گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەشەکی. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە ویتکۆڤ  لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی بنەماڵەی دیلەکانی ئیسرائیل لە تەلئەبیب وتی: بەبێ گەڕانەوەی هەموو بارمتەکان هیچ سەرکەوتنێک بەدی نایەت. جەختیشی لەوە کردەوە کە هیچ کەسێک نایەوێت شەڕی غەززە فراوانتر بکات، هەروەها هەمووان دەیانەوێت کۆتایی پێبێت.

  سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە زیندانی ئەدیرنەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای ئاشتی و یەکسانیی بۆ تورکیا کرد. دەمیترتاش دەڵێت، جگە لە چەکدانان هیچ رێگەیەکی دیکە نیە بۆ ئاشتی لە تورکیا. عومەر فاروق پەرلەمانتاری دەم پارتی دوای سەردانی بۆ زیندان و چاوپێکەوتنی دەمیرتاش، پەیامەکەی لە هەژماری سۆشیال میدیای خۆی بڵاوکردەوە. دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا گوتوویەتی هەمووان بە بێ ماندووبوون بەردەوام دەبین لە خەبات بۆ دادپەروەری راستەقینە، یەکسانی و دیموکراسی و بەردەوام دەبین لە گوتنەوەی ئاشتی. دەمیرتاش هیوای داهاتوویەکی باشتری بۆ تورکیا خواستووە و گوتوویەتی بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکانی بۆ هەمیشەییکردنی ئاشتی. دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا هیواخوازە، بە ئاشتی لاپەڕەیەکی نوێ لە تورکیا بکرێتەوە و زەمینەیەکی زۆر بەهێزتر بۆ بونیاتنانی داهاتوویەکی رووناک پێکەوە دروستبێت.  

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کورستان -کەجەکە، ڕایدەگەیەنێت درووسترین چارەسەر بۆ دەوڵەتی عێراق ئەوەیە پرسی شنگال لەسەر بنەمای مسۆگەرکردنی خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستنی گەل چارەسەر بکرێت. کەجەکە قووربانیانی کۆمەڵکووژی ٣ـی ئابـی بە بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، مێژوو نەک بە تەنها کۆمەڵکووژی، هاوکات بەرخۆدانی گەلی شنگالیشی نووسییەوە، ئەم بەرخۆدانە بە پێشەنگایەتی گەنجان و ژنان لە ڕێگەی پڕۆسەی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ـەوە گەلی ئێزدی بەرەو ئازادی دەبات. هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کورستان -کەجەکە، لە ١١هەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ـی سەر شنگال، کە چەتەكانی داعش بە دڕندانەترین شێوە لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی ئەنجامیاندا، ڕاگەیانداوێکی بڵاوکردەوە. دەقی بەیاننامەکەی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کورستان -کەجەکە بەم شێوەیەیە: “ماوەی ١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکووژی شنگال تێپەڕدەبێت، کە لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤دا لە لایەن چەتەکانی داعشەوە ئەنجام درا و لە لایەن گەلی ئێزدییەوە وەک فەرمانی ٧٤هەمین ناو دەهێندرێت. وێڕای ئەوەی ١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا تێپەڕبووە، هێشتایش ژانی ئەم کۆمەڵکوژییە کە گەلی ئێزدی ئەزموونی کردووە زیندووە و برینەکانی ساڕێژ نەبووە. ڕووداوێک کە گەلی ئێزدی لە ٣ـی ئابدا لە شنگال ئەزموونی کرد، دڵی مرۆڤ ئازار دەدات، بەشێوەیەک دڵتەزێن و شەرمهێنەر و بەرگەنەگیراوە. بە هەزاران ئێزدی کوژران، بە هەزاران ژن ڕفێندران و لە بازارەکاندا وەک کۆیلە مامەڵەیان پێوەکرا، دووچاری دەستدرێژی کرانەوە، ماڵ و موڵکی ئێزدییەکان تاڵان کرا، بە سەدان مرۆڤ، منداڵ و پیرەمێرد لە ترسی کۆمەڵکووژیی هەڵهاتنە چۆڵەوانییەکان و بە هۆی برسێتی و تینوویەتییەوە گیانیان لە دەستدا. هێشتاش بە هەزاران ژنی ئێزدی بێسەروشوێنن، بەدەیان گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵنەدراونەتەوە. ئەو ڕووداوەی گەلی ئێزدی لە سەدەی بیست و یەک کە مرۆڤایەتی بە پێشکەوتنەکانییەوە شانازی دەکات، بە هەموو شێوەیەک بووە شەرمەزاری مرۆڤایەتی. جارێکی دیکە کۆمەڵکووژی شنگال شەرمەزار دەکەینەوە، کە یەکێکە لە دڕندەترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.  هەروەها داعش و هەموو ئەو هێزانە شەرمەزار دەکەین کە پاڵپشتییان دەکردن.  بە ڕێز و حورمەتەوە قوربانیانی کۆمەڵکوژی شنگال یاد دەکەینەوە و دیسانەوە دیاری دەکەین لە قوڵای دڵەوە ئازاری گەلی شنگال دەکێشین و هەمووکاتێک لەسەر ڕێگەی تێپەڕاندنی فەرمانەکان و پێکهێنانی ئازادییان هاوشانیان دەبین. بەداخەوە پێشمەرگەکانی پەدەکە و سوپای عێراق کە بەرپرسیاری ئاسایشی شنگال بوون، گەلی شنگالیان بۆ داعش جێهێشت و ئەمەش بووە هۆکاری لێکەوتنەوەی تراژیدیایەکی گەورە. وێڕای هەموو ئەم ئازارانە، ڕەخنەکردن و لێپرسینەوەیەکی کردەیی ئەنجام نەدراوە، بەڵام پێویستە بزانرێت پەڕەکانی مێژوو ئەم دڕندەی و شەرمەزارییە مەزنەی تۆمار کردووە. داعش و هێزەکانی پشتەوەیان ئامانجیان بوو بە تەواوەتی گەلی ئێزدی لەناوبەرن، بەڵام ئەم پلانە لە سایەی دەستوەردانی مێژوویی گرووپێکی کەمی گەریلا لە چیاکانی شنگال و بەرخۆدانی گەلی شنگال، بە تایبەت ژنان و گەنجان بەتاڵ کرایەوە. هێرشە قڕکارییەکە لە ئەنجامی بەرخۆدانی گەریلا و گەلی شنگال بە تەواوەتی پوچەڵ کرایەوە و بە سەدان ڕۆڵەی ئێزدی لە بەرەی بەرخۆدانی دژ بە داعشدا هاوشانی گەریلا جێگەیان گرت و شەهید بوون. بەڕێز و حورمەتەوە یادی گەریلا و کچ و کوڕە ئێزدییەکان شەهیدبووەکان دەکەیەنەوە  و لەئاست بیرهێنانەوەیاندا بەژنمان دادەنەوێنینەوە. ئەم هەڵوێست و هێڵی تێکۆشانە شکۆمەنددارە نەک بە تەنها ڕێگەی لە کۆمەڵکووژییەکی مەزن گرت، هاوکات بناغەی هەبوونی گەلی شنگالی بە زمان، باوەڕ، چاند و ناسنامەی خۆیەوە هێنایەئاراوە و پەرەی بە خۆپاراستنێک دا کە جارێکی دیکە کۆمەڵکووژییان بەسەردا نەیتەوە. تێکۆشانی گەلی شنگال، کە دووچاری کۆمەڵکوژی ببوونەوە و ئەزموونی ئازارێکی مەزنی کرد، بۆئەوەی جارێکی دیکە دووچاری کۆمەڵکووژی لەو شێوەیە نەیەتەوە، زۆر مافدار و ڕەوایە. لەگەڵ ئەوەی دۆزی خۆپاراستن و خۆبەڕێوەبردنی گەلی شنگال جێگەی نەگرتووە، بە تایبەت لەدژی ڕاوەستەکردن جێگەی قبوڵ کردن نییە و بەهیچ شێوەیەک وەک نیازپاکی شرۆڤە ناکرێت. گەلی ئێزدی لە تەواوی مێژوودا بە هۆی ناسنامە و باوەڕەکەیەوە دووچاری کۆمەڵکووژی بووەتەوە، لە ئێستادا بوونە خاوەن خۆبەڕێوەبەرییەک و هێزی خۆپارێزی پێشلکردنی مافی هیچ کەسێک نییە. بەتەواوەتی خواستێکی ڕەوایە، پێداویستییەکی سرووشتی مرۆڤبوون و کۆمەڵگەیبوونە. دژایەتیکردنی خواستەکانی گەلی شنگال هیچ بنەمایەکی ڕەوا، یاسایی، مافدار و کۆمەڵایەتی نییە. بە پێچەوانەوە خواستەکانی گەلی شنگال لە ڕووی یاسای نێونەتەوەیی، یاسا و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، لە ڕووی بەها گەردوونییەکانی مرۆڤایەتی، ئەخلاق و ویژدانییەوە پێویستە پشتوانیکردنە. درووسترین چارەسەر بۆ دەوڵەتی عێراق ئەوەیە پرسی شنگال لەسەر بنەمای مسۆگەرکردنی خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستنی گەل چارەسەر بکرێت. ڕێگەی درووست چارەسەرکردنی لەم شێوەیەیە هاوکات پێویستییەکی دەستووری بنەڕەتی عێراقە. جارێکی دیکە قوربانییەکانی کۆمەڵکوژی ٣ـی ئاب بەبیردەهێنینەوە و لە قوڵای دڵەوە سڵاو لە گەلی گەلی شنگال دەکەین کە لەبەرانبەر ئەم هێرشە دڕندانەیە بەرەنگار بوونەوە و خۆیان پاراست. مێژوو نەک بە تەنها کۆمەڵکوژی، هاوکات بەرخۆدان و قارەمانێتی گەلی شنگالیشی نووسییەوە. لەوباوەڕەداین ئەم بەرخۆدانە بە پێشەنگایەتی گەنج و ژنان لە ڕێگەی پرۆسەی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ەوە گەلی ئێزدی بەرەو ئازادی دەبات.”

لەڕاگەیەندراوێکیاندا کۆمپانیاى سۆمۆ، جەختى لەسەر ئەوەکردوەتەوە کە نەوتى عێراق مەحاڵە بەقاچاخ بفرۆشرێت و دەلێت: هیچ شێك لەوبارەیە بوونی نییە، بەڵکو مەحاڵە قاچاغچێتی بكرێت لە سایەی هەماهەنگی و هاوکاری بەردەوامی نێوان کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت و دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان. كۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت: میدیاکان بەڵگەنامەیەکی فەرمی دزەپێکراوی نایاسایی سۆمۆیان بڵاوکردووەتەوە، ئاڕاستەی هەندێک لایەنی ئەمنیی پەیوەنداری کردبوو، کە ناوەڕۆکەكەی پەیوەندیدارە بە ئاشکراکردنی ئەنجامی ئەو بەرنامە بەدواداچونانەی کە کۆمپانیا بەکاریدەهێنێت بۆ چاودێریکردنی جوڵەی نەوتهەڵگرە دەرچووەکان كە نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی عێراقیان هەڵگرتووەو بەگوێرەی رێكارەكان هەناردەكراوە  لەلایەن کۆمپانیاکەوە، بۆ دڵنیابون لەوەی کە کۆمپانیا کڕیارەكان پابەندن بە مەرجەکانی گرێبەستەکانیان. سۆمۆ دەڵێت: تێگەیشتنێکی هەڵە لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە لەلایەن میدیاکانەوە هەیە، بەو پێیەی بەڵگەنامە فەرمییە دزەپێکراوەکە بە پرسێكی ئاسایی (رۆتین)ی کارکردنی توندوڵ دادەنرێت کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین جار دەرچووە، هەرکاتێک لە بەرنامەکانی بەدواداچووندا ناوی ئەو نەوتهەڵگرانە ئاشکرا بکرێت کە لە کۆمپانیاکەدا تۆمار نەکراون بەوەی كە رێگەی بارکردنیان پێنادرێت، لە پێگە جیهانییەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت ، دواتر تەواوی لایەنە ئەمنیە پەیوەندیدارەكان لەسەر زەوی ئاگادار دەكرێنەوە تا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکەن و راستی  و مەبەستی ئامادەبونیان دەستنیشان بكەن. كۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بەوەشکردووە: بەداخەوە بەهۆی نەبوونی پسپۆڕی، یان بەهۆی ئەوەی سروشتی بەڵگەنامەکە بۆ میدیا نەبووە، بەڵکو لە نێوان کۆمپانیاکەمان و لایەنەکانی دیکەدا كە ئاستێکی بەرزی هەماهەنگی و تێگەیشتنێکی هاوبەش هەیە لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە و ئەرکی جێبەجێکردنی، هەندێک کەناڵی میدیایی و پێشکەشکارانی بەرنامەكان و هەندێك بەناو شارەزا، کە زانیاری و ئەزموونی وردیان نییە لەگەڵ ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە بەپێچەوانەی لێکدانەوەی بەڵگەنامەکە، بانگەشەی ئەوەیان كردووە کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت دان بە قاچاغچێتی و تێکەڵکردنی نەوت و پێكهاتەكانیدا دەنێت لە بەندەرەکانی عێراق و ئاوە هەرێمایەتیەكانی. جەختیشكردووە: ئەمە پێچەوانەی راستییەکانە، هیچ شێك لەوبارەیە بوونی نییە، بەڵکو مەحاڵە قاچاغچێتی بكرێت لە سایەی هەماهەنگی و هاوکاری بەردەوامی نێوان کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت و دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان و هاوبەشکردنی هەر زانیارییەک کە دەبێتە هۆی پاراستنی ئاوە هەرێمایەتیەكانی عێراق و بەندەرەکانی بارکردن و بەتاڵكردنی تیایاندا.

مەسعوود پزیشکیان ئەمڕۆ شەممە، پێش ئەوەی بەرەو پاکستان بڕوات، ڕایگەیاند: "لەگەڵ شاندێکی باڵا لەسەر بانگهێشتی سەرۆک وەزیرانی پاکستان، شەهباز شەریف، گەشت بۆ ئەم وڵاتە دەکەم". سەرۆک کۆمارى ئێران ئەوەشى زیاد کرد: پێوەندی باش، دڵسۆز و قووڵی نێوان ئێران و پاکستان لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم وڵاتە خۆشەویستە درێژەی هەبووە؛ ئەو پەیوەندیانە لەبوارى ئابووری، زانستی، فەرهەنگی و سنوورییەکان جێبەجێ دەکرێن و پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان خەڵکی ئێران و خوشک و برا خۆشەویستەکانمان لە پاکستاندا هەیە. پزیشکیان باسی بەهێزکردن و پەرەپێدانی بازرگانی سنووری لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانی و دەریاییەوە لەگەڵ پاکستان کرد وەک یەکێک لە ئەولەویەتەکانی ئەم گەشتە و دەشڵێت: لە ڕێگەی پاکستانەوە دەتوانین پەیوەندی بە ڕێگای ئاوریشمی نێوان چین و پاکستانەوە بکەین و ئەم ڕێگایە دەتوانین لە ڕێگەی ئێرانەوە بە ئەوروپاوە ببەسترێتەوە. سەرۆک کۆمار پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و پاکستانی بە باشی هەڵسەنگاند و جەختی لەوە کردەوە: پلانمان هەیە بۆ زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانمان بۆ ١٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا. هەر لەوپەیامەیدا سەرۆک کۆمارى ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجمان پاراستنی یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان ئێران و پاکستانە، جەختی لەوە کردەوە: دوژمن پلانی هەیە بۆ دروستکردنی ناتەبایی لەنێوان موسڵمانان و ان شاءاللە هەوڵی پووچەڵکردنەوەی پلانی دوژمن دەدەین. ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو لە پرۆسەی نادادپەروەرییەکان و دەسدرێژکاری ترسنۆکانەی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا بۆ سەر خاکی خۆشەویستی ئێران کە دژی یاسا نێودەوڵەتییە، پاکستان یەکێک بوو لەو وڵاتانەی بە توندی ئەم دەستدرێژییەی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە هەر پاڵپشتییەکی پێویست بۆ یەکپارچەیی خاکی ئێران و هەروەها حکومەت و خەڵکی ئێران پێشکەش دەکات و ئەمەش جێی ڕێزو پێزانینە. پزیشکیان زیادی کرد: پرسی ئاسایش و سنوور بۆ ئێمە و بۆ براکانمان لە پاکستان گرنگییەکی زۆریان هەیە و لەم بارەوە گفتوگۆمان دەبێت و هەوڵ دەدەین بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایشی ناوچەکە لە ڕێگەی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتەوە.

  پەرلەمانی عێراق لەبارەی چەند پرۆژە یاسایەکەوە کۆدەبێتەوە، لە یەکێک لە بڕگەکان تاوتوێی یاساى ئازادیى رادەربڕین و خۆپیشاندان دەکات. بەگوێرەى  کارنامەی کۆبوونەوەکە، دەنگدان و خوێندنەوە بۆ نۆ پرۆژە یاسا دەکرێت، یەکێک لەو پرۆژە یاسایانەی لە شەقامی عێراقی کاردانەوەی لێکەوتووەتە و بەشێک لە چالاکان دژین، پرۆژە یاسای ئازادیى رادەربڕین و مافى خۆپیشاندانى ئاشتییانەیە. بەگوێرەی پرۆژە یاساکە، دەبێت بۆ خۆپیشاندان و گردبوونەوەى مەدەنییانە پێنج رۆژ پێشتر لە لایەن کەسێک یان چەند کەسێکەوە مۆڵەتى فەرمی بە نووسراو لەیەکەى ئیداریی ئەو شوێنە وەرگیرابێت و ئامانج و مەبەست، شوێن و کاتى تێدا دیاریکرابێت. بەگوێرەی بڕگەیەکی دیکەی پرۆژەیاساکە، ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە کاتژمێر 10ـی شەو بۆ حەوتی بەیانی قەدەغە دەکرێت. چالاکانی مەندەنی و بەشێک لە شەقامی عێراقی لە ناڕازین لە پرۆژەیاساکە، بە خامۆشکردنی دەنگی ناڕەزایەتی ناوی دەبەن.

ئاژانسى ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە سوریا بەڵێنی داوە لێکۆڵینەوە لە پێکدادان و توندوتیژییەکانی پارێزگای سوەیدا بکات کە مانگی ڕابردوو سەدان کەسی تێدا کوژرا. ئەمەش دووەم گەورەترین ڕووداوى توندوتیژی تائیفییە لە دوای لادانی بەشار ئەسەدی سەرۆکى پێشووى سوریا. لە فەرمانێکدا کە لە ٣١ی تەمموزدا دەرچوو، مەزهەر وەیس، وەزیری دادى حکومەتى کاتى سوریا ڕایگەیاندوە، لیژنەیەکی حەوت کەسی - کە دادوەر و پارێزەر و بەرپرسێکی سەربازیی تێدایە - بەدواداچوون بۆ ئەو هۆکارەکان و ئەو هەلومەرجە دەکەن کە بووەتە هۆی "ڕووداوەکانی سوەیدا" و لە ماوەی سێ مانگدا ڕاپۆرتەکەیان ئامادەکەن. لیژنەکە لێکۆڵینەوە لە هێرش و پێشێلکاریانەش دەکات کە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی تۆمارکراوەو هەر کەسێک کە سەلمێنرا بەشداری لەو جۆرە هێرشانەدا کردووە، ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێت. توندوتیژی لە سوەیدا لە ١٣ی مانگى ڕابردوو لە نێوان چەکدارانى هۆزەکان و گروپى دروزەکان دەستیپێکرد. هێزەکانی حکومەت بۆ کۆنرۆڵکردن و دامرکاندنەوەی شەڕەکە ڕەوانەى ئەو پارێزگایە کران، بەڵام خوێنڕشتنەکە بەردەوام و زیاتریش پەرەى سەند، ئیسرائیلیش بە ناوی پاراستنى دروزەکانەوە چەند جارێم هێرشی کردە سەر سەربازانی سوریاو بۆردومانى کردن. دروزەکان لقێکی کەمینەی ئیسلامن و شوێنکەوتووانی لە سوریا و لوبنان و ئیسرائیلن. پارێزگای سوەدا زۆرینەی دانیشتوانی دروزن، بەڵام شوێنی نیشتەجێبوونی هۆزە سوننەکانیشە و هاوڵاتیانى ناوچەکەو گروپە جیاوازەکان چەند جارێک گرژیی و ئاڵۆزیی لەسەر زەوی و سەرچاوەکانی تر لەنێوانیاندا ڕویداوە. پێکدادانەکانی سوەیدا، کە لە 13ـی تەممووزەوە دەستیانپێکرد، سەرەتا چەکدارانی دروز و عەرەبە سوننە دەشتەکییەکان رووبەرووی یەکدی بوونەوە، بەڵام بەگوێرەی شایەتحاڵان، شارەزایان و سەرچاوە خۆجێیەکان، هێزەکانی حکومەت لە بەرژەوەندیی دەشتەکییەکان دەستوەردانیان کردووە.   ئاگربەستێک لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارە دەشتەکییەکان لە شاری سوەیدا کشانەوە و هێزەکانی حکومەت لە بەشێک لە پارێزگاکەدا جێگیر کران. لە مانگی ئازارى ئەمساڵدا، سەدان هاوڵاتی مەدەنی عەلەوییەکان کوژران، دوای ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی حکومەت لەناوچە کەنارییەکانی سوریا جێگیرکران. لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان کە دوای کوشتنەکانی مانگی ئازاری مانگی ڕابردوو دامەزرا، ٢٩٨ کەسی گومانلێکراوی ئەنجامدانی پێشێلکاری دژی عەلەوییەکانیان ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کرد. سەرکوتکردنی دڕندانەی ئەسەد لە ساڵی ٢٠١١ لە ناو زۆرینەی سوننەی سوریا بۆ سەر ناڕەزایەتییەکانی دژ بە ئەسەد بوو بە شەڕێکی نزیکەی ١٤ ساڵە. 

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاریی دارایی سەرۆکوەزیرانى عێراق رەتیدەکاتەوە بڕى 62 ترلیۆن دینارى کاش، مشک و جرج خواردبێتیان و دەڵێت، ئەم هەواڵە هیچ راستی و لۆژیکێکى تێدا نییە. دەنگۆی ئەو هەواڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق بڵاوبووەتەوە، راوێژکارەکەی سودانییش وێڕای رەتکردنەوەی دەڵێت، پارەى کاش لە عێراق لە 100 ترلیۆن دینار تێناپەڕێت و ئەوانیش پێکدێن لە پارەى ئاڵوگۆڕ و پارەى یەدەگ، فەوتانی نیوە زیاترى ئەم پارەیەش بەهۆى رووداوێکى لەم شێوەیەوە هیچ لۆژیکێکى تێدا نییە. جەختیش دەکاتەوە لەوەی لە سیستمى کاشى عێراقدا، رێکارى زۆر توند دەگیرێتەبەر و ناکرێت ونبوون و نەمانى بڕێکى لەم شێوەیە بێ چاودێرى و ئاگادارکردنەوە رووبدات. قەبارەی دەرچووی كاشی عێراق 100 ترلیۆن دینار تێپەڕ ناكات بە سوڕاو و یەدەگیشەوە، بۆیە قسەكردن لەبارەی لەناوچوونی نیوەی پارەی كاش بەهۆكاری ژینگەیی یاحود بایۆلۆژییەوە، لەڕووی ئابورییەوە شتێكی مەحاڵەو جێگەی باوەڕ نییە. داتا فەرمییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە نزیكەی 88%ی قەبارەی گشتیی كاش لە دەرەوەی سیستەمی بانكییەو لای تاكەكەسەكانە، ئەمەش بەهۆی كلتوری بۆماوەیی كۆمەڵگەی عێراق لەبارەی دراوەوە، نەك لەناو گەنجینەی یەك دامەزراوەدا بێت كە ئەگەری هەیە توشی ئەم جۆرە لەناوچوونە ببێتەوە.  داوا لە هاوڵاتیان دەكەین دوای هەواڵی هەڵبەستراو نەكەون كە یاریكردن بە عەقڵی خەڵك و هیچ بەهایەكی ئابوری نییەو نالۆژیكییە.

لەکاتێدا نزیکەى هەفتەیەکە ئیسرائیل و وڵاتانى دبکە، لەئاسمان و زەویەوە هاوکارى مرۆیی و خۆراک دەگەیەننە غەززەو کار بۆ ئەوەدەکەن دۆخى هاوڵاتیان باشتربکرێت، بەڵام ئەمە کاتێکی دەوێت تا هەست بە گۆڕانکارییەکە بکرێت.  بەهۆی ئەوەى یارمەتییەکان وەک یەک ناگاتە زۆرێک لە خەڵکی غەززە، هەروەها ناتوانن ئەوەی لە بازاڕەکاندا هەیە بیکڕن، لەئێستادا نرخى زۆربەى خۆراک و پێداویستیەکان دەهێندەى پێش جەنگ بەرزبۆتەوە، بۆ نمونە  کیسەیەک ئاردی کە پێش شەڕ بە ١٠ دۆلار فرۆشرا ئێستا ٣٠٥ دۆلارە. قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە ڕۆژ بەڕۆژخراپتر دەبێت، بەهۆى سەردانەکەی نوێنەری ئەمریکا ستیڤ ویتکۆف بۆ ئیسرائیل و غەززە و سەردانکردنی ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە غەززە بکات دۆخەکە گۆڕانکارى بەسەربێت. ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمز باس لەبەرزبوونەوەی زۆری نرخی کاڵا بەکاربەرییە سەرەتاییەکان دەکات، ئەمەش لەهەمان کاتدا سندوقی یارمەتییەکان بەردەوامە لە دابەشکردنی خۆراک بەسەر خەڵکی غەززداو نزیکەی ١٥٠ پاکێج لە ڕۆژی شەممەوە بە فڕۆکە خراوەتە خوارەوە بۆ ناو غەززە. ڕۆژنامەی تایمز بە کەڵک وەرگرتن لە نموونەی بەهای بەرهەمەکانی پێش جەنگ بە بەراورد بە ئەمڕۆ باس لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی کردووە.  داتاکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کەرتی غەززە - کە لە شاری غەززە و خان یونس و دێر بەلاح کۆکراونەتەوە - دەریدەخەن کە لە ئێستادا کیلۆیەک شەکر لە بازاڕەکاندا بە ١٠٦ دۆلار دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا پێش جەنگ ٨٩ سەنت بوو؛ کیلۆیەک ئاردی بە ١٢ دۆلار دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا پێش جەنگ ٤٢ سەنت بوو؛ کیسەیەکی ئاردی ٢٥ کیلۆیی بە ٣٠٥ دۆلار دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا پێش جەنگ ١٠ دۆلار بوو؛ و ئێستا کیلۆیەک تەماتە بە ٣٠ دۆلار دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا پێش جەنگ ٥٩ سەنت بوو. ڕۆژنامەی تایمز بانگەشەی ئەوە دەکات کە زۆرێک لە دانیشتوانی غەززە هێشتا ناتوانن ئەو هاوکارییە بەدەستبهێنن کە دەخرێنە ناوەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو ئاژاوەگێڕییەی کە لە کەرتی غەززەدا هەیە. لەناچاریدا بەشێک لەوانە لەبازاڕى ڕەشدا ئەو خواردنانە دەکڕن کەئەمەش بۆ هەمووى ئەوە بەردەستنیە، بەهۆی نرخە بەرزەکەیەوە،  تا مانگی ئازاری ڕابردوو، نرخی بەرهەمەکان لە غەززە دابەزینیان بەخۆوە بینی، بەهۆی ئاگربەست و ئەو سەدان بارهەڵگری هاوکارییەی کە دواتر ڕۆژانە دەبرانە شارەکەوە.  لە سەرەتای ئەو مانگەدا، نزیکەی دوو هەفتە پێش شکسهێنانى ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی شەڕ، ئیسرائیل چونە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ ناو غەززە ڕاگرت ، ئەمەش بووە هۆی کەمیی و بەرزبوونەوەی نرخ و دروستبوونى پشێوى. عارف حسێن، سەرۆکی ئابووری بەرنامەی جیهانی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێت: هەرگیز تووشی دیاردەیەکی لەو شێوەیە نەبووم، بەو قەبارەیە. هەروەها نرخی بەرهەمە غەیرە خۆراکیەکانی دیکەش لەناو کەمییەکانیشدا بەرزبووەتەوە: سابونێک بە ١٠ دۆلار دەفرۆشرێت لە کاتێکدا پێش جەنگ ٥٩ سەنت بوو. پاکەتێک لە ٤٠ دایبی بە ١٤٩ دۆلار دەفرۆشرێت لە کاتێکدا پێش جەنگ ٨.٦١ دۆلار بووە؛ نرخی لیترێک سووتەمەنی گازۆیل ٣٦ دۆلارە لە کاتێکدا پێش جەنگ ١.٨٧ دۆلار بوو؛ و 400 گرام خۆراکی منداڵان نرخی 51 دۆلارە، پێش جەنگ 7.43 دۆلار بوو.

دادگای سەربازی حوسییەکان لە شاری سەنعاى یەمەن، حوکمی لەسێدارەدانی بۆ کوڕی ئەحمەد عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆک کۆماری کۆچکردووی یەمەن دەرکرد و بە تۆمەتی "سیخوڕی" دەستی بەسەر ماڵ و موڵک و ماڵی ناوبراویشدا گرت. ئاژانسی هەواڵی یەمەن (سەبا) کەسەر بەحوسییەکانەو ئەوان بەڕێوەى دەبەن،  بڵاویکردەوە، دادگای سەربازیی ناوەندی بڕیاری خۆی لە دژی ئەحمەد عەلی عەبدوڵڵا ساڵح دەرکردووە و بە "تاوانەکانی خیانەت، هاوکاری و سیخوڕی لەگەڵ دوژمن، هەروەها تاوانی گەندەڵی، سزای لەسێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی خۆی" سزا داوە. هەروەها لە بڕیارەکەدا "وەرگرتنەوەی ئەو پارانەی کە گەندەڵی تێدا کراوە، جگە لە سزای زیادەی دیکەی پەیوەست بە پۆستە گشتییەکان"، بەپێی ئاژانسەکە دیاری کراوە. تا ئێستا هیچ لێدوانێک لە نووسینگەی کوڕەکەی ساڵحەوە بڵاونەکراوەتەوە. فەریق ئەحمەد، کوڕە گەورەکەی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی کۆچکردووی یەمەنە، کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن گرووپی حوسییەکانەوە کوژرا، خاوەنی چەندین خوشک و برا (شەش کوڕ و هەشت کچ)ە.  ساڵی 1972 لە شاری سەنعای پایتەخت لەدایک بووە و خوێندنی فەرمی لەوێ تەواو کردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستەکانی بەڕێوەبردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ماستەری لە ئوردن بەدەستهێناوە. هەروەها خولی جۆراوجۆری زانستە سەربازییەکانی لە هەردوو وڵات وەرگرتووە. ئەزموونێکی کورتی لە بواری سیاسیدا هەبوو، کاتێک خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە قەزای (11)ی پایتەختی سەنعا کاندید کرد، کە بە شێوەیەکی سەرسەختانە سەرکەوتنی بەدەستهێنا.  لە ساڵی ١٩٩٩ دەستی کرد بە دامەزراندنی هێزی تایبەت، کە دواتر فەرماندەیی گرتە ئەستۆ و ڕاهێنان و پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەمریکی وەرگرت. پاشان سەرکردایەتی هێزەکانی پاسەوانی کۆمارییەکانی یەمەن کرد کە لە نزیکەی ١٧ لیوا پێکهاتبوون و بڕبڕەی پشتی ڕژێمی دەسەڵاتداری باوکییان پێکهێنا کە بۆ ماوەی ٣٣ ساڵ بەردەوام بوو و بە باڵادەستی چۆنایەتی لە مەشق و ئامێرەکاندا لە نێوان هەموو یەکەکانی هێزە چەکدارەکانی یەمەن جیا بووەوە. دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمی باوکی لە ساڵی 2012، عەبد ڕەبو مەنسور هادی، سەرۆککۆماری پێشووی باوکی لە پۆستە سەربازییەکەی دوورخستەوە و لە ساڵی 2013 وەک باڵیۆزی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی دەستنیشانکرد، ئەو پۆستەی تا ساڵی 2015 لە کارەکەی دوورخستەوە.

لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئێستا هیچ شوێنێکى ئارام نەماوە لە عێراق بۆ تیرۆر، خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان کۆنترۆڵی تەواویان بەسەر هەر بستە خاکێکى جوگرافیای عێراقدا سەپاندووە، لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمساڵ دەریانخستووە کە 90%ی قوربانییەکانی داعش لە ناوچە دوورەدەستەکانی دوور لە شارەکان ڕوویانداوە. یاسر ئەسکەندەر پەرلەمانتاری لیژنەکە ڕاگەیاند، "دۆخی ئەمنی لە ساڵی 2025 باشترین حاڵەتە کە لە ساڵی 2003ەوە بووە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "دەستەواژەی 'ناوچە نەرمەکان' شتێکی ڕابردووە و چیتر هیچ زەوییەک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت نییە، تەنانەت بە یەک مەتریش". دوای چەندین ساڵ لە تەحەددای ئەمنی، بەتایبەتی لە پشتێنەی بەغدا و پەراوێزی پارێزگاکانی ڕۆژئاوا و باکوور، وڵاتەکە گۆڕانکاریی چۆنایەتی لە بواری هەواڵگری و ئەدای سەربازیدا بەخۆیەوە بینی.  زەوییە ناڕێکەکان و هەندێک ناوچەی بیابان لە مێژە کەلێنێک بوون کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی خۆیان و دەستپێکردنی هێرشی لەناکاو دەقۆزنەوە. ڕوونیشیکردەوە، "زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەهێشتنی گروپەکانى داعش لە حەشارگە و حەشارگە بیابانییەکاندا ئەنجامدراون کە دەیان کیلۆمەتر لە نزیکترین گوندەوە دوورن. ئەم لێدانە وردانە بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس، لەنێویاندا نزیکەی 20 سەرکردەی دیار".  ئەو پەرلەمانترە ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەرکەوتنی ئەم ئۆپەراسیۆنانە ڕەنگدانەوەی وردی زانیارییە هەواڵگرییەکان و کاریگەریی هێرشە ئاسمانییەکانە". ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی کردەوە کە "هێزی ئەمنی و باشتربوونی ئەدای هەواڵگری، پێوەرەکانی سەقامگیری لە وڵاتەکەدا بەرزکردووەتەوە بۆ ئاستێکی بێ وێنە".

بارۆن بارسلاڤسکی، سەربازێکی تەمەن ٢٢ ساڵەی ئیسرائیلی کە لە غەززە دەستگیرکراوە، داوای بێ ئومێدانەی ئاراستەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە و دوای زیاتر لە ١٥ مانگ لە ئەوەی بە "جەهەنەم و ئازارێکی بێکۆتایی" وەسفی کردووە، داوای ئازادکردنی دەکات. لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەلایەن لیواکانی قودس باڵی چەکداری بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستین بڵاوکراوەتەوە، بارسلاڤسکی ڕاستەوخۆ بانگەوازی ئاراستەی سەرکردایەتی ئیسرائیل کردووە و دەڵێت: خوێنی من لەسەر دەستەکانتە نەتانیاهۆ، کوا بەڵێنەکانت بۆ ئازادکردنمان؟ ئەو سەربازە بە وردی باسی لە تێکچوونی بارودۆخی دیلبوونی خۆی کرد و ئاماژەی بە کەمیی زۆری خۆراک و ئاو و دەرمان کرد بەهۆی بەردەوامی گەمارۆکانی سەر غەززە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "من بە سادەیی ناخۆم و ناخۆمەوە. لێرە خواردن نییە. خواردن کەم بووە و بەزەحمەت دەتوانین بەدەستی بهێنین". بارۆن بارسلاڤسکی باسی تێکچوونی باری تەندروستی خۆی دەکات و دەڵێت "هەست بە باشی ناکەم، ئازارم لە پێ و دەستەکانم هەیە، هەر جارێک هەوڵ دەدەم هەستم و بچمە حەمام هەست بە سەرگێژخواردن و کەوتن دەکەم، ناتوانم هەناسە بدەم و ناتوانم بەردەوام بم لە ژیان". زیندانییەکە کەمبوونەوەی بەرچاوی بڕی ئەو خۆراکانەی ئاشکرا کردووە کە بۆی دابینکراوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە "لە بەیانییەوە تا شەو هیچ شتێک نییە"، هەروەها "تەنها سێ ساندویچی فەلافێل بە درێژایی ڕۆژ" یان "بەزەحمەت چەند کەوچکێک برنج" دەخوات. دەشڵێت: دوو هەفتەیە خۆم نەشریوە، چونکە ئاو نییە، چەند مانگێکە ئیسرائیل  ئاوی بۆ غەززە بڕیوە. ئاماژەی بەوەشکرد، تووشی حاڵەتێکی نەناسراوی پێست بووە، باری جەستەیی و دەروونی خۆی بە ترسناک وەسف دەکات و دەڵێت: بەدرێژایی ڕۆژ ئازارم هەیە. ئەو سەربازە ئیسرائیلی وتیشى: نەتانیاهۆ بەرپرسیارێتی نەخۆشی و خوێنی من لە ئەستۆ دەگرێت. دیله ئیسرائیلییه هه ڕوه ها له وتووێژه ی ئیتامار بن گڤیر وه زیری ئاسایشی نه ته وه یی ئیسرائیلی کرد و وتی: له هه ڵبژاردنی ڕابردوودا ده نگی پێداوه . - من دەنگی خۆمم پێدایت بن گڤیر، نەک بۆ ئەوەی لێرە بەجێم بهێڵیت تا لە غەززە بمرم، بۆچی وازت لێهێناین؟

بەبڕیاى دۆناڵد ترەمپ، سبەینێ، دووبەرپرسى باڵاى ئەمریکا سەردانى ئیسرائیل و غەززە دەکەن، بەمەبەستى بەدواداچوون بۆ ئاگربەست و چۆنیەتى گەیشتنى هاوکارییە مرۆییەکان بەخەڵکى برسى غەززە. وتەبێژى کۆشکی سپی ڕایگەیاند  سبەی مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، سەردانی غەززە دەکەن و پێداچوونەوە بە گواستنەوەی هاوکارییەکان دەکەن و چاویان بە هاووڵاتیانی غەززەش دەکەوێت. ویتکۆف و هاکابی سەردانی ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ دانیشتوانی کەرتی غەززەدا دەکەن، ئەمشەو ویتکۆف و هاکابی گفتوگۆیەکی زۆر بنیاتنەریان لەگەڵ نەتانیاهۆ و بەرپرسانی دیکەى حکومەتى ئیسرائیل سەبارەت بە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە ئەنجامداوە. ماڵپەڕی ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی باڵاى ئیسرائیل، ڕایگەیاند بنیامین ناتانیاهۆ، لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، سەبارەت بە چونیەتى ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس گفتوگۆیان کردوە کە وردە وردە و بەش بەش هەنگاو بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیر تاوتوێ کراوە. هاوکات ئەوەشخراوەتە ڕوو تەلئەبیب و واشنتۆن کاردەکەن بۆ زیادکردنی هاوکارییەکان بۆ غەززە لەکاتێکدا سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە شەڕو ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى. لەگەڵ واشنتۆن لێکتێگەیشتنێک دەکرێت بۆ ئەوەی بەرەو چوارچێوەیەک بۆ ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و چەکداماڵینی حەماس هەنگاو بنێن. ویتکۆف دوای سەردانەکەی بۆ غەززە لەگەڵ ترامپ قسەدەکات بۆ پەسەندکردنی پلانی کۆتایی دابەشکردنی یارمەتییەکان. دوای ماوەیەکی کەم لەسەردانەکەى ویتکۆف بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆیدا پەیامێکى بڵاوکردەوە، نوسیویەتى: خێراترین ڕێگە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانە مرۆییەکان لە غەززە ئەوەیە، حەماس تەسلیم بێت و بارمتەکان ئازاد بکات. ئەمەش لەکاتێکدایە ترامپ لەگەڵ سەرکردەکانی فەرەنسا، کەنەدا و بەریتانیا ناکۆکە لەسەر دانپێدانان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی.