فاتح ئەربەکان: لەگەڵ ئازادکردنی دەمیرتاشین

3 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ  دەڵێ، دژی ئەوەن شاندێکی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری بچێتە ئیمراڵی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببێتەوە. پێشنیازی کرد، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە ئەو پێشنیازەی کردووە، با خۆی بچێتە ئیمراڵی.

فاتح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، رۆژی پێنجشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2025 لەگەڵ نوێنەرانی ئەنقەرەی دەزگاکانی راگەیاندن کۆبووەوە.

ئەربەکان، داوای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپای کرد سەبارەت بە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و گوتی: "ئەگەر وەکو دەوڵەت رێککەوتنێک واژۆ کرابێت و پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا راگەیێندرابێت، ئەوا لە رووی یاساییەوە بەم شێوەیەیە، ئەگەر پێویستییەک هەبێت، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە و ئەنجامدانی ئەو ئازادکردنە گونجاو دەبێت."

دوای رەتکردنەوەی تانەی تورکیا لە بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سەبارەت بە دادگاییکردنی دەمیرتاش بەبێ ئەوەی دەستبەسەر بێت، ئێستا چاوەکان لەسەر دەسەڵاتی دادی تورکیان بۆ ئەوەی بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاش بدات.

ئەردۆغان، سەبارەت بە بڕیارەکە گوتبووی: "دەسەڵاتی دادوەری چی بڵێت، ئێمە پێوەی پابەند دەبین." سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ سەردانی شاندێکی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بۆ ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، فاتیح ئەربەرکان رایگەیاند، ئەوان دژی ئەوەن.

ئەربەکان ئاماژەی بەوەدا، ئەوان روانگەی "ئەگەر ئیمراڵی ناتوانێت بێتە پەرلەمان، با پەرلەمان بنێرینە ئیمراڵی" بەڕاست نازانن و گوتی: "پێشتر باسمان کردبوو، ئەگەر زۆر خواستی چوون هەبێت، پێویستە بەڕێز دەوڵەت باخچەلی کە لەم بابەتەدا زۆر بە پەرۆشە، بچێتە ئیمراڵی. بە راستی نازانین کۆمیسیۆنەکەی نێو پەرلەمان بە نوێنەرایەتیی پەرلەمان بچێتە ئەوێ."

دەوڵەت باخچەلی، رۆژی سێشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان رایگەیاند، چوونی ئەو پەرلەمانتارانەی لە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن بۆ ئیمراڵی و وەرگرتنی پەیامە پێویستەکان راستەوخۆ لە ئۆجەلانەوە، پرۆسەکە زۆر بەهێزتر دەکات و مەهەپە ئامادەیە بەشداریی شاندێکی لەو شێوەیە بکات. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار