شەوى ڕابردوو ئێرانییەکان بەچڕى هێرشیانکردە سەر چەند ناوچەیەکى ئیسرائیل و بەتایبەتى تەلئەڤیڤ، سوپای ئیسرائیلی رایگەیاند تائێستا لانیکەم ١٠ کەس، کە منداڵیشیان تێدایە، کوژراون و خەوت کەسیى دیکەش بێ سەروشوێنن و نزیکەی 200 کەسی دیکەش برینداربوو، هاوکات، ملیۆنان ئیسرائیلی لە سەرانسەری وڵاتدا "بەرەو پەناگەکان ڕیانکردوەو خۆیان خەشارداوە. فەرماندەیەکی سوپای ئیسرائیلىش ئەوەى خستوەتەڕوو ئێستا رۆژانێکی سەختمان لەپێشەو شەوى ڕابردوو سەختترین شەوى سەرەتای جەنگەکەبووەو دەیان مووشەک ئاراستەی ناوەندی ئیسرائیل کرا. باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە بات یام و ڕێهۆڤۆت - وێرانکارییەکی بەرفراوانى بەخۆیەوە بینیوەو نزیکەی ٢٠٠ بریندار هەیە، مووشەکێک ڕاستەوخۆ بەر ماڵێک لە تەمرە کەوتوەو چوار کەس لە یەک خێزان کوژران، هەروەها پەیمانگای وایزمان لێی دراوەو تاقیگاکانى ئاگریان گرتوە. هێزی ئاسمانی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند سەرلەبەیانی ئەمڕۆ حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانى لە ماوەی یەک کاتژمێردا خستوەتە خوارەوە. بەپێی دوایین خەمڵاندنەکانی سوپاى ئیسرائیل کەبە کەناڵی 12 ئیسرائیلیان وتوە لە دوو شەوی رابردوودا ئێران نزیکەی 80 مووشەکەی بالیستیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە. لە یەکەم هێرشیدا نزیکەی ٤٠ مووشەک بەرەو باکووری ئیسرائیل، یەک موشەک لە شارۆچکەی تەمرا بەر ماڵێک کەوت و بەهۆیەوە چوار هاوڵاتی مەدەنی کوژران. لە دووەم هێرشی نزیکەی ٣٥ مووشەکدا بۆ سەر ناوەڕاستی ئیسرائیل، موشەکێک بەر بات یام کەوت و لانیکەم شەش هاوڵاتی مەدەنی کوژران و نزیکەی ٢٠٠ کەسیش برینداربوون و یەکێکی دیکەشیان بەر ڕێهۆڤۆت کەوت و ٤٠ کەسی دیکە برینداربوون. بەپێى میدیاکانى ئیسرائیل، لەنێو کوژراوەکاندا: کوڕێکی تەمەن ٦٩ ساڵ و ٨٠ ساڵ و کچێکی تەمەن ١٠ ساڵ و کچێکی تەمەن ٨ ساڵ هەیە.

  هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی پێکدادانەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ سێیەمین ڕۆژی لەسەریەک، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتیکردەوە کە هەڵکوتانە سەر ئیسڕائیلەکانی وڵاتەکەی مافێکی ڕەوایە. ناوبراو لە وتارێکدا کە ڕۆژی یەکشەممە پێشکەشی کرد، وتی: وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافێکی ڕەوایە. ناوبراو هەروەها جەختی کرد کە هێرشەکانی ئێران بەردەوام دەبن و وتی: قەوارەی زایۆنی بە هێرش کردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێمە هێڵی سووری نێودەوڵەتیی بڕی. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد پەیامێکمان لە ئەمریکاوە پێگەیشت کە تیایدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە دەستی لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا نەبووە. جگە لەوەش وەزیری ئێران دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی "بەڵگەی پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لەم هێرشانەدا" هەیە. ئەو پێی وابوو هێرشی ئیسرائیل بەبێ گڵۆپی سەوز و پاڵپشتی ئەمریکا ڕووی نەدەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشى: هێرشەکانی ئیسرائیل بە ئامانجی ئەوەیە ئێمە لە دانوستانەکان دەربکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، هۆشداریدا بە ئێران لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشانەوە نەبووە کە کراونەتە سەر ئێران، بەڵام هاوکات هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی ئێران کرد کە هەڕەشە لە ئەمریکا بکات و جەختیشی کردەوە کە دەتوانێت بە ئاسانی کۆتایی بە ململانێی خوێناویی نێوان ئێران و ئیسرائیل بهێنێت. ترەمپ لە لێدوانە رۆژنامەوانیەکەیدا رایگەیاند: ئەگەر لەلایەن ئێرانەوە هێرشمان بکرێتە سەر، بەوپەڕی هێز و بە ئاستێکی بێ وێنە وەڵام دەدەینەوە.  ئاماژەی بەوەشکرد: ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکەی شەوی رابردووەوە نەبووە بۆ سەر ئێران، وتیشی: دەتوانین بە ئاسانی بگەینە رێککەوتن لەنێوان ئێران و ئیسرائیل و کۆتایی بەم ململانێیە بهێنین. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە شەڕی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە سێیەم رۆژی خۆیەوە و تاوەکو دێت گرژییەکان زیاتر دەبن.

  پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت ئەم شەڕە شەڕی دەسەڵات و ململانێی بەرژەوەندییەکانی نێوان هێزەکانە نەک شەڕی ڕزگارییخوازی بۆ کۆمەڵگە و گەلان. لەڕاگەیەندراوێکیدا لەسەر شەڕى نێوان ئیسرائیل و ئێران، پژاک ئەوە دەخاتە ڕوو ئێمە داوای هاوکاری هەموو هێز و پارت و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکەین بە سەرکردایەتی ژنانی ئێران بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” و لەم ڕووەشەوە ئامادەیی خۆمان بۆ ئەم دەستپێکردنە ڕادەگەیەنین. دەقی ڕاگەیاندراوەکەی پژاک بەمشێوەیەیە: “وتارێک بۆ ڕای گشتیی لە دوێنێوە ١٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ئیسرائیل هێرشی قورسی بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمی، سەربازی و فەرماندەییەکانی ئێران دەستپێکردووە، بەتایبەتی بۆ سەر ناوەند و کەسایەتییەکانی سەر بە سوپای پاسداران. هێرشە پێچەوانەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە ئاستێکدا نییە بتوانێت ڕۆڵی بەربەست لە  بەرامبەر گورزە کوشندەکانی ئیسرائیلدا بێت. ئەم شەڕە کۆتا گورزی سیستەمی دەسەڵاتی جیهانییە دژی دەسەڵاتی ئێران و بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی بەتەواوی مەترسی و کاریگەرییە ئەگەرییەکانی ڕژێمەکە کۆتایی پێدێت. بێ گومان ئەمە پرۆسەیەکی کورتخایەن نییە و بەشی سەرەکییە لە جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، کە دەرئەنجامی سیاسەتەکانی سێدارە، سەرکوتکردن، هەڵاواردن، گەندەڵی و ڕووتاندنەوە، بێهیوایی و ڕق و کینەی کۆمەڵگە و خەڵکی ئێرانە بۆ ئەو سیستەمە کە ئەوانی ناچار بە دژایەتیکردنێکی تەواو ڕادیکاڵ و ڕەتکردنەوەی ڕژێمەکە کردووە.  دەربڕینی خۆشحاڵی گەلی ئێران بۆ لاوازبوونی ئەو جۆرە دەسەڵاتە بەو مانایە نییە کە کۆمەڵگەی ئێرانی هەموو هیواکانیان لەسەر ئەنجامی شەڕێکی لەو شێوەیە هەڵچنیوە. ئەم شەڕە شەڕی دەسەڵات و ململانێی بەرژەوەندییەکانی نێوان هێزەکانە نەک شەڕی ڕزگارییخوازی بۆ کۆمەڵگە و گەلان. ئەم جەنگە ململانێی دەسەڵات و بەرژەوەندییە ناکۆکەکانی هێزەکانە نەک شەڕی ئازادی کۆمەڵگە و نەتەوەکان. ئەم جەنگە لە ئەنجامی سیاسەتی شەڕانگێزی و فراوانخوازانەی کۆماری ئیسلامی سەریهەڵدا، بەبێ گوێدانە ئازارەکانی گەلی ئێران.  باجی شەڕخوازی فەرمانڕەواکانی کۆماری ئیسلامی لە ئەستۆی ئەو کەسانەیە کە لە قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابوورییدا تێوەگلاون، ژمارەی زۆری قوربانییانی مەدەنی بەتایبەتی ژن و منداڵ لە ئێران و ئیسرائیل لەو هێرشانەدا ئەو ڕاستییە دەردەخات کە ژیانی خەڵک لە ڕوانگەی حکومەتەوە بایەخ پێنادرێت. گەلان و کۆمەڵگەکانی ئێران ناچار نین لە نێوان دوو بژاردەی شەڕ و قبوڵکردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری.  پارتی ژیانی ئازادی کوردستان وێڕای دژایەتی سەپاندنی شەڕ بەسەر گەلی ئێراندا، جەخت لەسەر تێکۆشانی دیموکراتیکی ئەو گەلانە دەکاتەوە. ئەوەی ئازادی دەخاتە ئاسۆی داهاتووی گەلی ئێرانەوە، تێکۆشانی دیموکراتیک و شۆڕشی ناوازەی ژن، ژیان، ئازادییە.  بێگومان بۆ بەدیهێنانی شۆڕشی دیموکراسی گەلەکەمان یەکگرتن و هاوکاری سەرجەم تاکەکانی ئازادیخواز و هێزە دیموکراتییەکان و تێکۆشەرانی گەلان و ژنان و ناسنامەکان پێویستە. زۆر گرنگە هاوکاری حزبە کوردییەکان و گواستنەوە لە چەمکی حوکمڕانی حزبییەوە بۆ بەڕێوەبردنی جەماوەری کوردستان، بەئەرکێکی مێژوویی دەزانین لەم قۆناغە هەستیار و یەکلاکەرەوەیەدا، ئێمە داوای هاوکاری هەموو هێز و پارت و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکەین بە سەرکردایەتی ژنانی ئێران بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” و لەم ڕووەشەوە ئامادەیی خۆمان بۆ ئەم دەستپێکردنە ڕادەگەیەنین. ئێمە پێمانوایە گواستنەوە بۆ کۆماری دیموکراتی ئێران لە ئەنجامی گۆڕانی تێڕوانین و دوورکەوتنەوە لە دەسەڵاتخوازی و ناسیۆنالیزم و پیاوسالاریی و مەرکەزیەت دەگونجێت و تاکە بژاردەیە بۆ ئایندەیەکی سەقامگیر و دیموکراسی بۆ وڵاتی ئێران.  هەروەها ڕایدەگەیەنین کە بەرگریکردن لە گەلەکەمان و گەلانی دیکەی ئێران لە بەرامبەر هەر جۆرە سەرکوتکردن و هەڕەشەی کۆمەڵکوژی بە ئەرکی خۆمان دەزانین و لە چوارچێوەی بەرگری ڕەوادا بەرگری لە ماف و بوونی خۆمان دەکەین داوا لە سەرجەم خەڵکی ئێران و بەتایبەتی خەڵکی کوردستان دەکەین کە خۆیان لە شێوەی ڕێکخراوی جەماوەری دیموکراتیدا ڕێکبخەن و کاریگەرییە وێرانکەرەکانی جەنگ لەسەر یەکتر کەم بکەنەوە و هاوپشتی تەواویان هەبێت پێکهێنانی گرووپی پشتیوانی بۆ قوربانییانی جەنگ، کۆمیتەی خۆجێی بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووان، کۆمیتەی هاوکاری دارایی و هەروەها بە دامەزراندنی بەڕێوبەرایەتی خۆجێی و دوورخستنەوەی بەکرێگیراوانی دەوڵەت لە کاریگەری لەسەر خەڵک دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی خۆبەڕێوەبردن و دیموکراسی. لەم ڕووەشەوە داوا لە سەرجەم وڵاتپارێزان و ئازادیخوازان و ئەندامانی پارتەکەمان دەکەین هاوکاری بکەن.

میدیا ئێرانییەکان دەڵێن، بەرهەمهێنانی غاز لە چەند دامەزراوەی ئێرانی ڕاگیرا کە لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی کرایە سەر بەفرۆکەى بێ فڕۆکەوان. ئاژانسى تەنسیمى ئێرانى بڵاویکردەوە، دوو تەقینەوە لە کەرتی غازی ئەو وڵاتە ڕوویداوە، کە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی پێکدادانی فڕۆکە بچووکەکانى ئیسرائیلەوە بووە. لەدواى بۆردوومانەکە ئاگر لە یەکێک لە چوار یەکەی قۆناغی ١٤ی ساوس پارس کەوتووەتەوەو ئەو بەشە لەکارکەوتووە، بەڵام سێ یەکەی دیکەی ئەم پاڵاوگەیە بە تەواوی کاردەکەن و بەرهەمهێنانی غاز لە قۆناغی ١٤ی ساوس پارسەوە بەردەوامە. بەوتەى ئاژانسەکە تیمەکانى فریاگوزارى و بەرگرى شارستانى بە خێرایی کاریانکردوەو کۆنتڕۆڵى ئاگرەکەیان لەو پاڵاوگەی کردوەو نەیاهێشتوە بگاتە سێ یەکەکەى دیکە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە بۆ بەشەکانی دیکە کراوە. پاڵاوگەی فەجر جەم یەکێکى دیکە بووە لەو وێستگانەى کراوەتە ئامانج و بەهۆى بۆردوومانەوە لەکارکەوتووەو کۆمپانیای نیشتمانی غازی ئێرانیش بەدواداچوون بۆ زەرەرو زیانەکەى  ڕووداوەکە دەکات. ڕێژەیەک لە غازی بەرهەم هێنراوی وڵات ڕەوانەی ئەم پاڵاوگەیە دەکرێت. بەرەبەیانی رۆژی 13ی حوزەیران ئیسرائیل بە سەدان فڕۆکەی جەنگی و درۆن هێرشی کردە سەر ئێران و دەیان سەرکردە، زانای ئەتۆمی و هاووڵاتیی مەدەنیی ئێرانی کوشت. لە وەڵامدا شەوی رابردوو ئێران بە مووشەکبارانی تەلئەڤیڤ و ناوچەکانی دیکەی ئیسرائیل و بەکارهێنانی چەندین درۆن، وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە.  

  ئێفی دێفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ناوچەیەکی ئازادیان لە رۆژئاواى ئێرانەوە تاوەکو تاران دەستەبەرکردووە، بە مەبەستی ئاسانکاریی چالاکییە ئاسمانییەکان و پوچەڵکردنەوەی هەڕەشەکان بۆ سەریان. گوتیشی، بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی دوێنێی ئێران بۆسەر ناوچەکانی دانیشتووان لە ئیسرائیل، سێ هاوڵاتیی سڤیل کوژراون و 76ی دیکەش برینداربوون. ئێفی دێفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتیشی، بەردەوامدەبین لە هەموو هەوڵێک بۆ پوچەڵکردنەوەی هەر هەڕەشەیەک و بەهێزکردنی بەرگریمان و کاردەکەین بۆ دابینکردنی باشترین پارێزگاری". لەدوو ڕۆژى ڕابردوودا ئیسرائیل بە چەند قۆناخێک هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئێران و ژمارەیەکی زۆر بەرپرسی سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشتوون. ئێرانیش بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی داوە.  گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلەوە گەیشت و دەڵێت، هێرشەکانیان بەردەوامە بۆ سەر ئێران و چەند شەپۆلێکی هێرشیان تەواو کردووە.    بەپێی ئەو گوتەبێژە، زیاتر لە 150 ئامانج و 400 پێگە پێکراون. هەروەها دەڵێت، بە درێژایی شەو، 70 فڕۆکەی شەڕکەر لەسەر ئێران لە ئەرکدابوون و لە 50 ئامانجیان داوە. ئەو دەڵێت، جگە لە فڕۆکەکان، مووشەکیشیان بەکارهێناوە.   ئەمە بەرفراوانترین هێرشی ئیسرائیلە لەسەر ئێران تاوەکو ئێستا تۆمارکرابێت. گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، فڕۆکە شەڕکەرەکانیان بۆ ماوەی دوو کاژێر و نیو بەسەر ئاسمانی ئێراندا چالاکییان کردووە. 

  بەرپرسێکی باڵای حکومەتى عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەغدا داوای لە تاران کردووە ینکەکانى ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق نەکاتە ئامانج و وەڵامى ئێرانیش ئەرێنیى بووە. سەرچاوەیەکی باڵاى عێراقی کە ناوى ئاشکرا نەکردووە بە ئاژانسى فرانس پرێس ڕایگەیاندوە داوامان لە ئێران کردووە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق نەکاتە ئامانج وەڵامی ئێرانیش ئەرێنی بوو بۆ بەئامانجنەگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. حکومەتى بەغدا هاوپەیمانێکی نزیکی تارانە بەڵام هاوبەشێکی ستراتیژی ئەمریکای دوژمنی سەرەکی ئێرانە کە نزیکەی ٢٥٠٠ سەربازی لە عێراق هەیە وەک بەشێک لە هاوپەیمانییەکی دژە جیهادییەکان. بەرپرسە باڵاکەى عێراقی ئەوەشى ڕاگەیاندووە، لە ترسی ئەوەی حکومەتی عێراق تووشی ڕوبەڕوى جەنگ نەبێتەوە لەسەر خاکەکەى ئەو داوایەى لە تاران کردوە کە بیر لەوەنەکاتەوە لەسەر خاکەکەیدا لە ئەمریکا بدات. ئەو بەرپرسە دەڵێت: "داواکارییەکە کرا، بەڵێنی شتی ئەرێنییان پێداین" ئەو بەرپرسە دەشڵێت تاران تێگەیشتنی نیشانداوە سەبارەت بە داواکارییەکەی بەغدا. هەمووان بە گروپە چەكدارەكانیشەوە هاوكارن لەگەڵ حكومەت بۆ دورخستنەوەی عێراق لە ململانێكە (شەڕی ئیسرائیل و ئێران). میدیای ئێران دەڵێت، تاران هۆشداری بە ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا داوە کە ئەگەر لە بەرامبەر هێرشی مووشەکیی سوپاکەیدا بەرگری لە ئیسرائیل بکەن، بنکەکانیان لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.   ئاژانسی میهری نیمچە فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، تاران بە فەرمی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسای ئاگادار کردووەتەوە وگوتویەتی، هەر وڵاتێک بەشداری لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی سوپای وڵاتەکەیدا بکات، بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا دەکرێنە ئامانج.    بەرپرسانی ئێران هۆشداریش دەدەن کە کەشتییەکانیان لە کەنداو و دەریای سوور دەکرێنە ئامانج.    هاوکات لەگەڵ هۆشدارییەکەی ئێران، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەگەر خامنەیی لە هاویشتنی مووشەک بەردەوام بێت، گڕ لە تاران بەردەدەین."    ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە گوتی، دەسەڵاتی ئێران "هاووڵاتییانی دەکاتە بارمتە و دۆخێک دەهێنێتە ئاراوە کە تێیدا بەتایبەتی دانیشتووانی تاران باجێکی قورس دەدەن، ئەوەش بەهۆی ئەو زیانەی بەر هاووڵاتییانی سڤیلی ئیسرائیل دەکەوێت."   ئێران و ئیسرائیل بەرەبەیانی رۆژی شەممە، هێرشیان کردەوە سەر یەکدی.

  ئیسرائیل زیانێکی زۆری بە یەکێک لە شوێنە سەرەکییە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیاند و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەتۆمی لە هێرشەکانی سەرلەبەیانی هەینیدا کوژران.  لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەو هێرشە وێرانکەرەدا، لانیکەم بۆ ئێستا، ڕادەی ڕاستەقینەی مانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ڕوون بووەوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، پێدەچێت هێرشەکانی ئیسرائیل شوێنی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ئەتۆمی لەسەر زەوی و ناوەندەکانی دابینکردنی کارەبا لە گەورەترین دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بەناوی نەتەنز لەناوبرابێت. کوژرانی بەشێک لە زانایانی باڵای ئەتۆمی ئێران درێژەپێدەری هەڵمەتێکی درێژخایەنی ئیسرائیلە کە شارەزایی ئێرانی لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی کردە ئامانج. بەڵام لە قۆناغی یەکەمی هێرشەکانی ئیسرائیلدا ئەو کۆگایەیان لەدەستدا کە زۆرترین ئەگەری هەیە سووتەمەنی ئەتۆمی ئێرانی تێدابێت، کە نزیکە لە پۆلێنکردنی بۆمبدا و ئەمەش ڕەنگە بە مەبەست بووبێت، بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز. ئەم کۆگایە لە کۆمپلێکسێکی زەبەلاح لە دەرەوەی ئەسفەهانی پایتەختی کۆن هەڵگیراوە، بەپێی پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان کە ئەرکی پێوانەکردن و چاودێریکردنییان پێسپێردراوە. 100 فڕۆکەی جەنگی و فەوجە مووشەکییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل لە شەپۆلی سەرەتایی خۆیاندا لە ئیسفەهان دوور کەوتنەوە، سەرەڕای ئەوەی کە یەکێکە لە گەورەترین شوێنە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە و بە گوتەی دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا، ناوەندێکی بەرنامەکانی توێژینەوەی نهێنیی ئێرانە لەسەر چەکی نهێنی. ئێران کوژرانی سێ زانای دیکەی ئەتۆمی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل راگەیاند.    بەگوێرەی ئێران، هەریەک لە عەلی بەکایی، مەنسوور عەسکەری و سەعید بورجی، زانایانی ئەتۆمی ئێران لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر وڵاتەکە کوژراون.   وڵاتەکە پێشتر کوژرانی سێ زانای وڵاتەکەی پشڕاستکردبوویەوە، واتە تاوەکو ئێستا 9 زانای ئەتۆمیی ئێران کوژراون.

  وەزیرى وەزیری بەرگری ئیسرائیل داوادەکات عەلى خامنەیی و پەرپرسانى ئێران دەست ڕابگرن و هەڵدانى موشەکەکانیان بۆ سەر تەلئەبیب ڕابگرن، ئەگەر نا ئەوانیش هێرشى قورستر دەستپێدەکەن. ئیسڕائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەکى ڕاوێژکاریانکردوە بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی سوپاو سەرۆکی موساد و سەرکردایەتیی جەنگ. کاتز دواى ئەو کۆبوونەوەیە ڕایگەیاند: بەرپرسە دیکتاتۆرەکانی ئێران هاووڵاتییانی مەدەنی ئێرانیان کردوەتە بارمتە و وەک قەڵغانى مرۆیی بەکاریاندەهێنن، بەتایبەتی دانیشتوانی تاران. وەزیرى ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو هاوڵاتیان ئێران و هاوڵاتیانى باجێکی قورس دەدەن بەهۆى ئەو زیانە تاوانکارییەی بەرانبەر هاووڵاتیانی ئیسرائیلی دەیگەیەننن، ئەگەر خامنەیی بەردەوام بێت لەهەڵدانى مووشەک و نەوەستێت ئەوە تاران دەسوتێنین. لەلایەکى دیکەوە ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا کە ئەگەر هاوکاریی ئیسرائیل بکەن لە خستنەخوارەوەی مووشەکەکانیان، ئەوا بنکەکانیان لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج. میدیاكانی ئێران بڵاویانكردووەتەوە: هەر وڵاتێک بەشدار بێت لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەبێتە ئامانجی هێزەکانی ئێران، بە تەواوی بنکە هەرێمایەتیەكانی وڵاتانی هاوپەیمان، لەوانەش بنکە سەربازییەکان لە دەوڵەتانی کەنداو و کەشتی و بەلەمەکان لە کەنداوی فارس و دەریای سوور. ئەمڕۆ شەممە 14ی حوزەیرانی 2025 فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، "سزادانی رژێمی زایۆنیستی بۆ زیندووکردنەوەی شانازیی نەتەوەییمان و گەیشتن بە مافە رەواکانی گەلەکەمان بە شێوەیەکی سرووشتی پێویست بوو؛ بۆیە بەگوێرەی فەرمانی فەرماندەی گشتی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکان، هەنگاو بۆ سزادانی ئەم دەسەڵاتە گیرایەبەر."   مهاجرانی گوتیشی، "پێویست بوو رژێمی زایۆنی سزابدرێت لە بەرامبەر ئەو کردەوە تیرۆریستی و دڕندانەی بەرامبەر وڵاتەکەمان کردی. سزادانی زایۆنییەکان لەو شوێن و کاتانەی پێویستە، بەردەوام دەبێت."   لەبارەی بەڕێوەبردنی کارەکانی حکومەت، گوتەبێژەکەی حکومەتی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "حکومەت هەوڵ دەدات کاروباری ئێستای وڵات بە باشترین شێوە و بەبێ کێشە بەڕێوەببات."   بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 13-06-2025 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازی و ئەتۆمی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمیی وڵاتەکە کوژران.   ئێران لە وەڵامی هێرشەکەدا ئۆپەراسیۆنێکی دژی ئیسرائیل راگەیاند و شەوی رابردوو چەند جارێک هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل.

  سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: دەست دەکەن بە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی تاران و، لە ئێستادا رێگای ئێران لەبەردەمماندا کراوە. هاوكات رادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویكردەوە: سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتەوە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و ئیسفەهان و فۆردۆ. لای خۆیەوە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەكرد:هێرشی وردمان لە تاران ئەنجامداوە کە گرنگی ئۆپەراسیۆنی هەبووەو هێرشمان کردووەتە سەر سەدان ئامانج، لەنێویاندا پێگەكانی بەرگری ئاسمانی. پێشتریش سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی لە زنجیرەیەک هێرشی شەوانەدا لە ناوچەی تاران، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێرانی کردۆتە ئامانج. هاوکات ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی لە زاری "سەرچاوەیەکی ئاگادار"ەوە بڵاویکردووەتەوە کە بە گوتەی "فەرماندە باڵاکانی سەربازی" لە ئێران، "شەڕەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا فراوانتر دەبێت و بنکەکانی ئەمریکاش لە ناوچەکە دەگرێتەوە. هێرشبەرەکان دەبنە ئامانجی وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە و بەرفراوانی ئێران". بە درێژایی شەوى ڕابردوو، زەنگی ئاگادارکردنەوە و دەنگی تەقینەوە لە سەرانسەری ئیسرائیل دەبیسترا و زۆرێک لە دانیشتووان لە پەناگەکاندا مانەوە تاوەکو فەرماندەکانی بەرگریی ناوخۆیی هۆشدارییەکانیان هەڵگرت.   ئیسرائیل رایگەیاند، لە دوایین هێرشەکاندا دەیان مووشەک لە ئێرانەوە ئاراستە کراون، کە هەندێکیان خراونەتە خوارەوە. وێنەکان لە شاری رامەت گان لە نزیک تەلئەڤیڤ، باڵەخانەی رووخاو، ئۆتۆمبێلی تێکشکاو و شەقامی پڕ لە پاشماوەیان نیشان دا.   تیمەکانی فریاگوزاریی ئیسرائیل رایانگەیاند، رۆژی شەممە بەهۆی هێرشێکی مووشەکییەوە بۆسەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە دەشتی کەناراوەکان، دوو کەس کوژران و 19ی دیکەش بریندار بوون.   سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر دەیان ئامانج لە ئیسرائیل.   رۆژی هەینی، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی ئیسرائیل بۆ چەندین کاژێر کاریان کرد بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی کە لە باڵەخانەیەکی بەرزدا لە تەلئەڤیڤ گیریان خواردبوو.

  باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل ڕایگەیاند، شەوێکی سەختیان بەڕێ کردووە و لەو ماوەیەدا پێنج جار چووتە نێو پەناگە. مایک هاکابی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، بەهۆی شەش زنجیرە هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، شەوی ڕابردوو (13-06-2025) زۆر سەخت بووە بۆیان و چاوەڕێ ناکرێت، ئەمڕۆ شەممەش، 14-06-2025، ئارامتر ببێت.  باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا باسی لەوە کردووە، شەوی ڕابردوو ناچار بووە بەهۆی مووشەکەکانی ئێران، پێنج جار بچێتە نێو پەناگەکاندا. گوتیشی: داوام لە گەلی ئیسرائیل کردووە، لە نێو پەناگەکاندا بمێننەوە.  لەلایەکی دیکەوە کەناڵی 'سی ئێن ئێن'ـی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردەوە، لە کاتی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، لە بارەگایەکی سەربازیی ژێرزەویدا بوون و هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی دوای هێرشەکان کردووە. هێرشەکەی ئیسرائیل و وەڵامدانەوەکەی ئێران بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13-06-2025، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتنە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" چەندان هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 200 ئامانجی ستراتیجی لەنێو خاکی ئێراندا. ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بنکە ئەتۆمییەکانی، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهانی کردە ئامانج و بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، زیان بەو بنکە ئەتۆمییانە گەیشتووە. بە پێی میدیای  ئێرانی، لە هێرشەکاندا شەش زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون.  هەر بەپێی میدیای ئێران، لەو هێرشە ئاسمانییەدا، ئیسرائیل ژمارەیەک لە باڵاترین فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی کوشتووە، لەنێویاندا محەممەد باقری، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکان و حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران. هەروەها فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیش لەنێو کوژراوەکاندایە.  باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژراون و 320ی دیکە بریندار بوون. چەند کاتژمێر دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، سوپای پاسداران لە ڕێگەی شەش زنجیرە هێرشی مووشەکی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"، دەیان شوێنی لە ئیسرائیل کردە ئامانج، لەنێویاندا شاری تەلئەڤیڤ.  

  کەناڵی فۆکس نیوز، لەزاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، هێزی دەریایی ئەمریکا دەستیکردووە بە گواستنەوەی کەشتی و کەرەستە سەربازییەکان بە ئاڕاستەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەرپرسانی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەیان گوتووە، ئەم هەنگاوە لە کاردانەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل و وەڵامی چاوەڕوانکراوی ئێراندا هاتووە بۆ ئەو هێرشانە. بەرپرسەکان راشیانگەیاندووە، لەو نێوەندەدا هێزی دەریایی ئەمریکا، کەشتیی تێکشکێنەری موشەکیی "تۆماس هوندەر"ـی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەدیاریکراوی ئیسرائیل کردووە، هاوکات کەشتییەکی دیکەشی ئامادەکردووە بۆ هەر ئەگەرێکی پێویست بەڕێبکەوێت بەرەو ئاوەکانی نزیک لە ئیسرائیل. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم دۆخە، لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەنجوومەنی نەتەوەیی وڵاتەکەی کۆدەبێتەوە. ئەمریکا لە مانگی نیسانی 2024ـەوە و دوای بۆردوومانە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، رێوشوێنی دەریایی گرتووەتەبەر و دوو کەشتیی تێکشکێنەری موشەکیان رەوانەی ئیسرائیل کرد، بۆ بەرپەرچدانەوەی موشەکەکانی ئێران.

  تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئێران "توانیان فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئیسرائیلییەکان بخەنە خوارەوە کە ئاسمانی وڵاتەکەیان لە ناوچەی سنووری سەڵماس پێشێل کردووە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بە ئەرکی سیخوڕی و سیخوڕی چوونەتە ناو ئاسمانی ئێرانەوە". ئەمەش لە کاتێکدایە کە سوپای ئێران ڕایگەیاندووە کە "نزیکەی دوو هەزار مووشەک بەرەو ئیسرائیل لە هێرشەکانی داهاتوودا هەڵدەدەن"، بەڵێنیدا "هێرشە مووشەکییەکانمان بۆ سەر ئیسرائیل ٢٠ ئەوەندەی هێرشە مووشەکییەکانی پێش خۆیان دەبێت".  سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە "ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئیسرائیل تا پێویست بێت بەردەوام دەبێت". بەرەبەیانى ئەمڕۆ شەممە هێرشێکی مووشەکیی راستەوخۆی ئێران ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی لە نێوەڕاستی ئیسرائیل کردە ئامانج، کە بووە هۆی کوژرانی دوو کوژراو و برینداربوونی نزیکەی دیکە.  گوتەبێژی دەزگەی فریاکەوتنی نیشتمانیی ئیسرائیل (ماگن دەیڤید ئادۆم) رایگەیاند، تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و رایانگەیاندووە کە سێ لە بریندارەکان رەوشی تەندروستییان ناجێگیرە. تاوەکو ئێستا شوێنی وردی هێرشەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەمە سێیەم حاڵەتی کوژرانی هاووڵاتیی سڤیلە لە ئیسرائیل لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا. لەلایەکی دیکە، میدیای ئیسرائیل دەڵێت، لە هێرشەکانی 24 کاژێری رابردوو، سێ کەس کوژراون و 80 کەسیش بریندارن. هاوکات دەزگاڕاگەیاندنەکانى ئێران بڵاویانکردەوە ئۆتۆمبێلەکانی مۆساد کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان هەڵگرتبوو لە ناوخۆی ئێران دەستیان بەسەردا گیراوە. لەلایەکی دیکەوە، لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات کە ئاگادارکەرەوەی هێرشی ئاسمانی لە چەند ناوچەیەک لە سەرتاسەری وڵاتدا دەنگی داوەتەوە، دوای دۆزینەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێرانەوە. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، سوپای ئیسرائیل ڕێگری لە ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە کە بەرەو ئیسرائیل هەڵدرابوون. ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل سوێندی خوارد کە "رێژیمی ئێران باجێکی قورس دەدات بۆ هەڵدانی مووشەک بۆ سەر ئێمە". بەگوێرەی ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕۆژی شەممە لە ئەرکێکی "سیخوڕی" فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕژێمی زایۆنی لە باکووری ڕۆژاوای ئەو وڵاتە خستووەتە خوارەوە.

  كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ڕووی داوامان دەكەینە كۆمەڵی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە هەڵوێستیان هەبێ و سنوورێك بۆ سەركێشییەكانی ئیسڕائیل دابنێن، لەپێناو دوورخستنەوەی تەواوی ناوچەكە لە شەڕێكی نەخوازراوی ماڵوێرانكەر. ئەنجومەنی باڵاى كۆمەڵی دادگەریی كوردستان راگەیەندراوێکى سەبارەت بە شەڕی نیوان ئیسرائیل و ئێران بڵاوکردەو، نیگەرانیی خۆیان دەردەبڕن بەرانبەر شەڕ و ئاڵۆزییەكان. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان بەداخەوە جارێكی دیكە ناوچەكە ڕووبەڕووی ناسەقامگیری و هێرش و پەلامار بووەتەوە، ئەمجارەش دەوڵەتی زایۆنی دەستپێشخەریی كردووە و هێرشی لەناكاوی بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام دا، ئەم پەلامارانەش ناوچەكە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەبات و ئەگەری گەورەبوونی بارگرژییەكانیش لەئارادایە. ئێمە لە كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، نیگەرانیی خۆمان دەردەبڕین بەرانبەر شەڕ و ئاڵۆزییەكان و وای دەبینین دەوڵەتی زایۆنی بە هێرش و پەلاماری بۆ سەرغەززە و وڵاتانی وەك لوبنان و سووریا و یەمەن و ئێران ئاڵۆزی زیاتر و فراوانكردنی بەرەی شەڕ و ڕووبەڕوبوونەوەكان لە ناوچەكە زیاتر دەكات،  بۆیە ڕووی داوامان دەكەینە كۆمەڵی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە هەڵوێستیان هەبێ و سنوورێك بۆ سەركێشییەكانی ئیسڕائیل دابنێن، لەپێناو دوورخستنەوەی تەواوی ناوچەكە لە شەڕێكی نەخوازراوی ماڵوێرانكەر. هیوادارین بەگشتی عێراق دووربێ لە پریشكی ئاگری شەڕ، بەتایبەت هەرێمی كوردستان و گەلی كوردی ستەمدیدە.. كۆمەڵی دادگەریی كوردستان  ئەنجومەنی باڵا

  بەرپرسانى وەزارەتى تەندروستى ئیسرائیل ڕایانگەیاند ژمارەی بریندارانی هێرشی مووشەکی ئێران لە تەلئەبیب بۆ ٤١ کەس بەرزبوەتەوە، بەڵام تەنها یەکێکیان باری تەندروستی ناجێگیرە. لەوەڵامى هێرشەکانى ئیسرائیل سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنێکى دەستپێکردوەو ناوى ناوە "پەیمانی راستگۆ 3" و دەڵێت، وەڵامی "تووند"ی ئیسرائیل دەداتەوە.   پەیمانی راستگۆ 3 ئاماژەیە بۆ هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل کە یەکێکیان لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو و ئەوی دیکەش لە تشرینی یەکەمی 2024 بوو. تەلەفزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە پرۆسەی وەڵامدانەوەی موشەکی بۆ سەر قەوارەی زایۆنی دەستیپێکردو (١٠٠) موشەکی بالیستی بۆ قەوارەی زایۆنی هەڵدراوە. ئیسرائیل، ئێران بە هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل تۆمەتبار دەکات، دوای ئەوەی بە مووشەکی بالیستی وەڵامی هێرشی ئیسرائیلی دایەوە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش داوا لە خەڵکی ئێران دەکات، دژی حکومەتی تاران یەکبگرن.    یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی، ئێران بە هێرشکردنە سەر ناوچە سڤیلەکان، "هێڵە سوورەکانی بەزاندن."   ئەوە لە کاتێکدایە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: "دەیان پێگە و بنکەی سەربازی"ی ئیسرائیلیان بە ئامانج کردووە.    میدیای فەرمیی ئێرانیش دەڵێت، مووشەکە بالیستییەکانی ئێران وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلیان لە تەلئەڤیڤ پێکاوە.    بەڵام وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت: "ئێران بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر شوێنی خەڵکی سڤیل، هێڵە سوورەکانی بەزاند." بەپێى زانیاریەکان ژنێک لە لیستى بریندارەکاندایە کە باری تەندروستی ناجێگیرە، چوار کەسی دیکەش بە شێوەیەکی مامناوەند بریندار بوون. نۆ کەسیان لە دۆخێکی سووک تا مامناوەنددا هاتووە، لەکاتێکدا ئەوانی دیکە ئازارێکی سووکیان هەیە یان تووشی دڵەڕاوکێی توند بوون. قوربانییەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی بیلینسۆن، سۆراسکی و شێبا لە ناوەڕاستی ئیسرائیل و لەوێ چارەسەرى پێویستیان بۆ دەکرێت.