ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، بەریتانیا هەنگاو دەنێت بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئیتمار بن گەڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل و بێزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل بەهۆی لێدوانە "تووڕەو توندەکان"یان لەسەر غەززە، ئەمەش پێشێلکردنی ڕوونی سیاسەتی وڵاتە یەکگگرتوەکانى ئەمریکایە. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆژی سێشەممە بەریتانیا لەگەڵ کەنەدا، ئوسترالیا، نیوزلەندا و نەرویج و وڵاتانی دیکەدا پێکەوە سەروەت و سامانی ئەو دوو وەزیرەى ئیسرائیل بلۆک دەکەن و قەدەغەکردنی گەشتکردن بەسەریاندا دەسەپێنن بۆ ناو وڵاتەکانیان. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم سزایانە بە واتای قەدەغەکردنی هاتنە ناوەوەی هەردوو وەزیرە ئیسرائیلییەکانە بۆ بەریتانیا، هەروەها ڕێگریکردن لە هەر دامەزراوەیەکی دارایی کە بنکەکەی لە بەریتانیا بێت مامەڵە لەگەڵیاندا بکات. هاوکات لەبەیاننامەیەکیاندا بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا، نەرویج و نیوزلەندا دووپاتى دەکەنەوەکە چارەسەری شەڕ دوو دەوڵەتییە. لەبەرامبەردا، گیدیۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بڕیارەکەی بەریتانیا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر بن گڤیر و سمۆتریش بە "توڕەیی" وەسفکرد. سەعر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو حکومەت کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات و بڕیار لەسەر چۆنیەتی وەڵامدانەوەی "ئەم بڕیارە قبوڵنەکراوە" دەدات.
لیژنەیەکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئیسرائیل پەلاماری ئەو شوێنە مێژووی و ئایینییەکانی کەرتی غەززە دەدات کە هاووڵاتییان وەکوو پەناگە بەکاریان هێناوە، لە ئەنجامدا هەزاران کەس کوژراون و ئەمەش و بە تاوانی جەنگ دادەنرێت. سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025، لە تازەترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل سیستەمی پەروەردەی کەرتی غەززە و نیوە زیاتری شوێنە مێژووی و ئایینییەکانی وێران کردووە. هەروەها لە ڕاپۆرتەکە ئاماژە دراوە "هێزەکانی ئاسایشی ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر پەناگەکانی وەکوو قوتابخانە و شوێنە ئایینییەکان و کوشتنی هاووڵاتییان، بە تەواوی لە تاوانی جەنگ تێوەگلاوە. هاوکات ناڤی پیلەی، سەرۆکی لیژنەکە، لەو بارەیەوە گوتی: بە چاوەی خۆمان بینیمان کە ئیسرائیل نیازی وایە وێرانکاریی زیاتر لە غەززە بنێتەوە و ژیانی هاووڵاتییان لەناو ببات. هەروەها ئاژانسی فرانس پرێس، لەسەر زاری سێ ئەندامی لیژنەکە ڕاگەیاندووە "ئیسرائیل پەلاماری چەند پەناگەیەکی داوە، کە بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژراون، لە نێوانیان دا منداڵ و ئافرەتیش هەبوون. لیژنەکە، لە کۆتا ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی دابوو، ئیسرائیل %90 باڵەخانەکانی زانکۆ و قوتابخانەکان و نیوە زیاتری شوێنە ئایینییەکانی وێران کردووە. لە مانگی ئاداردا لیژنەکە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردبووە و تێیدا بەهۆی پەلاماردانی دامەزراوەکانی چاودێریی تەندروستیی ئافرەتان لە غەززە، ئیسرائیلی بە کردنی جینۆساید تۆمەتبار کردبوو، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش ڕەتی کردەوە و ڕاپۆرتەکەی بە دژە جوو ناو برد.
رۆژنامەی الشرق الاوسط لەژمارەى ئەمڕۆیدا بڵاویکردەوە شاندی کوردی پێكهێنراو لە کۆنفرانسی پارتە سیاسییە کوردییەکان، بەنیازە بەرەو دیمەشقی پایتەخت بڕوات، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیدارەی راگوزەر، لەبارەی دروستکردنی کۆدەنگی سەبارەت بە داهاتووی سوریا. شاندی كوردی، لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ شاندی حکومەت، دیدگای خۆی بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی فیدراڵی نا ناوەندی وەک باشترین چارەسەر بۆ هەموو ئەو کێشانە دەخاتە ڕوو، کە لگۆڕەپانی سوریا سەریان هەڵداوە. ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت، لە سەرەتای ئەم مانگەدا خولی یەکەمی دانوستان لە نێوان نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەر و بەرپرسانی حکومەت، لە دیمەشقی پایتەخت ئەنجامدرا. ئەحمەد سلێمان، جێگری سەرۆکی پارتی پێشکەوتنخوازی کورد و ئەندامی شاندی کوردی دەڵێت: دیدگای هاوبەشی لایەنە سیاسییە کوردییەکان کە لە بەڵگەنامەی کۆنفرانسدا راگەیەندراوە، یەكڕیزی و هەڵوێستی کورد، بنەمای دانوستانە لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە بونیادنانی دەوڵەت، فۆرمەکەی و، رێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەی کورد، هاوشێوەی پێكهاتەكانی تر. ئاماژەی بەوەشکرد، دیدگاکەیان لەسەر بنەمای نا ناوەندێتیەو داوای بونیادنانی دەوڵەتێکی فیدراڵی لە سوریا دەکەن. لای خۆیەوە، ئاڵدار خەلیل لە دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) کە دیارترین پارتەو ساڵانێکە ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەر بەڕێوەدەبات و ئەندامی شاندی دانوستانکاری کوردە، دەڵێت:لایەنە کوردستانییەکان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بەو داخوازییە بنەڕەتیانەی کە دەیخەنە بەردەم دیمەشق. ئەم داواکاریانە بریتین لەوەی، چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا پێویستی بە گواستنەوە هەیە بۆ سیستەمێکی دیموکراسی نا ناوەندی، بەتایبەتی کە ئاڵۆزییەکانی قەیرانی سوریا، بەتایبەتی پرسی کورد، كە ناتوانرێت لە چوارچێوەی سیستەمی ناوەندێتی ئێستادا چارەسەر بکرێت. ئەو سیاسەتمەدارە کوردە، کە بە یەکێک لە پایەکانی ئیدارەی خۆسەر و بنیاتنانی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی دادەنرێت، جەختی لەوە کردەوە: نا ناوەندێتی بە مانای جیابونەوەی کورد یان دامەزراندنی ئیدارەی خۆیان نییە، بەڵکو بە مانای دامەزراندنی هاوبەشییەکی راستەقینەیە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی سوریا لە بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکانیان. ئاماژەی بەوەشکرد: گەیشتن بە چارەسەری نوێ و بەردەوام پێویستی بە سیستەمێکی دیموکراسی نا ناوەندی و فرەیی و دووبارەنەکردنەوەی مۆدێلی دەوڵەتی ناوەندی هەیە.
لە کاتێکدا کەرتی غەززە بەدەست قەیرانی مرۆیی و هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە دەناڵێنێت، مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین پشتیوانی خۆی بۆ داماڵینی چەک لە حەماس دووپاتکردەوە. مەحمود عەباس لە نامەیەکدا بۆ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندووە، کە پشتگیری لەو بیرۆکەیە دەکات کە حەماس هیچ ڕۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی غەززەدا نەبێت، بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس ڕۆژی سێشەممە. هەروەها ئاماژەی بە پشتیوانی دەسەڵاتی فەلەستین کرد بۆ بیرۆکەی هێزێکی عەرەبی و نێودەوڵەتی بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە کەرتی غەززە. مەحمود عەباس سەرۆکی فەلەستین بۆ ئیمانوێل ماکرۆنى نوسیوە،لاى ئێمە هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر جێگای قبووڵ نییە، سوورین لەسەر چەکداماڵینی حەماس و لابردنی لە دەسەڵات لە غەزە. لە نامەیەکدا کە دووشەممە ئاراستەی ماکرۆن و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەى کردووە هاوسەرۆکی کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەتی لە 17 تا 21ی حوزەیران لە نیویۆرک دەبێت، ڕایگەیاندووە "ئامادەیە هێزە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان بانگهێشت بکات بۆ بڵاوەپێکردن لە چوارچێوەی ئەرکێکی سەقامگیری/پاراستن کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە ڕاسپێردراوە". هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "ئەوەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا کرد، کوشتن و گرتنی خەڵکی مەدەنی، قبوڵکراو نییە"، داوای لە بزووتنەوەکە کرد "دەستبەجێ هەموو بارمتەکان ئازاد بکات". عەباس چەند مانگێکە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فەلەستین کۆنترۆڵی کەرتی غەززە بگرێتە ئەستۆ. لە میانەی لوتکەی عەرەبی مانگی ڕابردوو (ئایار)، پێویستی بە توانای دەوڵەتی فەلەستین بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی خۆی لە غەززە دووپاتکردەوە. فەتحیش هەمان کارى کرد، بەتایبەت "دواى تێکچوونى ئەم دواییەى دۆخى ئەمنى لە غەززە و ئازادکردنى چەتە چەکدارەکان"، بە گوتەى وتەبێژى فەتح.
كاوە ڕەش/ بەریتانیا دوو پیاوی كورد لەبەریتانیا، بەتاوانی کوشتنی هەرزەکارێک سزا دران ،دوای ئەوەی بەئۆتۆمبێلەکەیان لەپاسکیل سوارێكی هەرزەكار دەدەن و دەكەوێتە خوارەوە. لەجیاتی پەیوەندیی بەفریاگوزاری تەندروستییەوە بكەن، چاوەڕێ دەكەن تاگیان لەدەست دەات. ش س، تەمەن ٢٤ ساڵ و ئ م، تەمەن ٣٤ ساڵ، دوای ئەوەی بەئۆتۆمبیل بەدوای هەرزەكارێكی تەمەن ١٩ ساڵان بەناوی (بێن پڕۆكتەر) دەكەون، بەهۆی ئەوەی پێشتر ئەو هەرزەكارە گوایە ئۆتۆمبیلەكەیانی شكاندووە لە ١٥ی ئەیلوولی ساڵ ڕابردوو. لەشەقامی ویلنگتۆن لەشاری پیتەربۆرۆ پاش ئەوەی بەئۆتۆمبێل لەسەر پاسكیل دەیكەنە خوارەوە، لە كاتژمێر نزیکەی ١٠.٢٠ی شەو، هەریەكە لەش و ئ، بەبێهۆشی ئەو هەرزەكارە دەخەنە ناو سندوقی ئۆتۆمبیلەوە، لەكاتێكدا هێشتا لە ژیاندا ماوە، بەڵام ئەوان دەچن فڕێی دەدەنە و ژێر بەرژینێكەوە. دواتریش هەردوو تاوانبار لەجیاتی ئەوەی پەیوەندی بەهێڵی فریاگوزارییەکانەوە بكەن، شوێنەكە جێ دەهێڵن و ڕۆیشتون، تاچاویان بەدوو هاوڕێی تریان بكەوێ، بەناوی ز م تەمەن ٤٧ ساڵ و ه م، تەمەن ٤٠ ساڵ، تابتوانن هاوکاریان بن، بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکەو لەناوبردنی بەڵگەکان. دوای كاتژمیرو نیوێك، دەگەڕێنەوە شوێنی ڕووداوەكەو م پەیوەندی بەژمارە ٩٩٩هێڵی فریاگوزاریەوە دەكات، لەكاتێكدا پێیوابووە كە (بێن) مردووە، بەڵام پزیشكانی فریاكەوتنی شاری پیتەربۆرۆ کاتژمێر ١٢:٣٦ خولەکی بەیانی ڕۆژی دواتر هەواڵی بەمردووی ئەو هەرزەكارە ڕادەگەیەنن. ش، لەدوای گەڕانەوەیان بۆ شوێنی ڕووداوەکە لەوێ دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێی تاوانەكەیان پەردەپۆش بکات. ئەو بەدرۆ بەپۆلیسی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی چەند ئاگادارییەكی لەڕێگای كامێراكانی چاودێری پێگەیشتووە و بینیویەتی (دز) چونەتە ئەوگەراجانەی كەبەكرێی گرتووە بۆ هەڵگرتنی ئۆتۆمبێلەکانی، لەڕێگاداو لەکاتی گەیشتنیدا، بینیویەتی هەرزەکارەکە لەسەر زەوی كەوتوەو داوای ئاو دەکات، ئەو چووە چووە ئاوی بۆ بهێنێت، بەڵام لەگەڕانەوەیدا بەئیدیعای خۆی قوربانییەكە وەڵامی نەداوەتەوە، پاشان پەیوەندی بە ژمارە ٩٩٩ ی فریاكەوتنەوە کردووە. بەڵام كاتێك یەکەم ئەفسەر دەگاتە شوێنی ڕووداوەکە تێبینی کردووە کە(بێن) تەنها یەک تاكەپێڵاوی لەبەردا بووە و چەندین برینی پێوەبووە، کەئەمەش لەگەڵ کەوتنێكی ئاسایی یەک ناگرێتەوە. دوای پشکنینی پزیشكی دەركەوتوە هۆكاری مردنی ئەو هەرزەكارە، بەهۆی سەختی برینەکانی ناوەوەی بووە لەكاتی لێدان و بەربونەوەی لەسەر پاسكیلەكەی بەهۆی پێكانیەوە لەلایەن ئۆتۆمبیلەكەوە. هاوكات لەگەڵ كۆكردنەوەی بەڵگەكانی لێکۆڵینەوەکان لەڕێگای كامێراكانی چاودێری ناوچەكە تاهۆكاری بارودۆخی ڕاستەقینەی مردنەكەی دەربخات . لە میانی دادگاییکردنێکی هەشت هەفتەییدا، دەستەی دادوەران گوێیان لەوە بوو، کە ئ چۆن تەلەفۆنی بۆ ش ی هاوڕێکەی کردووە، کەبەپەلە بگاتە شوێنی ڕووداوەکە، پاشان بەئۆتۆمبێلێكی سووری کیا، هەرزەكارەكە دەخەنە ناو سندوقەكەوە، هەرچەندە گرتە ڤیدیۆییەکانی سی سی تی ڤی، ساتەوەختی پێکدادانەکەیان نەگرتووەلەگەڵ پاسكیلەكە، بەڵام دەرکەوتووە کەکیا سورەكە بەرەو لای پەرژینەكە ڕۆیشتوەو گەڕاوەتەوە لەو كاتەیدا كەهەرچوار پیاوەکان، تەرمی (بێنیان) خستۆتە ناو سندوقەكەوە، لەگەڵ ئەوەش نیشانی دەدات كەدەعمی پێشەوەی ئۆتۆمبیلەكە تێکچوو. ڕۆژی (دووشەممە، ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥)لە دادگای تاجی کامبریج، دوای ٢٤ کاتژمێر و ١٩ خولەک لە وردبینی، دەستەی دادوەران بەكۆی دەنگ، ش س ی نیشتەجێی شەقامی هۆڵدیچ، پیتەربۆرۆ، تاوانباركرد (بەكوشتن) و ساختەو پیلانگێڕی بۆ شێواندنی ڕەوتی دادپەروەرانەی كەیسەكە. هاوكات هاوشانی ئەوێش، ئ م، نیشتەجێی ئۆندل ڕۆد، پیتەربۆرۆ، ئەویش بەبڕیاری زۆرینەی دەنگ تاوانبار كرا بەکوشتنی بەئەنقەست و ساختەكاری لەشاردنەوەی تاوانەكەدا. لەگەڵ ئەوەی دوو كەسی یەكەمیان بەبكوژ ناسێندراون، هەردوو هاوڕێكەی دیكەشیان بەناوی ه م و ز م كەئەوانیش نیشتەجێی لینکۆڵن ڕۆد، نیو ئینگلاند، پیتەربۆرۆ، هەردووکیان بەتاوانباركراون بەساختەكاریی و پیلانگێڕی بۆشێواندنی ڕێڕەوی لێكۆڵینەوەی دادپەروەری دادگایی كردنەكە. سەرباری سزادانی ئەو چوار كوردە، دووانیان وەك بكوژ و دووانی دیكەش وەك هاوكارو بەلاڕێدابردنی ڕێڕەوی لێكۆڵینەوەكان، دادگا هێشتا ئاشكرای نەكردووە ماوەی سزاكەیان چەند دەبێت، بڕیارە بەو زووانە ماوەی زیندانی كردنیان ڕابگەیەندرێت. ئەفسەرێكی لێكۆڵینەوەكان لەكەیسەكە ڕایگەیاندوە; لەبری ئەوەی داوای یارمەتی بکەن بۆئەو هەرزەكارە، بەڵام بەبرینداری بەجێیان هێشتووە بۆ ئەوەی بمرێت و تاوانەکە پەردەپۆش بکەن تادڵنیابن کەقسە لەگەڵ پۆلیس ناکات. ئاماژەی بەوەشکردووە، لێکۆڵینەوەكانمان زۆر جدی بوون، بۆ دۆزینەوەی بكوژو هاوكارەكانیان، وەک شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەو ئەو دوو کەسەی دیکە کەیارمەتیدەر بوون لە هەوڵی پەردەپۆشکردنەکەدا.
ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویكردەوە، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو خولێكی نوێی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوە بچێت، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە بەڕێوە دەچێت. ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو خولی داهاتووی دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا لە شاری مەسقەت بەڕێوە بچێت. ئاماژەی بەوەشکرد: عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی دانوستانکاری ئێران، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە گەشت بۆ نەرویج دەکات. پێشتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە: تاران بەم نزیکانە لە رێی عومانەوە پێشنیازێک دەخاتە بەردەم لایەنی ئەمریکی و دەبێت ئەمریکا ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە. ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە: ئێران لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا وەڵامی فەرمی خۆی بۆ پێشنیازی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دەخاتە ڕوو، وەڵامەکە بە نوسراو دەبێت و لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە دەگەیەنرێت. رونیشیکردەوەتەوە: چاوەڕوان دەکرێت ئێران لە وەڵامەکەیدا پێشنیازێکی جێگرەوە بۆ رێککەوتنەکە بخاتەڕوو، کە بریتییە لە پاراستنی بنەمای پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر خاکی ئێران، لەگەڵ گرتنبەری هەنگاوی پێویست بۆ رەواندنەوەی مەترسی و بانگەشەکانی ئەمریکا، لە بەرامبەر هەڵگرتنی چالاكانەی سزاکان.
ئەمڕۆ سێ شەممە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دەستپێدەکات و بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێریش راگەیاند، پرۆسەکە 12ـی مانگ لە پارێزگاکەیاندا دەستپێدەکات. ئەمساڵ پشکی هەرێمی کوردستان لە گەنم، 400 هەزار تۆنە و هەر تۆنێکیش بە 800 تا 850 هەزار دینار وەردەگیرێت. میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سنوورەکەیان دەکەن لە سایلۆیەک و مەیدانێکدا، چونکە سایلۆی قوشتەپە گەنمی ساڵی رابردووی تێدایە. گوتیشی، پشکی پارێزگای هەولێر 122 هەزار و 600 تۆنە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو 228 هەزار تۆن بووە. لەلایەکی دیکەشەوە، نەسرین محەمەد، بەڕێوبەری سایلۆکانی سلێمانی وتى، ئەمڕۆ دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکەن و پشکی پارێزگاکە 145 هەزار تۆنە، ساڵی رابردووش لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیراوە. وتیشی، ئەمساڵ لەلایەن عێراقەوە هەڵەبجە وەک پارێزگا هەژمار کراوە و 13 هەزار تۆن وەک پشکی پارێزگاکە دیاریکراوە. هەروەها، نازم محەمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک راگەیاند، ئەمساڵ سایلۆیەکی دیکە لە پارێزگاکەدا کاردەکات، ئەویش سایلۆی رۆڤیایە، بەمەش لە چوار سایلۆدا گەنمی جووتیارانی سنوورەکە وەردەگیرێن. گوتیشی، پشکی دهۆک 117 هەزار و 911 تۆنە و ساڵی رابردوو 189 هەزار تۆن بووە. ساڵی رابردوو پشکی هەرێمی کوردستان 700 هەزار تۆن بوو، لەکاتێکدا بەرهەمی جووتیاران زیاتر لە ملیۆنێک تۆن گەنم بوو، ئەمساڵ بڕی گەنمی جووتیاران زۆرترە لەوەی وەردەگیرێت و ناچارن بە نرخێکی کەم لە بازاڕەکاندا بیفرۆشنەوە.
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران پەیامێکی ئاراستەی وەزیری ئیتلاعاتى وڵاتەکەى کرد و ڕایگەیاند سەرکەوتنێکى گەورەیان بەدەستهێناوە لە دزەپێکردنی ژێرخانی ئەمنی ئیسرائیل، توانیویانە زانیارى ورد لەسەر بەرنامەى ئەتۆمی و سەربازیی ئیسرائیل بەدەستبهێنن و دەرکەوتوە بەوهۆیەوە مووشەکەکانی ئێران وردتر خاڵی کاریگەریی دەپێکێت. حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، دەڵێت: بە خۆشی و شانازییەکی زۆرەوە، پیرۆزبایی سەرکەوتنی گەورە و سەرسوڕهێنەر و شکۆمەندانەی سەربازە نەناسراوەکان لە شەڕی زانیاری لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی دەکەم. فەرماندەی سوپای پاسداران لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وتى: وەزارەتی هەواڵگری زانیاریی هەستیاری سەربازیی و ئەتۆمی لەسەر قەوارەی زایۆنی بەدەستهێناوە، ئەم دەستکەوتە جارێکی دیکە گورزێکی کوشندەی دا لە بانگەشەی توانستی هەواڵگریی قەوارەی زایۆنی، بەوردی هێرش دەکەینەسەر دامەزراوە ئەتۆمییە نهێنییەکانی ئیسرائیل ئەگەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێمە بەئامانج بگیرێت. دوو ڕۆژ لەمەوبەر ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران ڕایگەیاند، ئێران بەڵگەنامەكانی تایبەت بەدامەزراوە ئەتۆمییەكانی قەوارەی زایۆنی (ئیسرائیل)ی دەستكەوتووەو گواستویەتییەوە بۆ ناوخۆی وڵات بەمزوانە بڵاودەكرێنەوە. ئەو وتیشى: ئۆپراسیۆنی بەدەستهێنانی بەڵگەنامە ئەتۆمییەكانی ئیسرائیل بەرفروان و ئاڵۆزو هەمەلایەنە بوون، بەوردییەكی زۆرەوە پلانی بۆ دانرابوو. ئەم ئۆپراسیۆنە سەرەتا بە دزەكردن و دواتر راكێشانی سەرچاوەكان دەستیپێكرد تا گەیشتە زانیارییەكان، كە سوپاس بۆ خوا ئێستا گەنجینەیەكی ستراتیژی زۆر گرنگمان هەیە. ئەو بەڵگەنامانەی كە دەستمان كەوتووە تەنیا تایبەت نییە بە بواری ئەتۆمی ئیسرائیلەوە، بەڵكو زانیاری لەبارەی پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و ئەمریكاو ئەوروپاو وڵاتانی تریش لەخۆدەگرێت، ئەمانە لەپاڵ زانیاری هەواڵگریی تر كە توانای بەرگریمان بەهێز دەكات. هەروەك چۆن كرۆكی بەڵگەنامەكان گرنگن، شێوازی گواستنەوەشیان بەهەمان شێوە گرنگە، بەشێوەیەكی تەواوەتی پارێزگاریمان لێكردووەو لەڕووی میدیاییەوە بێدەنگیمان لێكردووە تاوەكو بەڵگەنامەكان بە سەلامەتی دەگەنە ئێران، بۆیە ئێمە میكانیزمی گواستنەوەی بەڵگەنامەكان لە ئێستادا ئاشكرا ناكەین، بەڵام جەخت دەكەینەوە كە بەمزوانە ئەو بەڵكەنامانە بڵاودەكەینەوە.
وەزارەتی بەرگری عێراق ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ ڕاودوونانى تیرۆریستان لەسنورى کەرکووک، ئەمڕۆ توانیویانە دۆڵی زغێتون بەتەواوەتى پاکبکەنەوەو ئێستا لەکۆنترۆڵى سوپادایە. ئەمڕۆ دووشەممە 9ی حوزەیرانی 2025، لەبەیاننامەیەکدا وەزارەتى بەرگرى ڕایگەیاندووە، "پاڵەوانانی لیوای 42ی پیادە بە فەرماندەیی فیرقەی 11ی پیادە، بەردەوامن لە کارەکانی پاککردنەوە کۆنترؤڵکردنى دۆڵی زغیتۆن و لادانی ڕێڕەوی ئاوەکە بۆ کەناڵێکی ئاسایی، هاوکات پڕکردنەوەی ئەو ناوچانەی کانییە کە پەناگەیەکی تیرۆریستان بووە". ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەهەوڵی ئەندازیاری فیرقە توانی گردێکى نمونەیی دابمەزرێنێت، بەرەو (گردی تۆڵەی شەهیدان)، کە لەو شوێنە دامەزرا کە ژمارەیەک سەربازى سوپاى تێدا شەهیدبوون لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا کە بۆ گەڕان بەدوای تیرۆریستاندا". هەروەها ئەوەشى خستوەتەڕوو بەم هەوڵە بەردەوامە، ئێستا دۆڵەکە دوای بیست ساڵ لە دەستبەراگرتنى لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکانەوە کەوتۆتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراق". لەچەند ساڵى ڕابردوودا چەندین ئۆپەراسیۆنى سەربازی بۆ لەناوبردنی شانەکانی داعش لە دۆڵی زغێتون لە نێوان پارێزگای کەرکووک و سەڵاحەدین بە چڕی ئەنجامدراوە. ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکان کۆتاییهێنا بووە بە بوونی شانە نوستووەکانی داعش لەنێو ئەو دۆڵە و دەورووبەری کە بووەتە پەناگەی چەکدارانی داعش. ئۆپەراسیۆنەکان بریتیی بووە لە داخستنی بۆشاییە ئەمنییەکان و خاپورکردنی حەشارگەکانی ڕێکخراوەکە و داخستنی ڕێڕەوی دزەکردن و جوڵەی تیرۆریستان بەتەواوی لە دۆڵەکەدا.
عیزەت شابەندەر نوێنەری تایبەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە دیمەشق و؛ لە كۆشكی گەل لەلایەن ئەحمەد شەرعی سەرۆكی كاتیی سوریاوە پێشوازی لێكرا. شابەندەر یەكێك لە كارەكتەرە سیاسییەكانی شیعەی عێراقە، كە لەدوای كەوتنی رژێمی ئەسەدەوە لە چاوپێكەوتنێكدا باسی لەوە كرد كە لە منداڵییەوە ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جۆلانی) دەناسێت و كاتێك ماڵی لەناوچەی (مەزە) بووە لە دیمەشق لەگەڵ ماڵی باوكی ئەحمەد شەرعدا نزیكی یەكتر بوون و ئەو قسانە راست نین كە دەڵێن ئەحمەد شەرع ئەسڵ و فەسڵی نییە. محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەپێچەوانەی بۆچوونی زۆرێك لە لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران لەهەوڵی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی عێراقدایە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق، بۆ ئەمەش دووجار بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ناردووە بۆ سوریاو خۆشی لە قەتەر جارێك ئەحمەد شەرعی بینوە، بەڵام سەرباری ئەمەش ئەحمەش شەرع بەهۆی هەڕەشەو ناڕەزایەتیی لایەنە شیعەكانەوە خۆی بوارد لە بەشداریكردن لە لوتكەی ئەمدواییەی كۆمكاری عەرەبی لە بەغداد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەنتەری کەشناسی سعودیە ئاشکرایکرد، وەرزی حەجی ئەمساڵ کۆتایی هاتنی وەرزی حەجی تەنها هاوینەیە، بڕیارە دوای 25 ساڵ زیارەتەکە بگەڕێتەوە. حسێن ئەلقەحتانی، وتەبێژی فەرمی سەنتەرەکە ڕوونیکردەوە، هەشت وەرزی داهاتوو دەکەوێتە وەرزی بەهارەوە، دواتر هەشت وەرزی دیکە لە وەرزی زستاندا. پاشان، وەرزی پاییز دەبێت کە پلەکانی گەرما وردە وردە بەرز دەبنەوە، تاوەکو هاوین دەگەڕێتەوە دوای نزیکەی ٢٥ ساڵ. وتەبێژی فەرمی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم گۆڕانکارییە بەشێکە لە سووڕی کاتیی ساڵنامەی مانگ، ئەمەش ئەگەری ئەنجامدانی ڕێوڕەسمەکان لە کەشوهەوای مامناوەندتردا لە وەرزەکانی داهاتوودا زیاد دەکات. ئەمساڵ شوێنە پیرۆزەکان شایەتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بوون، ئەمەش وایکرد وەزارەتی تەندروستی سعودیە هۆشداری بداتە حاجیان لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی خۆر لە ماوەی کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی تا ٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆ بۆ بەرزکردنەوەی خۆپاراستن لە گەرمی خۆر. وەزارەتەکە جەختی لە گرنگی پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی گروپکردن و ڕێکارەکانی خۆپارێزی، وەک بەکارهێنانی چەتر و خواردنەوەی بڕێکی پێویست ئاو، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی سیستەمی تەندروستی؛ بۆ پاراستنی حاجیان و بەرزکردنەوەی سەلامەتییان لە کاتی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمەکاندا. حکومەتی سعودیە، کۆتایی وەرزی حەجی ئەمساڵی بە سەرکەوتووی راگەیاند، نێردەی حەجی عێراقیش بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک پلەی یەکەمی بەدەستهێنا. سعود بن میشعەل بن عەبدولعەزیز، جێگری سەرۆکی لیژنەی هەمیشەیی حەج و عومرە دەڵێت، حەجی ئەمساڵ 1146ـی کۆچی لە رووی ئەمنی و تەندروستی و خزمەتگوزارییەوە بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات. کۆی گشتی حاجیانی ئەمساڵ یەک ملیۆن و 673 هەزار و 230 کەس بوون کە دابەشکراون بەسەر دوو بەشی جیاوازدا، ئەوانیش حاجیانی ناوخۆی سعودیە کە ژمارەیان 166 هەزار و 654 حاجییە، لەگەڵ حاجییانی دەرەکی کە ژمارەیان یەک ملیۆن 506 هەزار و 576 حاجی بووە. هەر بەگوێرەی ئامارەکە، ئەمساڵ ژمارەی حاجیان لە رەگەزی نێر 877 هەزار و 841 حاجی بووە، حاجیانیش لە رەگەزی مێ ژمارەیان 795 هەزار و 389 حاجی بووە، دەستەی ئامار دەڵێت، تێبینی زیادبوونی رێژەی بەشداری رەگەزی مێ لە حەجی ئەمساڵدا کراوە. لە لایەکی دیکەوە فائق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق پیرۆزبایی لە حاجیانی عێراقی دەکات و دەڵێت، بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک عێراق لەنێو نوێنەرایەتییەکانی حەجی ئیسلامی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، هیوای گەڕانەوەی سەلامەتیش بۆ حاجییە عێراقییەکان دەخوازێت.
لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە پارەدان بەشێوەی کاش لە تەواوی فەرمانگەکانی حکومەتی عێراق قەدەغە دەکرێت و دەبێتە ئەلیکترۆنی. ئەم بڕیارە فەرمانگە فیداڵییەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، وەکو فەرمانگەی پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی و دامەزراوە فیدراڵییەکانی دیکە. ساڵح سەلمان راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، عێراق لە وەرگرتنی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، ساڵی 2018 بۆ 2019 تەنها كەمتر لەڕێژەی 10%ـی پارەدانی ئەلیكترۆنی هەبووە، بەڵام ئێستا رێژەكەی بۆ 40% بەرزبووەتەوە، هەروەها ژمارەی ئامێرەكان فرۆشتن بە شێوەی ئەلیکترۆنی گەیشتووەتە 60 بۆ 70 هەزار، ژمارەی هەژماری بانكیش 22 بۆ 33 ملیۆن زیادیكردووە. لەو چوارچێوەیەشدا، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە لە مامەڵەی تەواوی فەرمانگە حكومییەكاندا پارەی كاش نامێنێت و دەبێت بەئەلیكترۆنی، پێویستە هاووڵاتیان بەبێ كارتی بانکی سەردانی فەرمانگەكان نەكەن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەمزوانە لەرێگەی عومانەوە پێشنیارێکی تایبەت بە رێکەوتنی ئەتۆمی پێشەکەشی ئێران دەکات، دەشڵێت: دەبێت واشنتۆن ئەوە بە دەرفەت بزانێت. ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیان، بەمزوانە تاران وەڵامی فەرمی خۆی بۆ پێشنیاری ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەرێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە و بە نوسراوی فەرمی دەگەیەننە واشنتۆن. وتیشی: چاوەڕواندەکرێت تاران لە وەڵامەکەدا پێشنیارێکی تایبەت بۆ رێکەوتن بخاتەڕو کە بریتییە لە پاراستنی بنەمای پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر خاکی ئێران، هاوکات لای خۆیەوە هەنگاو بۆ هێورکردنەوەی نیگەرانیی و تۆمەتەکانی ئەمەریکا لەبەرامبەر هەڵگرتنی کاریگەری سزاکان، دەنێت. بەقایی دەشڵێت: ئێران ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی خولی داهاتوی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، دەردەبڕێت بە مەرجێک هێڵە سورەکانی تاران بپارێزرێت. سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم بەقایی وتیشی: "مەرج نییە هەمو وڵاتێک کە یۆرانیۆم دەپیتێنێت، ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، زۆرێک لە وڵاتان بەبێ ئەوەی پرۆگرامی چەکی ئەتۆمییان هەبێت، یۆرانیۆم دەپیتێنن". ئاماژەی بەوەشکرد: ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەژێر فشار و کاریگەریی سیاسی سێ وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکا راپۆرتێکی لەسەر ئێران ئامادەکرد کە دواتر ئەو راپۆرتە بە مەبەستی خراپ کەڵکی لیوەرگیرا.یب
بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەک، پرسی کورد و خەباتی عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری پەکەکە بووەتە بابەتی پرسیاری تاقیکردنەوەکان لە زانکۆیەکی میسڕی. بەشی مێژووی کۆلێژی ئادابی زانکۆی دەمەنهور لە میسڕ، پرسی کورد و خەباتی عەبدوڵا ئۆجالانی لە چوارچێوەی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ جێکردووەتەوە، بەدیاریکراویش پێشهاتەکانی ئەم دواییەی پەکەکە و بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراسی کە لەلایەن ئۆجالانەوە بڵاوکرایەوە، جگە لە پرسی کورد، پرسی فەلەستین و کەسایەتییە کاریگەرەکانی وەک نێڵسۆن ماندێلا، کراونەتە بابەتی تاقیکردنەوەکان. لە پرسیارەکاندا باس لە رۆڵی پەکەکە لە زیندووکردنەوەی دۆزی کورد، ناڵینی کورد بەدەست سیاسەتی بەتورککردن و بەفارسکردن و تەعریب لەماوەی سەدەی رابردوو کراوە، جگە لەوەش ئاماژە بە پێزانینی ئەکادیمی بۆ پێگەی کورد و رۆڵی فیکری و سیاسی ئۆجالان لە پێشنیازی ئاشتی و دیموکراسی کراوە.
سەرباری بەڵێنی دەسەڵاتدارانی تەلئەبیب بە رێگری نەکردن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کەشتی رێکخراوێک کە هاوکاری دەگەیاندە کەرتی غەززە و سەرجەم سەرنشینەکانیشی دەستگیرکرد. پێشتر دەسەڵاتدارانی تەلئەبیب بەڵێنیان دابو کە رێگری لە گەیاندنی هاوکاری نەکەن و مۆڵەتیاندا بە کردنەوەی رێگا بۆ ئەنجامدانی گەشتەکە بەمەبەستی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە، بەڵام کەشتی مادلین کە لە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی رابردوەوە بۆ کەناراوەکانی غەززە بەرێکەوتبو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە رێگری لێکرا. رێکخراوی هاوپەیمانی ئازادی، کە گەشتەکەی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە رێکخستوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام بڵاویکردوەتەوە؛ بەهۆی رێگریی تەلئەبیب پەیوەندییان لەگەڵ کەشتی مادلین پچڕاوە و سوپای ئیسرائیل سەرخەم تیمی کەشتییەکەیان دەستبەسەرکردەوە. لای خۆشیەوە (BBC)ـی بەریتانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردوەتە سەر کەشتی مادلین و چونەتە ناو کەشتییەکەوە و تەواوی سەرنشینەکانیان لەسەر فەرمانی یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە دەستگیرکردەوە. گریتا سونبەرگ، چالاکوانان و یەکێک لە ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراوە گرتە ڤیدیۆییەکی خۆیی و چالاکوانەکانی دیکە و تیمی کەشتییەکە بڵاو کردوەتەوە و دەڵێت: لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ڕێگرییان لێدەکرێت هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەنن بە لێقەوماوانی کەرتی غەززە و ئێستا سەرجەم سەرنشینانی کەشتیی مادلین رفێندراون.