بنیامین ناتانیاهۆ: ڕێگەنادەین هێزی توركیا بێتە ناو غەززە
4 كاتژمێر لەمەوپێش
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: ئیسرائیل دیدگای خۆی بۆ هێزە نێودەوڵەتییەکان روون کردووەتەوە سەبارەت بە قبوڵنەكردنی ئەو وڵاتانەی هێزیان هەبێت لە كەرتی غەززە، ئەمریکاش لەمەدا هاوهەڵوێستمانە.
ناتانیاهۆ، لە دەستپێكی کۆبونەوەی ئەمڕۆی حكومەتدا رایگەیاند: ئێمە ئاسایشی خۆمان کۆنتڕۆڵ دەکەین، بۆ هێزە نێودەوڵەتییەکانیشمان رونكردووەتەوە، ئیسرائیل دیاری دەکات کە کام هێزانە قبوڵ ناکرێن ئامادەبونیان هەبێت لە غەززە، ئێمە بەم شێوەیە مامەڵە دەکەین و بەردەوامیش دەبین.
وتیشی: بێگومان ئەمە لەلایەن ئەمریکاوە قبوڵکراوە، وەک ئەوەی لە چەند ڕۆژی رابردوودا نوێنەرە باڵاکانی ئاماژەیان پێكردووە.
ناتانیاهۆ جەختی لەوەشکردەوە: سیاسەتی ئەمنی ئیسرائیل لە دەستی خۆیدایە، بەهێزی خۆی بەرگری لە خۆی دەکات و بەردەوام دەبێت لە کۆنترۆڵکردنی چارەنوسی خۆی.
پێشتر نوسینگەی ناتانیاهۆ هاتنە ناوەوەی هێزەکانی تورکیا بۆ ناو غەززە رەتکردەوە، لە چوارچێوەی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە.
پلانەکەی ترەمپ بریتی بوو لە بەشداریکردنی تورکیا لە هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی وێرانکراوی غەززە.
