فەرەنسا لە یەکەم دۆسیەی جینۆسایدی ئێزیدییەکان داعشێک دادگایی دەکات
5 كاتژمێر لەمەوپێش
بڕیارە مانگى ئازارى ساڵی داهاتوو، بۆ یەکەمجار لە مێژووی فەڕەنسادا، پرۆسەی دادگاییکردن پەیوەست بە دۆسیەی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بەڕێوەبچێت. دادگاییکردنەکە لە دادگای تاوانەکانی پاریس لەنێوان 16 بۆ 20ی ئازاردا ئەنجام دەدرێت.
تۆمەتباری سەرەکی لەم دۆسیەیەدا جیهادییەکی فەڕەنسییە بە ناوی (سەبری سەید)، کە لەدایکبووی ساڵی 1984ی شاری تولوزە. سەید بەبێ ئامادەبوونی خۆی دادگایی دەکرێت، چونکە پێدەچێت لە ساڵی 2018 لە سووریا کوژرابێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی فەرمی لەسەر مردنی، دادگا بڕیاری داوە پرۆسەکە بەردەوام بێت.
تۆمەتەکان: کۆمەڵکوژی و تاوانی دژە مرۆڤایەتی
بەپێی بڕیاری دادوەرانی لێکۆڵینەوە، سەبری سەید بەم تاوانانەی خوارەوە تۆمەتبار کراوە:
تاوانی کۆمەڵکوژی و دژە مرۆڤایەتی: بە تایبەتی دژی چوار ژنی ئێزدی و حەوت منداڵەکەیان.
کڕین و فرۆشتنی مرۆڤ: لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ناوبراو ژمارەیەک ژن و منداڵی ئێزدیی کڕیوە بۆ ئەندامانی داعش بە مەبەستی بەکارهێنانیان بۆ کاری سێکسی.
مامەڵەی نامرۆڤانە: ژنە قوربانییەکان شایەتییان داوە کە خۆیان و منداڵەکانیان لە نان و ئاو بێبەش کراون، بەردەوام ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە و وەک "کاڵای سێکسی" مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.
کلیمانس بیکتارت، پارێزەری ژنە ئێزدییەکان، ڕایگەیاندووە کە بریکارەکانی (قوربانییەکان) بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەم دادگاییە دەکەن و هیواخوازن لە ڕێگەی دادگای فەڕەنساوە گوێیان لێبگیرێت و دادپەروەری بۆیان بەدیبێت.
جگە لە دۆسیەی سەبری سەید، بڕیارە دوو کەسی دیکەش بە هەمان تۆمەت دادگایی بکرێن:
(عەبدولناسر بن یوسف): بەرپرسێکی باڵای داعش بووە و ئەویش بە مردوو دادەنرێت.
(سۆنیا مەجەری): هاوژینی پێشووی ناوبراوە و ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ فەڕەنسا.
دادگاییکردنی سۆنیا مەجەری، کە چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی 2027 بێت، دەبێتە یەکەم دادگایی کەسێکی فەڕەنسی کە خۆی ئامادەبێت و بە تۆمەتی کۆمەڵکوژی ڕووبەڕووی سزای زیندانیی هەتاهەتایی ببێتەوە.
