مەحموود مەشهەدانى، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران، لەو سەردانەدا، تیشک دەخاتە سەر دوو فایلی گرنگ کە بریتین لە مەلەفی گروپە چەکدارەکان و نزیکبوونەوەی سوریاو تورکیا لەگەڵ عێراق، ئەمەش بەپێى راپۆرتى میدیا عێراقیەکان. لەژێر ڕۆشنایی ئەو قسانەی باس لە لێکنزیکبوونەوەی سوریا- تورکیا-عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا دەکرێت، هەروەها زیانی ئێران بەهۆی ئەم لێکنزیکبوونەوەیەوە، بەتایبەتی کە ساڵانێکە عێراق لەژێر هەژموونى ئەو وڵاتەدایە. سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحمود مەشهەدانی، ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەردانێکی فەرمی بەرەو تارانی پایتەختی ئێران بەڕێکەوت دوو فایلی گرنگ لە گیرفانیدایە. بەپێى هەواڵى میدیاکان ئەم سەردانە لەسەر بانگهێشتنامەیەکی فەرمی هات کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئێران، محەمەد باقر قالیبافەوە. ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی 2024، محەمەد کازم ئەلسادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، مەحمود ئەلمەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی بانگهێشت کردبوو بۆ سەردانی ئێران. چەند سەرچاوەیەکى جیاواز بە ماڵپەرى عالەم ئەلجەدیدیان ڕاگەیاندووە، “سەرۆکی پەرلەمان لە وەڵامی بانگهێشتنامەیەکی فەرمیدا سەردانێکی خێرا بۆ تاران دەکات، کە تیایدا کۆمەڵێک فایلی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ دەکرێت”. ئاماژەی بەوەشکرد، "مەشهەدانی لە سەردانەکەیدا بۆ تاران، تیشک دەخاتە سەر دوو فایلی گرنگ کە بریتین لە مەلەفی گروپە چەکدارە شیعەکان و نزیکبوونەوەی سوریا و تورکیا لەگەڵ عێراق". دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، قسەی فراکسیۆنە عێراقییەکان کە داوای دەرکردنی هێزە ئەمریکیەکانیان لەو وڵاتە دەکرد، کەمتر بووەوە، هەروەها دەستیان کردووە بە چاوخشاندنەوە بە داواکارییەکانیان، بە گوتەی بەرپرسانی عێراقی و ئەمریکی کە بۆ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس قسەیان کردووە. ئاژانسەکە ڕایگەیاند، سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ، ڕووخانی ئەسەد، هاوپەیمانی ئێران، بووە هۆی لاوازبوونی نفوزی تاران لە ناوچەکەدا، ئەمەش وایکردووە ئەو گروپانەی هاوپەیمانی لەگەڵدا بوون لە عێراق هەست بە لاوازی بکەن.

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، کوردانی سووریا نایانەوێت حکومەت و پەرلەمانی سەربەخۆ دابمەزرێنن بەڵکو دەیانەوێت لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی لامەرکەزی کاروبارەکانیان بەڕێوەببەن و دەشڵێت، "لەگەڵ دیمەشق بە نێوەندگیریی ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دانوستاندان." مەزڵوم عەبدی وتیشی ئەوان دەیانەوێت خۆیان شارەکان بەڕێوەببەن، دەشیانەوێت هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژئاوای کوردستان بمێننەوە.  لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میدیای ئەمریکی، مەزڵووم عەبدی، چەند پرسێکی باسکرد کە دیارترینیان دۆخی نێوخۆی سووریا، و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق، و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان بوون.  فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند رووخانی رژێم هەنگاوێکی مێژوویی بوو و لەسەر ئەو بنەمایەش پێویستە سووریای نوێ بەبێ حیزبی بەعس و ئایدۆلۆژیاکەی بێت.  عەبدی ئاشکراشیکرد هیچ گفتوگۆیەکیان لەگەڵ نەکراوە لەبارەی بوونی ئەحمەد شەرع بە سەرۆکی سووریا. لە کۆنگرەیەکدا بەڕێوەبەرانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سووریا ئەحمەد شەرعیان وەکو سەرۆکى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر دیاریکرد پەرلەمان و سوپاى دەسەڵاتى پێشوو هەڵوەشێنرانەوە، حیزبى بەعس و حیزبەکانى دیکەى بەرەى نیشتمانى پێشکەوتوو هەڵوەشێنرانەوە.  لەو بارەیەوە  فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت، ئامادە نەبووین و هیچی لەسەر ناڵێین. گوتیشی، هیچ گفتوگۆیەکیان لەسەر ئەو بابەتانە لەگەڵ نەکراوە.

ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، رەخنە لە کۆبونەوەکەی دیمەشق دەگرێت و بە نایاسایی دەزانێت، کە بەبەشداریی ژمارەیەک لە بەرپرسی گروپە چەکدارەکان ئەنجامدرا و چەندین بڕیاری لەبارەی دەستور و پەرلەمان و سوپاوە درا و تیایدا شەرع وەک سەرۆکی سوریا دیاری کرا. له‌ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا، ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، ئەو بڕیارانەی لە دەرەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی سوریا دەدرێن، ناشەرعین، چونکە بە بێ بەشداری هێزە سیاسی و شۆڕشگێڕەکان و خەڵک ئەنجامدراون. ئیدارەکە ئاماژەی بە کۆنگرەی “سەرکەوتن” کرد کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە دیمەشق بەڕێوەچوو و بە ناشەرعی ناوی برد، چونکە دەڵێت، زۆرێک لە بەشداربووان تیرۆریست بوون و نوێنەرایەتی خەڵکی سوریا و ژنان و گەنجانیان تێدا نەبوو. لەبەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە بەستنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بە بێ بەشداری هەموو پێکهاتەکانی سوریا دەبێتە هۆی نەگەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕشی گەلی سوریا و دۆخێکی هاوشێوەی دەسەڵاتی پێشوو دروست دەکات. ئیدارەکە داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق کرد، کە لەو هەڵەیە تێبگەن و هەموو سوورییەکان لە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی گشتیدا کۆبکەنەوە بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ و دیموکراتیک. ئیدارەی خۆسەر رایدەگەیەنێت: هەر رێکارێک لە دەرەوەی کۆنگرەی نیشتیمانی سوریا و بەبێ بەشداریی هێزە سیاسی و نیشتیمانی و شۆڕشگێڕەکان کەموکوڕیی هەیە، بەستنی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانی سوریا بە بەشداریی پێکهاتە و لایەنەکانی سوریا چارەسەری نمونەییە بۆ کۆتایی هێنان بە ناسەقامگیریی ئێستای سوریا و گەیاندنی گەلەکەی بە کەناری ئارام، لەبەرامبەردا دوورخستنەوەی هەر پێکهاتە و لایەنێک دەبێتە هۆی بەدەستنەهێنانی ئامانجەکانی شۆڕشی گەلەکەمان، هیچ جیاواز نابێت لە رژێمی پێشوو. ئیدارەی خۆسەر داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەکات هەڵەکانیان راستبکەنەوە و سەرجەم سورییەکان بە پێکهاتە و چین و ئاڕاستە جیاوازە سیاسییەکانەوە لە کۆنگرەیەکی نیشتیمانی گشتگیر و بەبەشداریی هەموان ئامادەکاریی بۆ بکرێت و چوارچێوەکانی دەستوریی نوێ دابڕێژرێتەوە. هەروەک داوا دەکەن، دەسەڵاتدارانی دیمەشق رێگە نەدەن هیچ لایەن و کەسێک گوتاریی رقاوی بڵاوبکاتەوە و کاربکەن بۆ بەرجەستەکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەژیان کە گەلی سوریای پێدەناسرێتەوە.

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوی کردەوە؛ بە زۆرینەی دەنگ هەمواری پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی وڵات پەسەندکرا و بەوەش رێگە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەکرێتەوە. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بە ئامادەبوونی 176 پەرلەمانتار دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو. فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی کردەوە؛ لە دانیشتنەکەدا، دەنگ لەسەر پڕۆژەی هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی کۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی (2023 - 2024 - 2025 ) ژمارە 13ـی ساڵی 2013 دراوە. لاى خۆیەوە، بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری عێراق لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: بەپێی یاسا پەسەندکراوەکە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە لەڕێگەی سۆمۆوە. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشى وت: نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان بە 16 دۆلار دیاریکراوە بۆ ماوەی 60 رۆژ، هەروەها لایەنی راوێژکاریی تایبەتمەندی نێودەوڵەتی لە ماوەی 60 رۆژدا نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت لە هەر کێڵگەیەک بە جیا دیاری دەکات." بەپێی ماددەى 12 پێویستە هەرێم و بەغداد پرسە داراییەکانیان لە ساڵانى 2004-2022  پاکتاوبکرێت دواى وردبینیکردنیان لەلایەن دیوانى چاودێرى داراییەوە، لەگەڵ پابەندبوونى هەرێم بە رادەستکردنى 400 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بەسۆمۆ. هەموارى بودجە لە 5ـی تشرینی دووه‌می 2024ـەوە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقەوە رەوانەى پەرلەمان کراوە، بەڵام بەهۆى ناکۆکى فراکسیۆنەکانەوە لەسەر ماددەى 12 کە تایبەتە بە دەستپێکردنەوەى نەوتى هەرێم، هەموارەکە بەپەسەندنەکراوى ماوەتەوە. عەلى حەمە ساڵح، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەدواى پەسەندکردنى هەموارەکە  نوسینێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت، هەرێم دەبێت نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات، بۆ هەر بەرمیلێک عێراق ١٦ دۆلار خەرجدەکات، تاوەکو لە دوو مانگدا لیژنەی پسپۆڕ خەرجی فعلی دیاری دەکات. هاوکات عەلى حەمەساڵح ئەوەش دەخاتەڕوو، ڕێژەی ٥٠٪ داهاتی فیدڕاڵی دەگەڕێتەوە بەغدا،  کە ٢٥٪ کۆی داهاتی هەرێمە، واتە: لەنزیک چوار ترلیۆن دەبێت یەک ترلیۆن بگەڕێتەوە، عێراق موچەو پارەی پرۆژەو خەرجیەکان دابین دەکات کە نزیکەی ١٥ ترلیۆنە، سێ ترلیۆنی داهاتی ناوخۆ بۆ هەرێم دەگەڕێتەوە.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە توانەو هێزو دەستکەوتە بەرگرییەکانی وڵاتەکەی ئەوەندە هەیە کەڕێگە بە هیچ وڵاتێک نەدات هێرش بکاتە سەری هێزو توانا سەربازیەکانی ئێرانیش تەنها بۆ بەرگرییە و بۆ هێرشکردنە سەر هیچ کەس و وڵاتیک نییە. لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر نوێترین دەستکەوتەکانی بەرگری و بۆشایی ئاسمانی وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان لە بنکەی بۆشایی ئاسمانی ئیمام خومەینی، سەرۆک کۆمار ئێران وتی: ئەم دەستکەوتانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە دوژمنان ناتوانن بە ئاسانی هەرچییەکیان بوێت بەرامبەر خاکی ئێران بیکەن. ناوبراو زیادی کرد: ئەم دەستکەوتانە بە مەبەستی بەرگری لە نیشتمان و شۆڕشی ئیسلامی و سیستەمی پیرۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتوون و بە مەبەستی هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە نین. مەسعود پزیشکیان پێیوابوو، هیچ وڵاتێک بەهۆی دەستکەوتە بەرگرییەکانییەوە ناوێرێت هێرش بکاتە سەر ئێران. ئەو ڕوونیشی کردەوە کە پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیای ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەردەوام دەبێت و بەجۆرێک دەبێت کە هیچ وڵاتێک ناوێرێت هێرش بکاتە سەر خاکی وڵاتەکەى. لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا و دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا لە ناوەڕاستی مانگی یەکدا، پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە کە بوونی زلهێزە بیانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە، ئاماژەی بەوەشدا کە کێشەکانی ناوچەکە دەبێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە چارەسەر بکرێت.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس بە پشتبەستن بە چەند بەرپرسێکی عێراقی و ئەمەریکایی بڵاویکردووەتەوە کە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سوریا لایەنە عێراقییەکانی هاوپەیمانی ئێران چیدیکە پێداگری ناکەن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق. ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا و عێراق ڕێککەوتنێکیان ڕاگەیاند کە تێیدا ڕازیبوون لەسەر ئەوەی تاوەکو مانگی نۆی ساڵی 2025 ئەرکە سەربازییەکەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا لە عێراق کۆتایی بێت، هێزەکانی ئەمەریکاش هەندێک لەو بنکە سەربازییانەیان جێهێشت کە ماوەی دوو دەیەیە لە عێراقدا بەکارییان هێناون. لایەنە سیاسی و چەکدارییەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق لە نێو ئەو دەنگە دیارانەدا بوون کە داوای کشانەوەی ئەمەریکایان کردووە لە عێراقدا، بە تایبەتی دوای هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل و هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە. کاتێک ڕێککەوتنەکە واژۆ کرا بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکەکەی هاوپەیمانان لە عێراق، سەرکردە سیاسییەکانی عێراق وتییان مەترسی داعش لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و چیتر پێویستییان بە یارمەتی ئەمەریکا نیە بۆ شکستهێنان بەو خانانەی داعش کە هێشتا لە وڵاتەکەدا ماونەتەوە. بەڵام ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا لە ڕێی هێرشێکی کتوپڕی یاخیبووە ئیسلامییە سوننییەکانەوە لە مانگی دوانزەدا بووە هۆی ئەوەی لە عێراق جارێکی دیکە پێداچوونەوە بەو هەڵوێستەدا بکرێتەوە، بە ئەندامانی چوارچێوەی کاری هەماهەنگیشەوە کە بریتییە لە هاوپەیمانییەکی پارتە شیعەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراقدا. ڕووخانی ئەسەدی هاوپەیمانی ئێران، تارانی لە ناوچەکەدا لاواز کرد، وایکرد گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق هەست بە لاوازی بکەن. زۆرێک لە عێراق لەوە دەترسن داعش سوود لەو بۆشاییە بگرێت کە لە ئاسایشی وڵاتەکەدا هەیە و بگەڕێتەوە، هاوکات سەرکردە نوێیەکانی سوریاش هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی سەرانسەری وڵاتەکە و پێکهێنانی سوپایەکی نیشتیمانی دەدەن. بەرپرسێکی چوارچێوەی کاری هەماهەنگی وتی " زۆرێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی کاری هەماهەنگی شیعەکان دەیانەوێت هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بمێننەوە و نایانەوێت هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەنجامی ئەوەی کە لە سوریادا ڕوویدا عێراق جێبهێڵن. لەوە دەترسن داعش سوود لەو بۆشاییە وەربگرێت کە ئەمەریکا دروستی دەکات ئەگەر عێراق جێبهێڵێت و دۆخەکەی ناو عێراق تێکبچێت." چەندین بەرپرسی سیاسیی و ئاسایشی دیکەی عێراق هەمان هەڵسەنگاندنییان هەبوو، بەرپرسەکان نەیانویستووە ناوییان ئاشکرا بکەن چونکە ڕێگەپێدراو نەبوون بە ئاشکرا باس لە بابەتەکە بکەن. عێراقییەکان لەوە دەترسن داعش سەرهەڵبداتەوە و سوود لە بێسەروبەرییەکەی دوای ڕووخانی ئەسەد وەربگرێت، لەو چەکە زۆرانەش دەترسن کە سوپای پێشووی سوریا جێیهێشتوون. گروپە چەکدارییەکانی عێراقیش پەیوەندییەکانییان لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکادا ئاڵۆز کردووە، هەندێک لەو گروپانە هەندێک جار هێرش دەکەنە سەرییان و لە هەندێک حاڵەتی دیکەدا دەبنە هاوپەیمانیان لە شەڕی دژ بە دوژمنێکی هاوبەشدا.

حکوومەتی عێراق تاوتوێی سەردانێکی فەرمیی وەزیری دەرەوە بۆ دیمەشق دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مشتومڕێکی سیاسی لەسەر کرانەوە لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە سووریا هەیە، لە کاتێکدا سیاسەتمەدارێکی کورد ئامۆژگاری بەغدای کرد بەڕووی سووریادا بکرێتەوە. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێرق لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، سەقامگیری سوریا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی عێراق هەیە، هۆشداریشیدا لە بوونی 10 بۆ 12 هەزار ئەندامى داعش لە زیندانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە ڕەنگە مەترسی ئەمنیی بۆ دروستبکەن عێراق ئەگەر ئازاد بکرێن. وتیشى: ئەمە پێویستی بە بەهێزکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێکخراوە لەسەر سنووری هاوبەشمان. فواد حسێن، بوونی پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا، سەرەڕای نەبوونی سەردانێکی فەرمی بۆ دیمەشق لە ئێستادا" پشتڕاستکردەوە و "رێنمایی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە سەردانی وەزیری دەرەوە بۆ سوریا وەک بەشێک لە جددی" ئاشکرا کرد هەنگاوەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات. هاوکات لەچەند گفتوگۆکانی نێوان وەزیری عێراق و هاکان فیدان هاوتا تورکییەکەی هەفتەی ڕابردوو لەسەر دۆخی سوریا و ئەو مەترسییانەی داعش دروستی دەکەن، بەپێی داتاکانی حکومەت. هەر لەو پێوەندییەدا، هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری پێشووی دەرەوەى عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە “لە بەرژەوەندی عێراقدایە مامەڵەی ئەرێنی لەگەڵ بارودۆخی ئێستای سوریادا بکات”، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ئاژاوەگێڕییەی لەم دۆخەدا هەیە وڵاتی دراوسێ “ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئاسایشی عێراق دەکات”. زێباری لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” ڕایگەیاندووە کە “حکومەتی عێراق دواکەوتووە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی سوریا، بە پێچەوانەی وڵاتانی عەرەبی شام، بە تایبەتی: ئوردن، سعودیە، کوەیت، قەتەر، فەلەستین، لوبنان، عومان، و بەحرەین.”

هەپەگە ڕایگەیاند، لە وەرزی زستاندا لە زەوی و ئاسمانەوە ٦٣ جار گەریلا چالاکی ئەنجامداوە و دەوڵەتی تورکیش هێرشەکانی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو بەردەوامە. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە دەربارەی شەڕی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک و قڕکەر و حکومەتی ئاکەپەی فاشیست لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا هێرشەکانی لە باکووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەبێ وەستان بەردەوامە و لە مانگی ڕابردوودا لە باکووری کوردستان لە دێرسیمەوە تا سەرحەد، لە خەرزانەوە تا ئامەد، لە مێردینەوە تا بۆتان، لە جۆلەمێرگ و بۆتان سەدان ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام داوە، بەڵام هەموو ئەم ئۆپەراسیۆنانە بێ ئەنجام مانەوە. دەشڵێن: وێڕای هێرشە داگیرکارییە ئاسمانییەکان لەسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکان لەسەر گەلەکەمان لە باکووری کودستان بەردەوامە و تێیدا چەندین هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە کە جەختەکاتەوە لەسەر سیاسەتی قڕکردن، بە بەرچاوی جیهانەوە کەسانی مەدەنی تیرۆر دەکات و بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو لە دژی گەریلا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات. ئاماژە بەوەکراوە، دەوڵەتی تورک لە ناو مانگی کانوونی دوووەمدا پێنج جار بە چەکی کیمیایی، نۆ جار بە درۆنی بۆردوومانکەر و ١١٣ جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو هێرشی سەر تونێلەکانمانی کردووە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا. هاوکات گۆڕەپانەکانی بەرخۆدان ٢٣٥ جار بە فڕۆکەی جەنگی و ٥٩ جار بە هێلیکۆپتەری جەنگی بۆردوومان کراون. هاوکات، گەریلاکانی ئازادی کوردستان لەبەرانبەر ئەم هێرشانەدا لە باکووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە بێ ناوبڕ درێژە دەدەن بە تێکۆشانیان. لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانمان کە بە بوێری و پێرفۆرماسیۆنێکی بەرزەوە لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا لە بەرخۆداندان، لە ناو بارودۆخی وەرزی زستاندا بە تاکتیکی جیاواز ١٣ جار لە ئاسمانەوە، ٥٠ جاریش لە زەمینەوە، بەگشتی ٦٣ جار چالاکی ئەنجام داوە و لەم چالاکییانەدا شەش داگیرکەر سزادراون و داگیرکەرێکیش بریندار کراوە. هەروەها چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی، کەرەستە و پێداویستی سەربازی لەناوبردراون و گورزییان لێ وەشێندراوە. لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە بەرانبەر هەموو هێرشەکاندا بە تێکۆشانی هەبوون و ئازادی گەلی کورد بە ڕۆحی فیدایی ئاپۆییەوە لەبەرخۆداندان و وەک ئەوەی هەموو کاتێک ئەنجامیان داوە، لە ئێستا و دواتریشدا وەڵامی بەرپەرچدانەوەی پێویست دەدەنەوە. هەپەگە ئاماری مانگی کانوونی دووەمی بەم شێوەیە خستووەتە ڕوو: هێرشەکانی سوپای تورک: هێرشی فڕۆکەی جەنگی: ٢٣٥ هێرشی هێلیکۆپتەر: ٥٩ هێرشی چەکی کیمیایی: ٥ هێرشی درۆنی خۆکووژ: ٩ هێرشی تەقەمەنی قەدەغەکروا: ١١٣ چالاکییەکانی گەریلا: چالاکی ئاسمانی: ١٣ چالاکی زەمینی: ٥٠ زیان و لەدەستدانەکانی دووژمن: داگیرکەری سزادراو: ٦ داگیرکەری بریندار کراو: ١ ئەو کەرەستانەی لە ناوبردراون: سیستەمی ڕادار: ٢ کۆنتێنەر: ٥ درۆن: ٦ کامێرای چاودێری: ٢ چەکی قورسی دۆشکە: ١ مۆڵگە: ٢ خێمەی سەربازی: ٤ بڕی ٤٠ کیلۆ تەقەمەنی کامێرای وێنەهەڵگر: ١ ئەوانی گورزییان لێ دراوە: تانک: ١ زێپۆشی سەربازی: ٢ چەکی قورسی دۆشکە: ١ مۆڵگە: ١

ــ ١٨ زیندانی کە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە ئازاد دەکرێن ــ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە جێنین و تولکەرم بەردەوامە لیواکانی قاسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، ئەمڕۆ شەممە سێ بارمتەى  رادەستى خاچى سور کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل،  یەکێکیان خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمریکییە. لە ١٤هەمین ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەست، لە کەرتی غەززە ڕێکارەکانى چوارەمین گروپى بارمتەکان ئاڵوگۆڕکرا، هەر یەکە لە ئوفەر کاڵدرۆن و یاردەن بیباس کە وەک دیل لەبەردەست حەماس'دا بوون، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی خان یونس ڕادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی کران، بەڵگەنامەی تایبەت بە ڕادەستکردنی دیلەکانی واژۆکرا. دەزگاى زیندانەکانى ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە دەستیان بە ڕێکارەکانی ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەمە دوای ڕادەستکردنی دەستگیرکراوەکانی ئیسرائیل ڕوودەدات. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە جێنین و تولکارم لە کەرتی ڕۆژئاوا بەردەوامن و هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر چەند ناوچە و شارۆچکەیەک لەوانە نابلوس و خابرۆن و ڕامەڵڵا. دەسەڵاتدارانی فەلەستین دەڵێن ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئازادکردنی دەیان زیندانی لە خولی چوارەمی ئاڵوگۆڕەکاندا. نووسینگەی ڕاگەیاندنی زیندانیانی فەلەستین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی وەجبەی چوارەمی ڕێکەوتنەکە ناوی زیندانییەکان ڕادەستی زیندانییەکان دەکات، ١٨ زیندانی کە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە ئازاد دەکرێن”. هەروەها 54 زیندانی بە سزای جیاوازو و سزای هەتاهەتایی. ١١١ زیندانی لە کەرتی غەززە کە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر دەستگیرکراون. بڕیارە ئەمڕۆ ژمارەیەک لە فەلەستینیەکان لەوان هاووڵاتیانی مەدەنی و چەکداری بریندار، بۆ یەکەمجار لە دوای کردنەوەی دەروازەی ڕەفەحەوە بۆ میسر گەشت بکەن.

چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان دەڵێن لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 60 هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی سنە، پیرانشار، سنە، مەهاباد و سەردەشت دەستبەسەر کراون. بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ناوەندە ئەمنییەکانی ئیڕان لە دوایین هەوڵەکانیان بۆ سەرکوتکردنی چالاکوانان، پێنج هاووڵاتی و چالاکوانی کوردیان بە ناوەکانی مەحیدین خالیدیان، وەهاب خەدیریپوور، ڕەحمان ڕەحیمپوور، جەلال پەرهیزکار و سەروەر حەمەنازدار لە شارەکانی سنە، مەهاباد و سەقز دەستبەسەر کردووە. هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە دوو ڕاپۆرتی جیادا کە ڕۆژی پێنجشەممە، 30ی ئەم مانگە بڵاوکراونەتەوە، ڕایگەیاندووە پێنج هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی ئاتیلا عەبدی، ڕەزا کامەرانی، سەتار بابایی، زەکەریا فیروزبەخت و ئیدریس عەبدوڵڵاهی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەو شارە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنی لە شاری کرماشان و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان دیار نییە. لە ڕاپۆرتێکی دیکەی رێکخراوی هەنگاو ئاماژە بەوە کراوە دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەرسەلان فەتاحی و سامان سەفەری کە لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان و خەڵکی ناحیەی گەهوارەی کرماشانن، لە شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. ڕێبین ڕەحمانی ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت ژمارەی دەستبەسەرکراوان "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوای مانگرتنی شارەکانی کوردستان دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی گەیشتوەتە نزیکەی 60 کەس کە زۆربەیان لەپەیوەند بەو مانگرتنەوە و بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە حزبە کوردییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ئاماژەی بەوەشکرد دەستبەسەرکردنەکان لە شارە کوردنشینە جیاجیاکان ئەنجامدراوە و دەستبەسەرکراوانیش تاکو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە و لە مافی وەرگرتنی پارێزەریش بێبەش کراون. شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکوانانی کورد لە 22ی مانگی یەک دەستیپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی خەڵکی شارە کوردنشینەکان لە وەڵامی بانگەوازی شەش حزبی کوردی بۆ مانگرتن دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی، بازار و دوکان و شوێنی پیشەکانیان داخست. حزبە کوردییەکان لە بانگەوازەکەیاندا جەختیان لەوە کردەوە کە مانگرتنی گشتی چارەسەرێکی مەدەنییە بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و ڕزگارکردنی گیانی زیندانیانی سیاسی.

هاوڵاتى وەزارەتی نەوتى عێراق، وردەکاری ئەو پڕۆژانەی خستەڕوو کە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی واژۆیان کردووە، هاوکات بوونی دانوستانەکانی پشتڕاستکردەوە بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای بەریتانی پترۆلیۆم بۆ پەرەپێدانی 4 کێڵگەی نەوتی لە کەرکوک. باسم محەمەد خزه‌یر، یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت، ئەمڕۆ هەینى ڕایگەیاند: وەزارەتی نەوت پلانێکی تایبەتی داڕشتووە 4 ئامانجی لەخۆگرتووە کە ئامانج لێی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوتە، دووەم، داخستنی دۆسێی غازی سووتاو، سێیەمیش گەڕان بەدوای کێڵگە نوێیەکانی غازدا کە بڕێکی زیاتری غاز زیاد دەکات، بۆ بەرهەمهێنانی وزە، گەیشتن بە ئامانجی چوارەم کە عێراق لە هاوردەکارێکەوە دەگۆڕێت بۆ هەناردەکاری غاز". ئەو بەرپرسەى وەزارەتى نەوت ئاماژەی بەوەشکرد، لە 10ی 1، وەزیری نەوت بەردی بناغەی پڕۆژەی خێراکردنی غازی لە کێڵگەی ئارتاوی دانا لە چوارچێوەی گرێبەستەکانمان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتال، کە بریتین لە پڕۆژەیەک بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان لە کێڵگەی ئارتاوی بۆ 210 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. هەروەها پڕۆژەیەک بۆ وەبەرهێنانی غاز لە ٦ کێڵگەی گرنگدا بە توانای ٦٠٠ ملیۆن پێی سێجا ستاندارد بە دوو قۆناغ: قۆناغی یەکەم ٣٠٠ ملیۆن و قۆناغی دووەم ٣٠٠ ملیۆن پێی سێجا ستاندارد. باسم محەمەد خزه‌یر، هه‌روه‌ها هێماى بۆ ئەوەکرد پڕۆژەکان بریتین لە پڕۆژەیەکی ئاوی دەریا بە توانای دیزاینکردنی 7 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و توانای کارپێکردنی 5 ملیۆن بەرمیل.  چوارەم پڕۆژەی گرنگ، بۆ یەکەمجار لە عێراق، پڕۆژەی وزەی خۆرە ، وێستگەیەک دەبێت بە توانای هەزار مێگاوات لە چوار قۆناغدا، هەر قۆناغێک 250 مێگاوات، و تا کۆتایی ساڵی 2025 دەست بە کاردەکات قۆناغی یەکەمی خزمەتگوزارییەکە.

ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە ئیسرائیل لای لیژنەی سەرپەرشتیکردنی ئاگربەستی لوبنان کە ئەمەریکا سەرۆکایەتی دەکات، سکاڵای کردووە کە دیپلۆماتکارانی ئێران و لایەنی دیکەش دەیان ملیۆن دۆلار پارە بە جانتا بۆ حزبوڵا دەگوازنەوە بۆ دابینکردنی دارایی ئەو گرووپە بۆ ئەوە بتوانێت خۆی بەهێز بکاتەوە. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی هەینی 31ی مانگی یەک بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکاوە پشتڕاستکراوەتەوە، ئیسرائیل لە سکاڵاکەیدا ڕایگەیاندووە نێردراوانی ئێران بە جانتای پڕ لە دۆلاری ئەمەریکاییەوە لە تارانەوە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەیروت گەشت دەکەن. ئیسرائیل هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هاووڵاتیانی تورکیاش لە ڕێگەی ئیستەنبوڵەوە پارەیان بۆ بەیروت گواستووەتەوە. لیژنەی ئاگربەست کە بەرپرسیار نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشێلکارییەکانی ڕێککەوتننامەکە، ئەم سکاڵایانەیان ئاراستەی حکومەتی لوبنان کردووە. لیژنەکە نوێنەرانی ئیسرائیل، لوبنان، ئەمەریکا، فەرەنسا و نەتەوە یەکگرتووەکان لەخۆدەگرێت. بەشێک لە بەرپرسانی وڵاتانی ئەندامی ئەو لیژنەیە ڕایانگەیاندووە کە ئاگادارن لە بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی بەیروت لەلایەن ئێرانەوە بۆ بە قاچاخ بردنی پارە و ئەو بانگەشانە بە باوەڕپێکراو دەزانن. بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەست، لوبنان پێویستە کۆنترۆڵی چوونە ژوورەوە بۆ وڵاتەکەی بکات و ڕێگری لە گواستنەوەی چەک و کەرەستەی پەیوەندیدار بۆ گروپەکانی وەک حزبوڵا بکات، بەڵام لە ڕێککەوتنەکەدا بە تایبەتی باس لە گواستنەوەی پارەی نەختینەیی نەکراوە. حیزبوڵا گرووپێکی نیمچە سەربازییە و لە هەمان کاتدا پارتێکی سیاسییە کە بەشێکی زۆری باشووری لوبنانی کۆنترۆڵ کردووە. ئەمەریکا حزبوڵا بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت، بەڵام یەکێتی ئەوروپا باڵی سەربازی حزبوڵای خستوەتە لیستی رەش و پارتە سیاسیەکەی بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نازانێت. باڵی سیاسی حزبوڵای لوبنان نوێنەریشی لە پەرلەمانی لوبنان هەیە. حکومەتی لوبنان و هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە و نوێنەرانی شاندی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حیزبوڵای لوبنان تا ئێستا وەڵامی ئەو هەواڵانەیان نەداوەتەوە. بەڵام بێهنام خوسرەوی دیپلۆماتکار لە باڵیۆزخانەی ئێران لە لوبنان لەم دواییانەدا بە میدیای دەوڵەتی ئێرانی ڕاگەیاند کە تاران فڕۆکەی نەفەرهەڵگر بۆ گواستنەوەی پارە بۆ لوبنان بەکارناهێنێت. ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ نووسیوێتی دەسەڵاتدارانی تورکیا هەروەها جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هەر جۆرە گواستنەوەیەکی پارەی بەرچاو لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ بە ئامێری تیشکی ئێکس و ڕێوشوێنی ئەمنی دیکە دەستنیشان دەکرێت و تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی لەو شێوەیە بەدی نەکراوە.

وەزیرى دارایی حکومەتى کاتى سوریا، ئاشکراى دەکات ناوى 400 هەزار فەرمانبەری خەیاڵی و بن دیوار لەتۆمارەکانى دەوڵەتدا هەیەو وەکخۆى دەڵیت چاوەڕوانی ئەم هەموو گەندەڵییەمان نەدەکرد. لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتە کاتیەکەى ئەحمەد شەرع، کەمتر لە دوو مانگ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری پێشووی سوریا، ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە لە کارەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی دامەزراوە وێرانەکانی دەوڵەت بەردەوامە. باسیل عەبدولحەننان، وەزیری ئابوری حکومەتى ڕاگوزەرى سووریا، بە ئاژانسى ڕۆیتەرزى وتوە: لەتۆمارەکانى دەوڵەتى پێشووى ئەسەددا ناوى 400 هەزار فەرمابەرو کارمەندى نادیارو خەیاڵ، هەیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە لابردنی ئەوان سەرچاوەیەکى گەورەیە بۆ گەڕانەوەى داهات بۆ دەوڵەت. وەزیرى ئابوورى حکومەتى سووریا، وتیشى: ئیدارەی نوێ چاوەڕوانی گەندەڵی لەو وڵاتەدا بوون، بەڵام بە خەیاڵیاندا نەدەهات کە بگاتە ئەم ئاستە، پێدەچێت هەندێک کۆمپانیا و فەرمانگەی دەوڵەتی تەنها بۆ دزینی سەرچاوەکانى داهات بوونیان هەبێت بۆیە دادەخرێن. دوای 13 ساڵ شەڕی ناوخۆی خوێناوی، سوریا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبێتەوە، دیارترینیان ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان و هەروەها ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی و دامەزراوە فەرمییەکان، جگە لە پێکهێنانی سوپا و هێزە چەکدارەکان و بوژاندنەوەی ئابووریی وێرانە. لەلایەکى دیکەوە، محەممەد زەید وەزیری گەشەپێدانی کارگێڕی سوریا ئاشکرایکرد، دەوڵەت پێویستی بە 550 بۆ 600 هەزار کرێکار هەیە، کە ئەمەش کەمترە لە نیوەی ژمارەیەى ئێستا هەیە. وەزیرەکانی دیکەی ئەو حکومەتەی کە پاش ماوەیەکی کەم لە ڕووخانی ئەسەد پێکهێنراون، بۆ ماوەیەکی ڕاگوزەر، پێشتر باسیان لە ڕادەی گەندەڵی و لایەنگری لە وڵاتدا لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا کردبوو.

 ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا ڕایگەیاند، گرنگيى بە پاراستنى مافه‌كانى پێكهاته‌كان له‌ عێراق و سووريا و داكۆكييان له‌ پاراستنى مافه‌كانى كورد له‌ سووريا دەکەینەوە. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى سەرۆکایەتى هەرێم، شه‌وى ڕابردوو، پێنجشه‌ممه‌ 2025/1/30 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنی له‌ ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نساوه‌ پێگه‌یشتووە. تیایدا ده‌ر‌باره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى سووريا و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌. هەر لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى چڕكردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌رده‌واميى گفتوگۆى هه‌رێمى كوردستانيان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌ گرنگ بۆ سه‌قامگيريى عێراق له‌ قه‌ڵه‌م دا. هاوکات ڕاگەیەندراوەکە باس لەوەدەکات لاى خۆيه‌وه‌ ماكرۆن جه‌ختى له‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق و قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و تيشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ فه‌ره‌نسا به‌ بايه‌خێكى زۆره‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت. هه‌ر له‌ په‌يوه‌ندييه‌ ته‌له‌فۆنييه‌كه‌دا ماكرۆن پيرۆزباييى سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانى له‌نێچيرڤان بارزانى كرد، تيشكيان خسته‌ سه‌ر هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى پاراستنى مافه‌كانى پێكهاته‌كان له‌ عێراق و سووريا و داكۆكييان له‌ پاراستنى مافه‌كانى كورد له‌ سووريا كرده‌وه‌ و چه‌ندين بابه‌تى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌شيان، تاوتوێ كرد.

دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ كۆشكی سپی بە ڕۆژنامه‌نوسان ڕایگه‌یاند: هه‌ردو وڵاتی ئوردن و میسر پێشوازی له‌ دانیشتوانی غه‌ززه‌ ده‌كه‌ن و له‌ئێستاشدا بارودۆخی سوریا ناجێگیرە. تره‌مپ وتیشی ئه‌مریكا زۆر كاری بۆ میسر و ئوردن كردوه‌، ئه‌وانیش ئه‌وه‌ی ئێمه‌ داوامان كردوه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. سه‌باره‌ت به‌ بونی ئه‌مریكاش  له‌ سوریا، تره‌مپ ڕه‌تیكرده‌وه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا بكشێنێته‌وه‌ و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ واشنتن ده‌ستی به‌و روداوانه‌دا نیه‌ كه‌ له‌ سوریا ڕوده‌ده‌ن، به‌و پێیه‌ی پشێوی له‌و وڵاته‌دا زاڵه‌، ئێمه‌ش نه‌مانوتوه‌ هێزه‌كانمان له‌ سوریا ده‌كشێنینه‌وه‌، به‌ڵام بڕیاری پێویستیان له‌باره‌وه‌ ده‌ده‌ین. پێشتر دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا داوای له‌ هه‌ردو وڵاتی ئوردن و میسر كرد كه‌ فه‌ڵه‌ستینیه‌كانی كه‌رتی غه‌ززه‌ وه‌ربگرن، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ ده‌كرێت چاره‌سه‌رێكی كاتی یان هه‌میشه‌یی بێت. ئه‌م بانگه‌وازه‌ش له‌لایه‌ن ئەو دوو وڵاته‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان هه‌نگاوێكی له‌و شێوه‌یه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و تێكدانی مافی فه‌ڵه‌ستینییه‌كان بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان ده‌زانن. پەیوەست بەو بابەتە لەوەڵامى ئەو پێشنیارەى ترەمپ، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوثیکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "میهر"ی ئێرانی ئەمرۆ سێشەممە دەڵێت: پێم وایە ئەمە پڕۆژەیە کە زۆرێک لە ڕابردوودا هەوڵیان داوە بەڵام هەموویان شکستیان هێناوە، فەلەستین لە نەخشەی ناوچەکەدا ناسڕدرێتەوەو دەرناکرێن. وەزیرى دەرەوەى ئێران وتیشى: کەواتە پێشنیارەکەم شتێکی ترە لەبری فەلەستینییەکان هەوڵبدەن ئیسرائیلییەکان دەربکەن، بیانبەن بۆ گرینلاند تا بتوانن بە یەک بەرد دوو باڵندە بکوژن. هەم کێشەی گرینلاند و هەم ئیسرائیلییەکان چارەسەر بکەن.