كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت لەگەڵ سهرۆكایهتیی ئهنجومهنی وهزیران پێكهوه هاوئاههنگیی بۆ ئهو پرۆسهیه دهكهین و کاتێک دیاری دەکەین بۆ بهڕێوهچوونی ههڵبژاردنی ئهنجومهنی نوێنهران. ئەمڕۆ شەممە جومانه غهلای وتهبێژی كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق له لێدوانێكى ڕۆژنامەوانیدا، دەڵێت: وادەی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكایەتی حكومەتەوە دیاری دەكرێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، بەمەرجێك ئەم وادەیە پێش كۆتاییهاتنی خولی ئێستای پەرلەمان نەكات تا ماوەی لە 45 ڕۆژ كەمتر نەبێت لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانەوە كە لە 1/9/2022 بەڕێوەچوو. وتهبێژی كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق، ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم ماوەیە بە كەمترین ماوە دادەنرێت، واتە ناتوانرێت هەڵبژاردن لە 45 ڕۆژ كەمتر پێش وادەی كۆتایی خولی ئێستا ئەنجام بدرێت، واتە پێش 25ی تشرینی دووەمی 2025، بەمەرجێك لەنێوان سەرۆكایەتی وەزیران و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان دیاریبكرێت. ڕۆژی 10ـی تشرینی یهكهمی 2021 ههڵبژاردنی خولی پێنجهمی ئهنجومهنی نوێنهران ئهنجامدرا و له 9ـی كانونی دووهمی 2022ـدا ئهنجومهنهكه یهكهم دانیشتنی ئهم خولهی ڕێكخست.
هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند: لە شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان هێزەكانیان و گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا، شەش چەكداری ئەو گروپانە كوژران و هەشت چەكداری دیكەش بریندربون، جگە لە تێکشکاندنی دو ئۆتۆمبێل. دەشڵێت، "هێزەکانیان سیستەمێکی ڕاداریان تێکشکاندوە کە ڕاداری سوپای توركیا بوە لە ڕۆژهەڵاتی شاری منبج جێگیركراوە. هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و بەکرێگیراوەکانیدا؛ دوێنێ هەینی هێزەکانمان ژمارەیەك پێگەیان لە بەرەی پردی قەرەقۆزاق کردە ئامانج، كە پێگەی ئەو چەكدارانە بو لە گوندەكانی قەڵای نەجم، هاوشاریە و گردی خۆدی باشوری ڕۆژهەڵاتی مەنبج. ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەکانیان سیستەمێکی ڕاداریان تێکشکاندوە کە ڕاداری سوپای توركیا بوە لە ڕۆژهەڵاتی شاری منبج جێگیركراوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ژمارەیەك هێرشیان بۆ سەر گوندەکانی مەنبەج و دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق چڕکردەوە، بەڵام هیچ زیانێکی لێنەکەوتەوە. هەروەها بۆردومانی ناوچەکەیان کردووە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک لەو بۆردومانەدا تۆمار بكرێت.
لە حەوتەمین ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، لیواکانی قەسام 4 ژنە سەربازی ئیسرائیلی ئازاد کرد کە لەلایەن ئەوانەوە بە دیل گیرابوون، لە وەجبەی دووەمی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیل لە نێوان حەماس و ئیسرائیل. ئەلقەسام زیندانییە ژنە ئازادکراوەکانی لە گۆڕەپانی فەلەستین لە ناوەڕاستی غەززە ڕادەستی خاچی سوور کرد و کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە ئامادەکارییەکان بۆ ئازادکردنی زیندانیانی فەلەستینی لە زیندانی کەتسوت لە نەگڤ دەستی پێکردووە. میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، بنەماڵەی ئەو ژنە زیندانییە ئیسرائیلییە بۆ پێشوازیکردنیان بەرەو دەروازەی ڕەعیم بەڕێکەوتوون، هاوکات پەیامنێری کەناڵی جەزیرەش هەواڵی بڵاوەپێکردنی ئەندامانی لیواکانی قەسام لە گۆڕەپانی فەلەستین لە ناوەندی شاری غەززە، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنى پرۆسەی ڕادەستکردنەوە. لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی جەزیرە بڵاویکردەوە لیستی ئەو ٢٠٠ زیندانییە فەلەستینییەی دەستکەوتووە کە بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، شەممە ئازاد بکرێن. لە نێو ئەو ٢٠٠ زیندانییەی کە بڕیارە ئازاد بکرێن، ١٢١ زیندانییان بە سزای هەتاهەتایی و ٧٩ کەسیان بە سزای درێژخایەن. ئامادەکارییەکان لە زیندانەکانی ئیسرائیل بۆ ئازادکردنی زیندانیانی فەلەستینی کە لە وەجبەی دووەمی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان بەرخۆدانی فەلەستین و ئیسرائیلدا بەشداربوون دەستیپێکردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی جنین لە باکووری کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو بۆ پێنجەمین ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامە. هاوکات لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا هاتووە، "حکومەتی ئیسرائیل پابەندە بە گەڕاندنەوەی سەرجەم ڕفێنراوەکانی ناو کەرتی غەززە". میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە "هێزەکانی سوپای ئیسرائیل پێشوازییان لەو چوار سەربازە ژنە ئازادکراوە لە ناوخۆی غەززە کردووە". ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی تایبەتى سوپا یاوەری ئەو چوار زیندانییە ژنە بوون لە ڕێگەی خۆیان بۆ ئیسرائیل. ئاژانسەکان لە زاری خاچی سوورەوە بڵاویانکردەوە کە "دۆخی گشتی ئەو چوار ژنە زیندانییە ئیسرائیلییە باشە". بەرپرسانی باڵای ئەمنی، لەوانەش سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا و سەرۆکی ڕێکخراوی شین بێت و مۆساد، سەرپەرشتی پرۆسەی وەرگرتنی کچە ڕفێنراوەکان دەکەن".
دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرى حکومەتى عێراق، ڕایدەگەیەنێت، توانیویانە لەسنورى پارێزگاى سلێمانى تیرۆریستێک دەستگیر بکەن، هەروەها چەندین حەشارگە و ئەشکەوت لەناو ببەن. لەڕاگەیەندراوێکیاندا دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دەڵێن: بەمەبەستی پاراستنی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان قارەمانانی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەڕێوبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی خزمەتگوزاری ئاسایشی هەرێمی کوردستان، تیرۆریستێک لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکراوە. هەروەها ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش دەخاتەڕوو بە هەماهەنگی لەگەڵ فەوجی دژە تیرۆرى سلێمانی، لە قەزای توزخورماتوو (چیای بەلکانە) لەڕیگەى فڕۆکەوە چونەتە ناوچەکەو لە ئەنجامدا (٣) ئەشکەوت کە مادەی ئامادەکراوی تێدابوو بۆ تەقینەوە لەناوبراون. دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق دەشڵین لە گوندی زرکەش سێ کۆگا، ئۆتۆمبێل و ئەشکەوتی تیرۆریستانمان تەقاندەوە. پێشتریش لە رێکەوتی 8.1.2025، دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریدا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر توانی ژمارەیەک ئەندامی داع*ش لە سنووری شارەزوور دەستگیربکات. راگەیەندراوەکەى دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق دەڵێن ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامە بۆ لەناوبردن و پاککرنەوەى پاشماوەی چەتەکانی تیرۆریس.تی داع.ش.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، فەرمانی راگرتنی سەرجەم هاوکارییە دەرەکییەکانی دەرکردووە، جگە لەو هاوکارییانەی لە بودجەی وڵاتەکەدا بۆ ئیسرائیل و میسر تەرخانکراون. رۆژنامەی "بولیتیکو" بڵاویایکردەوە بە گوێرەی یاداشتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نابێت هیچ بودجەیەکی هاوکاریی نوێ، بۆ هیچ لایەنێک دیاریبکرێت یان درێژبکرێتەوە، ئەوەش خراوەتەڕوو، کە نابێت هیچ جۆرە بودجەیەکی هاوکاری پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و پەسەند بکرێت، ئەمەش بەگوێرەی کارنامەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. ئەوەش خراوەتەڕوو، کە فەرمانەکە یارمەتییە خۆراکییە فریاگوزارییەکان و هاوکارییەکانی ئیسرائیل و میسر ناگرێتەوە، کە زۆرترین هاوکاریی سەربازییان لەلایەن ئەمریکاوە پێدەگات. ئەم یاداشتەش درێژکراوەی فەرمانێکی جێبەجێکردنە، کە لە رۆژی دەستبەکاربوونیدا، دۆناڵد ترەمپ دەریکردووە، تێیدا فەرمانی کردووە بە راگرتنی هاوکارییە دەرەکییەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی 90 رۆژ. ئەمریکا ساڵانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، هاوکاریی ئەو هێزانە دەکات کە هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانانن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات. هاوکارییەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دابەشکراون: 257 ملیۆن و 57 هەزار و 349 دۆلار بۆ کەلوپەلی سەربازی و مەشقپێکردن؛ نۆ ملیۆن و 700 هەزار دۆلار بۆ خزمەتگوزاری و پشتیوانیی لۆجستیی هێزەکان؛ 60 ملیۆن دۆلار بۆ مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، کە بە شێوەی مانگانە پێیان دەدرێت، هەروەها چوار ملیۆن و 795 هەزار دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی ژێرخان و بنکەکان و 49 ملیۆن و 205 هەزار دۆلار بۆ رێگری لە لەکارکەوتنی ئامێرەکان و هێشتنەوەیان بە کاریگەری.
ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە داوا دەکەن بێ رادەستکردنی نەوت، هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان خەرج نەکرێت. ئەو پەرلەمانتارانە ئاماژە دەشڵێن لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لێپرسینەوە لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکەن. ئەو پەرلەمانتارانە لە راگەیێندراوێکدا، رەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرن و داوا لە حکومەتی عێراقیش دەکەن، بەبێ رادەستکردنی نەوت لەلایەن هەولێرەوە، هیچ بڕە پارەیەکی بۆ نەنێرێت. ئەو پەرلەمانتارانە هەڕەشەی لێپرسینەوە لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکەن لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان. پەرلەمانتارەکان لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە دەکەن، دوای پەسندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵیی سێ ساڵە، چەند مادەیەک هەبوون کە پەیوەندییان بە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەبوو، بەڵام پابەند نەبووە و تەنیا نزیکەی 399 ملیاری لە داهاتی نانەوتی رادەست کردووە، کە خۆی زیاتر بووە لە چوار تریلیۆن، لەگەڵ رادەستکردنی 90 هەزار بەرمیل نەوت بۆ 6 مانگ، کە دواتر ئەویش راگیرا. پەرلەمانتارەکان دەڵێن، سەرباری پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی هەوڵی داوە چارەسەری کێشەکان بکات، لەوانەش لە رێگەی تەرخانکردنی سێ قەرزی ساڵی رابردوو بە بڕی زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار، کە ئەوە بە کارێکی نایاسایی دەزانن.
نووسەر و کەسایەتى سیاسى، محەمەد ئەمین پێنجوێنی ڕایدەگەیەنێت، پەروین بوڵدان بە تەلەفۆن پێی راگەیاندم کە تەندروستی ئۆجەلان زۆر باشە و مۆراڵی بەرزە. لە پەڕەى تایبەتى خۆى لەتؤڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک، محەمەد ئەمین پێنجوێنی نوسینێکى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا دەڵێت: بەتەلەفۆن لەگەڵ پەروین بۆڵدان قسەم کردووە، هەڤاڵ پەروین سڵاو تەندروستی سەرۆك چۆنەو کارەکان چۆن ئەڕوات، پەروین پێى وتم تەندروستی سەرۆك زۆر باشەو مۆراڵی بەرزە. هەروەها دەڵێت پرسیارمکردوە، بۆچی قەندیل دەڵێن تا ئێستا ئاگادارنین؟ پەروین پێى وتم بەم زووانە سەرۆك بەنامەی تایبەتی قەندیل لەهەموشتێك ئاگادار دەکاتەوە. لەبەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا محەمەد ئەمین دەڵێت: پەروین پێى وتووم، سەرۆك سڵاوی تایبەتی بۆ ئێوە هەبوو وتی کە چونە باشور سەردانی پێنجۆێنی بکەن و سڵاوی منی پێبگەیەنن. شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە پێکهاتبوون لە پەرلەمانتار پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر یەکەمجار لە ٢٨ ی کانوونی یەکەم دیداریان لەگەڵ ئاپۆ ئەنجامدا. شاندەکە بۆ دووەم جار لە ٢٢ ی ئەم مانگەو چوونە دوورگەی ئیمراڵی و دیداریان ئەنجامدا.
بەرێوەبەری کەمپى هۆل ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی کورد لە رۆژئاواى کوردستان، ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەى یەکەم گروپ لەو کەمپەوە بگەڕێننەوە بۆ سوریا، ئەمەش یەکەم هەنگاوە لە دواى کەوتنى ڕژێمی ئەسەد. جیهان حەنان بەڕێوەبەری کەمپی هۆل بە ئاژانسى ڕۆیتەرزى ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان لە کۆتاییدایە بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ٦٦ خێزان لەو کەمپە گەورەیەوە کە لەژێر چادردان و زۆرینەی زیندانییەکان ژن و منداڵن، بگەڕینرێنەوە بۆ ناوچەکانی ناو سوریا. ناوبراو هیچ زانیاریەکى نەدا سەبارەت بەوەی کە ئایا گەڕانەوەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی حوکمڕانی سوریا یە یان نا. حکومەتى ئێستاى سوریا لەلایەن گروپى تەحریر شامەوە دامەزراووە، دوای ئەوەی لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریایان لە پۆستەکەی دوورخستەوە. دانوستانەکان بە ئاسانکاری ئەمریکا و فەرەنسا بەردەوامن بۆ دیاریکردنی داهاتووی ئەو هێزە بە سەرۆکایەتی کورد کە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریای کۆنترۆڵکردووە.، دەسەڵاتی نوێی حوکمڕانی سوریا ڕایگەیاندووە، هەوڵدەدەن کۆنترۆڵی تەواوی وڵاتەکە بگرنەوە دەست. کەمپى هۆل کەوتووەتە باشوورى رۆژهەڵاتى شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان، لەژێر کۆنتڕۆڵى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)دایە. کەمپەکە پڕە لە خێزانەکان کە پەیوەندییان بە دەوڵەتی ئیسلامییەوە (داعش) هەیە دوای شکستی گروپە توندڕەوەکەی موسڵمانە سوننەکان لە سوریا لە ساڵی ٢٠١٩، کەمپی هۆل ئێستا نزیکەی ٤٠ هەزار کەسی تێدایە. ئەو کەمپە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک زەمینەیەکی زاوزێی توندڕەوی و نیگەرانییەکی گەورەی ئەمنی بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە سەیر دەکرێت، کە بە شێوەیەکی سەرەکی عێراقی دراوسێیە، کە دەوڵەتی ئیسلامی لە خاڵێکدا نزیکەی یەک لەسەر سێی وڵاتەکەی کۆنترۆڵکردبوو. دەسەڵاتدارانی کەمپەکە بە سەرۆکایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئەمریکا پشتگیریان دەکات، لە مێژە داوای لە وڵاتان کردووە هاوڵاتیانی ناو کەمپەکە بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان، کە هەزاران کەسی بیانی تێدایە. بەپێی وتەی بەرپرسانی عێراق، زیاتر لە 10 هەزار کەس گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتەکە، بەڵام کەم دەوڵەتی ڕۆژئاوا ئارەزووی پەیڕەوکردنی ئەو کارەیان نیشانداوە. وەزارەتى كۆچ و کۆچبەرانى عێراق لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتوون تاوەکو ساڵى 2027 نابێت هیچ خێزانێکى عێراقى لەو کامپە بمێنێت و سەرجەمیان بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق. سەرەتاى ئەم مانگە 715 کەس لە کەسوکارى چەکدارانى داعش لە کەمپى هۆلی رۆژئاواى کوردستانەوە گەڕێندرانەوە عێراق؛ ئەوە یەکەم کاروانى گەڕانەوەیە لەو کەمپەوە لە ساڵى 2025ـدا. جیهان حەنان بەڕێوەبەری کەمپی هۆل، ئاماژەی بەوەشکرد، لەو کەسانەی ئێستا لە کەمپەکەدان، نزیکەی ١٦ هەزار کەسیان خەڵکی سوریان. گەڕانەوەی دەستگیرکراوەکان بۆ سوریا لە سەردەمی ئەسەددا وەک تاوان سەیر دەکرا، بە لەبەرچاوگرتنی دژایەتی ئەمریکا بۆ دەسەڵاتەکەی و نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئەشکەنجەدان و کوشتن لە سیستەمی زیندانە بەناوبانگەکەی حکومەتی سوریادا. هاوکات هێزەکانى هەسەدە، زیندانێک لە حەسەکە باکووری سوریا بەڕێوەدەبەن، نزیکەى چوار هەزارو ٥٠٠ چەکدارى داعشى تێدایە و بەشێکى زۆریان چەکدارى بیانین.
دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادان لە نێوان گەریلاکانی ئازادیی و سوپای داگیرکەری تورکیا لە سنووری شارەدێی باتیفا لە سنورى پارێزگاى دهۆک ڕوویدا، تورکیا بۆردوومانی خاڵێکی پاسەوانی سنووری عێراقی کردوە، بە هۆیەوە دوو پاسەوان گیانیان لەدەستداوەو دانەیەکی دیکەش برینداربوو. ئەمڕۆ هەینى، سوپای داگیرکاری تورک لە چوارچێوەی پیلانگێڕییەک بۆ ڕەشکردنی ناوی گەریلا بۆردوومانی خالێکی پاسەوانی سنووری عێراق لە گوندی شیلانی سەربە شارەدێی باتیفای شارۆچکەی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک کرد. بەپێی سەرچاوەکان، ئەمڕۆ شەڕ و پێکدادان لە نێوان گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و سوپای داگیرکەری تورک کە چەندین بنکە و بارەگای سەربازییان لەو سنوورە هەیە ڕوویداوە، لەو کاتەدا سوپای داگیرکەری تورک بە هاوەن بۆردوومانی خاڵێکی هێزی پاسەوانی سنووری عێراق کە بنکەکە نزیکی شوێنی پێکدادانەکە بووە کردووە. بەپێی زانیارییەکان بەهۆی بۆردوومانەکەوە دوو پاسەوان کوژراون و دانەیەکی دیکەش برینداربووە. پێشتریش چەندین جار سوپای داگیرکەری تورک ڕاستەوخۆ بۆردوومانی هێزەکانی زێرەڤانی لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووە و ئامانجی ئەوە بووە کە بیخەنە ئەستۆی پەکەکە و گەریلاکانی ئازادی، بەمشێوەیەش ناوی پەکەکە لە ناو گەل و خەڵکی سنوورەکە و عێراقدا ڕەش بکەن.
لە شەشەمین ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، کەناڵی 14ی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ هەینى بزووتنەوەی حەماس لیستی ئەو زیندانیانە ڕادەست بکات کە ڕەنگە سبەی ئازاد بکرێن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانیان پەرەپێداوە لە کەناری ڕۆژئاوا. بڕیارە سبەی شەممە، ئیسرائیل ١٨٠ فەلەستینی ئازاد بکات کە ٣٠ کەسیان سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی دەستبەسەرکراوان و زیندانییەکان بەپێی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی جنین لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراوی باکووری بۆ چوارەم ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامە. سەرچاوەکان بە کەناڵی جەزیرەیان ڕاگەیاندووە هێزەکانی ئیسرائیل قەدەغەی هاتوچۆیان لە کەمپی جەنین ڕاگەیاندووە. سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە فڕۆکەو کۆپتەرەکانی ئیسرائیل هەڕەشەیان لە فەلەستینییەکان کردووە کە تەقە لە هەر کەسێک بکەن کە لە ناو کەمپی جنین بجوڵێت. لە ڕووی مرۆییەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ، پێنجشەممە، هاتنە ناوەوەی زیاتر لە سێ هەزار و 250 بارهەڵگری یارمەتییەکانی ڕاگەیاند، هاوکات ڕۆژنامەی هارێتز ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل پلانی بۆ دروستکردنی زنجیرەیەک بنکەی نیشتەجێبوون لە قودسی ڕۆژهەڵات داڕشتووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئامارى شەڕو پێکدادانەکانى دوێنێ پێنج شەممەى بڵاوکردەوەو بەپێى ئامارەکە نۆ ئەندامی بەکرێگیراوانی داگیرکەری تورکیا کوژران و یازدە کەسی دیکەش برینداربوون شاری دێر حافر. لەڕاگەیەندراوەکەى هەسەدا ئەوەخراوەتەڕوو، دوێنێ پێنجشەممە، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوەی شەرعی شەڕڤانان لە گوندی ئەلهۆشریە لە لادێی شاری منبج و لادێی شاری مەنبەج، نۆ ئەندامی بەکرێگیراوانی داگیرکەری تورکیا کوژران و یازدە کەسی دیکەش برینداربوون شاری دێر حافر. هەروەها ئەوەش باسکراوە کە هێزەکانى هەسەدە ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا کە گردبوونەوەیەکی ئۆتۆمبێلی بەکرێگیراوانی داگیرکەر و توخمەکانی کردە ئامانج لە گوندی ئاتشانە لە باشووری مەنبەج، کە نەمانتوانی ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی نێو بەکرێگیراوان بزانین. ڕاگەیەندراوەکەى هەسەدە باس لەوەدەکات ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە چوارچێوەی مافی ڕەوای وەڵامدانەوەی هێرشە بەردەوامەکانی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی، لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە، بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دێت.
لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم نیگەرانە لە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای بی پی بەریتانی بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک، بەڵام وەبەرهێنان لەو کێڵگە نەوتییانەشدا دەستیپێکرد کە دەکەونە سنووری ناوچە جێناکۆکەکانی پارێزگای دیالەوە. لە مانگی هەشتی ساڵی 2024، وەزارەتی نەوتی عێراق بە بێ ڕاوێژکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆم ی ئیماراتی ئەنجامدا، بۆ کارکردن لە کێڵگەیەکی نەوتی و گازی گرنگ لە سنووری ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە. ئەو ناوچانەی پارێزگای دیالە کە کۆمپانیا ئیماراتییەکە وەبەرهێنانی نەوتییان تێدا ئەنجام دەدات، دەکەونە سنووری ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالەوەو بە ناوچەی کێشە لەسەر هەژمارد دەکرێن، گومان دەکرێت ناوچەی نەوتی گرنگ بن. محەمەد حسێن، شارەزای بواری وزەو ئەندامی تۆڕی ئابوریناسانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، "کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆم ی ئیماراتی کارکردنی دەستپێکردووە لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوچە کێشە لەسەرەکانی پارێزگای دیالە، بە تایبەت لەو بەشەی کێڵگە نەوتییەکان کە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقدان." دەشڵێت،"بەشێکی کەمی کێڵگە نەوتییەکان لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدان، لەم بەشەی ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە هیچ کارێک ئەنجام نەدراوە." لە ڕۆژی 25 ی هەشتی ساڵی 2024، هێزێکی حەشدی شەعبی هەوڵیدا بیرە نەوتی چاڵاوخالد لە سنووری ناحیەی کوڵەجۆی گەرمیان کۆنترۆڵ بکات، بیرە نەوتییەکە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدایەو نزیکە لەو کێڵگە نەوتییانەوە کە دراون بە کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆم. هەرچەندە هێزەکەی حەشدی شەعبی کشایەوەو بیرە نەوتی چاڵاو خالید تا ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە، بەڵام گومان دەکرا ئامانج لە ناردنی هێزەکەی حەشدی شەعبی بۆ جێگیرکردنیان بووبێت لەسەر ئەو بیرە نەوتییەو بەستنەوەی بیرەکە بە کێڵگەکانی ناحیەی قەرەتەپەوە. کارکردنی کۆمپانیا ئیماراتییەکە لە کێڵگە نەوتییەکانی سنووری ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە لەکاتێکدایە، ئەو ناوچانە ناوچەی کێشە لەسەرن و هێشتا چارەنوسیان لە نێوان هەرێم و بەغدا یەکلایی نەکراوە، بەهەمان هۆکار حکومەتی هەرێم دژی رێککەوتنی نێوان عێراق و کۆمپانیای بی پی بەریتانی بۆ وەبەرهێنان لە نەوتی کەرکوک وەستایەوە. ڕۆژی 14 ی مانگی یەکی 2025، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانی واژۆ کرد، بە پێی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە ئەو کۆمپانیا بەریتانییە گەشە بە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک دەدات و کاریان تێدا دەکات. ڕێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای بی پی بەریتانی ناڕەزایەتی حکومەتی هەرێمی لێکەوتەوە، بەو پێیەی کەرکوک ناوچەی کێشە لەسەرەو عێراق بە بێ ڕەزامەندی هەرێمی کوردستان گرێبەستەکەی ئەنجامداوە. لە ڕاگەیەنراوێکدا کە لە ڕۆژی 13 ی ئەم مانگە بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقی بۆ پەرەپێدان بە نەوتی کەرکوک بە تاکلایەنە ناوبردو ڕایگەیاند،"حکومەتی عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز واژۆ بکات، بە بێ ئەوەی ماددەکانی دەستور بە گشتی و بە تایبەت هەردوو مادەی 140 و 112، لەبەرچاو بگرێت."
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، دەیەوێت بە زووترین کات لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیا کۆببێتەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت کە بە شەڕێکی گاڵتەجاڕانە وەسفی کردووە. دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "بە گوێرەی ئەوەی دەیبیستم، پۆتین دەیەوێت لەگەڵم کۆببێتەوە، هەر ڕۆژێک کە ئێمە کۆنابینەوە، سەربازەکان لە بەرەکانی شەڕدا دەکوژرێن". ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا پێی وتووە کە ئامادەیە بگەنە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە. لە وەڵامی پرسیارێکدا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە کە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بەبێ هەوڵی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی نەدەهات و دیسانەوە هۆشداریی دا لە دەرئەنجامەکانی ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا. دۆناڵد ترامپ وتی: ئێمە لە غەززە گەیشتینە ڕێککەوتن و بەبێ ستیڤ ویتکۆف ئەوە ڕووی نەدەدا و ئەگەر ئاگربەستی ئەوێ بەڕێوەنەچێت لێکەوتەکانیشی دەبێت. هاوکات هیوای خۆی دەربڕی کە کێشەکانی پەیوەست بە ئێران چارەسەر بکرێن بەبێ ئەوەی پێویست بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات و هەروەها ڕاپۆرتی فاینانشیاڵ تایمزی سەبارەت بە ڕاسپاردنی ستیڤ ویتکۆف بۆ مەلەفی ئەتۆمی ئێران ڕەتکردەوە. دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: زۆر باش دەبێت ئەگەر کێشەکان لەگەڵ ئێران چارەسەر بکرێن بەبێ ئەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانیان بکرێت، سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕەتیکردەوە وەڵامی پرسیارێک بداتەوە سەبارەت بە پشتیوانییەکانی بۆ ئەگەری هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام هیوای ئەوەی دەربڕی کە کێشەکان بەبێ پەنابردن بۆ ئەو جۆرە ڕێوشوێنانە چارەسەر بکرێن.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئەشرق ئەلئەوسەت لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی، سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، قسەکردن لەسەر کاریگەریی ئێران لە وڵاتەکەیدا "زیادەڕەوییەکی گەورەیە"، جەختیشی لەوە کردەوە کە “هەمووگروپە چەکدارەکان لەژێر کۆنترۆڵى حکومەتی عێراقن. سەبارەت بە پرسی نفوزی ئێران لە عێراق یان کۆنتڕۆڵکردنى گروپە چەکدارەکان، بە وتەی لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆمارى عێراق، "پرسێکی زۆر زیادەڕەوییە". ڕوونیشیکردەوە: بۆ ئێمە ئێران وڵاتێکی گرنگە، پەیوەندییەکانیشمان لەگەڵیدا باشە، بەڵام ئێمە بڕیاردەرین لە عێراقدا، ئێمەش لەژێر کۆنتڕۆڵ و ئیرادەی هیچ وڵاتێکدا نین. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەمڕۆ ئاسایش و سەقامگیری بۆ عێراق گەڕاوەتەوە و ئێمە نەک هەر هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ، بەڵکو بۆ پتەوکردنیان دەدەین. هەروەها هەوڵدەدەین دیدگاکانی وڵاتانی ناوچەکە لەیەکتر نزیک بکەینەوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەمووان بکات”. سەرۆک کۆماری عێراق قسەکردن لەسەر نفوزی ئێران لەسەر کوتلە چەکدارەکان بە "زیادەڕەوییەکی گەورە" زانی، وتیشی: ئەو گروپە چەکدارانە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدان، پێموایە سەرکردەکانی ئەو گروپانە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی غەززە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی پێویست بە چەک بەکارهێنان و بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی شەڕکردن ناکات، بەتایبەتی دوای ڕێککەوتنی ئاگربەست. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد: حکومەت ئێستا سەپاندنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر گروپە چەکدارەکاندا بەپێی ئەو ڕێکار و میکانیزمانەی کە لایەنە پەیوەندیدارەکان کاریان لەسەر دەکەن، بۆ ئەوەی بگاتە دۆخێک کە کۆتایی بە هەر چالاکیەکی شەڕکردن لەم هەلومەرجەدا بهێنرێت. سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازی لە گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپی هاوتاکەی بۆ کۆشکی سپی بۆ خولی دووەمی کرد. وتیشی، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باشە، سوپاسی هەڵوێستی ئەمریکاش دەکەین کە لە تەنیشتمان وەستاون لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، هێزەکانیان تا ئێستاش لە عێراق ئامادەن. ڕەشید، کە بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی پیرۆزبایی ئاراستەی ترەمپ نارد، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم دووەمیان چەندین جار وتوویەتی کە دەیەوێت هاوکار بێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکان لە ناوچەکە و جیهان، و بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئاشتی لە سەرانسەری جیهاندا، ئەمەش بە “هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ هەموو کەسێک." لە کاردانەوە بە ڕادەی ئامادەیی سوپای عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا تا ساڵی ٢٠٢٦، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە دابەزینی توندی هەڕەشەی تیرۆریستی لە وڵاتەکەی کرد. وتیشی، ئێستا عێراق دوورە لە چالاکی تیرۆریستی و ئەوەی دەمێنێتەوە لە هەندێک گیرفانی داعش یان توخمە تیرۆریستییەکانی تر تێناپەڕێت و ئەمەش نزیکەی هەموو وڵاتانی جیهان هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە هێزە ئەمریکییەکان، “ئەوان بەپێی ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکان، لەسەر داوای حکومەتی عێراق، و بە هەماهەنگی و ڕاوێژ لەگەڵ ئەو هێزە سیاسییانەی کە بنەمای پەرلەمانی عێراق پێکدەهێنن، ئامادەن و هەر ئەوانن کە بەشدارن لە پێکهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران”.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەو راگەیەندراوەی لەلایەن وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە رەتدەکەنەوە کە دەڵێت، سەرمان سوڕماوە و نوێنەری حکومەتی عێراق رێگری لە دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجە دەکات. وتیشی، حکومەتی عێراق پابەندە بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران لە ئەنجوومەنی نوێنەران جەختی لەوە کردووەتەوە، نابێت هیچ هەموارێکی دیکە لە یاسای بودجەدا بکرێت کە پێچەوانەی ئەو دەقانە بێت لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نێردراونەتەوە ئەنجوومەنی نوێنەران. عەوادی دەشڵێت: جەخت دەکەینەوە لەسەر گرنگیی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بڕگەکانی یاسای بودجە بەتایبەت، رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بە حکومەتی عێراق بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی. ئاماژەی بەوەشکردووە، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو پرسانە هەنگاوێکی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە پرسی بودجە و هاوکاریکردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە بەگوێرەی ئەو دەقانەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نێردراوە.