پنتاگۆن رایگەیاند، هیچ گۆڕانكارییەك لە پلانی كشانەوەی هێزەكانیاندا نییە لە عیراقدا، لە كاتی خۆیدا جێبەجێدەكرێت. وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پنتاگۆن لە راگەیەنراوێكدا پشتڕاستی كردەوە كە پلانی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق لە چوارچێوەی ئەوە رێككەوتنە دەبێت كە  لە ئەیلوولی 2024دا لەگەڵ حكومەتی عیراق ئیمزاكراوە، وتیشی ئەو رێككەوتنە هەر وەك خۆی ماوەتەوە و هەروەها رەتیكردەوە هیچ گۆڕانكارییەك یان دواكەوتنێك بەهۆی پێشهاتە سیاسی یان ناوچەییەكانی ئەم دواییە كاریەگەری لەسەر ئەو رێككەوتنە هەبێت. ئەو قسانەی پنتاگۆن لە كاتێكدایە كە گفتوگۆكان لە چوارچێوەی لیژنەی باڵای سەربازی هاوبەشی نێوان بەغداد و واشنتۆن بەردەوامە، بۆ تاوتوێكردنی داهاتووی مانەوەی سەربازانی ئەمریكا لە عیراق  ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق بە نزیكەی دوو هەزار 500 سەرباز مەزەندە دەكرێن، كە بەسەر بنكەكانی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنكەی هەریر لە هەولێر دابەشكراون.

  ئەمڕۆ چوارشەممە “مینا” حاجیانی ماڵی خودا لەخۆدەگرێت بۆ بەجێهێنانی رۆژی تەروییە، کە یەکێکە لە ئەرکەکانی بەجێهێنانی حەج. حاجیان بۆ ماڵی خودا دەستیان کرد بە گەیشتنیان بۆ مینا بۆ بەسەربردنی ڕۆژی تەروییە، ئەمڕۆ (چوارشەممە)، هەشتەمی زولحیجەی ساڵی ٢٠٢٥، تەلبییە دەخوێنن، شکۆمەندی و ستایشی خودا دەکەن، کە نزیکەی لەسەدا ٦٤ی حاجیان ئەمڕۆ ئامادەن. لەکاتێکدا لەسەدا ٣٦ ڕاستەوخۆ بەرەو عەرەفات (وەستانی گەورە) دەڕۆن، پاشان لە دوای ڕۆشتنیان دەگەڕێنەوە بۆ مینا عەرەفات و بەسەربردنی شەو لە موزدەلیفە، بۆ بەسەربردنی ڕۆژەکانی (١٠، ١١، ١٢ و ١٣)، و بۆ فڕێدانی سێ جەمارات و جەماراتی عەقەبە و جەمارات ولوستا و جەماراتی سوغرە. جگە لەوانەی کە پەلە دەکەن. مینا دەکەوێتە نێوان مەککە و موزدەلیفە و حەوت کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی مزگەوتی گەورەوە دوورە. بەشێکە لە ناوچەی حەرام، لە باکوور و باشوورەوە بە شاخ دەورە دراوە. تەنها لە وەرزی حەجدا نیشتەجێیە. لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ جەمارات ئەلعەقەبە، لە باشووریشەوە لەگەڵ موزدەلیفە، لەگەڵ وادی موحسار. مینا بە گرنگییەکی گەورەی مێژوویی و ئایینی دادەنرێت. لێرەدایە کە پێغەمبەری خودا ئیبراهیم صلی الله علیه وسلم، جەماراتی بەردباران کرد و بەرخی قوربانی بۆ ئیسماعیل سەربڕی سەلامی خوای لەسەر بێت. پاشان پێغەمبەری هیدایەت و سەلامی خوای لەسەر بێت، ئەم کارەی پشتڕاست کردەوە لە کاتی حاجی ماڵئاواییدا، موسڵمانانیش بە فڕێدانی جەمارات و سەربڕینی ئاژەڵە قوربانیەکانیان و سەر تاشینیان لە نمونەی ئەودا گرت. مینا بە زۆر رووداوی مێژوویی و ئایینیەوە بەستراوەتەوە، ئەو شوێنەیە کە پێغەمبەر ئیبراهیم بڕیاریدا ئیسماعیلی کوڕی لەوێ بکات بە قوربانی، هەروەها ئەو شوێنەیە کە تێیدا پێغەمبەری ئیسلام رەجمی شەیتانی کرد، هەروەها لە حەجی ماڵئاواییدا لەم شوێنەدا قوربانی کرا، هەر بۆیە موسڵمانان لە “مینا” قوربانی دەکەن و رەجمی شەیتان دەکەن. مینا بە ژمارە روبەری مەزەندەکراوی مینا نزیکەی 7.82 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. لوتکەکانی مینا نزیکەی 500 مەتر بەرزترە لە ئاستی دۆڵەکە. مینا 15 هەزار یەکەی فێنککەرەوە و هەواگۆڕكێی تێدایە. 30 هەزار ئاو پرژێنی لێیە بۆ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە خێمەکان. زیاد لە 3 هەزار کامێرای چاودێری و 12 هەزار بڵندگۆ هەیە بۆ رێنوێنی و ئاگاداریی. 97 بنکەی فریاگوزاری و 320 ئوتومبێلی فریاکەوتن و 6 فرۆکەی فریاکەوتن و 9 ماتۆڕی فریاکەوتن بوونیان هەیە، لەگەڵ ئوتومبێلی گۆڵف و عەرەبانەی گواستنەوە. مینا رۆژانە 700 هەزار مەتر چوارگۆشە ئاوی بۆ دابین دەکرێت.

  ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە چەند سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاند: نووسینگەکەی عەلی سیستانی لە ناوچەی سەیدە زەینەب لە باشووری شاری دیمەشق هێرشی کراوەتەسەر و تاڵان کراوە.  لە هێرشەکەدا دەرگا و ستوونەکانی نووسینگەکە شکێنراوە. هاوکات بڕێک پارە  و کۆمپیوتەرێک دزراوە، ئەمە جگە لە شکاندنی وێنەیەکی سیستانی لە نووسینگەکە. گرووپێکی "توندڕەو"ـی چەکدار بە سەرۆکایەتی کەسێک بە ناوی "ئەبو عومەری لیبی" هەڵیانکوتایە سەر نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە مەزهەبەکان لە دیمەشق و جگە لە شکاندنی کەرەستەکانی شوێنەکە، بڕە پارەیەک دەبەن. سەرچاوەکان دووپاتیان کردووەتەوە، نووسینگەکە تەنیا کاری مرۆیی و کۆمەڵایەتی دەکات، دیارترینیان یارمەتیدانی منداڵانی بێ باوک و هاوکاریکردنی ئاوارەکانی شیعە و دوورە لە چالاکیی سەربازی یان سیاسی. دوای ڕووداوەکە بە نێوەندگیری هەندێک لایەن، ئەو گرووپە چەکدارەی هێرشەکەی کردووە، بڕە پارەکە و کەرەستە دزراوەکانیان گەڕاندووتەوە و دواتر بە فەرمی داوای لێبووردنیان کردووە.

  بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ لەسەر ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک بدات کە تێیدا داوای "ئاگربەستێکی دەستبەجێ و بێ مەرج و هەمیشەیی لە غەززە، دیپلۆماتکارانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاند، پێدەچێت ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر بکات. ئەم بڕیارنامەیە کە لە لایەن دە ئەندامی ناهەمیشەیی ئەنجومەنەوە داڕێژراوە و ماوەی دوو ساڵ بەسەر دەبەن، داواکاری خۆی بۆ ئازادکردنی سەرجەم ئەو زیندانیانەی کە لە لایەن حەماس و گروپەکانی دیکەوە دەستبەسەر کراون، دوای هێرشە لەناکاوەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لە باشووری ئیسرائیل دووپات دەکاتەوە. لە پڕۆژەبڕیارەکەدا دۆخی مرۆیی غەززە بە "کارەساتبار" وەسفکراوە و داوا دەکات ئیسرائیل دەستبەجێ رێگرییەکانی سەر گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتەکە هەڵبگرێت.  لە ڕەشنووسی بڕیارنامەکەدا دۆخی مرۆیی غەززە بە "کارەساتبار" وەسف دەکات و هەروەها داوای "لابردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی هەموو سنووردارکردنەکانی هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە، و دەستەبەرکردنی دابەشکردنی سەلامەت و بێ سنوور و بەربڵاوی، لەوانەش بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشە مرۆییەکانی" دەکات. دەنگدانەکە کە بڕیارە درەنگانی پاشنیوەڕۆی چوارشەممە ئەنجام بدرێت، لە کاتێکدایە کە نزیکەی ڕۆژانە ڕووداوی بۆردومان ڕوودەدات دوای دامەزراندنی خاڵەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لەناو ناوچە سەربازییەکانی ئیسرائیل، بە پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل، سیستەمێک کە هەردوولا دەڵێن بۆ دەربازبوون لە کۆنترۆڵی حەماس داڕێژراوە. ڕۆژەبڕیارەکە داوا دەکات بەگوێرەی بنەما و یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ غەززە بگەڕێندرێنەوە.    دەنگدانەکە لەکاتێکدایە، نزیکەی 2 ملیۆن دانیشتووی غەززە بە تەواوی پشت بە هاوکارییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستن، ئەوەش لەبەرئەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل نزیکەی هەموو تواناکانی بەرهەمهێنانی خۆراکی لەنێوخۆی غەززەی لەناوبردووە.    ئیسرائیل لە 2ـی ئادار، گەمارۆی خستەسەر ناردنی هاوکارییەکان مرۆییەکان بۆ غەززە و لە مانگی رابردووەوە بە بڕێکی سنووردار رێگە بە گەیاندنی خۆراک بۆ غەززە دەدات.    ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی سێشەممە گوتی، پێداویستییەکانی غەززە زۆرن و ئەوەیشی کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەینێرێتە غەززە "تەنیا دڵۆپێکە."   لە تشرینی دووەمی 2023وە، ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگی لەسەر 14 بڕیاری پەیوەست بە غەززە داوە و چواریان پەسند کردووە.    دوایین بڕیاریش لە 20ـی تشرینی دووەمی رابردوو دەنگی لەسەر درا، لەکۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنەکە، 14ـیان دەنگیان پێی دا، بەڵام ئەمریکا بەبیانووی ئەوەی کە پڕۆژەبڕیارەکە داوای دەستبەجێ ئازادکردنی بارمتەکان ناکات، رەتیکردەوە. 

  لە خاکی سووریاوە بە هاوەن هێرشکرایە سەر ئیسرائیل و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە لێدرا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی وەڵامدانەوەی فراوان دەکات و دەڵێت، ئەحمەد شەرع بەرپرساری یەکەمی هێرشەکەیە. سوپای ئیسرائیلش دەڵێت، تۆپبارانی ئەو ناوچانەیان کردووە، کە هێرشەکەی لێوە ئەنجامدراوە. ئەمە یەکەمجارە لە پاش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە، خاکی ئیسرائیل لە سووریاوە بەئامانج بگیرێت. یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشە و سەرجەم ئەو هێرشانەی دەکرێنەسەر وڵاتەکەی، لە ئەستۆی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی راگوزەردایە. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوو گولـلەهاوەن، کە لە سووریاوە هەڵدرابوون، لە چۆڵەوانییەکدا لەناو خاکی ئیسرائیل تەقینەوە بەبێئەوەی هیچ زیانێکی هەبێت، پاش هێرشەکەش زەنگی ئاگادارکردنەوە لە لە ناوچەکانی حەسبین و رمات مەگشیمیم لە بەرزاییەکانی جۆلان لێدرا. سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، لە وەڵامی ئەو هێرشەدا تۆپخانەکانیان باشووری سووریایان کردووەتە ئامانج، دەشڵێت: هێزەکانیان بەردەوامدەبن لە ئۆپراسیۆنەکانیان لە باشووری سووریا، بە ئامانجی "هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی تیرۆریستی" و پاراستنی دانیشتووانی بەرزاییەکانی جۆلان. پاش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، هێزەکانی ئیسرائیل ناوچەی داماڵڕاو لە چەکیان لە بەرزاییەکانی جۆلان پێکهێنا و دەیان هێرشی ئاسمانییان بۆسەر ئامانجە سەربازییەکان لە سووریا ئەنجامدا، کە بەگوتەی خۆیان، ئامانج لەو هێرشانە رێگریکردنە لەوەی چەکەکانی سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد بکەونە دەست دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا.

  رێبەری باڵای ئێران پێشنیازی ئەمریکا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی بە "دژ بە بنەماکانی هێزی ئێران" ناودەبات و دەڵێت، "دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابین."   عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، "ئەمریکا دەیەوێت بەرنامە ئەتۆمییەکەمان هەڵبوەشێنێتەوە." دەشڵێت، "سەربەخۆیی واتای ئەوەیە چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و هاوشێوەکانی نەکەین."   رێبەری باڵای ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە هێزی وڵاتەکەیان لە هەموو بوارەکاندا زیاد دەکەن، دەشڵێت، "پێشنیازەکەی ئەمریکا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، 100% دژ بە بنەمای هێزی ئێمەیە." خامنەیی دەشڵێت، "ئەمڕۆ دەتوانین سووتەمەنیی ئەتۆمی بەرهەم بهێنین." بەشێکى دیکەى قسەکانى عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران،  لە رێوڕەسمی یادی (٣٦)ساڵەی کۆچی دوایی ئیمام خومەینی  لە وتارێكدا: سیستەمی سیاسی ئێمە کە سوپاس بۆ خوا پێگەیشتوو و بەهێزە، بەرهەمی شۆڕشێکی گەورەیە.  رابەری ئەم شۆڕشە پیاوێکی گەورە بوو، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سی ساڵ بەسەر کۆچی دواییدا، هێشتا بوونی ئەو لە سەرانسەری جیهاندا هەستی پێدەکرێت. پاشەكشێی توندی پێگەی ئەمریکا لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، لە شوێنەوارەكانی ئامادەیی ئەوە، هەروەها بوونی ئەو و ڕق و کینەی جیهان بەرامبەر زایۆنیزم هەیەتى، دەرئەنجامی شۆڕشەکەیەتی. بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەبێ پیتاندن هیچ سودێکی نییە، پێشنیاری ئەتۆمی ئەمریکا (100%)لەگەڵ پرەنسیپی دەسەڵاتی ئێمە ناگونجێت. ئێوە کێن تا بە تاران بڵێن ئاخۆ دەتوانێت بەرنامەی ئەتۆمی هەبێت یان نا؟.

  فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغداد دەڵێت:  ھەرێمی کوردستان پابەندی ھەموو رێککەوتنەکانە بەپێی دەستوور، بەڵام عێراق دەستور جێبەجێ ناکات، راگرتنی مووچەش لەلایەن بەغدادوە، بە هەنگاوێكی سیاسی ناودەبات بۆ لاوازكردنی ھەرێمی کوردستان لە رووی ئابورییەوە. سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە: بەداخەوە عێراق ھیچ بڕوای بە رێککەوتن و ھاوبەشی و فیدراڵیەت نییە، ئەو كێشانەشی بۆ هەرێمی كوردستانی دروست دەكەن سیاسییە و دەیانەوێت ھەموو دەسەڵاتەکان مەرکەزی بن و، بەپێی پلانێکی داڕێژراو دەیانەوێت ئابوریی ھەرێمی کوردستان لاواز بکەن. ئاماژەی بەوەشكردووە: ھەرێمی کوردستان رێگای زۆری لەپێشە بیگرێتەبەر لە رووی یاساییەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمیشەوە.  وتوشەیەتی: ھەرێمی کوردستان زۆر لەوە بەھێزترە كە ئەوان پلانیان بۆ داناوە، ھەر بۆیە مووچە بیانووە و زیاتر مەبەستی سیاسییان ھەیە.

  فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق وەڵامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەداتەوە و دەڵێت:" لە پاڵ ئەم زوڵم و زۆرەی لە گەلەکەمان دەکرێت، زۆرجار بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانیش ڕۆڵی پارێزەر دەبینن لە هێنانەوەی ئەو پاساوانەی بۆ بڕینی قوت و مووچە و دەستخستنە قوڕگی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەهێنرێنەوە. دەوقی وەڵامەکەی فراکسیۆنەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی: لای خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاشکرایە، کە بێ هیچ هۆکارێک و لەم کاتەدا کە بەرەو جەژنی پیرۆزی قوربان دەچین، بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی و تەواو سیاسی کە دژی پڕەنسیپەکانی پێکەوەژیان و شەراکەتە لە عێراقی نوێدا، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ ڕاگیراوە. بەداخەوە لە پاڵ ئەم زوڵم و زۆرەی لە گەلەکەمان دەکرێت، زۆرجار بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانیش ڕۆڵی پارێزەر دەبینن لە هێنانەوەی ئەو پاساوانەی بۆ بڕینی قوت و مووچە و دەستخستنە قوڕگی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەهێنرێنەوە، نموونەی ئەمڕۆشمان فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و موسەننا ئەمین بوو، کە قسەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان بۆ کوردی وەرگێڕا. لەبری ئەوەی وەك نوێنەری خەڵكی كوردستان دژی ئەو ستەمە بوەستنەوە، بوون بە گوتەبێژ و وەرگێڕ و دەمڕاستی ئەوانەی مافی خەڵكی كوردستانیان بە ناهەق پێشێل كردووە و بەجۆرێک دەریانخست کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەرپرسیارن خوڵقاندنی ئەم دۆخە. هەموو لایەك ئاگادارن، ئەوان و هاوشێوەكانیان دەمێكە بۆ دەركردنی کۆمەڵە بڕیارێک لە دژی خەڵكی كوردستان، بەردەوام چاوساغی بۆ نەیارانی گەلی كوردستان و عەقڵییەتە شۆڤێنی و تایفییەكان دەكەن. چونكە لە بنەڕەتدا بڕوایان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان و دۆزە ڕەواكەی نیە، بەردەوام بەدوای ئەوەدا بوون چیی لەدژی هەرێمی كوردستانە بیكەن و وەك ڕاوێژ بیدەنە نەیارانی گەلی كوردستان.  لێرەدا داوایان لێ دەكەین ئەگەر ناتوانن و ناشیانەوێت بەرگریكاری مافەكانی گەلی كوردستان بن، ئەوە با بێدەنگ بن و دەستبەرداری ئەو یارییە هەرزانە و فیتنەگێڕی و ئەو مونافیقیە بن و چیتر دژی بەرژەوەندی و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان نەوەستنەوە. لە کۆتاییدا داوا لە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەین، لەم پرسەدا یەک دەنگ و یەک هەڵوێست لەگەڵ مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بمێننەوە، چونکە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، نە خێرە و نە سەدەقە تا موزایدەی پێوە بکرێت، بەڵکو مافێکی شەرعی و یاساییە و نابێت چیتر وەکو کارت و گوشاری سیاسی بەکاربهێنرێت و مافەکانیان زیاتر لەمە پێشێل بکرێت. فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

  سه‌رۆكی ئێران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پێشوازیی له‌ دانوستانه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن؛ ده‌شڵێت، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ دانوستانه‌كان به‌رده‌وام بن. سێشه‌ممه‌، 3ـی حوزه‌یرانی 2025، مه‌سعود پزیشكیان، سه‌رۆك كۆماری ئێران ڕایگه‌یاند، پێشوازیی له‌ دانوستانه‌كانی نێوان تاران و واشنتن ده‌كه‌ن له‌ باره‌ی چاره‌كردنی پرسی ئه‌تۆمی ئێران و ئاماده‌ن درێژه‌ به‌و دانوستانانه‌ بده‌ن. مه‌سعود پزیشكیان گوتشی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشوازیی له‌ دانوستانه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و بنه‌مایه‌یشیان له‌به‌رچاوه‌، كه‌ نابێت لایه‌نی به‌رانبه‌ر هه‌وڵ بدات خۆی بسه‌پنێت و ئاستی داواكارییه‌كانی به‌رز بكاته‌وه‌. پزیشكیان هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، تاران "دووڕویی" له‌ مامه‌ڵه‌كردنی هه‌ندێك له‌ هێزه‌ گه‌وره‌كان له‌ باره‌ی پرسه‌كانی ناوچه‌كه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌.    شەممە، 31ـی ئایاری 2025، عەباس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئێران سازش له‌ باره‌ی پیتاندنی یۆرانیۆم ناکات، ئەمەش جۆرێکە لە سەپاندنی هەژموون"، ئاماژەی بەوەش دا، "سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنەمای ملکەچنەبوونە بۆ هیچ هەژموونێکی دەرەکی". گوتیشی: مافی پیتاندنی یۆرانیۆم، یەکێکە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وڵات و پەیوەستە بە هەڵوێستی ئێران لە دژی هەژموونی دەرەکی. باسی لەوەش کرد: هیچ کات قبووڵ ناکەین پێمان بڵێن مافی پیتاندنی یۆرانیۆمتان نییە، ئەمە بە تەواوی قبووڵکراو نییە. وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕوونیشی کردبووه‌وه‌، پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم هەمیشە لە پێشینەی کارەکانی ئێران بووە، لە دانوستانەکانی ئێستا و پێشوودا. هەروەها عراقچی جەختی لە نەبوونی چەکی ئەتۆمی کردبووه‌وه‌، بەڵام ئاماژەی بەوەدا، لایەنی بەرانبەر ئەرکەکانی خۆی بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی جێبەجێ نەکردووه‌.

  کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆتاییهات و، سەرچاوەیەک راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا هیچ بڕیارێک لەبارەى خەرجکردنی مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان نەدرا. هاوکات هەریەکە لە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و بەنگین رێکانی وەزیری ئاوەندانکردنەوەی عێراق کە لە پشکی پارتین بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکردووە. هەروەها هەر ئەمڕۆ پێش کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سودانی کۆبووەوە و، پاش کۆبوونەوەکەش موسەننا ئەمین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سودانی گوتویەتی ناتوانێت دڵنیایی بدات کە پێش جەژن مووچە بنێردرێت. ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 29ـی ئایاری 2025، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند "ئەگەر تاوەکو پێش جەژنی قوربان، ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان رەوانە نەكرێت، هەڵوێستی جددیان دەبێت و رایدەگەیەنن". بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 3ی حوزەیرانی 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری دا پشووی فەرمی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە لە رۆژی هەینی 6ی حوزەیرانەوە دەستپێبکات تاوەکو سێشەممە 10ی حوزەیران.   ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باس لەوە دەکات، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە 11 و 12ی ئەم مانگە دەوامی فەرمی لە دامودەزگەکانی دەوڵەت دەبێت.   ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەروەها بڕیاری دا رۆژی 15ی حوزەیرانیش بەبۆنەی جەژنی غەدیرەوە پشوو بێت.

  دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی حیزبی مەهەپە، بە بۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، ئەمڕۆ سێشەممە پەیامێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا باسی قۆناغە نوێیەکانی چارەسەرکردنی پرسی کوردی بە رێگاچارەی ئاشتییانە کردووە. نابێت ئەو دەرفەتە زێڕینە لەدەست بدەین. تەنیا لە رێگای ئەمەوە لە تورکیا بە تەواوی دەبێت بە جەژن و سیاسەتی دیموکراتی و مەدەنی بە شێوەیەکی بەرفراوان و قوڵ سەرکەوتن بە دەست دەهێنێت. لە پەیامەکەیدا باخچەلی لەبارەی ئەو قۆناغە نوێیەوە کە هێشتا کورد و حکومەتی تورکیا لەسەر ناولێنانی رێک نەکەوتوون. پارتی و پەکەکە بە "کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری" و پارتیی دەسەڵاتدار و مەهەپەیش بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبەن. ئەم قۆناغە نوێیە بە دەستپێشخەری سەرۆکی مەهەپە دەستی پێ کردووە و هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا بە شێوەیەکی ئاشتییانە و بێ گەڕانەوە بۆ چەک. باخچەلی ئاماژە بەوە دەدات کە تورکیای "بێ تیرۆر" دەبێتە دەستکەوتی مێژوویی بۆ تورکیا و دەڵێت: "تورکیای بێ تیرۆر دەبێتە جەژنی هەمیشەیی گەلی تورک. لە سەدەی نوێی تورکیادا جێی داردەستەکانی ئیمپرالیزم و تێکدەران و ناپاکان نابێتەوە و تورکیا لە تەنگوچەڵەمەکان رزگاری دەبێت". سەرۆکی مەهەپە سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە لەم قۆناغە نوێیەدا پێویستە هەموو لایەک بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەڵبستێت و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم دەرفەتە زێڕینە نابێت لەدەست بچێت. تەنیا لە ڕێگای ئەمەوە لە تورکیا بە تەواوی دەبێت بە جەژن و سیاسەتی دیموکراتی و مەدەنی بە شێوەیەکی بەرفراوان و قوڵ سەرکەوتن بە دەست دەهێنێت.

  موسەننا ئەمین ڕایدەگەیەنێت سودانی وتی ئێستا ئێوە لە بەرەجەژناندا هاتوون بۆلای من، بەڵام من ناتوانم دڵنیایی بە ئێوە بدەم كە پێش جەژن ئەتوانم هیچ بڕیارێك وەربگرم، چونكە ئەم بڕیارە بەتەنها بەدەست من نییە، وەزارەتی دارایی لە ماوەكانی پێشتریشدا هیچ بەرپرسیارێتییەكی هەڵنەگرتووە. سەبارەت بە كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق تایبەت بە پرسی موچەی هەرێمی كوردستان، موسەننا ئەمین ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا وتى: سودانی وتی حوكمڕانی عێراق وەكو هەرێم نییە، كە ئەوان لە دەرەوەی یاساو لەسەرەوەی دادگاو پەرلەمان هەموو جۆرە بڕیارێك ئەدەن، من پابەندم بە یاساو بڕیاری دادگاو دەسەڵاتداری رەها نیم.  سودانی وتی لە ساڵی 2024وە ئێمە هۆشداری بە حكومەتی هەرێم دەدەین كە دەبێت داهاتەكانتان بەباشی رادەست بكەن، ئەو مەرجانەی كە دادگای فیدراڵی بۆ ئێمەی داناوە بۆ ئیوەشی داناوە، هەردوولامان پێویستە رێزی لێ بگرین. سودانی وتی ئێستا ئێوە لە بەرەجەژناندا هاتوون بۆلای من، بەڵام من ناتوانم دڵنیایی بە ئێوە بدەم كە پێش جەژن ئەتوانم هیچ بڕیارێك وەربگرم، چونكە ئەم بڕیارە بەتەنها بەدەست من نییە، وەزارەتی دارایی لە ماوەكانی پێشتریشدا هیچ بەرپرسیارێتییەكی هەڵنەگرتووە دەرباری خەرجكردنی ئەم پارانە چونكە بەنایاسایی زانیوە، دیوانی چاودێری دارایی بە نایاسایی زانیوە، ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران بە نایاسایی زانیوە، من تەحەمولی ئەو بەرپرسیارێتییەم كردووەو هەر پارەیەك بۆ ئێوە هاتووە لە پێشەوە نوسراوە لەسەر بنەمای فەرمانی سەرۆك وەزیران، من ئێستاش ئامادەم ئەوە بكەم، بەڵام لەسنور دەرچووە، چونكە هەرێم هیچ پابەند نابێت. هەرێم دەبێت داهاتی ناوخۆ رادەست بكات، جارێك هاتن 91 ملیار دیناریان رادەستكرد، دواتر كردیان بە 70 ملیار دینار، دواتر كردیان بە 60 ملیار، دواینجار كردیان بە 48 ملیار، ئەمە گاڵتەكردنە بە نیزام و قانون. سودانی وتی بەرلەوەی ئێمە بزانین، وەزارەتی دارایی (مەبەستی تەیف سامییە) نوسراوی ناردووە كە ناتوانین تەمویلتان بكەین، بەئەمانەتەوە پێتان بڵین وەزارەتی دارایی پێش ئەوەی من بیبینم ئەو نوسراوەی دەركردووە، لەسەر بنەمای دیوانی چاودێریی دارایی كە وتویەتی یاسایی نییە ئەم پارەیە بدرێت. سودانی وتی داواكارییەكانی ئێمە لە حكومەتی هەرێم تەعجیزی نین، ئێمە دەڵێین داهاتی نەوتیتان هەیە بەگوێرەی بڕیاری دادگاو بەپێی یاساو بەپێی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس ئێوە دەبێت ئەم نەوتە رادەستی (سۆمۆ) بكەن. ئەتانوت تێچووی بەرهەمهێنانمان بە 6 دۆلار داناوە لە بودجەو بەشی كۆمپانیاكانی هەرێم ناكات، ئێمە ئەم یاسایەمان برد لە پەرلەمان و بەرگەی فشاری دنیامان گرت تا لە ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان تێیپەڕێنین بیكەین بە نزیكەی 16 دۆلار، بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانتان قسەیان نەمێنێ و ئەم نەوتە تاڵان نەكەن و لەسنورەكانەوە بەقاچاخ نەیفرۆشن، بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی و رادەستی سۆمۆی بكەن، وتیان فڵان كۆمپانیای ئەمریكی تێدایە، وتمان ئەگەر لەژێر فشاردان پشكی ئەو كۆمپانیایە ئەمریكییە 30 هەزار بەرمیلە نابێت بە رێژەی 10%ی كۆی بەرهەمهێنان؛ ئەوە هەر پیرۆزتان بێت كێشەمان نییە، ئەوی تری بەپێی بڕیاری دادگا رادەستبكەن.  سودانی وتی من داوای 150 ملیار دینار داهاتی ناوخۆم كردووە كە خەمڵاندنی ئێمە زۆر لەوە زیاترە. ناكرێت داهاتەكانی خۆت بۆ خۆت بن و داوای موچە لە من بكەی. سودانی وتی بڕیاری دادگا، حكومەتی هەرێمی پابەندكردووە بە تەوتینی موچەو دەڵێ هەر وەزارەت و پارێزگاو بەڕێوەبەرایەتییەك لە هەرێمەوە ئەتوانێ راستەوخۆ لیستی موچەكەی بهێنێت بۆ وەزارەتی دارایی لێرە تەوتین بكرێت ئێمە راستەوخۆ موچەكەی پێ بدەین، باشە ئێوە دەڵێن ئەم بابەتە لەیەكتر جیابكەنەوە؟! هەرێم ئامادەیە موچە تەوتین بكات هەتا ئێمە بتوانین راستەوخۆ موچە بدەین بە فەرمانبەر زەرەرمەند نەبێت لەم كێشەیە؟! هەرێم ئەوەش ناكات. لیستی موچەشیان هەڵەیەو ئێمە دڵنیاین بندیوارو كێشەی زۆری تێدایەو ئێمە دڵنیاین و راپۆرتی وردمان هەیە لەسەری.  سودانی وتی داوامان لە دادگا كردووە رونكردنەوەی زیاتمان بدەنێ، چونكە كێشە دروستبووەو خەڵك لە هەرێم موچەی نییە، دادگاش ئێمە 4 بۆ 5 دادوەریی لە حەجن و ئەوانی تریشیان لەپشوون و چەند رۆژێكی تر جەژنە، ناتوانین دڵنیایی ئەوە بدەین كە ئەمانە كۆدەبنەوەو دەتوانن بڕیار بدەن، بەڵام من ئەگەر چەترێكم نەبێت لە دەركردنی بڕیار ناتوانم مامەڵە بەم پارانەوە بكەم كەسوكاری خۆم نییە، پارەی دەوڵەتی عێراقە.

  کەجەدەکە-ئە بانگەوازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کۆتایی بە گەمارۆی لەسەر کامپی پەنابەرانی مەخموور بهێنن و ڕایگەیاند، تورکیا، عێراق و پەدەکە بەسیستماتیکییانە گەمارۆ دەخەنە سەر مەخموور. کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) لە ژێر ناوی "سیاسەتی قڕکردن لەسەر مەخمووردا جێبەجێدەکرێت؛ خەڵکی مەخموور بەتەنیا نییە" بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تورکیا، عێراق و پەدەکە بەسیستماتیکییانە گەمارۆ دەخەنە سەر مەخموور. لە بەیاننامەکەی کەجەدەکە-ئە ـدا هاتووە، رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و تورکیا وەک بیانوویەک بۆ رێگریکردن لە ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی ناو کەمپەکە بەکاردەهێنرێت و ئەوەش هاتووە کە "پێداویستییە سەرەتاییە مرۆییەکانیان دابین ناکرێت". کەجەدەکە-ئە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق "بەردەوام گەمارۆی کەمپەکە دەدەن" و شاندێکی نوێنەرانی کەمپەکەیان دەستگیرکردووە. کەجەدەکە-ئە باسی لەوەش کردووە کە کەمپی مەخموور لەو خەڵکە مەدەنی پێکهاتووە کە لە ساڵانی ١٩٩٠ـکاندا بەهۆی چۆڵکردنی گوندەکانەوە لە باکووری کوردستان ناچاربوون کۆچ بکەن، لە ساڵی ١٩٩٨ کرایەوە و لەهەمان ساڵدا چووە ژێر چاودێری کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) و ئاماژەی بەوە کرد، " ئەو گەمارۆیەی دەوڵەتی تورک و حکومەتی عێراق سەرەڕای چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەیسەپێنن، مایەی قبووڵکردن نییە." لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە دوای ئەوەی بەڕێوبەرێتی کەمپەکە سکاڵای لەبارەی ئەو گلەییانەوە ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کێشەکان هێشتا قورستر بوون. لە بەیاننامەکەی کەجەدەکە-ئە ـدا ئەم داواکارییانە هاتووە: هەڵپەساردنی گەمارۆکە: هەموو پێداویستییەکی مرۆیی لە نێویاندا ئاو، کارەبا، خزمەتی تەندروستی دابین بکرێن. پرسی پەنابەریی سیاسی: مافی پەنابەریی سیاسی بدرێت بە دانیشتووانی ناو کەمپەکە. دەستتێوەردانی نێونەتەوەیی: نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەرکی خۆی هەڵسێت و بەشێوەیەکی فەرمی هۆشداریی بداتە حکومەتی عێراق و ئیدارەی ناوچەکە. کەجەدەکە-ئە بەتایبەت بانگەوازی بۆ رای گشتی نێونەتەوەیی کرد کە پاڵپشتی مەخموور بکات.

  سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سێ سەربازیان لە باکووری غەزە لەکاتی ئەرکدا کوژراون و دوو سەربازی دیکەش بە سەختی برینداربوون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەو سێ سەربازە لەکاتی ئەرکێکدا لە جەبەلییە لە باکووری غەزە لەنێو ئۆتۆمبێلە سەربازییەکەیان بۆمبێکیان پێدا تەقیوەتەوە و گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی ماڵپەڕی سوپای ئیسرائیل کە ناو و زانیاریی سێ سەربازەکەی بڵاوکردووتەوە، دوو لە سەربازەکان تەمەنیان 20 ساڵە بەناوەکانی لیۆر ستاینبێرگ و ئۆفیک بارهانا، سەربازی سێیەمیش تەمەنی 22 ساڵە و بەرپرسی تیمەکە بووە بەناوی ئۆمێر ڤان گیڵدەر. بەکوژرانی ئەم سێ سەربازە، ژمارەی کوژراوانی سوپای ئیسرائیل لەماوەی 19 مانگی جەنگی غەزە بەرزبوویەوە بۆ 423 سەرباز. لەماوەی جەنگدا ئیسرائیل بەردەوام هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر غەزە و بەهۆیەوە تائێستا 54 هەزار کەس لەنێو کەرتەکە کوژراون.

  بەرپرسێکی ئەمریکا ئاشکرایدەكات: (500) سەربازی وڵاتەكەی له سوریا کشێنراونەتەوه و له ماوەی چەند هەفتەی رابردوشدا دوو بنکەی سەربازی داخراون و بنکه ی سێیەمیش رادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات کراوه . ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا كە قسەی بۆ  (Alarabiya English)  كردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بەشێوەیەکی سەلامەت و دیراسە بۆ كراو  و، لەسەر بنەمای بارودۆخی مەیدانی دیاریکراو، ئەنجام دەدرێت. پێشتریش تۆم باراک، نێردەی  ئەمریكا بۆ سوریا پلانێکی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریا ئاشکرا کردو، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئێن تی ڤی" تورکی رایگەیاند: لە هەشت بنکەوە تەنها یەك بنكەی سەربازی دەهێڵینەوە. سەبارەت بە پشتیوانی ئەمریکاش بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات، باراک جەختیكرد، هەسەدە هاوپەیمانی واشنتۆنەو هاوكارییەكانیشی لە چوارچێوەی هاوكاریكردنی هاوپەیمانێكيدایە، ئەم پرسە بەلای كۆنگرێسی ئەمریكاوە زۆر گرنگە.