ئەردۆغان داوادەکات مانەوەی هێزەکانیان لەعێراق و سوریا درێژبکرێتەوە

17 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەردۆغان داوا لە پەرلەمانی توركیا بۆ ماوەی سێ ساڵی تر مۆڵەتی رەوانەكردنی هێز و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان درێژبكاتەوە.
یاداشتەكە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆماری توركیاوە بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیای پێشكەش بە پەرلەمان كراوە، داوا دەكات ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان لە ناوخاكی عێراق و سوریا بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە درێژ بکرێتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە زیاتر لە ساڵێکە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکردووە.
لە یاداشتەکەدا سەرۆكایەتی توركیادا هاتووە: لە ناوچەکانی سنورییەكانی باشوری تورکیا هەڕەشەی تیرۆر بەردەوامەو سەقامگیریی هەمیشەیی مسۆگەر نەکراوە.
راشیگەیاندووە: بەردەوامیی هەڕەشەی تیرۆرو نەبوونی سەقامگیرییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکانی لە ناوچە سنورییەکانی باشوری تورکیا، هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیمان دروست دەکات.
لەبارەی سوریاشەوە ئاماژەی بەوەكردووە: پەیەدە و یەپەگە بەهۆی ئەجێندا جوداخوازییەکەیانەوە هیچ هەنگاوێک نانێن بۆ بەشداریکردن لە ئیدارەی ناوەندیی سوریادا و رێگری لە پێشکەوتنی پرۆسەی سەقامگیریی لەو وڵاتە دەکەن.
هاوکات وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەختی لەوە کردەوە، هەماهەنگییان لەگەڵ حکوومەتی ئێستای سووریا هەیە بۆ فەراهەمکردنی ئاسایشی ئەو وڵاتە.
