چالاکوانێکی ئایینیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەئیستەنبوڵ تیرۆر کرا

3 كاتژمێر لەمەوپێش



چالاکوانێکی ئایینی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری ئیستەنبوڵ تیرۆرکرا، کەسوکارەکای گومان دەکەن ئێران دەستی لە تیرۆرکردنەکە هەبێت و بەرپرسانی تورکیاش تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

مەسعود نەزەری، چالاکوانێکی ئایینی خەڵکی شاری جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە لە شاری ئیستەنبوڵی تورکیا لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن چەند کەسێکەوە تەقەی لێکرا و بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەک لە جوانڕۆوە بۆ ئاڤا پشتڕاستی کردووەتەوە کە مەسعود نەزەری نزیکەی دە ساڵ پێش ئێستا بەهۆی ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی ئێران، ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەجێهێشتووە، دواتر چووەتە سووریا و پەیوەندی بە گرووپە چەکدارەکانەوە کردووە، بەڵام دوای ماوەیەک وازی لەو گرووپانە هێناوە و ڕووی کردووەتە ئیستەنبوڵی تورکیا.

کەس و کاری مەسعود نەزەری گومان دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی لە تیرۆرکردنی کوڕەکەیاندا هەبێت، بەپێی قسەکانیان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران چەندین جار هەڕەشەیان لێ کردووە و بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێرییان کردووە.

تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی تورکیا هیچ ڕاگەیەندراوێکیان لەسەر ئەم ڕووداوە تیرۆرستییە بڵاو نەکردووەتەوە و لێکۆڵینەوەکان لەبارەی دۆزینەوەی بکوژان بەردەوامن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار