ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند: دوایین ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەریخست کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئاشتیانە نییەو تاران تا ئێستاش بەنیازی تەواوکردنی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی خۆی ماوەتەوە. نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت لە ئێستاوە هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی ئێران بوەستێنێت"، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ئاستەی پیتاندنی یۆرانیۆم پێی گەیشتووە "تەنها لەو وڵاتانەدا دەبینرێت کە چالاکانە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا دەگەڕێن، و هیچ پاساوێکی مەدەنی بە هیچ شێوەیەک نییە". ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز دوو ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی بە دەست گەیشتووە کە باس لەوە دەکەن، ئێران ئێستا دەتوانێت نۆ بۆمبای ئەتۆمیی دروست بکات، ئەمەش وڵاتانی ڕۆژاوای نیگەران کردووە. شەممە 31ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ڕاپۆرتێکیان لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە دەست گەیشتووە کە بۆ ئەندامانی خۆی ناردووە و تێیدا هاتووە "ئێران بە نهێنی لە سێ بنکەی ئەتۆمی دەستی بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی کردووە." ئەو ئاژانسە ئاماژەشی داوە "35 ئەندامانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە نێوانیاندا بەریتانیا، ئەمەریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا داوا دەکەن لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بە فەرمی بڵاوی بکەنەوە کە ئێران، پێشێلکاری یاسا و ڕێککەوتنەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی کردووە." پێشتر عەباس عراقچی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " ئێران سازش دەربارەی پیتاندنی یۆرانیۆم ناکات، ئەمەش جۆرێکە لە سەپاندنی هەژموون"، ئاماژەی بەوەش دا، "سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنەمای ملکەچنەبوونە بۆ هیچ هەژموونێکی دەرەکی". گوتیشی: مافی پیتاندنی یۆرانیۆم، یەکێکە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وڵات و پەیوەستە بە هەڵوێستی ئێران لە دژی هەژموونی دەرەکی، باسی لەوەش کرد، هیچ کات قبووڵ ناکەین پێمان بڵێن مافی پیتاندنی یۆرانیۆمتان نییە، ئەمە بە تەواوی قبوڵکراو نییە. وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕوونیشی کردەوە، پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم هەمیشە لە پێشینەی کارەکانی ئێران بووە، چ لە دانوستانەکانی ئێستا و چ لە دانوستانەکانی پێشوودا.
سەرچاوەکانی بزووتنەوەی حەماس سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە پشتڕاستیان کردەوە کە وەڵامی خۆیان پێشکەشی نێوەندگرەکان کردووە سەبارەت بەو پێشنیازە کە لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەبارەت بە ئاگربەستی ٦٠ ڕۆژە پێشکەشیان کردووە. پێشنیازەکەی ئەمریکا پێکدێت لە ئازادکردنی نۆ بارمتەی زیندوو و گەڕانەوەی تەرمی 18 بارمتە بۆ ئیسرائیل، لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل پابەند دەبێت بە راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی 60 رۆژ و لەو ماوەیەشدا دانوستانەکان بۆ وەستاندنی یەکجاریی شەڕەکە دەستپێدەکات. سەرچاوەکان بە ئەشەرق ئەلئەوسەتیان ڕاگەیاندووە کە حەماس پەیوەندی و دیدارێکی بەرفراوانی لەگەڵ سەرکردەی گروپە فەلەستینییەکان لە قەتەر و پایتەختەکانی دیکە لەوان بەیروت بە ئامانجی داڕشتنی هەڵوێستی یەکگرتووی فەلەستینی ئەنجامداوە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەکرێت وەڵامدانەوەکە لەلایەن سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس و گروپەکانى ترەوە بە ئەرێنی وەسف بکرێت، هەرچەندە هەندێک تێبینی لەخۆگرتبوو کە دەبێت دیدێکی لەگەڵدا بێت بۆ جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی، سەرەڕای هەموو لایەنە نەرێنییەکانی ئەو پێشنیازە، لەوانەش لایەنگرییەکی ڕوونی بەرامبەر داگیرکاری ئیسرائیل. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەموو ئەو تێبینیانەی لەسەر ئەو پێشنیازە خراونەتەڕوو، بە کۆی دەنگ لەلایەن فراکسیۆنەکانەوە قبوڵکراون، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە ئەگەر ئیرادەیەکی ڕاستەقینەی ئەمریکی هەبێت بۆ فشارخستنە سەر ئیسرائیل، ئەوا پێدەچێت قبوڵ بکرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە تێبینییەکانی وەڵامدانەوەکە ئامانجیەتی ڕێگری بکات لە ڕادەستکردنی ڕفێنراوانی ئیسرائیل لە ماوەی تەنها دوو ڕۆژدا لە هەفتەی یەکەمدا، وەک لە ڕۆژنامەی ویتکۆفدا هاتووە، بەڵکو بە قۆناغ بە قۆناغ دەبێت. یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە ئۆپراسیۆنەکانی لە کەرتى غەززە و تاوانبارانی حەماس ئێستا دەبێت لەنێوان، پێشنیازى ستیڤ ویتکۆف، نێردەى ئەمریکا، بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان یاخود لەناوچوون یەکێکیان هەڵبژێرن. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکاش لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا لە کۆشکى سپى رایگەیاند، رێککەوتنى ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە زۆر نزیکە و پێدەچێت رۆژى شەممە رابگەیەندرێت. هەروەها کۆشکی سپی رایگەیاند، ئیسرائیل رازی بووە بە پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە و پێشنیازەکەیان داوە بە حەماس و چاوەڕێی وەڵامیان دەکەن. کارۆلاین لیڤیت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، پاش رازیبوونى ئیسرائیل، پێشنیازی ئاگربەستی ناردووە بۆ حەماس و دانوستانەکان لەگەڵیان بەردەوامن و چاوەڕێی وەڵامیان دەکەن، هیوایخواست ئاگربەست لە غەززە جێبەجێ بکرێت و بارمتەکان ئازاد بکرێن. پێشتر بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، تاوتوێی پێشنیازە نوێیەکەی ئەمریکا دەکەن، کە لەلایەن ویتکۆفەوە پێشکەشکراوە. گوتەبێژەکەی کۆشکی سپی ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانییانەی پشتڕاست نەکردەوە، کە باس لە گەیشتنی هەردوولا دەکەن بە رێککەوتنی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 رۆژ، لیڤیت گوتی "هەرکاتێک راگەیاندنێکی لەوجۆرە هەبێت، بە فەرمی ئاشکرای دەکەن".
شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەرەو دیمەشق بەڕێکەوت و بڕیارە ئەمشەو لەگەڵ بەرپرسانی سووریا کۆببێتەوە. شاندەکە لە حەوت کەس پێکدێت و فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە سەرۆکایەتیی دەکات. لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێکەوتنی ١٠ی ئازار کە لە نێوان سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی دیمەشق واژۆکرابوو، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێکی ئیدارەی خۆسەر بەرەو دیمەشق بەرەو دیمەشق بەڕێکەوتن و لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەى سوریا بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکا ن و گفتوگۆکردن کۆدەبنەوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، شاندەکە پێکهاتووە لە ئەندامانی ئەو لیژنەیەی کە لە 12ی نیسان پێکهێنراوە: فەوزە یوسف، عەبدولحەمید ئەلمەهباش، ئەحمەد یوسف، سەنحەریب بەرسووم، و سوزدار حاجی. وتەبێژی لیژنەکە بریتین لە مەریەم ئیبراهیم و یاسر سلێمان. ئەم سەردانە دوابەدوای سێ کۆبوونەوەی هەماهەنگی دێت کە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچوو- یەکەمیان لە ١٩ی ئازار، دووەمیان لە ١٢ی نیسان و کۆتایی هەفتەی ڕابردوو- لە کاتێکدا لایەنەکان هەوڵدەدەن گفتوگۆکان بەهێزتر بکەن و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار بەدەستبهێنن. بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق وتووێژ بکەن.
بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەیەکی سنووریی شاری مەریوان، دوو سەربازی پاسەوانی سنووری ئێران کوژران و دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون. پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگای سنە، ئەمڕۆ شەممە 31ی ئایاری 2025 پەیامی ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنەی بەبۆنەی گیانلەدەستدانی دوو ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "رووداوەکە ئێوارەی رۆژی هەینی، 30ی ئایاری 2025، لە ناوچەیەکی سنووریی شاری مەریوان بووە." پارێزگاری سنە لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "ئەو سەربازانە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی ئاسایی خۆیان و چاودێریکردنی سنوور، لە رووداوێکی تەقینەوەی میندا گیانیان لەدەستداوە." فەرەج رۆستەمی، فەرماندەی پاسەوانی سنووریی پارێزگای سنەش لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "مینێکی بەجێماوی سەردەمی شەڕی ئێران-عێراق لە ناوچەی دەرە ناخیی مەریوان تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە دوو ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنوور گیانیان لەدەستدا و ئەفسەرێک و سەربازێکی دیکەش بریندار بوون." بەپێی راگەیێندراوەکە، هەردوو کوژراوەکە و بریندارێکی رووداوەکەی تەقینەوەی مین لە مەریوان، کورد و خەڵکی پارێزگای سنەن. فەرماندەی پاسەوانی سنووریی سنە، ناسنامەی کوژراو و بریندارانی رووداوەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "لە رووداوەکەدا محەممەدڕەزا حورییەتپەسەند، خەڵکی شاری قوروە، سوهەیب عەزیزی، خەڵکی شاری بانە گیانیان لەدەستدا و ئەمانوڵڵا عەبدوڵڵاهی (ئەفسەر بە پلەی موقەدەم)، خەڵکی شاری خومەین لە پارێزگای مەرکەزی و سۆران شەریفی، خەڵکی شاری بانە بریندار بوون."
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، تایبەت بە پرسى مووچە داواى کۆبوونەوەیان لە محەمەد شیاع سودانى کردووە و چاوەڕوانن ئەمڕۆ وەڵام بدرێنەوە. هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ڕاگەیاند، رۆژى پێنجشەممەى رابردوو داواکاریى کۆبوونەوەیان ئاڕاستەى سەرۆکوەزیرانى عێراق کردووە و چاوەڕوان ئەمڕۆ شەممە وەڵام بدرێنەوە. گوتیشى "داواکاریى سەرەکییان ئەوەیە پێش جەژنى قوربان بەهەر جۆرێک بووە، مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دابەشبکرێت". 29ـى ئەم مانگە، شاخەوان عەبدڵا جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، رایگەیاندبوو پاش گفتوگۆیەک لەگەڵ سەرۆکی فراکسیونە کوردستانییەکان، بڕیاردراوە نووسراوێک ئاڕاستەى سەرۆکوەزیرانى عێراق بکرێت، بەگوتەى ئەو لەسەر ئەو "پێشێلکارییانەی بەرامبەر بەفەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان دەکرێت چووەتە خانەی برسیکردنەوە". گوتیشى، داوایان لە سودانى کردووە ئەو پێشێلکارییانە رابگرێت و مووچە رەوانە بکات و کێشەکان لە بنەرەتەوە چارەسەر بکرێت و چیتر مووچە وەکو کارتی سیاسی بەکارنەهێنرێت. رۆژى 28ـى ئایارى 2025، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تيايدا هاتووە، بەگوێرەى یاساى بودجەى ساڵەکانى 2023، 2024، 2025، هەرێمى کوردستان لە 12.67%ـی پشکی خۆی لە بودجە وەرگرتووە و هیچ تەرخانێکی دارایی بۆ مووچە نەماوە. تەیف سامى لە نووسراوەکەى جەختدەکاتەوە، بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی ناتوانن بەردەوامبن لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، بەو پێیەى تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئێران لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم یەک ڕێگە پەیرەو دەکات ئەویش ڕەتکردنەوەی "هەژموونی دەرەکییە." شەممە، 31ـی ئایاری 2025، عەباس عراقچی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " ئێران سازش دەربارەی پیتاندنی یۆرانیۆم ناکات، ئەمەش جۆرێکە لە سەپاندنی هەژموون"، ئاماژەی بەوەش دا، "سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنەمای ملکەچنەبوونە بۆ هیچ هەژموونێکی دەرەکی". گوتیشی: مافی پیتاندنی یۆرانیۆم، یەکێکە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وڵات و پەیوەستە بە هەڵوێستی ئێران لە دژی هەژموونی دەرەکی، باسی لەوەش کرد، هیچ کات قبووڵ ناکەین پێمان بڵێن مافی پیتاندنی یۆرانیۆمتان نییە، ئەمە بە تەواوی قبوڵکراو نییە. وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕوونیشی کردەوە، پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم هەمیشە لە پێشینەی کارەکانی ئێران بووە، چ لە دانوستانەکانی ئێستا و چ لە دانوستانەکانی پێشوودا. هەروەها عراقچی جەختی لە نەبوونی چەکی ئەتۆمی کردەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا، لایەنی بەرامبەر ئەرکەکانی خۆی بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی جێبەجێ نەکردووە. عراقچی گوتیشی: هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە، تەنها لەبەر ئەوەی هەست بە نیگەرانی دەکات، ڕێگری لە گەلەکەمان بکات مافەکەی بەکاربهێنێت، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دانپێدانراوە.
جارێكی دیکە ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سوریا ئەنجامدا، ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریاش دەڵێت: لەو بۆردومانەدا هاوڵاتییەكی مەدەنی كوژراوە. شەوی ڕابردو فڕۆكە جەنگیەكانی ئیسرائیل بۆردومانی رۆژئاوای سوریایان كرد، هێرشەكە دامەزراوەیەكی سەربازیی لەناوچەی لازقیە کردە ئامانج و ئەوەش یەكەم هێرشی ئیسرائیلە بۆسەر ئەو وڵاتە لەماوەی ئەم مانگەدا. سوپای ئیسرائیل لەڕاگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، بۆردومانی ئەمبارێكی چەك و تەقەمەنی كردوە كە موشەكی زەمینی-دەریایی تێدا بوە و وەك هەڕەشەیەك بوە بۆ سەر ئازادی هاتوچۆی دەریاوانی نێودەوڵەتی و ئازادی هاتوچۆی دەریاوانی وڵاتەكەی لەناوچەی لازقیە. ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا سانا بڵاویكردەوە: فڕۆكە جەنگیەكانی ئیسرائیل بۆردومانی چەند پێگەیەكیان لەنزیك گوندی زاما لە لازقیە كردوە و بەهۆیەوە هاوڵاتیەكی مەدەنی كوژراوە. لای خۆشیەوە، ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە: هێرشە ئاسمانیەكانی ئیسرائیل پێگە سەربازییەكان و سەربازگەكانی لە تەڕتوس و لازقیە گرتوەتەوە.
یت هێگسێت، وەزیریی بەرگری ئەمەریکا هۆشداریدا لەوەی هێزە سەربازییەکانی چین، مەشق و ڕاهێنان دەکەن بۆ ئەرکێکی گرنگ، کە ڕەنگە خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر تایوان ئامادە بکەن. هێگسێت لە میانی کۆڕبەندی ئاسایشی شانگریلا لە سەنگافورە گوتی: "ئەوە زانراوە، کە شیجینپینگ، سەرۆکی چین فەرمانی بە سەربازەکانی کردووە تا ساڵی 2027، هێرش بکەنە سەر تایوان، هەروەها سوپایەکی سەربازی بۆ ئەو کارە دروست دەکات، و ڕۆژانە مەشق و ڕاهێنان دەکەن بۆ ئەو ئەرکە." هێگسێت داوای لە هاوپەیمانە ئاسیاییەکانی واشنتن کرد کە بە خێرایی خەرجییە سەربازییەکانیان لە بەرامبەر هەڕەشەکانی چین زیاد بکەن. وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ساڵانەی ئاسایش لە سەنگافورەدا داوای لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ئاسیا کرد خەرجییەکانی بەرگرییان زیاد بکەن. ئەو گوتى، هەڕەشەی چین راستەقینەیە و رەنگە نزیک بێت لەبەرئەوەی پەکین هیوادارە زاڵ بێت بەسەر ئاسیادا و هێزە سەربازییەکانی چین تواناکانی خۆیان بۆ داگیرکردنی تایوان پەرەپێدەدەن و رۆژانە بۆ ئەرکی راستەقینە مەشق دەکەن، بۆیە پێویستە وڵاتانی ئاسیا هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپی خەرجییە سەربازییەکانیان زیاد بکەن. چین تایوان بە خاکی خۆی دەزانێت و بەڵێنی داوە، بیکاتەوە یەک پارچە لە خاکی خۆی، فشارە سەربازی و سیاسییەکانی خۆی بۆ پابەندبوون بە بەڵێنەکانی زیاد کردووە. حکوومەتی تایوانیش قسەکانی پەکین ڕەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە خەڵکی تایوان بە تەنیا دەتوانن بڕیار لە داهاتوویان بدەن.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لە پەیوەندیی راستەوخۆدان لەگەڵ تورکیا، دژی کۆبوونەوەش نییە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. مەزڵوم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی شەمس، ئاماژەی بەوەکردووە، ئامادەن لە چوارچێوەی لامەرکەزیی سیاسییدا گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بکەن، چارەسەری خێرا و رووکەشیش رەتدەکەنەوە و پێیان وایە چارەی پرسی کورد ناکات. دەشڵێت، تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ دامەزراوە سەربازییەکانی سوریا چەند ساڵێک دەخایەنێت، دەیانەوێ شێوازێکی پەسەندکراو بۆ جێکردنەوەی هەسەدە لە چوارچێوەی سوپای سوریا بدۆزنەوە. مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت: هەزاران چەکداری بیانی لە سوریا ئامادەییان هەیەو، بوونەتە کێشەو دەبێت چارەسەر بکرێت. فەرماندەی گشتی هەسەدە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "شەمس" وتی: نامانەوێت بگەڕێینەوە بۆ شەڕ، بەڵام بۆ بەرگریکردن لە خۆمان ئەو کارە دەکەین. عەبدی ئاماژەی بەوەشدا: دیدارەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا ئەرێنی بووە، جەختی لەسەر ئەگەری تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان لەگەڵ دیمەشق و گەیشتن بە چارەسەری هەمیشەیی کردەوە. هۆشداریدا لەوەی، داعش خۆی لە شارە گەورەکاندا رێکدەخاتەوە و سودی لەو بۆشاییە ئەمنییەی ئێستای سوریای وەرگرتووە. راشیگەیاند: ئەمریکا و هاوپەیمانانی تر لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هاوکاریی هێزەکانی سوریای دیموکراتی کوردستان دەکەن لە دانوستان لەگەڵ دیمەشق. لەبارەی ئامادەیشی بۆ دیداری لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، وتی: هیچ كێشەك نیە لەوەداو ئێمە کراوەین بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ تورکیا، بەشێوەیەكی راستەوخۆو و لە ڕێگەی نێوەندگیرانەوە پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا هەیەو، هیوادارین ئەم پەیوەندییە گەشە بکات. فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، جەختی لەسەر پێویستی بوونی یەک سوپاو یەکگرتنەوەی دامەزراوە سەربازییەکانی سوریا كردەوە بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیشەوە، رەتیشیکردەوە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت و وتی: ئێمە پشتگیری لە دراوسێیەتی باش لەگەڵ هەمووان دەکەین.
سوپای توركیا بەردەوامە لە هێرشەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و لە ماوەی هەفتەیەكدا زیاتر لە 120 جار بۆردومانی ئامێدی كردووە. كامەران عوسمان، ئەندامی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایگەیاندووە، لە رۆژی 24ی ئەم مانگەوە، سوپای توركیا 83 جار هێرشی كردوەتە سەر چیای نزاركێ لە سنوری ناحیەی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی. دەشڵێت، تەواوی هێرشەكان بۆ سەر یەك شوێنی دیاریكراوبوون و هەموو رۆژێك لە رێگەی تۆپخانەكانیەوە، سوپای توركیا ئەو شوێنەی تۆپباران كردووە، لە هەمان كاتیشدا، بە تەنیا لە ماوەی یەك هەفتەی رابردوودا، سوپای توركیا 45 جار تۆپبارانی گوندەكانی بەری گارێی لە سنوری ناحیەی دێرەلوك لە قەزای ئامێدی كردووە. بەمەش لە ماوەی یەك هەفتەی ڕابردوودا، هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە 128 هێرش و هەمووشی تۆپباران بووە. بەوتەی كامەران عوسمان، هیچ هاووڵاتییەكی مەدەنی لەو بۆردومانانەدا نەبووەتە قوربانی، بەڵام بەردەوامی هێرشەكان بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوكێ بۆ دانیشتووانی سنوری قەزای ئامێدی.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، حەماس ناچارە لە نێوان قبوڵکردنی "پێشنیارەکەی ویتکۆف" یان "لەناوبردن"دا هەڵبژێرێت. ئیسرائیل کاتز ڕایگەیاند کە ئیسرائیل "دەوڵەتێکی جولەکە" لە کەناری ڕۆژئاوا دروست دەکات، ئەمەش ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی دامەزراندنی ٢٢ شوێنی نیشتەجێبوونی نوێ لە ناوچە داگیرکراوەکان. یسرائیل کانتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی دەوڵەتێکی یەهوودی لە کەناری رۆژئاوای فەڵەستین دادەمەزرێنێت، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو گرووپە تیرۆریستیانەی دەیانەوێت ئیسرائیل لاواز بکەن. ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل پەیامێکە بۆ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و هاوڕێکانی کە دەیانەوێت لەسەر کاغەز دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن، بەڵام ئیسرائیل لە سەر زەوی و بە واقیعی دەوڵەتێکی یەهوودی لە کەناری رۆژئاوا دادەمەزرێنێت. دوێنێ حکومەتی ئیسرائیل دروستکردنی 22 ئۆردوگای نوێی نیشتەجێبوونی لە سەر خاکی فەڵەستین راگەیاند، ئەوەش نیگەرانیی نێودەوڵەتی بە دوای خۆیدا هێنا، هەنگاوەکەی ئیسرائیل وەک راوەستانی راستەوخۆی وڵاتەکە دژبە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکدەدرێتەوە کە دژی دروستکردنی ئۆردوگاکانی نیشتەجێبوونن لەسەر خاکی فەڵەستین، هەروەها بە بەربەستی بەردەم چارەسەری کێشەکانی ئیسرائیل و فەڵەستینی دەزانن.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی گروپی عەسائیبی ئەهلی هەق، دەڵێت: هەرێمی کوردستان دەبێت پابەندییە دەستورییەکانی بەرامبەر دەوڵەتی عێراق جێبەجێبكات، لە سەرو هەموویانەوە، رادەستکردنی داهاتە نەوتییەکان و باج و داهاتی سنورەکان و رێزگرتن لە سەروەری، لە بەرامبەر داواكردنی شایستە داراییەکانی. خەزعەلی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ هەردوو كەناڵی "الاولی و العهد" وتی: خەونی جیابوونەوە لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە بە بەهێزی ئامادەیی هەبووە لە سیاسەتی سەرکردەکانی هەرێمداو، روخساری بە روونی لە ریفراندۆمی (٢٠١٧)دا دەرکەوت. سەرەڕای ئەوە، دەوڵەتی عێراق بە گیانێكی ئەرێنیەوە مامەڵەی كردووە، بڕە پارەیەکی زۆری تەرخانکردووە، كە ساڵانە دەگاتە دە ترلیۆن دینار، بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە رادەستكردنی داهاتەكانی. خەزعلی وتیشی: لە سلێمانیش ئەوەم وت، ئێمە پشتگیری لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران دەکەین، بەڵام دەبێت حکومەتی هەرێم ئەو ئاڕاستەیە رابگرێت کە کوردستان لە عێراق دوور دەخاتەوە و، پابەند بێت بە ئەرکەکانیەوە، هەروەك چۆن داوای مافەکانی دەکات. ئەمینداری عەسائیب، لە بەشێكی تری قەسەكانیدا ئاماژەی بە بەردەوامی بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە كردو وتی: پرسی بەقاچاغبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لای هەمووان زانراوە، بە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و ئۆپێک و وڵاتە زلهێزەکانیشەوە، کە بە ملیارەها دۆلار زیان بە بودجەی عێراق دەگەیەنێت. بارهەڵگرەكان نەوت بە ئاشكرا نەوت بە قاچاغ دەبەن بۆ ئەفغانستان و پاکستان نە بە نهێنی، ئەم قاچاغچێتیە ساڵانە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار زیان بە عێراق دەگەیەنێت. جەختیشكرد لەوەی، حکومەتی عێراق نەرمییەکی گەورە نیشان دەدات لە پێناو هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، بەڵام هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هاوکاری بکات و، بەردەوامە لە خستنەڕووی بیانوو و پاساو هێنانەوە. وەك ئەو وتی: بەردەوامی ئەم دۆخە رەنگدانەوەی خەونی کوردە بۆ جیابونەوە، کە پەیوەستە بە واقیعێکی سیاسی ناوچەیی فراوانترەوە، بەتایبەتی لە سوریا و ناوچەکە بەگشتی. سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ واشنتۆن، رەنگدانەوەی ئەو رێبازە جوداخوازانەیە، كە هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی سەرکردایەتی هەرێمدایە لەوبارەیەوە رووینەداوە. باسی لەوەشكرد: ئەم بابەتە مەترسی لەسەر سەقامگیری هەرێمی کوردستان دروست دەکات و زیان بە عێراق دەگەیەنێت بە گشتی، عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییەو، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش پابەندکەرن بۆ هەمووان. داواشی لە سەرکردایەتی هەرێم كرد، پابەندبن بە بڕیارەكان و پەیوەستبن بە دەوڵەتی عێراقەوە، بۆ بەدیهێنانی یەكڕیزی نیشتمانی و سەقامگیری.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، داننان بە دەوڵەتی فەلەستین "تەنها ئەرکێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو داواکارییەکی سیاسییە" و پێویستە وڵاتانی ئەوروپا هەڵوێستەکانیان توندتربکەنەوە بەرامبەر بە ئیسرائیل، ئەگەر بەردەوامبێت لەو کارانەی بەرامبەر بە غەززە دەیکات. ئەمڕۆ هەینی لە میانی سەردانیکردنیدا بۆ وڵاتی سەنگافورە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، رایگەیاند داننان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی "ئەرکێکی ئەخلاقی" و "داواکارییەکی سیاسییە" و دەبێت وڵاتە ئەوروپییەکان هەڵوێستی توندتریان هەبێت بەرامبەر بە ئیسرائیل. بەپێی ڕاگەیاندراوێکی کۆشکی ئەلیزە، ماکرۆن ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتە سەنگافورە، کە دوا وێستگەی گەشتەکەی بوو بۆ باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، کە پێشوتر سەردانی ڤێتنام و ئەندەنوسیاشی کرد بو. لە سەردانەکەیدا بۆ ئەندەنوسیا چوارشەممەی ڕابردو، ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە فەرەنسا بەدوای چارەسەری دوو دەوڵەتیدا دەگەڕێت بۆ کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین، خواستی خۆی دەربڕی بۆ بینینی کۆتایی هاتنی ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین لە ڕێگەی چارەسەری دوو دەوڵەتییەوە و جەختی کردبوەوە لەوەی تەنها چارەسەری سیاسی دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی ئاشتی و کۆتایی هێنان بەو شەڕە نەخوازراوە.
بۆ یەکەمجار داعش هێرشیکردە سەر حکومەتی نوێی سوریا و بەهۆیەوە کوژرا و برینداری لێکەوتەوە و دواتر بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەش راگەیاند. روانگەی سوری بڵاویکردەوە، لە پارێزگای سوەیدا لەڕێی بۆمبێکی چێندراوەوە داعش ئەندامانی فیرقەی 70ـی سوپای سوریای بەئامانج گرت و بەهۆیەوە كەسێک کە یاوەری هێزەکەی کردوە کوژراوە و سێ ئەندامی هێزەکەی سوپاش بریندار بوون. روانگەی سوری دەشڵێ، ئەوەش یەکەم هێرشی داعشە بەرامبەر حکومەتی نوێی سوریا. لە چەند رۆژی رابردوودا حکومەتی سوریا رایگەیاند، لە نزیک دیمەشق ئەندامانی شانەیەکی داعشیان دەستگیرکردووە کە ئامادەکارییان بۆ هێرش دەکرد. لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە، بەهۆی بوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکانی سوریا داعش چالاکییەکیان دەستپێکردوەتەوە و چەند جارێک هێرشکردوەتە سەر هێزەکانی هەسەدە و ئاسایشی ناوخۆی رۆژاڤا و بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی.
وەزارەتى دارایی عێراق دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی، هەروەها نەوتی کێڵگەکانی رادەست و هەناردە نەکردووەتەوە، هەر بۆیە چیدی ناتوانن پارە بۆ مووچەی مانگەکانی دیکەی ئەم ساڵ بنێرن. وەزارەتى دارایی عێراق ئەوەی لە وەڵامی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە کە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڕیارەکەی تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی بۆ نەناردنی مووچە بە "پێچەوانەی دەستوور" ناوبرد. وەزارەتى دارایی عێراق دەڵێت، بەگوێرەى یاسای بودجە و بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى، دەبێ هەرێمى کوردستان داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات، تاوەکو وەزارەتى دارایی پارەى مووچە بدات، "وەزارەتى دارایی پابەند بووە بە یاسا و بڕیارى دادگەى فیدراڵى، بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەند نەبووە". بە گوتەى وەزارەتى دارایی عێراق، هەردوو دیوانى چاودێریى دارایی فیدراڵ و هەرێمى کوردستان بەگوێرەى یاسا راپۆرتیان لەبارەى ژمێرەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئامادە کردووە و دەرکەوتووە کە "داهاتى نەوتی و نانەوتى هەیە رادەستى حکومەتى فیدراڵیان نەکردووە"، ئاماژەى بەوەشداوە، سەرەڕاى ئەوەى ناردنى پارەى مووچە لەلایەن وەزارەتى داراییەوە بەپێى پشکى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجە بووە، بەڵام ئەو بڕە داهاتە نەوتى و نانەوتییەى حکومەتى هەرێمى کوردستان رادەستى نەکردووە، وای کردووە تێپەڕبێت لەو پشکەى کە لە بودجەدا هەیەتى. وەزارەتى دارایی فیدراڵ رایگەیاندووە، ئەو تێپەڕاندنەى لە پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان روویداوە وەزارەتەکەى ناچار کردووە رێوشوێنە یاساییە کارپێکراوەکان بگرێتەبەر بەگوێرەى یاسای بودجە و بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى. لە بەشێکى دیکەى روونکردنەوەکەدا وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ، حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمەتبار دەکات بە پابەند نەبوون بە بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەران بە گوێرەى یاسا و بڕیارى دادگەى فیدراڵى، "سەرەڕاى ئەوەى ماوەیەکى زۆر تێپەڕبووە"، هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستان بە بەرپرسیار دەزانێت بەهۆى ئەوەى گوایە پێشێلکاریى بڕیارى دادگەى فیدراڵى کردووە لە بارەى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕى کۆمەڵایەتى بەوەى پابەند نەبووە بە رادەستکردنى داهات. وەزارەتى دارایی فیدراڵ رایگەیاندووە، "پابەند نەبوونى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى نەوتى کێڵگەکانى بە کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) کە لە یاساى بودجەى گشتى هاتووە و دەستپێنەکردنەوە بە هەناردەى نەوت لە دواى هەموارى یاسای بودجە واى کردووە بە بەهاى چەندین ترلیۆن دینار زیان بەر گەنجینەى گشتى بکەوێت، ئەوەش بە گوێرەى راپۆرتى هاوبەشی هەردوو دیوانى چاودێریى دارایی عێراق و هەرێمى کوردستان".