سوپای ئیسرائیل لە غەززە دەست بە کشانەوە دەکات

7 كاتژمێر لەمەوپێش
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند ئاگربەست ئەمشەو کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها ئەوەشى زیاد کرد کە هێرشە ئاسمانییەکان وەستاون، ئەمەش بەپێى ڕاپۆرتى بەپێی ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل.
هەروەها ڕوونیشی کردەوە کە "بەم نزیکانە هێزەکانی کشانەوەی خۆیان بۆ هێڵی زەردی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، بەگوێرەی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا تەواو دەکەن".
هاوکات پەیامنێری ئەلعەرەبییە پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل دەستیان بە کشانەوە کردووە لە کەمپی کەناری باکووری غەززە.
ئەوەشى خستەڕوو فیرقەی 36 (لیوای گۆڵانی) دەستیکردووە بە کشاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکانی لە کەرتی غەززە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک ئاوارە گەڕاونەتەوە بۆ پشکنینی ماڵە وێرانبووەکانیان لە کەمپی کەناری باکوور.
لەلایەکى دیکەوە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا رایانگەیاندووە، تیمێکی 200 سەربازیی ئەمریکی لە چەند ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاو دەکرێنەوە، بەمەبەستی چاودێریکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە پاش واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەنێوانیان بە نێوەندگیریی سەرۆکی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی.
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بە میدیای ئەمریکیان راگەیاندووە، ئەدمیراڵ براد کوپەر، سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا ناسراو بە سێنتکۆم، لە قۆناخی یەکەمدا 200 سەربازیی ئەمریکی لەبەردەست دەبێت بۆ چاودێرییکردنی ئاگربەستەکە و دڵنیابوون لەوەی ئاگربەستەکە پێشێل نەکرێت.
شەوی پێنجشەممە، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ دانوستاندنەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەو باوەڕەدایە، بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، چەند بڕیارێکی قورسی دا تاوەکو لەگەڵ حەماس بگەنە رێککەوتن و ئاگربەست رابگەیێندرێت و ئەگەر کەسێکی دیکە بووایە، باوەڕناکات بگەیشتنایە ئەم قۆناخە.
ویتکۆف لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ نەتەنیاهوو، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "سەرۆکوەزیران بڕیارێکی قورسی دا. ئەو ئەرکی پاراستنی ئەم وڵاتەی لەبەردەست بوو. ئەرکی بوو بڕیاری قورس بدات، لەبارەی تا چەندە لەگەڵ حەماس تووند بێت و کەی نەرم بێت."
ویتکۆف دەڵێت، هەندێک جار پێیوابوو ئیسرائیل دەبوو "نەرمتر" بێت. بەڵام راستییەکە ئەوەیە کاتێک تەماشای رووداوەکانی رابردوو دەکەیت "پێموانییە بەبێ سەرۆکوەزیران بگەینە ئەم قۆناخە."
