هەفتەی داهاتو موچەی مانگی هەشت یەكلا دەبێتەوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە سوودانی بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەران بدات و تەیف سامیش نووسراوی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەربکات.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 7ـی 10ـی 2025 لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ سێ وەزیری کورد ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشت دا.
لیستی مووچەی مانگی نۆ ئامادەیە و وردبینی بۆ کراوە، لە هەفتەی داهاتووەوە هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی 10 و ڕێکارەکانی بە سیستمی پەیڕۆڵ دەستپێبکات، چاوەڕوانیش دەکرێت لە دوو هەفتەی داهاتوودا بۆ بەغدا بنێرێت.
هەفتەی ئایندە لە شارەکانی دیکەی عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەکرێت. هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەن بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە مانگێکی ماوە دوو موچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
ئەگەر هەفتەی داهاتوو، بڕیار لە ناردنی مووچە بدرێت و ڕێکارەکان وەک مووچەی مانگی حەوت بن ئەوا ناردنی مووچە دەکەوێتە 10 ڕۆژی دیکە. ئەگەر بەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سوودانی بڕیاری ناردنی مووچە بدات تا پێنجشەممەی هەفتەی داهاتوو مووچە دەگات.
