ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، حەماس ناچارە لە نێوان قبوڵکردنی "پێشنیارەکەی ویتکۆف" یان "لەناوبردن"دا هەڵبژێرێت. ئیسرائیل کاتز ڕایگەیاند کە ئیسرائیل "دەوڵەتێکی جولەکە" لە کەناری ڕۆژئاوا دروست دەکات، ئەمەش ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی دامەزراندنی ٢٢ شوێنی نیشتەجێبوونی نوێ لە ناوچە داگیرکراوەکان. یسرائیل کانتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی دەوڵەتێکی یەهوودی لە کەناری رۆژئاوای فەڵەستین دادەمەزرێنێت، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو گرووپە تیرۆریستیانەی دەیانەوێت ئیسرائیل لاواز بکەن. ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل پەیامێکە بۆ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و هاوڕێکانی کە دەیانەوێت لەسەر کاغەز دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن، بەڵام ئیسرائیل لە سەر زەوی و بە واقیعی دەوڵەتێکی یەهوودی لە کەناری رۆژئاوا دادەمەزرێنێت. دوێنێ حکومەتی ئیسرائیل دروستکردنی 22 ئۆردوگای نوێی نیشتەجێبوونی لە سەر خاکی فەڵەستین راگەیاند، ئەوەش نیگەرانیی نێودەوڵەتی بە دوای خۆیدا هێنا، هەنگاوەکەی ئیسرائیل وەک راوەستانی راستەوخۆی وڵاتەکە دژبە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکدەدرێتەوە کە دژی دروستکردنی ئۆردوگاکانی نیشتەجێبوونن لەسەر خاکی فەڵەستین، هەروەها بە بەربەستی بەردەم چارەسەری کێشەکانی ئیسرائیل و فەڵەستینی دەزانن.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی گروپی عەسائیبی ئەهلی هەق، دەڵێت: هەرێمی کوردستان دەبێت پابەندییە دەستورییەکانی بەرامبەر دەوڵەتی عێراق جێبەجێبكات، لە سەرو هەموویانەوە، رادەستکردنی داهاتە نەوتییەکان و باج و داهاتی سنورەکان و رێزگرتن لە سەروەری، لە بەرامبەر داواكردنی شایستە داراییەکانی. خەزعەلی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ هەردوو كەناڵی "الاولی و العهد" وتی: خەونی جیابوونەوە لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە بە بەهێزی ئامادەیی هەبووە لە سیاسەتی سەرکردەکانی هەرێمداو، روخساری بە روونی لە ریفراندۆمی (٢٠١٧)دا دەرکەوت. سەرەڕای ئەوە، دەوڵەتی عێراق بە گیانێكی ئەرێنیەوە مامەڵەی كردووە، بڕە پارەیەکی زۆری تەرخانکردووە، كە ساڵانە دەگاتە دە ترلیۆن دینار، بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە رادەستكردنی داهاتەكانی. خەزعلی وتیشی: لە سلێمانیش ئەوەم وت، ئێمە پشتگیری لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران دەکەین، بەڵام دەبێت حکومەتی هەرێم ئەو ئاڕاستەیە رابگرێت کە کوردستان لە عێراق دوور دەخاتەوە و، پابەند بێت بە ئەرکەکانیەوە، هەروەك چۆن داوای مافەکانی دەکات. ئەمینداری عەسائیب، لە بەشێكی تری قەسەكانیدا ئاماژەی بە بەردەوامی بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە كردو وتی: پرسی بەقاچاغبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لای هەمووان زانراوە، بە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و ئۆپێک و وڵاتە زلهێزەکانیشەوە، کە بە ملیارەها دۆلار زیان بە بودجەی عێراق دەگەیەنێت. بارهەڵگرەكان نەوت بە ئاشكرا نەوت بە قاچاغ دەبەن بۆ ئەفغانستان و پاکستان نە بە نهێنی، ئەم قاچاغچێتیە ساڵانە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار زیان بە عێراق دەگەیەنێت. جەختیشكرد لەوەی، حکومەتی عێراق نەرمییەکی گەورە نیشان دەدات لە پێناو هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، بەڵام هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هاوکاری بکات و، بەردەوامە لە خستنەڕووی بیانوو و پاساو هێنانەوە. وەك ئەو وتی: بەردەوامی ئەم دۆخە رەنگدانەوەی خەونی کوردە بۆ جیابونەوە، کە پەیوەستە بە واقیعێکی سیاسی ناوچەیی فراوانترەوە، بەتایبەتی لە سوریا و ناوچەکە بەگشتی. سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ واشنتۆن، رەنگدانەوەی ئەو رێبازە جوداخوازانەیە، كە هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی سەرکردایەتی هەرێمدایە لەوبارەیەوە رووینەداوە. باسی لەوەشكرد: ئەم بابەتە مەترسی لەسەر سەقامگیری هەرێمی کوردستان دروست دەکات و زیان بە عێراق دەگەیەنێت بە گشتی، عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییەو، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش پابەندکەرن بۆ هەمووان. داواشی لە سەرکردایەتی هەرێم كرد، پابەندبن بە بڕیارەكان و پەیوەستبن بە دەوڵەتی عێراقەوە، بۆ بەدیهێنانی یەكڕیزی نیشتمانی و سەقامگیری.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، داننان بە دەوڵەتی فەلەستین "تەنها ئەرکێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو داواکارییەکی سیاسییە" و پێویستە وڵاتانی ئەوروپا هەڵوێستەکانیان توندتربکەنەوە بەرامبەر بە ئیسرائیل، ئەگەر بەردەوامبێت لەو کارانەی بەرامبەر بە غەززە دەیکات. ئەمڕۆ هەینی لە میانی سەردانیکردنیدا بۆ وڵاتی سەنگافورە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، رایگەیاند داننان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی "ئەرکێکی ئەخلاقی" و "داواکارییەکی سیاسییە" و دەبێت وڵاتە ئەوروپییەکان هەڵوێستی توندتریان هەبێت بەرامبەر بە ئیسرائیل. بەپێی ڕاگەیاندراوێکی کۆشکی ئەلیزە، ماکرۆن ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتە سەنگافورە، کە دوا وێستگەی گەشتەکەی بوو بۆ باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، کە پێشوتر سەردانی ڤێتنام و ئەندەنوسیاشی کرد بو. لە سەردانەکەیدا بۆ ئەندەنوسیا چوارشەممەی ڕابردو، ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە فەرەنسا بەدوای چارەسەری دوو دەوڵەتیدا دەگەڕێت بۆ کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین، خواستی خۆی دەربڕی بۆ بینینی کۆتایی هاتنی ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین لە ڕێگەی چارەسەری دوو دەوڵەتییەوە و جەختی کردبوەوە لەوەی تەنها چارەسەری سیاسی دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی ئاشتی و کۆتایی هێنان بەو شەڕە نەخوازراوە.
بۆ یەکەمجار داعش هێرشیکردە سەر حکومەتی نوێی سوریا و بەهۆیەوە کوژرا و برینداری لێکەوتەوە و دواتر بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەش راگەیاند. روانگەی سوری بڵاویکردەوە، لە پارێزگای سوەیدا لەڕێی بۆمبێکی چێندراوەوە داعش ئەندامانی فیرقەی 70ـی سوپای سوریای بەئامانج گرت و بەهۆیەوە كەسێک کە یاوەری هێزەکەی کردوە کوژراوە و سێ ئەندامی هێزەکەی سوپاش بریندار بوون. روانگەی سوری دەشڵێ، ئەوەش یەکەم هێرشی داعشە بەرامبەر حکومەتی نوێی سوریا. لە چەند رۆژی رابردوودا حکومەتی سوریا رایگەیاند، لە نزیک دیمەشق ئەندامانی شانەیەکی داعشیان دەستگیرکردووە کە ئامادەکارییان بۆ هێرش دەکرد. لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە، بەهۆی بوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکانی سوریا داعش چالاکییەکیان دەستپێکردوەتەوە و چەند جارێک هێرشکردوەتە سەر هێزەکانی هەسەدە و ئاسایشی ناوخۆی رۆژاڤا و بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی.
وەزارەتى دارایی عێراق دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی، هەروەها نەوتی کێڵگەکانی رادەست و هەناردە نەکردووەتەوە، هەر بۆیە چیدی ناتوانن پارە بۆ مووچەی مانگەکانی دیکەی ئەم ساڵ بنێرن. وەزارەتى دارایی عێراق ئەوەی لە وەڵامی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە کە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڕیارەکەی تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی بۆ نەناردنی مووچە بە "پێچەوانەی دەستوور" ناوبرد. وەزارەتى دارایی عێراق دەڵێت، بەگوێرەى یاسای بودجە و بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى، دەبێ هەرێمى کوردستان داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات، تاوەکو وەزارەتى دارایی پارەى مووچە بدات، "وەزارەتى دارایی پابەند بووە بە یاسا و بڕیارى دادگەى فیدراڵى، بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەند نەبووە". بە گوتەى وەزارەتى دارایی عێراق، هەردوو دیوانى چاودێریى دارایی فیدراڵ و هەرێمى کوردستان بەگوێرەى یاسا راپۆرتیان لەبارەى ژمێرەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئامادە کردووە و دەرکەوتووە کە "داهاتى نەوتی و نانەوتى هەیە رادەستى حکومەتى فیدراڵیان نەکردووە"، ئاماژەى بەوەشداوە، سەرەڕاى ئەوەى ناردنى پارەى مووچە لەلایەن وەزارەتى داراییەوە بەپێى پشکى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجە بووە، بەڵام ئەو بڕە داهاتە نەوتى و نانەوتییەى حکومەتى هەرێمى کوردستان رادەستى نەکردووە، وای کردووە تێپەڕبێت لەو پشکەى کە لە بودجەدا هەیەتى. وەزارەتى دارایی فیدراڵ رایگەیاندووە، ئەو تێپەڕاندنەى لە پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان روویداوە وەزارەتەکەى ناچار کردووە رێوشوێنە یاساییە کارپێکراوەکان بگرێتەبەر بەگوێرەى یاسای بودجە و بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى. لە بەشێکى دیکەى روونکردنەوەکەدا وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ، حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمەتبار دەکات بە پابەند نەبوون بە بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەران بە گوێرەى یاسا و بڕیارى دادگەى فیدراڵى، "سەرەڕاى ئەوەى ماوەیەکى زۆر تێپەڕبووە"، هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستان بە بەرپرسیار دەزانێت بەهۆى ئەوەى گوایە پێشێلکاریى بڕیارى دادگەى فیدراڵى کردووە لە بارەى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕى کۆمەڵایەتى بەوەى پابەند نەبووە بە رادەستکردنى داهات. وەزارەتى دارایی فیدراڵ رایگەیاندووە، "پابەند نەبوونى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى نەوتى کێڵگەکانى بە کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) کە لە یاساى بودجەى گشتى هاتووە و دەستپێنەکردنەوە بە هەناردەى نەوت لە دواى هەموارى یاسای بودجە واى کردووە بە بەهاى چەندین ترلیۆن دینار زیان بەر گەنجینەى گشتى بکەوێت، ئەوەش بە گوێرەى راپۆرتى هاوبەشی هەردوو دیوانى چاودێریى دارایی عێراق و هەرێمى کوردستان".
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە پێشنیازەکەی نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی ئاگربەستی غەززە ڕازی بووە. پێنجشەممە 29ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بە پشبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە پێشنیازی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە تایبەتە بە ڕاگەیاندنی ئاگربەسێکی کاتیی لە غەززە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان ڕازی بووە. هاوکات کەناڵی 12 و 13ـی ئیسرائیلیش ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردەوە. لای خۆیەوە بزووتنەوەی حەماس، لە کەناڵی خۆی لە تەلەگرام ڕایگەیاندووە: پێشنیازەکەی ویتکۆفمان لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە بەدەست گەیشتووە، بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەین، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە. ئەمڕۆ مێدیا ئیسرائیلییەکان، بڵاویان کردەوە، ئەو پێشنیازیەی کە شەوی ڕابردوو ویتکۆف خستیتییە بەردەم ئیسرائیل، قۆناغی یەکەم، بریتییە لە؛ ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی 60 ڕۆژی لە کەرتی غەززە، کە لەو ماوەیەدا 9 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێت و 18 تەرمیش بۆ وڵاتەکە دەنێردرێنەوە. بە گوێرەی پێشنیازەکەی ویتکۆف، ئیسرائیل لە ڕۆژی یەکەمدا لەو ناوچانە دەکشێتەوە کە بەم دواییە لە باکووری ڕێڕەوی نەتساریمەوە داگیری کردبوو، هەروەها لە ڕۆژی حەوتەمدا، لەو ناوچانەی کە لە باشووری ڕێڕەوی نەتساریم داگیری کردبوو دەکشێتەوە. مێدیا ئیسرائیلییەکان، وردەکاری پلانی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ چارەکردنی دۆخی غەززە و وەستانی شەڕ لە کەرتەکەدا ئاشکرا کرد. ئەو پێشنیازیەی کە شەوی ڕابردوو خراوەتە بەردەم ئیسرائیل، قۆناغی یەکەم، بریتییە لە؛ ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی 60 ڕۆژی لە کەرتی غەززە، کە لەو ماوەیەدا 9 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێت و 18 تەرمیش بۆ وڵاتەکە دەنێردرێنەوە. بەگوێرەی پێشنیازەکە، ئیسرائیل لە ڕۆژی یەکەمدا لەو ناوچانە دەکشێتەوە کە بەم دواییە لە باکووری ڕێڕەوی نەتساریمەوە داگیری کردبوو، هەروەها لە ڕۆژی حەوتەمدا لەو خاکانەی کە لە باشووری ڕێڕەوی نەتساریم داگیری کردبوو دەکشێتەوە. هەروەها بە بەشداری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژانە هاوکاریە مرۆییەکان لە کەرتی غەززە دابەش دەکرێت، بەڵام بەپێی پێشنیازەکەی ویتکۆف، دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی ئاگربەست، ئەگەر هیچ ڕێكکەوتنێک لەنێوان ئیسرائیل و حەماس نەکرێت، ئەوا ئیسرائیل دەتوانێت شەڕ دەست پێ بکاتەوە. ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشتر ڕایگەیاندبوو، تێڕوانینێکی زۆر باشی هەیە سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە. ئاماژەی بەوەش کردبوو، زۆر گەشبینە بە ئەگەری کارکردن لەسەر دوو خاڵ: یەکەمیان؛ ئاگربەستێکی کاتی، دووەمیان؛ ڕێککەوتنێکی درێژخایەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.
سهرۆكی توركیا هۆشداریی دهداته هێزهكانی سووریای دیموكرات کە هێشتا بەردەوامن لەسەر تاکتیکەکانی کاتکوشتن، پێویستە دەستبەرداری ئەمە بن سستی له جێبهجێكردنی ڕێككهوتنهكهی لهگهڵ دیمهشق نهكات بۆ تێكهڵاوبوونی به هێزی فهرمی سووریا. لە وتەیەكیدا لەناو فڕۆكەدا بۆ رۆژنامەنوسان لەكاتی گەڕانەوەیدا لە ئازەربایجان، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا وتى: پێویستە یەکپارچەیی خاکی سوریا، پێکهاتەی یەکگرتوویی و یەکێتیی نیشتمانییەکەی بپارێزرێت. پێشتر ڕامانگەیاندبوو بە ئەرێنی پێشوازی لەو ڕێککەوتنە دەکەین کە کراوە، بەڵام دەبینین هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هێشتا بەردەوامن لەسەر تاکتیکەکانی کاتکوشتن. پێویستە دەستبەرداری ئەمە بن. زۆر لە نزیکەوە چاودێریی جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارانە دەکەین کە دەرکراون. ئەوەی گرنگە بەڵێنەکان بەپێی ئەو خشتەی کاتییەی لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، جێبەجێ بکرێن. گفتوگۆکانمان لەگەڵ سەرکۆماری سوریا، بەڕێز ئەحمەد شەرع لەم چوارچێوەیەدا بوون. سەرۆک کۆمارى تورکیا ئەوەشى خستەڕوو سوپاس بۆ خودا کێشە و گرفت لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا بەدی ناکرێت (مەبەستی لە پرۆسەی ئاشتییە لەگەڵ كورد). پێشهاتەکان باش و لە ئاڕاستەیەکی ئەرێنییدا بەردەوامن. سەرەڕای چەند دەنگێکی ناشاز ئەو پەیامانای دەدرێن زۆر شیاو، ئەرێنی و بنیاتنەرن. بێگومان لە هەر قۆناغێکی نوێدا، لەگەڵ هیواکانماندا ئەرکیشمان زیاد دەکات. ڕهجهب تهیب ئهردۆغان ههروهها ڕایگهیاندووه، دەستورێکی نوێ و مەدەنی بەڵێنێکە و بە گەلەکەمانمان داوە. پاشەکشە کردن لەمە نییە، دەمانەوێت دەقێک بێت کە خاڵی بێت لە شوێنەواری وەسایەت، رەوایەتیی دیموکراسی بەهێز بکات، ماف و ئازادییەکان بپارێزێت. لێرەدا بەدوای فراوانترین ڕێککەوتندا دەگەڕێین. بەداخەوە جەهەپە لەم پرسەشدا هەڵوێستی هەمیشەیی خۆی کە دەڵێت 'ئێمە نامانەوێت' نیشاندا. ئەگەر جەهەپەش هەڵوێستێکی ئاشتەواییانە بەیان بکات، ئێمە بۆچی لەگەڵیان کار نەکەین، کاردەکەین، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستێکی لەو جۆرە جێگەی باس نییە. ئێمە دەستووری نوێمان بۆ 86 ملیۆن هاووڵاتی دەوێت نەک بۆ تەیب ئەردۆغان
بەمزوانە دۆناڵد ترەمپ سوریا وەكو دەوڵەتێك دەناسێنێت كە پشتیوانی لە تیرۆر ناكات، ئەمەش بەمەبەستی بەهێزكردنی حكومەتی ئێستای سوریایە. تۆماس باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا، لە كۆشكی گەل لە دیمەشق چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا كەوت. باراك كە هاوكات باڵیۆزی ئەمریكاشە لە توركیا، بەر لە سەردانەكەی بۆلای شەرع، لە دیمەشق بەشداری كرد لە كردنەوەی باڵەخانەی تایبەت لە كاری باڵیۆزی ئەمریكاو بە رۆژنامەنوسانی وت: بەمزوانە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ سوریا وەكو دەوڵەتێك دەناسێنێت كە پشتیوانی لە تیرۆر ناكات، ئەمەبە بەمەبەستی بەهێزكردنی حكومەتی ئێستای سوریایە. نێردەی ئەمریكا باسی لەوەشكرد، كە ئەركی هێزەكانیان لە سوریا لەناوبردنی داعشەو واشنتۆن هانی بازرگانیی لە سوریا دەدات بەمەبەستی سڕینەوەی ئاسەواری سزاكان. هەر ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی سوریا، ئەسعەد شەیبانی و تۆماس باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا، شوێنی نیشتەجێبوونی باڵیۆزی ئەمریکایان لە دیمەشق کردەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە تۆماس باراك، نوێنەری ئەمریکا گەیشتە شوێنی نیشتەجێبوونی باڵیۆزەکە لە دیمەشق، ئەمەش یەکەم سەردانی فەرمی بوو لە دوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٢، ئەمەش دوای ساڵێک لە سەرهەڵدانی شەڕ لەو وڵاتە. باراک لە هەژماری ئێکسی خۆیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "کارەساتی سوریا لە دابەشبوون لەدایک بووە، دووبارە لەدایکبوونەوەی سوریا دەبێت لەڕێگەی کەرامەت و یەکێتی و وەبەرهێنان لە خەڵکدا بێت". نێردەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا دەرگای ئاشتی کردۆتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵگرتنی سزاکان "دەرگای خۆشگوزەرانی و ئاسایش" بۆ گەلی سوریا دەکاتەوە. بەپێی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، باراک دامەزرێنەر و سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خانەنشینکراوی کۆمپانیای کۆڵۆنی کاپیتال ئێڵ ئێڵ سییە کە بنکەکەی لە لۆس ئەنجلۆسە، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا تایبەتەکانی وەبەرهێنانی خانووبەرە لە جیهاندا (ئێستا بە دیجیتاڵ بریج ناسراوە) و لە 19 وڵاتدا کاردەکات.
سەرۆککۆماری ئێران مەسعود پزشکیان رایگەیاند، وڵاتەکەی نایەوێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت و بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەکاری دەهێنێت. پزشکیان لە لێدوانێکدا بە تەلەفزیۆنی فەرمی عومانی گوتووە، ئێران لەسەر باوەڕی خۆی و فەتوای رێبەری باڵای وڵاتەکە، هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نادات و دژی ئەو هەنگاوەیە، ئامادەشن لەوبارەیەوە دڵنیایی بدەنە ناوچەکە و جیهان، بەڵام ئێران هەرگیز دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت لە بوارەکانی پزیشکی و پیشەسازی و کشتوکاڵ، کە ئەوەش یاسا نێودەوڵەتییەکان رێگەیان پێداوە. مەسعود پزیشکیان جەختی لەوەشکردەوە، لە هیچ بارودۆخێکدا پیتاندنی یۆرانیۆم راناگرن و بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران، شانازی وڵاتەکەیە. وڵاتە رۆژئاواییەکان، بەتایبەتی ئەمریکا لە پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران نیگەرانن. وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەگەر هەڵوێستی رۆژئاواییەکان جەختکردنەوە بێ لەسەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن ئێرانەوە، ئەو کاتە ''لەگەڵ ئەوان هیچ قسەیەکمان نامێنێت؛ پێویستە هەڵوێستی خۆیان روون بکەنەوە.'' دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری بە ئێران داوە کە ئەگەر بە رێککەوتن بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات، ئەوا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر. تاران رەتیکردووەتەوە ئامانجی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام بەرزکردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم گومانی لای رۆژئاواییەکان دروستکردووە. لە 12ی نیسانی 2025ـەوە پێنج گەڕی دانوستاندن لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە نێوبژیوانی عومان بەڕێوەچوون.
هەمواری یاسای سزاکان کە پێشبینی دەکرا پێش جەژنی قوربان ببرێتە پەرلەمان و پەسەند بکرێت، بەهۆی ڕێکنەکەوتنی ئاکەپە و دەمپارتی بۆ وەرزی یاسادانانی نوێ دوادەخرێت. لە کۆبونەوەی نێوان ئاکەپە و دەمپارتی لە سەر وردەکاری پڕۆژە یاسای سزاکان نەیانتوانی بگەنە ڕێککەوتن، هەمواری یاساکە وەک ئەوەی دەمپارتی پێشنیازی کردبو، 400 هەزار زیندانی لە سەرتاسەری تورکیادا لێی سودمەند دەبون و نزیکەی 60 هەزار زیندانی دۆسیەی کوردیش ئازاد دەکران. هەرچەندە دوای کۆبونەوەکە هەردولا بە ئەرێنی وەسفیان کرد، بەڵام سەزای تەمەلی ئەندامی شاندەکە ڕایگەیاند، گفتوگۆی هەمەلایەنەیان لەسەر پاکێجی دادوەری و کاری کۆمیسیۆن و پرۆسەی دیموکراتیکردنی تورکیا ئەنجامداوە و کۆبونەوەکەش لە کەشێکی دۆستانەدا بوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، ئاک پارتی دژی ئەو بەندەی هەمواریی یاساکەیە کە سزاکان بۆ تاوانی ڕێکخراو سوک دەکات، بەهانەی بۆ ئەوەش ئەوەیە کە سزادراوانی گولەنییەکان لێی سودمەند دەبن. سەزای تەمەلی، سەبارەت بە یاسای سزاکان وتی، بەشێک لە گۆڕانکارییەکانی یاسای سزاکان کە جەماوەر پێشبینیان دەکرد ڕوویان نەدا. حکومەتیش دەڵێت: هیچ شیکارییەکی کاریگەر نەکراوە و بەو هۆیەوە گۆڕانکارییەکان تا وەرزی یاسادانانی پایز دوادەکەون.
نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هۆشداریدا لە گەیشتنی کاندیدە لاوازەکان بۆ پەرلەمانی داهاتوو، تا ئەنجومەنی نوێنەران لەم دۆخەی ئێستادا نەمێنێتەوە، كە جێی بەزەییە. دەشڵێت: ئەو پارە زۆرەی ئەمڕۆ دەیبینێت، هەر گیز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا نەیبینیوەو، وڵاتێک دەناسێت کە دەیەوێت (100) کورسی بکڕێت و بۆ هەر پەرلەمانتارێك یەک ملیۆن دۆلار دەدات. مالیكی، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی حزبەكەی وتی: ئومێدم بە هاوڵاتیانە کە دەنگەکانیان بە (٥٠) یان (١٠٠) دۆلار نەفرۆشن، هیوادارم خاوەن لیستەکان خۆیان لەم شێوازەی جەمسەرگیرییە بەدوور بگرن، چونکە بەو کارە تاکی لاواز دەهێننە ناو پێگەی سەرکردایەتیكردنی میللەتەوە، ئەمە بە شەرع قەدەغەیەو ئەو پارەیەش بە ناڕەوا بە دەستهاتووە. وتیشی: دەمانەوێت ئەوانەی دەگەنە پەرلەمان، لەوە تێبگەن کە ئەنجومەنی نوێنەران دامەزراوەیەکی چاودێری یاساییە، نەک دامەزراوەیەکی سیاسی جێبەجێکار، ئەوەش بۆ ئەوەی جارێکی تر پەرلەمان نەگاتە ئەو دۆخەى ئەمڕۆ پێی گەیشتووەو جێى بەزییە، چونکە ئەوانەی تێیدا خزمەتیان کردووە پێیان وابوو رکابەری دەسەڵاتی جێبەجێکردنن. مالیكی، لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد: وڵاتێکی دیاریکراو دەناسم کە پەیوەندی بە هێزێکی سیاسییەوە کردووە و، رێنمایی کردون کە هەر پەرلەمانتارێك بە یەک ملیۆن دۆلار بکڕن، بە (١٠٠) ملیۆن دۆلار (١٠٠) پەرلەمانتار بکڕن، بەم کارە ئیرادەی میللەت دەکڕن، هەموو وڵاتێک هەوڵی کۆنترۆڵکردنی پەرلەمان دەدات چونکە گیانی پڕۆسەی سیاسییە. جەختیشكرد لەوەی، هەڵبژاردنی داهاتوو بە پارە كۆنتڕۆڵ دەكرێت، کێبڕکێەكەش دارایی دەبێت، کە بە درێژایی هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشووهەرگیز شاهیدی ئەوە نەبووین پارەیەکی وەها گەورە بۆ کاندیدەکان دابین بکرێت، لەوانەیە ئەم پارەیە لە گەندەڵی یان پارەی دەرەکی بێت. باسى لەوەشكرد: ئیرادەی ئەوانەی نایانەوێت یاسای هەڵبژاردن بگۆڕێت، یەكیگرت لەگەڵ ئیرادەی ئەوانەی نایانەوێت یاسای حەشدی شەعبی پەسەند بكرێت، ئەنجامەکەی پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان بوو، بە ئاشکرا بایکۆتی دانیشتنەکانیان کرد، نەدەبوو ئیدارەی پەرلەمان ملکەچی ئەم فشارە بێت، چونکە بەرژەوەندی گشتی پێسپێردراوە، سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرپرسیارێتی پەککەوتنەکەی لە ئەستۆیە، لەگەڵ ئەو هێزە سیاسییانەی کە بەرپرسن لە شكاندنی نیسابی یاسایی.
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هۆشداری دەداتە دامەزراوە و دەزگا حکومییەکان لە پێشخستنی هەر جۆرە مامەڵەیەكی خانەنشینی پێش ئەوەی فەرمانبەر تەمەنی شەست ساڵی تەواوبكات، جەختیشیدەكاتەوە، هەر سەرپێچییەک لەو تەمەنەدا، پێشێلکارییەکی یاسایی روونە و پێویست بە لێپرسینەوە دەکات. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەكە بە رۆژنامەی "الصباح"ی راگەیاندووە: تەمەنی یاسایی بۆ خانەنشینكردن بەپێی یاسای کارپێکراو، تەواوكردنی شەست ساڵە، هیچ لایەك مافی ئەوەی نییە پێش ئەم بەروارە فەرمانبەر رەوانەی خانەنشینی بكات، کە بە وردی لەڕووی رۆژ و مانگ و ساڵەوە هەژمار دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد: هەندێک لە دەزگاکانی حکومەت تەمەنی خانەنشینی لەخۆیانەوە شرۆڤە دەكەن، ئەوەش دەبێتە هۆی شێواندنی کارگێڕی و وەزیفی لەناو دامەزراوەکاندا. داواشیكرد بە توند پابەندبون بە یاسا و مافەکانی فەرمانبەران بە تەواوی زامن بكەن. جەمال كۆچەر، جەختی لە گرنگی توندکردنەوەی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خانەنشینی کردەوە، بۆ دڵنیابون لە جێبەجێکردنی یاساکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانەو، بەفیڕۆنەدانی مافی فەرمانبەران یان دامەزراوەکان روبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی بكەن.
نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێ، پەیوەندی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئاڵۆزیدا تێپەڕیوە، هیچ بناغەیەکی دروست بۆ ئەو پەیوەندییە دانەنراوە، دەشڵێت، دەبێت کێشەی لامەرکەزی و دابەشکردنی سامانەکان چارەسەربکرێت. نوری مالکی لە نوێترین چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی ئافاق باسی لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق کرد و گوتی، هەڵبژاردن لە تێگەیشتنە نیشتمانییەکەیدا وێستگەیەکە لە وێستگەکانی یەکگرتن و لێکنزیکبوونەوەی نێوان پێکهاتەکان. جەختی لەوەشکردەوە، رازی نابن بەهیچ کاندیدێک کە باوەڕی بە گرنگیی یاسا و پابەندبوون بە یاساوە نەبێت، هەر کەسیش پێشێلی یاسا بکات لای ئەوان جێگای نابێتەوە. مالکی راشیگەیاند، حکومەت بەرپرسیارە لە لێپرسینەوە لەو کەسانەی پارەی گشتی بە سودی خۆیان و کۆکردنەوەی دەنگ بەکاردەهێنن، دەشڵێ، ناکۆکییەکان لەسەر یاسای ئێستای هەڵبژاردن هۆکارێک بوو بۆ پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان.
بەپێى خاڵێکى ڕێککەوتننامەکەى نێوان ئەنجومەنی گشتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق، دەبووایە ئەمڕۆ قۆناغى دووەمى دیلەکانى نێوانیان لەدواى ٥٥ڕؤژ دواخستنى ئاڵوگؤربکەن، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار ئاڵوگۆڕەکە دواخرا. دوای پەنجا و پێنج ڕۆژ لە ئازادکردنی وەجبەی یەکەم، ئەمڕۆ هەردوولا گەیشتنە فۆرمولێک کە ڕێگەی بۆ جێبەجێکردنی وەجبەی دووەمی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان خۆشکرد. شوێنی ئاڵوگۆڕەکە بۆ دەروازەی ئەلجەزیرە دانرابوو، کە دەکەوێتە لێواری باشووری گەڕەکی شێخ مەقسوود و بەرەو باقی شاری حەلەب دەڕوات. بەڵام بە هۆکارێکی نادیار ئاڵوگۆڕەکە دواخرا. ئەم دواخستنە لە کاتێکدایە کە چاوەڕوانییەکی زۆر لەلایەن کەسوکاری زیندانییەکان و کەسوکارەکانیانەوە کراوە، کە بە هیوای گەڕانەوەی ئازیزانیان لەم ڕۆژەدا بوون. هەر لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەکەدا، سێی نیسانى ڕابدوو، بڕگەی ئازادکردنی بەندکراوانی هەردوولا جێبەجێ کرا و 146 بەندکراوی هێزە کوردییەکان و 97 بەندکراوی سەر بە دەسەڵاتی دیمەشق ئازاد کران. ڕۆژی 1ی نیسانی 2025 ڕێککەوتنێک سەبارەت بە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، لەنێوان ئەنجوومەنی گشتی گەڕەکەکان و دەسەڵاتدارانی دیمەشق واژۆ کرا. ڕێککەوتنەکە 14 بڕگەی سەرەکی لەخۆدەگرێت کە بریتین لە پەرەپێدانی پێکەوەژیان و پاراستنی دانیشتوان و ڕێگریکردن لە دەرکەوتنی چەکداری و ڕێکخستنی ئاسایشی ناوخۆ. هەروەها ڕێککەوتنەکە پێکهێنانی لیژنە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکان و ئاسانکاری هاتووچۆ و هاتووچۆ لەخۆ دەگرێت. لە مادەی دوازدەهەمی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە "هەردوولا بەندیخانەکانی پارێزگای حەلەب پاک دەکەنەوە و هەموو ئەو زیندانیانەی دوای ڕزگاربوونیان بەدیل گیراون، ئاڵوگۆڕی پێدەکەن". گەڕەکی شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن؛ ئەوەش وایکردووە ئەو گەڕەکە لەبەردەم پەلامار و هێرشی بەردەوامی گروپە تیرۆریستی و میلیشیاییە جیاوازەکانی سوریادا بێت. لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاوە گەڕەکی شیخ مەقسوود لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ەوە کۆنترۆڵکراوە. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەی دانیشتوانی شێخ مەقسوود بە 30 هەزار کەس دەخەمڵێنرێت کە زۆرینەیان کوردن. جوگرافیای شێخ مەقسوود جیاوازە لە ناوچە کوردنشینەکانی دیکەی سوریا، چونکە ناوچەیەکی دابڕاوە لە ناوچە کوردییەکانی دیکە؛ واتە بە پێکهاتەکانی جگە لە کورد دەورە دراوە، ئەوەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی بەردەوام دۆخی شێخ مەقسوود قورس و ناسەقامگیربێت.
حەماس ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمەریکا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن "لەبارەی چوارچێوەیەکی گشتی بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی"، کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، بەردەوامى هاوکارییەکان و دانانی لیژنەیەکی پیشەیی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کەرتی غەززە ڕاستەوخۆ دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە. لە بەیاننامەیەکدا هاتووە: ڕێککەوتنەکە ئازادکردنی 10 زیندانی ئیسرائیلی و ژمارەیەک تەرم لەخۆدەگرێت، لەبەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک لە زیندانییە فەلەستینییە ڕێککەوتووەکان، لەگەڵ گەرەنتی نێوەندگیری. بزووتنەوەى حەماس جەختى کردەوە کە لەگەڵ نوێنەرى ئەمریکا گەیشتووینەتە رێککەوتن لەسەر چوارچێوەیەکی گشتی بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی لە غەزە و چاوەڕێی وەڵامی ئیسرائیلین، ئەو دووپاتیکردەوە کە چاوەڕێی "وەڵامی کۆتاییە لەسەر ئەم چوارچێوەیە". لەبەرامبەردا کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل لێدوانەکەی حەماسی بە شتێکی نوێ نەزانی و ئیسرائیل بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئەو مەرجانەی ڕەتدەکاتەوە. هەفتەی ڕابردوو بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل شاندی دانوستانکاری خۆی لە دۆحە کشاندەوە، سەرەڕای ڕەخنەی هەزاران ئیسرائیلی، دیارترینیان کۆڕبەندی بنەماڵەی بارمتەکان کە لە غەززە بەڕێوەچوو، ئاگربەست و دانوستانەکانی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی ڕاگرت. سەرچاوەیەکی حەماس دووشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە بزووتنەوەکە ڕازی بووە بە پێشنیاری ئاگربەست کە لەلایەن ویتکۆفەوە پێشکەش کراوە. لە پێشنیازەکەدا مەرجی ئازادکردنی 10 زیندانی ئیسرائیلی لە بەرامبەر ئاگربەستێک کە لە نێوان 60 بۆ 70 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لەگەڵ گەرەنتی ئەمریکا کە باس لە ئاگربەستی هەمیشەیی دەکرێت و ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە دەکشێتەوە.