تۆم باراک: بۆ چاودێریکردنی رێککەوتنی 10 ئادار سەردانی حەسەکەم کرد

4 كاتژمێر لەمەوپێش
ۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا بۆ تورکیا و نێردەی وڵاتەکە بۆ کاروباری سووریا دەڵێت، وەکو نێردە بۆ "چاودێریکردنی پێشڤەچوونەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و و حکومەتی سووریا" سەردانی حەسەکەی کردووە.
نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا دەڵێت، "ئەم رێککەوتنە تەنیا بۆ سەقامگیری و ئاسایشی سووریا گرنگ نییە، بەڵکو بەرژەوەندییە ستراتیژییە تورکیا و ئەمریکاش گرنگە."
تۆم باراک دەڵێت، "بەشداریکردنم لە حەسەکە بە شەفافییەتێکی تەواو و بە رۆحیەتی پەرەپێدانی سەقامگیری ناوچەیی، هاوئاهەنگی دژەتیرۆر، و دەستڕاگەیشتنی مرۆیی ئەنجامدرا، کە هەموویان راستەوخۆ خزمەت بە بەرژەوەندیی ئاسایش و ئابوورییەکانی تورکیا دەکەن."
نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا دەڵێت، "هەر پێشنیارێک کە سەردانەکە چالاکی تێکدانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان یان یەکپارچەیی خاکی تورکیای لەخۆگرتبێت، بە تەواوی بێ بنەمایە و هەر تۆمەتێک کە بوونی نەخشەیەک کە من هەرگیز نەمبینیبوو لە ژوورێکی کۆبوونەوەدا کە هەرگیز تێیدا نەبووم، بە جۆرێک بەرژەوەندییەکانی تورکیای تێکدابێت، بە تەواوی گاڵتەجاڕییە."
تۆم باراک دەشڵێت، ئەرکی ئەو وابووە و هەر واش دەمێنێتەوە کە "جەختی لەسەر پێشخستنی میکانیزمە هاوکارییەکانە کە هەڕەشەکانی سەر سنوور کەمدەکەنەوە و پشتگیری لە ئامانجی گەورەتری ئاشتی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەکەن."
رۆژی سێشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "جێگەی شانازی بوو پێشوازیمان لە نوێنەری تایبەتی ئەمریکا باڵیۆز تۆم باراک و ئەدمیرال براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا کرد".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک پرسی گرنگیان تاوتوێ کردووە کە "ئامانجیان پشتگیریکردن بوو لە یەکپارچەیی سیاسی لە سووریا، پاراستنی سەروەریی خاکی وڵاتەکە، و دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا."
تۆم باراک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی سەردانەکەی رایگەیاند، "ئەمە پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ دیدگای سەرۆکی ئەمریکا بۆ پێدانی دەرفەتێک بە سووریا، لەرێگەی رێگەدان بە سوورییەکان بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ هەموو سوورییەکانی دیکە لە هەوڵێکی نوێدا بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانیی هاوبەش."
