وەزیری نوێی بەرگری سوریا، ڕایدەگەیەنێت گونجاو نابێت بۆ هێزە کوردییەکان کە ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە پشتیوانییان لێدەکات هێزە سەربازییەکەی خۆیان لە نێو هێزە چەکدارەکانی سوریادا بهێڵنەوە. مورهاف ئەبو قەسڕە لە وەزارەتی بەرگری سوریا بە ڕۆژنامەنووسانی وت: سەرکردایەتی هێزە کوردییەکان، کە بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ناسراون، مامەڵەکردنییان لەگەڵ پرسە ئاڵۆزەکەدا دواخستووە. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە گفتوگۆدان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سوریادا کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە تورکیاوە سەرکردایەتی دەکرێت و لە 8 ی مانگی دوانزەدا ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدییان ڕووخاند. سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک مەزڵوم عەبدی وتوویەتی کە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانییان بەڕێوبەرایەتییەکی لامەرکەزییە، هەفتەی ڕابردوو لە چاوپێککەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی سعودیەدا وتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کراوەن بە ڕووی ئەوەدا بخرێنەسەر وەزارەتی بەرگری سوریا وەکو " کوتلەیەکی سەربازیی " و بەبێ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکە. ئەبو قەسڕە ڕۆژی یەکشەممە ئەو داواکارییەی ڕەت کردەوە و وتی " ئێمە دەڵێن ئەوان بێنە ناو وەزارەتی بەرگرییەوە لە نێو هەڕەمی وەزارەتی بەرگریدا و بە شێوازێکی سەربازیی دابەش بکرێن، هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەوەدا نیە." وتی " بەڵام ئەوەی کە ئەوان وەکو کوتلەیەکی سەربازیی بمێننەوە لە نێو وەزارەتی بەرگریدا، گونجاو نیە." یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەبو قەسڕە لە دوای ئەوەی پۆستەکەی وەرگرت ئەوە بووە کە سەرجەم ئەو گروپانەی کە دژی بەشار ئەسەد بوون یەکبخرێن و ببنە پێکهاتەیەکی فەرماندەیی یەکگرتوو. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و ڕۆڵێکی گرنگییان هەبووە لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی داعشدا.

ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، ڕایدەگەیەنن، لەوەڵامى بۆردومانەکانى تورکیاى داگیرکار، لە باشووری مەنبەج ژمارەیەک چەکدار کوژران و ئۆتۆمبێلەکانیان تێکشکێنراون. بەپێى راگەیەندراوەکەى هەسەدە کە ئەمرۆ یەکشەمە، بڵاویکردەوە دەڵێت تورکیا بەردەوامە لە دەستدرێژییە ئاشکرا و ئاشکراکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، و هەموو ڕۆژێک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات، بە بۆردومانکردنی گوندەکانز هەسەدە دەڵێت: بەرەبەیانی شەممە و تائێوارە، داگیرکاریی تورکیا بە بۆردومانێکی سەرەتایی بە تۆپخانەی قورس لەسەر گردەکەی بەردەم گوندی "خربەت ئەلزەمالە" لە بەنداوی تیشرین دەستی پێکرد، پاشان بەکرێگیراوەکان دەستیان بە هێرش کروە، شەڕڤانان ڕووبەڕوویان بوونەوەو ژمارەیەک کوژران و برینداریان هەبوەو  ئەوانی دیکە هەڵهاتن، پشتڕاستکرایەوە ٣ بەکرێگیراو کوژراون. ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، کاتێک بەکرێگیراوەکان هەوڵیانداوە تەرمی مردووەکانیان ببەن، بە درۆن سێ گردبوونەوەی بەکرێگیراوان و ئۆتۆمبێلەکانیان کراوەتە ئامانج، ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی سەربازو پیکابێکێک بووە بەهۆیەوە ژمارەیەک بەکرێگیراو کوژران و برینداربوون. هەروەها دەشڵێن لە دەوروبەری گردی "سیریاتێل" تانکێک و ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری چەکی دوشکەی دوژمن، کرایە ئامانج و شەڕڤانان دوو بەکرێگیراویان کردە ئامانج و بەدڵنیاییەوە هەردووکیان لێیاندراوە. لە بەرەی دێر حەفەر؛ بەکرێگیراوان بە گولـلە هاوەن خاڵێکی پشکنینی ناوچەکەیان کردە ئامانج و بەو هۆیەوە هاووڵاتییەکی مەدەنی بریندار بوو.

ئاژانسى رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بڕیاربوو سەرلەبەیانى ئەمرۆ یەکشەمە، ئاگربەست لە غەززە دەستپێبکات، بەڵام حەماس  ناوی ئەو بارمتانەی کە بڕیارە ئازاد بکرێن، هێشتا بڵاونەکردوەتەوە، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، ئاگربەستەکە  دەستپێناکات تاوەکو حەماس لیستی بارمتەکان پێشکێش نەکات. ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بڕیاربوو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ماوەی 470 ڕۆژە شەڕو پێکدادان بەردەوامە، بزوتنەوەى حەماس لە ڕاگەیەندراوێکیاندا دەڵێن دواکەوتنی ناوی ئەو بارمتانەی کە بڕیارە ئازاد بکرێن، بەهۆی "هۆکاری تەکنیکى" بووە. سووپای ئیسرائیلیش دەڵێن: بە مەرجێک حەماس ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ نەکات، ڕێککەوتنی ئاگربەست ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی کردبوو، ئەگەر حەماس لیستی ئەو بارمتانە دەستگیرکراوانە ڕادەست نەکات کە پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ ئازادبکرێن. لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، لە قۆناغی یەکەمدا کە بۆ ماوەی ٦ هەفتە درێژدەبێتەوە، ئازادکردنی ٣٣ دەستگیرکراوی ئیسرائیلی لە غەززە. لەبەرامبەردا ئیسرائیل ٧٣٧ زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات و ئازادکردنی پێش کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ئەنجام نادرێت. ئێوارەی ئەمڕۆ سێ زیندانی ژنی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێن و بۆ هەر دەستگیرکراوێکی ئیسرائیلیش ٣٠ زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکرێن. بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بزووتنەوەى حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە: حەماس پابەندبوونی خۆی بە مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست دووپات دەکاتەوە، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات دواکەوتنی ڕادەستکردنی ئەو ناوانەی کە لە وەجبەی یەکەمدا بڵاودەکرێنەوە، دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری تەکنیکی. بەڵام  پێش دەستپێکردنی ئاگربەستەکە، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا رایگەیاند، ئاگربەست لەکاتی خۆیدا دەستپێناکات، هەتاوەکو حەماس ناوی سێ بارمەتە ئازادکراوەکەی ئەمڕۆیان پێشکێش نەکات.  پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل دەستیکردووە بە کشانەوەی ئۆتۆمبێلەکانی لە ناوەندی شاری ڕەفەحەوە بۆ میحوەری فیلادیفیا لەسەر سنووری میسر. ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند کە فەوجی ٩٣٢ی لیوای نەهال لە کەرتی غەززە کشاونەتەوە.

مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دووپاتی کردەوە کە هێزەکەیان بڕیاری ڕادەستکردنی چەکەکانیان یان هەڵوەشاندنەوەی خۆیان نەداوە، بەڵکو دەیانەوێت بچنە ناو سوپای داهاتووی سوریاوە. هاوکات هۆشداریشیدا لەوەی هەر ڕێگایەکی تر جگە لە دانوستان لەسەر پرسی یەکگرتنەوە هێزەکان بۆ ناو وەزارەتی بەرگری کێشەی گەورەیان لێدەکەوێتەوە، بەپێی دەربڕینەکانى ئەو. لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە، مەزڵوم عەبدى ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان بانگهێشت نەکراون بۆ کۆبوونەوەى یەکخستنی گروپەکان لە وەزارەتی بەرگری، هەروەها ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع لەگەڵ گروپەکان پەیوەندییان بەوانەوە نییە چونکە ئەوان بەشێک نین لەو گروپانە. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو پێشنیازی پێکهێنانی لیژنه‌یه‌كى سه‌ربازى هاوبه‌شیان كردووه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پرسى یه‌كگرتنه‌وه‌ى هێزه‌كان، ئه‌ویش دژى ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ كه‌ سوریا خاوه‌نى دووسوپاى جیاوازبێت. فه‌رمانده‌ى هه‌سه‌ده‌، ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکی نوێی ئیدارە، ئەحمەد شەرع، بە کردار دیاری دەکرێت نەک بە قسە، سەبارەت بە بوونى هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا ڕوونی کردەوە کە بوونیان گرنگە بۆ لێک نزیککردنەوەی دیدگاکان. مەزلوم عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ دابین نەکردوون، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویست بە چەک لە ئێرانەوە ناکات. ناوچە بەرفراوانەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر کۆنترۆڵی ئەو ئیدارە خۆسەرەدایە کە لەدوای سەرهەڵدانی ململانێکان لە سوریا لە ساڵی 2011 لەلایەن کوردەکانەوە دامەزرا، هەروەها کشانەوەی هێزەکانی حکومەت لێیان بەبێ ڕووبەڕووبوونەوە. ئەو کوردانەی ڕووبەڕووی داعش بوونەتەوە، دامەزراوەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و سەربازییان بنیات ناوە، بە درێژایی ساڵانی ململانێ، هەوڵی پاراستنی دەستکەوتەکانیان دەدا، لە کاتێکدا حکومەتی پێشوو تۆمەتباریان دەکرد بەوەی مەیلی "جیاخوازی"یان هەیە. شاندێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بڕبڕەی پشتیان شەڕڤانانی کوردە و واشنتۆن پشتیوانی دەکات، لە 30ی کانونی یەکەمدا لەگەڵ سەرۆکی ئیدارەی نوێی دیمەشق، ئەحمەد شەرع، لە یەکەم دانوستانی نێوان هەردوولا لە دوای دەرکردنی بەشار ئەسەد لە سەرەتای ئەو مانگەدا.

ئاژانسى فرانس پرێس شیکەرەوەیەکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا (سی ئای ئەی) دانی بە تاوانەکەیدا نا و ڕایگەیاند زانیاری ئاشکرا کردووە لەسەر هێرشە پلان بۆ داندراوەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران. لە مانگی یانزەدا چەند هەفتەیەک دوای ئەوەی بەڵگەنامەی نهێنی لە ئەپی نامەناردنی تێلیگرامدا بڵاوبوونەوە، ئاسیف ڕەحمانی تەمەن 34 ساڵ لەلایەن دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکاوە دەستگیرکرا. ئاسیف ڕەحمان لە دادگای فیدڕاڵی لە ڤێرجینیا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە بە دوو تۆمەت، تۆمەتەکانیش بریتین لە هێشتنەوە و گواستنەوەی زانیاری نهێنی پەیوەست بە بەرگری نیشتمانییەوە کە هەریەکێک لەو تاوانە سزاکەی 10 ساڵ زیندانیکردنە. داواکاران دەڵێن ڕەحمان کە لە ساڵی 2016 ەوە کارمەندی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکایە، سوودی لە دەستڕاگەیشتنی بە زانیارییە نهێنییەکان وەرگرتووە، ئەوەش لە ڕێی دەستڕاگەیشتن و لابردن و کۆپی کردنی دوو بەڵگەنامەی پەیوەست بە هێرشە پلان بۆ داندراوەکەی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر ئێران. دواتر بەڵگەنامەکانی لەگەڵ کەسانێکدا هاوبەش کردووە کە مۆڵەتییان نەبووە ئەو زانیارییانە وەربگرن. دوو بەڵگەنامەکە کە لە مانگی 10 دا دزەیان پێکرا، ئاماژەیان بەوەداوە کە ئیسڕائیل هێشتا کەلوپەلە سەربازییەکانی ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە موشەکی و درۆنییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل لە 1 ی مانگی 10 دا. لە کۆتایی مانگی 10 دا ئیسڕائیل هێرشێکی ئاسمانی تۆڵەسەندنەوەی کردە سەر بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران و کارگەکانی دروستکردنی موشەک لە ئێراندا. لە نوسراوەکانی دادگادا ئاماژە بەوە دراوە کە بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانە بوونەتە هۆی ئەوەی ئیسڕائیل پلانەکانی بۆ هێرشکردن دوابخات.

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست، لە وەڵامی کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەی شاسوار عەبدولواحید لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تایبەت بە خۆی  دەڵێت: دەستبەرداری فێڵ و فریودان نابێت، بە فێڵێکی ساختەی عاتفی دەیەوێت ئەوەی تورکیا داپۆشێت، لە کۆتاییشدا دەڵێت ئەنجام دەبینین. لەنوسینێکیدا لە پەرەى تایبەتى خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک عەلى حەمە ساڵح، سەرۆکى ڕەوتى هەڵوێست وەڵامى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوێى داوەتەوە. ئەو دەڵێت: بەفێڵێکى ساختەى عاتیفى دەیەوێت ئەوەى تورکیا دابپۆشێت ئەنجام دەبینین، وتیان: ڕۆشتین لەگەڵ جێگری هاکان فیدان کۆبوینەوە بۆ تەشکیلی حکومەت! دەڵێ: لەگەڵ پارتی دانوستانمان کردوەو تائێستا شەش کورسیان پێداوین!، سەرباری هەڕەشەو فشاری یەکێتی، ناڵێت: لە دانوستان کشاوینەتەوە!، دەزانن ئەگەر سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاری بکرێت، لیستی یەکەم سەرەتا ڕادەسپێرێ بۆ پێکهێنانی حکومەت (پارتیە). عەلى حەمەساڵح لەکۆتاییدا دەڵێت: ئێمەو یەکگرتووش ژمارەمان لەگەڵ یەکێتی کۆبکرێتەوە هەر لە پارتی زیاتر نابێ! ئیتر چۆن تەکلیف دەکرێت!. ئێوارەی ئەمرۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاندبوو لەم دۆخەدا بەشداری حکومەت ناکەین و وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێنینەوە، ئەوەشى خستەڕوو  با لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر سەرۆک وەزیران رێکبکەون ئێمە دەنگیان پێدەدەین و پۆستیشمان ناوێت.

فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق دەڵێت، کاتێک سەردانى تارانمان کرد لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق، بە ئێرانیەکانمان وت پرسەکانمان بە تەنیا خەمی عێراقییەکانە، هەندێک هەڵوێستی ئێران کە لە میدیاکانەوە لەسەر هەندێک بابەت بڵاودەکرێنەوە، پێچەوانەی دیدگای ئێمەن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت بڕیاری کۆتایی عێراقی بێت. لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەى شەرق ئەوسەت، فواد حسێن وەزیری دەرەوەى عێراق، رایدەگەیەنێت عێراق لە شەڕ ڕزگاری بووە، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی مەترسیی شەڕ بووەتەوە، هەروەها وتیشى: ئێستا جیهان بەشێوەیەکی تر دەڕوانێتە ئێمە، بەڵام عێراقییەکان کێشەکانیان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان هەیە، هیچ کەسێک جگە لەوان چارەسەری ناکات، تەنانەت ئەگەر ئێرانیش لەگەڵیان ناکۆک بێت، یان سەرۆکی ئەمریکا کە هیچ سۆزێکى بۆ بەغدا و تاران نییە. فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق دەڵێت، کاتێک هەشتى ئەم مانگە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق، چوینە تاران، لەسەر پرسەکا ناوخۆییەکانى عێراق بەوانمان وت پرسەکانمان بە تەنیا خەمی عێراقییەکانەو دەبێت دوابڕیار عێراق بیدات. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە دەستمان بەم کەیسە کردووەو پێویستمان بە ماوەی دیاریکراو هەیە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام. ڕوونە کە ئێمە بە هەندێک میکانیزمەوە پابەندین و پێشنیاری جیاواز هەیە. ئەو وتیشى: بۆ نموونە گروپەکان بەشێک بن لە هێزەکانى بەرگرى و یاسایی بن، هەروەها تێزێکی تر هەیە کە داوا دەکات چەکەکانیان ڕادەست بکەن تەنها ببنە قەوارەی سیاسی، بیرۆکە زۆرن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت بگەینە تێگەیشتنە ناوخۆییەکان و خۆمان لە دروستکردنی دۆخێک بەدوور بگرین کە ڕەنگە خوا نەکات شەڕی ناوخۆیی لێبکەوێتەوە ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە. فوئاد حسێن ئاماژە بەوەدەکات، 2024 بۆ ئەوان زۆر قورس بوو، وتى: چونکە ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ ناوەندەکانی دەسەڵات و ئەو وڵاتانەدا دەکرد کە پەیوەندییەکی پتەومان لەگەڵدا نییە ئێستا عێراق لە ناوچەیەکدایە کە ئاگرەکە هێشتا دەسووتێت. پرسیارەکە هەر ماوەتەوە: چۆن خۆت لەم ئاگرە دەپارێزیت؟ ئەو هەوڵانەی ساڵی ڕابردوو دامان لە ماوەی داهاتوودا دوو هێندە دەبێت، لە پێناو پاراستنی عێراق لە دۆخێکی سەقامگیریدا، دوور لە شەڕ و ململانێکان.

ــ بە هێڵە ئاسمانییەکان ڕاگەیاندراوە گواستنەوەی ئێرانی یان ئیسرائیلی بۆ ئەو وڵاتە قەدەغەکراوە ــ سوریا ئەو کاڵایانەیانەش قەدەغەکات کە لە ئیسرائیل و ئێران و ڕووسیا بەرهەم دەهێنرێن سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی دیمەشقى پایتەخى سوریا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندوە، بە بێ ئەوەی هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی ڕابگەیەنرێت، بە هێڵە ئاسمانییەکان کە لە سوریا کاردەکەن، پێیان ڕاگەیاندراوە کە گواستنەوەی ئێرانی یان ئیسرائیلی بۆ ئەو وڵاتە قەدەغەکراون. سەرچاوەیەکی فڕۆکەخانە ڕایگەیاند، "هێڵە ئاسمانیەکان لە ئێستادا کە گەشتەکانیان بۆ دیمەشق ئەنجام دەدەن، ئاگادار کراونەتەوە کە نابێت هاووڵاتییانی ئیسرائیلی و ئێرانی بگوازنەوە بۆ سوریا". سەرچاوەیەک لەکۆمپانیایەکى گەشتیارى لەدیمشق، ڕایگەیاند، “ڕێنمایمان له هێڵی ئاسمانی قەتەرەوە پێ گەیشتووه که له ئێستادا ناتوانرێت تکت ببڕین بۆ ئه و گەشتیارە ئێرانییانەی که خوازیاری هاتنه دیمه شقن، بەڵام تا ئێستا ڕێنمایی فەرمیمان لەوەزارەتی گواستنەوەوە پێنەگەیشتووه سەبارەت بەوە”. هاوکات سەرچاوەیەک بەهەمان ئاژانسى وتوە دەروازە سنوریەکانی سوریا، لە ئەمرۆوە بڕیاری قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی ئیسرائیلی و ئێرانییەکانیان بۆ ناو سوریا داوە، ئەمەش هەنگاوێکە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاسایشی ناوخۆ و چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی ئەودیوی سنوورەکان.  سەرچاوەکە وتیشى: جگە لەوەش دەسەڵاتدارانی سوریا قەدەغەکردنی هاتنە ناوەوەی ئەو کاڵایانەیان ڕاگەیاند کە لە ئیسرائیل و ئێران و ڕووسیا بەرهەم دەهێنرێن. هێڵی ئاسمانی قەتەر یەکەمین هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتییە کە دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی بۆ دیمەشق ڕاگەیاند. هەروەها هێڵی ئاسمانی تورکیا، ڕۆژی چوارشەممەى ڕابردوو ڕایگەیاند کە لە ٢٣ی مانگی یەکەوە دەست بە گەشتەکانی بۆ دیمەشق دەکاتەوە، ئەمەش دوای پچڕانێک کە بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ بەردەوام بوو. لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی کۆمپانیاکەدا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، "بەپێی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دەسەڵاتدارانی نوێ لە سوریا، هەندێک ڕێسا بەسەر ئەو سەرنشینانەدا سەپێنراوە کە دەگەنە دیمەشق". لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، "هاوڵاتیانی هەموو وڵاتان جگە لە ئیسرائیل دەتوانن بچنە ناو وڵاتەکەوە"، بەڵام لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هاووڵاتیانی ئێرانی "ناتوانن بچنە ناو وڵاتەکەوە مەگەر بە مۆڵەتی پێشوەختە نەبێت"، لەبری ئەوەی ئاماژە بەوە بکەن کە چوونە ژوورەوەیان قەدەغەکراوە.

ماجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئەمڕۆ (شەممە) ڕایگەیاند: ئاگربەست لە کەرتی غەززە، سبەی یەکشەممە کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی بەیانی بە کاتی ناوخۆی قەتەر دەستپێدەکات، حەماس پێش هەر ڕۆژێک لیستی زیندانییە ئازادکراوەکانی فەلەستینی بڵاودەکاتەوە. وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەى قەتەر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامۆژگاری براکانمان دەکەین کە خۆپارێزی بکەن و ئەوپەڕی وریا بن و چاوەڕێی ڕێنماییەکانی سەرچاوە فەرمییەکان بکەن، ئەمە لەسەر بنەمای کۆدەنگی نێوان لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە و ناوبژیوانان هاتە ئاراوە. وەزارەتی ناوخۆ لە کەرتی غەززە پێشتر ڕایگەیاندووە، هەر کە ڕێککەوتنی ئاگربەست کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەست بە بڵاوەپێکردن لە سەرجەم ناوچەکانی کەرتی غەززە دەکات، هەروەها داوای لە هاوڵاتیان کرد موڵک و ماڵی خۆیان بپارێزن و خۆیان لە هەر کارێک بەدوور بگرن کە ڕەنگە ببێتە هۆی مەترسی لەسەر ژیانى ئەوانى تر. وەزارەتی دادی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند کە ٧٣٧ بەندکراوی فەلەستینی لە بەرامبەر ئازادکردنی وەجبەی یەکەمی بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە. لە بەرامبەردا حەماس ئەمڕۆ (شەممە) ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی میکانیزمێکدا کە لە مەرجەکانی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیلدا لەسەری ڕێککەوتوون، لیستی ئەو زیندانییە فەلەستینییانە بڵاودەکاتەوە کە پێش هەر ڕۆژێکی ئاڵوگۆڕکردن ئازادکراون.  نووسینگەی ڕاگەیاندنی زیندانیانی حەماس لە بەیاننامەیەکدا زیادی کرد: میکانیزمی ئازادکردنی زیندانییەکان پەیوەستە بە ژمارەی ئەو زیندانییە ئیسرائیلییانەی کە حەماس بە نیازە ئازادیان بکات، ئەمەش پڕۆسەیەک بە درێژایی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە درێژدەبێتەوە. ڕۆژی هەینی، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ناوی 95 دەستگیرکراویان دەستنیشانکرد کە ڕۆژی یەکشەممە ئازاد دەکرێن، کە زۆربەیان ژن و کەم تەمەنن، زۆربەیان لە دوای 7ی ئۆکتۆبەر دەستگیرکران، ئاماژەیان بەوەدا کە ڕێوشوێنیان گرتووەتەبەر "بۆ ڕێگریکردن لە هەر ئاهەنگێکی گشتی". لەگەڵ ئازادکردنیان. هەروەها ئیسرائیل ژمارەیەک زیندانی فەلەستینی بە سزای درێژخایەن ئازاد دەکات، لەوانە زەکەریا زوبێدی، سەرکردەی پێشووی لیواکانی شەهیدانی ئەقسا، باڵی چەکداری فەتح.

پێشکەشکارى کەناڵى العربیە، ریم بوقمەرە، لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک ئەم وێنەیەى خۆى و مەزڵوم عەبدى بڵاوکردوەتەوەو ئاماژە بەوەدەکات مەزڵوم عەبدى پێى وتوە ناچێت ئەمریکا بۆ مەراسیمى دەسبەکاربوونى ترەمپ، چونکە پاسپۆرتى نیە، هەروەها وتوشیەتى ئەمە یەکەم سێڵڤیەتى لەژیانیدا کە گرتویەتى. ئەو پێشکەشکارە دەڵێت: دیدارێکى ڕۆژنامەوانیم لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات مەزلوم عەبدى سازداوەو پێى وتووم ناچێت بۆ مەراسیمى دەستبەکاربوونى ترەمپ، نەک لەبەر هۆکاری ئەمنی، بەڵکو لەبەر ئەوەی پاسپۆرتی نییە بەناوی مەزلوم عەبدیەوە. ریم دەشڵێت لە گفتوگۆکەماندا زۆر دۆسیەمان وروژاندوە کە بۆ یەکەمجارە باسیان دەکات، دەربارەی دیدارەکەی لەگەڵ مەسعوود بارزانی و پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، هەروەها سەردانەکەی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، دەربارەی ئێران و تورکیا. ئەوەش دەخاتەڕوو لە کۆتایی گفتوگۆکەدا مەزڵووم عەبدى پەیامی ڕاستەوخۆی پێشکەش بە هەندێک سەرکردەی سیاسی کردوە. بڕیارە لەچەند رۆژى داهاتوو ئەو دیدارە لە کەناڵى العربیەوە پێشکەش بکرێت. پێشکەشکارى کەناڵى العربیە، ریم بوقمەرە، وتیشى: ئەم وێنەیەمان گرتووە، دواتر مەزڵوم عەبدى پێى ووتوم ئەمە یەکەم سێڵفیە لەژیانیدا گرتوویەتى.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، رایدەگەیەنێت، لە پڕۆسەی دوای دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، لێدوانەکانی ئەردۆغانى سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک و ئاکەپە بە مەبەستی چارەسەری نییە، بەڵکو بۆ قۆڵکردنەوەی کێشەکانە. لە دیدارێکى رۆژنامەوانیدا، جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، باس لەدیدارەکانى ئیمرالى دەکات و دەڵێت هەرچەندە شاندەکە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا کۆبوونەوە، بەڵام گۆشەگیری بەردەوامەو کۆتایی نەهاتووە. لەو بارودۆخەی گۆشەگییردا ڕێبەر ئاپۆ ناتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. ئەو وتیشى: ئەگەر دەوڵەتی تورک بەڕاستی دەیەوێت کێشەکانی تورکیا چارەسەر ببن، پرسی کورد لە نێو ئەو پرسانەدا پرسێکی بنەڕەتییە. ئەمە لەم مانگانەی کۆتاییدا زۆرتر ڕوونبووەوە بۆئەوەی کێشەکان چارەسەر ببێت، دەبێت کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنێت، لە نێو هەلومەرجی گۆشەگیرییدا داوای چارەسەری لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، ئەمە کارێکی نا مرۆڤانە، نا ئەخلاقی و نا یاساییە. جەمیل بایک جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە ئاپۆ لەژێر گۆشەگیرییەکی ڕەهادایە، لە ژێر گۆشەگیرییەکی لەم شێوەیەدا چۆن بتوانێت ڕۆڵی خۆی جێبەجێ بکات!. هەروەها دەڵێت: ئاپۆ دەبینێت تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پرسی زۆر قوڵ و جددیدا تێپەڕدەبن. بۆیە دەیەوێت ئەم پرسانە چارەسەر بکات. یانی ڕۆڵێکی مێژووی دەگرێتە ئەستۆی خۆی. خواستێتی خزمەتێکی گەورە بە گەلی کورد، گەلی تورکیا، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی بکات. هاوسەرۆکی کەجەکە لەبەشێکى دیکەى دیدارەکەیدا ئاماژە بۆ پەیامە حەوت خاڵیەکەى ئۆجەلان دەکات، دەڵێت: کاتێک کە ڕێبەر ئاپۆ ئەم ٧ خاڵەی دیاری کرد، لە نێو کۆمەڵگەی تورکیادا ئاسوودەیەکی هێنایە ئاراوە. ئەمە داهاتووی گەلانی تورکیای دیاری کرد. بۆیە دەڵێین ئەمە مانیفێستێکە. وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیە ڕۆڵی خۆی دەربڕی، دەبێت دەوڵەتی تورکیش بە ئاشکرا بیرکردنەوە و ڕوانگەی خۆی دیاری بکات. جەمیل بایک ئەوەدەخاتەڕوو، ئەو شاندەی کە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا چاوپێکەوتنی کردوە، قسەیانکردوەوەو دەڵێن، هەڵوێستی دەوڵەتی تورک لە بابەتەکەدا ڕوون نییە. وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ بۆ پرسەکانی تورکیا پەرەی بە چارەسەرییەکاندا، دەبێت دەوڵەتی تورکیش بە ئاشکرا لەم بابەتەدا ڕوانگەی خۆی دەربڕێت. وەڵامییان چی بێت، چی هەنگاوێ هەڵگرن، دەبێت دیاری بکەن. هەمووان لە چاوەڕوانی ئەمەدایە.  ئەو وتیشى: دەوڵەتی تورک لەم بابەتەدا هەنگاوی نەناوە، بۆیە ئەمە گومان درووستەکات. دەبێت ئەم گومانە بڕەوێتەوە، شەڕێک لە ئارادایە و ئیدی گەیشتووە بە کوردستان. کوردستان چارەنووسی هەموو کەس و لایەنێک دیاری دەکات. بۆیە هەندێک ناوەند و لایەن هەیە لەسەر کوردستان شەڕ دەکەن. یانی هەر لایەنێک کوردستانی دەستهێنا ئەوا ئەنجامی بەدەستهێناوە.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ڕایدەگەیەنێت کۆبونەوەکەیان لەگەڵ  فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی (سنتكۆم)، كۆبونەوەیەکى  گرنگ بووە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای سوریاو ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان دژی داعش. لەچەند رۆژى رابردوودا، جەنەڕاڵ مایكل كۆریلا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سنتكۆم)، سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد و لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبویەوە. لەتۆڕى کۆمەڵایەتى  (ئێكس) مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات نوسینێکى بڵاوکردوەتەوە دەڵێت: بەم دواییانە چاومان كەوت بە جەنەڕاڵ مایكل كۆریلا، جەنەڕاڵ لایهی كیڤن، فەرماندەی هێزی هاوبەشی پێداگری پۆڵاین، جەنەڕاڵ مایكل برۆكس، فەرماندەی هێزی ئەركی هاوبەشی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكان لە وڵاتی شام. فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاماژە بەوەدەکات:  لەو کۆبونەوەیە جەختیان لە هەوڵە نێودەوڵەتیان كردەوە بۆ سەرلەنوێ‌ ئامادەكردنەوەی خێزانەكان لەناوی كەمپی هۆل و كۆنتڕۆڵكردنی زیندانەكان. هەروەها دەڵیت جەختمان لە گرنگی بەهێزکردنی هاوبەشییەکە و ڕۆڵی ئەمریکا لە بەدیهێنانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتدا کردەوە. پێشتریش فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندبوو، مایکل کۆرێلا سەردانی سووریای کردووە و لەگەڵ فەرماندەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبووەتەوە، هەڵسەنگاندنێکی گشتی بۆ شەڕی داعش و ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە سوودوەرگرتن لە دۆخی ئێستای سووریا کردووە.

ئەحمەد شەرع ناسراو بە جۆلانی سەرۆکی حکومەتی کاتى سوریا، ڕایگەیاند پێشڕەوی ئیسرائیل لەسەر خاکی سوریا، بەهۆی بوونی هێزەکانی ئێران و حزبوڵای لوبنان بووە،  ئەوان دوای ئازادکردنی دیمەشق، بە هیچ شێوەیەک لە سوریا بوونیان نەماوە. ڕۆژی پێنجشەممە، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر گەیشتنە دیمەشق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا شانبەشانی ئەحمەد شەرع ڕەخنەی لە پێشڕەوییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی پارێزراو گرت، داوای کشانەوەی خێرای هێزەکانی کرد. مانگی ڕابردوو ئیسرائیل یەکە سەربازییەکانی ڕەوانەی ناوچەی پارێزراوکرد بەدرێژایی بەرزاییەکانی جۆلان دەڕوات و سوریا و ئیسرائیل لەیەکتر جیادەکاتەوە. ئەم ناوچەیە بە فەرمی وەک ناوچەیەکی ناسەربازی وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاگربەست بە ناوبژیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1974 دەستنیشان کراوە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشتر جەختی لەوە کردبووەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی ئەمنی سنووری سووریا، بەتایبەتی لە لوتکەی چیای هرمون، "تا ئەو کاتەی ئاسایشی ئیسرائیل مسۆگەر دەکرێت، دەمێننەوە". کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانێکە لایەنگرێکی سەرەکی ڕژێمی بەشار ئەسەد بووە و سووریا وەک ڕێڕەوێکی وشکانیی گرنگ بۆ گواستنەوەی چەک بۆ گرووپی حیزبوڵا کەڵک وەردەگرێت و چالاکیی بەرفراوانی لە ناوچەکەدا هەبووە. ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی بەریتانی هەفتەی ڕابردوو بڵاویکردەوە زۆربەی هێزەکانی ئێران لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لە سووریا کشاونەتەوەو گرووپە چەکدارە جۆراوجۆرەکانیش کە لە لایەن ڕژێمی تاران پشتیوانی دەکران لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد هەڵوەشاونەتەوە. کشانەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سوریا لە لایەن زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسییەوە بە کۆتایی هەوڵە دەیان ساڵەکەی ڕێژیمی تاران دادەنرێت بۆ ئیستغلالکردنی سوریا وەک ناوەندێکی ستراتیژی ناوچەیی بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی و هەڵگیرسانی شەڕی بە وەکالەت لە دژی ئەمەریکا و ئیسرائیل.

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند حکومەتی عێراق لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپە میلیشیاکان، لە گفتوگۆدایە بۆ داماڵینیان لە چەک و تێکەڵکردنیان بە هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە. بەگوێرەی ئاژانسەکە ئەم هەنگاوەی حکوومەتی عێراق لە دوای گۆڕانکارییە بەربڵاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت، لەوانە لاوازبوونی حزبوڵای لوبنان و حەماس کە دوو گرووپی گەورەن کە ئێران پشتیوانیان لێدەکات و هەروەها وەک ڕووخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەد لە سوریا. بەشێک لە کەسایەتییە دیارەکانی بەڕێوبەڕایەتی داهاتووی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بەڵێنیان داوە کە گوشارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران بە گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی توندتر دەبنەوە. بە سەرنجدان بە پەیوەندییە نزیکەکانی میلیشیا شیعەکانی عێراق لەگەڵ حکومەتی ئێران و گۆڕانکارییە بەربڵاوەکانی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا، بەشێک لە بەرپرسانی عێراق نیگەرانن لە سەقامگیری سیاسی لەو وڵاتە. بەڵام فوئاد حسێن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز لەکاتی گەشتەکەیدا بۆ لەندەن ڕایگەیاند باوەڕی بەوە نییە کە زریانی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ڕوو لە عێراق بکات. وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە دوو سێ ساڵ لەمەوبەر باسکردنی چەکداماڵینی گروپە میلیشیاکان لەو وڵاتە "مەحاڵ" بوو، بەڵام لە ئێستادا بوونی گروپە چەکدارەکان لەدەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی ئەو وڵاتە "قبووڵ ناکرێت". فوئاد حسێن، بە ئاماژەدان بەوەی کە زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکان و گرووپەکان دەستیان بە گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپە میلیشیاکان کردووە لەسەر ئەم پرسە، هیوای خواست ئەو گرووپانە چەکەکانیان دابنێن و بچنە ناو هێزە چەکدارەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندییەوە. ئەم لێدوانە وەڵامێکە لە بەغداوە بۆ قسەکانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی کە لە دیدارێکی لەگەڵ محەممەد شیعە ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند ڕۆژ پێش ئێستا داوای بەهێزکردنی گرووپی میلیشیای شیعەی حەشدی شەعبی کرد. خامنەیی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی وتبوو "حەشدی شەعبی یەکێکە لەو پێکهاتە گرنگانەی دەسەڵات لە عێراقدا کە دەبێت لە هەموو کاتێک زیاتر بەهێزتر بکرێت". حەشدی شەعبی یەکێک لەو گروپانەیە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت. وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە پەیوەندی بەغدا لەگەڵ واشنتن لە ماوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپدا وتی "هیوادارام پەیوەندییە باشەکانی ئێستا بەردەوام بن"، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد هێشتا زووە پێشبینی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ بەرامبەر عێراق یان حکومەتی ئێران بکرێت. ناوبراو بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئەو وڵاتە وەک ناوبژیوانێک لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ئێران و عەرەبستان، وتی "وڵاتەکەی ئامادەیە ڕۆڵێکی هاوشێوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران و واشنتن بگێڕێت."

ئەمرۆ مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و مەسعود بارزانی کۆبونەوە، لەکۆبونەوەکە بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا کراوە، هەروەها جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. بەپێى راگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى، ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی و مەزلووم عەبدی  فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبونەتەوە. بەپێى راگەیەندراوەکە لەو دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها  چوارچێوەی  گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا. هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.