چوارچێوەی هەماهەنگی: هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت

2 كاتژمێر لەمەوپێش
چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان، لە کۆبوونەوەیەکدا پرسی هەڵبژاردن، کەمیی ئاو و دۆخی هەرێمایەتیی تاوتوێ کرد و جەختی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کردەوە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناوی 7768 بەربژێری پەسند کردووە بۆ ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا رکابەری بکەن.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی راگەیاندنی چوارچێوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی ئاو کراوە و جەخت لە پێویستیی زیاترکردنی بەردانەوەی ئاو کراوەتەوە، بە پشتبەستن بە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان.
چوارچێوەی هەماهەنگی" شیعەکان" داوا لە لایەنەکان دەکات لە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە ناوزڕاندن، یەکترشکاندن و بەکارهێنانی پارە بۆ کڕینی دەنگ دووربکەونەوە داوای بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیش دەکات.
سەبارەت بە خولی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەران، چوارچێوەی هەماهەنگی داوای بەردەوامبوونی دانیشتنەکانی کردووە، بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی ئەو یاسایانەی کە بۆ گەلی عێراق گرنگن و لە بەرنامەی کاری ئەنجوومەنەکەدا ماون.
چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان، ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامبوونی ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن کردووە و دووپاتیکردووەتەوە کە دەبێت پرۆسەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
چەندجارێک سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان دادەنێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبوون کۆبوونەوەکە ناکرێت. لە کۆبوونەوەکەدا چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە پەرلەمانی عێراق کردووە بەردەوام بێت لە بەستنی دانیشتنەکانی بۆ پەسندکردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی لە کارنامەکەیدا ماونەتەوە و بۆ خەڵکی عێراق گرنگن

