ئیدارەى خۆسەر: ڕوداوەکەى حەلەب سوریا پەلکێش دەکات بۆ وێرانکارى

3 كاتژمێر لەمەوپێش



 ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە هێرشی هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و بەتوندیی هێرشەکە شەرمەزاردەکات، دەڵێت: "ئەوەی لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ڕوودەدات، بەردەوامیدانە بە ڕەفتارە نەژادپەرستییەکان و چەسپاندنی سیاسەتی دابەشکاری کە حکومەتی کاتی پەرەی پێ دەدات.

لە نیوەڕۆی دووشەممەوە لە هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی شاری حەلەبی سووریا، ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی سەر بە هەسەدە و هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دروستبوو. هاوسەرۆکی گەڕەکەکان دەڵێت، حەوت رێگەی هاتووچۆ لەو دوو گەڕەکە هەن سەرجەمیان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە داخران و هاتووچۆیان قەدەخە کرد. 

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئاشکرایە، هیچ وانەیەک لە ڕووداوەکانی کەناراوەکان و سوەیدا وەرنەگیراوە. هەمان زیهنیەت و ڕێباز باڵادەستە، ئەمەش سووریا پەلکێش دەکات بۆ کارەسات و وێرانکاریی. بۆیە بانگەواز لە هەموو سوورییە ئازادیخواز و شکۆمەندەکان دەکەین، پشتیوانی لە گەلەکەمان بکەن لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە. داوا لە هەموو هێزە دیموکراتیکەکانی سووریا و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەین ئەم سیاسەتەی حکومەتی کاتیی سووریا بوەستێنن.

ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات، غیابی جددییەتە لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سەراپاگیر بۆ پرسە نیشتیمانییە هەڵپەسێردراوەکان، دەریدەخات هەندێک لایەن هێشتا پەنا بۆ زمانی چەک و شەڕی ناوخۆ دەبەن لەبری دیالۆگی بنیاتنەر و کاری هاوبەش بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراتیک و فرەپارێز کە هەموو ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە بگرێتەخۆ.

ئێمە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، سەرەڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشانە، بەرپرسیارێتیی ئاکامەکانی ئەم هێرشە دەخەینە ئەستۆی لایەنە هێرشکەرەکان، بانگەواز لە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەین، هەڵوێستی نیشتیمانی و مرۆیی نیشان بدەن، پشتیوانی لە خۆڕاگری و بەرخۆدانی ڕەوای خوشک و براکانیان بکەن دژی ئەم هێرشانە.

هەروەها بانگەواز لە هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەکەین، یەکبگرن دژی هەموو هەوڵێکی ئاژاوەگێڕیی لەنێوان ڕۆڵەکانی وڵاتدا، ڕێگە نەدرێت بە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان بەسەر سوورییەکاندا.

ئێمە جەخت دەکەینەوە، ڕێگەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک، تاکە ڕێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا، بەئامانجگرتنی هاووڵاتیان و شوێنە مەدەنییەکان تەنها ماڵوێرانی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار