وەزیرى دەرەوەى سوریا بانگهێشتى ئەنقەرە کرا

3 كاتژمێر لەمەوپێش
لە کاتێکدا تا دێت گرژییەکانی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتیی سووریا زیاتر تەشەنە دەسێنن، ڕۆژنامەی تورکیا نزیک لە ئاک پارتی بڵاویکردەوە بەشێوەیەکى فەرمى بانگهێشتى وەزیرى دەرەوەى سوریا کراوە بۆ ئەنقەرەو بڕیارە سبەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی تورکیا کۆ ببنەوەـ بەپێى ڕاپۆرتى ڕۆژنامەکە ئەگەر هەسەدە تیکەڵی سوپای سووریا نەبێت، ئەوا هەردوو سوپای تورکیا و سووریا پێکەوە ڕووبەڕووی هەسەدە دەبنەوە.
ڕۆژنامەی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە بڕیارە سبەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هاوتا سوورییەکەی، ئەسعەد حەسەن شەیبانی کۆببنەوە و یەکێکیش لە تەوەری گفتوگۆکانیان پرۆسەی تێکەڵبوونی هەسەدە دەبێت لەگەڵ سوپای نوێی سووریا.
ڕۆژنامەکە لە زاری گەورە بەرپرسانی تورکیاوە سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی تورکیا مانەوەی هەسەدە وەک هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سووریا و ئاسایشی نیشتمانیی خۆی دەزانێت، ئەگەر هەسەدە تێکەڵی سوپای نوێی سووریا نەبێت ئەوا تورکیا پشتیوانی لە سووریا دەکات و سوپای تورکیا و سووریا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش بۆ سەر هەسەدە ئەنجام دەدەن.
ئەم بانگێشتەى وەزیرى دەرەوەى سوریا لەکاتێکدایە شەوی دووشەممە 06ـی ئۆکتۆبەری 2025، نزیک کاژێر 04:00ـی ئێوارە، هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، رێگە سەرەکییەکانی هەردوو گەڕەکی کوردنیشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)یان بە بەرزکردنەوەی خۆڵ بەربەست کرد و داخست.
دوای داخستنی رێگەکانی ئەو دوو گەڕەکە، کوردانی ناوچەکە رژانە شەقامەکان، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع سەرەتا بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خەڵکیاندا، بەڵام دواتر ئاڵۆزییەکان فراوان بوون و بە تەقە خەڵکیان ناچار کرد بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
بەگوێرەی نەخۆشخانەی گەڕەکی شێخ مەقسوود بۆ رووداو، لە رووداوەکانی دوێنێدا کەسێکی سڤیل کوژراوە و 50 کەسیش بریندار بوون.
بۆ هۆکاری دەستپێشخەری شەڕەکەی شەوی رابردوو، وەزارەتی بەرگرییی حکومەتی کاتیی سووریا هەسەدەی تۆمەتبار کرد، بەڵام هەسەدە بە راگەیێندراوێک وێڕای رەتکردنەوەی تۆمەتەکان، ئاڵۆزییەکانی خستە ئەستۆی هێزەکانی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا.
هاوکات ئەمڕۆ شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیشتنە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە.
شاندەکە، بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدییە و هەریەکە لە ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر و رۆژهەڵات عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) یاوەری دەکەن.

