جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، رایدەگەیەنێت، لە پڕۆسەی دوای دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، لێدوانەکانی ئەردۆغانى سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک و ئاکەپە بە مەبەستی چارەسەری نییە، بەڵکو بۆ قۆڵکردنەوەی کێشەکانە. لە دیدارێکى رۆژنامەوانیدا، جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، باس لەدیدارەکانى ئیمرالى دەکات و دەڵێت هەرچەندە شاندەکە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا کۆبوونەوە، بەڵام گۆشەگیری بەردەوامەو کۆتایی نەهاتووە. لەو بارودۆخەی گۆشەگییردا ڕێبەر ئاپۆ ناتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. ئەو وتیشى: ئەگەر دەوڵەتی تورک بەڕاستی دەیەوێت کێشەکانی تورکیا چارەسەر ببن، پرسی کورد لە نێو ئەو پرسانەدا پرسێکی بنەڕەتییە. ئەمە لەم مانگانەی کۆتاییدا زۆرتر ڕوونبووەوە بۆئەوەی کێشەکان چارەسەر ببێت، دەبێت کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنێت، لە نێو هەلومەرجی گۆشەگیرییدا داوای چارەسەری لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، ئەمە کارێکی نا مرۆڤانە، نا ئەخلاقی و نا یاساییە. جەمیل بایک جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە ئاپۆ لەژێر گۆشەگیرییەکی ڕەهادایە، لە ژێر گۆشەگیرییەکی لەم شێوەیەدا چۆن بتوانێت ڕۆڵی خۆی جێبەجێ بکات!. هەروەها دەڵێت: ئاپۆ دەبینێت تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پرسی زۆر قوڵ و جددیدا تێپەڕدەبن. بۆیە دەیەوێت ئەم پرسانە چارەسەر بکات. یانی ڕۆڵێکی مێژووی دەگرێتە ئەستۆی خۆی. خواستێتی خزمەتێکی گەورە بە گەلی کورد، گەلی تورکیا، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی بکات. هاوسەرۆکی کەجەکە لەبەشێکى دیکەى دیدارەکەیدا ئاماژە بۆ پەیامە حەوت خاڵیەکەى ئۆجەلان دەکات، دەڵێت: کاتێک کە ڕێبەر ئاپۆ ئەم ٧ خاڵەی دیاری کرد، لە نێو کۆمەڵگەی تورکیادا ئاسوودەیەکی هێنایە ئاراوە. ئەمە داهاتووی گەلانی تورکیای دیاری کرد. بۆیە دەڵێین ئەمە مانیفێستێکە. وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیە ڕۆڵی خۆی دەربڕی، دەبێت دەوڵەتی تورکیش بە ئاشکرا بیرکردنەوە و ڕوانگەی خۆی دیاری بکات. جەمیل بایک ئەوەدەخاتەڕوو، ئەو شاندەی کە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا چاوپێکەوتنی کردوە، قسەیانکردوەوەو دەڵێن، هەڵوێستی دەوڵەتی تورک لە بابەتەکەدا ڕوون نییە. وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ بۆ پرسەکانی تورکیا پەرەی بە چارەسەرییەکاندا، دەبێت دەوڵەتی تورکیش بە ئاشکرا لەم بابەتەدا ڕوانگەی خۆی دەربڕێت. وەڵامییان چی بێت، چی هەنگاوێ هەڵگرن، دەبێت دیاری بکەن. هەمووان لە چاوەڕوانی ئەمەدایە. ئەو وتیشى: دەوڵەتی تورک لەم بابەتەدا هەنگاوی نەناوە، بۆیە ئەمە گومان درووستەکات. دەبێت ئەم گومانە بڕەوێتەوە، شەڕێک لە ئارادایە و ئیدی گەیشتووە بە کوردستان. کوردستان چارەنووسی هەموو کەس و لایەنێک دیاری دەکات. بۆیە هەندێک ناوەند و لایەن هەیە لەسەر کوردستان شەڕ دەکەن. یانی هەر لایەنێک کوردستانی دەستهێنا ئەوا ئەنجامی بەدەستهێناوە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ڕایدەگەیەنێت کۆبونەوەکەیان لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی (سنتكۆم)، كۆبونەوەیەکى گرنگ بووە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای سوریاو ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان دژی داعش. لەچەند رۆژى رابردوودا، جەنەڕاڵ مایكل كۆریلا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سنتكۆم)، سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد و لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبویەوە. لەتۆڕى کۆمەڵایەتى (ئێكس) مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات نوسینێکى بڵاوکردوەتەوە دەڵێت: بەم دواییانە چاومان كەوت بە جەنەڕاڵ مایكل كۆریلا، جەنەڕاڵ لایهی كیڤن، فەرماندەی هێزی هاوبەشی پێداگری پۆڵاین، جەنەڕاڵ مایكل برۆكس، فەرماندەی هێزی ئەركی هاوبەشی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكان لە وڵاتی شام. فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاماژە بەوەدەکات: لەو کۆبونەوەیە جەختیان لە هەوڵە نێودەوڵەتیان كردەوە بۆ سەرلەنوێ ئامادەكردنەوەی خێزانەكان لەناوی كەمپی هۆل و كۆنتڕۆڵكردنی زیندانەكان. هەروەها دەڵیت جەختمان لە گرنگی بەهێزکردنی هاوبەشییەکە و ڕۆڵی ئەمریکا لە بەدیهێنانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتدا کردەوە. پێشتریش فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندبوو، مایکل کۆرێلا سەردانی سووریای کردووە و لەگەڵ فەرماندەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبووەتەوە، هەڵسەنگاندنێکی گشتی بۆ شەڕی داعش و ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە سوودوەرگرتن لە دۆخی ئێستای سووریا کردووە.
ئەحمەد شەرع ناسراو بە جۆلانی سەرۆکی حکومەتی کاتى سوریا، ڕایگەیاند پێشڕەوی ئیسرائیل لەسەر خاکی سوریا، بەهۆی بوونی هێزەکانی ئێران و حزبوڵای لوبنان بووە، ئەوان دوای ئازادکردنی دیمەشق، بە هیچ شێوەیەک لە سوریا بوونیان نەماوە. ڕۆژی پێنجشەممە، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر گەیشتنە دیمەشق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا شانبەشانی ئەحمەد شەرع ڕەخنەی لە پێشڕەوییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی پارێزراو گرت، داوای کشانەوەی خێرای هێزەکانی کرد. مانگی ڕابردوو ئیسرائیل یەکە سەربازییەکانی ڕەوانەی ناوچەی پارێزراوکرد بەدرێژایی بەرزاییەکانی جۆلان دەڕوات و سوریا و ئیسرائیل لەیەکتر جیادەکاتەوە. ئەم ناوچەیە بە فەرمی وەک ناوچەیەکی ناسەربازی وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاگربەست بە ناوبژیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1974 دەستنیشان کراوە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشتر جەختی لەوە کردبووەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی ئەمنی سنووری سووریا، بەتایبەتی لە لوتکەی چیای هرمون، "تا ئەو کاتەی ئاسایشی ئیسرائیل مسۆگەر دەکرێت، دەمێننەوە". کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانێکە لایەنگرێکی سەرەکی ڕژێمی بەشار ئەسەد بووە و سووریا وەک ڕێڕەوێکی وشکانیی گرنگ بۆ گواستنەوەی چەک بۆ گرووپی حیزبوڵا کەڵک وەردەگرێت و چالاکیی بەرفراوانی لە ناوچەکەدا هەبووە. ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی بەریتانی هەفتەی ڕابردوو بڵاویکردەوە زۆربەی هێزەکانی ئێران لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لە سووریا کشاونەتەوەو گرووپە چەکدارە جۆراوجۆرەکانیش کە لە لایەن ڕژێمی تاران پشتیوانی دەکران لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد هەڵوەشاونەتەوە. کشانەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سوریا لە لایەن زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسییەوە بە کۆتایی هەوڵە دەیان ساڵەکەی ڕێژیمی تاران دادەنرێت بۆ ئیستغلالکردنی سوریا وەک ناوەندێکی ستراتیژی ناوچەیی بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی و هەڵگیرسانی شەڕی بە وەکالەت لە دژی ئەمەریکا و ئیسرائیل.
فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند حکومەتی عێراق لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپە میلیشیاکان، لە گفتوگۆدایە بۆ داماڵینیان لە چەک و تێکەڵکردنیان بە هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە. بەگوێرەی ئاژانسەکە ئەم هەنگاوەی حکوومەتی عێراق لە دوای گۆڕانکارییە بەربڵاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت، لەوانە لاوازبوونی حزبوڵای لوبنان و حەماس کە دوو گرووپی گەورەن کە ئێران پشتیوانیان لێدەکات و هەروەها وەک ڕووخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەد لە سوریا. بەشێک لە کەسایەتییە دیارەکانی بەڕێوبەڕایەتی داهاتووی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بەڵێنیان داوە کە گوشارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران بە گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی توندتر دەبنەوە. بە سەرنجدان بە پەیوەندییە نزیکەکانی میلیشیا شیعەکانی عێراق لەگەڵ حکومەتی ئێران و گۆڕانکارییە بەربڵاوەکانی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا، بەشێک لە بەرپرسانی عێراق نیگەرانن لە سەقامگیری سیاسی لەو وڵاتە. بەڵام فوئاد حسێن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز لەکاتی گەشتەکەیدا بۆ لەندەن ڕایگەیاند باوەڕی بەوە نییە کە زریانی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ڕوو لە عێراق بکات. وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە دوو سێ ساڵ لەمەوبەر باسکردنی چەکداماڵینی گروپە میلیشیاکان لەو وڵاتە "مەحاڵ" بوو، بەڵام لە ئێستادا بوونی گروپە چەکدارەکان لەدەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی ئەو وڵاتە "قبووڵ ناکرێت". فوئاد حسێن، بە ئاماژەدان بەوەی کە زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکان و گرووپەکان دەستیان بە گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپە میلیشیاکان کردووە لەسەر ئەم پرسە، هیوای خواست ئەو گرووپانە چەکەکانیان دابنێن و بچنە ناو هێزە چەکدارەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندییەوە. ئەم لێدوانە وەڵامێکە لە بەغداوە بۆ قسەکانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی کە لە دیدارێکی لەگەڵ محەممەد شیعە ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند ڕۆژ پێش ئێستا داوای بەهێزکردنی گرووپی میلیشیای شیعەی حەشدی شەعبی کرد. خامنەیی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی وتبوو "حەشدی شەعبی یەکێکە لەو پێکهاتە گرنگانەی دەسەڵات لە عێراقدا کە دەبێت لە هەموو کاتێک زیاتر بەهێزتر بکرێت". حەشدی شەعبی یەکێک لەو گروپانەیە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت. وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە پەیوەندی بەغدا لەگەڵ واشنتن لە ماوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپدا وتی "هیوادارام پەیوەندییە باشەکانی ئێستا بەردەوام بن"، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد هێشتا زووە پێشبینی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ بەرامبەر عێراق یان حکومەتی ئێران بکرێت. ناوبراو بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئەو وڵاتە وەک ناوبژیوانێک لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ئێران و عەرەبستان، وتی "وڵاتەکەی ئامادەیە ڕۆڵێکی هاوشێوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران و واشنتن بگێڕێت."
ئەمرۆ مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و مەسعود بارزانی کۆبونەوە، لەکۆبونەوەکە بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا کراوە، هەروەها جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. بەپێى راگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى، ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی و مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبونەتەوە. بەپێى راگەیەندراوەکە لەو دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا. هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی نێوان مەزڵوم عەبدی و مەسعود بارزانی لە هەولێر، پشتڕاستکردەوەو ڕایگەیاند دیدارەکە بۆ "ڕێکخستنی نێو ماڵی کوردی و یەک هەڵویستی کوردە لەم قۆناغەی سوریادا." فەتحوڵا حوسەینی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان کە نووسینگەکەی لە شاری سلێمانیە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، "کۆمەڵێک مەلەفات هەیە کە دەبێت قسەی جدییان لەبارەوە بکرێت، بە نموونە پارتی کە نزیکایەتی زۆری لەگەڵ تورکیا هەیە پێداچوونەوە بە پەیوەندیەکانی بکات و لەو هێڵە دووربیت کە بەرژەوەندی کورد دەخاتە مەترسیەوە. وتیشى: لەلایەکی تریش پارتی لەڕێگەی مسعود بارزانیەوە کار بۆ ئەوە بکات پەیوەندیەکانی تورکیا باشتربیت لەگەڵ کورد دا و هێرشەکانی لەسەر کورد ڕابگرێت." بەوتەى نوێنەرەکەى خۆسەر، کۆبوونەوەکە بۆ هەنگاونان بووە لەسەر "چۆنیەتی بەهێزکردنی گوتاری کوردی لە ڕۆژئاوا،" و جەختیکردەوە "گۆڕانکاری خێرا و بەپەلە هەن لە ناوجەرگەی سوریا، دەبێت کوردیش یەک هەڵوێست بیت لەم دۆخەدا." وتەکانی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە کاتێکدان هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو سەرکردەی کوردی لە هەولێر پشتڕاستکردەوە. ناوبراو لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەولێر لە نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و فەرماندەی هەسەدە بۆ باکوری ڕۆژئاوای سوریا دەستکەوتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی کورد و پێگەی کورد لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە دیمەشق بۆ راگواستنێکی سیاسی ئارام. سوپاس بۆ هەموو هاوپەیمان و دۆستەکانمان."
کۆنگرەی گەلانی دیموکرات، (هەدەکە) هەڵمەتێکی دەست پێکردووە بۆ کۆکردنەوەی یەک ملیۆن واژۆ بۆ هێنانەدی ئاشتی، لە ڕاگەیاندنی هەڵمەتەکەدا داوا لە هەموو لایەک کراوە کە بە بەرپرسیاریێتەوە لە پێناو ئاشتیدا بکەونە هەوڵدان. مەراڵ دانش بەشتاش، وتەبێژی هەدەکە ڕایگەیاند: بچووک و گەورە سەبارەت بە ئاشتی گفتوگۆ دەکات، دەرگایەک کراوەتەوە. دەست بە هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوە دەکەین ئەگەر ئاشتی ئاسان بوایە دوو شەڕی گەورەی جیهانی بەدوای خۆیدا نەدەهێنا و ئێستا لە سەروبەری جەنگی جیهانی سێیەمین. وتەبێژەکەى هەدەکە، لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەوەى خستەڕوو، ئێمە ئاشتییەکی بەهێز و بەردەواممان دەوێت وەک هەدەکە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەمان لە پێشی هەموو شتێک داناوە. لە ٨-٩ی شوبات دا لە ئەستەنبوڵ کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی ساز دەکەین. ناوبراو وتیشى: بە هۆی سیاسەتی ئەمنی سەبارەت بە پرسی کورد بەسەدان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و زیان و ئازارێکی زۆریان بەرکەوتووە. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وتەبێژەکەى کۆنگرەی گەلانی دیموکرات هێماى بۆ ئەوەکرد، پرسی کورد چاوەڕێ چارەسەرێکی دیموکراتیک، ئاشتیانە و کۆمەڵایەتییە، بۆیە ناتوانین لە پێداگرییمان بۆ ئاشتی و پاراستنی داهاتووی ژیانی هاوبەشمان بکشینەوە. ئەو وتیشى: ئەو هێرشانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا کە لە ئاستی کۆمەڵکوژییدا ئەنجام دەدرێن، نیشاندەری ئەوەن کە ئاشتی بۆ گەلان و بیروباوەڕەکانی ناوچەکە زۆر گرنگە. هەدەکە، بانگهێشتى سەرجەم پارتەکانى پەرلەمانی تورکیا دەکات، ئەو لایەنانەشی کە ئارەزووی ژیانێکی یەکسان و ئازاد دەکەن، بۆ ئاشتیەکی بەردەوام بە بەرپرسیارێتیەوە نزیکی دۆخەکە ببنەوە و بەشداری هەڵمەتی ئیمزا کۆکردنەوە ببن. مەراڵ دانش بەشتاش، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، ئەمە تەنها هەڵمەتێکی واژۆکردن نییە، وتى: بەڵکوو ئەم هەڵمەتە لە ماوەیەکی کورتدا ئەنجام دەدەین، لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی ئاشتییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین. دواتر کۆبوونەوە و دیدار لە هەموو شارەکان و ناوچەکان ئەنجام دەدەین.
سەرۆکی دەستەی گومرگەکانى حکومەتى عێراق، رایدەگەیەنێت داهاتی دەستهکەمان بۆ ساڵی 2024 دوو ترلیۆن و 131 ملیار دینار بووە، بەڵام بەداخەوە ئاگامان لە داهاتى کوردستان نییەو هیچ داتاو ئامارێکمان لەبەردەست نییە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستەی گومركهكان پلانی خۆی بۆ ساڵی نوێ ڕاگەیاند، هاوکات دەستکەوتەکانی ساڵی ڕابردوودا خستهڕوو. سەرۆکی دەستەی گومرگی، حەسەن عەکیلی، ڕایگەیاند: دەستهکەمان لەبەردەم لیژنەی دارایی پەرلەماندا دەستکەوتەکانی خۆی بۆ ساڵی 2024 و پلانەکانی داهاتووی بۆ ساڵی 2025، خستهڕوو، جەختمانكردهوه لەسەر گرنگی بوونی پشتگیری لە لایەنی یاسادانان و ڕێکارەکانەوە بۆ جێبهجێكردنی بەم پلانانە. ناوبراو ڕوونیشیکردەوە كهدەستهی گشتی گومرگ کاردەکات بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی و فراوانکردنی بۆ ئەوەی سەرجەم ناوەندەکانی گومرگی لەماوەی سێیەکی یەکەمی ئەمساڵدا بگرێتەوە. حەسەن عەکیلی، ئاماژە بەوەشکرد كهئامانج ئەوەیە سەرجەم دەروازە گومرگییەکان بخرێتە ناو ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییەوە، دەستکردن بە جێبەجێکردنی نوێترین شێوازەکانی گومرگی کە پشت بە تەکنەلۆژیاو زیرەکی دەستکرد و پەیوەندی مۆدێرن و ئەلیکترۆنی دهبهستن. سەبارەت بە ئامارى داهاتەکانیان، سەرۆکى دەستەکە، وتی: داهاتی دەسته بۆ ساڵی 2024 دوو ترلیۆن و 131 ملیار دینار بووە، پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی ساڵی 2025دا ئەم ژمارەیە زیاد ببێت، بەڵام بەداخەوە بۆ نەبوونی داتای ورد لەسەر داهاتهكانی هەرێم کوردستان، داهاتەکانی ساڵی ٢٠٢٤ هەرێم ناگرێتەوە.
ماركۆ رۆبیۆ، كاندید بۆ پۆستى وەزیرى دەرەوە لە کابینەکەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، ڕایگەیاند، پێویستە ئەمریکا بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەوان هاوبەشێکى بەهێزى شەڕبوون دژی داعـ.ـش لە سوریا. لە چوارچێوەی پرۆسەی پشتڕاستکردنەوەی کاندیدکردنی ئەنجومەنی پیران بەشداری دانیشتنی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی سیناتۆرەکانی دایەوە. لەوەڵامى پرسیارى كریس ڤان هۆلن، سیناتۆری كۆمارییەكانەوە، سەبارەت ئایا ئەمریکا پشتگیری بەردەوام و پشتیوانی دەبێت بۆ هێزەکانی هەسەدە لەسوریا، لەکاتێکدا توركیا لەڕێی سوپای نیشتمانی سوریاوە هێرشیان دەكاتە سەر، ماركۆ رۆبیۆ وتى: بەڵێ بەدڵنیایی، نەك هەر ئەوەش بەڵكو ئێمە پێویستە ئەوە بزانین دەستبەرداربونمان لە هاوبەشەكانمان كە قوربانییەكی گەورەیان داوەو روبەڕوی هەڕەشەی گەورە بوونەتەوە، لێكەوتەی زۆر مەترسیداری دەبێت. ئەو وتیشى: ئەوانە بەكرداری چەكدارانی داعشیان بەندكردووە، یەكێك لەو هۆكارانەی وایكرد بتوانین داعش لەبەریەك هەڵبوەشێنین، ئامادەیی ئەوانبوو بیانگرنە خۆیان لە زیندانەكان لەبەرامبەر باجێكی گەورە، كە دروستبونی مەترسییە لە سەر ژیانیان، روونیشە كە هەڵوێستێكی لەوشێوەیە زۆر جێگەی سەرسامییە. كاندید بۆ پۆستى وەزیرى دەرەوە، دەڵێت: پێویستە وەڵاممان هەبێت بۆ ئەو دەرفەتە لەسوریا، چونكە ئەو خەڵكانەی كە ئێستا بەرپرسیارێتیان لەدەستدایە لە سوریا تائێستا تاقیكردەوەیان تێنپەڕاندووە، ئەوانە كەسانێكن بە باشی نایانناسین، مێژوویان دڵنییمان پێنادات، وەك ئاماژەت پێدات راگرتنی ئاگربەست هەیە بەرامبەر بە كورد پێویستە پارێزگاری لێبكرێت. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ئەوەشى وت: پێویستە بەزوویی ئەو ئاماژەیە بۆ ئەردۆغان بنێردرێت بەم دانیشتنەی ئێستاشەوە، كە نابێت پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ویلایەتە یەكگرتووەكان بقۆزێتنەوە بۆ پێشێلكردنی رێككەوتنەكان، ئەوەی ئێستا دەمانەوێت لە سوریا بیبینین سەقامگیرییە، چونكە كاریگەری لەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، كشانەوە دەرفەتێكە رەنگە دوبارە نەبێتەوە، روسەكان و ئێرانیەكان لەسوریا كرانە دەرەوە، بەڵام ئەوان زۆر براگماتین، ئەگەر ئەو دەرفەتە نەقۆزینەوە رێگای خۆیان دەدۆزنەوە بۆ گەڕانەوە بۆ سوریا.
تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس کە پێشبینی دەکرێت یەکشەممەی داهاتوو دەست پێبکات، ئیسرائیل شەپۆلێکی بۆردومانەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و لە ئێوارەی چوارشەممەوە لانیکەم ٢٨ فەلەستینی کوژران و دەیان کەسیش لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بریندار بوون. مەحمود باسال، وتەبێژی بەرگری شارستانی لە غەززە ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی ئیسرائیل شەپۆلێکی هێرشی چڕیان دەستپێکردووە، ماڵە مەدەنییەکانی ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززەیان کردە ئامانج. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی تۆپبارانەکان کە ناوچەیەکی نزیک سەندیکای ئەندازیارانیان کردە ئامانج لە گەڕەکی شێخ ڕەدوان لە ڕۆژئاوای شاری غەززە، 16 کەس گیانیان لەدەستدا و 20 کەسی دیکەش برینداربوون. ئاماژەی بەوەشکرد، لە بۆردومانێکدا کە ماڵێکی لە باکوری کەرتی غەززە کردە ئامانج، ٧ کەسی دیکە کوژران، هاوکات هێرشێک بۆ سەر ناوچەی ئەلدەراج لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە بەهۆیەوە ٣ کەس گیانیان لەدەستدا. هەروەها بەرگری شارستانی لە بەیاننامەیەکدا، بەیانی پێنجشەممە، پشتڕاستی کردەوە کە ئیسرائیل تیمەکانی کردووەتە ئامانج لەکاتێکدا کە خەریکی وەرگرتنەوەی تەرمەکانیان بوون لە ژێر داروپەردووی ماڵی بنەماڵەی عەلوش لە ناوچەی شێخ ڕەدوان لە باکووری شاری غەززە. لە خان یونس، لە باشووری کەرتی غەززە، بەرپرسێکی پزیشکی لە کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر کوژرانی دوو کەسی لە هێرشێکی فڕۆکەوانیدا پشتڕاستکردەوە کە ماڵێکیان لە ناوچەی قزان ڕەشوان کردە ئامانج. ئەم هەڵمەتانە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە قەتەر کە نێوەندگیری ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ میسر و ئەمریکا کردبوو، لێکتێگەیشتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیل و دەستبەسەرکراوان ڕاگەیاند، لە هەنگاوێکدا کە وەک پێشکەوتنێک لە دوای ١٥ مانگ لە شەڕدا سەیر دەکرێت کەهەزارانی کوشت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى بەغداو هەولێر كارمان كردووە بۆ ئەوەى بگەن بەرێككەوتنێكی هەمیشەیی لەبارەی بودجە، بەجۆرێك ئاسانكاری بكات بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم. ماسیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: ئێمە هەوڵمان لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەردەوام لەسەر بودجە کە درێژە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بدات. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریکا، داوا لە پەرلەمانی عێراق دەكات پەلەبكات لە تێپەڕاندنی یاسای بودجەی فیدراڵی. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، راشیگەیاند: ئەم هەفتەیە پێداچونەوەی هەمواری بودجەمان بینی و هانیان دەدەین بەزوویی تێیپەڕێنن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ڤیکتۆریا تایلەر، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق و ئێران، لە چوارچێوەی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان بۆ سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەردانی هەولێری کردووە. رۆژی چوارشەممە، 15-01-2025، ڤیکتۆریا تایلەر، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق و ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. بەرپرسەکەى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە ئەوان هانی لایەنە سیاسییەکان دەدەن پشتیوانی لە پێکهێنانی حکومەتێکی فرەلایەن و بەپەلە بکەن. وتیشى: دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ رێگە بە حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەدات پێشکەوتن لە مافەکانی مرۆڤ، گەشەی ئابووری و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان بکەن وەک بەشێک لە عێراقێکی سەقامگیر و سەروەر.
ئیسڕائیل و حەماس گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە غەززەو ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان و دیلەکانی فەلەستینی، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەگەری کۆتاییهێنان بە شەڕێکی ١٥ مانگە. بەرپرسێک بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنەکە قۆناغێکی سەرەتایی ئاگربەست دیاری دەکات کە شەش هەفتە دەخایەنێت، بریتییە لە کشانەوەی وردە وردەی هێزەکانی ئیسرائیل و ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو دیلانەی فەلەستینیانەى لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستبەسەرکراون. ئەو بەرپرسە هێمای بۆ ئەوەش کرد کە قەتەرو میسرو ئەمریکا گەرەنتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکەن، ئاماژەی بەوەشدا کە سەرەتا هەموو بارمتە زیندووەکان ئازاد دەکرێن، دواتر تەرمى بارمتە کوژراوەکان. ئاماژەی بەوەشکرد: حەماس بۆ ماوەی شەش هەفتە بارمتەکان ئازاد دەکات، هەفتانە سێ بارمتەو ئەوانی تریش بەر لە کۆتایی هاتنی ئەو ماوەیە. ئەو سەرچاوەیە لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ڕۆیتەرز، وتی: دانوستانەکان لەسەر قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە لە ڕۆژی ١٦ی قۆناغی یەکەمەوە دەستپێدەکات، بڕیارە ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ماوەکان لەخۆ بگرێت، لەوانەش سەربازە پیاوە ئیسرائیلییەکان و ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی تەواوەتی سەربازانی ئیسرائیل . ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕێککەوتنەکەدا ڕێگەدان بە 600 بارهەڵگری بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی لە هەموو ڕۆژێکدا لە ئاگربەستەکەدا بۆ چوونە ناو غەززە، 50 لەو بارهەڵگرانە سووتەمەنی هەڵدەگرن، لەگەڵ 300 بارهەڵگر بۆ باکووری کەرتی غەززە تەرخانکراون. سەرچاوەیەکی ئاگاداری میسری ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بۆ کەناڵی هەواڵی ئەلقاهیرە پشتڕاستی کردەوە کە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە ئازارەکانی گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە لە ڕێگەی هەوڵی ناوبژیوانانەوە دوای چەندین کاتژمێر کاری قورس ئەنجام دراوە. ئەو سەرچاوە ئاگادارە میسرییە بڵاوی کردەوە کە بەیاننامەیەکی هاوبەش سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە دەرچووە. دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەو ڕێککەوتنە، لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە ئاهەنگ و ئاهەنگ ساز کران، کە کۆتایی هاتنی ١٥ مانگی شەڕ و وێرانکاری بوو. لە ماوەی چەند مانگێک لە دانوستانەکانی وەستانەوە بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەست لە شەڕە وێرانکەرەکەی ١٥ مانگەدا، هەردوولا (ئیسرائیل و حەماس) پێشتر دووپاتیان کردووەتەوە کە لە ئاگربەست نزیکبوونەتەوە تەنها بۆ ئەوەی لە کۆتا خولەکدا ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان ببنەوە. هێڵکارییە بەرفراوانەکانی ڕێککەوتنی ئێستا لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٤ەوە لە شوێنی خۆیانن.
ماڵپەرى ئەلمۆنیتەری ئەمریکی، ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەمە بڵاویکردەوە، بڕیارە مەزڵوم عەبدى فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان کۆببنەوە. ماڵپەرى ئەلمۆنیتەری ئەمریکی، ئاماژەى بەوەکردووە کۆبوونەوەکەى مەزڵوم عەبدى و بارزانى، بەشێکە لە هەوڵە بەرفراوانەکانی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەى گرژى و ئاڵۆزیەکان و لێک نزیکخستنەوەى تورکیا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات. هەروەها دەڵێت :ئەمەش پێشکەوتنێکی گەورە دەبێت لە هەوڵەکانی ئیدارەی بایدن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزەکانى سوریاى دیموکرات بەسەرکردایەتى مەزڵوم عەبدى. ئەو سەرچاوانە ئامادەنەبوون کاتى کۆبوونەوەکە بۆ ماڵپەرە ئەمریکیەکە ئاشکرابکەن، بەڵام رایانگەیاندووە کە "زۆر بە زوویی" دەبێت. رۆژی دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەم، د. حەمید دەربەندی، بەنوێنەرایەتى مەسعود بارزانی سەردانی رۆژئاوای کوردستانى کرد، لە حەسەکە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، کۆبووەوە.
میدیاکان ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایانگەیاند حکوومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، یان سبەی بەیانی، پێنجشەممە، بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و لیستی ئەو زیندانی و دەستبەسەرکراوانەی ئیسرائیل و فەلەستینی کە ئازاد دەکرێن. سی ئێن ئێن، لە زاری سەرچاوەیەکی کە ناوی نەهێنراوە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل بەنیازە سەرەتای هەفتەی داهاتوو گروپى یەکەمی بارمتەکان ئازاد بکات، ئەمەش پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە ڕۆژی دووشەممەدا. هەر لەو چوارچێوەیەدا، سی ئێن ئێن لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، حکومەتی ئیسرائیل پێشبینی دەکات درەنگانی ئەمڕۆ، چوارشەممە، یان سبەی پێنجشەممە، ڕێککەوتنەکە ڕابگەیەنێت، یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت "زۆر نزیکین" لە ڕێککەوتنێک. ئەو دوو سەرچاوەیە ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتووە و ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەگەر وردەکارییەکان یەکلایی بکرێنەوە، پێدەچێت جێبەجێکردنی لە ڕۆژی یەکشەممە دەستپێبکات، بەپێی هەواڵێکی سی ئێن ئێن. جگە لەوەش دوو سەرچاوەی فەلەستینی نزیک لە دانوستانەکانی دۆحە ڕایانگەیاند کە حەماس و جیهادی ئیسلامی بەو ڕێککەوتنە ڕازی بوون، سەرچاوەیەک بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە “حەماس و جیهادی ئیسلامی نێوەندگرانیان لە پەسەندکردنی ڕەشنووسی کۆتایی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان ئاگادار کردەوە. هاوکات سەرچاوەیەکی دیکەش ڕایگەیاند “حەماس وەڵامی ئەرێنی بە ئیسرائیل لە ڕێگەی ناوبژیوانانەوە، وەڵامی ئەرێنی دایەوە، دوای ئەوەی لەسەر هەموو خاڵ و وردەکارییەکان ڕێککەوتن. بەڵام بەرپرسێکی فەلەستینی کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە حەماس ڕەزامەندی زارەکیی بۆ ڕێککەوتنەکە داوە و چاوەڕێی زانیاری زیاتر دەکات بۆ ئەوەی ڕەزامەندی کۆتایی نووسراوی خۆی بدات.
بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی عێراق، دەستگیركردنی ژنێکى راگەیاند، کە بەرپرسی دارایی و بەرگدرووی جلوبەرگی سەربازی بووە بۆ ئەندامانى ڕێکخراوى داع.ش لە قەزاى حەویجەى پارێزگای كەركوك. ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی، راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو دەستگیركردنی ئەو: تیرۆریستەى ئاشکراکردوە. بەڕێوەبەرایەتییەكە لە راگەیەندراوەکەیدا، دەڵێت: لە ئۆپەراسیۆنێكی چۆنایەتیدا، بە هەوڵێكی هەواڵگریی بەرچاو، بە بەدواداچوونی مەیدانی و تەكنیكی لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری دروست لە هۆبەی هەواڵگری فیرقەی هەشتەم، كارمەندانی هەواڵگری سەربازی توانیان ئەو ژنە تیرۆریستەى داعش دەستگیربكەن. راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشكردوە: ئەو تیرۆریستە بەناو (بەرپرسی دارایی لە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش) كاریكردووە، ئەو ژنە پارەکانى دەگواستەوەو دابەشی دەكرد بەسەر خێزانەكانی سەر بە ڕێكخراوەكە لە قەزای حەویجە. بەپێی بڕگەكانی مادەی (4/تیرۆر) دەستگیرکراوەوبەپێی یاسا رادەستی لایەنی داواكار كراوە.