دوو گەڕەکەکەى حەلەب 14 ساڵە خۆیان ئاسایشى ناوچەکە دەپارێزن

3 كاتژمێر لەمەوپێش
چەند کاتژمێرێکە هەر دوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشڕەفیەی کوردنشینی شاری حەڵەب لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی گشتی دیمەشق پەلاماردراوەو شەڕ هەڵگیرساوە و دوای ماوەیەکی کورت چەتەکانی وەزارەتی بەرگری و چەتەکانی حەمزات و عەمشاتی جاشی تورک بۆ هاوکارى ئەوان چونەتە لاى هێزەکانى ئەحمەد شەرع، ئەو پەلاماردانە ناڕەوایەى ئەو دوو گەڕەکەی شاری حەڵەب .
تا ئێستا شەڕ و پێکدادان ناوبەناو درێژەی هەیە بانگخوازە توندڕەوەکانی سوریاش بانگەوازی ( حی علی الجهاد ) یان دەستپێکردوە و کۆمەڵێ ڕەش و ڕووتی عەشایەرەکانی ئیدلیب و حەما خەریکە بە ڕێدەکەون بەرەو شاری حەڵەب، هەرچەندە تا ئێستا شەڕ نەگەیشتۆتە ناو جادەکان و ئەوەی هەیە بە چەکی دۆشکە و دور مەودا خەریکە ئاگری شەڕەکە گەرمتر دەکەن.
هێزەکانی سوپای ڕزگاری عەفرین و هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاڤا زانیاری تەواویان لە بەردەستدا بووە کە چەتەکانی بەرەی نوسرە و بەکرێگیراوەکانی تورک خەریکی هێز کۆکردنەوە و گرتنی هەموو ئەو ڕێگایانەن کە بۆ ئەو دوو گەڕەکە دەچن، بەڵام ئەمشەو دوای کۆبونەوەی خەڵکی دوو گەڕەکەکە و ڕاپەڕینیان بە دار و بەرد دژی هێزەکانی ئاسایشی شاری حەڵەب ، گرژی ئاڵۆزیەکان بوون بە ڕاستی و دۆخەکە تەقیەوە و شەڕە تەقە لە هەر دوو لاوە دروست بوو، تا ئێستاش ناوبەناو درێژەی هەیە .
شایانی باسە ۱٤ ساڵ زیاترە ئەو دوو گەڕەکە بەهۆی ئازایەتی و خۆ قایمکردنی نیشان شکێنە کوڕ و کچەکانی کورد توانیویانە ئاسایش و ئارامی ئەو دوو گەڕەکە بپارێزن کە ڕێژەی دانیشتوانەکەی دەگاتە ۷٠٠ هەزار کەس و زۆرینەی ڕەها کوردن و بەشێکی عەڕەب و مەسیحیش لە خۆ دەگرێ .
هەر چەندە هەوڵێکی زۆر لە ئارادایە کە ئاگری شەڕەکە کپ بکرێتەوە ، بەڵام ئەو چەتە و پیاو کوژانە وادەزانن کە هەر وەکو خەڵکی بێدەسەڵاتی عەلەوی و دروزەکانن و زۆر بە ئاسانی دەتوانن پاکتاویان بکەن . نازانن کە شێرە کوڕان و کچان و ڕق ئەستورەکانی شاری عەفرینن و چاوەڕێی ئەو ڕۆژەن کە تۆڵەی کەسوکاریان بکەنەوە .
بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە، پارێزگای حەلەب دەوامی سەرجەم فەرمانگەکانی راگرت و تاقیکردنەوەی قوتابخانە و زانکۆکانیشی دواخست، جگە لەو فەرمانگانەی کە خزمەتگوزاریی بەپەلە پێشکەش دەکەن.

