محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق و ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا پەیوەندییەکى تەلەفۆنیان ئەنجامدا، کە بەیەکەم پەیوەندى لەنێوانیان دادەنرێت لەدواى ڕوخانى رژێمى بەشار ئەسەدەوە، لەسەر چەند تەوەرەیەکى جیاواز بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هاوبەشدا، پیرۆزبایی لەگەڵ سەرۆک کۆماری سوریا کردوە. هەر لەو پەیوەندیەدا سودانی بەبۆنەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی سوریا هیوا و پیرۆزبایی خۆی بۆ گەلی سوریا دەربڕی، جەختی لەسەر هەڵوێستی پتەوی عێراقکردەوەو پیرۆزبایی پێکهێنانى حکومەتى نوێى سوریا کردووەو هەمیشە رێز لە بژاردەى گەلى سوریا دەگرین، پشتیوانى لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکى سوریا دەکەین. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەشکرکێشى سوپاى ئیسرائیل بۆ نێو خاکى سوریا رەتدەکەینەوە دەستێوەردانی دەرەکیی دووپاتکردەوە. هاوکات جەختی لە گرنگی هاوکاریی هاوبەش لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی چەتەکانی داعش، جگە لە هاوکاری لە بوارەکانی ئابوری و هەل و دەرفەتی هاوبەشدا کردەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە لە دوورگەى ئیمراڵییەوە سڵاو بۆ گەلى کورد دەنێرێت کە لە ئاهەنگەکانى نەورۆزدا بە جۆشوخرۆشی زۆرەوە پێشوازییان لە بانگەوازەکەی کردووە بۆ ئاشتى. بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزان ڕێگە بە کەسوکاریان درا سەردانی هەریەک لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، عومەری خەیری کۆنار، هامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش بکەن کە لە دورگەی ئیمراڵی زیندانی کراون. ئۆجەلان لە میانی دیدارەکەدا سڵاوی لە گەلی کورد کردووە کە لە نەورۆزدا بە جۆشوخرۆشی زۆرەوە پێشوازییان لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکرات کردووە، ئەوەش بەپێی ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا. عومەر ئۆجەلان برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێگەدان بەو دیدارە لە کاتێکدایە پرۆسەیەکی نوێ لە تورکیا دەستی پێ کردووە و پێشهاتی گرنگ لە تورکیا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ڕوو دەدەن. عومەر ئۆجەلان ئاماژەی بەوە داوە ئۆجەلان بە کەسوکاری ڕاگەیاندووە: "سڵاو لە گەلەکەمان کە لە نەروۆزدا بە جۆشوخرۆشی زۆرەوە پێشوازییان لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکرات کردووە. دووبارە جەژنی نەورۆز و ڕەمەزان لە گەکەمان پیرۆز بێت". لە 2014ەوە تەنیا حەوت جار ڕێگە دراوە کەسوکار و پارێزەرانی سەردانی ئۆجەلان بکەن. سەردانی پێشوو دوای تێپەڕینی 44 مانگ لە دۆخی گۆشەگیریی لە 23ی تشرینی یەکەمی 2024 ئەنجام درا، کاتێک عومەر ئۆجەلان سەردانى ئۆجەلانى کرد. ماوەیەکی زۆریش بوو ڕێگە بە کەسوکاریان نەدەدرا سەردانی عومەری خەیری کۆنار، هامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش بکەن کە هاوشێوەى ئۆجەلان لە ئیمراڵى زیندانیکراون. لە ئاداری 2015ەوە تاکوو ئێستا و بە سەردانەکەی ئەم جارەیشەوە تەنیا چوار جار ڕێگە بە کەسوکاریان دراوە سەردانی عومەری خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش بکەن و تەنیا سێ جاریش ڕێگە دراوە کەسوکاری سەردانی هامیلی یڵدرم بکات. لە ماوەی 14 ساڵدا تەنیا پێنج جار ڕێگە بە پارێزەرەکانی دراوە، سەردانی ئۆجەلان بکەن. دوایین یەکتربینینی ئۆجەلان و پارێزەرەکانی لە 7ی ئابی 2019دا بوو. لەو کاتەوەی سێ زیندانیکراوەکەی دیکەیش ڕەوانەی ئیمراڵی کراون، ڕێگە بە پارێزەرەکانیان نەدراوە سەردانیان بکەن. لەسەر دەستپێشخەری دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە بۆ کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری لە لایەن پەکەکە، شاندێکی دەم پارتی لە 28ی کانونی یەکەمی 2024ەوە سێ جار سەردانی ئۆجەلانیان کرد. سەردانی دووەم لە 22ی کانونی دووەمی 2025 و سەردانی سێیەمیش لە 27ی شوبات ئەنجام درا. هەرچەند لە سەردانی یەکەم و دووەمدا تەنیا پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر سەردانی ئۆجەلانیان کرد، بەڵام سەردانی سێیەم ژمارەی ئەندامانی شاندەکە زیاد کرا بۆ حەوت کەس. جگە لە دوو ئەندامەکەی پێشووی شاندەکە هەریەک لە تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی؛ ئەحمەد تورک، سێیەم ئەندامی شاندەکە و سەرۆکی قەییوم لەجێداندراوی شارەوانیی گەورەشاری مێردین لەنێو شاندەکەدا بەدی دەکران. دوای گەڕانەوەی شاندەکە لە سەردانی سێیەم، لە ئیستانبوڵ بانگەوازێکی ئۆجەلان خوێندرایەوە کە داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە کۆنگرە ببەستێت. هەرچەند پەکەکە لای خۆیەوە بە دەم داواکارییەکەوە هات و لە 1ی ئادارەوە ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی و لەو کاتەوە تاکوو ئێستا هەزاران هێرشی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە باشوری کوردستان ئەنجام داوە.
گۆڤاری نیوزویکی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئێران هۆشداری داوە کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی تۆڵەسەندنەوە دەبنەوە ئەگەر ئەمەریکا هەنگاوی سەربازی دژی ئێران بنێت. ئەمیر عەلی حاجی زادە، سەرۆکی یەکەی ئاسمانی سوپای پاسداران لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەیدا هۆشداری دا، کە سەربازانی ئەمەریکا لە ناوچەکە لە دۆخێکی لاوازدان. گوتیشی: وەک ئەوە وایە لە خانوویەکی شووشەییدا دانیشتبن، کاتێک ماڵەکەت لە شووشەیە، نابێت بەرد لەکەسانی دیکە بگریت. دوای ئەوەی ترەمپ سیاسەتی زۆرترین فشاری خۆی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە، کە لە ساڵی 2018دا ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە سزای ئابووریی توند بەسەر ئێراندا بسەپێنرێت. بەڵام سەرەڕای ئەم فشارانە، ئێران چالاکییەکانی زیاتر کردووە و دەڵێت: بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ مەبەستی مەدەنییە. بەڵام لەگەڵ لاوازبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی نوێ، دۆخەکە ناجیگیر دەبێت. هۆشدارییەکەی عەلی حاجی زادە، دوای ئەوە هات کە ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی 'ئێن بی سی' دا ڕایگەیاندبوو، کردەی سەربازی دژی ئێران ئەگەرێکی ڕاستەقینەیە. ترامپ گوتیشی: ئەگەر ئێران ڕێکنەکەوێت، شەڕ ڕوو دەدات. ئاماژەی بەوەش کردووە "بۆردومانکردنەکەشی هاوشێوەی ئەوانە دەبێت کە پێشتر نەیانبینیوە." عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماریی ئیسلامی ئێران، وەڵامی ترەمپی دایەوە و بەڵێنی دا، ئەگەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هێرشی بکەنە سەر، ئەوە بەرپەرچدانەوەی بەهێزیان دەبێت. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامە تایمزی ئێران، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بڵاوی کردەوە "مووشەکەکانی ئێران لە سەرجەم شارە مووشەکییە ژێرزەمینییەکان لەسەر سەکۆکانیان بارکراون و ئامادەن بۆ هەڵدان و دەڕواننە سنووری عێراق"، گۆڤارەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، "ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا. جەختیشی کردەوە، لە ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێک، زیانی زۆری بۆ حکوومەتی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەبێت. سەرەتای ئەم مانگە، ترەمپ نامەیەکی بۆ خامنەیی نارد و داوای دانووستانی ئەتۆمی کرد و لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا لە ئەگەری کردەیی سەربازیی، بەڵام نامەکە بە خێرایی لەلایەن خامنەییەوە ڕەت کرایەوە و ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد، هەوڵی چەواشەکردنی جیهان دەدات، چونکە دەڵێت، ئێران ئامادە نییە دانووستان بکات.
چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی رایانگەیاند، بەرپرسانی ئیسرائیل لە رێگەی ناوبژیوانانەوە بە حەماسیان وتووە؛ کە ئەمە دوا ساتەکانتانە. کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل لە رێگەی نێوەندگیرانەوە هۆشداریی بە حەماس داوە ئەگەر بارمتەکان ئازاد نەکەن، وەک پێشتر سەرۆکی ئەمریکا وتی، دەرگای دۆزەخیان لێدەکەنەوە. ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە پێشتر ماڵپەری ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویکردبووەوە، کە سوپای ئیسرائیل "ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی دژ بە حەماس فراوانتر دەکات". ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە کەرتی غەززە بەشێکە لە هەڵمەتی "فشاری زیاتر"، کە ئامانج لێی ناچارکردنی حەماسە بە ئازادکردنی زۆرترین بارمتە. پێشتر خەلیل حەیە سەرۆکی حەماس لە غەززە رایگەیاندبوو، چەکەکانمان هێڵی سورن. ماڵپەڕی ئەکسیۆس ڕوونیکردەوە کە ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست نەکرێت ئەگەری هەیە سوپای ئیسرائیل زۆربەی کەرتی غەززە داگیر بکات و دوو ملیۆن فەلەستینی ئاوارەبن. ڕۆژی سێشەممە 2025-03-18، دوای كۆتایی هاتنی ئاگربەستی غەززە، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردەوە بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژران و برینداربوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی دیکەی ئەمریکییان لە ناوەڕاستی یەمەن خستووەتەخوارەوە. یەحیا سەریع گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا گوتی، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان بە بەکارهێنانی مووشەکێکی دروستکراوی ناوخۆیی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی ئەمریکایان خستەخوارەوە کە ١٦ەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییە لە ماوەی 2 ساڵی رابردوودا لەناویان بردووە. گوتیشی، دووپاتیدەکەنەوە کە بەردەوام دەبن لە رێگری لە کەشتییەکانی ئیسرائیل تا ئەوکاتەی دەستدرێژی بۆ سەر غەزە دەوەستێت و گەمارۆ هەڵدەگیرێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ لە رۆژانی رابردوودا رایگەیاند هەر هێرشێکی حوسییەکان بە هێرشی راستەوخۆی ئێران دەزانێت و وەڵامی ئێران دەداتەوە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایدەگەیەنێت هێزەکانی سوریای دیموکرات ''هەسەدە'' ئامادەکاریی دەکات بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیل و تەرمەکان لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سەر بە تورکیا. لە راگەیەندراوێکدا روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، هێزەکانی سوریای دیموکرات و سوپای نیشتمانی، دیل و تەرمەکانی ئەو چەکدارانەی لە چەند هەفتەی رابردوودا لە بەرەی بەنداوی تشرین و پردی قەرە قۆزاک لە لادێکانی رۆژهەڵاتی حەلەب کوژراون ئالوگۆڕ دەکەن. ئاماژە بەوەکراوە، پێشتر هێزەکانی هەسەدە 40 تەرمیان لە سوپای نیشتیمانی وەرگرتووەتەوە، 25 تەرمیشیان رادەستی سوپای نیشتیمانی کردووەتەوە کە چواریان تورکن. ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێستا ئاگربەستی راگرتنی شەڕ لە نێوانیاندا هەیە، هاوکات لە 12ی کانونی یەکەمی 2024ەوە شەڕ لە نێوان هەسەدە و سوپای نیشتیمانیی سەر بە تورکیا دروستبووە.
سەرۆكی گروپی عەسایئبی ئەهلی هەق، دەڵێت: توركیا میلیشيای لە هەزران چەكداری عێراقى پێكهێناوەو لەناوخۆی توركیا راهێنانی پێكردون و سەركردایەتیكردن و دابینكردنی پارەو ئیدارەكردنیان، بەتەواوی لەلایەن ئەنكەرەوە بەڕێوەدەبرێت. قەیس خەزعەلی، ئەمرۆ دووشەممە لەوتاری جەژندا وتی، چەندین هاوڵاتی عێراقی لەهەردوو پارێزگای كەركوك و نەینەواوە براونەتە توركیاو راهێنانیان پێكراوەو رێكخراون، كە تائێستا بەشێكیان تائەم ساتەش لەلایەن توركیاوە موچەكانیان دابین دەكرێت، ناوی فەرمیان، هێزەكانی پاسەوانی نەینەوا، لەپارێزگای نەینەواو، هێزەكانی قەڵغانی كەركوك، لە پارێزگای كەركوكە. خەزعەلی وتیشی، بەشێك لەمانە بە قودەرتی قادر كە پێویستە لێكۆڵینەوەی لێبكرێت، خزێنراونەتە ناو هێزەكانی حەشدی شەعبی و، بەناوی حەشدی شەعبیەوە موچە وەردەگرن بۆ ئەوەی بارگرانی توركیا كەمبكەنەوە، بەتایبەت لە لیوای (59) لە نەینەوا. جەختیشيكرد، باس لە تێوری پیلانگێڕی و شرۆڤەكردن ناكات، بەڵكو باسى بەڵگەو ژمارە دەكات، كە نابێت چاوپۆشی لێبكرێت. ئاماژەی بەوەشكرد، رێگای گەشەپێدان سودی چییە بۆ وڵاتێك كە بەشێكی خاكەكەی داگیركردبێتیت، بەپێویشتیشی زانی هێزەكانی بكشێنێتەوەو بەهانە بۆ شتێك نەهێنێتەوە كە خۆی خولقاندویەتی.
هەریەک لە برا و برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە، ئەمڕۆ سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵییان کردو دواى ساڵانێکى زۆر چاویان پێى کەوت. ناوەندی راگەیاندنی دەم پارتی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی ئاداری 2025، بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، رێگە بە محەممەد ئۆجەلان (برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان) و عومەر ئۆجەلان (برازای ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها) درا، بەناوی کەسوکارەکەیەوە سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵی بکەن، بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، محەممەد ئۆجەلان و عومەر ئۆجەلان بۆ کاژێرێک دیداریان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامداوە. تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەک لەلایەن دەم پارتی، محەممەد ئۆجەلان و عومەر ئۆجەلان لەبارەی ناوەڕۆکی سەردان و دیداریان لەگەڵ ئۆجەلان بڵاونەکراوەتەوە. محەممەد ئۆجەلان (برای ئۆجەلان) دوایین جار رۆژی 25ـی ئاداری 2021، لە دادگەی گشتیی رووها، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی چوار خولەکی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجام دابوو. هەرچی عومەر ئۆجەلانە دوایین جار، رۆژی 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی لە ئیمراڵی کردبوو. هۆکاری سەردانەکەشی بۆ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کۆچی دوایی ئۆجەلان بوو، کە نزیکەی چوار ساڵ بوو لەژێر گۆشەگیریدا بوو. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە سری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان پێکهاتبوون، لە رۆژانی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 و 22ـی کانوونی دووەمی 2025 و 25ـی شوباتی 2025 بە ئامادەبوونی هاوسەرۆکانی دەم پارتی و پارێزەرانی، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رەتیدەکاتەوە سودانی بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەستوەردانی کردبێت. باسم عەودای گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوتووە، ئەو قسانەی لەبارەی دەستوەردانی حکومەت یان محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانەوە دەکرێت، بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن دەکرێت دوورن لەڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە. سودانی باوەڕی تەواوی بە سەربەخۆیی دامەزراوە ئاینییەکان هەیە، بۆیە جێی داخە هەندێک لە سیاسییەکان هەوڵدەدەن دامەزراوە ئایینییەکان بخزێننە نێو بازنەی ململانێ سیاسییەکانەوە. هەروەها باسم عەوادی دەڵێت، سەرۆکوەزیران بڕوای بەوە هەیە دامەزراوە ئایینییەکان لە بازنەی کاری خۆیان سەربەخۆبن، دیاریکردنی رۆژی جەژنیش بابەتێکی ئایینییە و زانایانی ئایینی بڕیاری لێدەدەن، بۆیە سودانی خۆی لە دەستوەردان لەو جۆرە بابەتانە دووردەخاتەوە.
ڕێبەری شۆڕشی ئێران رایگەیاند، هەڵوێستەکانمان هەر وەک جارانە، ئەمەریکا و ئیسرائیل هەڕەشەمان لێدەکەن، بەڵام وەڵامی توند وەردەگرنەوە. عەلی خامنەیی، رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە وتاری نوێژی جەژنى ڕەمەزان لە تاران ڕایگەیاند، ئیسرائیل ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت جینۆساید دەکات و خاکی وڵاتانی دیکە داگیردەکات، وەک ئەوەی ئێستا سوریای داگیرکردوە. وتیشی: دەبێت بونی ئیسرائیل لە فەڵەستین بنەبڕ بکرێت و هەموان هەوڵبدەن بۆ نەهێشتنی ئەو قەوارەیە لە ناوچەکە، دوژمنایەتیمان بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا نەگۆڕە. خامنەیی راشیگەیاند، "ئەمەریکا و ئیسرائیل هەڕەشەمان لێدەکەن، ئێمە هەڵوێستەکانمان هەروەک جارانە، ئەگەر هەر خراپەیەک بەرامبەر تاران بکرێت، بە دڵنیاییەوە وەڵامی بەهێزمان بۆیان دەبێت". باسی لەوەشکرد، "ئەگەر دوژمنان بەنیازی دروستکردنی فیتنەبن لە ناوخۆی وڵاتەکەمان، ئەوا گەلی ئێران خۆی وەڵامیان دەداتەوە". ڕێبەری ئینقلاب بە ئاماژە بە سەقامگیریی هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ناوچەکە وتی: هەڵوێستەکانمان سەقامگیرن و دوژمنایەتیی نێوان ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستیش هەر وەک ڕابردووە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر بە گفتوگۆ چارەسەرێک بۆ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نەدۆزنەوە، ئەوا "شتی زۆر زۆر خراپ بەسەر ئێران دێت." ترەمپ رۆژی هەینی لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێران لە ریزی سەرەوەی ئەو شتانەیە کە چاودێرییان دەکەم." ترەمپ 12ی ئادار لە رێگەی ئەنوەر قەرقاش، دیپلۆماسی باڵای ئیماراتەوە نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران نارد. سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "بەم دواییانە نامەیەکەم بۆ ئەوان نارد و پێم گوتن، پێویستە بە رێگەیەک لە رێگەکان بڕیار بدەن؛ یان بە گفتوگۆ چارەسەرێک دەدۆزینەوە یانیش شتی زۆر زۆر خراپ بەسەر ئێران دێن. بەڵام من نامەوێت ئەوەی دووەم رووبدات." سەرۆکی ئەمریکا هەروەها هۆشداریدا: "لە پێگەی هێز و لاوازییەوە قسە ناکەم، بەڵام حەزی گەورەی من ئەوەیە کە لەگەڵ ئێران بگەینە چارەسەر. ئەگەر چارەسەری نەکەین، ئەوا شتی زۆر خراپ بەسەر ئێران دێت." میدیای فەرمیی ئێران رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، تاران بە فەرمی وەڵامی نامەکەی داوەتەوە. ئاژانسی ئیرنا لە زاری عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، وەڵامی ئێران رۆژی چوارشەممە "بە شێوەیەکی گونجاو لە رێگەی عومانەوە نێردراوە".
بۆ یەکەمجار شاندی پارتی دەم لەگەڵ شاندی مەهەپە و دوای 10 ساڵیش لەگەڵ ئاکپارتی بەمەبەستی جەژنە پیرۆزە سەردانی یەکدى دەکەن. ئەمڕۆ لە دووەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا، پارتی دەم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان جەژنە پیرۆزە دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا سەرەتا مەهەپە، سەردانی بارەگای سەرەکی پارتی دەم دەکات و جەژنە پیرۆزە لە یەکدى دەکەن، بەو جۆرەش بۆ یەکەمجار، پارتی دەم و مەهەپە پیرۆزبایی جەژن لە یەکدى دەکەن. هاوکات شاندێکی پارتی دەم سەردانی مەهەپە دەکاتەوە. دواتر پارتی ئایندە ، بەمەبەستی جەژنەپیرۆزە سەردانی پارتی دەم دەکات و هاوکات شاندێکی پارتی دەم سەردانی پارتی ئایندە دەکاتەوە. لە کاتژمێر 12:30 خولەکیشدا، شاندی ئاکپارتی سەردانی بارەگای سەرەکی پارتی دەم دەکات و شاندێکی پارتی دەمیش سەردانی ئاکپارتی دەکات. ئەوەش یەکەم سەردانی هەردوو پارتەکەیە بۆ لای یەکدى بۆ جەژنە پیرۆزە لە دوای 10 ساڵ. پاشان لە کاتژمێر 13:30 خولەکدا پارتەکانی دەم و سەعادەت و لە کاتژمێر 14:15خولەکیشدا پارتی دەم و دەڤا بەمەبەستی جەژنەپیرۆزە سەردانی بارەگای سەرەکی یەکتر دەکەن. سەردانەکەی شاندی پارتی دەم، مەهەپە و ئاکپارتی بۆ جەژنە پیرۆزە بۆ لای یەکدى، وەک بەشێک لەو پرۆسە نوێیە تەماشا دەکرێت، کە لە یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە و دیارترین قۆناغی پرۆسەکەش، بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پەکەکە بوو لە 27ـی شوباتی ئەمساڵ. جەهەپە هیچ پلانێکی بۆ سەردانی لایەنەکان لە رۆژانی جەژندا نییە و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش پارتی دەم باسی لە سەردانی شاندەکەی بۆ لای ئەو پارتە نەکردووە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا و ژمارەیەک لە نوێژخوێنان، لە کۆشکی گەل لە دیمەشق، بۆ یەکەمجار نوێژی جەژنیان کرد، یەکەمجارە لەو کۆشکە مەراسیمێکی لەو شێوەیەی لێ بەڕێوەبچێت. بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، لە تەنیشتییەوە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و شێخ ئوسامە ئەلرفاعی، سەرۆکی ئەنجوومەنی فەتوای سووریا و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵا سەربازییەکانی وەزارەتی بەرگریی و دەسەڵاتی نوێێ سووریا و هاووڵاتییان، نوێژی یەکەم ڕۆژی جەژنیان لە کۆشکی گەل لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرد. گوتاربێژ و پێشنوێژی جەژن، پیرۆزبایی جەژنی لە خەڵکی سووریا کرد و بە جەژنی سەرکەوتنی ئەوانە وەسف کرد کە دیمەشقیان ڕزگار کرد. گوتاربێژ و پێشنوێژ گوتی: ئەو جەژنە، هیچ گەندەلی و سەرکوتکردنێک نییە، بەڵکو جەژنی ئاشتی و خۆشەویستی و ڕێزگرتنە، ئەوە دروشمی ڕزگارکەرانی دیمەشق بوو. گوتیشی: ئەو جەژنەی کە وێنای بەهای بەرز دەکات، بە پشتیوانی خوای گەورە دەوڵەتی نوێمان تێیدا بونیات دەنێین، ئێمە لە قۆناغی بونیاتنانی وڵاتین و پێویستە هەمووان بەشداریی ئەو بونیاتنانە بکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر بە گفتوگۆ چارەسەرێک بۆ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نەدۆزنەوە، ئەوا "شتی زۆر زۆر خراپ بەسەر ئێران دێت." ترەمپ رۆژی هەینی لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێران لە ریزی سەرەوەی ئەو شتانەیە کە چاودێرییان دەکەم." ترەمپ 12ی ئادار لە رێگەی ئەنوەر قەرقاش، دیپلۆماسی باڵای ئیماراتەوە نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران نارد. سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "بەم دواییانە نامەیەکەم بۆ ئەوان نارد و پێم گوتن، پێویستە بە رێگەیەک لە رێگەکان بڕیار بدەن؛ یان بە گفتوگۆ چارەسەرێک دەدۆزینەوە یانیش شتی زۆر زۆر خراپ بەسەر ئێران دێن. بەڵام من نامەوێت ئەوەی دووەم رووبدات." سەرۆکی ئەمریکا هەروەها هۆشداریدا: "لە پێگەی هێز و لاوازییەوە قسە ناکەم، بەڵام حەزی گەورەی من ئەوەیە کە لەگەڵ ئێران بگەینە چارەسەر. ئەگەر چارەسەری نەکەین، ئەوا شتی زۆر خراپ بەسەر ئێران دێت." میدیای فەرمیی ئێران رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، تاران بە فەرمی وەڵامی نامەکەی داوەتەوە. ئاژانسی ئیرنا لە زاری عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، وەڵامی ئێران رۆژی چوارشەممە "بە شێوەیەکی گونجاو لە رێگەی عومانەوە نێردراوە". نامەکە لە کاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئەوپەڕی گوشاردا" سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاندووەتەوە.
كیفاح مەحمود، راوێژكاری مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ئەوەی رودەدات پلانێكی روون و بەرنامە بۆ داڕێژراوە، بۆ دروستكردنی بەربەست لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، پەیوەندی بەو گروپە سیاسیانەوە هەیە فشار دەكەن لە بەغدادو هەوڵی تێکدانی سیستمی فیدراڵی وڵات دەدەن، كە ساڵانێکی زۆرە کاردەکەن بۆ دروستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم گەشەسەندنی هەرێم و سەندنەوەی دەسەڵاتە دەستورییەکانی. راوێژكارەكەی بارزانی، لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەی "الشرق الاوسط"ی راگەیاندووە، روونە کە کۆمەڵەی نەوت ناڕازییە لە بیرۆکراتیی و هەنگاوەكانی پەیوەست بە پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت. وتوشیەتی، بابەتەکە پەيوەستە بە سیاسەت نەک رێکاری تەکنیکی، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەرلەمان هەموارکردنەوەی ماددەی 12ی یاسای بودجەی سەبارەت بە رێکارەکانی دەرهێنانی نەوت پەسەندکرد، سەیركە لەوەدایە، وەزیری نەوتی فیدراڵی نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر رایگەیاند، لە ماوەی 48 کاتژمێردا هەناردەکردن دەستپێدەکاتەوە، بەڵام ئەوە روینەدا. دوو ڕۆژ لەمەوبەر دوو سەرچاوە بە رۆیتەرزیان راگەیاندبوو، گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیا، دووچاری گیروگرفت بووە، بەهۆی بەردەوامی ناكۆكی لەبارەی چۆنیەتی پارەدان و گرێبەستەکان. دانوستانەکان، کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستیپێکرد، تا ئێستا نەیتوانیوە کۆتایی بە ناکۆکییەکی نزیکەی دوو ساڵ بێنێت، کە بووەتە هۆی وەستاندنی هەناردەی نەوت لە کوردستانی عێراقەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی. واشنتۆن فشاری خستۆتە سەر عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، مانگی رابردوو ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندبوو، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، داوای لە عێراق کردووە رێگە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەركردنی نەوت بدات، یان روبەڕوی سزا دەبێتەوە. واشنتۆن دەیەوێت هەناردەی نەوت لە رێگەی تورکیاوە دەستپێبکرێتەوە، لەبەرهەندێك هۆكار، كە بەشێکی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دابینکردنی جیهانی و دابەزاندنی نرخەكەیەتی، لە هەمان کاتدا ئیدارەی ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندییە داراییەکانی نێوان عێراق و ئێرانی دراوسێ بوەستێنێت، لەسایەی ئەو فشارانەی خستویەتیە سەر تاران، سەبارەت بەهەناردەکردنی نەوت و بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
فاتمە موهاجرانی گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، وەڵامی ئێران بۆ نامەکەی ترەمپ ئامادەکراوە و گەیەندراوە بە کۆشکى سپی، دەڵێت، دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا خراوەتە بەرنامەی کار و پرۆسەی دیپلۆماسی بەردەوامە. موهاجرانی نەیگوتووە ئەم دانوستانە ناڕاستەوخۆیانە لەڕێی کام وڵاتى نێوەندگیرەوە بەڕێوەدەچن، بەڵام دەڵێت، تەنها سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی دەبێت، لەکاتێکدا ئەمریکا دەیەوێت بەرنامەی مووشەکی و گرووپەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەش بگرێتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە سەبارەت بە ناوەڕۆکی نامەکەی ترەمپ بۆ خامنەیی، وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیاندووە، ناوەڕۆکی نامەکانی ئێران و ئەمریکا بە نهێنی دەمێنێتەوە تاوەکو ئەوکاتەی بەرژەوەندییەکانی وڵات پێویستی پێیەتی. رۆژی شەممە، بەرپرسێكی باڵای ئێرانی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە میدیای بەریتانی راگەیاندووە، "لە وەڵامی هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەرمان، بنکەی سەربازی دیێگۆ گارسیا دەکرێتە ئامانج". دیێگۆ گارسیا، دوورگەیەکە بە رووبەری 30 کیلۆمەتر دووجا، سەر بە بەریتانیایە، دەکەوێتە زەریای هیندی بە دووری سێ هەزار و 800 کیلۆمەتر لە باشووری ئێران. لە دوورگەی دیێگۆ گارسیادا بنکەیەکی سەربازی تێدایە بە هەمان ناوی دوورگەکە و سەر بە وەزارەتی بەرگریی بەریتانیایە، بەڵام بە رێککەوتنێكی ساڵی 1966، بنکەکە کەوتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای ئەمریکا و ئێستا بە یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت لە رێگەیەوە کۆنترۆڵی دەریا و ئاسمانی بەشی زۆری ناوچەکانی ئەفریقا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیا دەکات.