عێراق دوو دەروازەی نوێی سنوری لەگەڵ ئێران و سعودیە دەکاتەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، دوو دەروازەی نوێی سنووری لەگەڵ هەریەک لە ئێران و شانشینی عەرەبی سعوودیە دەکرێنەوە، ئاماژەی بەوەدا، ئەم هەنگاوە پێگەی عێراق لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات و ئاسۆیەکی نوێ بۆ ئابووری دەڕەخسێنێت.

عەلائەدین قەیسی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، بە ڕۆژنامەی "سەباح"ـی ڕایگەیاند "ئەنجوومەنی دەستەکە لە کۆبوونەوەی دواییدا ژمارەیەک بابەتی گرنگی تاوتوێ کردووە و دەنگی لەسەر تەواوکردنی ڕێکارەکانی کردنەوەی دەروازەی عوێقلە لەگەڵ سعوودیە و دەروازەی جەلات لەگەڵ ئێران داوە". ئاماژەی بەوەدا "ئەم هەنگاوە پێگەی بازرگانی و هەرێمیی عێراق بەهێزتر دەکات و ئاسۆیەکی نوێ بۆ هاوکاری ئابووری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەڕەخسێنێت."

لە عێراق و هەرێمی کوردستان 18 دەروازەی سنووریی فەرمی هەن کە 14 ـیان دەکەونە پارێزگاکانی عێراق و چواریشیان دەکەونە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەمە جیا لە چەندین دەروازەی دیکەی نیمچە فەرمی.

عەلی سەعدوون لامی، پەرلەمانتاری پارێزگای میسان، لەبارەی گرنگی کردنەوەی دەروازەی جەلات لە پارێزگاکە لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند، "ئەم دەروازەیە خاوەنی پێگەیەکی ستراتیژییە، چونکە تەنیا 30 کیلۆمەتر لە سنوورەوە دوورە و دەکەوێتە قەزای عەلی غەربی لە باکووری پارێزگای میسان. هاوکات کردنەوەی دەروازەکە گۆڕانکارییەکی گرنگی ئابووری بۆ پارێزگای میسان دەبێت، بەهۆی نزیکی شوێنەکەی لە شاری ئیلامی ئێران، ئەمەش گواستنەوەی گەشتیاران و جووڵەی کاڵا ئاسانتر دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار