هەرێم داواى مووچەی مانگی هەشت دەکات

3 كاتژمێر لەمەوپێش



حکومەتی هەرێم بۆ ناردنى مووچەی مانگی هەشت نوسراوێک ئاڕاستەی بەغدا دەکات، هاوکات لیستى موچەى مانگى نۆشى ڕادەستى بەغدا کردووەو چاوەڕوانى وەڵامى وەزارەتى دارایی عێراقە. 

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم ئاشکرای کرد، هەرێم بۆ مووچەی مانگی هەشت رۆژی یەکشەممە نوسراوێک ئاڕاستەی بەغدا دەکات. لە نوسراوەکەدا بڕی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات کە بڕەکەی 281 ملیار دینارە و لەگەڵ چەند وردەکارییەکی دیکەی پەیوەست بە دەست کەوتنی ئەو پارە.

بەوتەى سەرچاوەکە خاڵێکی دیکەی نوسراوەکە داواکردنی بودجەی تەشغیلییە لە بەغدا و روونکردنەوە لەسەر پارەی پێویست بۆ ناوخۆی هەرێم.

دوێنێ چوارشەممە 1-10-2025 راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا".                                
 
لەو بارەیەوە بەرپرسێکی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان وتى: "ناوی 894 خانەنشینی لەدایکبووی ساڵی 1965 بۆ لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول زیادکراوە و کۆی گشتیی مووچەکانیان دەگاتە 3 ملیار و 949 ملیۆن و 173 هەزار دینار".
 
ئەو بەرپرسەی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان گوتی: "25ـی ئەیلوول کارەکانی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول تەواوبوون و بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نێردرا".
 
لەلایەکى دیکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هاوشێوەی دۆسیەی نەوت، دۆسیەی داهاتی نانەوتیش یەکلایی بکرێتەوە و رێكکەوتنێکی هاوبەش لەبارەیەوە بکرێت.

هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو حکومەت پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و دەڵێت، بە تێکڕايی رۆژانە 195 هەزار بەرمیل نەوت، لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانی فرۆشراوە و داهاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار