سوپای پاسداران هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات

3 كاتژمێر لەمەوپێش
سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری تووند دەداتە ئیسرائیل و جەخت لەوە دەکاتەوە هەر "هەڵەیەکی نوێ یان دەستدرێژییەکی ئەگەری" لەلایەن "دوژمنەوە" بە وەڵامێکی "بەهێزتر، وردتر و کوشندەتر" وەڵام دەدرێتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی سوپای پاسداران "ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاست 2، هەژموونی وەهمی قەوارەی زایۆنیستی تێکشکاند"، (کە وەک وەڵامێک بۆ کوشتنی چەندین سەرکردەی مقاوەمەو پاسداران ئەنجامدرا).
سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، بەبۆنەی یادی "ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاست 2"ـەوە، ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە، لە بەشێکی ڕاگەیێنراوەکەدا هۆشدارییەکی تووندی دایە ئیسرائیل.
- سوپای پاسداران هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی ئیسرائیل و لایەنگرانی دەکات، بەتایبەتی ئەمریکا و ڕایدەگەیەنێت: "هەر هەڵەیەکی نوێ یان دەستدرێژییەکی ئەگەری لە کەمپی دوژمنەوە بە وەڵامێکی قورستر، وردتر و کوشندەتر لە ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستگۆیانە وەڵام دەدرێتەوە؛ وەڵامێک کە قەوارەی زایۆنیستی نزیکتر دەکاتەوە لە جەهەننەمە بەڵێندراوەکەی."
- سوپای پاسداران ئاماژە بەوە دەکات، ئەم ئۆپەراسیۆنە سەلماندی کە موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران دەتوانن هەموو سیستەمە بەرگرییەکانی ئیسرائیل تێبپەڕێنن و بە وردی ئامانجەکانیان بپێکن.
باکگراوند: لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئێران 181 مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی پێگەکانی ئیسرائیل کرد، بەلایەنی کەمەوە بە دوو شەپۆل، کە گەورەترین ھێرش بوو لە ماوەی ململانێی بەردەوامی ئێران و ئیسرائیلدا. کۆد ناوی ھێرشە مووشەکییەکان بە ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاست 2 ناسێنرا لەلایەن ئێرانەوە. ئەوە دووەم ھێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بوو بۆ سەر ئیسرائیل دوای هێرشەکانی مانگی نیسانی 2024.
