عێراق و بەریتانیا لەسەر نەوتى کەرکوک گرێبەستێکیان کاراکرد

3 كاتژمێر لەمەوپێش
بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکووک و دامەزراوەکانی گازی عێراق بە فەرمی گرێبەستێکی گەورەی لەگەڵ کۆمپانیای BP بەریتانی کاراکرد.
حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتى عێراق، پابەندبوونی وەزارەتەکەی دووپاتکردەوە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و غاز لە کەرکوک بۆ پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی پێویستی سووتەمەنی.
ئەو وتانەى حەیان عەبدولغەنی لەمیانەى لە واژۆکردنی گرێبەستی نەوتیدا هات لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانی، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتى نەوت کە دەست سبەى کەوتووە.
وەزیری نەوت وتی "ئەمڕۆ ئاهەنگ دەگێڕین بە بۆنەی کاراکردنی گرێبەستی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی کەرکوک، کە یەکێکە لەو گرێبەستە ئومێدبەخشانەی ئامانجی پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکوک (ئاڤانا، جەمبور، بای حەسەن، خەباز) جگە لە نۆژەنکردنەوەی دامەزراوەکانی کۆمپانیای غازی باکوور بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا".
ئاماژەی بەوەشدا جێگیرکردنى رێژەی بەرهەمهێنانی سەرەتایی بە ٣٢٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستپێکی گرێبەستەکەیە، پرۆسەکانى پەرەپێدانیش لە ئێستاوە دەستیپێکردووە.
لاى خۆیەوە، زەید یاسری بەڕێوەبەری بی پی لە عێراق رایگەیاند کاراکردنی گرێبەستەکە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و هاوبەشی ڕاستەقینە لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتی باکور و غازی باکور بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک.
هاوکات عامر خەلیل بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باکور جەختیکردەوە، کاراکردنی گرێبەستەکە بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگە نەوتییەکەی کۆمپانیاکە سودێکی بەرچاوی بۆ پارێزگاکە دەبێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەحمەد عەبدولمەجید بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای غازى باکوور رایگەیاند، دوای نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بەرهەمهێنانی غاز زیاد دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا، جگە لە دابینکردنی غاز بۆ پیشەسازییە ناوخۆییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا.
لە مانگی ئاداری ڕابردوودا عێراق گرێبەستێکی 25 ملیار دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیای بی پی واژۆکرد بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک. ئەگەر گرێبەستى فرۆشتنى کۆمپانیاکە سەربگرێت، نازانرێت چارەنووسی گرێبەستەکەى کەرکوک چی دەبێت، یان دەگوازرێتەوە بۆ کۆمپانیای شێڵ.
قۆناغی یەکەمی رێککەوتنەکە بۆ بەرهەمهێنانی بڕی سێ ملیار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی بابە گوڕگوڕ و هاڤانە، بای حەسەن، جەمبور و خەباز کە لە ئێستادا سەرجەمیان لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە بەڕێوە دەبرێن.
بەپێی خەمڵاندنەکان لە داهاتوودا رەنگە هەر بەپێی گرێبەستەکە بەرهەمی کۆمپانیا بەریتانییەکە بگەیەنرێتە 20 ملیار بەرمیل نەوت.
