مستەفا قەرەسوو: گۆشەگیری سەر ئ.ۆج.ەلا.ن بەردەوامە، رێگری لە دیداری پارێزەران و بنەماڵەکان دەکرێت مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، لە دوای چاوپێکەوتنی شاندەکەی دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا گۆشەگیری هێشتا بەردەوامەو تائێستا رێگری لە دیداری پارێزەران و بنەماڵەکان دەکرێت. ئەو وتانەى مستەفا قەرەسوو، ئەندامی (کەجەکە) لەمیانی بەشدارییکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی مەدیا خەبەردا هات، ئەو باسی لەوەکرد گەر گۆشەگیری لابراوە، کەواتە بۆچی ڕێگە بە چاوپێکەوتن نادرێت. لەبارەى سیاسەتەکانی تورکیا پەیوەست بە پرسی کوردەوە، ئەو بەرپرسەى کەجەکە، بە پێویستى زانى بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەیەکی لەو جۆرە بکرێت، وتى: پرۆسەی پێشوو، کە وەک پرۆسەی چارەسەر پێناسە دەکرا، بەهۆی ناڕاستگۆیی و نەبوونی هۆشمەندی دیموکراتیک لای تورکیا کۆتاییهات. مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان، ئەوەى خستەروو لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا دیدارێک لەگەڵ بنەماڵە ئەنجامدرابوو، ئاپۆ بە ڕوونی وتبووی، گۆشەگیری بەردەوامە، هەروەها ئەو بۆخۆی بە عومەر ئۆجەلانی وتبوو کە بە چ شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. وتیشى :دوای ماوەیەکی زۆر دیدار ئەنجامدرا، دەبوو زووتر ئەنجام بدرایە، بەڵام دوای ئەوەی لە سووریا ڕژێمی ئەسەد ڕووخا و دۆخێکی ناڕوون هاتە ئاراوە، بیریان کردەوە کە پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ ئەگەری هەیە بۆ ئەوان نەرێنی بێت، هەربۆیەش سەرەتا نەیانهێشت دیدار ئەنجام بدرێت. ئەندامەکەی کەجەکە وتیشی "پێداگری رێبەر ئاپۆ لەسەر گۆڕانکاری دیموکراتیک و ئەوەی خستەڕوو کە بۆ دیموکراتیکبوونی تورکیا دەبێت پرسی کورد چارەسەر بکرێت. ئەو بەرپرسە هێماى بۆ ئەوەشکرد، ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ئەوان وەک ساڵێک لە تێکۆشانی گەورە تێپەڕی، بەراستیش وەک ساڵێکی تێکۆشانی سەخت تێپەڕی، وتیشى : چەندین شەهیداماندا و بریندارمان هەبوو، هەروەها لە بابەتی خاوەنداریکردن لە ڕێبەرێتییدا بووە ساڵێکی گەورەی تێکۆشان. لەکۆتایی قسەکایندا جەختى لەسەر ئەوەکردەوە لە باکووری کوردستان، گەریلا بەرخۆدانێکی گەورەی ئەنجامداوە، وتى :دەوڵەتی تورک لەوجێگەیەی کە تێدا جێگیربووە گیر بووە. ئەم ئیرادە و بەرخۆدانەی ساڵی ٢٠٢٤ تێکۆشانمان لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەهێزتر دەکات.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەدا ڕایگەیاند، لانیکەم ٢٤١ ژن لە ئێران لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ساڵى ٢٠٢٤ لە سێدارە دراون. بە پێی راپۆرتەکان، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا ٣١ ژن لە ئێران لە سێدارە دراون، کە ئەمەش ژمارەیەکی "بێ وێنە"یە. لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ئەمرۆ سێ شەممە بڵاویکردوەتەوە، ژمارەی ئەو ژنانەی لە ئێران لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٤ (١٣٨٩ تا ١٤٠٣ی کۆچی) لە ئێران لە سێدارە دراون، تاوتوێ کردووە. جگە لە ڕاپۆرتە میدیاییەکان، ڕێکخراوەکە زانیارییەکانی "شایەتحاڵەکان، خێزانەکان، پارێزەران و ڕێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ"ی بەکارهێناوە بۆ کۆکردنەوەی ئەم ئامارانە. جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ئەم ڕاپۆرتە تەنها باس لەو کەیسانە دەکات کە لانیکەم دوو سەرچاوەی سەربەخۆ پشتڕاستکراونەتەوە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ساڵی ٢٠٢٤ زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی ژنان لە ئێراندا هەیە، ٣١ ژن لە سێدارە دراون. بە وتەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، ئەم ژمارەیە بێ وێنەیە لەو کاتەوەی کە ڕێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستی بە تۆمارکردنی سێدارەکان کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی نادیار لە زیندانییە ژنەکان سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە. هاوکات، تەنیا ناوی دوو لەو زیندانیانە ڕاگەیەندراوە کە تاوانەکانیان سیاسییە، ئەوانیش ڤاریشە مورادی و پەخشان عەزیزین. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایدەگەیەنێت، لەسەدا ٥٠ی ئەو ژنانەی لە ساڵانی ڕابردوودا لەسێدارە دراون، تەنیا بە سەرەتای ناویان ناسێنراون یان بە تەواوی بێ ناویان ماونەتەوە. هەروەها تەنها ٦٣ حاڵەت کە دەکاتە ٢٦%ی لەسێدارەدانەکان لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕاگەیەندراوە. نەبوونی شەفافیەت لە ڕاگەیاندنی ئاماری لەسێدارەدان بەتایبەتی ئاماری ژنان لە ساڵانی ڕابردوودا زیادی کردووە، بەجۆرێک کە "لە ساڵی ٢٠٢١ەوە بە تێکڕا تەنها لەسەدا ١٢ی لەسێدارەدانی ژنان لە لایەن میدیای فەرمییەوە ڕاگەیەندراوە". بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٤، لانیکەم ١١٤ ژن بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە سێدارە دراون و تەنیا لە سەدا ٣٢ی ئەو حاڵەتانە بە فەرمی ڕاگەیەندراون.
تۆمارێکی دەنگی کە دەگەڕێتەوە بۆ یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی سپای پاسداران لە سوریا وردەکارییەکانی دوا ڕۆژانی ڕژێمی بەشار ئەسەدی ئاشکرا کردووە، کە باس لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەکات کە لە ئەنجامی “خیانەتەکانی ڕووسیا” و گەندەڵی ناوخۆیی ڕژێمەوە بووە. جەنەڕاڵێک بە ناوی “ئیثباتی” لە تۆمارە دەنگییەکەدا قسە دەکات ئەمڕۆ (سێشەممە) لەلایەن ماڵپەڕەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە بڵاوکرایەوە، ئەو ژەنەراڵە لێدوانێک دەدات و وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە سەبارەت بە ڕۆژانی کۆتایی سوپای پاسداران لە سوریا، بەپێی تۆمارە دەنگییەکە. ژەنەراڵەکە دەڵێت: “لە سوریا بە شێوەیەکی خراپ دۆڕاوین” و جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەندەڵی ناوخۆیی و داڕمانی ئابووری هۆکاری سەرەکی روخانى ڕژێمی بەشار ئەسەد بوون. لە هەمان چوارچێوەدا زیادی کرد: "خەڵک بۆ ڕووخاندنی ڕژێمێکی گەندەڵ ڕاپەڕی". هەروەها ئەو بەرپرسەى سوپاى پاسداران ڕوسیای بە "یەکێک لە هۆکارەکانی داڕمانی سوریا لە سەردەمی بەشار ئەسەد" زانی، وتی: "ڕووسەکان هەموو سیستەمەکانی ڕاداریان ڕاگرت بۆ ئەوەی داگیرکەری ئیسرائیل بتوانێت بارەگای هەواڵگری ئێمە بۆردومان بکات". ئەو بەرپرسە وتیشی: "ڕووسیا لەبری ئەوەی پێگەکانی HTS بکاتە ئامانج، بیابانەکانی بۆردومان دەکرد." لە بەشێکی تۆمارە دەنگییەکەدا، باس لەو ساڵانە دەکات کە لە سوریاو لوبنان بەسەری بردووە و دەڵێت: سەختترین ساتەکانی ژیانم وەک پاسەوانێک ئەو ساتانە بوون کە ناچار بووم سوریا بەجێبهێڵم. لە لێدوانەکانیدا کاردانەوەکانی بڕینی ڕێڕەوی دابینکردنی بۆ گروپی حزبوڵای لوبنانی کەمکردەوە. وتی: خەمی ئامادەکاری سەربازی بەرەی خۆڕاگری مەخۆن. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە تەکنەلۆجیا بۆ حزبوڵا دابین دەکەین، بەڵام دەبێت خەمی پاراستنی مۆڕاڵی ئەوان بخۆین. وتی: کۆماری ئیسلامی تۆڵەی حەسەن نەسروڵای کردەوە. هەروەها باسی لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەمریکا کرد. وتی: مووشەکی ئاسایی ئێمە جگە لە مووشەکی ستراتیژی، زۆر کاریگەر نییە بەرامبەر بە شوێنەکانی ئەمریکا. هۆشداریشیدا لەوەی "هێنانی ناوچەکە بۆ ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی لە بەرژەوەندی بەرخۆدان لە ئێستادا نییە".
ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێم، ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى نێوان مەسرور بارزانى و ئەردۆغانى بڵاوکردوەتەوە، تیایدا باس لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوورو نەھێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم کراوە. ئەمرۆ سێ شەممە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سەردانى تورکیاى کرد، لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبویەوە. بەپێى راگەیەندراوێکى ماڵپەرى حکومەتى هەرێم، لەو کۆبونەوەیەدا پێشھاتەکانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و سووریایان تاوتوێ کردوە. بەپێى راگەیەندراوەکە لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکە، جەختیان کردوەتەوە لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و نەھێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم. ئەوەشی خستووەتەڕوو لەبارەی دۆخی سووریاش، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئارامیی و ئاسایش و مافی گشت پێکھاتەکانی ئەو وڵاتە. سەرلەبەیانى ئەمرۆ، مەسرور بارزانی بەسەردانێک گەیشتە ئەنقەرە، دوانر لەیەکە وێستگەى سەردانەکەیدا لەگەڵ هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا کۆبویەوە. له كۆبوونهوهكهدا، گفتوگۆ لەبارەی برهودان به پهيوهندييهكانى ههرێمى كوردستان و تورکیا و دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەکە کرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئهمڕۆ سێشهممه له بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، سەرەڕای هاوکاری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاو بەکارهێنانی تانک و زریپۆش هێزەکانمان زیانێکی زۆریان بە هێزەکانی تورکیاو بەکرێگیراوانی گەیاندو ژمارەیەک چەکدار کوژران. هێزەکانی سوریای دیموکرات دەشڵێت: لە ئێوارەی یەکشەممەوە تا بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە ئاسمانی گوندەکانی بەنداوی تشریندا دەسوڕانەوە، لە هەمانکاتدا ناوچەکە بە تۆپ و مووشەک تۆپباران دەکران. هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە ڕۆژی شەممە هێزەکانی تورکیا و چەکدارەکانی هێرشیانکردە سەر گوندەکانی عەلوش و تل ئریش، هێزەکانمان وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان تێکشکاند. هەروەها کۆبوونەوەی چەتەکان لەلایەن یەکینەکانی شەهید هارونەوە کرایە ئامانج، شەڕێک ڕوویدا کە ٢ کاتژمێری خایاند و ئەوەندەی کە زانراوە دوو چەتە کوژراون و ئەوانی تریش لە بەرەکانی شەڕ هەڵاتوون. هێزەکانمان دوای شکاندنی هێرشەکە بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەکانیان، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی چەتەکان و زیانەکانیان نەزانراوە.
ــ هەڵوێستی کۆنگرێس ئۆپەراسیۆنەکانى تورکیاى بۆ سەر کۆبانی سنوردار کردووە ــ کورد چاوەڕێی ئەوە دەکات ئیسرائیل کاریگەری لەسەر تیمەکەی ترەمپ هەبێت رۆژنامەى سەباحى تورکیا، لەوتارێکدا ئەوە دەخاتە ڕوو پێشهات و هەنگاوە نوێیەکانی ئەمریکاو خودى دۆناڵد ترەمپ لە بەرژەوەندی کوردن، بەتایبەتى شەڕڤانانى سوریا. لەبەشێکى ئەو وتارەدا کە ڕۆژنامەنووسی تورک فەهیم تاشتکین نوسیویەت، ڕایگەیاند دۆناڵد ترەمپ ناوێکی دیکەی بۆ تیمەکەی زیاد کردووە کە بە قازانجی کورد قسە دەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو پێشهاتانەى کە هەن کەشوهەوای سوریا بە قازانجی کورد دەگۆڕن. تاشتکین لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە دەستنیشانکردنی مۆرگان ئۆرتاگۆس کردوە، کە داوای پاراستنی کورد دەکات لەلایەن ترەمپەوە وەک جێگری نوێنەری تایبەت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. ئەو رۆژنامەسە تورکیە ڕوونیشیکردەوە، کورد چاوەڕێی ئەوە دەکات ئیسرائیل کاریگەری لەسەر کۆنگرێسی ئەمریکاو تیمەکەی ترەمپ هەبێت، هەروەها کورد بە بیانووی ئەوەی کە ئەگەری بڕیاری کشانەوە نەک هەر کورد دەخاتە مەترسییەوە بەڵکو دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل. ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەڵوێستی ئێستای کۆنگرێس بووەتە هۆی سنووردارکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا بۆ سەر کۆبانی. لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا ئەو رۆژنامەنوسە باسی لەوەشکرد، سەردانەکەی ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ دیمەشق لایەنێکی هەبووە بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەنالینا بێربۆک، داوای بێدەنگکردنی دەنگی چەک لە باکوری سوریاو دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ کوردانی هاوپەیمانی فەرەنسا دەکات، لەکاتێکدا بێربۆک مەرجی گەرەنتیکردنی ئاسایشی کورد. تاشتکین ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە سەردانەکەیدا بۆ سوریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەزلوم عەبدیشدا هەبووەو بارودۆخەکەی لەگەڵدا تاوتوێ کردووە، دەڵێت: لەگەڵ ئەوەشدا پرۆسەیەکی دینامیکییە و نادڵنیایی لەبارەی ترەمپەوە هەیە. هێشتا هیچ شتێک بۆ هیچ لایەک گەرەنتی نییە. فەهیم تاشتکین ڕۆژنامەنوس و ستون نووس و نووسەری دێرینی تورکیایە، ئەو وەک شرۆڤەکارێک لەسەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاروباری یەکێتی ئەوروپا دەناسرێت، ماوەی ١٣ ساڵ وەک سەرنوسەری هەواڵی بیانی لە ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ کاری کردووە.
ــ ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم و پرسە ناوچەییەکان تاوتوێ دەکرێت ــ کاتژمێر٢ى پاشنیوەڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار کۆدەبنەوە بەپێى راگەیەندراوێکى ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، بڕیارە ئەمرۆ سێ شەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سەردانى تورکیا بکات و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبێتەوە. بەپێى راگەیەندراوى ماڵپەڕەکەى سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، کۆبونەوەکەى ئەردۆغان و مەسرور بارزانى لەئەنقەرە دەبێت، کاتژمێر ٢ى پاشنیوەڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار کۆدەبنەوە. پێش کۆبونەوەى لەگەڵ ئەردۆغان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەکات، راگەیەندراوەکەى سەرۆکایەتى کۆمار تائێستا هیچ زانیاریەکى لەبارەی ناوەرۆک و تەوەرکانى کۆبوونەوەکان ئاشکرا نەکردوە. بەڵام بە پێی ئەو زانیاریانەى ئاژانسی ئانادۆڵو بڵاویکردوەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە سەردانەکەدا پەیوەندییەکانی ھەرێم و تورکیا، ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم و پرسە ناوچەییەکان تاوتوێ بکرێت. ئەم سەردانەى مەسرور بارزانی لەکاتێکدایە، ئەردۆغان بەردەوام هەرەشە لە شەرڤانانە کوردەکانى سوریا دەکات، لەدواین لێدوانیشدا دوێنێ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هۆشدارییدا لە هەر جۆرە دابەشبوونێکی سوریا، جەختی لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دەستێوەردان کرد ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغێکی نوێ لە ناوچەکەمان دەستیپێکردووە. ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بازنەکە لەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان و شوێنکەوتووانی لە سوریا بەرتەسک دەبێتەوە، کۆتایی چەکدارانی کورد لە سوریا نزیکە. پێشتریش لە ٢٠ی حوزەیران سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتبووە ئەنقەرە و لەگەڵ سەرکۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری دەرەوەی ھاکان فیدان کۆبوویەوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، لە هەفتەیەکدا چەندین هێرشیان کردووەتە سەر چەند بنکەیەکی داعش لە عێراق و سووریا، چەند جارێک داعش وەڵامی هێزەکانیان داوە، لە ئەنجامدا سەربازێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کوژرا و دووانی دیکە لە عێراق بریندار بوون. فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند: لە 30-12-2024 تاوەکو 06-01-2025 هێزەکانی سێنتکۆم و هێزە هاوبەشەکان لە عێراق و سووریا چەند جارێک پێگەکانی داعشیان کردنە ئامانج. دەشڵێت، هێرشەکانی عێراق لە لایەن سێنتکۆم و هێزە عێراقییەکان لە زنجیرە چیای حەمرین، بۆ سەر چەند پێگەیەکی ناسراوی داعش کران. سێنتکۆم لەبارەی زیانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە رایگەیاند: لە عێراق چەند جارێک داعش وەڵامی هێزەکانیان دایەوە و لە ئەنجامدا، سەربازێکی هێزەکانی هاوپەیمانی کوژرا و دووانی دیکە بریندار بوون.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "قۆناغێکی گۆڕانکاری بنەڕەتی" بەخۆیەوە دەبینێت، هاوکات ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، ئێران گەورەترین هەڕەشەیە، چ ڕاستەوخۆ و چ لە ڕێگەی بریکارەکانییەوە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی: ئێمە لە کاتێکی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداین. ناوبراو ئەوەشى زیادی کرد: ساڵانێکە دەزانین کە ئێران گەورەترین هەڕەشەی ئێمەیە، چ ڕاستەوخۆ و چ لە ڕێگەی بریکارەکانییەوە. سەرەتای ئەم هەفتەیە، سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ڕۆژی هەینی بۆ سکای نیوز عەرەبی پشتڕاستی کردەوە کە وڵاتەکەی "ساڵانێکی زۆرە" خۆی بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات. ئەو سەرچاوەیە وتیشی: "لە ئێران ئێمە هەواڵگری و بانکی ئامانجمان هەیە، سەلماندوومانە کە توانامان هەیە"، دەشڵێت، ڕژێمی ئێران وەک حوسییەکان نییە، لە دەوڵەتدایە، شتێکی لەدەستی هەیە، و بە شێوەیەکی لۆژیکی بیردەکاتەوە”. ناوبراو لە درێژەدا وتی: لە پرسی ئێراندا پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە... میحوەری ئێران لە هەموو کاتێک لاوازترە، لە ڕووی تواناکانەوە لاوازترە بەڵام لە ڕووی ناوبانگیشەوە لە ناوچەکەدا لاوازترە.
وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند،عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ کردنەوەی ڕێگەی چارەسەری دیموکراتیک بانگەوازی بەرپرسیارێتی یەکسان لە هەمووان دەکات و هەمومان بانگهێشت دەکات بۆ ئاشتبوونەوە، وتیشى پێویستە هەلومەرجی گونجاو بۆ ئۆجەلان بڕەخسێنرێت، تاوەکو ئەم دەرفەتە مێژووییە بەردەوام بێت. وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئایشە گوڵ دۆغان، دەربارەی ئەو پرسانەى لە کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی تاوتوێکران، کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەست. ئایشەگوڵ دۆغان تیشکی خستەسەر دوایین دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، ڕایگەیاند پرسی کورد گرنگترین پرسی تورکیایە، بەڵکو پرسی هەرێمەکەیە، وتی: ئۆجەلان بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک و کردنەوەی ڕێگەی دانوستانی یەکسان، بانگەوازی بەرپرسیارێتی لە هەمووان دەکات. چونکە دەزانێت ئەم فۆرمولە بە قازانجی تەواوی تورکیا دەشکێتەوە. وتەبێژەکەى دەم پارتى ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، گۆشەگیری سەر ئاپۆ گۆڕاوە بۆ ڕژێمێک، تیشکی خستەسەر گرنگی پەیامە ٧ خاڵییەکەی، وتی: ئۆجەلان بانگەواز لە ڕای گشتی تورکیا دەکات، بانگەواز لە هەموومان دەکات، کاربکەین بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک و دیالۆگ و ڕێگەی دانوستان. هەروەها جەختی کردەوە، ئاپۆ هەرگیز سازشی لەسەر خواستی ئاشتی نەکردووە، دوورگەی ئیمراڵی گۆڕیوە بۆ دوورگەی گەڕان بەدوای ئاشتی و چارەسەر و دانوستانی دیموکراتیک، وتی: لە پەیامەکەیدا هەمان شت دووبارە دەکاتەوەو دەڵێت "خاوەنی هێز و ئیرادەم تاوەکو هاوکارییەکی ئەرێنی پێشکەش بکەم بۆ پارادایمە نوێیەکەی باخچەلی و ئەردۆغان. شاندەکە ڕوانینی من لەم ڕووەوە بە هەموو لایەنە سیاسییەکان و دەوڵەت دەگەیەنێت. لەم چوارچێوەیەدا ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی پێویست بنێم و بۆ ئەو بانگەوازە ئامادەم". ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند نابێت بنیاتنانی ئاشتی بۆ تاکە لایەن و پارتێک جێبهێڵرێت، وتی: "چونکە ئاشتی پێویستی بە کۆمەڵگەیە، کۆمەڵگەش پێویستی بە ئاشتییە. بۆیە ئۆجالان هەموومان بانگهێشت دەکات بۆ ئاشتی". ئایشەگوڵ دۆغان جەختی کردەوە، وەک دەم پارتی بانگەواز لە هەمووان دەکەن لەم ڕووەوە بەرپرسیاربن و بۆ تورکیایەکی دیموکراتیک و دادپەروەر و یەکسان کاربکەن، گوتی: "گەر پرسی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت، دەکرێت تورکیا دیموکراتیک ببێت".
ــ نزیکەی 46,000 فەلەستینی لە هێرشەکانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر غەززە کوژراون ــ ئیسڕائیل بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن داوای دوایین هەوڵی کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست پێش ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تەواو ببێت. ئەوەش دوای ئەوەی بەرپرسێکی حەماس بە ڕۆیتەرزی وت لیستێکی ئیسڕائیلییان پەسەند کردووە کە پێکهاتووە لە 34 بارمتە بۆ ئاڵوگۆڕپێکردنییان لە حاڵەتی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەستدا. بلینکن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆریای باشوور وتی "ئێمە دەمانەوێت ئەمە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا تەواو بکەین، ئەوەندە کاتمان ماوە. ئیسڕائیل تیمێکی ئاست بەرزی لە بەرپرسەکانی ناردووە بۆ قەتەڕ بە مەبەستی گفتوگۆکردن کە لەلایەن قەتەڕ و میسڕەوە سەرپەرشتی دەکریت. هەندێک لە میدیا عەرەبییەکان وتییان دەیڤد بارنیای بەرپرسی موساد کە سەرکردایەتی گفتوگۆکانی کردووە پێشبینی دەکرێت بەشدار بیت. بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، نزیکەی 46,000 فەلەستینی لە هێرشەکانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر غەززە کوژراون. ئەوەش دوای ئەوەی حەماس لە مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل و 1200 کەسی کوشت و زیاتر لە 250 کەسی دیکەی بە بارمتە گرت. باوەڕوایە زیاتر لە 100 بارمتە هێشتا لە غەززە مابێتنەوە، حەماسیش دەڵێت بەبێ ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە و کشانەوەی ئیسڕائیل لە غەززەدا ئازادییان ناکات. ئیسڕائیل دەڵێت هێرشەکەی ڕاناگرێت هەتاوەکو توانا سەربازییەکان و فەرمانڕەواییەکانی حەماس لە لە ناودەبات و سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکرێن. بەرپرسێکی حەماس بە ڕۆیتەرزی وت حەماس لیستێکی ئیسڕائیلی پەسەند کردووە کە پێکهاتووە لە 34 بارمتە کە لەلایەن ئیسڕائیلەوە خراوەتەڕوو بۆ ئاڵوگۆڕ پێکردنییان لە ئەگەری ڕێککەوتنێکی ئاگربەستدا. وتیشی دەکرێت ئەو کەسانە لە قۆناغی سەرەتایی ئاگربەستێکدا ئازاد بکرێن. ئەو لیستەی کە خراوەتەڕوو سەربازی ژن و بەساڵاچووان و ژن و هاووڵاتیانی سڤیلی گەنجیشییان تێدایە. ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی ئەو لیستە لەلایەن ئیسڕائیلەوە لە مانگی حەوتدا دراوە بە نێوەندگرەکانی قەتەڕ، ئیسڕائیلیش تاوەکو ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک یاخود لێدوانێکی لە حەماسەوە پێنەگەیشتووە لەسەر ئەوەی ئەو بارمتانەی کە لە لیستەکەدان لە ژیاندا ماون یان نا. وتی "ئیسڕائیل ماندوونەناسانە بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکانمان."
ــ تورکیا هەست بە هەڕەشە بکات، ئۆپەراسیۆن دژى چەکدارە کوردییەکان دەستپێدەکات ــ دۆخی سوریا گۆڕاوە، پێمان وایە نەهێشتنی پەکەکە/یەپەگە تەنها پرسێکی کاتییە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هۆشدارییدا لە هەر جۆرە دابەشبوونێکی سوریا، جەختی لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دەستێوەردان کرد ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغێکی نوێ لە ناوچەکەمان دەستیپێکردووە. ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بازنەکە لەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان و شوێنکەوتووانی لە سوریا بەرتەسک دەبێتەوە، کۆتایی چەکدارانی کورد لە سوریا نزیکە. دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت لە ئەنقەرە، ئەردۆغان ئەوەى خستەروو ئەگەر تورکیا هەست بە هەڕەشە بکات، ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سنوور بەزاندن لە ناوخۆی سوریا دژی کوتلە چەکدارە کوردییەکان دەستپێدەکات. ئەو وتیشی "ان شاوالله توانای ئەوەمان هەیە ئەم کارە بکەین. پێویستە هەموو کەسێک لەسەر ئەم بنەمایە حیساباتی خۆی بخەمڵێنێت". پێشتریش ڕۆژی دووشەممە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندبوو کە نەهێشتنی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد لە سوریا "نزیکە". وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنقەرە بە هیچ سیاسەتێک ڕازی نابێت کە ڕێگە بە یەکینەکانی پاراستنی گەل بدات ئامادەیی خۆیان لە سوریا بپارێزن. فیدان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئوردنییەکەی، ئەیمەن سەفادی ڕایگەیاند، “ئێمە لە دۆخێکداین کە ڕێگەمان پێدەدات نەک تەنها چاودێری بکەین، بەڵکو هەر جۆرە پیلانگێڕییەک لە ناوچەکەدا لەت بکەین”. فیدان جەختی لەوە کردەوە کە نەهێشتنی چەکدارانی پەکەکە لە سوریا “مەسەلەی کاتە” وتی: “دۆخی سوریا گۆڕاوە، ئێمە پێمان وایە نەهێشتنی پەکەکە/یەپەگە تەنها پرسێکی کاتییە”.
هەردوو وەزیرى دەرەوەى تورکیاو ئوردون، هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر سوریا رەتدەکەنەوە، دەڵێن دەستدرێژییەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا، پێشێلکاریی ڕونی یاسای نێودەوڵەتی و سەروەریی سوریایە. ئەمرۆ دوشەممە ئەیمەن سەفەدی وەزیری دەرەوەی ئوردن، سەردانى تورکیاى کردو دواتر لە ئەنقەرە لەگەڵ هاوتاکەى ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشیان ڕێکخست. ئەیمەن سەفەدی ئاماژەی بەوەداو دیدارەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ ھاکان فیدان لە تورکیا لەچوارچێوەی ئەو ھەوڵانە ئەنجامداوە کە ھەردوو وڵات بە ھاوبەشی لەپێناو گەلانی سووریا و فەڵەستین خستوویانەتە گەڕ. ئەو ئاماژەی بەوەشدا: سەبارەت بەو ئاستەنگییانەی ڕوبەڕومان بوونەتەوە، ھەماھەنگیی لەگەڵ لایەنی تورکیا دەکەین بەشێوەیەک ھاوکاربێت لە زیادکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە. وەزیری دەرەوەی ئوردن دووپاتی کردەوە: ئاسایش و سەقامگیری سوریا، پەیوەندارە بە ئاسایشی و سەقامگیری ئوردن و تورکیاوە. وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی باسی لەوەش کرد، لەگەڵ تورکیا ئەو دەستدرێژییانە ڕەت دەکەنەوە کە ئیسرائیل لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بۆ سەر سووریا ئەنجامی داون، وتیشی: دەستدرێژییەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسایی نێودەوڵەتی و سەروەریی سوریایە. ھەروەھا وتى: نامانەوێت شەڕ لە سووریا ڕووبدات". وەزیری دەرەوەی ئوردن لەبارەی بەردەوامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە وتی: پێویستە دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ کەرتی غەززە، ھەروەھا پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاوا کۆتایی پێ بھێندرێت. هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا، قسەیکردو وتی، پێویستە نەهێڵین داعش بکەوێتەوە سەرپێ خۆی لە ناوچەکەدا، بۆ رزگاربوون لە بەڵای داعش، تاوەکو ئەودیو سنوورەکانیشمان هەموو هەوڵێک دەدەین.
ــ کوردەکان وەک هاوپەیمانى رۆژئاوا ڕوبەڕوی داعش بوونەتەوە ــ فەرەنسا داواى دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئازادو فرەچەشن دەکات لەسوریا ــ فەرەنسا یاوەری پرۆسەی گواستنەوە دەبێت لەسوریا ئاژانس فرانس پرێس، بڵاویکردەوە سەرۆکی فەرەنسا، بەڵێنیداوە واز لە کوردەکانی سوریا نەهێنێت و پشتیوانى بەردەوامیان بێت. لە کۆبونەوەی ساڵانەی باڵیۆزەکانی فەرەنسا، ئەمرۆ دووشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا وتارێکى پێشکەشکردو تیایدا باسی لە دۆخی ئێستای سووریا و ئێران و شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و چەندپرسێکى تر کرد. لەبەشێکى قسەکانیدا، سەرۆکی فەرەنسا، وتى: دەستبەردارى کوردانی سوریا نابین و پشتیان لێناکەین، هاوسۆز دەبین لەگەڵیان. ئەو وتیشى: کوردەکان وەک هاوپەیمانى وڵاتیانى رۆژئاوا ڕوبەڕوی گروپە تیرۆریستییەکان، بە تایبەتی ڕێکخراوی تیرۆریستانی داعش بوونەتەوە. ماکرۆن ئاماژەی بەوەداشداوە، فەرەنسا یاوەری پرۆسەی گواستنەوە دەبێت بە درێژایی و دوورمەدا بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئازاد کە ڕێز لە فرەچەشنی نەتەوەیی و سیاسی و تائیفی خۆی بگرێت. ئیمانوێل ماکرۆن، لەبارەى بەرنامە ئەتۆمیەکەى ئێرانەوە ڕایگەیاند بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە خاڵی نەگەڕانەوە نزیک دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە لەگەڵ ئیدارەی داھاتوی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ گفتوگۆیەکی ستراتیجی سەبارەت بە تاران بکات. ماکرۆن لە میانی کۆبوونەوەی ساڵانەی باڵوێزەکانی فەرەنسا زیادی کرد کە سەرکردەکان ناچار دەبن لە خۆیان بپرسن کە ئایا پێویستە پێش ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ میکانیزمێک بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران دەستپێبکەن. ناوبراو جەختی کرد ئێران ئاڵنگاری سەرەکی ستراتیژی و ئەمنییە بۆ فەڕەنسا، ئەوروپاکان، هەموو ناوچەکە، هۆشداریشی دا کە خێرایی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێمە دەباتە لێواری پچڕان.
ــ رۆژى پێنج شەمە لە رۆى ئیتاڵیا، کۆبونەوەکە دەکرێت ــ ئاماژە بە وەزیرە ئەوروپییەکان نەکراوە کە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن ــ بۆ پاڵپشتیکردنی گواستنەوەی دەسەڵاتى سیاسیە بە ئاشتیانەیە بەپێى راگەیەندراوێکى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، وابڕیارە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممەى ئەم هەفتەیە لە رۆما لەگەڵ هاوتا ئەورووپییەکانی لەبارەی سوریا کۆببێتەوە. لە بەیاننامەیەکدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە میانی سەردانەکەی بلینکن بۆ سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور، ئەمرۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەنیازە، لە ڕۆما چاوی بە وەزیرانی دەرەوەی ئەورووپا بکەوێت سەبارەت بە سوریا. ئەم سەردانەى بلینکن لە کاتێکدایە وڵاتانى ڕۆژئاوا هەوڵدەدات دەستی بۆ هاوکارى و پشتیوانى بۆ سەرکردایەتى نوێی سوریا درێژ بکات. کە بەهەمان شێوە هەوڵی هەڵگرتنی سزاکانی سوریا دەدات. بەپێى راگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاوتا ئەوروپییەکانى کۆدەبێتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی گواستنەوەی سیاسیی ئاشتیانە و گشتگیر بە سەرۆکایەتی و خاوەندارێتی سورییەکان. بەڵام راگەیەندراوەکەى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە وەزیرە ئەوروپییەکان نەکردووە کە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن. بلینکن کە ئێستا لە گەشتێکیدایە کە ژاپۆن و فەرەنسا لەخۆدەگرێت، دواتر پەیوەندی بە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە دەکات. وەزیری دەرەوەى ئەمریکا پاڵپشتی واشنتۆنی بۆ پڕۆسەى سیاسی به سەڕۆکایەتی حکومەتى کاتى سوریا دووپاتکردەوە، که دەبێت حکومەتی نوێ ڕێز له مافی ژنان و کەمینەکان و هەموو نەتەوەو ئاینە جیاوازەکان بگرێت. رۆژی هەینی رابردوو وەزیرانی دەرەوەی فەرەنساو ئەڵمانیا سەردانی دیمەشقیان کرد، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکى کاتى سوریا کۆبوونەوە.